قومارخانەیەک لە ماڵەکانماندا

نووسینی: ئارام شاهۆ
فیکر 2022-01-05 کۆمێنت 4 بۆ خوێندنەوە 1443 جار بینراوە
 گەر لە کۆمەڵگەی خۆماندا لە کەسێک بپرسیت: ئایا قومار دەکەیت؟ کاردانەوەیەکی نەرێنیی زۆر توند لە زۆرێکمان دەبینیت. ئاخر لای گەورە و بچووکی کۆمەڵگەکەماندا، قومار شتێکی قێزەونە. ئەی ئەگەر بڵێن: منداڵەکانمان قومار دەکەن! حەپەسانێکی سەیر لە ڕووی هەموومان دەبینیت. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە بەڵێ، منداڵەکانمان بە شێوەیەک لە شێوەکان قومار دەکەن.

   ئەمجارە سەرمایەداریی بە جۆرێکی تر پارە لە گیرفانی تاکەکان دەردەکات، وەکو هەمیشەیش، لەژێر ناوێکی بریقەدار و شارەوەدا دەیکەن. نە گوێ بۆ ئەخلاقیبوونی کارەکەیان دەدەن، نە گوێ بە دەرئەنجامی داهاتووی ئەم کارەیان لەسەر دەروون و کۆمەڵگاکە دەدەن، تەنها ئەوەیان لا گرنگە، ئەمڕۆ گیرفانی خۆیان پڕ بکەن. ئەمجارە ئەوانەی کراون بە ئامانج، لە منداڵەوە دەست پێ دەکات تا دەگات بە تەمەنی گەنجێتی، ئەویش ئەوانەن کە یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکەن.

لووت بۆکس (loot box) چییە؟
 لە نێو یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا شتێک هەیە ناوی لووت بۆکسە(loot box). ئەمە سندوقێکە هەندێک شتی تایبەت بە یارییەکەی تێدایە، وەکو جل و بۆیەی تایبەت بە چەک – پێی دەڵێن سکین skin- یاخود چەکی دەگمەن یان هەندێک شتی تر. کە دەیکەیتەوە بە هەڕەمەکیانە شتێکت بۆ هەڵدەبژێرێت و پێشکەشت دەکات. دەکرێت ناوی سندووقەکە لووت بۆکس نەبێت، ناوی تری هەبێت. بۆ نموونە هەندێک یاری ناوی ناوە (creator box) بەڵام گرنگ ئەوەیە میکانیزمی ئیشەکەیان وەکو یەکە.

   لە زۆرێک لە یارییەکاندا، ئەم سندوقانە بە دراوی ناو یارییەکە دەکرێنەوە. گەر بتەوێ ئەو دراوانە بەدەست بهێنیت ئەوا دەبێت لە یارییەکەدا سەرکەوتوو بیت، واتا لەگەڵ سەرکەوتنەکانتدا وەک خەڵات دراوەکە وەردەگریت. شێوازێکی تر بۆ پەیداکردنی ئەو دراوانە ئەوەیە، پارەی ڕاستەقینە بگۆڕیتەوە بە دراوی یارییەکە. لەم چەند ساڵەی کۆتاییشدا یارییەکان کارئاسانییەکی وەهایان کردووە، پێویست ناکات کارتی پارەی وەک ماستەر کارت و پەیپاڵ و گیفت کارتی گووگڵ پڵەی و ئەپڵت هەبێت تا لە یارییەکەدا خەرجی بکەیت، دەتوانیت سەنتی هێڵی موبایلەکەت بەکار بهێنیت.

کێشەی لووت بۆکس لە چیدایە؟
 گەر کەمێک ورد ببینەوە دەبینین، ئەم سندووقانە ئیشەکەیان لەسەر ئەگەر وەستاوە، واتا یاری ئەگەرەکانە. لێرەوە ئەم کارە دەبێت بە قومار، چونکە تۆ هیچ دڵنیا نیت چیت بۆ دەردەچێت و بەختی خۆت تاقیی دەکەیتەوە. ئەمە لای خۆمان هەمان شێوەی یانسیبە، ئەمیش پارە دەدەیت و بەختی خۆت تاقی دەکەیتەوە تا بزانیت چیت بۆ دەردەچێت. گرەوکردنیش هەر هەمان شتە.

   وە نەبێت ئەمە تەنها موسڵمانانی نیگەران کردبێت، بەڵکوو هەموو جیهانی نیگەران کردووە. کار گەیشتووە بە ئاستێک وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا بە یاسا ئەو یارییانەی بۆ تەمەنێکی دیاریکراو سنووردار کردووە، زۆر وڵاتی دیکەیش پرۆژەیاسایان پێشکەش کردووە تا سنوورێک بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان دابنرێت و کارێکی وا بکەن، ئەو کەسانەی تەمەنیان هێشتا منداڵە نەتوانن پارە بەم سندوقانە سەرف بکەن، یاخود ئەو یارییانەیان لێ قەدەغە بکرێت کە ئەم قومارەی تێدایە.

   سەرەڕای لایەنی دینی و ئەخلاقی بابەتی قومارکردن، لایەنی مادیی بابەتەکەیش نیگەرانییەکی یەکجار زۆری دروست کردووە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا. هەندێک لە دایک و باوکان شکاتی ئەوەیان کردووە کە پارەیەکی ئێجگار زۆر لە ئەژمارە بانکییەکەیان دیار نەماوە، کە بەدواداچوونیان بۆ کردووە، بۆیان دەرکەوتووە منداڵەکانیان بە سندوقی یارییەکان خەرجیان کردووە.

ڕاپۆرتەکەی بەریتانیا:
 ئەمساڵ بەریتانیا ڕاپۆرتێکی زۆر وردی بە ناوی "هەڵدانەوەی پەردە لەسەر لووت بۆکسەکان
Lifting the Lid on Loot-Boxes" بڵاو کردەوە. تێیدا ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە ئەم سندوقانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حاڵەتێکی دەروونیدا هەیە کە پێی دەڵێن کێشەی قوماری (problem gambling)، لەگەڵ چەندین کێشەی دیکەی وەک ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و خەمۆکی.

هەروەها ئاماژەی بە پاڵنەرەکانی کردووە، دەڵێت: هەندێکیان لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتین. وەکو خۆنیشاندان لە بەردەم گروپێکدا، یان بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی بەرامبەر. یاخود هۆکاری ناو یارییەکە، وەک جوانی یاخود زیادبوونی کارامەیی. هەندێکی تر لە ترسی لەدەستدانی شتێک پەنا بۆ ئەم سندوقانە دەبەن، بۆ نموونە یاریزانێک حەزی لە چەکێکی دەگمەنی یاییەکەیە، یارییەکەش بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئۆفەرێکی تایبەت دەخەنە سەر ئەو سندوقەی کە ئەو چەکەی تێدایە. ئەمەش نیگەرانی بۆ یاریزانەکە دروست دەکات و وای لێ دەکات هەست بکات کە ئەگەر ئەم سندوقە نەکڕێت، ئیدی جارێکی تر ئۆفەرێکی وەهای نایەتەوە بەر دەست.

   جگە لەمانە، هەندێک جار یارییەکان لە سەرەتادا چەن سندوقێک بە بەلاش دەخەنە بەردەست یاریزانەکە و پاشانیش ڕایدەکێشن بۆ ئەوەی بە پارەی یارییەکەی بیکڕێت و دواییش وای لێ دەکەن بە پارەی ڕاستەقینە بیکڕێت. هەندێک جاریش ئۆفەری تایبەتی پێ دەدەن تا تەماحی بکەوێتە بەر و بیانکڕێت.

   کێشەیەکی ئەم قومارە لەگەڵ قومارەکانی تر ئەوەیە کە پاداشتی ئەم قومارە شتێکی واقعی نییە، تەنها پاداشتێکی کۆمەڵایەتی یاخود دەروونییە بۆ کەسەکە. واتا نرخەکەی لە واقعدا ئەو پارە زۆرە ناهێنێت کە لە پێناویدا خەرج دەکرێت.

   لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەیش کردووە بۆ ئەم کاتەی خۆمان، سنووری تەمەنی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە لایەن منداڵ و دایک و باوکەوە زۆر جار پشتگوی دەخرێت، بۆیە ئەگەر بە یاساش تەمەنەکان دیاری بکرێت، هیشتا کارەکە بە ئامانجی خۆی نەگەیشتووە. دەبێت بە ڕوونی پێناسی ئەم کارانە بکرێت و یاسای تایبەتی بۆ دابڕێژرێت.

کێشەیەکی تر:
کێشەکە تەنها لێرەوە ناوەستێت کە پارەیەک خەرجکراوە، بەڵکو زیانەکە زۆر لەوە گەورەترە کە بیری لێ دەکرێتەوە. ئاخر منداڵێکی ١٠ ساڵان دەستی کردووە بە قومارکردن، چاوەڕێی لە ١٠ ساڵی داهاتووی تەمەنیدا چی ڕوو بدات؟ ئاخۆ کاتێک گەورە دەبێت و دەگات بە تەمەنی یاسایی، ئەو کات چۆن لە قومار دەڕوانێت؟ ئایا شتێکی قێزەونە لە لای یان وەک شتێکی ڕۆتینیی ڕۆژانە خەریکی دەبێت؟ یاخود خراپتر، چێژ لەم کارە دەبینێت! چونکە توێژینەوە دەروونییەکان ئەوەیان دەرخستووە ئەگەر شتێکی هەڕەمەکیان بۆت دەربچێت چێژی زیاترت پێ دەبەخشێت، تا ئەوەی کە ڕاستەوخۆ شتەکە بکڕیت، چونکە لە یەکەمیانا جۆرێک هەستی بە بەخت بوونت تێدا دروست دەبێت.

    هێشتا کات ماوە تا بتوانرێت ئەم ڕێگە چەوتە بگیرێت، چونکە ئێمە لە سەرەتای شەپۆلەکەداین. هۆشیاربوون بەم کارەساتە گرنگترین شتە بۆ ئەم کاتەمان.
تاگەکان    
ژیانی پێغەمبەر فەلەستین گەڕان ئازادی خێوەتگە سیاسەت دەربارەی کتێب هاوڕەگەزخوازی دەروون بووژانەوە کرێکار حزبی ئیسلامی قودس عێڕاق گۆرانی
فیکر
2022-01-05 کۆمێنت 4 بۆ خوێندنەوە 1443 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی