شەڕ کاولکاری و بەڵا بەدووی خۆیدا دەهێنێت

نووسینی: قانع خورشید
فیکر 2022-02-26 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 1541 جار بینراوە

شەڕ شەڕە ئیتر، بە ناوەكەیدا دیارە چ كاولی و بەڵا و ناخۆشییەک بەدووی خۆیدا دەهێنێت... شەڕە و لەپڕ هەڵدەگیرسێت و ملیۆنان كەسی تێدا دەبنە قوربانی و سەدان هەزار ماڵ و ئاوەدانیی كە بە دەیان و سەدان ساڵ نراونەتە یەكەوە تەخت و خاپوور دەبن. مرۆڤە و تێنوێتییەكی نەبڕاوە بۆ كوشتن و كاولكاری.

وا نازانم بە بینینی ڕوخساری هەڵبڕوسكاوی دایكێک و فرمێسكی لاچاوی منداڵێكی ساوا و ڕەنگی پەڕیوی ڕوومەتی ناسكی كیژۆڵەیەک و تەوێڵی پڕ لە چرچیی نیگەرانیی باوكێک و چاوی پڕ لە ترسی مەرگ و كوژرانی سەربازێكی بەزۆر بۆ سەنگەر براو و ... هیچ كەسێكی ئاسایی دڵی خۆش بێت و لە ناخەوە ڕانەچڵەكێت و دڵتەنگ نەبێت.

هەر تاكێكی بەر جەنگ دەكەوێت، حیكایەتێكی بێكۆتای هەیە، حیكایەتێكی پڕ لە خورپە و تاسە و دڵەڕاوكێ... لە ئاماری جەنگەكاندا تەنیا باسی ژمارەی كوژراو و بریندارەكان دەكرێت، كەس نازانێت و پەی بەوە نابات هەر كوژراوێک چ ئازار و نەهامەتییەكی بۆ چەند كەسی دوای خۆی جێ هێشتووە. كەسێ نییە پێمان بڵێت ئەوی چاو و دەست و قاچی لە جەنگدا لە دەست دەدات، دواتر ژیان و دنیابینی و میزاج و هەستی چۆن دەشێوێن و بەو هۆیەیشەوە ژیان و گوزەران و خەندە و بەختەوەریی چەند كەسی تر وەها تێكدەچن، هەرگیز نایەنەوە باری پێشوو. كەسێ نییە ژمارەی ئەو دڵۆپە فرمێسک و عارەقە و خوێنەمان بۆ حسێب بكات كە لە یەک شەو و ڕۆژدا دەڕژێن، ئاماری وردی دڵەكوتە و هەناسەبڕكێكانمان پێ بدات. مرۆڤ و ڕووح و هەست و خولیاكانی لە جەنگدا دەگۆڕێنە ژمارەیەک و هیچی تر. ژمارەیەكی خاڵی لە گشت سۆز و ترس و هیوایەک... سەد كەس كوژران، دوو سەدی دی بریندار بوون، دە هەزار ماڵی خۆیان بەجێ هێشت و دەشتیان دا لەبەر!

هەموو ئەمانە بۆ كەسێک کە دڵی زیندوو بێت و پەردەی دەمارگری بەرچاوی نەگرتبێت، ڕوون و دیارە. بەڵام ڕاستییەكی تر هەیە و دەبێت بیزانین، جەنگ بەشێكی دانەبڕاوی سیستەمی زەوییە و بێ جەنگ و بەریەككەوتن درێژەدان بە ژیان نیوچەمەحاڵە. ئێمە كە سەیری دیمەنی ڕاوكردنی ئاسكێک لەلایەن پڵنگێكەوە دەكەین، هەموومان دەبینە لایەنگری ئاسكەكە و دەستەودوعا ڕادەوەستین كە ئاسكی ناسک قوتاری بێت، كەممان بیر لەوە دەكەینەوە گە ئەو پڵنگە لە هەموو ڕاوكردنەكانی شكست بێنێت، لە برساندا بەزەبوونی دەمرێت، دڵنیام دیمەنی گیاندەرچوونی پڵنگەكەیش ئازاری دڵمان دەدات.

گەردوون و زەوی بە سۆزی سادە بەڕێوە ناچن، ژیان یاسای بەسەراسەپاوی خۆی و خولێكی بازنەیی تەواوكاریی هەیە. خوای گەورە لە سوورەتی ئەلبەقەرەدا، پاش باسكردنی جەنگی سوپای تالووت و جالووت و كوژرانی جالووت لەلایەن داوودەوە، دەفەرموێت: ﴿وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُم بِبَعْضٍ لَّفَسَدَتِ الْأَرْضُ وَلَٰكِنَّ اللَّهَ ذُو فَضْلٍ عَلَى الْعَالَمِينَ (251)﴾. جەنگ و بەریەككەوتن، ئەگەرچی بۆ ماوەی كاتی و نزیكمەودا خراپە و بۆ زۆر ماڵ و كەس نەهامەتییە، وەلێ لە تابلۆ گشتییەكەدا زەوی لە بێكەڵكبوون دەپارێزێت و فەزڵی خوایە بەسەر كۆی مرۆڤایەتییەوە و دەبێتە هۆی ژیانەوەی هەسارەكەمان!

لەوەتی دنیا هەیە و مرۆڤ خولقاوە جەنگ و كوشتاریش هەبوونە و هەر بەردەوامیش دەبن، ڕۆژاوا چەقی زۆربەی شەڕە خوێناوییە سامناكەكان بووە، خۆ ئەگەر لە شوێنێكی تریش بووبێت بە سیخوڕمە و فیتوفاتی سەرانی ئەو وێرانەیە بووە. چەند دەیەیەكە، تەنیا چل - پەنجا ساڵێكە وازیان لە خوێنڕشتنی گەورەی ناوخۆیان هێناوە و ئاژاوە و كوشتنەكانیان بۆ وڵاتانی بەشمەینەتی ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گواستووەتە، كەچی خۆیان لێ بووەتە فریشتەی ئاشتی و پەپوولەی باڵنەخشین و دوو تەقەی ڕۆژهەڵاتی و بەتایبەت موسڵمانێک بە قەد زنجیرە شاخێک گەورە دەكەن و هەڵا و هوریای دنیای لەسەر دەنێنەوە و دەیكەنە مەزنترین بەڵگەی دڕندەیی و توندڕەوی و نامرۆڤبوون، لە حاڵێكدا هەموو ئەو شەڕانەی لای خۆیشمان گەر بە فیتی خۆیان نەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە بە چەكی ئەوان بەڕێوە دەچێت!

هەردوو جەنگی جیهانی كە زیاتر لە سەد ملیۆن مرۆڤیان تێدا بوونە قوربانی بەرهەمی دەستی ئەو مرۆڤە باڵا و پاكە سپیپێست و چاوشینانە بوو وا خۆیان پێ لە ئێمەومانان بانتر و جیاوازترە... ئەوەی لەم جەنگەی ڕووسیا و ئۆكرایناوە دەردەكەوێت، جارێكی تر دیارییەكی تری ڕەش و پیسی سامناكتریان بۆ مرۆڤایەتی لە هەگبەدایە. خوا بكات هەم خۆیان و هەم ئادەمیزادە گزگل و بەزیوەكانی لای خۆمان هێندە شعوور و شەرمیان هەبێت جارێكی تر پەنجەی خوێناوییان بۆ موسڵمانان درێژ نەكەن و خەجاڵەتی بكێشن گەر بێژن ئەوانە شەڕانی و مرۆڤكوژن. ئەوان هێندە لووتبەرز و خۆپەسەندن، جەنگ و كاولكارییەكانیشیان وەک پاڵەوانێتی و ئازایەتی بە دنیا دەفرۆشنەوە، كەچی خەباتی ڕەوا و دلێرانەی نەیارە باوەڕدارەكانیان هێمای دڕندەیی و نەفامی و كێوێتییە.

لە خوام داوایە ئەم جەنگە سەری زۆرداران و ملهوڕان و داگیركەران و پێش هەموویشیان قەوارەی زایۆنی بخوات و كەمترین زیانی بۆ داماوان و بێگوناهان هەبێت. هەموو جەنگێک ژینگەیەک بۆ بەخۆداچوونەوە و ڕامان دەخولقێنێت و ژیر كەسێكە لێی بفكرێت و بەدیاریەوە دانیشێت و وانەی گرنگی لێوە بۆ خۆی و چواردەوری هەڵنجنێت.

تاگەکان    
ئەیاد قنێبی ئایا سۆفیا دوعا ڕەزا بابایی دیزاینی زیرەک دیمانە تەلارسازی عیرفان مۆدێرنیتە باران شیرک موناجات نوێژ فیکر نەتەوایەتی
فیکر
2022-02-26 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 1541 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی