تۆ و گۆڕانکاری لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیاوە

نووسینی: ئیمان ئیسماعیل
فیکر 2022-07-26 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 1058 جار بینراوە

بسم اللە الرحمان الرحیم

ئایا ئێمەی بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانین سوود بگەیێنین؟

وەڵام: بەڵێ.

وەک ڕوون و ئاشکرایە لە لای هەر هەموومان کە هیچ ماڵێک نییە بەبێ بەکارهێنەرێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەوایە گەر هەر تاکێک بیەوێت خزمەت بکات و بەئاسانی دەستی بگات بە خەڵکی، ئەوا سۆشیاڵ میدیا یەکێکە لەو ڕێگایانە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین گۆڕانکاریی تێدا بکەین. بۆیە دەبێت هەنگاو بنێین لەو ڕێگایەوە بە شێوازێکی زانستی و ژیرانە وەک کەسانێک کە خەمی زۆرمان هەیە بۆ کۆمەڵگا و دەمانەوێت گۆڕانکاری بکەین زۆر جار وێڕای ئەو حەزە زۆرەی کە هەمانە بۆ ئەوەی کار بکەین بەڵام دیمەنی سۆشیاڵ میدیا و بەکارهێنەرەکانی ساردمان دەکەنەوە و تووشی کەئابە دێین و بیری ئەوەمان بۆ دروست دەبێت کە ناتوانین هیچ سوودێک بگەیێنین، بەڵام نابێت بەبۆنەی کۆمەڵێک لەو دیمەنە خەمناک و ناسەقافییانەی سۆشیاڵ میدیا ساردمان بکەنەوە.

با پرسیارێک لە خۆمان بکەین: باشە بۆچی خراپەکارەکان وێڕای ئەوەی کە هیچ سوود و قازانجێکیان نییە بۆ کۆمەڵگا ئاوا گەورە بوون و ڕەواجیان پێ دەدرێت و خەڵکیش بوونەتە هاوڕێیان؟ ئەوان بەهۆی ئەوەی کە ماندوو نابن لە کارەکانیان و ئەوەندە کارە ناشرینەکانیان نیشانی خەڵک داوە و زۆریش متمانەیان بە خۆیانە کە دەتوانن خەڵک وا لێ بکەن کە دوایان بکەوێت و خەڵک لەگەڵی ڕاهاتوون و لە ڕاهاتنەوە بۆ چاولێکردنیان و لاساییکردنەوەیان گۆڕدرا، کە ئەمە کاری سەرەکی و هیوا و ئاواتی ئەوان بوو و بە دەستیان هێنا بەهۆی متمانەبەخۆبوونیان بۆ کارە ناشرینەکانیان.

کەواتە دەبێت بزانیت لە ئێستادا تۆ چەند گرینگیت بۆ کۆمەڵگا و کە تاکو ئێستا بەر کاریگەریی ئەو لێشاوە نائەخلاقییە نەکەوتوویت و دەزانیت بەهای ئەو خەڵکانە چەندە شوکرانەی دەوێت  و دەبێت تۆیش کار بکەیت  و وەک بەکارهێنەرێکی باش و چاک و دامەزارو دەست بکەیت بە چارەسەرکردنی کۆمەڵگا لە ڕێگای ئەو ئامێرەی دەستت، کە شۆڕشێکی گەورە دەکات و هەر یەکێک لە ئێمە چەند کەسێک بگۆڕین و وا بکەین خەڵک ڕەش و سپی لێک بکاتەوە، خەڵک بگەڕێنینەوە بۆ باری ئاسایی خۆی و بزانێت چی ڕاستە و چی هەڵە.

گرینگیی بڵاوکردنەوەی بابەت و وتاری سوودبەخش و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگا زۆر زۆرە. ئێمە نازانین ئەو بابەتانەی بڵاوی دەکەینەوە یان ئەو وتارانە چۆن چۆنی کاریگەریی دەبێت بەسەر خەڵکی، نازانین ئەوەی کە دەیکەین چ سوودێک و کاریگەرییەکی هەیە! لەوەیە بەهۆی وتارێک یان بابەتێکی سوودبەخش کە تۆ بڵاوی دەکەیتەوە گۆڕانکاریی سەرسوڕهێنەر دروست بکات بەسەر کۆمەڵگا، لایشت سەیر نەبێت کە بەڕاستی تۆ بەبێ ئەوەی ئاگات لێ بێت سەدان کەس ڕزگار دەکەیت.

ئایا دەزانیت بەهۆی وتارێکی تۆوە کەسێک لە مردن ڕزگاری دەبێت؟ کە ئومێدی بە دونیا و ژیان نەماوە و ژیانی دەگۆڕێت بەبۆنەی تۆوە. ئایا دەزانیت بەهۆی تۆوە منداڵێکی بێباوک ڕووپۆش دەبێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت؟ کە تۆ لەنێو ماڵی خۆتی بەڵام دڵی دەوڵەمەندێک بە وتارێکی بڵاوکراوەی تۆ دێتە هەژان. ئایا دەزانیت بەهۆی تۆوە لەوەیە کچێک ببێت بە باڵاپۆش کە گەورەترین شەعائیری دینی ئیسلامە؟ ئایا دەزانیت لەوەیە بەهۆی تۆوە کچ و کوڕێکی هەرزەکار نەجاتی بێت لە زینا؟ دەی خێر هەیە لەو خێرە گەورەتر بێت کەسێک بەبۆنەی بابەتێک و وتارێکی تۆوە نەجاتی بێت لە زینا؟ ئایا دەزانیت دایک و باوکێک بە منداڵەکەی شاد دەبێتەوە بەبۆنەی وتارێکی تۆوە کە چەندین ساڵە لێک دابڕاون؟ ئایا ئەمە کەمە منداڵێک بە سۆمای چاوی دایک و باوکێک شاد کەیتەوە؟ ئایا دەزانیت هەژارێکی برسی قوتاری دەبێت لە مەینەتی و برسێتی و سکی خاڵی و ماڵی خاڵیی ئاوەدان دەبێتەوە بەبۆنەی وتارێکت یان بابەتێکی نووسراو؟ ئایا دەزانیت شەڕی دوو خێزان کۆتایی دێت کە چەندین ساڵە کێشەیان هەیە و بە خوێنی یەکتر تینوون کەچی ئێستا بۆ دیدەی یەکدی تینوون؟

ئەوانە کەمێک لە سوودەکانی ئەو بابەت و وتارانەیە کە تۆ یان من یان ئێمە یان هەموومان کە بڵاوی دەکەینەوە و لێی بێئاگاین، کەواتە گەر ئێمە خەمی خەڵک و نەخۆشییەکانی کۆمەڵگامان بێت دەبێت دەست بکەین بە کارکردن، خەمی کۆمەڵگا بکەینە خەمی خۆمان، جا با دەست بە دەعوەی ئاشتی بکەین. سۆشیاڵ میدیا پێویستی بە موسوڵمانانی جەنگاوەری میانڕەو و خەمخۆر و دڵسۆزە، بۆیە بڕیار بدە جیهادی ئاشتی و برایەتی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بکەیت. هەموومان با  پێکەوە دەست لەنێو دەست، دەست بە پیرۆزترین کار بکەین، ئەویش دەعوەیە. ئێمە شوێنکەوتووی پێغەمبەر محەمەد {صلی ️اللّٰه علیە وسلم}ین، هیچ شوێنکەوتووێکی حەقی ئەو پێغەمبەرە ناتوانێت سەری بخاتە سەر سەرینەکەی و ئارام لێی پاڵداتەوە لە کاتێکدا ئەو ڕۆژەی تێیدا بەڕێی کرد سوودێکی نەگەیاندبێت بە کۆمەڵگاکەی، لە کاتێکدا توانیبێتی بیکات.

تاگەکان    
حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی یادەوەری کونە ڕەشەکان ئیلحاد جەنگی هۆشیاری مردن شیرک لۆجیک ئایین فەڵەستین ڕەزا بابایی جنۆکە زانکۆ عەبدولکەریم سرووش دوعا
فیکر
2022-07-26 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 1058 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی