مێژووی یارییەکانی موسوڵمانان

نووسینی: بەڕا نزار ڕەیان وەرگێڕانی: محەمەد حەیدەر
ئەدەب 2022-03-28 کۆمێنت 35 خولەک بۆ خوێندنەوە 2569 جار بینراوە

ژیان لە شارستانەتیی ئیسلامی، جیاواز لەوەی باوە، شێوازێلێکی تری هەیە؛ موسوڵمانان تەنها خەڵکی جەنگ، بەربەرەکانێی ئەسپسواری، مزگەوت، فێرگە و کتێب نەبوون، هەروەها تەنها دەوڵەتێکی ڕووبەر فراوان، پڕ لە خەراج (باج)، پڕاوپڕ لە هێز و گەشاوە بە بنیاتنانەکانی نەبوو، بەڵکو موسوڵمانان گاڵتەی خۆش و یاريی بێخەوشیان زانیوە، هەروەها نموونەگەلێک لە وەرزشەکانی جەستەیی و فیکریی هەڵقوڵاو لە چێژ و سوود.

 ئەوە لایەنێکە لە مێژووی لەبیرکراو وێنەی باوی مێژووی موسوڵمانان دەردەخات، دەیانەوێت زۆردارانە لە چەند وێنەیەکی پارچە پارچە کورتی بکەنەوە، بەداخەوە دراما و ڕێچکە نوێیەکانی مێژوو ڕۆڵیان بوو لە بنیاتنان و جێگرکردنی لە (بیری خەڵکیدا)؛ بۆیە لەم جۆرە درامایە وردەکاری خۆشی و یاری بزر بوو، بۆیە وردەکاری ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی موسوڵمانی پووکاندووەتەوە.

لە ڕابردوودا موسوڵمانەکان یارییان دەکرد و خۆشیان دەگوزەراند بەپێی بنەما بەرزەفتکارییەکانی یاری ئامانجداری پێشکەوتوو؛ پێغەمبەر دروودی خودای لێ بێت لە زۆرانبازە مەزنەکانی عەرەب بوو، حوشترەکەی لە زۆرینەی پێشبڕکێکانی هجن (حوشتر)ـدا بردیەوە و جارێکیش دۆڕا، هەروەها هەندێک لە پێشەوایانی شوێنکەوتووان (تابعین) لە شارەزاترین یاریزانەکانی شەتڕەنج بوون لە مێژوودا، زانا و میر هەبوون عاشقی مەلەوانی، تۆپ، ڕاو و یارییەکانی هێز بوون.

لەم بابەتەدا؛ دەتانبەینە جیهانی وەرزش لە شارستانەتيی ئیسلامیدا، بۆ دۆزینەوەی ئەو ئاستە هونەرییە پێشکەوتووەی پێیگەیشتووە لە هەمەجۆری، ڕێکسازی، هاندان و بڵاوکردنەوەی لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگەدا.

میراتی ڕابردوو:

عەرەب لە سەردەمی نەفامییاندا زۆر جۆر لە یارییە بە کۆمەڵەکانیان دەزانی، هەر لە قۆناغی سەرەتای منداڵییەوە ئەنجامیان دەدا؛ تەنانەت دوای باڵغبوونیش دەیانکرد.

فەرهەنگە عەرەبییەکان ناوی دەیان لەم جۆرە یاریانە دەگێڕنەوە؛ وەک پێشەوای زمان ئیبنو سیدەی ئەندەلووسی (م. ٤٥٨ک/ ١٠٦٧ز) دەروازەیەکی لە کتێبەکەی "المخصص" تایبەت کردووە و ناوی لێ ناوە "ناوی گشت گاڵتە و ڕابواردنەکان". لە یارییەکاندا ناوی زیاد لە ٤٢ یاريی تیادا هێناوە، دواتر ئیبنو مەنزووڕ (م. ٧١١ک/ ١٣١١ز) هات و لە –لسان العرب- یاریگەلێکی زیاتری خستە سەر؛ ئەنجامدانی هەندێکیانی شی کردۆتەوە.

بە دیاریکراوی لە باسی کۆمەڵگەی مەککیدا؛ مێژوونووس ئەلفاکهی (م. ٢٧٢ک/ ٨٨٥ز) بەندێکی کتێبەکەی –أخبار المکة-ـى تایبەت کردووە بە ناونیشانی: "باسکردنی ئەو یاریيانەی خەڵکی مەککە لە سەردەمى نەفامی و ئیسلامدا ئەنجامیان دەدا و دواتر وازیان لێ هێنا"، تیایدا هێناویەتی عومەری کوڕی خەتتاب لە (م ٢٣ک/٦٤٥ز) هات بۆ مەککە؛ بینی یاری -الکرک- دەکرێت، فەرمووی: گەر پێغەمبەر دروودی خودای لێ بێت ڕێگەی پێ نەدابایت، ڕێگەم پێ نەدەدايت! مەکكییەکانیش دەڵێن: ئەوە یارییەکی کۆنە، کاتی خۆی خەڵکی مەککە یاریيان پێ دەکرد، مایەوە هەتا ساڵی دووسەد و دە ( ٢١٠ک/٨٢٥ز).

(ئەلفکاهی) زیاتر باس دەکات بە ڕوونکردنەوەی سروشتی ئەم یارییە و ئەو پێشوازییەی هاندەران لێیان دەکرد: "خەڵکی مەککە لە هەموو جەژنێکدا یاريیان پێ دەکرد، هەر گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی مەککە –کرک-ـی خۆی هەبوو پێی دەناسرانەوە، بۆی کۆ دەبوونەوە و لە گەڕەکدا یاریيان دەکرد، خەڵکیش دەچوون و لەو شوێنانەوە سەیریان دەکرد، لەسەری بەردەوام بوون، پاشان بۆ ماوەیەکی زۆر وازیان لێ هێنا و یاریيان پێ نەدەکرد تا ساڵی دووسەد و پەنجا و پێنج ( ٢٥٢ک/ ٨٦٦ز)، دواتر هەتا ئەمڕۆ وازیان لێ هێنا".

ئەوەی سەیری فەرهەنگەکان بکات گومانی زیاتر بۆ ئەوە دەبات ئەم یارییە هەمان یاری ناوبراو بە –کورەج-ـە، کە فارسییە و بە عەرەبی کراوە، ئەویش پەیکەرێکە لە تەختە "وەک بێچووی ئەسپ دایدەنەن و یاری لەسەر دەکەن"؛ بەپێی ئیبنومەنزووڕ لە –لسان العرب-.

لە یارییەکانی زیرەکی کە لای عەرەب زانراو بوو یاری "القرق"ـە، کە ئەبوو عوبەیدی هەرەوی (م ٤٠١ک/١٠١١ز) لە کتێبی –نامۆکان لە قورئان و فەرموودەدا- باسی کردووە؛ دەیوت لە فەرموودەی ئەبوو هورەیرەوە هاتووە (پێغەمبەر دروودی خودای لێ بێت) لەوانەیە بیانیبینایە بە -قرق- یاریيان دەکرد و ڕێگری لێ نەدەکردن، ئەویش هێڵێکی چوارگۆشەیە لە ناوەڕاستیدا هێڵێکی چوارگۆشە هەیە لە ناوەڕاستیدا هێڵێکی چوارگۆشە هەیە، دواتر لە هەر گۆشەیەکەوە خەتێکی لە گۆشەی یەکەوە بۆ گۆشەی دوو ڕادەکێشرێت، لە نێو هەر دوو گۆشەیەکدا خەتێک هەیە، بەمەش دەبێتە بیستوچوار خەت.[1] بە بەرد یاريی پێ دەکرا و هاوشێوەکەی لە سەر ئەو خەتانە دادەنرا، خەڵکی تا ئەمڕۆيش یاريی پێ دەکەن، لە وڵاتی شامدا ناوی " دریس"ـە.

لە یارییە بەربڵاوەکانی نێو عەرەب، زۆرانبازی بوو؛ لە بەنێوبانگترین باس تیایدا هاتبێت چیرۆکی زۆرانبازی پێغەمبەرە دروودی خودای لێ بێت لەگەڵ ئیبنو ڕوکانەی قورەیشی لە مەککە، کە ئیبنو کەسیر (٧٧٤ک/١٣٧٢ز) لە – البدایة و النهایة-ـدا بە سەنەدێکی باش لە ئینبو عەباس (٦٨ک/ ٦٨٨ز) گێڕاویەتییەوە، پوختەی چیرۆکەکە ئەوەیە "یەزیدی کوڕی ڕوکانە زۆرانی لەگەڵ پێغەمبەر کرد، پێغەمبەر سێ جار بەزاندی، لە سێیەم جاردا وتی: ئەی موحەممەد، پێش تۆ کەس پشتمی بە زەویدا نەداوە!

ڕێکخستن و جێگرکردن

لێرەوە زێدەگۆیی ناکەین گەر بڵێین یارییە وەرزشییەکان لە مێژووی ئیسلامدا هێندەى کۆنيی پەیامەکەی، کۆنە. سەرەتای دەگەڕێتەوە  بۆ سەردەمی پێغەمبەر دروودی خودای لێ بێت؛ کاتێک ڕێگەی دا بەو یارییانەی بەربڵاو بوون و بە شێوەیەکی زۆر ورد، ڕێک و ئاڵۆز ئەنجام دەدران، لە ڕێگەی بەدواداچوونیەوە دەتوانین بڵێین: یارییەکان لە مەدینەی پێغەمبەر -یەکەمین پایتەخت لە پایتەختەکانی دەوڵەتی ئیسلام- دوو جۆر بوون: جۆرێکی ئاهەنگی/کەرنەڤاڵی، جۆرەکەی تری ڕەوشێکی وەرزشيی ململانێيی هەبوو، هەندێک جار هەردوو جۆرەکەيش لە یەک ئاستدا کۆ دەبوونەوە.

ئاهەنگییەکە لە نموونە بەناوبانگەکانی فەرموودەی دایکی باوەڕداران عائیشەیە، ئيمامى بوخاری (م٢٥٦ک/٨٧٠ز) لە سەحیحەکەیدا هێناویەتی، عائیشە فەرمووی: "پێغەمبەرم دروودی خودای لێ بێت لە پێش دەرگای ژوورەکەمدا بینی، حەبەشییەکانیش لە مزگەوتدا یاریيان دەکرد -پێغەمبەر دروودی خودای لێ بێت بە پۆشاکەکەی دایدەپۆشیم- سەیری یارییەکانیانم دەکرد"، لە هەندێک لە ڕیوایەتەکاندا هاتووە "ئەوان بە ڕمەکانیان یاريیان دەکرد".

وا دەردەکەوێت ئەوە نەریتێکی ڕیشەدار بووبێت لە کۆمەڵگەی پشتیوانان (ئەنساڕ) لە مەدینەدا؛ ئەبوو داوود (م ٢٧٣ک/ ٨٨٦ز) لە ئەنەسی کوڕی ماليک (م ٩٣ک/٧١٢ز) لەبارەی ئاهەنگەکانیان بە بۆنەی هاتنی پێغەمبەر دروودی خودای لێ بێت لە مەککەوە بۆ مەدینە، دەگێڕێتەوە: "کاتێک پێغەمبەر دروودی خوای لێ بێت گەیشتە مەدینە، حەبەشییەکان بە ڕمەکانیان یاریيان دەکرد وەک خۆشیدەربڕینێک بە گەيشتنە جێی".

ئەوەی پشتگريی ئەم باسە دەکات، گێڕانەوەی پێشەوا سبتی کوڕی جەوزیە (م ٦٥٤ک/١٢٥٦ز) لە -مرآة الزمان- لە کاتی کۆچیدا دروودی خودای لێ بێت "لە مەدینەدا حەبەشی هەبوون یاریيان بە ڕم دەکرد، لە پێشی پێغەمبەردا یاريیان کرد، پشتیوانان بە هیچ شتێک ئەوەندەی هاتنی پێغەمبەر دڵخۆش نەبوون."

ئەوەی سەرەتا بە بیردا دێت یاریکردن بە ڕم سەرەڕۆيی و لاساییکردنەوەی شەڕ بێت، وەک ئیبنولمونیر (٦٨٣ک/ ١٢٨٤ز) دەیڵێت، کرمانی (٧٨٦ک/١٣٨٤ز) لە ڕاڤەکردنی سەحیحی بوخاریدا لێیەوە دەگوازێتەوە: "ناوی لێ ناوە یاری، هەرچەندە بنەڕەتەکەی ڕاهێنانە لەسەر شەڕ و خۆئامادەکردن بۆ دوژمن، ئەوەيش لە جيددییاتە بە بۆنەی لێکچوونی لەگەڵ یارییەکان و یاریکردنی، دەیەوێت بیپێکێت و نایکات، بەمەش وا دەردەخات پێکیان دابێت جا باوکی بێت یان کوڕی."

هەرچەندە کرمانی خۆی وەسفی حەبەشیيەکانی کردووە بەوەی ئەوان "سەمایان دەکرد"، زەهەبی ( ٧٤٨ک/ ١٣٤٧ز)ـيش لە –تاریخ الإسلام-ـدا پشتگريی کردووە بە باسێک دەڵێت: حەبەشییەکان لە مزگەوتدا یاريیان بە ڕمەکانیان دەکرد، پێیان لە زەوى دەدا و سەمایان دەکرد".

ڕاڤەکارانی ئەم فەرموودەیە لێیەوە ئەحکامی فیقهی و مانایەلێکیان وەرگرتووە پەیوەندیدار بووە بە ژیانی خەڵکیەوە بەم سەردەمەی ئێستایشمانەوە، وەک: حوکمی سەیرکردنی یاريی وەرزشی چییە؟ ئیبنو بەتتاڵی قورتوبی ( م ٤٤٩ک/١٠٥٨ز) لە –ڕاڤەکردنی سەحیحی بوخاریدا- ڕۆیشتووە بۆ "بە دروستی سەیرکردنی خۆشی ڕێگەپێدراو" لەسەر بنەمای ئەم فەرموودەیە، بۆچوونیشی ئەوە بوو کە یاری بە ڕم سوننەتێکی (نەبەوییە)، بۆ ئەوەی ببێتە دەستمایەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و، خەڵکیش ڕاهێنانی لەسەر بکەن".

دەکرێت ئەمە بکرێتە بنەمایەک بۆ نمایشی سەربازی بە چەک و جووڵە وەرزشییە سەختەکانی وەک یاريی هەڵگرتنی قورسایی و هاوشێوەکانی.

بەکارهێنانی جۆربەجۆر:

وا دیارە یاريی ئاهەنگگێڕان بوو بە ئیشێک هەندێک لە خەڵکی ئەنجامیان دەدا؛ ئیبنو ئەبی شەیبە (٢٣٥ک/٨٤٨ز) لە –مسنف-ـدا گێڕاویەتییەوە ئیبنوعەباس "کاتێک کوڕە چکۆلانەکەی خەتەنە کرد بانگێشتی یاریزانەکانی کرد [لە گێڕانەوەیەکی تر بە: (یارییچییەکان) هاتووە] چوار درهەمی پێ دان، یان وتی سێ درهەم".

مێژوونووسان دواتر گێڕاویانەتەوە هەندێک لە خەلیفە و سوڵتانەکان ئەم یاریزانانەیان لە خۆیان نزیک کردۆتەوە، ڕێزیان لێ گرتوون و لە ئاهەنگە فەرمییەکان لەگەڵ سەبازە ڕێکخراوەکان بە کاریان هێناون، وەک چۆن خەلیفەی عەباسی لە بەغداد لە نمایشە سەربازییەکەی کردی لە پێش نێردەی تەتار لە سەرەتاکانی سەدەی حەوتی کۆچی/ سیازدەی لەدایکبوون، لەوێدا "کۆمەڵیک دەرچوون یاریيان بە نەوت دەکرد و تۆپی بچووکیان هەڵدەدا بە گوێز) شووشەکە نەوتی تیادا بوو، زەوییەکە گڕی تێ بەردەبوو"؛ بەپێی وتەی زەهەبی.

لە یارییە ئاهەنگییەکان گەڕیدە ئیبنو جوبەیری ئەندەلووسی ( ٦١٤ک/ ١٢١٧ز) زۆر بە وردی وێنای دەکات لە –گەشتەکەی- لەبارەی ئاهەنگەکانی خەڵکی مەککەوە بە وەرزی "عومرەی ڕەجەبیە"؛ وتی ئەوان دەرچوون "لە ئاهەنگێک پێشتر نەبیسترا بوو، ئەوەندە خەڵکی مەککە بۆی کۆ بووبوونەوە چاو بڕی نەدەکرد، بەپێی پلەکانیان دەردەچوون، هۆز هۆز و گەڕەک گەڕەک، بە تەواوی چەکدار بوون، بە ئەسپسوار و پیادەکانیانەوە ئامادە بوون."

بە ڕیزێکی سەیر، ئەسپسوارەکانیان بە ئەسپەکانیان دەردەچوون و بە چەکەکان یاریيان لەسەر دەکرد، پیادەکانیشیان بازیان دەدا، مانۆڕیان دەکرد و پێکیان دەدا بەو چەکانەی لە دەستیان بوو؛ لە شمشێر، ڕم و قەڵغانەکان[2]، تێکگیران و پێکدادانیان لەگەڵ یەکدا نمایش دەکرد، شەڕەشمشێر و بەرگریيان بەو قەڵغانانە دەکرد کە خۆیانیان پێ دەشاردەوە و دەپاراست، ڕمەکانیان بەرەو هەوا هەڵدەدا و بە خێرايی بە دەستیان دەیانگرتەوە؛ لە کاتێکدا سەری ڕمەکان تیژیان ڕووی کردبووە ئاڕاستەی سەریان لە قەڵەباڵغیدا، هەندێکیان هەبوو شمشێرەکانیان بە هەوا هەڵدەدا بە شوێنی دەستگیرەکەی دەیانگرت وەک ئەوەی لە دەستیان دەرنەچووبێت!"

زۆر جار ئەو یاریيانە لەنێو چالاکییە ئاهەنگییە فەرمییەکاندا بوون بە بۆنەی سەرکەوتن لە جەنگێکدا؛ وەک چۆن لە ساڵی ٦٤٧ک/١٢٤٩ز کاتێک میرەکانی ئەیووبی شام بەسەر ئامۆزاکانیان لە میسر سەرکەوتن، بە نێو ئاهەنگگێڕانێکی سەرنجڕاکێشدا چوونە ناو وڵاتەوە، "بە قاهیرەدا دەڕۆيشتن و لەسەر ئەسپەکانیان یاریيان بە تیرەکان دەکرد لە -بین القسرین-"؛ ڕێک هاتووە لە مێژوونووس ئیبنو دەوادری ( م دوای ٧٣٦ک/ ١٤٣٥ز) لە -کنز الدرر-.

لەو نموونانەی نزیکی سەردەمن ئەوەی حەلاق البدیریە ( م دوای ١١٧٦ک/ ١٧٦٢ز) لە –'ڕووداوەکانی ڕۆژانەی دیمەشقدا'- دەیگێڕێتەوە "والی دیمەشقی شام سولەیمان پاشای کوڕی موعەزەم (١١٥٦ک/ ١٧٤٤ز) دەستی بە ڕێکخستنی خۆشییەک کرد بە بۆنەی خەتەنەکردنی کوڕەکەیەوە، هەموو یارییەکانی تیادا کۆ کردەوە، پیاوماقوڵان و خانەدانەکانی تیادا کۆ بوونەوە، ئازادی کردن بە یاریکردن لە هەر یارییەک بیانەوێت، لەسەر ئەم کارەیان حەوت ڕۆژ بە شەوەکانیەوە بەردەوام بوون، کاروانێکی تیادا کرا، یارییە نامۆکانی تیادا بوو لە نمایشی عەرەبە ئازاکان و هيی تر".

لە یارییە کۆنەکانی موسوڵمانان ڕابواردنی پەتی هەبوو، ئەمەيش بوو هەموو خەڵکی تیایدا بەشدار دەبوون، تەنانەت گەورە و فەقیهەکان خۆیانیان لێ نەدەبوارد؛ بەڵکە گرنگیدانی سوڵتانەکان بە یاريیەکان و یاریزانەکان بە نموونە لە پێویستییەکانی فەرمانڕەوایەتیکردن بوو کە کتێبی –الآداب السلطانیة- ئامۆژگاری پێ دەکرد، لە کتێبی 'التاج" بۆ جاحیز دەگەڕێتەوە (م ٢٥٥ک/ ٨٦٩ز) تیایدا هاتووە "هاوەڵیکردن بۆ پاشا و نەوەکانی سیفەتگەلی چاکن یەکسانن بە هەبوونی دەسەڵات، کەموکورتی نییە بۆ پادشا و لەدەستچوونی دەسەڵات نییە، وەک: یاریکردن بە تۆپ، ڕاوکردن، نیشانەکردن بۆ ئامانج و شتەکان، یاریکردن بە شەتڕەنج و هاوشێوەکانی."

گشتگريی کۆمەڵگەیی

دەربارەی زاناکان؛ لەو هەڵوێستانەی تۆمار کراوە لە کتێبەکانی وەرگێڕان بۆ یارییەکانیان، گێڕانەوەی ئیبنو ڕەجەبی حەنبەلییە (٧٩٥ک/١٣٩٢ز) لە –ذیل طبقات الحنابلة- یەکێک لە زاهیدە حەنبەلییەکان ناوی ئەبا مەنسور عەبدولعەزیزی کوڕی سابتی بەغدادی بوو (٥٩٦ک/١٢٠٠ز) "هاودەميی خۆش بوو، دەرچووین بۆ سەردانی گۆڕی پێشەوا ئەحمەدی کوڕی حەنبەل (٢٤١ک/٨٥٥ز)، دواتر بەرەو کەناری ئاو چووین؛ فەقیهەکان لە کەناراوەکە مەلەوانیيان کرد، بە شێخ ئەبی مەنسووریان وت: لەگەڵمان دابەزە، ئەویش جلەکانی داکەند و لەگەڵيان دابەزی مەلەوانيی کرد، لە ئاوەکەدا یاریيان کرد، ئەویش وەک ئەوانی کرد، هەندێک لە فەقیهەکان پێیان وت: شێخ محەمەد نەععال ( دوای ٥٩٦ک/ ١٢٠٠ز) کوا بتبینێت! وتی: ئەی داماو! خوای گەورە دەمانبینێت! هەندێک لە کۆمەڵەکە قسەکەیان بە دڵ بوو."

منداڵەکان یاريی خۆیان هەبوو پێی دڵخۆش دەبوون لە گۆڕەپان و شەقامەکان بە شەو و ڕۆژ، زۆرجار لە فەرهەنگەکان شیکردنەوەیەک دەبینین بۆ وشەیەک بەوەی "یاريی منداڵانە"؛ لە –'سەحیحی موسلیم'- هاتووە: ڕووداوی شەقکردنی سینەی پێغەمبەر دروودی خودای لێ بێت بە منداڵی ڕووی داوە. لەگەڵ لاوان یاريی دەکرد."

هەروەها زەهەبی لە –سیر أعلام النبلاء- دەگێڕێتەوە: ئەبوو هورەیرە ( ٥٩ک/٦٨٠ز) خاوەنی گاڵتە بوو لەگەڵ لاوان لە مەدینەی مونەووەرە، بۆیە "لەوانەیە لاوان بهاتنایە – بە شەو یاری ئەعرابیان بکردایە- ئاگایان لێ نەبوو تا خۆی هەڵدەدایە نێویان و بە پێی دەیدا بە زەویدا؛ لاوانیش دەتۆقین و هەڵدەهاتن!

وەک چۆن منداڵەکان یاری خۆیان هەبوو؛ لاوانیش یاريیان هەبوو لە شێوەی بووکەڵەی ئاهەنگ؛ عەرەب ناویان لێ نابوو "بنات"، ئەویش پەیکەرێک بوو لە –عاج- قۆچی فیل" وەک  ئیبنو سیدە شی دەکاتەوە؛ ئیبن مەنزوریش وتی: "ئەلبەنات: ئەو پەیکەرانەن کچۆڵەکان یاریيان پێ دەکرد."

لە -سەحیحی بوخاری-ـدا هاتووە "عائیشە -ڕەزای خوای لێ بێت- وتی: کاتی خۆی یاریم بە "ئەلبەنات" دەکرد لەلای پێغەمبەر دروودی خودای لێ بێت، هاوڕێيشم هەبوون یاریان لەگەڵ دەکردم."

لە یارییە خۆشەکانی کچان لە شارە گەورەکان بووکەڵەی " ئەدوبارکە" بوو، لە ئێستای ئەمڕۆماندا لە شێوەی بووکەڵەی ناسراو بە "باربی" دەچێت گەر چی قەبارەی گەورەترە. دادوەر موحسین ئەلتونخی (٣٨٤ک/٩٩٥ز) لە –نشوار المحاضرة- گێڕاویەتیەوە، دەڵێت: "ئەدوبارکە: وشەیەکی ئەعجەمیە، ئەویش ناوی یارییەکە بۆ منداڵان، خەڵکی بەغداد لە سەربانەکانیان لە شەوی [جەژن] 'النیروز المعتضدي' ئەنجامی دەدەن، لە سەرەتای ساڵی دەوڵەتی بوەیهی)، یاریيان پێ دەکرد و بە جلی جوانەوە دەریان دەکرد، جلی گرانبەها و ڕازاوە، ڕێزیان لێ دەگیرا وەک چۆن بۆ بووک دەیانکرد، دەف و زموریان بۆیان لێدەدا!

هەر لە سەردەمی نەبەويیەوە ئەو یارییە وەرزشییانەی سروشتێکی بەربەرەکانێی هەبوو جێی زۆرێک لە گرنگیدانی خەڵکی و " پشتگری فەرمی" بوون.

هەرچەندە شەریعەتی ئیسلامی دەرگاکانی قومارکردنی داخست، کە پارەی تیادا بە کار دەهێنرا بەبێ ئەوەی هیچ سوودێک بۆ کۆمەڵگە بگەڕێنێتەوە، بەڵام هەندێک پێشبڕکێی بەدەر کرد، کە یارمەتيی هێز، ئەسپسواری و ئامادەکردنی تاکەکانی کۆمەڵگەى دەکرد لەڕووی جەستەییەوە کە هێز و چالاکيی پێ دەبەخشین، وەک ڕمهەڵدان، پێشبڕکێی ئەسپسواری و حوشتر؛ ئەبوو داوود و ترمزی (٢٧٩ک/٨٩٢ز) و نەسائی (٣٠٣ک/٩١٥ز) و هيی تریش دەگێڕنەوە لە فەرموودەی ئەبوو هورەیرە لە پێغەمبەر دروودی خوای لێ بێت فەرموویەتی: "پێشبڕکێ بۆ خەڵاتی بردنەوە نییە تەنها بۆ نەصل (یاریی نیشانەشکێنی) یان لە خوف (پێشبڕکێی حوشتر) یان حافر ( پێشبڕکێی ئەسپ) نەبێت."

پێغەمبەر دروودی خودای لێ بێت سەرپەرشتی ئەم جۆرە پێشبڕکێیانەی دەکرد و ئامادەی دەبوو بە سەرپەرشتیار، بەشداربوو و هاندەر؛ بۆیە لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە "لە فەرموودەی ئیبنو عومەر کە "پێغەمبەر دروودی خودای لێ بێت پێشبڕکێی کردووە لەنێوان ئەو ئەسپانەی ڕام کراون و بۆ پێشبڕکێ و شەڕکردن ئامادە کراون)، هەر لە لێواری شوێنەکەیەوە تا خەتی کۆتایی (ڕووبەری نێوان هەردوو شوێنەکە نزیکەی 10کم)، پێشبڕکێیشی کرد لەنێوان ئەو ئەسپانەی ڕام نەکرابوون لە لێواری ڕێگەی کێوەکەوە تا مزگەوتی بەنی زەریق، عەبدوڵڵای کوڕی عومەر لەوانەبوو تیایدا پێشبڕکێی پێ کرد."

لەبارەی نیشانەشکاندنەوە؛ خۆشەویست کرابوو لای پێغەمبەر دروودی خوای لێ بێت؛ بوخاری لە فەرموودەی سەلمة بن الٲوكع (م74ک/693ز) گێڕاویەتییەوە: پێغەمبەر دروودی خودای لێ بێت ڕێی لە یەکێک لە کەسەکانی ئەسلەم کەوت نیشانەشکێنی (تیرهاوێشتن) دەکەن، پێغەمبەر فەرمووی دروودی خودای لێ بێت: "بیهاوێژن کوڕانی ئیسماعیل، باوکتان تیرهاوێژ بووە!"

دەربارەی پێشبڕکێی حوشتر؛ زۆرجار حوشترەکەی پەیامبەر دروودی خوای لێ بێت بەشداری دەکرد، بەردەوام دەیبردەوە، تەنها جارێک نەبێت؛ وەک بوخاری لە سەحیحەکەیدا دەیگێڕێتەوە لە فەرموودەی ئەنەسی کوڕی مالیک فەرموویەتی: پێغەمبەر حوشترێکی هەبوو بەناوی عەزبائ (لە هەندێک لە ڕیوایەتەکان: ناوی قەسوائ بوو)، لێی نەدەبرایەوە، ئەعرابییەک لەسەر وشترێک تەمەنی لە شەش ساڵ کەمتر، هات و پێشی دایەوە، ئەمەيش لای موسوڵمانان قورس بوو، تەنانەت پێغەمبەر دروودی خوای لێ بێت ئەوەی لە دەموچاویاندا بە دی کرد، بۆیە فەرمووی: خوا حەقی لەسەر خۆی داناوە هەرشتێک لە دونیادا بەرزببێتەوە دەیهێنێتە خوارەوە!

بنەما کارپێکراوەکان

لەو پێشینانەی پێغەمبەرەوە؛ لای زانایان ئەوە جێگیر بووە کە ڕێیان بە یاریکردن داوە. بە [هەموو] ئەوەی تیایدایە لە بەهێزکردنی هزر، فێربوونی فێڵەکانی جەنگ و ڕێچکەکانی خۆپارێزی لە بۆسەکانی دوژمن، حوکمەکەی وەک حوکمی یارییە ڕێگەپێدراوەکانە وەک: پێشبڕکێی ئەسپ و تیرهاوێشتن و لەو جۆرانە"؛ بە پێی ئەوەی زانای پایەبەرز محمود شوکری ئالوسی (م ١٣٤٢ک/ ١٩٢٤ز) پوختەی کردووەتەوە لە "مختصر التحفة الاثني عشرية". بۆیە کتێبە فيقهییەکانی ئیسلامی گرنگیيان داوە بە ڕوونکردنەوەی حوکمی هەریەک لە وەرزشەکانی ڕاکردن، ڕمهەڵدان و بنەماکانی شێوازی بردنەوە و بەدەستهێنانی خەڵاتەکانیان.

گومانی تیادا نییە سەرپەرشتیکردنی پێغەمبەر -دروودی خودای لێ بێت- بۆ ئەو پێشبڕکێیانە ڕێساگەلێکی لێوە بەرهەم هات دەتوانین بیکەین بە بنەمای ئەوەی ئەمڕۆ وەرزشوانەکان پێی دەڵێن "بنەماکانی یاريی پاکژ"؛ لەوانە ئەبوو داوود، ترمزی و نەسائی گێڕویانەتەوە لە پێغەمبەر –دروودی خودای لێ بێت- فەرموویەتی: {لا جلب ولا جنب} لە ریوایەتێکی تردا {في الرهان}ـى بۆ زیاد کراوە. پێشەوا مالیکی کوڕی ئەنەس (م ١٧٩ک/٧٩٦ز) ڕاڤەی کردووە لە –موطأ- دا فەرموویەتی: جلب بریتییە لە دواکەوتنی ئەسپ لە پێشبڕکێ؛ شتێک لە دوایەوە دەجووڵێنرێت هانی دەدات، ئەویش پێش دەکەوێت؛ ئەمەیە جلب.

بۆ-جنب- بریتییە لە خستنەپاڵی ئەسپێک لەگەڵ ئەسپی پێشبڕکێیەکە؛ بۆ ئەوەی گەر ئەسپەکە دواکەوت و پێینەما سوارەکەی دەچێتە سەر ئەسپەکەی تر و پێی پێشدەکەوێت و خەڵاتی پێشبڕکێیەکە دەباتەوە!"

لەبارەی بنەماکانی پێشبڕکێی ڕمهەڵداندا پێشەوا شافیعی (م ٢٠٤ک/ ٨٢٠ز) دەبینین لە فەتواکەیدا دەڵێت: "نابێت پێشبڕکێ بکرێت تا هەر یەک لە تێکۆشەرە پێشبڕکێکارەکان لە ڕمهەڵدان دەزانن کێ لەگەڵیدایە لە هەڵدانی و کێ لە بەرانبەریەتی، بەوەی ئامادەبێت و بیبینێت یان نادیار بێت و بیناسێت". شافیعی زیاتری باس کردووە لەبارەی – بنەماکانی یاريی پاکژ- لە کتێبەکەی بەناوی –الأم- دەربارەی فەتوایەلی زۆری تیدا گێڕاوەتەوە.

جاحزی ئەدیبیش لە کتێبی –التاج-ـدا بنەماگەلی ڕوون و داد دادەڕێژێت لەبارەی یاريی پاکژ، پابەندبون تیایدا لەنێوان فەرمانڕەوا و خەڵکی یەکسان کردووە؛ دەڵێت: "ئەرکە لەسەر پادشا ڕێگری نەکات لە یاریزانی بەرانبەری بگات بەوەی مافی خۆیەتی کە لە داواکراوەکانی ڕاستیخوازی و دادپەروەرییە، هەروەها لە مافەکانی یاریزانی بەرانبەری: مشتومڕکردن، داواکردن، یەکسانی، بەرگریکردن، وازهێنان لە ڕووگرژی، تا دوا سنوور دەستگرتن بە حەق؛ بەڵام نابێت بێڕێزیکردن، نەنگی، وتەی چەپەڵ و شڕيی لەگەڵدا بێت، هەروەها نابێت بەرهەڵستییەکەی ببێتە هۆی فەوتانی مافی پادشا، نابێت هاوار بکات و دەنگ بەرز بکاتەوە، نابێت بقیڕێنێت، نابێت بوختان بکات و جوێن بدات، نابێت هەرشتێک لە دەرەوەی پێوەری دادی وەرزشەکە بوو بیکات."

لەوانەی پەیوەندیدارە بە بنەماکانی یاريی ڕێکخراو، باسکردنی ناوبژیوانییە لە ڕووی یارییەکان و ئەو ناوبژیوانانەی سەرپەرشتيی جێبەجێکردنی ئەم بنەمایانە بە ئەمانەتەوە لە بەرانبەر پێشبڕکێکارەکان لە ئەستۆ دەگرن؛ وا دەردەکەوێت ئەوە لای پێشینەکانمان کارپێکراو بووبێت بەلای کەمەوە لە هەندێک لە یارییەکاندا، تەنانەت هەندێک کات پیشەیەکیان بۆ تایبەت کردووە ناوی زاراوەیەکیان لێ ناوە نزیکە لە وشەی "ناوبژیوان" کە ئەمڕۆ دەیزانین، ناویان لێ نابوو "حکوومەت لە یاریگاکاندا"؛ خاوەنەکەشیان ناونابوو بە "ناوبژیوان"!

کتێبە فەرهەنگییەکان ناوی یەکێک لەوانەی ئەم پیشەیەیان کردووە پاراستووە، ئەویش شاعیر محمد کوڕی عەباس کوڕی ئەبی فەزل ( م لە دوای ٦١٠ک/ ١٢١٢ز)  ناسراو بە " ئەبوو عەبدوڵڵای موسڵی ناوبژیوان". لە –قلائد النجمان-ـدا هاتووە کە هيی کەمالەددین ئیبن شیعاری موسڵییە ( م ٦٥٤ک/ ١٢٥٦ز) کە ئەم ئەبوو عەبدوڵڵای موسڵییە "حکوومەت لە نێو یاریگاکانی ئەنجام داوە، وەک پیشەیەکی گشتی و ململانێيى. بڕیاریش لەوە بۆ ئەو بوو."

 هاندانی جۆراوجۆر

هەروەها هاندان و ڕۆڵی هاندەران لە دروستکردنی بردنەوە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەوە ئامادەییان هەبووە، یەکەم باس بیگێڕینەوە لەو بارەیەوە چیرۆکی هاندانی پێغەمبەر –دروودی خودای لێ بێت- بۆ تیپێک لە دژی تیپێکی تر لە ڕمهەڵدان، لە فەرموودەی سەلمە بن الأوکع السابق هاتووە پێغەمبەر- دروودی خودای لێ بێت- فەرمووی: هەڵیدەن، منیش لەگەڵ کوڕانی فڵانم؛ هانیانی دەدا! فەرمووی: یەکێک لە تیپەکان وەستان لە هەڵدان، پێغەمبەر – دروودی خودای لێ بێت- فەرمووی: ئەوە بۆ هەڵینادەن؟ وتیان: چۆن هەڵیدەین و تۆيش لەگەڵیانی؟ پێغەمبەر-دروودی خودای لێ بێت- فەرمووی: هەڵیدەن من لەگەڵ هەموو لایەکم!

لێرەدا دەبینین هاندانی پێغەمبەر- دروودی خودای لێ بیت- لە ڕێزی خانەدانی و باوکایەتی بۆ هەمووی- بۆ تیپێکی دیاریکراو بووە هۆی ئەوەی تیپی بەرانبەر نەتوانێت بەردەوام بێت لە یاریکردن، لەو کاتەدا پێغەمبەر -دروودی خودای لێ بێت- بێلایەنيی بۆ خۆی هەڵبژارد لەبەر پەرۆشيی بۆ هەستی تیپەکەی تر.

گەر ئەو دوو تیپەی پێغەمبەر –دروودی خودای لێ بێت- ئامادەی بووبوو بە پێی پێوەری ڕەچەڵەک دروست بووبوون؛ ئەوا مێژووی ئیسلامی – دوای فراوانبوونی ڕووبەرەکەی و دروستکردنی شارەکان- تیپی یارییەکان کێبەرکێیان دەکرد بە پێی شوناسیان بۆ شارەکان، واتە لەسەر هەمان ئەو بنەمایەی ڕێکخراوە وەرزشییەکانی ئەمڕۆ کاری لەسەر دەکەن. لە نموونەی ئەوانە سەفەدی (م ٧٦٤ک/ ١٣٦٣ز) لە –أعیان العصر-ـدا گێڕاویەتیەوە دەربارەی کێبڕکێی هەردوو میر ناسرەددین بن ئەلجوکەندار (م دوای ٧١٥ک/ ١٣١٥ز) و عەلائەدین قەزلیجا (م ٧٢٠ک/ ١٣٢٠ز).

پێشەوا سەفەدی وتی: ئێمە سەیریانمان دەکرد، خەڵکیش دەیانوت: ئەمە تەبجی میسرە ناسرەدین ئەمەش تەبجی دیمەشقە.

میر ناسرەددین گرجوگۆڵتر و خێراتر بوو لەسەر پشتی ئەسپ، میر عەلائەددینیش قەزلیجی بوو؛ گەر تۆپەکە بکەوتایەتە بەر گۆچانی لێدەرەکەی تەنها یەک لێدانی بەس بوو بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی و گۆڵ تۆمار بکات! ئەمە سەرەڕای ئەوەی عەلائەددین ناسراو بوو بە گرجوگۆڵییەکی وەرزشی زۆر، ئەو "بەدەم لێخوڕینی ئەسپەوە نیوەی لقی داری (سەفەرجەل)ـی لێدەکردەوە و نیوەکەی تری دەهێشتەوە لە کاتێکدا ئەو لە بەهێزترین قۆناغی ئەسپسوارییەکەیدا بوو، ئەوەيش کارێکی مەحاڵ بوو بۆ کەسانی تر."

هاندانی وەرزشەوانان لەسەر بنەمای ڕەچەڵەکی تائيفی، وەک نامۆترین جۆری هاندان دەمێنێتەوە لەڕووی مێژووییەوە تیشکی خرابێتە سەر؛ لەو نموونانەی ئاماژەی پێ داوە ئەو باسەی قازیی موحسن تەنوخییە کە سوڵتانی بوەیهی لە عێراق موعز ئەددەولە (م ٣٥٦ک/ ٩٦٧ز) زۆر بایەخی دەدا بە هەندێک لە وەرزشەکانی وەک: ڕاکردن، زۆرانبازی و مەلەوانی، زۆر خەرجی تیادا دەکرد، تیپی بۆ ڕێک دەخست و لەنێو خەڵکیدا بڵاوەی پێ دەکرد. بەڵام وەرزشی ڕاکردن بەتایبەت جیێ زۆرترین بایەخدان و سەرپەرشتیکردنی بوو؛ چونکە پێویستی بە ڕاکەری پیشەیی بوو، بۆ ئەوەی بیانکاتە چەند کەتیبەگەلێکی نێردە –لەنێوان خۆی و براکەی روکن ئەددەولە ( م ٣٦٦ک/ ٩٩٧ز)- لە ڕەی ( تارانی ئەمڕۆ)، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو ڕێگە دوورەیان دەبڕی، لەسەر جۆری ڕاکردنی داواکراو خەڵاتی گەورەی دەدا، بۆیە تازەلاوانی بەغداد گرنگیيان پێ دەدا!

لە دەرەنجامی ئەم کێبڕکێ گەرمەی خەڵکی و پاڵپشتیکراوی فەرمی؛ "خەڵکی ڕژانە سەری و منداڵاکانیان پێ دەدا؛ بووە هۆی دروستبوونی دوو سواری ڕاکەر بۆ موعزو ددەولە: یەکێکیان دەناسرێت بە مەزعوش، ئەوی تریش بە فەزڵ، هەریەکەیان زیاد لە سی فەرسەخ ڕایان دەکرد، واتە نزیکەی ٢٠٠کم)  هەر لە خۆرهەڵاتن بۆ خۆراوابوون لە ڕۆژێکدا، موعيزوددەولە لەسەر هەر فەرسەخێک کۆمەڵێکی دانابوو تا هانیان بدەن، تا ببوونە پێشەنگی ڕاکەران لە بەغداد، ڕاکەران بۆ ئەوان دەگێڕدرانەوە، خەڵکیش لایەنگیری دەمارگیریان بوون"؛ وەک تەننوخی دەڵێت.

ئەبوو حەیانی تەوحیدی (م دوای ٤٠٠ک/ ١٠١٠ز) بۆمان دەگێڕێتەوە لە مەزنی سەرقاڵبوونی خەڵکی بە هاندانی ئەم دوو ڕاکەرە بەتوانایە؛ لە "إمتاع والمؤانسة"ـدا دەڵێت: سەیری فەزڵ و مەرعوش بکە، چۆن خەڵکی هاواریان بۆ دەکەن بە دەمارگیریانە، تەنانەت وای لێ هاتبوو هەموو ئەوەی لە بەغدادە مەرعوشییە یان فەزڵی، تەنانەت سەرۆکی قازییەکان لەو کاتەدا چووە یەکێک لە ناوچەکانی بەغداد "هەندێک لەو شێتانە ڕەشمەی ‌هێسترەکەیان گرت و وتیان ئەی قازی پێمان بێژە، مەرعوشیت یان فەزڵێ؟ بەڵام ئیبن ئەثیر زیاتر ئەو وێنەی ڕووداوەکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە بەوەی ئاگادارمان دەکاتەوە لە پشت ئەم هاندانەوە مەیلێکی تائیفی هەبوو، دەڵێت: هەردوو ڕاکەرەکە، یەکێکیان ڕاکەری سوننیە فەزڵ، ئەوی تریش ڕاکەری شیعەیە مەرعوش!"

سۆزداری و دابەشبوون

گەر پێشبڕکێکاران لە پیاوان کاریگەر دەبوون بە هاندەران و گرنگیيان پێ دەدا، ئەوا هیچ شتێک لایان ئەوەندەی هاندانی ئافرەتان گرنگ نەبوو، بەتایبەت گەر دڵخوازێکی خۆی تیادا بێت و بیەوێت سەرنجی بۆ خۆی بباتەوە پێش بردنەوەی پێشبڕکێیەکە؛ هەروەک پێشەوا ئیبن قوتەیبەی دینەوەری (م ٢٧٦ک/ ٨٩٢ز) لە –الشعر و الشعراء- چيرۆکێک دەگێڕێتەوە لە نێوان هەردوو شاعیری عاشقی بەناوبانگ توئبەى کوڕی حومەیر (م ٨٥ک/٧٠٥ز) و جەمیلی کوڕی مەعمەر (٨٣ك/ ٧٠٣ز).

ئیبن قوتەیبە دەڵێت: "کاتی خۆی توئبە بەرەو شام گەشتی کرد، لە ڕێگە ڕێی لە بەنی عوزرە کەوت؛ لەوێ بوسەینەى بینی و سەیری دەکرد؛ جەمیل ئەمەی بەلاوە قورس بوو، ئەمە پێش ئەوەی خۆشەویستيی خۆيی بۆ دەربخات و دەرکەوێت، جەمیل پێی وت: تۆ کێیت؟ وتی: من توئبەی کوڕی حومەیرم، پێی وت: ئامادەی زۆرانیت؟ وتی: ئەوە بۆت ئامادەم. لەوێ بوسەینە پۆشاکێکی پێچراوی ڕەنگکراو بە (وەرس)ـی سووری بۆ نارد؛ ئەویش لەبەری کرد، دواتر زۆرانی گرت و جەمیل بەزاندی، دواتر پێی وت: ئامادەی تیرهاوێشتنیت؟ وتی: بەڵێ، تیرهاوێژيیان کرد و جەمیل لێی بردەوە، پاشان پێی وت: ئامادەی ڕاکردنیت؟ وتی: بەڵێ، ڕایان کرد و جەمیل پێشی دایەوە، توئبە پێی وت: ئەرە کابرا، ئەمە بەهۆی بای هاندانی ئەم ئافرەتەوەیە بۆیە وا دەکەیت! وەرە با دابەزینە ناو دۆڵەکەوە، دابەزینە ناو دۆڵەکەوە؛ توئبە لە زۆرانەکە، تیرهاوێشتنەکە و ڕاکردنەکە جەمیلی بەزاند!"

جەمیل کاتێک لە یاریگای خۆی و لە بەرانبەر هاندەری خۆی (کە بریتیبوو لە خۆشەویستەکەی، بوسەینە) یاريی دەکرد بردییەوە، بەڵام کاتێک یاریگا و هاندەرەکەی لە دەست دا، بەزێندرا و دۆڕا!

لە هەر جێیەکدا خڕبوونەوەی هاندەران بۆ هاندانی یاریزانەکان دەست پێ بکات، ئەوا بەردەوام بە دەمارگريی وەرزشی و خولیای هاندان کۆتایی دەهات؛ بۆیە ئەلجەبەرتی (م ١٢٣٧ک/ ١٨٢٥ز) لە مێژووەکەی –عجائب الاثار- دەگێڕێتەوە وەک ڕاڤەکردنێک بۆ بنەڕەتی دابەشبوونی سەربازانی میسری –لە سەرەتای سەردەمی عوسمانی- بۆ "فقاریە" و "قاسمیە"، : سوڵتانی عوسمانی سەلیمی یەکەم (م ٩٢٦ک/ ١٥٢٠ز) فەرمانی بە سەربازانی دا "هەموویان بۆ دوو گرۆ دابەش ببن: گرۆیەک سەرۆکەکەی میر زەلفیقار (م دوای ٩٢٢ک/ ١٥١٧ز)، گرۆی دووەمیش براکەی میر قاسم کەرارە (م دوای ٩٢٢ک/١٥١٧ز).

زۆرینەی سوارچاکە عوسمانییەکانی خستە پاڵ زەلفیقار و زۆرینەی میسرییە ئازاکانیشی خستە پاڵ قاسم، فیقارییەکان بە پۆشاکی سپی دەناسرانەوە، فەرمانی دا بە قاسمییەکان بە پۆشاکی سوور لە پۆشین و سواریان جیا بکرێنەوە.

جەبەرتی وەسفی یارییە گەرمەکانی نێوان هەردوو تیپەکە دەکات؛ دەڵێت: "سوڵتان فەرمانی پێ دان لەسەر شێوازی جەنگاوەری و ڕکابەری ململانێی بچنە ناو گۆڕەپانەکەوە، گوێڕایەڵیيان ڕاگەیاند و لەسەر ئەسپەکانیان هاواریان دەکرد، بە ئەسپەکانیان ڕۆیشتن و وەک لافاو دابەزین. پێشبڕکێیان دەکرد و ڕمیان بە دوای یەکدا هەڵدەدا، لە یاری جێگۆڕکێیان دەکرد و وەک شاخ بەرگریان دەکرد، بە ڕێگە فراوانەکاندا دەڕۆيشتن و تۆزی زۆریان دەنایەوە، بە ڕمەکانیان یارییان دەکرد، بە شمشێرە پانەکانیان ڕووبەرووی یەک دەبوونەوە، دەنگەکان بەرز دەبوونەوە و هاوارەکان زیادیان دەکرد، خەریک بوو شەڕ و کوشتنی تێ کەوێت، ئیتر لەوێدا پێیان وترا جیا ببنەوە!

لە بەروبوومەکانی ئەم یارییە گەرمە ئەوە بوو لە زەوی کینانە تیپی –ئەهلی- و –زەمالیک- پێش سەردەمی ئەمڕۆ بە پێنج سەدە سەری هەڵدا، هاندەری دەمارگریان هەبوو، شێوازی دەربڕینی ئەم هاندانە زیاتر لەوە بوو کە دەیبینین لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بۆیان بکرێت، جەبەرتی بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لەو ڕۆژەوە میرەکانی میسر و سەربازگەکانیان بۆ دوو گرۆ جیا بوونەوە و بەهۆی ئەم یارییەوە بۆ دوو حیزب دابەش بوون، هەردوو لا بە بەردەوامی ڕەنگی تیپەکانیان خۆشدەویست و ڕقیان لە ڕەنگی ئەوی دی بوو لە هەموو ئەو کارانەی دەیانکرد! تەنانەت لە قاپی خواردن و خواردنەوەکانیشیان، ئەم کارەيش بەرە بەرە زیاتر و بڵاو دەبووەوە، گەورە و کۆیلەکان بە میراتی وەریان دەگرت تا زل و گەورە بوو، خوێنی لە پێناودا ڕژا! چەند شار وێران کران و شکۆیان لەناو برا، چەند نیشنگە و کۆشک ڕووخێنران و سووتێنران، ئەم حاڵەيش هەر وا تا سەرەتای سەدەی دوازدە بە بەردەوامی مایەوە!

یاريی تۆپێن

تۆپێن یەکێک بوو لە یارییە هەرە بەناوبانگەکانی مێژووی ئیسلامی، جێی گرنگیدانی تاک و کۆمەڵ بوو وەک چۆن لە ژیانی ئەمڕۆی خەڵکیدا هەیە.

بە سواری ئەسپ یاريی پێ دەکرا، بەو دارەی کە لە تۆپەکەی دەدا دەوترا "سەولەجان" هەروەها ئەوە "ئەلجوکان"ـیشە.

ئەبوومەنسوور ئەزهەری (م ٣٧٠ک/٩٨١ز) لە فەرهەنگی –تهذيب اللغة- لەبارەی دیاریکردنی مانای ئەم ئامرازە "سەولەجان" دەڵێت: دارێکە لایەکی لار دەکرێتەوە بۆ لێدانی تۆپ لەسەر وڵاخەکەوە، بەڵام ئەو دارەی لایەکی خۆڕسکانە لارە لە درەختەکەیەوە ئەوە "میحجەن"ـە، سەولەجان وشەیەکی وەرگیراوە لە زمانی فارسی و بە عەرەبی کراوە.

بۆ زانای پایەبەرز ئیبن ئەلئەمشاتی (٩٠٢ک /١٤٩٧ز) پێی گەیاندین -لە ڕاڤەکردنی کتێبی "الموجز في الطب"ـی ئیبن نەفیس ( ٦٨٧ک/١٢٨٨ز) وتەکەیمان گواستەوە لە کتێبی "لعب العرب"ـی زانای پایەبەرز تەیموور پاشا (م ١٣٤٨ک/١٩٣٠ز)- بەوەی ئێستا وشەی "الصولجان" دەنێنرێت لە خودی یاريی تۆپێن و چیدی تەنها داری لێدەرەکە ناگرێتەوە؛ لە ڕاڤەکردنی ئەم گەمەیە دەڵێت: "سەولەجان لای مە بریتییە لە گەمەکردن بەو تۆپەی سوارچاکەکان گەمەی پێ دەکەن، ئەویش تۆپێکی گەورەیە لەسەر زەوی دادەنرێت و سوارچاکەکەيش بە دارێک لێی دەدا لەسەری بە ئەندازەی بستێک پارچەیەک تەختە هەیە، گەر لێی بدات سوارچاکەکانی دی بە خێرایی بە دوویدا دەڕۆن بە مەبەستی لێدانی، هەر کەسێکیان پێشتر بە دارەکەی لێی دا ئەوا بردنەوە بۆ ئەوە."

بەڵام خودی تۆپ خەڵکی  بە "الطاب" ناویان دەهێنا" بەپێی ئەمشاتی دەڵێت؛ هێشتا خەڵکی لە شام -تا ئێستا- بە تۆپ دەڵێن "الطابة" لە ڕاڤەی ئیبن ئەمشاتی ڕوون دەبێتەوە ئەم یارییە بنەڕەتێکە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەوترێت "یاریی پۆلۆ". وا دیارە ئەم یارییە لە کۆندا لە ڕووی پزیشکییەوە ئامۆژگاريی پێ دەکرا؛ ئیبن ئەبی ئوسەیبیعە (٦٦٨ک/ ١٢٦٩ز) لە -عیون الأنباء في أخبار الأطباء-ـدا گێڕاویەتییەوە: جالینوس (٢١٦ز) کتێبێکی نووسی ناوی لێ نا کتێبی: "الریاضة بالکرة الصغیرة؛ دواتر وتی: ئەم کتێبە یەک وتاری بچووکە جالینوس پیاهەڵدان بە وەرزشکردن بە تۆپی بچووک و یاریکردن بە سەوڵجان دەکات، دەیخاتە پێش هەموو جۆرەکانی وەرزشەوە!"

لە بارەی ئیبن نەفیس؛ تەیمور پاشا لە –لعب العرب- وتەکەی لە کتێبی "الموجز في الطب" دەداتە پاڵ: یاریکردن بە سەولەجان وەرزشێکی دەروونی و جەستەییە، بەهۆی بوونی خۆشی بە بردنەوە و تووڕەبوون بە شکست."

لە قسەی مێژوونووسانەوە وا دەردەکەوێت عەرەب ئەم یارییەیان لە فارسەوە وەرگربێت، زیاد لە کەسێکیان گێڕاویەتییەوە کە ئەو یارییە لە ئامادەبوونی پاشای فارسەکان ئەزدەشێری کوڕی بابک (٢٤٢ز) ئەنجام دەدرا.

تۆپێن، یاريی دڵخوازی خەلیفە، پاشا و میرەکان بوو؛ لە "کنوز الذهب"ـی سیبتی کوڕی ئەلعەجەمی (٨٨٤ک/١٤٧٩ز)ـدا هاتووە: یەکەم خەلیفە یاريی بە تۆپ کردبێت هاروونە ڕەشید (١٩٣ک/٨٠٩ز) بووە، کوڕەکەیشی محەمەد ئەمین (١٩٨ک/٨١٤ز) خۆشەویستيی ئەم یارییەی بە میرات بۆ مایەوە، تەنانەت گرنگیپێدانی لە سەرووی سەرەکیترین کارەکانی فەرمانڕەوایی بوون، بە پێی پێشەوا السیوطي (٩١١ک/١٥٩٦ز) کە لە –تاریخ الخلفاء-ـدا دەڵێت: ئەمین لە ڕۆژی دووەم دوای ڕۆژی بەیعەتپێدانی فەرمانی کرد بە بنیاتنانی گۆڕەپانێکی نزیک لە کۆشکی مەنسوور بۆ یاریکردن بە تۆپێن."

دەروازەیەک بۆ بەرزبوونەوە

لەو میرانەی هۆگر بوون بەم یارییە میر ئەحمەدی کوڕی تۆڵۆن (٢٧٠ک/ ٨٨٣ز) دامەزرێنەری دەوڵەتی تۆڵۆنی لە میسر بوو، هۆگربوون پێیەوە لە دوای ئەو، سەدە دوای سەدە مایەوە، مێژوونووس ئیبن تەغەری بەرەدی (٨٧٤ک/١٤٧٠ز) لە "النجوم الزاهرة" چیرۆکی ئەم میرەی هێناوە و دەڵێت: ئیبن تۆڵۆن کۆشکێکی گەورەی دروست کرد تیایدا گۆڕەپانێکی هەبوو یاريی تۆپێنی تیادا دەکرد، هەموو کۆشکەکەی نێو نابوو گۆڕەپان."

لە بەناوبانگترین ئەو میر و سەرکردانەی دوای سەردەمی یەکەم ئەم یارییەیان کردبێت لەوانەیە سوڵتان نووروددین زەنکی شەهید (٥٦٩ک/١١٧٣ز) بێت، ئەو پێیەوە هۆگر و پەرۆش بوو؛ مێژوونووسی دەوڵەتەکەی ئەبوو شامەی مەقدسی (٦٦٥ک/١٢٦٦ز) لە کتێبی –تاریخ الروضتین-ـدا دەڵێت: هیچ سوارێک باشتر لە نووروددین لەسەر پشتی ئەسپ نەبینراوە، وەک دەڵێی لەسەری دروست کرابێت نە دەجووڵا و نە دەلەرزا، لە هەموو خەڵک چاکتر یاريی بە تۆپ دەکرد و بەتواناتر بوو لەسەری، نەبینرا بوو جوکانەکەی (داری لێدەر) لەسەری بەرز ببێتەوە، لەوانە بوو لە تۆپەکەی بدایە، ئەسپەکەیشی غاری بدایە و بە دەستی لە هەوادا تۆپەکەی دەگرت، پاشان بەرەو کۆتایی گۆڕەپانەکە هەڵی دەدا، کاتێک جوکانەکەی تیادا بوو دەستی نەدەبینرا، بەڵکو لەژێر جوببەکەی (عابا) بوو؛ وەک بە ئاسان سەیرکردنی یارییەکە!"

سەڕەڕای گرنگيی زۆری ئەم سوڵتانە مەزنە بە تۆپێن؛ بەڵام ئەمە نەبووە هۆی سەرقاڵکردنی لە جیهاد و پەرستشەکەی بە هەمان شێوەيش لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەکەی و بەرژەوەندییەکانی خەڵکەکەی نەکرد، بەڵکو وەک بەشێک لە چالاکییەکی جیهادی و ڕاهێنان بە ئەسپ لە هێرش و هەڵهاتن دەیبینی.

زەهەبی لە –تاریخ الإسلام-ـدا دەگێڕێتەوە: ئەو زۆر ڕۆژووی دەگرت و ویردی ڕۆژ و شەوانی هەبوو، زۆر یاريی بە تۆپێن دەکرد؛ هەندێک لە پیاوچاکان بۆیان نووسی و گلەیی ئەوەیان لێ دەکرد و پێیان دەوت: ئەسپ هیلاک دەکەیت بە بێ سوود! ئەویش بە خەتی خۆی لە وەڵامدا بۆی نووسین: سوێند بە خوا مەبەستی یاریم نییە، بەڵکو ئێمە لە خەندەقین (بەرانبەر فیرەنجەی خاچپەرست)، لەوانەیە هەواڵ بێت بە (هێرشی دوژمن)، ئەو کات ئەسپەکان سازن بۆ هێرش و هەڵهاتن!

سەیرە گەر بزانیت نزیکيی سەڵاحەددینی ئەیووبی (٥٨٩ک/١١٩٣ز) لە نووروددین -لە سەرەتای دەسەڵاتگرتنی- یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بوونی شارەزايی ئەمیش بووە لە یاريی تۆپێن، پێشەوا ئیبنو کەسیر هەواڵی پێ داوین کە نووروددین، سەڵاحەدینی لە خۆی نزیک کردەوە و "کردییە لە کەسە تایبەتەکانی بە جۆرێک لە ئامادەبوون و سەفەریدا لێی جیا نەدەبوويە، چونکە شێوەی جوان بوو و بە باشی یاريی بە تۆپێن دەکرد."!

دوای هەموو ئەمانە سەیر نابێت گەر بزانرێت مردنی نووروددین بەهۆی مشتومڕی تۆپێنەوە بووە؛ ئیبنو کەسیر دەگێڕێتەوە: "ڕۆژێک یاريی تۆپێنی دەکرد، لە هەندێک لە میرەکان هەڵدەچێت –ئەمەيش لە سروشتی ئەو نەبوو- بەرەو قەڵاکەی چوو هەر لە حاڵەتی ئەوپەڕی هەڵچوون بوو، بێزار بوو و چووە میزاجێکی خراپەوە، بە خۆی و ئازارەکانيەوە مژووڵ بوو، گشت سروشت و هەستەوەرەکانی لێی یاخی بوون" لە خەڵکی دابڕا و دوای ماوەیەکی کەم مرد!

هەندێک لە پاشاکان چەند ڕۆژێکیان تایبەت دەکرد بە یاریکردن بە تۆپێن کە ڕێکەوتی جێگیری هەبوو وەک سوڵتانی مەملوکی ناسیر محەمەد بن قالون (٧٤١ک/١٣٤٠ز) تیایدا لێهاتوو بوو؛ ئیبن تەغەری بەرەدی پێمان دەگەیەنێت: "گۆڕەپانەکەی لەژێر قەڵاکە دروست کرد، جۆگەلە ئاوی بۆ ڕاکێشا، درەخت و دار خورمای تیادا چاند، هەموو ڕۆژانی سێشەمەیەک لەگەڵ میرەکان و دارودەستە تایبەتەکەی (شوێنکەوتووانی و کوڕانی پاشاکان) یاریی تیادا دەکرد.

پاشا ناسیر لە یاریی تۆپێن زۆر لێهاتوو بوو، بە جۆرێک لە سەردەمی خۆیدا هاوشانی نەبوو!"

سەرگەرمکردنی میری

گەر نووروددین یاریی تۆپێنی کردبێت بە ڕاهێنان لە سەر سوارچاکی و خۆسازدان بۆ جەنگی دوژمنان لە خاچ هەڵگران؛ ئەوا میرەکانی تر وەک سەرگەرمکردنێکی تەواو لە کاتی دەسبەتاڵی لە کار سەیریان دەکرد، میری مەملوکی عەلائوددین ساڵحی (٦٩٠ک/١٢٩١ز) "یەکێک بووە لە میرە گەورەکان؛ لەگەڵ ئەوەيشدا لەگەڵ منداڵان یاريی دەکرد و لە مەیدانەکە بە پێیەکانی تۆپەکەی ڕادەگرت یان یاریيان دەکرد و ئەوانیش لە پێشیەوە بوون؛ وەک سەفەدی لە 'الوافي بالوفيات".

بەڵکە هەندێکیان وەک ئامرازێک بۆ سەرقاڵکردنی نەفس لە بیرکردنەوە لە درێژايی ڕۆژ لە ڕۆژووی ڕەمەزان؛ مێژوونووس ئیبن خەلەکان (٦٨١ک/١٢٨٢ز) لە "وفيات الأعان"ـدا دەڵێت: کامیل و ئەشرەفم دیت (هەردوو ئەیوبی لە ساڵی ٦٣٥ک/١٢٣٧ز مردن) هەردووکیان پێکەوە سوارچاکیيان دەکرد، هەموو ڕۆژێک پێکەوە لە گۆڕەپانی سەوزی گەورە یاریيان دەکرد، کاتەکەيش مانگی ڕەمەزان بوو، مەبەستیان لەوە بەڕێکردنی ڕۆژ بوو لە پێناو ڕۆژوودا."

لە گرنگیپێدانی میرەکان بە یارییەکان بە گشتی؛ مێژوونووس ئیبن تەغەری بەرەدی دەگێڕێتەوە لە سوڵتانی مەملوکی موزەفەر حاجی (٧٤٨ک/ ١٣٤٧ز): ئەو لە ڕۆژانی دەسەڵاتی تێکەڵی دەکرد لەگەڵ "یاریزانە پیشەگەرەکان لە زۆرانبازی زۆرانێ و لێهاتووەکانی بادانی شمشێر، ڕاکردنی ڕاکەرەکان لە وەرزشی ڕاکردن، شەڕە قۆچ، شەڕە دەنووکی کەڵەباب، ئیتر بە بانگەواز کرا بە ڕەهاکردنی یاریی لە قاهیرە و میسر.

یاری تۆپێن مەترسیدار بوو، زۆر جار دەبووە هۆی گیانلەدەستدانی یاریزانەکان؛ لەو چیرۆکانەيش ئیبن واسیلی حەمەوی (٦٩٧ک/١٣٠١ز) لە –مفرج الکروب- گێڕاویەتیەوە: مردنی نەجموددین ئەیوب (٥٦٨ک/١١٧٢ز) باوکی سەڵاحەددین، دواتر وتی: {نەجموددین} شەیدای تۆپێن و ڕاکردنی سەخت بوو، هەر کەسێک بەو شێوەیە بینیبایە وای بڕیار دەدا ئەو تەنها بە کەوتنەخوارەوە لە پشتی ئەسپەکەی نەبێت نامرێت"، هەر بەهەمان شێوەيش بوو!

لە کتێبە مێژووییەکاندا هەواڵی زۆر هەن سەبارەت بە مردنی زۆرێک لە میر و سەرکردەکان بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان لە پشتی ئەسپەکانیان لە کاتی یاريی تۆپێن، وەک: شا سەعید بەرەکە (٦٧٨ک/١٢٧٩ز)، ئیبن مەلیک ئەلزاهیر بیبەرس (٦٧٦ک/١٢٧٧ز) کە "هۆکاری مردنی، یاریکردنی بووە بە تۆپێن لە گۆڕەپانی تۆپێندا؛ ئەسپەکەی هەڵيی دا و کەواندی، بەهۆیەوە تووشی تایەکی توند بوو، چەند ڕۆژێکی کەم بەو شێوەیە مایەوە و مرد، بەپێی گێڕانەوەی "المختصر في تاريخ البشر"ـی شا ئەیوبی ئەبی فیدائ (٧٣٢ک/١٣٣٢ز).

دەکرێت مردن بەهۆی کەوتنی ئەسپەکە بەسەر خودی یاریزانەکە لە گۆڕەپانەکەوە بووبێت، وەک چۆن بەسەر لیەبلوغای ساڵحی (٧٤٧ک/ ١٣٤٦ز) هات،  یەکێک لە میرەکانی کامیل شەعبان کوڕی ناسیر قلاوون (٧٤٧ک/١٣٤٦ز)؛ ئیبن شاهینی مەلتی (٩٢٠ک/١٥١٥ز) لە – نیل الأمل- دەگێڕێتەوە: ڕۆژێک سوڵتان {کامیل} لە بەرانبەر میرەکانی لە گۆڕەپان یاری تۆپێنی دەکرد، یەلبوغای ساڵحی پێکیدا دا بە یەکێکی دی و هەردوو لە ئەسپەکانیان کەوتن، ئەسپی یەبلوغا کەوت بەسەر سنگی و دەماری بڕی و دەستبەجێ مرد."!

نەرمی و توندی

سەڕەڕای قورسيی تۆپێن و سەختی و مەترسییەکەی، بەڵام مێژووی ئیسلامی لە تۆپێنی ئافرەتان خاڵی نەبووە؛ بەپێی مێژوونووس ئیبن تەغەری بەرەدی کە لە هەواڵەکانی سوڵتانی میسر مەملوکی ساڵیح ئیسماعیل کوڕی ناسیر قالوون (٧٤٦ک/١٣٤٥ز) گێڕاویەتیەوە: لە ئافرەتان هەبوون سواری ئەسپی عەرەبی دەبوون و پێشبڕکێیان دەکرد، هەندێک جار بە تەواوی حەریریان دەپۆشی و یاریيان بە تۆپ دەکرد، لە بۆنە، وەرز، جەژن و کاتەکانی گەشت لەم جۆرە بابەتانەیان دەبوو."!

ئیبن خەلدون (٨٠٨ک/١٤٠٦ز) سەبارەت بە کۆنيی یارییە جووڵەکانی ئافرەتان -کە مێژووی بەلای کەمەوە بێژین دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکەمی دەوڵەتی عەباسییەکان­­­- بۆمان باس دەکات و -لە پێشەکییەکەیدا- دەڵێت: لەو ڕۆژانەیان "ئامێری دیکە بە کار دەهێنران بۆ سەماکردن ناوی "ئەلکوررەج" بوو، ئەویش پەیکەری ئەسپی دروستکراو بوو لە تەختە (بە عاباوە هەڵدەواسرا و ئافرەتان لەبەریان دەکرد، لاسایی لێخوڕینی ئەسپیان دەکرد، غاریان دەدا، هەڵدەهاتن و هێرشیان دەکرد)، هاوشێوەی ئەو یارییانەیش ئامادە دەکران بۆ خوانی میوانی، دانیشتنی بەتاڵی و خۆشی، ئەمە لە بەغداد و شارەکانی عێراق زۆر بوو، بەرەو شوێنەکانی تریش بڵاوەی کرد."

سەبارەت بە منداڵان:  یاریکردنیان بە تۆپێن بەناوبانگە، هەواڵی ئەوەيش لە کتێبەکانی مێژوو و فەرهەنگ زۆرن؛ لە خۆشترین چیرۆکەکان گێڕانەوەکەی زەهەبییە لە –تاریخ الإسلام-ـدا دەڵێت: قازیی عەبدولسەمەد لە – تاريخ-ـەکەیدا دەڵێت: لە محەمەدی کوڕی عەوف (٢٧٢ک/٨٨٥ز) گوێم لێ بووە دەیوت: لە کەنیسە یاريی تۆپێنم دەکرد؛ منیش نەوجەوانێکی هەرزەکار بووم، تۆپەکە چووە ناو مزگەوت و کەوتە نزیکی ئەلمعافی بن عیمران یانی حمسی ( ٢٠٠ك/٨١٥ز) چوومە ژوورەوە بۆ بردنەوەی و وتی: کوڕی کێی تۆ؟ وتم: کوڕی عەوف! وتی: باوکت یەکێک بوو لە برایانی ئێمە و لەگەڵ ئێمە زانستی دەنووسیەوە، ئەمەيش بۆت گونجاوە لەسەر ڕێچکەی بابت بچیت، چووم بۆ لای دایکم و ئەو هەواڵەم پێی دا و وتی: باوەڕ بکە کوڕم! پۆشاکێک و ئیزاری لەبەر کردم، دواتر هاتم بۆ لای و لەگەڵ خۆم حوبر و پەڕەم پێ بوو!

گەر تۆپێن یارییەک بێت پێویستی بە هێز و توندی بێت، هەندێک مەترسیيش لە خۆ بگرێت؛ بەڵام هەندێک لە یارییەکان توندوتیژی تیایدا زاڵتر بوو و بەشێک لە چێژی (sadism) سادی بە سەر ڕێکخەرەکانیدا زاڵ بوو، بۆ نموونە یارییەک پێی دەوترا "اللبخة" ناوەکەی لەوانەیە بۆ تەختەی "اللبخ" بگەڕێتەوە، ئەویش یاريی میللییە لە میسر، ئەمڕۆ پێی دەوترێت "التحطیب".

ئیبن تەغەری بەرەدی لە ڕووداوەکانی ساڵی (٧٤ک/١٣٤٥ز) باسی کردووە، مێژووی سەرهەڵدانی یاریکردن پێی بۆمان دەستنیشان کردووە؛ دەڵێت: سوڵتان کامیل شەعبان (٧٤٧ک/ ١٣٤٦ز) بەرەو ناوچەی "سەریاقوس چوو و هەندێک لە خزمەتکارەکانی هێنا و لە پێشیدا یارییان بە "البخة" دەکرد، ئەویش دارێکی گەورەیە، لەم ڕۆژانەدا یاریی پێ دەکرێت، لەو کاتەدا لە پێشیدا یاريیان دەکرد پیاوێک هاوڕێکەيی کوشت، سوڵتان ڕێزی نا لە هەندێکیان و مووچەیەکی بۆ گەورەکەیان بڕیەوە لە بازنەی سەربازەکان، سوڵتان هەموو ڕۆژێک بەردەوام بوو لە یاریکردنی تۆپێن و فەرمانڕەواییەکەی فەرامۆش کرد، بۆیە مەمالیک هەڵگەڕانەوە لە دژی و مەحرەمی خەڵکیان دەبرد و چەتەییان دەکرد!"

نزیک لەو یاريیە توندانە ئەمڕۆ پێی دەوترێت وەرزشەکانی هێز و هەڵگرتنی قورسایی، ئەمەيش لە فەرهەنگماندا بوونی هەبوو، تەنانەت لەنێو میر و بەرپرسە گەورەکانیشدا، وەک میر عیلموددین سنجری حەلەبی (٦٩٢ک/١٢٩٣ز) ڕۆژانە دوای کۆتاییهاتنی کارە میرییەکانی ئەم یاریيانەی ئەنجام دەدا! پێشەوا بەدروددین ئەلعەینی ( ٨٥٥ک/ ١٤٥١ز) لە –عقد الجمان- دا بۆمان دەگێڕێتەوە: "ئەم میرە لە میرە گەورەکان بوو. لە شام دەسەڵاتداريی دەکرد، دەوترا: ئەو کاتێک لە دەوامی فەرمی لێدەبوويە بۆ ماڵەوە لە ئەسپەکەی دانەدەبەزی تا قینتارەکانی (توورەکەکەی) کە بە فیشەک پڕکرابوو بۆ دەهێنرا و  یاریی پێ دەکرد لە کاتێکدا سواری ئەسپەکەی بوو، دواتر دەهات بۆ فەردەیەک کا (پووش) لێی دەدا و لە زەوی دەیسڕییەوە، دواتر دادەبەزی و عامودێکی ئاسنی دەبرد قورساییەکەی نزیکەی ٤٠ کگم بوو؛ بە ڕاست و چەپدا سووڕی دەدا!"

وەرزشە هزرییەکان

یارییەکان لە شارستانێتيی ئیسلامیدا تەنها بەسەر ئەو جۆرانەی پشتیان دەبەست بە هێزی جەستەیی کورت نەبووە، بەڵکە چەند جۆرێک لە وەرزشە هزرییەکانی ناسیوە، لە پێشیاندا یاريی شەتڕەنج؛ کە موسوڵمانان لە خەڵکانی تر وەریانگرتووە؛ جاحظ لە -الرسائل– لەبارەی (ثقافة) نەریتەکانی هيند دەدوێت و دەڵێت: "شەتڕەنجیان هەیە، ئەویش بەڕێزترین یارییە و زۆرترینیان بیرکردنەوە و زیرەکییە!" مێژوونووس ئیبن خەلەکان وا دەڕوانێت شەتڕەنج داهێنانێکی هیندی بێت، دەڵێت ناوەکەی "سەسەی کوڕی داهری هيندی دایناوە و ناوی (شا): شهرام بۆی داناوە!"

موسوڵمانەکان هەر لە –سەدەی یەکەم-ـەوە گرنگیيان بە شەتڕەنج داوە، تا زانا و پیاوچاکانیشی گرتەوە چ جای خەلیفەکان و خەڵکی بە گشتی؛ لێرەدا بەسە ئەوە بزانین یەکەم تۆوی یانە ڕۆشنبیرییەکان لە شارستانییەتی ئیسلامی لە خانوویەکی نووساو بە حەرەمی مەککی لە کۆتایی سەدەی یەکەم بووە، لەو ئامرازانەی بۆ خۆشی بە کار دەهاتن تێیدا شەتڕەنجی تیادا بوو!

لەوبارەیەوە مێژوونووسی قورەیشی زوبەیری کوڕی بەرەکات (٢٥٦ک/٨٧٠ز) لە کتێبەکەی –جمهرة نسب قریش و أخبارها- دەڵێت: عبد الحکمی کوڕی عمری کوڕی عەبدوڵڵای کوڕی سەفوانی جەمەحی "ماڵێکی دانا تیایدا شەتڕەنج و نەرد و قیرقات (یاری تاوڵە) دەکرا، چەند دەفتەرێکی لێ بوو لە هەموو زانستەکانی لە خۆ گرتبوو، لە دیوارەکە جلهەڵواسی دانابوو، هەرکەسێک بهاتایا پۆشاکەکەی بە جلهەڵواسێکەوە دەکرد و دەفتەرێکی دەهێنا و دەیخوێندەوە یان هەندێک یاریی لەگەڵ هەندێکیان دەکرد!"

تەنانەت هەندێک لە پێشەوایانی شوێنکەوتووان ڕادەبەدەر شارەزا بوون لە شەتڕەنج تا ئەوەی یەکێکیان "بە ڕووی وەرگێڕدراوەوە یاريی دەکرد"، واتە پشتی دەکردە مێز و کێبڕکێکارەکەی لە کاتی یاریکردنیدا، دواتر فەرمانی دەدا بە جووڵاندنی پارچەیەک لەسەر بۆردەکە بێ ئەوەی سەیری بکات!

پێشەوای موحەدیس بەیهەقی (٤٥٨ک/١٠٦٧ز) ئەمەمان  لە –معرفة السنن و الآثار- بە سەنەدەوە بۆ ڕاڤە دەکات و دەڵێت: گوێم لە شافیعی بوو دەیوت: سەعیدی کوڕی جوبەیر (٩٥ک/٧١٤ز) یاریی شەتڕەنجی دەکرد و پشتی لە بۆردەکە بوو دەیوت: {چيی جووڵاند؟ دەیوت ئەوەی جووڵاند، ئەویش دەیوت: ئەوەیان بجووڵێنە.}!

شافیعی هەواڵی پێ داوین: محەمەدی کوڕی سیرین ( ١١٠ک/٧٢٩ز) و هیشامی کوڕی عروە (١٤٦ک/٧٦٣ز) بەبێ ئاوڕدانەوە یاریی شەتڕەنجیان دەکرد، لە شەغەبی (١٠٦ک/٧٢٥ز) گێڕامانەوە یاریی شەتڕەنجی دەکرد!"

دوای سەردەمی یەکەم؛ موسوڵمانان لە یاریکردنی شەتڕەنج قووڵ بوونەوە تا هەندێکیان وا لێی کارامە بوو نموونەی پێ دەهێنرایەوە، بەڵکو تەنانەت داهێنانی بنەڕەتی یارییەکەیان بۆ دەگەڕاندەوە! ئیبن خەلەکانی مێژوونووس لە –تەرجەمەکەی بۆ ئەبی بەکری سولی ئەدیب (٣٣٠ک/٩٤٢ز) دەڵێت: " ئەو کەسی بێوێنەی سەدەمی خۆی بوو لە یارییکردنی شەتڕەنج، لە سەردەمەکەیدا لە زانینیدا هاوشێوەی نەبوو! خەڵکی تا ئێستايش نموونەی پێ دێننەوە و بەو کەسەی ڕادەبەدەر بە باشی یاریی پێ دەکات دەڵێن: فڵان کەس وەک سوڵی یاریی شەتڕەنج دەکات! خەڵکێکی زۆرم دیت دەیانوت ئەو سوڵییەی باسی کرا شەتڕەنجی دامەزراندووە، ئەمەيش هەڵەیە!"

لەوانەی لێهاتوو بوون لە یاریکردنیدا پزیشکی ئەندەلووسی ئەبووبەکری کوڕی ئەبی حەسەنی زەهری ئیشبیلییە (م نزیکەی ٦٢٠ک/١٢٢٣ز)؛ ئیبنو ئەبی ئەسەیبیعە لە –عیون الأنباء- پیای هەڵداوە بەوەی "لە بنەمای کارەکانیدا شەتڕەنجی خۆشدەویست و زۆر یاریی پێ دەکرد، کارامەیی ئەو لە شەتڕەنج بڵاو بوو بە جۆرێک بەوە وەسف دەکرا، بۆیە  دەیانوت: ئەبووبەکری زوهری شەتڕەنجی!" خۆش ئەوە بوو ئەم نازناوە –کە پیشەگەرەکانی ئەم یارییە هزرییە زۆر حەزی لێ دەکەن- زوهری پێی تووڕە دەبوو، وازی لە شەتڕەنج هێنا و لە جیاتی ئەوە خەریکی فێربوونى پزیشکی بوو، بە خۆی وت: دەبێت واز لەمە بێنم و خۆم بە زانستی دیکەوە خەریک بکەم تا بەوە بناسرێم و ئەم وەسفی شەتڕەنجەیش نەمێنێت!"

تیپی ماڵان

لە زانایان هەبوو شەتڕەنجی بەردەست دەخست بۆ ئەوانەی دەهاتنە خانووەکەی لە فێرخوازانی زانست و هيی تر، ئەوانیش بە ئامادەبوونی لە کاتەکانی دەستبەتاڵی یارییان دەکرد؛ ئیبن ئەسیر لە –الکامل-ـدا دەگێڕێتەوە: فەخرەددین موبارەک شای کوڕی حەسەنی ئەلمەروەروزی (٦٠٢ک/١٢٠٥ز) "لە شیعری فارسی و عەرەبیدا لێهاتوو بوو، میوانخانەیەکی هەبوو کتێب و شەتڕەنجی تێدا بوو، زاناکان موتاڵەعەی کتێبەکانیان دەکرد، نەفامەکانیش یاریيان بە شەتڕەنج دەکرد!"

هاوشێوەی ئەو لەوە زانای پایەبەرز بەهائەددینی کوڕی نەحاسی حەلەبییە (٦٩٨ک/١٣٠٠ز)، ئیبن فەزڵوڵڵا عومەری (٧٤٩ک/١٣٤٨ز) لە –مسالك الأبصار- دەیگێڕێتەوە و وەسفی دەکات بەوەی: "شێخی عەرەبی بوو لە نیشتیمانی میسر، بەردەوام لە ماڵەکەی هاوڕێ و فێرخوازەکانی نانیان لای دەخوارد، کەسێک دەچووە لای و دەیبینی لێرە کۆمەڵێک خەڵک هەن یاریی شەتڕەنج دەکەن، لێرەيش خەڵک هەن موتاڵەعەی کتێب دەکەن، هەرکەسە و خەریکی بوارەکەی خۆیەتی و هیچیان بواری ئەوی دی بە هەڵە ناخاتەوە، بە ڕەزامەندی دەمایەوە تا کاتی سەرقاڵبوون بە دەرس، ئیتر ڕازی نەدەبوو!"

بەڵکو هەندێکیان لە تیپیگەلی کێبڕکێ یاريیان دەکرد، میواندارێتی یارییەکە لە ماڵی ئەندامەکانی بە سەرە بوو؛ لەوانە زانای پایەبەرز محەمەدی کوڕی محەمەدی کوڕی محەمەدی کەنانی سەموندی شافیعییە ( ٨٧٩ک/١٤٧٤ز)، پێشەوا سەخاوی (٩٠٢ک/١٤٩٧ز) لە -الضوء الامع- بۆمان دەگێڕێتەوە: ئەو لەو کەسانە بوو "لە سەر یاسای گەورە بەرپرسانی دەوڵەت دەچوو ئەویش ئاڵوودەبوونی شەتڕەنج بوو، بە جۆرێک کاتی هەبوو و لەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆژەکانیان دابەش دەکرد؛ لای فڵان کەس ئەو ڕۆژە و ڕۆژی دواتری لای ئەوی تر بەو شێوەیە!"

وا دیارە هاوەڵەکەمان سەمەنودی –سەرەڕای پێگەی زانستی و ئەرکیەکەی- لەو جۆرە کەسانە نەبوو ڕۆحی وەرزشيی هەبێت و بە یاساکانی یاریکردنی پاک پابەند بێت کە لای جاحیز باس کراون؛ بۆیە "بە زۆری لە کاتی یاریکردنیدا، وشەگەلی سنووربەزێنی لێوە دەردەچوو، لەو کاتەدا گەورە و بچووکی نەدەناسی، تا زیاتری بکردایە هاونشینەکانی بەهۆیەوە زیادیان دەکرد.

پێشبڕکێکانی شەتڕەنج لە دیاردەی بوونی هاندەران دوور نەبوو، سێبەری هاندەرەکانی لە خانەدانانی خەڵکەکە بوو بەبۆنەی دانانی وەک یارییەکی نوخبەیی.

لە پێشی هەموویانەوە خەلیفە و میرەکان دەهاتن: ئیبنو خەلەکان لە تەرجەمەکەی بۆ سوڵی -پێشتر باس کرا- دەگێڕێتەوە: چووە لای خەلیفەی عەباسی ئەلموکتەفی (٢٩٥ک/٩٠٨ز) " باسی دەرچوونی لە یاریی شەتڕەنج بۆ کرا، ماوەردی یاریزانی (شەتڕەنج) بوو، لای خەلیفە ئەلموکتەفی لە پێشتر بوو، دڵی بۆ خۆی ڕاکێشا بوو و سەری سووڕ مابوو لە یارییەکەی؛ کاتێک هەمووی بە ئامادەبوونی ئەلموکتەفی یاريیان کرد، ئەلموکتەفی بۆچوونی بۆ بردنەوە، هاندان و ئاگاداربوونی بۆ ماوەردی بوو، تا ئەوەی سوڵی سەرەتا سەرسام کرد، دوای ئەوەی یاریی لەنێوانیان دەستی پێ کرد و سوڵی پتەوی خۆی بۆ کۆ کردەوە؛ وا بردیەوە کە {لەگەلیدا} هیچ نەدەوترا، ئیتر باشیی یاریکردنی سوڵی لای ئەلموکتەفی دەرکەوت، ئیتر لە هاندان و سەرخستنی ماوەردی وازی هێنا!"

هونەرنمايی و گرەو

وەک پێشتر باسمان کرد هەر وەک چۆن لە پێشبڕکێی ئەسپسواری، حوشتر و تیرهاوێشتندا گرەوکردن لەنێو مسوڵماناندا بەربڵاو بوو؛ بە هەمان شێوە گرەوکردن لە پێشبڕکێی یارییەکانی تری وەک شەتڕەنج –سەرەڕای ئەوەی زاناکان قەدەغەیان کردبوو- هەبوو؛ هەر وەک ئەمە ئەبو حەسەنی ئەشەبوشتی (٣٨٨ک/٩٩٩ز) لە کتێبەکەی –'الدیارات'- دەگێڕێتەوە: ئەبولعەینائ (٢٨٣ک/٨٩٦ز) وتی: چوومە لای ئەبی ئەحمەد عوبەیدوڵڵای کوڕی تاهیر (٣٠٠ک/٩١٣ز) ڕۆژێکی گەرم بوو، کۆمەڵێک لای بوون یاریی شەتڕەنجیان دەکرد؛ وتی: ئەی باوکی عەبدوڵڵا حەزدەکەی لایەنگری کام لایەن بیت؟ وتم: لە لایەنەکەی ئەمیرم، چونکە ئەوەیان بەرزتر و چاکترە، دوایی دۆڕانمان! ئەبوو ئەحمەد وتی: ئەی باوکی عەبدوڵڵا دۆڕانمان و بەشی خۆت ١٠کم بەفرت بەرکەوت!"

شەتڕەنج شێوە و قەبارەی جیاوازی هەبوو؛ میژوونووس، ئەلمەسعوودی (٣٤٦ک/٩٥٧ز) لە -مروج الذهب- دەگێڕێتەوە: "شەتڕەنج (لای هیندییەکان) شێوە و وێنەگەلی هەبوو لە سەر وێنەی ئاژەڵی گۆیا و هيی تر. هەر پارچەیەکی شەتڕەنج وەک بستێک وایە لە چاو ئەوەدا، بەڵکو زیاتریش!"

لەوانەیە هەر ئەم شەتڕەنجە هندییە زلە ئیلهامی بە سوڵتانی ئۆزبەکی بەنێوبانگ تەیمورلەنگ (٩٠٧ک/١٤٠٥ز) دابێت بە دانانی شەتڕەنجێکی کەتە کە پێی جیادەکرایەوە؛ ئیبن تەغەری بەرەدی لە –المنهل الصافي- دەگێڕێتەوە: "ئەو بە یاریی شەتڕەنجەوە نووسابوو، دواتر حەزی بەو شەتڕەنجە بچووکەی نێو خەڵکی نەما، ئیتر هەر بە شەتڕەنجی گەورە یاریی دەکرد، بۆردەکەی دە بە یازدە بوو، پارچەکانیشی لە پارچە بچووکەکان بە چەندین شت گەورەتر بوو!"

هەروەها خەڵکی هونەرنماییان لە چەندین جۆری یاریدا کرد –بێجگە لەوەی ڕوونمانکردەوە- تا ئەم سەردەمەيشمان ماوە، {حواة} مارزانیان هابوو شارەزابوو لە یاریکردن بە مارەکان بۆ دڵخۆشکردنی خەڵکی لە بەرانبەر چەند درهەمێک پێیان دەدا، کچەزای ئیبن جەوزی لە –مرآة الزمان- دەگێڕێتەوە: " حافیز ئەبوو محەمەدی کوڕی حاتەمی رازی ( ٣٢٧ک/٩٤١ز) وتی: لەگەڵ باوکم هاتینە شام، چووینە شارێکەوە دیتمان پیاوێک مارێکی بە دەستەوە گرتبوو یاریی پێ دەکرد و دەیوت: کێ درهەمێکم وێ دەدا یاریی پێ بکەم؟ ئاوڕم دایەوە بۆ بابم و وتی: پارەکانت بپارێزە کوڕم، چون لە پێناویدا مارەکان قووت دەدرێن، کاتێک مەقریزی (٨٤٥ک/١٤٤١ز) لە –المواعظ والاعتبار- گۆڕەپانی "رحبة باب الوق" لە قاهیرە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: سەرتۆپی یاری و پیشەکانی تیایدا کۆ دەبێتەوە، وەک جادووگەر، مارزان و المخایلین (تاڵەگر).

لە یارییە بڵاوەکان ڕاوکردنی کۆتر و جۆرەکانی باڵندە بوو، تەنانەت هەندێک لە خەلیفە و خانەدانەکان دەناسران بە هۆگريیان بەوەوە، بۆ نموونە خەلیفەی ئەمەوی وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک (٩٦ک/٧١٥ز) کە "شەیدای خۆشەویستی کۆتر بوو و یاریی پێ دەکرد" بەپێی گێڕانەوەی کچەزای ئیبن جەوزی.

هەروەها خەلیفەی عەباسی ئەلموستەکفی بيللا (٣٣٤ک/٩٤٦ز) کە ئەبوو حەسەنی هەمەدانی (٥٢١ک/١١٢٧ز) لە –تکملة تاریخ الطبري- هەواڵمان پێ دەدا "پێش خیلافەت یاریی بە باڵندەکان دەکرد، گوێزی بۆ فڕێ دەدان و دەردەچوو بۆ باخەکان بۆ خۆشی و یاریکردن."

پەراوێزەکان

[1] لە کوردستانى خۆمان -شانزە ڕسکان-ـی پێ دەڵێن.

[2] کۆکراوەی قەڵغانە: پێستێکی ئەستوور بوو.

تاگەکان    
نائومێدی مێژوو زمان چەواشەکاریی_لۆژیکی ئایا سۆفیا چەواشەکاریی لۆژیکی بوومەلەرزە ژن یاسا قودس یادەوەری دوعا دیمانە یاری فەلسەفەی ئەخلاق
ئەدەب
2022-03-28 کۆمێنت 35 خولەک بۆ خوێندنەوە 2569 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی