بۆ ئەوانەی وەکو خۆمن، دونیایەک لە گەوهەر و جوانی!

نووسینی: گوڵاڵە جەمال
ئەدەب 2022-04-04 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 1862 جار بینراوە

- بۆ ئەوەی دیمەنەکانی دەریا ببینیت و، جوانترین مروارییەکان بەدەست بهێنیت، مەرج نییە کەشتیوانێکی لێهاتوو و شارەزا بیت، گرنگ ئەوەیە ئاشنای کەشتیوانێکی لێهاتوو بیت و خۆت بدەیتە دەست شەپۆلە سەرشێتەکانی دەریا و چێژ لە دیمەنە ناوازەکانی وەر بگریت.

نووسەر کەشتیوانێکی شارەزا و مەلەوانێکی لێهاتووی دەریای ناخ و دڵ و دەروونە، هەرچی هەیە لەو گەوهەرانەی لەوێدا حەشار دراون و بوونەتە گەنجینەیەک بۆ خودی خۆیشمان و لێمان پەنهانن، دەخاتە نێو وشە و ڕاستگۆیانە بێ پێچ و پەنا و سڵەمینەوە، پەردە لەسەریان هەڵدەماڵێت و پێشکەشی دەکات، هەموو دەریای ناخت بۆ دەکاتە پەرداخێک ئاوی تینوشکێن و پێشکەشتی دەکات تا نۆشی بکەیت.

- بۆ ئەوانەی وەکو خۆمن تەنها وشەگەلێکی بێهەست و سۆز نین، خزێنرابێتنە نێو پەڕەکانەوە و لە کاتی خوێندنەوەدا تەنها پەڕەکان هەڵدەیتەوە، مرۆڤێکی زیندووە لە دووتوێی وشەدا پڕە لە هەست و سۆز، خەریکە دەدوێت و دەتدوێنێت، دەتهێنیتە قسە و گوێیشت بۆ دەگرێت، تا ڕاز و نهێنی نێو ناخت پەیی پێ ببەیت و ئاشکرا ببێت بەڵام بە بێدەنگی.

- بۆ ئەوانەی وەکو خۆمن ئەوین دەکاتە مانایەک و بە بەری ژیانیدا دەکات، چاوێکت دەداتێ لە پەنا ناشیرینییەکان و سەختیەکانی ژیاندا جوانییەکانیش ببینی و بیکەیتە ژیلەمۆی بەردەوامیدان بە ژیان، ئەوەی جوانیی ناسیبێت دەزانێت مرۆڤگەلێکت پێ دەناسێنێت بەشێکن لەپایەکانی جوانی، لەبابەتگەلێکی هەمەجۆر تابلۆیەکی دەگمەن دەنەخشێنێت.

- بۆ ئەوانەی وەکو خۆمن هەر بەرگە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، وەک قۆناغەکانی عیشق سەرەتا ئاسان و سانا دێتە بەرچاو، بەڵام بە بەردەوامبوون دەبینیت کێوێکی سەختە و ڕێگایەکی توولانی درێژە و قووڵ دەبێتەوە و خۆتت لێ دەستێنێت، لە کۆتاییدا مرۆڤێکی کامڵت دەداتەوە، کە هەست و سۆزەکانی ناخی دەناسێت و پەی بە شەپۆلەکانی ئەوین دەبات و دەیانناسێتەوە.

- لە بەردەوامبووندا تێدەگەیت هەروەکو تۆ، نووسەریش بەرەو کامڵبوون و قووڵبونەوە و پەیبردن بە ڕازی نوێ دەڕوات، وەک ئەوەی بڵێت: ئەویش لە گفتوگۆیە لەگەڵتدا و سات بە سات بەرەو باڵایی دەڕۆن و پێدا دەچنەوە، تاکو بتوانن هەنگاوی دواتر بنێن.

- لە قۆناغەکانی کۆتادا هەنگاونان سەخت دەبێت، لەوێ تۆ قسەیەکت بۆ وتن نامێنێت، دەبێت تەنها بێدەنگ بیت و سەرنج بدەیت لە زریانە سەختەکاندا نووسەر چۆن بەردەوام دەبێت و دەتگەیەنێت بە مەنزڵ، چۆن بەنرخترین گەوهەرەکان کە بە ماندووێتیەکی زۆر دەستی خستووە، پێشکەشت دەکات.

- ئەوەی هۆگریت پێ دەبەخشێت بەم کتێبە، تەنها وێڵبوونی خۆتە بە دوای زانینی ڕاستییەکان و دۆزینەوەی لەنێو وشەکانیدا، دەی مرۆڤ نەک تەنها لە دەوروبەری، دەیەوێت ڕاستگۆیانە بزانێت چی لەناوەوەی خۆیدا دەگوزەرێت. ئەم مرۆڤە گەورەیە چ شتێک لەناویدا دەگوزەرێت وا ئەوینی ئەوانی تر دەتوانێت ژیانی یەکپارچە بکات بە شادی یان خەم، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانێک لەدەرەوەیاندا ڕووی دابێت؟

فێرت دەکات شەپۆلەکانی ئەوین لەوپەڕی توڕەیی و بەجێهێشتندا ببینی، فێرت دەکات هەمیشە لەوپەڕی ئەوین و ڕقدا، ئەگەری پێچەوانەبوونەوە لە بەرچاو بگریت.

- نووسەر دەڵێت: مرۆڤ پێویستی بە ماسکە، بەڵام نەک ماسکێ بۆ فریودانی مرۆڤەکان، بەڵکو ماسکێ مرۆڤ وەکو گەنجینە بشارێتەوە و ڕێگە لە فەوتانی بگرێت، تەنها ئەوانە دەستیان پێی بگات وا قەدری دەزانن و لێی تێدەگەن و بەئاسانی فڕێی نادەن.

بەشێک لە وتەکانی:

- وەرنەوە ئەوانەی کەس لێتان تێ ناگات، لێرە هەموومان دەردێکمان هەیە بێ دەرمان، دەغڵێکمان هەیە بێ خەرمان، قسەیەکمان هەیە بۆ گوتن ناشێت و ڕازێکمان هەیە بۆ درکان نابێت.

- تا دووریت لێم،

زیاتر هەست بە نزیکیت دەکەم،

زۆرتر شتت بۆ باس دەکەم...

- مرۆڤ تا خۆی نەناسێت، پەی بەناسینی هیچ شتێک لە دەوروبەر نابات.

- ئەوەی عالەم وای بۆ دەچن

دەبێت جارێک هەر بگوترێ،

من ئەڵێم: نابێت بگوترێ!

- عەلی شەریعەتی: (گەورەیی هەرکەس بە گوێرەی ئەو قسانەی ناو ناخیەتی کە بۆ گوتن ناشێن.)

- مرۆڤ هەر کاتێک سەخت بۆ شتێ هەوڵی دا و ئاسان هاتە بەردەستی، تا خودا هێزی پێ داوە شەقێکی تێ هەڵدەدا.

- ئەوین قەت وێنەی دووبارەی نییە، ئەو شتانەی خوا دەیانبەخشێت قەت لەیەک ناچن.

- مرۆڤ سەیرە دڵی بۆ ناخۆشیەکانی ڕابردوویش تەنگ دەبێ و بیریان دەکات.

- عیشق ڕوون ناکرێتەوە.

- نزیکانی بێگانە و ئاشنایانی دوور، چ سەختە ئاوەها ژینێ!

- هەر کات کەسێکی ئاشنا بە ڕۆحت دەناسیت و گڕی عیشقی لە گیانت بەر دەدات، ئیتر هەست بە لەدایکبوونەوە و حەز بە تەمەنێکی زۆرتر دەکەیت.

- خۆشگەرەکبوون بێ پرس خۆی بەخانەی دڵدا دەکات.

- بە تۆڵەسەندنەوە لەوانی تر، ئازاری ناخی خۆت مەدە.

- مانای نییە مرۆڤ مەیلی لە لایەکی تر بێت و بەزۆر خۆی خەریکی شتێکی تر بکات.

- تا هەموو ڕاستییەکان نەزانیت، ئەنجامگری مەکە و بڕیار مەدە.

- کەسێ مەرد بێ دەنگی هەڵدەبژێ و دەرد و خەمی خۆی لە چاوی دەبەنگان دەشارێتەوە.

- ئێمەی مرۆڤ چەند حەزمان لێیە مرۆڤێک خۆیمان وەک خۆی نیشان بدات، بێ پەردە و دوور لە خۆهەڵنان، خۆشیمان لەوە دێ خاڵە لاوازەکانی ئەوانی تر بزانین.

- بوونم بە هیچ شتێک ناگۆڕمەوە، ژیانم بە لاوە بە هەموو ناخۆشییەکانەوە خۆشە.

- چەند تامەزرۆم، لە زارتەوە، قسەیەکم بەگوێ کەوێ،

لەم لا و لەولا نەتهێنابێ، هی ناخی خۆت بێت.

- مرۆڤ کاتێ باسی هەڵەکانی خۆی دەکات نەک پێی ناشیرین نابێت، بەڵکو پلە و شکۆیشی پێی زیاد دەکات.

- باشترین وەڵام بۆ ئەوانەی بە قسە و ڕەفتاری ڕەق دڵت دەشکێنن و بێ منەتن، بێ وەڵامی و خۆکەڕکردنە، وازیان لێبێنە چیان دەوێت بیکەن.

- بێمنەت بە و وا ڕەفتار بکە دەڕۆیت، گەر بەڕاستی ئەویندار بن دێنەوە.

- دڵ لە مەنتق و لێکدانەوەی عەقڵانە ناگات.

- بە هیچ شێوەیەک ڕەوا نییە بە بیانووی عیشق پیا و غروور و ئافرەت شەرمی ژێر پێ بنێت.

- پیاو شکاندنی سەربڵندیی کەسی مەزنی پێ هەڵناگیرێت.

- لێمەگەڕێ خەڵکی پێ لە پارچە شکاوەکانی غرووری تۆ بنێن.

- نەکەن بە هۆی نزیکیتان لە پیاوی گەورە خۆتان لا گەورە، یان ئەوتان لا بچووک ببێتەوە.

- جەزای زیادەڕەوی هەر دەبێت خراپ بێت، جەزای لەوە زیاتری نییە.

- تۆ کە نازانی ئێش چییە؟ بۆ گاڵتە بە ناڵەی ئازاردیتو دەکەیت.

- هەر کات دڵت بۆ دیداری کەسێ لێی نەدا و خەمی ڕۆشتنی کەسێکت نەبوو، ئەوکات مردوویت.

- قووڵی مرۆڤەکان هۆکاری خاکیبوونیانە.

- ئێمە کوشتەی چاوەڕوانییەکانمانین، گەر دەتەوێت هەمیشە بەختەوەر بیت، لە هیچ کەسێک چاوەوانی هیچ شتێک مەکە(لە گشت کەسێک چاوەڕێی گشت شتێک بکە.)

- ئەو کەسە دەردەداری ڕاستەقینەیە کە بێ دەردە.

تاگەکان    
بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن فیکر حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی شیرک پۆدکاست بوونەوەری ئاسمانی بووژانەوە ئیلحاد عێڕاق فەلەستین بوومەلەرزە بوووژانەوە چەواشەکاریی_لۆژیکی تەوبە ستەم
ئەدەب
2022-04-04 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 1862 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی