هەواڵەکانی ژیانمان تەنیا ئیزافەیەک نین، بەڵکو گۆڕانی گەورەن

نووسینی: سومەیە قانع
ئەدەب 2022-01-11 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 922 جار بینراوە
هەموو هەواڵێکی نەوعی کە زیاد دەکرێت بۆ هەر سیستەمێک، ئەوە تەنیا ئیزافەیەک نەبووە بۆ ئەو سیستەمە، بەڵکو تەحویلێک بووە لەو سیستەمەدا ڕوویداوە. بۆ نموونە لە یاریی شەتڕەنجدا کاتێک یەکێک لە دانەکانی شەتڕەنجەکە دەجووڵێنیت، تەنیا دانەیەکت نەجووڵاندووە، بەڵکو خودی سیستەکەمەت بە کاملی گۆڕیوە. هەر ئەمەیش تیۆریای ( قبض و بسط)ە لای دکتۆر عەبدولکەریم سرووش، ئەم تیۆریایە لەسەر شەریعەتناسییە، شەریعەت چییە؟ مەعریفەی ئایینی چییه؟ ئەو باوەڕی وایە ئەو مەعریفانەی لەسەردەمی نوێدا دروستبوونە هاتوونەتە پاڵ مەعریفەی ئایینی تەنیا زیادکردنێک نین بۆ ئەو مەعریفانە وەکو خەڵکی ئاسایی وا لێی تێدەگەن! من کەسێکی ئایینیم و قەیدی چییە با ئەو زانییارییەیش بزانم! تەنیا هەر ئەوە نییە بیزانین بەڵکو ئەو هەواڵە نەوعیە کە دێتە ناو منەوە هەموو منی گۆڕیوە! تۆ واداینێ دەچیتە ژوورێکەوە پڕە لە و هەموومان دانیشتووین، کەسێک دێت یەکێک دەجووڵێنێت و ئەویش کەسێکی تر دەجووڵێنێت، کەواتە تەنیا یەک کەس نەجووڵاوە، بەڵکو هەموو سیستەمەکە بەیەکەوە دەجووڵێنێت.

   ئەو هەواڵە نەوعییانەی دێنە ناو مرۆڤەوە تەنیا زیادکردنێک نین بۆ مرۆڤەکان، تەنیا زیادکردنێک نین بۆ ناو مرۆڤەکان و نەفس و ڕووحیان، بەڵکو تەحویل لە هەموو مرۆڤەکە دروست دەکەن، هەمووی دەگۆڕن! هەواڵێک بە کەسێک گەیشتووە، بۆ نموونە، مەولانای ڕومی بە بینینی شەمسی تەبرێزی کابرایەکی سووری کەتەی باڵابەرزی شەست ساڵ دەبینێت بە سواری هێسترێکەوە بەرەو ڕووی دێت، مەولانا گەنج بووە ئەوکاتە، ئەمیش بیستوویەتی ئەمە گەنجێکی زیرەکە، فەقێ بووە، مەلا بووە، موفتی بووە... لەناو قوتابییەکاندا دەڕوات سەیر دەکات کابرایەکی سوور دێت بەرەو ڕووی، پرسیارێکی لێ دەکات،  پرسیارەکە تەقلیدییە و لە زۆرێک لە کتێبەکاندا باس کراوە، دەڵێت: «ئایا نبووەت گرنگترە یان ویلایەت؟» پرسیارێکی زۆر تەقلیدییە، ئەویش بێگومان فەقیهانە وەڵامی دەداتەوە. دوای ئەوە شەمسی تەبریزی یەخەی دەگرێت و زانیارییەکەی بۆ دەگۆڕێت. ئەم زانیارییە بچووکەی مەولانا وەریدەگرێت، ئیتر مەولانا دەکات بە کەسێکی تر! ئەو سیستەمەی پێشووی دەگۆڕێت و هیچی نامێنێت، واز لە مەدرەسە دێنێت، واز لە فەتوا دێنێت، وای لێ دێت شانزە ساڵ هەرچی دەڵێت هەمووی دەبێت بە شیعر!

   لەبەر ئەمە هاتنی هەواڵە نوێیەکان تەنها هەواڵ نین، چونکە مرۆڤ سیستەمێکی کامڵە، هەر هەواڵێکی نوێ دێت، بەدڵنیاییەوە دەبێت گۆڕانێکی بەسەردا بێت.


جیاوازین و بەیەک دەچین!
ئەندامەکانی جەستەی هیچ کەسێکمان بەیەکتر ناکەن! وجوود هەمووی جۆراوجۆرە، لە نێوانیاندا جیاوازی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەر یەک شتە! ڕێسای (کثرت و وحدت) کە قومشەیی لە هەموو کتێبەکانیدا پشتی پێ بەستووە بە واتای ئەوە دێت: ئەو جۆراوجۆرییەی کە دەیبینین تەنها یەک شتە، هەمەجۆر نییە!

   دەتوانم بڵێم پەروەردەی نوێ لەم خاڵەدا نەیپێکاوە، پەروەردە لە سەردەمەکانی پێشووتردا توانیوویەتی وەرگەڕان بەسەر مرۆڤدا بکات، بە لەدایکبوونەوەی نوێی بکاتەوە. هیچ پەروەردەیەکی سەردەمی نوێ ناتوانێت مرۆڤ دووبارە لەدایک بکاتەوە، بەڵام ئەوان توانیویانە مرۆڤی زۆر نەزان (جاهل) و مرۆڤی زۆر تاوانبار (عاصی) بگۆڕن و ببێتە گەورەترین عاریف. زۆربەی عاریفەکان پێشتر (عاصی) بوونە. کوڕە میرێک بووە و لە گوناهدا لە لوتکەدا ژیاوە، کابرایەکی دەوڵەمەند بووە و لە ڕیباخۆریدا لە لوتکە بووە وازی لە هەموو سەروەتەکەی خۆی هێناوە، میرەکە وازی لە مەملەکەتەکەی خۆی هێناوە، بووەتە کابرایەکی عاریف! ئیبراهیمی کوڕی ئەدهەم وا بوو! کوڕی پادشای بەڵخ بووە و تۆبەی کردووە، چۆن توانیوویانە ئەو پەروردە گەورەیە بکەن؟ کەچی ئەمڕۆ ناکرێت!

   لەم خاڵەدا کە ئێمە لە نێوان (مربی و متربی)دا واتا ئەو کەسەی پەروەردە دەکرێت و ئەو کەسەی پەروەردەکە دەکات، دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیاندا دووانەی (ثنائیة)یان هەیە. جیاوازیی هەیە، بە منداڵەکەی دەڵێت تۆ ئەوە بکە، کەچی خۆی وا نییە! شتێکی لە قوتابییەکەی دەوێت، بەڵام خۆی وا نییە! لە کاتێکدا دەبێت (وحدت) بوونی هەبێت لە نێوانیاندا، واتا پێش ئەوەی بە قوتابییەکەی وتبێت، بە خۆی وتبێت! خەنجەر بەر ئەو نەدات، بەڵکوو خۆی دابێتە بەر خەنجەر! مستەفا مەلەکیان دەڵێت لە -٦٨-ەوە من لە زانکۆی تاران تا ئێستا موحازەرەم لەگەڵ خۆم نەبردووەتە ژوورەوە، بۆ ئەوەی قوتابییەکانم هەست نەکەن من جیاوازم! ئەمە ئەو (وحدت)ەیە کە باسی دەکەین و گۆڕانکاریی گەورەی پێ دەکرێت!
تاگەکان    
تەنیایی حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی گۆرانی سایکس-بیکۆ بووژانەوە شیعر پۆرن گفتوگۆ مردن كتێب خێوەتگە فەرهەنگ ڕانانی کتێبب دەروون نائومێدی
ئەدەب
2022-01-11 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 922 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی