ئایا زانست هۆکارێکە بۆ ئاژاوە، یان ئامرازێکە بۆ ڕزگاربوون؟

نووسینی: عومەر محەمەد سەیید وەرگێڕانی: سومەیە قانع
فیکر 2021-09-14 کۆمێنت 7 خولەک بۆ خوێندنەوە 408 جار بینراوە
بەڕێکەوت نییە، یەکەمین ئایەتە دابەزیوەکانی قورئانی پیرۆز بەجۆرێکن، بۆ گەڕان بە دوای زانستدا هانت دەدەن، باس بکات لە گرنگترین تواناکانی مرۆڤ دەکات کە ئەوانیش توانای "فێربوون و فێرکردن"ن! هەروەکو خوای باڵادەست فەرموویەتی: {الَّذِي عَلَّمَ بِالْقَلَمِ * عَلَّمَ الْإِنسَانَ مَا لَمْ يَعْلَمْ} [العلق: 4-5]. هەروەها، وەکو ئاشکرایە خوا بە بەخشینی “عەقڵ و زانست” فەزڵی مرۆڤەکانی داوە بەسەر تەواوی دروستکراوەکانی دیکەیدا. هەرکەسێک خودا لە خێری خۆی بێ بەشی نەکات، ڕێگەی زانست و فێربوونی بۆ ڕووناک و ئاسان دەکات. ئەوەیشی بڕێکی کەمیشی لە زانست بە قسمەت نەبووبێت، تێکەڵی دونیا دەبێت و خەریکی کۆکردنەوەی بابەتە دونیاییەکان دەبێت، هەروەکو دەزانین کۆکردنەوەی ماڵ و سەروەت و سامانیش بەبێ زانست مرۆڤ دەوڵەمەند ناکات، هەروەها لە بەرانبەر خودادا سوودی پێ ناگەیەنێت.

   باشترین زانست ئەوەیە کە دەلالەت لە خوا بکات و باس لە داواکارییەکانی خودا بکات لە بەرانبەر بەندەکانیدا، ئەوەیشی بە دوایدا بڕوات و خزمەتی بکات پایەدار دەبێت. دوای ئەمەیش، لە زانستەوە خەڵکی لە دونیا تێدەگەن لە ڕێگەیەوە زەوی و ماڵەکانیان ئاوەدان دەکەنەوە.

   شایەنی باسیشە، ئەم بابەتە چەندین جار ئاماژەی پێ دراوە و باس کراوەتەوە، بەڵام ئەو بەلاڕێداچوونەی دەیبینین وامان لێ دەکات زووزوو لە دەرگای ئەم بابەتە بدەینەوە، {وذكِّر فإن الذكرى تنفع المؤمنين}.

زانست ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرستن

   گرنگی و پێگەی زانست، لە تەواوی پێناسە و وەسفەکانیدا لەوە دەرناچێت کە "ئامراز"ێکە بۆ ناسینی خودا و ئاشنابوون بە داواکارییەکانی لە بەندەکان. ڕێگایەکە بۆ بونیادنان و پەرەپێدانی زەوی، هەروەها بۆ بەجێگەیاندنی پەرستشەکان بەپێی مەنهەجی خودا. کەواتە، ئامانج و گرنگیی بابەتەکە تەنیا بۆ گەیشتنە بە خوا. خوای گەورە فەرموویەتی: {وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ * مَا أُرِيدُ مِنْهُمْ مِنْ رِزْقٍ وَمَا أُرِيدُ أَنْ يُطْعِمُونِ} [الذاريات: 56- 57]

   بەو پێیەی لە سەرەتای دروستبوونی دونیاوە، ئامانج ئەوە بووە کە ئینسانەکان خودا بپەرستن، دەبێت هەموو ئەوەی لە گەردووندا هەیە بە "وەزیفە"یەک هاوکار بێت بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئامانجە. جا گەر مرۆڤەکان دەسەڵاتیان بەسەریدا هەبێت یان نا، ئەگەر "وەزیفە"ی ئەو شتەیشیان لەلا ئاشکرا بوو یان نا. وەکو دەزانین مرۆڤەکان هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر دەوروبەرەکەیاندا نییە، ئیللا بە ئاگاداری و ڕێگەپێدانی خوای باڵادەست، هەروەکو چۆن فەرموویەتی: {يَا مَعْشَرَ الْجِنِّ وَالْإِنسِ إِنِ اسْتَطَعْتُمْ أَن تَنفُذُوا مِنْ أَقْطَارِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ فَانفُذُوا ۚ لَا تَنفُذُونَ إِلَّا بِسُلْطَانٍ} [الرحمن: 33]، ئەگەر هاتوو مرۆڤەکان دەسەڵاتی خۆیان بۆ ئەوە بەکار هێنا ڕێگای خواناسینی پێ ببڕن، ئەوا کارێکی دروستیان کردووە؛ “ئامرازە”ەکەیان بەشێوەیەکی دروست بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکە بەکار هێناوە، بەڵام ئەگەر بەپێی حەز و ئارەزووەکانی خۆی بەکاری هێنا، ئەوا خواستی خودای پەیڕەو نەکردووە لە بەکارهێنانی زانست وەکو ئامرازێک بۆ گەیشتن و ناسین بە خوا.

   دەستخستنی زانست بەم ئاسانی و باشییەی ئەمڕۆ هەمانە لە دونیادا، خودی خۆی بەهۆی فەرمانی خوای گەورە و ڕێگەپێدانی ئەوەوەیە. ئەگەر خوا بیویستبایەت بابەتێکی تری دونیا بەکاربهێنرێت بۆ ناسینی خوا، ئەوا زانست ئەم پلە و پێگەیەی نەدەبوو. زانست، پلە و پێگەی بەرزی خۆی بەو ئامانجەوە بەدەست هێناوە کە پێیەوە پەیوەستە، ئامانجی ناسین و پەرستشی خوایە. وەرنا هیچ گرنگییەکی نەدەبوو. سەرکەووتووبوونی مرۆڤەکان لە بەکارهێنانی ئامرازەکان بەوە دەپێورێت، تا چی ڕادەیەک ئامانجەکەیان پێکاوە؟ لەبەر ئەوەی ئامانجەکە نە داوا دەکرێت و نە بەدەست هێنراوە، ئامرازەکەیش ئەوکات گرنگییەکی نامێنێت! ئەودەم، سەرکەوتنێکی ڕاستەقینە بوونی نابێت چونکە ئامانجەکە ماددیە.

ئاژاوەی زانست

   گەیشتنی متمانەکردن بە زانست تا ڕادەیەک وەکو داستانە یۆنانییەکانی لێ هاتووە لە بەرانبەر باسکردنیان بۆ خواکانیان و پیرۆزکردنیان، بەڵکو بەداخەوە "پیرۆزکردنی زانست" بووە بە بابەتێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی تاکەکانی ئەمڕۆمان. سنوورێک وێنا کراوە لە دەوروبەری کە سنووری ڕاستیی خۆی تێپەڕاندووە و زۆر گەورە کراوە، وەکو زۆربەی ئامرازەکانی تری ژیان کە لە ئامرازبوونیانەوە بۆ ئامانجی ژیان گۆڕاون!

   لێرەدا شایەنی باسە ئاماژە بەوە بدەین، بە گۆڕانی ئامرازێک بۆ ئامانج، کۆمەڵێک کێشە دروست دەبن لە بری سوود! یەکێک لە کێشە زەقەکانی پیرۆزکردنی زانست، بریتییە لەوەی زانست دەست بەسەر زۆربەی نەزانین و بۆشاییەکانی تێگەیشتنی مرۆڤەکاندا دەگرێت، زۆرجار بەتەواوی دەبێتە ڕێنیشاندەر و سەرچاوەیەکی تێکڕا پشتپێبەستراو کە تاکەکان بۆی دەگەڕێنەوە دوور لە دینی خوا، لە کاتێکدا تاکی ئیماندار دەبێت ئایین پێش بخات لە بەرانبەر زانست، بەڵام لەبری ئەوەی لە ڕێگەی زانستەوە خزمەتی دین بکەن و، دین ڕوون بکەنەوە و پەیامی ئایینەکە بە خەڵکی ئاسانتر بگەیەنن، زانست پیرۆزتر دەکەن!

   ڕوونیشە کە ئەم جۆرە لادانە لە ڕێگەی کۆمەڵە کەسانێکەوە دروست دەکرێت و پەرە پێ دەدرێت کە بە دوای بیرکردنەوەیەکی ڕواڵەتجوانی تێکدەری عەقڵ و ئایینەوەن.

   مەترسییەکی تری ئەم بابەتە ئەوەیە، کەساییەتییە کاریگەرەکانی کۆمەڵگە کاریگەر بن بەم باسەوە، بۆ نموونە هەندێک جار دەبینین بیرمەند و نووسەر و بانگخواز و ڕۆشنبیرەکانمان ڕوو دەکەنە باسکردنی هەندێک لەم بابەتانە و باوەڕ بە خورافیاتێکی "زانست" دەهێنن، دواتر بەهۆیانەوە لەنێو خەڵکیدا بڵاودەبێتەوە. لێرەیشدا بڵاوبوونەوەی لەنێو خەڵکدا کێشە گەورەکە چینی "عەوام"ـە، ئەوانەی وا دەزانن زانست هەمووی دروستە، باوەڕ بە هەموو شتە بیستراو و بینراوەکانی بە ناو زانستەوە دەکەن، ئیدی ڕاستی بێت یان پڕ بێت لە ناڕاستی و ناڕێکی. هەروەکو دەزانین، لە توانای هەموو تاکێکدا نییە بیستراو و بینراوەکان لە فلتەر بدات و تێ بگات کامیان ڕاستییە و کامیان لە ڕاستییەوە دوورە، بەتایبەتی لە کاتی ورووژاندنی بابەتەکە ئەگەر وترا بە پشتبەستن بە فڵانە سەرچاوەی زانستی باوەڕپێکراوە، ئەودەم تاکی عەوام بەبێ ئەوەی لێکدانەوەی بۆ بکات و لە ناوەڕۆکەکەی بکۆڵێتەوە کە زۆرجار دژایەتی عەقیدە و بنچینە دینییەکانیەتی، باوەڕی تەواوی پێ دەهێنێت!

   ئەم هەنگاوی دەرکردنی زانستە لە ڕێڕەوەی خۆی و دانانی لە شوێن و پێگەیەکی بەرزتر لە هیی خۆی، پشتگیری لە پیرۆزترکردنی بابەتەکان و گۆڕانی پێناسەی ڕاستەقینەی شتەکان دەکات کە بەم جۆرەیش دژایەتیی ئایین دەکەن. سەرەڕای تێکەڵکردنی ڕاستییەکان لەگەڵ کۆمەڵێک لە ناڕاستی یان گۆڕان و شێواندنی ڕاستییەکان بەجۆڕێک لەگەڵ درۆکاندا یەک بگرنەوە، ئەنجامی تاقیکردنەوە زانستییەکان ئاشکرا دەکرێن، مۆری سەرکەوتنی تاقیکردنەوەی زانستی پێ دەبەخشرێت و لە هەڵسەنگاندنیشیدا پلەیەکی بەرزی پێ دەدرێت، بۆیە هیچ دەرفەتی گفتوگۆکردن یان ڕەتکردنەوەی بابەتەکە نامێنێتەوە، وردە وردە لەنێو خەڵک و کۆمەڵگەدا بیرۆکەکە بڵاو دەکرێتەوە، بەڵکو لەپێناویشیدا یاسای حوکمدان و بەڕێوەبردن دادەمەزرێندرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بە پلانێکی داڕێژراو هەنگاو لە دوای هەنگاو دەبێتە هۆی تێکدانی "فیترەت"ی ئینسان و ڕاکێشانی لە کۆتا بەشەکانی مرۆڤایەتی! بەم جۆرەیش، دەگەینە حاڵێک تێیدا حەق باتڵ دەبێتەوە. ئەمەیش هەمووی بەهۆی کاریگەریی ئەم پلان و چالاکییانەوە سەرهەڵدەدات کە لە ڕێگەی پیرۆزکردنی زانستەوە دروستیان کردووە!

زانینی بڕێکی کەمی زانست سەرلێشێوانە!

   خێرایی کە زۆر شتی گرتووەتەوە، یەکێکە لەو بابەتانەی کە زۆر بەتوندی تووشی بووینە، لە لێکەوتەکانیشی ئارەزووکردنە بۆ فێربوونی زانست بە شێوەیەکی خێرا بەبێ هیلاکبوون و بەخشینی کاتێکی زۆر پێی! ئەم بیرۆکەیەیش لەو پرۆگرامانە دەبینین کە لەژێر ناونیشانی "پرۆگرامێکی زانستی" کۆمەڵە بابەتێکیان خستووەتە ڕوو بەشێوەیەکی کورتکراوە کە بیروباوەڕێکی لاوازە و ڕای کەمینەیە لە بابەتەکەدا و خزمەت بە کۆمەڵێکی دیاریکراو دەکات. لەم حاڵەتەیشدا، بینەرەکە سوودێکی وای نەبینیوە لە بابەتەکە کە بۆ ژیانی ڕۆژانەی یان لە زانستەکە قازانجی لێ بکات یان بتوانێت بۆ کەسێکی تری بگوازێتەوە. ئەمانە تۆپەڵێکی بچووکن لە زانستەکە و تەنیا بەشی کوژاندنەوەی پەرۆشیمانە بۆ بابەتەکان و زۆرجار دوای ماوەیەکی کەم لەبیرمان دەچێتەوە، بەڵام ئەوەی کە لەبیر ناچێتەوە ئەو خاڵە ناڕاستانەن کە لە ڕێگەی بابەتەکەوە بە زیرەکانە پێمان گەیەنراوە. ئەوەی بە خەیاڵی وەرگرەوە نووساوە ئەمانەیش وردە وردە کەڵەکە دەکەن لە کۆتاییدا و دیدگەیەک بەرهەم دەهێنن کە خورافیات و زانیاری هەڵەی زۆری تێدا کەڵەکە بووە، دانان بە خراپەی بەهۆیەوە کەم دەبێتەوە، ئەمە ئەگەر یەکێک نەبوو لە لایانگرانی بیرۆکە لەڕێلادەرەکان، بەو پێیەی ئەم بابەتە لەڕێلادەرانە وەکو تاقیکردنەوەیەکی سەرکەووتووی پلە بەرز دەرکەوتووە بەو جۆرەی کە لە پێشووتردا باسمان کرد.

   لە مەترسیدارترینی ئەم بابەتە، لەڕێدەرچوونی عەقیدەی موسڵمانەکانە، کە ئەمڕۆ لەنێو موسڵماناندا بڵاوبووەتەوە! بەتایبەتی لەنێوان نەوە تازەکاندا کە زۆر دوورن لە هەر زانستێکی بەسوود، بۆیە ئەم سەرچاوە زانستە ناڕاستانە دەبنە سەرچاوەی سەرەکییان و پشتی پێ دەبەستن کە نە ڕەت دەکرێنەوە نە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

   حەتمەن لەلای موسوڵمان شتێک بەهادارتر نییە لە عەقیدەکەی! خوای گەورە کۆمەڵێ کەسی تەرخان کردووە بۆ وەڵامدانەوەی گومانەکان و پرسیارەکانی ئەم کۆمەڵە خەڵکە و دیاریکردنی لەڕێدەرچوون و کێشەکانیان.

   هیچ زیانێکمان تووش نابێت ئەگەر خوای گەورە زانستی حەرام کرد و عەقیدەیەکی وەکو لاپەڕەیەکی سپی پاک بۆ هێنابێتین، ئەودەم پلەیەکی بەرزتری لە زانست و هەموو دونیایش دەبێت بۆمان.

   بۆیە سەلامەتیی عەقیدەکەمان لە هەموو زانستێک پێویستترە بۆمان. ناسینی خودایش بەسە بۆمان لە هەر ناساندنێکی تری دروستکراوەکان کە دروستکەر لێی بێبەری بێت. ئەگەریش تاکێکمان کێشەی هەبوو لە جیاکردنەوە و ناسینەوەی باش و خراپی ئەوەی دەیبیستێت و دەیخوێنێتەوە، ئەوە پێویست دەکات خۆی بەدوور بگرێت لە هەموو ئەو بابەتانە، هەروەها زانست تەنیا لەلای ئەو کەسانەوە وەربگرێت کە جێی متمانەن و لە هەموو ڕووەکانییەوە لێی تێبگات و بۆی ڕوون ببێتەوە. بەم شێوەیەیش سوود و زیانەکانی بۆ ڕوون دەبێتەوە و هەڵناخەڵەتێنرێت بەوەی کەسانی تر پێی هەڵخەڵەتێنراون.
تاگەکان    
تەنیایی نەتەوایەتی پۆدکاست موناجات فێمینیزم تەلارسازی چیرۆک کرێکار یاسا کورد ڕانانی_کتێب دەروونی ژیانی پێغەمبەر ئیسرائیل ئایا_سۆفیا
فیکر
2021-09-14 کۆمێنت 7 خولەک بۆ خوێندنەوە 408 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی