ئەزموونى شیعرى لاى فەرهاد شاکەلى

نووسینی: یەحیا خەلیل
ئەدەب 2022-05-27 کۆمێنت 389 جار بینراوە

گەر بمانەوێت وردودرشتى ئەزموونی شیعریى شاعیرێکى وردبین و پڕکارى چەشنى فەرهاد شاکەلى بخەینە بەر باس، پێدەچێت کارێکى نەکردە بێت، هەر بۆیە منیش هەوڵ دەدەم خۆم لە قەرەى وەها کارێک نەدەم. ئەوەى من لێرەدا دەمەوێت تیشکى بخەمە سەر، بە شێوەیەکى گشتى ئەو ئەزموون و تاقیکردنەوانەن کە شاکەلى لە ماوەى ژیانى شاعیریى خۆیدا، دەستى بۆ بردوون و خامەى لەو پێناوەدا بۆ خستوونەتە گەڕ. هاوکات ڕاگوزەرانەیش لە ڕوانگەی شاکەلییەوە ئاوڕێک لە گرینگایەتیی زمانی شیعری و ئەو کارکردانەی کە زمان دەتوانێت بەرهەمیان بهێنێت؛ دەدەینەوە.

لە بەراییدا پێویستە ئەوە بگوترێت، فەرهاد شاکەلى بەو پێیەى لە تەمەنێکى زۆر زووەوە دەستى داوەتە نووسین و بە تایبەت شیعر، بۆیە تا تەمەنێکى دیار، نەیتوانیوە بگات بەو دەنگەى کە ئێمە ئێستا بە دەنگى فەرهاد شاکەلى دەیناسینەوە و، ڕەنگە لە هەر کوێیەک شیعرێکى وى بخوێنینەوە، ڕاستەوڕاست بیناسینەوە و مۆرکى فەرهادى پێوە بنێین. ئەوە ئەو پنتەیە کە دەمەوێت لێوەى شۆڕ ببمەوە و ئەوە بڵێم، کە فەرهاد لە زۆرینەى شێواز و قوتابخانە ئەدەبییەکانى شیعریدا، نموونەى شیعریى نووسیون، بەوەى لە هەر قۆناغێکدا، جا جۆرى خوێندنەوەى واى کردبێت، یان هەر لایەنێکى دیکە، بەو شێوەیە بکەوێتە ژێر کاریگەریى ئەو قوتابخانانەوەوە، هەڵبەتە ئەمە زۆر سروشتییە و ئەستەمە نووسەر و خامەبەدەستێک ببینیەوە ئەو قۆناغانەى نەبینیبێت. واتا، شاعیران و نووسەران تا دەگەنە تەمەنێک یان قۆناغێک، کە پێیان بگوترێت تەواو گەییو، لە ژیانى ئەدەبییاندا زۆرینەى جار، لەژێر کاریگەریى ئەوانى تردان، یان بە شێوەیەکى دى بیڵێین، لەژێر کاریگەریى سێبەرى نووسەران و بوێژانى تردان و ئەو منارەیەیان چێ نەکردووە یان نەدۆزیوەتەوە کە لێیەوە بانگى ڕەسەنى خۆیان، بە گوێى ئەوانى تردا بدەن. جێى خۆیەتى ئەوەیش بڵێین، ئەم کەوتنە ژێر کاریگەرییە تا جێگەیەک ڕێى تێ دەچێت کە تۆ ئەو دەنگە تایبەتەى خۆت کە گەرەکە هەبێت و لەوانى دى جوێت بکاتەوە، نەناسیتەوە یان پێى نەگەیشتبیت، جارى وەهایش بووە و ڕوو دەدات کە نووسەر نەتوانێت ئەو دەنگە بدۆزێتەوە، کە ئەمەیان نەنگییە. فەرهاد شاکەلى، لە تەمەنێکدا، توانیى دەستى بگات بەو کانییە زوڵاڵە و لەو ئاوە سازگارە هەم خۆى و هەم خوێنەرانیشى پێ تێراو بکات.

 ئێمە گەر بمانەوێت لە هێڵێکى گشتیدا ئەو قۆناغانەى کە فەرهاد شاکەلى هەم تێیدا بووە و هەمیش تێى پەڕاندوون یان وازى لێ هێناون، بخەینە ڕوو، ئەوا دەتوانین ناوى چەند ئاستێک ببەین. یەک لەو قۆناغانەیش قۆناغى کاریگەربوونە بە گۆران (1904 – 1962) و کامەران موکرى (1927 – 1982). هۆى ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ وەى کە فەرهاد شاکەلى لە ساڵەکانى ئەوەڵى خۆپێگەیاندنیدا بوو و، زمانى ئەو دوو شاعیرەى کوردیش زمانێکى ئاسان و دروست بوون و، لە گیان و دڵیەوە نێزیک بوون[1]. وەک خۆیشى لەم بارەیەوە ئاوا دەدوێت، "شاعیرانى نەوەى دواى گۆران، زۆربەیان لە سەرەتادا کەوتبوونە ژێر کارکردى شیعر و زمان و مێتافۆرى گۆرانەوە. لە یەک دوو دیداردا ئەوەم بە ڕوونى باس کردووە کە لە تەمەنى دوانزدە ساڵاندا سەرلەبەرى دیوانى "فرمێسک و هونەر"ى گۆرانم لەبەر کردبوو. هەر لەو ساڵانەدا چەند شیعرێکم نووسیبوون کە ڕێک لەسەر شێوازى گۆران بوون. هاوڕێیانى شاعیرم لەتیف هەڵمەت و شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێویش هەر وا بوون"[2].

ئەم قۆناغەیش لە ئەم چەند شیعرەدا بە ڕوونى دەردەکەوێت:

شەو بوو کە نووکى

تیژى چەقۆیان

قووڵییى دڵى منى لەبەر کرد

ئارەزووم گریا بۆ کەنارى گیان

هەر بە تاریکى

دارى ئاڵتوونى منیان بێبەر کرد

سروودى گەرم و شۆڕشگێڕانەم

ویستیان وێڵى کەن وەک ئاوارەیەک

لە چۆڵیى شەوا

لەگەڵ تەلارى بەرزى ئەم گیانەم

بیکەن بە قوڕگى دڕندەى خەوا[3]

***

چیمەنى خۆشى نیگاى پڕ لە گیان

شەپۆلى نەرمى لێوى ئاڵ نییان

لەسەر خۆ بەسەر دڵى ئاواتا

تێپەڕە ڕووەو ئاسۆى گەش و سوور

لەگەڵ شەپۆلى تیژى خەباتا

هەڵگرە دیاریى لووتکەى سپى و دوور

چاوت سروشتى سەوزى بەهارە

بزەى خرۆشى گەرمى یادگارە

نیگاى ڕێکەوتى کچێکە تەمى

ناسوور کوشتوویە گزنگى دەمى[4]

***

لە قووڵیى زامى دڵ هەڵبەستا

بەرامبەرم وەکوو یادگار ئەوەستا

یادگارى ئەو شەوانەى تۆى نازەنین

خولیاى منى ئاوارەبووى وەکوو ژین

وەکوو ڕازى خۆشەویستى هەر دڵ

بە تاریکى خۆشترین بەستە بڵ

بۆ ئەو چاوەى سەرچاوەى دڵنەرمییە

کانیى تەزى پڕ لە جوانى و گەرمییە

بۆ خورپەیەک سەرچاوەى با گۆى مەمک[5]

 قۆناغێکى دیکەى وێستگەى ئەدەبیى شاکەلى کە گوزەرى پێدا کردووە و دەتوانین ناوى ببەین، ئەویش ئەو قۆناغەیە کە تێیدا شاکەلى کەوتبووە ژێر کاریگەریى ڕێبازەکانى سوریالی و دادایزمییەکانەوە. کە لە دیوانى "پڕۆژەی کوودەتایەکى نهێنیدا" بە ئاشکرا ئەوەى لێ دەخوێنرێتەوە.

 لە بارەى ئەو قۆناغەوە، هۆنیار خۆى وەها دەدوێت "لە سەرەتاى ژیانى شاعیریمیدا جۆرە شێوازێکم بەکار دەبرد کە لە شێوازى سوریالیستەکانەوە نزیک بوو. ئەمەیش هەروا لە خۆوە نەهاتبوو، لە لایەکەوە یاخیبوونى خۆم بوو بەرانبەر شێوە باوەکانى شیعرى کوردى، بەڵام لە لایەکى دیکەوە کارکردى ئەو کتێب و نووسراوانە بوو لەو ساڵانەدا دەمخوێندەوە"[6]، ئەمە گرینگییەکەى بۆ ئێمە لەوەدایە کە شاعیر هەر لەو زووییەوە درکى بە بەسەرچوونى ئەو شێوازە شیعرییە کردبوو، هەر بۆیە لە هەوڵى ئەوەدا بووە جۆرە نوێبوونەوەیەک لە شیعرى کوردیدا بهێنێتە ئاراوە، کە هەر وایش بوو، ئەو بە هاوڕێیەتیى لەتیف هەڵمەت بەیاننامەى شیعریى (گرووپى کفری)یان لە ساڵى 1971دا بڵاو کردەوە، کە تێیدا ڕاى خۆیان هەمبەر بە شیعرى نوێى کوردى خستە ڕوو. گرووپى ڕوانگەیش کە لە ساڵى 1970دا بەیاننامەى خۆیان بڵاو کردەوە، بڵاچەیەکى ڕووناک بوون جارێکى تر شیعرى نوێى کوردییان ڕووناک کردەوە. هەر بۆیە بەو هەوڵە، ئەو قۆناغە لە قۆناغى پێش خۆى کە گۆرانە جیا دەبێتەوە.

دەتوانین ئەم قۆناغەیش بە چەند نموونەیەکى شیعری ڕوون بکەینەوە:

ئەڕۆم بەسەر شەقامێکا مەمک

لە ژێر پێما ئەقیژێنا[7]

***

ڕووم کردە شینایى ئاسمان.

باوەشم دا لە داوێنى مەرگ و ئازار.

پەنجەم خستە سەر گۆى مەمکى

پلیشاوەى بەهارى ساڵ...

لە کاروانى شەوى ئازارا دەرکرام...!![8]

***

لەناکاو

کوورەى ئاگر کۆشک و دیوار وێران ئەکا،

گلێنەى چاو دیمەنى ژیان ئەخواتەوە.[9]

پاشى ئەوەیش، دەتوانین قۆناغێکى دیکەى ئەزموونى شیعریى شاکەلى، بە قۆناغى کاریگەربوون بە ڕێبازى مارکسیستییەوە ببەستینەوە، کە شاعیر لەم قۆناغەدا ئاستى شیعریى تا ڕادەیەک لە ڕووى فۆرمەوە دێتە خوارا، ئەمە وەنەبا کە شاعیر نکووڵى لێ بکات. شاعیر ماوەى ئەم کاریگەربوونە بە چوار ساڵ دەخەمڵێنێت، هەر وەک خۆیشى ئاماژەى بۆ دەکات و دەڵێت، "دواتر بە هۆى نزیکبوونم لە مارکسیزمەوە شێوازى نووسینم گۆڕانى بەسەردا هات، ئەمەیش سێ چوار ساڵێکى خایاند."[10] "یەکێک لە دیوانەکانم، بە ناوى (ڕووبارە تیشکێک لە هەتاوى سوورەوە)، دیارە کە شیعرى سیاسین، شیعرى شۆڕگێڕانەن"[11].

دەڵێن کەرکووک پێناکەنێ

خۆشەویستم

ساواى بچووک پێناکەنێ

خۆشەویستم

دەڵێن وڵات بێ ڕووبارە

خۆشەویستم

دەڵێن هەتاو بریندارە

خۆشەویستم

دەڵێن... دەڵێن

ڕەوە چۆلەکەش خەمبارە

خۆشەویستم[12]

***

دەنگتان هاوڕێینە، ڕووبارێ ڕقى سوورە

لە دارستانى بێدەنگى شارى زاما

شەپۆل ئەدات...

دەنگتان لەودیو دیوارى بەندیخانەوە،

لە دۆزەخى زیندانەوە

ڕەشەبایەکى تووڕەیە...

دەنگتان سروودى خاکێکى بریندارە[13]

***

ئەم جارەیان

تیرى نامەردیتان سنگى خاکى سمى...

ئەم جارەیان

بە گوریسى نامەردیتان

وڵاتێکتان هەڵواسى...

ئەم جارەیان

گوللەى نامەردیتان جەرگى کوردى پێکا...

ئەم جارەیان ئاومان پێیە،

قەڵاى دمدم

ئێجگار سەخت و بێڕێیە...![14]

 پێش ئەوەى بڕۆینە سەر ئەو قۆناغەى کە شاعیر دەنگى خۆى تێدا دۆزییەوە، دەتوانین پێشقۆناغێک دیارى بکەین، ئەوەیش ئەو قۆناغەیە کە شاعیر چووە ئەورووپا، شاعیر ئەم ماوەیە بە دۆخى کاسبوون یان متبوون نێو دەبات، "کە چوومە ئەورووپا تووشى جۆرێک کاسبوون، جۆرێک وڕبوون و ماتى و بێدەنگى هاتم، هەرچییەکم دەنووسى بە دڵم نەبوو، هەرچییەکم بە بیردا دەهات هەوڵم دەدا نەیخەمە سەر کاغەز." ئەو قۆناغە شاعیر هیچ دەقێکى تێدا نەنووسى، ئەوەیشى کە نووسیویەتى دڕاندوویەتى، ئەمەیش نێزیکەى چوار ساڵێکى خایاندووە.

 پاش ئەمەیش ئەو قۆناغە دێت کە شاکەلى تێیدا دەنگى تایبەتى خۆى دۆزییەوە. ئەم قۆناغەیش بریتییە لە کاریگەریى دونیاى تەسەووف و عیرفان بەسەر فەرهاد شاکەلیدا. ئەو کە هاتە سوێد و لە زانستگەى ئوپسالا دەستى بە خوێندن کرد، دەبووایە کارێکى ئەکادێمیى زانستى پێشکەش بکات. ئەو کە بیرى نەتەوایەتى لە مەموزینى خانیدا هەڵبژارد و، نێزیکەى ساڵێک بەو تێزەوە خەریک بوو، دواتریش نووسینێکى لێ دەرچوو کە شاکەلى نێوى نابوو، "بیرى کوردایەتى لە مەموزینى ئەحمەدى خانیدا"، شاکەلى بۆ ئەم کارەى بە دەیان سەرچاوەى کوردى و عەرەبى و فارسى و ئینگلیزیى خوێندبووەوە، لێرەوە ئەو قۆناغەى ئەوە کە دەنگى خۆى تێدا دۆزییەوە. "کە داستانە نەمرەکەى خانیم دەخوێندەوە، دەبینم بیرى نەتەوایەتى تەنیا بەشێکى بچووکى سیستەمى بیرى خانییە، دەبینم تەسەووف تانوپۆى داستانەکەیە و دەبینم خانى سۆفییەکى گەورەیە و ڕووناکبیرێکى بێهاوتایە. ئەو کەسایەتییە قووڵ و بێکەنارەى خانى هانى دام لە لایەکەوە بەرهەمى شاعیرى دیکەى سۆفى بخوێنمەوە و لە لایەکى دیکەیشەوە، پەنا ببەمە بەر سەرچاوە ڕەسەنەکانى تەسەووف و ئەو لێکۆڵینەوانەى لەسەر تەسەووف نووسراون. ئەمە دۆزینەوە و کەشفێکى تازە بوو بۆ من، ئەمە عەشقێکى گەورە و بێسنوور بوو، بوو بە پشکۆیەک و کەوتە ناو دڵمەوە... ئیتر دیارە پاشماوەى چیرۆکەکە چۆن بوو..."[15]، بۆیە وردەوردە بەرەو ئەو شێوازە شیعرییە چوو کە لە چوار دیوانى دواییدا، دەتوانرێت بخوێنرێتەوە و بخرێتە بەر نەشتەرى کۆڵینەوەوە.

 گەورەترین و بەرچاوترین ئەو جیاوازییانەى کە دەتوانرێت لە شێوازى نووسینى شیعریى ئەوکات و ئەو شیعرانەى دواییى فەرهاد شاکەلیدا ببینرێت، بریتییە لە بەکارهێنانى زیرەکانەى زمان.

کە تۆ لە زەردەپەڕى چاوەڕوانیت

بێم و پێکەوە

ڕوو بکەینە ئەو وڵاتەى خۆرى لێ دەنیشێ،

من دەبمە تنۆکێ تیشک،

بە ئەگریجەى تاریکییەوە دەدرەوشێمەوە.

نایێتەوە بیرم کەى بە نمەى بارانێکدا

بۆنى شەوبۆ و

بۆنى قەدەح و

گوڵاوى عەشقم بۆ ناردووى...

نایێتەوە بیرم کەى بوو نزاى نەمامێک و

دەردى دەوەنێکت ڕاسپارد،

ئیتر نەیێمە سۆراخى سووراییى ئاسمانى ئێواران،

چیى دى

لە هێوربوونەوەى هەڵاڵان نەپرسمەوە.

لەوساوە کە تۆ

هەوروهەڵات کردووەتە سەیوانى سوور و سەمات

من کڵپەیە وا بوو بە نشینگەى خەونەکانم،

تارمایى زەوینێکە بووەتە نیشتمانم.[16]

***

نە دەسبەردارى هۆشم دەبیت و

نە دەبیتە دۆستى دڵم.

بێ تۆ کەى هۆش دەپشکوێت و

دڵ چۆن دەبێتە دۆست؟

تۆ کە چراى

وەرە ئەم کونجە تاریکە

چۆڕێ ڕۆشنایى نیشانى ڕۆحم بدە!

کە تاریکى نەما ئیتر تیشک و چرا بۆ چین؟

من کە ڕۆژگارم هەموو مەستى ناوبانگ و ناوتە

شەووڕۆژم هەر ئێستا لێ بسێنەوە!

دڵ خومارى یادى تۆ بێ،

نوێژ و نزا بۆ چین؟[17]

 

 

پەراوێزەکان:

[1] شێواز له‌ شیعره‌کانی فه‌رهاد شاکه‌لیدا، لا324

[2] کە بازنە و لاکێشەکان هەڵدەوەشێنەوە، ئاخاوتەى سياسى و فەرهەنگيى کورد، دوێنێ و ئەمڕۆ، فەرهاد شاکەلى، چاپى يەکەم، بڵاوکراوەى ئاراس، هەولێر، 2010لا 187

[3] ک. ش. پڕۆژەى کوودەتايەکى نهێنى، فەرهاد شاکەلى، چ2، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆنشبيرى، هەولێر، 2000، ل 73 - 74

[4] ک. ش. پڕۆژەى کوودەتايەکى نهێنى، ل 55

[5] ک. ش. پڕۆژەى کوودەتايەکى نهێنى، ل 64

[6] زمانى گەردەلوول، خەونى شنەبا، کۆمەڵە ديدارێکە لەسەر شيعر، فەرهەنگ، زمان، تەسەووف، ڕۆژهەڵاتناسى، ژن، ڕەخنەى ئەدەبى، ڕووناکبير و دەستەڵات، فەرهاد شاکەلى، چاپى دووەم، بڵاوکراوەى ئاراس، هەولێر، 2011، لا 329

[7] پڕۆژەى کوودەتايەکى نهێنى، لا 9

[8] پڕۆژەى کوودەتايەکى نهێنى ، لا 14

[9] پڕۆژەى کوودەتايەکى نهێنى ، لا27

[10] زمانى گەردەلوول، خەونى شنەبا، لا 329

[11] دیمانه‌ی ته‌له‌فزیۆنی، که‌ناڵی ئاسۆ سات، دیاکۆ هاشمی له‌گه‌ڵ فه‌رهاد شاکه‌لیدا.

[12] ک. ش. ڕووبارە تيشکێک لە هەتاوى سوورەوە، فەرهاد شاکەلى، بەيرووت، 1977، ل 3

[13] ک. ش. ڕووبارە تيشکێک لە هەتاوى سوورەوە ، ل 1

[14] ک. ش. ڕووبارە تيشکێک لە هەتاوى سوورەوە ، ل 17

[15] زمانى گەردەلوول، خەونى شنەبا، لا319

[16] بڵاچەيەک درز دەخاتە تاريکەشەوى تەمەنم، ل 367

[17] بڵاچەيەک درز دەخاتە تاريکەشەوى تەمەنم، ل 357

تاگەکان    
دوعا سیاسەت نیشتیمان قەدەر باران ئەیاد قنێبی بوونەوەری_ئاسمانی کتێب چەواشەکاریی_لۆژیکی فەرهەنگ بووژانەوە ڕەزا_بابایی مۆدێرنیتە کۆیلایەتی نەتەوایەتی
ئەدەب
2022-05-27 کۆمێنت 389 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2022 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی