ڕووکەشبینی یا قەبووڵکردنی ژیان؟

نووسینی: سەرمەد ئەمیر
ئەدەب 2022-02-04 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 1395 جار بینراوە
هەرچەند ئاسمان هەور و تاریکە و
ڕۆژگاریش دڵڕەق،
بەڵام دڵنیام،
ڕۆژ لە پشتی هەورەکانەوە هەڵ دێت و
ئاواتەکانی منداڵیمان دێنە دی.

ئەو قسانەم بۆ هاوڕێیەک خوێندەوە، ئەویش پێی وتم: دنیا خۆی فرە خۆش نییە، تۆیش ڕەشبین مەبە، شتی ئاوا گەشبینانە بنووسە. پێم وت: من هەمیشە گەشبینم. وام وت و بێدەنگ بووم، تاوێک وەستا و سەیری کردم تا قسەیەکی تر بڵێم، بەڵام نەموت. بیرم کردەوە، هەر بەڕاستی گەشبینم؟ ڕاستییەکەی، زۆر کات وا هەست دەکەم کەسێکی گەشبین بم، بەڵام ئێستا کە وام وت، لە وتنی ئەو قسەیە پەشیمان بوومەوە، چونکە نامەوێ نە بۆ خۆم، نە بۆ کەسێکی تری بسەلمێنم من گەشبینم، ئەمەوێ گەشبینی هەستێکی قووڵ بێت لە قووڵایی ناخمدا و قەت ناوی نەهێنم. بەڵام لە ڕەفتار و قسەکردنم لە بارەی دنیا و ئیشوکارەوە ڕەنگ بداتەوە. چونکە گەشبینی هاوشێوەی خۆشەویستی، کە لە ناخ و دڵێکدا هەڵقوڵان، خۆیان دەدوێن، دێنە قسە و گەز گەز باڵا دەکەن، پەل دەهاون و ڕەگ دادەکوتن، دەبنە کانیاو، ڕووح و دڵ تێرئاو دەکەن، وەک یەکەم نمەبارانی وەرزی پاییز بەسەر ڕۆحدا دەبارن و ڕوخسار دەگەشێننەوە. هەر بۆیە جیا لە هەموو شتێکی تر، گەشبینی و خۆشەویستی، پێویستیان بە سەلماندن نییە، بەڵکە خۆکردانە لە قسە و ڕەفتاردا ڕەنگ دەدەنەوە و تێکەڵ بە هەست و پێوەندییەکان دەبن. وەک چۆن خۆشەویستی لە چاواندا دەخوێندرێتەوە، ئاوایش گەشبینی لە ڕوخسار و قسە و کرداردا دەبینرێت. دەستەخوشکی گەشبینی و خۆشەویستی، لە هەر دڵێکدا لانە بکەن، زیندوو دەیهێڵنەوە و دەیکەن بە چاوەی جوانی.

دڵێک ئەوینی تیا شین نەبووبێتەوە مردووە، بە هەمان شێوە، ناخێک گەشبینیی تێیدا چەکەرەی نەکردبێت، پووکاوە. ڕەنگ بێت نەتوانین یان قورس بێت لە ناخماندا گەشبینی بدۆزینەوە، بەڵام بە هۆی ئەوینی کەسێکی ترەوە بتوانین چنگمان لە کراسی گەشبینی گیر ببێت، لەپێناو ئازیزێکدا کە ڕەنگ بێت ئەندامانی خێزان، یا هاوڕێیەک، یانیش دلبەرێک بێت، کە قەدریانمان لا گرانە، گەشبینی ڕوو لە ماڵی دڵمان بکات. قەدرگرتنی ئەو شتانەی هەمانن، هەرچەندە کەمیش بن، دەرگایەکە تا گەشبینی لێیەوە بێتە ماڵی دڵمان.

چەند وا بزانین بارودۆخمان بە تایبەت خراپە و هاوشێوەمان کەمە، هەمیشە یا دەگمەن نەبێت ڕاستیمان نەپێکاوە، چون ئەگەر بە وردی بڕوانین، دەبینین ژیانمان پڕە لە جوانی و بەخشش. بوونی خێزان، هاوڕێ، کار، لەشساغی، بینینی سروشت و ئاسمان، هەموو ئەمانە بەخششێلێکن مایەی گەشبینین. زۆرینەی جار ئەوانەی خۆیان بە بەدبەخترینی کەسەکان دەزانن و پێیان وایە خەمیان قووڵە و برینیان بەسوێیە، تەنها ئەوەیە ژانێکی قووڵیان نەدیوە و بە ئازارێکی قورسەوە نەتلاونەتەوە. دەبینیت، ماڵیان لە خوشک و برا و کەسوکار جەنجاڵە و هاوڕێیشیان زۆرن، لە ڕووی ماددیشەوە کەمیان نییە، بەڵام سەرباری ئەوە، کە باسی گەشبینییان لا بکەیت، وا دەزانن ئەوان لە بنی ئازارەوە سەیرت دەکەن و دەنگت پێیان ناگات. کەسانی هاوشێوەی ئەمانە، سەریان لە خۆیان تێک داوە و لە قەدرگرتنیان کەمە، وایش هەست دەکەن گەر بەو شێوە دەربکەون، جوانتر دێنە بەرچاو، یان هەندێ جار ڕوو دەدات کەسێک تەنها لەبەر ئەوەی تێگەییشتوو دەربکەوت، خۆی خەمگین دەکات و باسی ناخۆشییەکانی ژیان دەکات، وردە وردە باوەڕ بە خۆی دەکات و دنیا لە خۆی دەهێنێتە یەک و دەبێتە ژانەسەر بۆ کەسوکاری.

لای زۆرێک وای لێ هاتووە، باسکردنی گەشبینی، ڕووکەشبینی بێت، هەمیشە ئەم زۆرەیش، لەوانەن کە باسمان کردن.

دەکرێت پێناسەی گەشبینی بەو شێوەیە بکەین: (قەدرگرتنی ئەو شتانەن کە هەیمانن.) گەشبینی، جۆرێکە لە دانبەخۆداگرتن و بەهێزی. جوانترینی کەسەکان ئەوانەن ئازاریان قووڵە و گەشبینی لە ڕوخسار و قسەیاندا دەبینرێت. کاتێک کەسێک دەبینیت نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەیە، یا کەسێکی نزیکی لەدەست داوە، یاخود بارودۆخێکی ناخۆشی بەسەردا هاتووە و گەشبینە، ڕازێک لە جوانیی تێدا دەبینیت، بێ ئەوەی بزانیت، دەبێتە ورە و هیوا دەخزێتە ناختەوە. ئەم جۆرە کەسانە، گەر باسی خەمیش بکەن هەر جوانن، چونکە چەشتوویانە، ئەگەریش جوانی و گەشبینی لە قسەیانەوە ببینرێت، دەبنە سەرچاوەیەکی جوانی و ئومێد بۆ خۆیان و دەوروبەریان.

مرۆڤ دەبێت لەپێناو ئەوانەی لە نزیکین و خۆشیانی دەوێت، جوانبین بێت. خۆ ئەگەر هەر وای دانا کەسی وەهای نییە، ئەوا لەپێناو خۆیدا، چونکە خۆیشمان حەقمان بەسەر خۆمانەوە هەیە و نابێت ئەوەندە بەرەو تاریکیی ببەین تا ژیان لە خۆمان تاڵ بکەین و ببینە بار بەسەر ئەوانی تریشەوە.

بەڵام لەوە دڵنیام، سەرباری هەر بارودۆخێک، ئەگەر بێتو بە جوانی سەیری دەوروبەری خۆمان بکەین، دەبینین زۆر شتمان هەن، مایەی گەشبینی و دڵخۆشین.

خودایە، هەمیشە ڕێی جوانیمان پێشان بدە و لە ڕاستەڕێ ون نەبین.
تاگەکان    
گەڕان نائومێدی جنۆکە ئازادی سیاسەت کۆیلایەتی زمان فەرهەنگ کوردستان مانا کۆرۆرنا كتێب کۆرۆنا زانایان دوعا
ئەدەب
2022-02-04 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 1395 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی