دەترسم دوور لە نیشتیمان بنێژرێم!

نووسینی: سەرمەد ئەمیر
ئەدەب 2022-06-07 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 1685 جار بینراوە

لە غوربەتدا، دڵ هێندە ناسک دەبێتەوە، چەشنی پاڵی پەپوولە، هەر وەک پەڕەی گوڵ. ئەو شتانەی جاران لێیان بێزار بوویت، ئێستا وەختە بۆیان دیق بکەیت، قاڵەقاڵی خێزان، بینینی هاوڕێ، پیاسەکردن بەناو شەقامی شاردا، دەبنە مۆرانەی سەرت. کاتێک لە غوربەتدایت، لە خواتە کەسێک هەواڵت بپرسێت، با پێشتر حەزت پێیشی نەبووبێت، جۆرێک لە سووکنایی بە دڵ دەبەخشێت. ئەگەرچی پڕ بەدڵ بمانەوێت لەم کاولستانەی پێی دەوترێت نیشتیمان ڕا بکەین، ناتوانین. نیشتیمان، یا با بڵێین ئەو جێیەی تێیدا لەدایک بووین، مۆرێکە بەسەر دڵەوە بۆ هەمیشە نەخش بووە، بۆ هەر کوێیەک بچین، کۆڵی ئەم نیشتیمانە بەسەر شانمانەوەیە و دەبێت بیکێشین. مرۆڤ پێوەستییەکی سەیری بەو شوێنەوە هەیە کە منداڵیی تێدا بەسەر بردووە، هەر وەک ئەوەی لە قوڕی ئەو شوێنە چێ بووبێت، چەند گەورە بێت و بۆ هەر کوێیەک بچێت، لە کۆتاییدا ڕەنگێک، یا بۆنێک، یان دەنگێک، یاخود ڕووداو و باسێک زوو زوو دەیگەڕێننەوە بۆ ئەو کۆڵان و شوێنەی منداڵیی تێدا بەسەر بردووە. ئەوانەی زێدی خۆیان بە جێ دەهێڵن، نە ئەوەیە بەتەواوی لە نیشتیمانیان داببڕێن، نە ئەوەیشە وەک دانیشتووی ئەو شوێنەیان لێ بێت کە بۆی چوون، بەڵکە بە هەڵواسراوی لەو نێوەندەدا دەمێننەوە. لە غوربەتدا خواستی گەڕانەوە بۆ زێدی منداڵی، هەستێکە لە قووڵایی ناخدا، تا لێواری مەرگ لەگەڵ مرۆڤدا دێت.
خەم و کۆچ دووانەیەکن لێک جودا ناکرێنەوە، ئەوانەی نیشتیمانیان بە جێ هێشتووە، هەر کە دەتبینن، باس دەهێنن و دەبەن، تا بگات بەوەی باسی خۆشیی ژیانی خۆیان بکەن، قاقا پێدەکەن، زۆر دەڵێن، بەراورد دەکەن، بە گشت جۆرێک دەیانەوێت بۆت بسەلمێنن دڵخۆشن، لە ناخیشەوە، لە پشتی ئەو زۆربڵێی و پێکەنینانە، خەمێک لە شێوەی پیرەپیاوێکی کەفتەکاری کۆسەی لاوازی دانکەوتوو نووزەی دێت، هەمان ئەو خەمەیە کە لە وەختی ئامادەکردنی شتومەک و جانتاکەیدا بۆ سەفر، لە دڵیدا چێ بووە. خەمی تەنیایی و بێ هاوزمانی، خەمی ڕەتکردنەوەی نیشتیمان و زێد، خەمی ئەوەی کەسێک لە کەسوکار و هاوڕێیان نییە ببینێت لە چ نازونیعمەتێکدا دەژییت، چ سروشتێکی جوان دەوری داویت، چ کارێکی باشت هەیە، ببینن چەن دڵخۆشانە پێدەکەنیت، هەر بۆیە بە خەمەوە پێدەکەنیت، بە ڕقەوە نەفرەت لە نیشتیمان دەکەیت، ڕۆژانە بە توڕەییەوە بەخۆت دەڵێیت: ئێرە خۆشترە، لێرە دڵخۆشتریت.
ئەو کەسەی کۆچ دەکات، ئەو دەمەی یەکەم هەنگاو دەنێت بۆ کۆچ، بیری گەڕانەوە دەکات. بیرکردنەوە لە کۆچ و هەستی گەڕانەوە بۆ زێد، دووانەیەکن، لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکەمدا، دووەمیش چەکەرە دەکات.
کۆچکردن، لووتکەی بێئومێدییە، ئەو کەسەی کۆچ دەکات، بەتەواوی لە نیشتیمان بێئومێد بووە، وەک کەسێک لە ئازیزێکی تۆرابێت و نابەدڵانە لێی دوور بکەوێتەوە، نەیشتوانێت لە دڵیدا بیسڕێتەوە و هەر چاوێکی لەسەر بێت، ئاوایە.
کۆچ، کۆتا تراوێلکەی هیوایە مرۆڤ پەنای بۆ دەبات، بە تامی ئەو هیوایەوە دەڕوات هەموو شتێک باشتر ببێت، هەتا دوورتریش دەڕوات، ئەو تراوێلکەیە دوورتر دەکەوێتەوە.
ئەوانەی کۆچ دەکەن هەتا دەمرن، دەمیان پڕە لە نەفرەت، نەفرەت لە نیشتیمانی باوک، کە ئاواتەکانی بۆ بە دی نەهێنان.
لە دواییشدا وەختێک نزیکی لێواری مەرگن، چاویان پڕە لە حەسرەت، سۆزێکی بەتین قوڕگیان دەگرێت، خۆزگەی گەڕانەوە بۆ زێدی منداڵی دەزێتە دڵ، دەخوازن ئارامگەیان نێزیک بە کەسوکار و هاوڕێیان بێت، چونکە بیرکردنەوە لەوەی لە جێیەکی دوورەوڵات بنێژرێن و کەسێک نەبێت لە دوای مردنیان سەردانیان بکات، دڵیان دەگوشێت. خەم و ترسی تەنیایی، وەک مێردزمەیەکی قەزەمی ناشرین، قاچ و دەستی لە مل ئاڵاندوون و سەری بە سەریانەوە ناوە. لە دواییدا گەڕانەوەی تەرمیان بۆ ئەو نیشتیمانەی بە جێیان هێشت، جۆرێکە لە دڵنەوایی، ئەو نیشتیمانەی لێی بێهیوا بوون و نەفرینیان لێ کرد، بەڵام هێشتا کاتێک لە قوڵایی دڵیان دەڕوانین، سۆزێکی بەتینی بۆ دەبیننەوە.
خودایە، بە سۆزی خۆت، هەمیشە هیوامان پێ ببەخشە...

تاگەکان    
نیشتیمان فەلەستین کونە ڕەشەکان نوێژ پۆرن باران بوونەوەری ئاسمانی سیاسەت ئەیاد قنێبی زمان تەنیایی دەروونی موناجات قوتابخانەکانی نوور فەلسەفەی ئەخلاق
ئەدەب
2022-06-07 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 1685 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی