پەیوەندیی جەستە و ڕۆح؛ دەربارەی جووڵە و چالاکیی زانکۆ

نووسینی: بێستوون عەبدولکەریم
فیکر 2022-03-05 کۆمێنت 1223 جار بینراوە

هەموو دەزگایەک ناوەڕۆک و فۆرم (ناخ و شکڵ)ی هەیە، شکڵ دیوەکەی تری ناخە، ناوەڕۆک لە ڕێگەی شکڵەوە خۆی وێنا دەکات، ناوەڕۆک مانا دەداتە شکڵ، شکڵ خۆی هیچ نییە جگە لە تەجەللابوونی ناواخن و، فۆرم گیراوەی ڕۆحی شتەکەیە. لە ڕاستیدا کاتێک کە بزوێنەری سەرەکیی زانکۆ کە بریتییە لە فێرکاریی واتادار، خوێندنی بەرهەمدار، گفتوگۆی عەقڵانی و توێژینەوەی زانستی کە ڕۆحی زانکۆ پێک دەهێنن، بە هەند وەرناگریت و زەبوونی دەکەیت، نیشانەی ئەوەیە کە تۆ ڕۆحت پشتگوێ خستووە و مژۆڵی جەستەیت. جەستە گرنگە بەڵام ڕۆح پیرۆزتر و مەزنترە. بە وتەی مەولانا؛ ئەی مرۆڤ تۆ هەر ئەوەی کە بیر دەکەیتەوە، ئەوەی تر ئێسک و پرووسکە.  ئەگەر ڕۆح زیندوو و چالاک بێت، خۆڕسکانە دەرهاویشتەکانی دەبینین و دەدرەوشێتەوە بەبێ ئەوەی تێچووی هەبێت، خۆی شەرحی حاڵی خۆی دەکات، هەموو پانتاییەکان بۆ ئەو مینبەر و سەکۆیە و لەوێوە وەک مەلەک تاوس خۆی دەکاتەوە. ڕۆحێکی ژاکا و داڕزیو توانای ئەوەی نییە هەموو برینەکانی ڕۆحت بشارێتەوە. تۆ هەتا زیاتر لەناوەوە بریندار بیت پێویستت بە نمایشی زیاتر هەیە. جەستەی زانکۆ ئەوە پیشان دەدات کە لە ڕۆحیدا هەیە.

چی لە هەناوتدا، بێت ئەوە دەردەدەات.

سەرەتا بۆ ئەوەی شتەکان بناسین، دەبێت ئاگاییمان هەبێت، پرسیارەکانمان وەها دابڕێژین، چی بکەین و چی نەکەین؟ ئەگەر ئەو شتە بکرێت چی دەبێت و ئەگەر نەکرێت چی ڕوو دەدات؟ خودی دیاردەیەکە چییە؟ سوودی چییە؟ لە چ کاتێکدا دەکرێت؟ کێ دەیکات؟ چۆن دەکرێت و بۆچی دەکرێت؟ ڕەهەندەکانی کامانەن؟ ئەو کارەی دەیکەین دەبێت بەرهەمی زەروورەت و پێویستیی زانستی بێت و ئامانجەکە پەرەپێدانی گەنجینەی زانستی و ڕووناکبیری بێت. وەک دەوترێت، پێویستی دایکی داهێنانە.

 چالاکی نابێت لەپێناو چالاکیدا بێت، گفتوگۆ نابێت هەر بۆ گفتوگۆ بێت، دەبێت جووڵەکان ئاسۆی تازە بکەنەوە، گرێکان ئاوەڵا بکەن و دەرئەنجام بەدەستەوە بدەن. بتەوێت زانکۆکە ببەستیتەوە بە بازاڕی کار و سەرمایە و فەزای گشتییەوە، یان کارێکی وەها بکەیت زانکۆ بەرپرسیار بێت بەرانبەر بە کێشە و قەیرانەکان و، ئاگاداری دونیای دەرەوەی خۆی بێت، یان مەبەستت ئەوە بێت زانکۆکەت بکەیتە بەشێک لە نەخشەی زانستیی جیهانی، پێوستت بە خەیاڵدان و پرۆژەی زانستیی گەورە هەیە، بیری ڕەخنەیی و ئەندێشەی داهێنەرانە دەتوانێت ڕووبەڕووی دۆحی باو ببێتەوە و دژایەتیی فەزای زاڵ و چەقبەستوو بکات.

لە چالاکییە جیاوزاەکانی زانکۆدا، دونیابینی و ئاگایی و گریمانەی پێشوەختە نییە و زۆر هەمەڕەکی و بێسەروبەر دەکرێت، بۆیە دەبینین بەشێکی زۆری توێژینەوەی زانستی، کۆنفرانسی زانستی، وتووێژ و کۆڕ و سیمیناری زانستی، بەردێک ناخنە سەر بەردێک و هیچی لێ سەوز نابێت و زۆری دەبێتە کاتکوشتن، گرفتەکە ئەوەیە نازانین بۆ ئەم کارە دەکەین. فەلسەفەیەکی لەخۆ نەگرتووە، جووڵەکان بێکەڵکن، دیاردەیەک ناناسێنێت، وەڵامی پرسیارێک ناداتەوە، نەخۆشییەک دیاری ناکات، کێشەیەک چارەسەر ناکات، ڤایرۆسێک نادۆزێتەوە و بابەتێک ڕوون ناکاتەوە، کەچی سەیر لەوەدایە هەر دەکرێت و هەر دەکرێت.

لە ڕێگەی ئەو پرسیارانەوە دەگەینە ئاستێک لە قووڵی و، لە ڕووکەش دوور دەکەوینەوە. هەموو کارێک ڕستێک پرسیاری مەعریفەناسانەی پێویستە بۆ ئەوەی مانا پەیدا بکات و بە بایەخەوە لێی بڕوانین. نابێت چالاکییەکان ڕووکەشی بن و سیمای نمایشکارانە لەخۆ بگرن و نییەتی حەقیقییان لە پشتەوە نەبیت. بەشێکی بەرچاوی کارەکان لە شانۆگەری دەچن و قووڵی و شووناسیان نییە و هەر بۆ ئەوەیە بگوترێت و ببینرێت کە شتیک کراوە، بەڵام خۆی لە حەقیقەتدا هیچ ڕووی نەداوە. دەبێت ڕەخنەی ئەم جۆرە لە جووڵە بکەین و بە شتێکی ساختە و چەواشەکارانەی بزانین و بە دوای فۆرمێکی نوێی چالاکیدا بگەڕێین کە مانابەخش و کاریگەر بێت. ئێستا ئەو جۆرە لە چالاکیی ساختە لە هەموو شوێنەکاندا ئامادەگیی هەیە و نەوەستاوە. دەبێت سەری پان بکەیتەوە و بنەبڕی بکەیت. ئەوکات جێگرەوە حەقیقییەکە کە ڕەسەن و جددی و قووڵە بەدیار دەکەوێت.

 چاو بخەنە سەر ئەو هەموو برین و نەخۆشییەی کە بەرۆکی جەستەی خۆتانی گرتووە، ئەوە سەرەتای هەستانەوەیە. ئەمەی ئێوە دەستان داوەتێ هەڵهاتنە لە خود، نەفرەتلەخۆکردن و خۆونکردنە. لە خۆتان ڕابمێنن. تۆ هەر ئەوەی کە دەبینرێیت.

تاگەکان    
بووژانەوە مۆدێرنیتە نەتەوایەتی کورد سەرفیترە کۆرۆنا مردن حزبی ئیسلامی وەرزش زمان یاسا شەهید ڕەخنە گێڕانەوە تەوبە
فیکر
2022-03-05 کۆمێنت 1223 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی