گەشتێک بۆ قوتابخانەکانی نوور و چەند دەرسێک لە پەیامەکانی نوور

نووسینی: بەڕێز ئیسماعیل
فیکر 2021-12-30 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 1580 جار بینراوە

بە هۆی شوێنی کارەکەمەوە دەرفەتێکم بۆ ڕێک کەوت بە گەشتێک بچم بۆ ئەستەنبووڵ، بانگهێشت کرابووین بۆ خولێک لە قوتابخانەکانی نوور. ڕاستی پاسەپۆرتەکەم بەسەر چوبوو و کارتی ڤاکسینیشم نەبوو، کاتێکی کەمم لەبەردەمدا بوو بۆ وەڵامدانەوە و کەمتر لە یەک مانگم لەبەردەست بوو تاکو پاسپۆرت نوێ بکەمەوە و کارتەکە دەربهێنم. دوای ئەوەی خۆم یەکلا کردەوە بچم، وەڵامم دانەوە کە دێم و گورج ئیشەکانم تەواو کرد و ڤیزەم لێ دا و تکتم بڕی. لەگەڵ کۆمەڵێک برادا گرووپێکی یانزە کەسیمان پێک هێنا و بەڕێ کەوتین بۆ زاخۆ، لە زاخۆ بۆ شەرناخ و لەوێوە بە فڕۆکە بۆ ئەستەنبووڵ.

   لە ڕێگادا کۆمەڵێک ڕووداو و یادگاریی خۆش و ناخۆش ڕوویاندا، بەڵام بابەتەکەی من ئێستا باسی ئەوە نییە، لێ من دەمەوێت بە کورتی باسی ئەم ئەزموون و چێژە بکەم لە قوتابخانەکانی نوور و پەیامەکانی نوور و دانیشتن لەلای (م. ئیحسان قاسم ساڵحی)ی بینیمان، باسی سەفەر بۆ تورکیا ناکەم و باسی شاری ئەستەنبووڵ ناکەم، کە ڕێک ئەورووپایە و بەتەواوەتی مۆدێرنە دەستی بەسەر داگرتووە و منارەی مزگەوتەکان و قوتابخانەکانی نوور و سەنتەرەکانی قورئانی لێ نەبێت، هەست دەکەیت لە بەرلین یان پاریسیت.

م. ئیحسان قاسم ساڵحی
کاتێک گەیشتینە قوتابخانەیەکی نوور، وتیان ئەمشەو لێرە پشوو بدەن و بەیانیی زوو ئامادە بن بۆ دەرسخوێندن. یەکەم مامۆستا و موڕشید کە پێشوازیی لێ کردین د. عیسام بوو، دکتۆر؛ پیاوێکی بۆ خودا سوڵحاو و ئاکاربەرز و قووڵ و خوێندەوار بوو. شەوەکەی هەندێک بەکورتی باسی پەیامەکانی نووری کرد، دکتۆر خۆی دکتۆری سەیدەلیە بوو، بەڵام خۆی خانەنشین کردبوو، بۆ ئەوەی خۆی وەقف بکات بۆ خزمەتکردن و گەیاندنی پەیامەکانی نوور بە هەواداران و شەیدایانی حەقیقەت. خۆی زاوای م. ئیحسان بوو و کەسێکی دیندار و دامەزراو بوو، خۆی چەند دەرسێکی پێ وتین. شێوازی دەرسخوێندنیان بە شێوازی خولە، تۆ لە ماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە مەلزەمەیەکت پێ دەدەن، سەرجەم پەیامەکانی نووریان تێدا کورت کراوەتەوە، بە چەند مامۆستایەکەوە باسی دەکەن.

   ڕۆژی یەکەم بە یاوەریی جەنابی دکتۆر چووین بۆ لای یەکەم وەرگێڕی پەیامەکانی نوور، بەڕێز و بانگخواز م. ئیحسان قاسم ساڵحی. ئەم زاتە موالیدی ١٩٣٧ە، واتا ٨٤ ساڵە و بەم تەمەنە هەر خەریکی ئیڕشاد و دەعوە و پێگەیاندنە. ئوسلووب و ئەتەکیەتی زۆر جوان بوون، لە ماڵەکەی خۆیدا زۆر پێشوازییەکی گەرمی لێ کردین، بە هەموومانی وت: "خۆتان بناسێنن و بۆچی هاتوون؟" ڕاستی هەر یەکێک لە ئێمە خۆی ناساند و هۆکاری هاتنەکەمان پێ وت. بە پیاوێکی بەتەمەن نەدەچوو، بەڵکو کاتێک سەیرت دەکرد، وزە و هێزت لێ وەردەگرت، زیاتر بە شێخێکی تەریقەت و موڕشیدێک دەچوو، خەریکی تەزکیە و ئیڕشاد بێت.

کورتەی پەیامەکانی نوور
جەنابی مامۆستا ئیحسان؛ دەستی بە ڕوونکردنەوە و باسکردنی پەیامەکانی نوور کرد، خۆی ناوی ئیحسانە و زۆر بەجوانی پێکبەستنەوەی کرد لە نێوان مەقامی ئیحسان و پەیامەکانی بەدیعوززەماندا، سەرەتا لەم فەرموودەیەوە دەستی پێ کرد، پیاوێک دێتە خزمەت پێغەمبەر و کۆمەڵێک پرسیاری لێ دەکات دەربارەی (ئیسلام و ئیمان و ئیحسان و ...هتد). بەڵام مەبەستی جەنابی م. ئیحسان لەم فەرموودەیە، ئەوەیە کە کورتەی پەیامەکان ئەوەیە کە بگەیتە پلەی (الاحسان)، ئەم پلەیەیش پێغەمبەر (د. خ) ڕوونی کردووەتەوە و دەفەرمووێت: "أن تعبد الله كأنك تراه، فإن لم تكن تراه فإنه يراك." واتا: "بە جۆرێک خودا بپەرستیت کە دەیبینیت، ئەگەر تۆ نەیبینیت، ئەو دەتبینێت." مەقامی ئیحسان؛ واتا مامەڵەی عیرفانی لەگەڵ دینداری و پەرستش، مامەڵەی عیرفانییش؛ واتا چەشتنی ئیمان و ئەزموونکردنی ئایین. دەرچوون لە باسکردن و قاڵ بەرەو حاڵ و تێداژیان. (ئەوکات داستانمان دەخوێندەوە، ئێستا خۆمان بووین بە داستان). کورتەی پەیامەکانی نووری مامۆستا بەدیعوززەمان؛ گواستنەوەی مرۆڤە لە سەیرکردنێکی ڕووکەشانە بۆ گەردوون، بۆ سەیرکردنێکی قووڵ و هەستکردن بە بوونی خودا. واتا گۆڕانی تێڕوانینە، کاتێک مرۆڤ تێڕوانینی گۆڕا، جیهانبینیی دەگۆڕێت.

   م. ئیحسان زۆر جەختی دەکردەوە، پەیامەکانی نوور بۆ گۆڕانکاری لە خۆتانە و بۆ نەفسی خۆتانە، باسی ئەو پیاوچاکەی دەکرد، کاتێک هەستابوو بۆ شەونوێژ و کوڕەکەی هەستاندبوو. کوڕەکەی بە باوکی وت: "بۆچی تەنها من و تۆ هەستاوین بۆ شەونوێژ؟" باوکیشی پێی وت: "کوڕم بخەوە باشترە، شەونوێژ بۆ ئەوەیە خەریکی خۆت بیت نەک خەڵک." مامۆستا دەیویست تێمان بگەیێنێت، کە ئەم پەیامانە، پەیامێکی سیاسی نین، دەیوست باسی ئەوە بکات، کە م. سەعید نوورسی عاریف بووە، بۆ ڕزگارکردنی ئیمان هاتووە لەم سەردەمی تاریکی و مادەگەراییەدا.

   دەیوت: پەیام و بانگەوازەکەی ئێمە، پەیام و بانگەوازێکی تەشکیلی و تەنزیمی نییە و دەعوەیەکی سۆفیگەری نییە کە تەکیە و شێخمان هەبێت، بەڵکو دەعوەیەکی عیرفانی و پەروەردەییە و وەکو یەک خێزان واین و خۆشەویستی خودا و ئیمان کۆی کردووینەتەوە. جەنابی مامۆستا یەکەم کەس بوو، لە ماوەی (٨) ساڵی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا سەرجەم پەیامەکانی نووری وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەڕەبی، سەرەتا لە خەونێکەوە پێداگیرتر بووە بۆ ئەم کارە، هەر یەک لە ئیمام عەلی کوڕی ئەبوو تاڵیب و شێخ عەبدولقادری گەیلانی دێنە خەوی و هانی دەدەن لەسەر تەواوکردنی وەرگێڕانەکە و پێی دەڵێن خەریک نەبێت بە سیاسەت و شەڕ و گوێگرتن لە ڕادیۆ.

باسی قوتابخانەکانی نوور
قوتابخانەکانی نوور تەنها پەیامەکانی نووری تێدا دەخوێندرێت، براگەورە و موڕشیدی عامیان نییە، تەنها شەبەکەیەکی عیرفانی و مەنهەجی کۆی کردوونەتەوە، تاکو قوتابیەکانی بەدیعوززەمان مابوون، وەکو ڕابەرێکی ڕۆحی وا بوون لەناویاندا. ئەم قوتابخانانە زیاتر لە هەزارانن لە شارەکانی تورکیادا، وەکو باس دەکرێت ٣ هەزار بۆ ٥ هەزار قوتابخانە دەبن، بەڵام تەنها لە تورکیا قەتیس نەبووە، بەڵکو ئێستا لە هەموو ڕۆژاوا و ئەورووپادا قوتابخانەی نووری لێیە. بۆ نموونە لە وڵاتانی وەکو: فەڕەنسا، پۆڵەندا، سویسرا، ئەڵمانیا و بەلجیکا ... سەرچاوەی داهاتیان خێرخوازی و هاوکاریی فێرخوازەکانە و چەند دەوڵەمەندێکیش قوتابیی نوورن و هاوکارییان دەکەن. پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نییە بەڵام دەستی کەسیش ناگرن، دەنگ بەکەسی باش یان حیزبیی باش بدات. بیانووەکەیان ڕەوایە دەڵێن: "تەمەنی ئەم قوتابخانانە له هەموو پارتەکان گەورەتر و کۆنترە، ئێستا ئێمە پشتگیریی پارتێکی سیاسی بکەین، دوایی کە شکستی هێنا، پارتی نەیاری سەرکەوت، کێشەمان بۆ دروست دەکات!"

سوودەکانی قوتابخانەکانی نوور
١. گەڕاندنەوەی هەزاران گەنج بۆ ڕاستەڕێی ئیسلام و ئیمان.
٢. لێدان لە غڕووری زانستگەرایی و ئەقڵانیەت و ڕۆیشتن بەرەو مەعنەویەت و عیرفان.
٣. ڕۆژاوا شارستانیەتێکی بێدڵە، ئەم شۆڕش و دەعوەیە دەستبردنە بۆ دڵ و پێدانی دەرمانی ئیمانە.
٤. شوێنی مانەوەی قوتابیی دیندار و هەژارە، شوێنێکن بۆ فریاکەوتن و نەفەوتان.
٥. وەڵامدانەوەی ئەم گومانەیە، کە دەڵێن: "قورئان هیچی پێ نەماوە بۆ ئەم سەردەمە!" ئەم پەیامانەی نوور تەفسیرێکی مەعنەویی قورئان و ئیسلامن، گۆڕینی تێڕوانینی مرۆڤە لە چاوی سەرەوە بۆ چاوی بەسەڕ و کرانەوەی ئافاقە.

28-12-2021
شەوی سێشەممە

 

تاگەکان    
ئیسرائیل ئاوی زەمزەم دەروون دوعا نەتەوایەتی باران کۆرۆنا حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی کونە ڕەشەکان شیرک یاری نوێژ گەڕان نامە کتێب
فیکر
2021-12-30 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 1580 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی