وەختێ قولابی ئەوین لە دڵ گیر دەبێت!

نووسینی: قانع خورشید
ئەدەب 2021-12-13 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 2634 جار بینراوە

مامۆستایەک دەناسم، وەک مۆم دەسووتێت بۆ ئەوەی دڵ و فیکر و بەرچاوی قوتابییەکانی ڕووناک بکاتەوە. ئەوەنەی من دەیناسم قوتابیی ژیر و وریای زوو خۆشدەوێت و هەر زوویش قولابی مەحەببەتی لە دڵی هەندێکیان گیر دەبێت و وەدووی خۆیدا ڕایاندەکێشێت. بۆی گێڕامەوە و گوتی: یەکێک لەو قوتابییانەی تازە ناسیومە و هیوام بە داهاتووی هەیە و لێم عەیانە گەر خوا ویستی لێ بێت و لە ڕێ لا نەدات، خێر و سوودی زۆری بۆ خەڵکی دەبێت، بووەتە جێی سەرنجم. دەیگوت ئەوەندەی هەستی پێ دەکەم ئەویش منی لە مامۆستاکانی دی زیاتر خۆشدەوێت.

   بۆی گێڕامەوە کە ئەم قوتابییەی نیازی وایە بڕواتە جێیەکی تر و کەمێک دوور بکەوێتەوە، ئیتر بە شەرمەوە پێی گوتووە: «هەرچەن حەز ناکەم دڵت بشکێنم، بەڵام ناچارم بڕۆم، ئیتر ژیان وا دەخوازێت...» هاوڕێ مامۆستاکەم گوتی پێم گوتووە: «من هیچ نیم، داهاتووی خۆت حسێبە. ڕەنگە من ساڵێکی تر ئێسکیشم لەژێر خاکدا ڕزابێت.» دەیگوت قوتابییە ژیکەڵەکە وا وەڵامی داومەتەوە: «خوا نەکات. بەڵام ڕاست دەکەیت. من ئەوەم باشە ئەوەندە عەقڵم هەیە پلانی خۆم لەبەر خۆشەویستیی کەس تێکنادەم. چەندین مامۆستای تریشم هەبووە و خۆشمویستوون، کەچی دوایی لێک دابڕاوین و ئاساییش بووە.»

   ئەم دۆستەی من پێی وتبوو: «خۆشەویستی ئەوەی کێشەیە عەقڵی نییە تا لەم قسانە حاڵی ببێت، ئەو سەرەتا بڕیار و پلانەکانت بیر دەباتەوە ئەنجا ئیشی خۆی دەکات!»

   ئەم قسەیە منی ڕاگرت، نازانم مامۆستاکە خۆی لە قووڵیی قسەکەی خۆی حاڵی بووە یا نا، بەڵام دڵنیام ئەو گەنجە با زۆر ژیر و هۆشیاریش بێت، هێشتا زۆری ماوە لە مەغزای ئەو قسەیە بگات و بزانێت چەند قووڵ و قورس و سامناکە. من کارم بەو مامۆستا و قوتابییەوە نییە، ئیشم بەو تاکە ڕستەیەیە و دەمەوێت چەند غەمێکی پەنگخواردووی ناخی خۆمی لەژێردا هەڵبڕێژم.

   ئەو قوتابییە تازەپێگەیشتووە، هێشتا ئەزموونی ئەوەندە نییە بزانێت هەموو ئەوینێک چەشنی یەک نییە، ماوێتی پەی بەوە ببات عیشقی وا هەیە ژیان و پلانت سەرەوبن دەکات و نەخشەی بوونت سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە. ئەو تازەلاوێکی دڵساف و نیازپاکە و ئاگای لەوە نییە هیچ ئەوێنێک بە ئەوینێکی دی ناچێت و زۆر جار ئەوین هیچ ساتێکی خۆیشی پێک ناچێت. ئەو چوزانێت هەندێ خۆشەویستی سەرەتا وەک گەمەیەک دەردەکەون و وردە وردە دەبنە ڕاست و دواجار لووشت دەدەن و خۆتێکی ترت دەدەنەوە. ئەم عیشقانە نەک پلانەکانت بەڵکە خۆت و تەواوی هەست و بوونت دەگۆڕن. ڕەنگە کاتێک دەریاوانێک باسی سامی دەریا و سەختیی شەپۆلەکانی و مەترسیی تۆفان دەکات، کەسێک کە لە مەلەوانگە و گۆم و تەنانەت ڕووباریشدا بەباشی مەلە بکات بەمتمانەوە بڵێت من مەلەوانی دەزانم و باکم لە دەریا و زەریا نییە. ئەوکات دەریاوانەکە چون ناتوانێت بەباشی لە جیاوازیی دەریا و گۆماو تێیگەیێنێت، ناچارە بزەپێکەنینێک بکات و بڵێت دەی هەر بژییت شێرەپیاو! هەرگیز بڕوا ناکەم بەئاسانی لە حافزی شیرازی بگات کە دەڵێت:


ألا یـــا أیهـا الســـاقی أدر کأســاً ونـــاولها
که عشق آسان نمود اول ولی افتاد مشکل‌ها
شـب تاریک و بیم موج و گردابی چنین هایل
کجـا داننــد حـــال مـا سبکبـاران سـاحل‌ها
واتە:
توخوا تۆ زوو بە ئەی ساقی، لەبۆم تێکە مـەیی بـاقی
کە عیشق ئاسـانە هەوەڵجـا وەلێ زۆر سەختە تۆفانی
شەوی تاریک، شەپۆلی سەخت و گێژاوی وەکو شێتی
لـە کوێ دەیـزانێ حـاڵی مـە کەسـی بێبـاکی وشکانی!

ئەوینێک چاوێکی تری بۆ بینین پێ بەخشیبیت، دڵی مردووی ژیاندبێتیەوە، ڕووحێکی تری کردبیت بە بەردا، ناکرێت وا سانا لەبەر بڕیار و پلانی عەقڵت فەرامۆشی بکەیت، ئەو جڵەوت لە دەست دەستێنێت و ژێربار و فەرمانبەردارت دەکات. سەعدی بە ڕەحمەت بێت دەربارەی ئەمەیە کاتێک دەڵێت:

فریـــاد مــی‌دارد رقیـب از دســــت مشـتاقــان او
آواز مطــــرب در ســــرا زحمـــت بــود بــواب را
«سعدی! چو جورش می‌بری نزدیک او دیگر مرو»
ای بی‌بصــر! مــن مـی‌روم او مـی‌کشــد قـلاب را


   «چون ئاوازی موتریب و عاشقان دەرگەوانی پادشای سەر عەرشی دڵ بێزار دەکات، ڕەقیب و ناحەز دەڵێت: دوور کەونەوە، مادامە گلەییتان لە دەستی هەیە و دەڵێن بە ئەوین و یادی شیرینی، ماڵی وێران و ژینی لێ تاڵ کردووین، بڕۆن و لێی نزیک مەکەونەوە.» سەعدی لە وەڵامی ئەم کاڵفامەدا دەڵێت: «ئەی نابینا، هەی بێئاگا، من دەڕۆم و دەمەوێت دوور بکەومەوە، بەڵام ئەو قولابەکەی -وا لە دڵی گیر کردووم- ڕادەکێشێت و بۆ لای خۆیم دەبات!»

   ڕەنگە بتوانیت لەوی بە دڵ خۆشت دەوێت، بە جەستە دوور بکەویتەوە، لە دەستی هەڵبێیت و سەفەر بکەیت، وەلێ چی لە هەستت دەکەیت؟ چی لە دڵت دەکەیت کە نەقشی ئەوی تێدا کێشراوە و هەرچی دەکەیت ناسڕێتەوە؟

اوست نشستە در نظر، من بە کجا نظر کنم؟
اوست گرفتە شهر دل، من بە کجا سفر برم؟


   مەولانای ڕوومی دەڵێت: «ئەو لەنێو چاومدا دانیشتووە، ئیتر من لە کوێ نەزەر بکەم؟ ئەوە گرتوویە شاری دڵ، ئیتر من بۆ کوێ سەفەر بکەم!»

لەبیرکردنی خۆشەویست مەحاڵ نییە، بەڵام کارێکی وا ئاسانیش نییە و تەمەن و زەمەنێکی زۆری دەوێت. بریا کرابا عەقڵ وا خێرا فەرمانەکانی بسەپێنێت و داو و قولاوی ئەوین بەئاسانی بپسێنێت. بەڵام شوکر بۆ خوا کە ناکرێت!


تاگەکان    
دیمانە حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی گەڕان جەنگی هۆشیاری کرێکار ئایا سۆفیا حزبی ئیسلامی عێڕاق نامە سیاسەت سۆفیگەری كتێب قوتابخانەکانی نوور چیرۆک فێمینیزم
ئەدەب
2021-12-13 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 2634 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی