موسوڵمان پەروەردە دەکەین یان ترسنۆک؟

نووسینی: عەلی عیززەت بیگۆڤیچ وەرگێڕانی: کۆبین سیامەند
فیکر 2022-04-27 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 1212 جار بینراوە

وا دادەنێم ئەم وتارە کورتە گفتوگۆیەکە لەگەڵ دایباب و پەروەرشیارە ئایینییەکاندا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وتارێکی ھاوڕێیەکی ئازیزم پێ گەیشت، وتارێکی دەربارەی پەروەردەکردنی گەنجی موسوڵمان نوسیبوو، وتارەکەم خوێندەوە پێش ئەوەی شێوەی کۆتایی خۆی وەربگرێت، ھێڵە گشتییەکانی وتارەکە و ئامانجە سەرەکییەکانی بە شێوەیەکی ڕوون دانابوو و، تيشكی خستبووە سەر پەروەردەی ئیسلامی.

ھاوڕێکەم دایبابانی بانگێشت دەکرد بۆ پەروەردەکردنی منداڵ لەسەر ڕەوشتە جوانەکان: مامەڵەی جوان لەگەڵ خەڵکیدا، خاکیبوون و حەزنەکردن لە دەرکەوتن، نەرمونیانی و لێبوردەیی، ئارامگری و تەسلیمبوون لە بەرانبەر قەدەردا. پەروەرشیارانی وریا دەکردەوە لە گرنگیی دوورخستنەوەی گەنجان لە کۆڵان و فیلمە توندوتیژەکان و تاوان و دوورخستنەوەیان لە چاپکراوە زیانبەخشەکان و ئەو یارییانەی بەرەو توندوتیژی و دەمەقاڵێیان دەبەن. زەقترین و زۆرترین وشەی بەکارهێنراو لە وتارەکەدا، وشەی گوێڕایەڵی بوو. دەبێت گەنجەکان لە ماڵدا گوێڕایەڵی دایکوباوک، لە حوجرە و قوتابخانە گوێڕایەڵی مەلا و مامۆستا و، لەسەر شەقامیش گوێڕایەڵی پۆلیس بن. سبەینێیش لە دامەزراوە و شوێنی كارەکەیان، گوێڕایەڵی بەڕێوەبەر و بەرپرسەکانیان بن.

نووسەر بۆ ئەوەی وێنەی ئەم  ئامانجە نموونەییانەمان بۆ بەرجەستە بکات، منداڵێکمان پیشان دەدات لە ھەموو ئەم ھەڵانە خۆی بە دوور دەگرێت، لە کۆڵاندا ئاژاوەچی نییە، لە سینەمادا سەیری فیلمی توندوتیژ ناکات، بەڵکو ئامادەی خولە بەسوودەکان دەبێت و لێی دوا ناکەوێت، تۆپێنیش ناکات، چونکە یارییەکە کە توندوتیژیی تێدایە، غەزەلخوانی لەگەل کچاندا ناکات، چونکە ئەو دەمەی گەورە بوو، باوکی ژنی بۆ دێنێت. ورتەی لێ ناژنەویت و ھیچ کات دەنگی بەرز ناکاتەوە. بەردەوام سوپاسی ھەمووان دەکات و داوای لێبوردنیان لێ دەکات.

نووسەر چیرۆکەکەی بەم شێوەیە کۆتایی پێ نەھێنا، بەڵام دەتوانین ئێمە بەم جۆرە بۆی تەواو بکەین: گەر لە بازاڕ فریویان دا، ئەو بێدەنگ دەبێت، ئەگەر لە کۆڵانیش کەسێک تێی ھەڵدا، ئەم ھیچ بەرسڤێکی نابێت، چونکە ئەوە جوان نییە، یان بە مانایەکی تر، ئەم گەنجە نموونەی کەسێکە، کە زیانی بۆ ھیچ دروستکراوێک نییە!

ئەو کاتەی خەریکی خوێندنەوەی وتارەکە بووم، لە مانای ئەم وتەیە زیاتر تێگەیشتم: "ڕێگای دۆزەخ، بە نییەتی باش تەخت کراوە." نەک تەنیا ئەمە، بەڵکو لە بەشێک لە هۆکارەکانی ئەم دواکەوتن و داڕمانەی لەم سەدانەی کۆتاییشدا ڕووی لێ کردووین، تێگەیشتم. ئەویش پەروەردەی ھەڵەیە لە پێگەیاندندا. ڕاستییەكەی ئێمە چەند سەدەیەکە لاوەکانمان بە پەروەردەیەکی نادروست پێدەگەیەنین، لە ئەنجامی ھەڵەتێگەیشتنمان لە فکری ئیسلامیی دروست. لە کاتێکدا دوژمنانی ئیسلام، بە پشتبەستن بە زانست و خۆبەشتزانین و گوێپێنەدانیان پێمان، وڵات دوای وڵات دەست بەسەر وڵاتە ئیسلامییەکاندا دەگرن، ئێمە نەوەکانمان وا پەروەردە دەکەین لەگەل هەموواندا باش بن و خۆ بە دەست بەڵاکانی قەدەرەوە بدەن، گوێڕایەڵ بن و کوێرانە ئەڵقەلەگوێی وەلی ئەمر بن، چونکە ھەموو فەرمانێکی لە لایەن خواوە بۆ دێت!

نازانم سەرچاوەی ئەم گوێڕایەڵییە ئازاربەخشە چییە، بەڵام دڵنیام کە ئیسلام نییە! چونکە ئەم گوێڕایەڵییە، دوو کار بە ئەنجام دەگەیەنێت کە هەریەکێکیان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، تەواوکەری ئەوی تریانە. لە لایەکەوە زیندووەکان دەکوژێت، لە لایەکی دیکەیشەوە دەرخستنی ئەم بەها باڵا نادروستانە بە ناوی ئیسلامەوە، کومەڵێک بە دەوری ئیسلامدا کۆ دەکاتەوە کە پێش ئەوەی ژیانیان دەست پێ بکات، مردوون. مرۆڤ، لە کەسێکی ھاوسەنگەوە دەگۆڕن بۆ کەسێک کە متمانەی بە خۆی نییە، کەسێک کە بەردەوام ھەستکردن بە تاوان و خۆشکاندنەوە وەک دێو تاوی دەنێت، تا وای لێ دێت ئەم فەلسەفەیە دەبێتە ئارامگەیەک بۆ ئەو مرۆڤە بچووک و پەستانەی لە واقیع هەڵدێن و بە دوای پەناگەیەکدا دەگەڕێن بۆ خۆبەدەستەوەدانی نەرێنی و دڵی خۆ دانەوە.

ئایا ئاسایی نییە کەسانێک کە سەرکردایەتیی گەلانی موسوڵمان دەکەن و لەناو ئیسلامدا پەروەردە بوون و ئیلھامی ڕێگایان لە فکری ئیسلامی وەردەگرن، تەنیا لەبەر یەک ھۆکار سەرنەکەون: وا پەروەردە کراون شوێنکەوتە بن نەک سەرکردە. ئایا بەپێی لۆژیک، نەدەبوو ئەو کەسانەی موسوڵمانی ڕاستگۆن، پایەی شۆڕشەکان بوونایە دژی داگیرکەرانی دەرەکی و بیری دەرەکیی ھاوردەکراو و دژی لەڕێدەرچوونی سیاسی و ئابووری؟ بەڵام ئەوان ئەو توانایەیان نییە، لەبەر ھەمان ھۆکاری سەرەکی، فێر کراون دەنگ بەرز نەکەنەوە و هاوار نەکەن، بەڵکو بێژن: بیستمان و گوێڕایەڵین.

ئێمە موسوڵمانمان پەروەردە نەکردووە، بەڵکو ترسنۆکی تەسلیمبووی خزمەتکارمان پەروەردە کردووە، دەی سەرکەوێت ئەو سیستەمەی مەردەکانی لە ئێمەمانان دەچن.

لەم جیھانەدا کە تژییە لە بەڵا، خراپە، کۆیلەیی و ستەم، ئەگەر داوا لە گەنجەکانمان بکەین بێدەنگ و گوێڕایەڵ و بەئەدەب بن و، دوور بکەونەوە لە ھەموو ئەمانە، ئێمەیش بەشدار نابین لە بەکۆیلەکردن و سەرشۆڕکردنی گەلەکانمان؟

ئەم دۆخە دەروونییەمان دیوی زۆرە، یەک لەو دیوانە باسکردنی بەردەوامی مێژوومانە، ئەوان باسی ئەوە بۆ گەنجان دەکەن کە ئیسلام لە مێژوودا چۆن بووە، نەک ئەوەی کە ئێستا دەبێت چۆن بێت. گەنجەکانمان دەربارەی کۆشکی سوور، فتووحاتی ڕابردوو، بەغدادی شاری ھەزار و یەک شەوە، کتێبخانەکانی سەمەرقەند و قوڕتوبەی شکۆدار فرە دەزانن. تێڕوانینی گەنجەکانمان بەتەواوی بەرەو مێژووی شکۆدار چووە و لەو مێژووەدا دەژین. بێگومان مێژوو گرنگە، بەڵام بەشداریکردن لە چاککردنەوەی بنمیچی مزگەوتی گەڕەکەکەی خۆتان، زۆر بەسوودترە لەوەی ناوی ھەموو ئەو مزگەوتە بەناوبانگانە بزانیت کە پێشینانمان بنیاتیان ناوە.

ھەندێ جار ھەستێک ناخی مرۆڤ دەگرێت کە پێویستە ھەموو ئەو مێژووە پڕشکۆیە بسووتێنرێت، کە بووەتە هۆی ئاخھەڵکێشان و ھاوارەکانمان و ئەم ژیانە لەسەر یادەوەری بنیاتنراوەمان. پێدەچێت وا باشتر بێت ئەو ھەموو شوێنەوارە دەگمەنانە بڕووخێنین، ئەگەر ئەمە مەرج بێت بۆ ئەوەی ئێمە بزانین کە ناتوانین لە مێژوودا بژین و، دەبێت بە دەستی خۆمان کارێک بۆ ئیسلام بکەین. ئەوپەڕی دژیەکییە بە ناوی پەروەردەی قورئانییەوە، پەروەدەی زەلیلی و گوێڕایەڵی و ملکەچیمان دەرخوارد بدرێت. قورئانێک کە زیاتر لە پەنجا شوێندا باسی جیھاد و دژوەستانەوەی ستەمی کردووە. بەڵکو دڵنیام لەوەی قورئان ئەم جۆرە گوێڕایەڵییەی حەرام کردووە. قورئان لەبری گوێڕایەڵیی گەورە و دەسەڵاتدارە درۆیینەکان، تەنیا دانی بە یەک جۆر گوێڕایەڵیدا ناوە: گوێڕایەڵيی خوای گەورە بەتەنیا. بەڵام ئەوەی قورئان لەسەر ئەم جۆرە گوێڕایەڵییە ھەڵیچنیوە، ئازادیی مرۆڤ و ڕزگاربوونیەتی لە ھەموو گوێڕایەڵی و ترسێک لە کەسێکی دی.

کەواتە دەبێت بە چی ئامۆژگاریی دایکوباوکان و پەروەرشیاران بکەین؟

پێش ھەموو شتێک پێویستە وریایان بکەینەوە: دەبێت ئەم وزەیە لە گەنجاندا نەکوژن، بەڵکو جارێکی تر دایبڕێژنەوە و ئاراستەی بکەن. چونکە گەنجێک ویستی لێ سەندرابێتەوە، سوود بە ئیسلام ناگەیەنێت و ئیسلام، بە کۆمەڵە کەسێکی مردوو زیندوو ناکرێتەوە. بۆ ئەوەی موسوڵمان پەروەردە بکەن، پێویستە پیاوانێکی کامڵ پەروەردە بکەن. لەبری گوێڕایەڵی، زیاتر باسی عیززەتیان بۆ بکەن، لەبری خاکیبوون، زیاتر باسی ئازایەتییان بۆ بکەن و لەبری بەزەیی، زیاتر باسی دادپەروەرییان بۆ بکەن. بۆ ئەوەی نەوەیەکی ئازا و شکۆمەندمان بۆ پەروەردە بکەن، نەوەیەک کە بە پتەوی لەسەر پێی خۆی دەوەستێت و بۆ ڕۆیشتن، داوای مۆڵەت لە کەس ناکات. ھەروەھا دەبێت باش بزانین کە پێشکەوتنی ئیسلام، وەک ھەر پێشکەوتنێکی تر، لەسەر دەستی شۆڕشگێڕە ئازاکان دێتە دی، نەک لەسەر دەستی کۆمەڵێك ناسکی گوێڕایەڵ.

تاگەکان    
مۆدێرنیتە کتێبی هاوسانی ئازادی مانا جوانی ئەیاد قنێبی هاوڕەگەزخوازی گێڕانەوە ڕەخنە فەرهەنگ کتێب فەڵەستین نامە دەربارەی کتێب خوێندنەوە
فیکر
2022-04-27 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 1212 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی