بگەڕێ، دەیدۆزیتەوە!

نووسینی: ئاکار خەلیل
فیکر 2022-02-21 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 1084 جار بینراوە
بە حوكمی ئەوەی سەرەتای لاوێتیمە، نزیکەی سێ بۆ چوار ساڵە کتێب بەگشتی و كتێبی ئایینی بەتایبەتی دەخوێنمەوە، بەڵام لەم کۆتاییانەدا بە پێشەوا محەمەدی كوڕی ئیدریس (شافعی) ئاشنا بووم. شافعی نوێكەرەوەی دینە، هەم بە قسەکانی و هەم بە شیعرە جوانەکانی زۆر شتی لە بیر و تێگەیشتنم گۆڕی. هەر ئەمەیش قەناعەتێكی تازەی لا دروست كردم.

بە بڕوای من مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆشبەخت بێت دەبێت بەدوای ڕاستییەکانی ژیان و ڕاستییەكانی گەردووندا بگەڕێت، هەرچەندە ڕیشەی هەموو ڕاستییەکان لە قورئانی پیرۆزدا باس کراوە، بەڵام ئێمە تا ئەزموونیان نەكەین وەک پێویست لێیان ناگەین. من بڕوام وایە عیشقی نێوان دوو ڕەگەز بۆ هەموو قۆناغێک شیاو نییە و دڵنیام بۆ هەندێ قۆناغی تەمەن شتێكی پووچە. بەڵام لەگەڵ ئەوەدام مرۆڤ لە هەر تەمەنێكدا بێت باش و بەسوودە بۆی عاشقی کتێب بێت. ئاخر بیر بکەرەوە خوای گەورە کۆتا پەیامی خۆی بۆ پیرۆزترینی دروستكراوان بە کتێب دابەزاندووە، ئەمە خۆی ئاماژەیەكی ڕوونە کە کتێب گرینگییەكی زۆری بۆ مرۆڤ هەیە. مرۆڤ ئەو دەمەی بەڕاستی شەیدای خوێندنەوە دەبێت. ئەوکات ژیری لە کردەوە و قسەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. لە کاتی نووسینی ئەم قسانەدا پرسیارێكی دوولقیم بە مێشکمدا هات: «کێ پێویستە بخوێنێتەوە؟ ئەی پێویستە چی بخوێنێتەوە؟»

ڕاستییەکەی نازانم دەبێت کێ بخوێنێتەوە! بەڵام تۆ لەوە دڵنیا بە خۆت ئەو کەسەیت پێویستە هەموو ڕۆژێک بخوێنیتەوە، پێویستە خوێندنەوە بکەیت بە شتێک وەکو ئاو و خواردن بێت و لێی دانەبڕێیت، دوو ڕۆژت بەسەردا تێنەپەڕێت بێ ئەوەی شتێكی بەسوودت خوێندبێتەوە.

بۆ وەڵامی لقی دووەمی پرسیارەكەیش، دیارە كە قورسە من وەڵام بدەمەوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە دەبێت سەرەتا بەکورتی ئاشنای زۆرێک لە زانستەکان بین، دەكرێت بەشێكیان -وەکو کیمیا، فیزیا، زیندەزانی- لە قوتابخانە بخوێنرێن، هەندێكیشیان لە دەرەوە. کاتێک بەکورتی ئاشنای زۆرێک لە زانستەکان بووین، ئەوکات ئەوە هەڵدەبژێرین کە لەگەڵ ژیانماندا دەگونجێت و هەست دەکەین بۆ ئەوە دروست کراوین. ئەوی ڕاستی بێت هێشتا خۆیشم گۆشەی خۆمم نەدۆزیوەتەوە، بەڵام بۆی دەگەڕێم و خەریکە دەیدۆزمەوە!

مرۆڤ بۆ خۆشبەختی پێویستی بە گەڕانە. هەر خوێندەوەیشە لە کاتێکدا لە جێی خۆتدایت، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و لە جیهانێكەوە بۆ جیهانێکی تر دەتبات و دەتگەڕێنێت.

بگەڕێ، دڵنیا بە دەیدۆزیتەوە!
تاگەکان    
فیلم جوانی خێوەتگە ئایین چیرۆک فەلسەفەی ئەخلاق زانست بوومەلەرزە کونە ڕەشەکان ئەیاد قنێبی شەڕ ڕانانی کتێبب تەلارسازی مردن نوێژ
فیکر
2022-02-21 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 1084 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی