دونیابینییە دڕندەکە

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2022-04-17 کۆمێنت 6 خولەک بۆ خوێندنەوە 1200 جار بینراوە

تێڕوانینی ماددیگەرایی و سەرمایەداری و دونیاپەرستی کاریان لەسەر سڕینەوەی بەها و ئەخلاق و لایەنە باڵا و بڵندەکەی ئینسان کرد و بنیادەمیان لە چەند پارچە گۆشتێک و کۆمەڵێک موولوولەی خوێن و هەندێک دەمار و دەمارەگوێزەرەوەدا قەتیس کرد.

هێدی هێدی، تاکی ڕۆژاوایی نەیدەتوانی بایەخ بەو ڕەهەندانەی ئینسان بدات کە شوێنێکی تر جگە لە ماددە و لایەنە ماددییەکەی بنیادەم پێشان دەدات؛ بۆیە خۆی هەستی پێ کردبێت یاخود نا، تەنیا ئەو لایەنانەی مرۆڤی بەسەر دەکردەوە و بە لایەوە گرینگ بوو کە جەستە و ڕووی دەرەوەی مرۆڤ و لایەنە ئاژەڵییەکەیان زەق دەکردەوە.

ئەوەی دکتۆر عەبدولوەهاب مەسیری ناوی دەنێت: «ئینسانێکی داروینیی تاکڕەهەند» کە تەنیا جەستەی لێوە دیارە و ڕەهەندە بڵندە جیاکەرەوەکەی مرۆڤی لەبەرچاو نییە.

پاشان، وردە وردە ئەم تێڕوانینە بۆ تەواوی جیهانبینی و کایەکانی دیکەی ژیان شۆڕ بوویەوە و جگە لە جەستە، هیچ شتێکی دیکە نەدەبینرا و بایەخی پێ نەدەدرا.

زەقکردنەوەی جەستە سەری بۆ ئەوە کێشا کە ئیدی هیچ ڕەهەندێکی تر جگە لە جەستەی مێیینە نەبینرێت، وەختێک ئافرەت دەبینرێت، تەنیا جەستە و ئەو شوێنانەی دەبینرێت کە گوزارشت لە جەستە و لایەنە ماددییەکەی ڕەگەزی مێیینە دەکەن. یەکەم هەڵسەنگاندن لە جەستەوە دەست پێ دەکات، تەنانەت ئەگەر هەمان ئەو ئافرەتە خاوەنی دونیایەک ڕەهەندی گەورە و جوانی تریش بێت، هێشتا جەستە سەنتەرە و تاکە جێی بایەخ هەر جەستە و دیمەن و لەشولارە.

داماڵینی ڕەگەزی مێیینە لە بەها و بڵندیی ئینسانی، وەک چۆن سەیارەیەکی فیراری دەڕازێنیتەوە و خزمەتی ڕۆن و بەنزین و ڕووکاری دەرەوەی دەکەیت، بە هەمان شێوەیش مامەڵە لەگەڵ ئەم بوونەرەوەدا دەکات. دەتوانین ناوی لێ بنێین: بە ماشێنکردنی ڕەگەزی مێیینە.

دۆخ بەوە گەیشتووە، ڕەگەزی مێیینە، لەبری شاردنەوەی شەرمگاکانی جەستەی، بە پێچەوانەوە لە ڕێگای دەرخستن و تۆخکردنەوە و زەقکردنەوەی تەواوی جەستەیەوە، سواڵی قبووڵبوون و ڕازیبوونی ئەوانی تر دەکات.

تا ئێستا لەو دۆخەی هەوەسی ئافرەتان بە دەرخستنی تەواوی جەستەیانەوە ڕاماون؟! مەبەستم لە زەقکردنەوەی هەموو جەستە، تەنیا ڕووتبوونەوە نییە، بەڵکو دەبینیت بستێک لە جەستەی بە قەرز نادات و گرینگی بە تۆخکردنەوەی هەموو شوێنێک دەدات؛ تەنانەت ئەو شوێنانەیش کە پێشووتر ئینسان بیری بۆ ئەوە نەچووە تەماشایان بکات، ئێستا زەق دەکرێنەوە.

تۆ تەماشای بایەخدان بە نینۆک و برۆ و برژانگ و پێڵووی چاوەکان و کوتانی تاتۆ و گەورەکردنی هەندێ شوێن بکە، تەنیا نینۆک بە چەندین ڕەنگ و بریقوباق ڕەنگڕێژ دەکرێت! دەبێت هەموو خەمەکان لە خزمەتکردنی لایەنە جەستەیی و ماددی و ڕووکەشییەکاندا خەست ببنەوە. ئاخر جەستە ئەو پەرستراوەیە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک کەمتەرخەمی تێدا بکرێت.

ئەوەی هەمانە و نیمانە تەنیا جەستەیە، بۆیە نابێت هیچ جێگایەکی بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ئەوپەڕی ڕۆڵی خۆی لە سەرنجڕاکێشانی بەرانبەردا ببینێت!

ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ڕیشەی ئارێشەکان، ئەویش دونیابینیی دونیاگەراییە؛ بە دونیاییکردنی تەواوی تایبەتمەندییەکان و لەبەرچاوبوونی خواستە پەتییە دونییاییەکان؛ ئاخر ئەوان بە زمانی حاڵ دەڵێن: ئێمە تەنیا دونیامان هەیە، بۆیە ئەوەی دەشێت وەک چێژ لەم دونیایەدا تاقی بکرێتەوە، دەبێت سڵی لێ نەکەینەوە و ئەزموونی بکەین. بە واتایەکی تر، تەنیا جەستەمان هەیە، بۆیە ئەوەی دەشێت جەستەمان تۆخ بکاتەوە، نابێت کەمتەرخەمی لە ئاستدا بکەین. بچووکترین شوێنی جەستە، بۆ ئێمە زۆرە و هیچ ڕووکەشێکی ماددی نابێت بە کەم لێی بڕوانرێت!

سەرمایەدارییش گەورەترین بەرژەوەندی لە بایەخدان بە جەستەدا هەیە، ئاخر ئێستا بۆ ئەوەی ئافرەتێکی ئەم سەردەمە بە دڵی خۆی خزمەتی جەستەی بکات، بە تایبەت ئەوەی شوێن مۆدێل و ترێندە بازاڕییەکان دەکەوێت،؛ مانگانە و ساڵانە حەمکەیەک دۆلاری دەوێت تا بتوانێت پێ بە پێ لەگەڵ پێوەرەکانی جوانی و سەرنجڕاکێشی و سێکسیبووندا هەنگاو بنێت.

هێندێ جار دەبینین، تەواوی پێوەرەکانی بۆ خزمەتکردن و دەرخستنی جەستە ڕەچاو کردووە، بەڵام شتێکی تر ماوە کە دەبێت سەرنجی بۆ ڕابکێشرێت، ئەویش ئەو تاتۆیانەیە کە لە کۆمەڵێک بەشی جەستەدا داکوتراون کە دیار نین، بۆیە دەبێت بە زمان یان بە ئاماژە یاخود بە دەرخستنی نیوەی شوێنێکی، سەرنجی ئەوانی تری بۆ ڕابکێشێت.

مەرج نییە هەر ئافرەتێک جەستەی زەق کردەوە، شتی تری پێ نەبێت و خاوەن زانست و زانیاری و کۆمەڵێک ڕەهەندی تر نەبێت، بەڵام کێشەکە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە دونیابینییە زاڵەکە خزمەتی ماددە و جەستە دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت تواناکانی تری دەربخات و گوێی لێ بگیرێت و ددانی پێدا بنرێت، پێش هەموو شتێک دەبێت لە جەستەیەوە دەست پێ بکات!

پێوەری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ وەرگرتنی ئافرەت وەک پێشکەشکار، نوێنەری کۆمپانیاکانی شیر و دەرمان و ڕێکخراوەکان، زۆر جار یەکەم خاڵی هەڵسەنگاندن، سەرنجڕاکێشیی جەستە و لەشولارە. تەنانەت خەریکە وای لێ دێت، جۆرێک لە یەکپۆشیی کۆمپانیاکان هەست پێ دەکرێت، ئاخر پێوەرەکەیان لە یەک سەرچاوەوە ئاو دەخواتەوە؛ بۆیە دەرەنجامی شێوازی جلوبەرگ و ستایل و زەقکردنەوەی جەستەیان بە یەک شێوە کۆتایی پێ دێت.

ماوەیەک پێش ئێستا کە چوومە بازاڕ و هێندێک لە نوێنەری کۆمپانیاکانم دەبینی، یەکسەر بیرم بۆ ئەوە چوو، ئەمانە زۆربەیان یەک ستایلیان هەیە؛ واتە تاکەکان بە خۆیان و تایبەتمەندییە ئینسانییە جیاوازەکانیانەوە قبووڵکراو نین؛ بەڵکو بەو شێوازە وەرگیراو و سەرنجڕاکێشن کە بازاڕ  و کۆمپانیا و میدیا بۆیان دیاری دەکات. ئەمەیش بریتییە لە دەرەنجامێکی فرە سامناک، ئاخر ئیدی ئینسان وەک هەبوویەک لەبیر دەکرێت و لە جێگایدا بوونەوەرێکی بووکەڵەیی دەستکاریکراو جێگای دەگرێتەوە.

ئایینی ئیسلام هەموومان بۆ ئەوە ئاڕاستە دەکات، بەر لە هەر ڕەهەندێکی دیکەی ئافرەت، جوانییە مەعنەوییە باڵاکەی ببنین، ئەوەتا پێغەمبەری خودا وەختێک لەبارەی هەڵبژاردنی هاوسەری ژیانمانەوە ئامۆژگاریمان دەکات، دەفەرموێت: «فاظفر بذات الدين تربت يداك: دەست بەو جۆرە ئافرەتەوە بگرە کە خاوەنی ئایین و بەهایە، دەستت بە قوڕدا بچێت.» بەڵام سەرمایەداری و دونیاگەرایی و ماددیگەرایی و چێژگەرایی پێمان دەڵێن: تەنیا جەستە بخوازە، سەرت بە قوڕدا بچێت!

هەمووان خاوەن هەر شکڵ و بەژن و باڵا و ڕووخسارێک بن، بواری بەدەستێهێنانی ڕەزمەندیی خودا و دەستگرتن بە ئایینیان وەک یەک بۆ هەیە؛ بەڵام هەمیشە کەمینەیەک دەتوانن بەگوێرەی پێوەرە سەرمایەدارییەکانی سەردەم ببنە جێی سەرنج و جوانیی ڕووکەش بە دەست بێنن، کەواتە تێڕوانینی ماددیگەرایی هەر بە سروشت تێڕوانینێکی دڕندانەیە و خواستە گورگئاساکانی بنیادەم دەخاتە گەڕ؛ ئاخر هەمیشە خۆشگوزەرانی و سەرکەوتن و ڕازیبوون بۆ کەمینەیەکی زۆر کەم دەمێنێتەوە و زۆرینەیش هەردەم بە دەست خۆزگە و ئاواتە بەدینەهاتووەکانی ژیانەوە دەتلێنەوە. ئەوەتا ئەوەی پارەی هەبێت، دەتوانێت دەستکاریی جەستەی بکات و سەرلەنوێ موقەبایەک دابڕێژێتەوە؛ بووکەڵەیەک کە تەنیا ڕێکی و چوارچێوەی تێدا ڕەچاو کراوە و شتێکی بێگیان و ڕووکەش و ماددییە کە بۆنوبەرامەی ئینسانیبوونی لێ کراوەتەوە. ئەوانەیشی هەژار و دەستکورتن، تا کۆتایی تەمەن بە دیار جەستە خوازراوە بووکەڵەییە دیاریکراوەکەی بازاڕەوە ئازار دەچێژن و ناتوانن سەرکەوتن لە ڕووی جوانی و سەرنجڕاکێشییەوە وەچنگ بخەن. بێگومان ئەمە باشترین حاڵی بێبەشبووەکانە، چونکە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوامی پەیدا بکات، وردە وردە بڕێک لە بێبەشبووەکان بەو حاڵە ڕازی نابن و لەپێناو بەدەستهێنانی تایبەتمەندییەکانی بازاڕدا، هەر کارێک بشێت و نەشێت، لەوانەیە بیکەن.

داپۆشینی ناوچە هەستیارەکانی جەستە مانای زۆر لەوە قووڵتری هەیە کە باس دەکرێت، وەختێک ئافرەتێک جەستەی سەرنجڕاکێشی دەشارێتەوە، بە هەمووان دەڵێت: من ئەوەندە بچووک نیم لە ڕێگای جەستەوە بە ئێوە ڕابگەیەنم کە هەم، بەڵکو من بەو ڕەوشت و توانست و بەها و ئەخلاق و ڕەهەندە ئینسانییەی تر پێتان دەڵێم: بوونم هەیە! من بە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هەتاهەتاییەوە دەژیێم کە دەشێت لە گەنجی و پیری، کورتەباڵایی و بەژنزارفتی، ساغی و نەخۆشی، سووتاوی و نەڕووشاویدا، هەردەم بەو شێوەیە بمێنمەوە.

من بۆ ئەوەی بوونم بسەلمێنم، پشت بەو شتە نابەستم کە دەفەوتێت، ئاخر جەستە شتێکی سەفەری و لەناوچووە، بۆیە ژیاری سەرمایەدارییش شارستانەتێکی سەفەرییە و ڕێک وەک کلێنس وەهایە. ئەوەتا هەمیشە هەستی نەمان و پێنەزانین و پووکانەوە و فەوتان ئەوکمان دەگرێت و لە ترۆپکی جوانی و ساغی و سەرنجڕاکێشیدا، تەنگەتاومان دەکات و تووشی دونیایەک خەم و پەژارە و دڵتەنگی و دڕدۆنگی و ڕاڕایی و تەنیایی خنکێنەرمان دەکات.

هۆ قەومە ئازیزەکە، دڵم لە ناخەوە بۆ ئەو شەپۆلە بەرەڵاییە دەسووتێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە تەواوی وەک خۆی ئێرەیش لەگەڵ خۆی ڕابماڵێت، تکایە ئیسلام پاکێجێکی گەورەیە و گشتێکە بەش-بەش ناکرێت، دەبێت لەمسەر بۆ ئەوسەری وەک خۆی قبووڵ بکەیت و وەریبگریت، ئەوەی بواری جێبەجێکردنی هەبێت و کەمتەرخەمیی لەبارەوە بکرێت، بێگومانم لەوەی کۆمەڵگا بەرەو فەوتان و گلان و ماڵکاولی دەبات و ڕێگای تەنگانە و چەرمەسەری بۆ هەموومان فەرشڕێژ دەکات؛ تکاتان لێ دەکەم، گرینگی بە باڵاپۆشی بدەن و تا دەتوانن وەک خۆی باسی بکەن و جێبەجێی بکەن.

تاگەکان    
ستەم نەتەوایەتی قوتابخانەکانی نوور زانایان ڕۆژاوا کرێکار بوووژانەوە بوونەوەری ئاسمانی فیلم تەوبە باران ژن ڕانانی کتێب شیعر ئایین
فیکر
2022-04-17 کۆمێنت 6 خولەک بۆ خوێندنەوە 1200 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی