شێوازی ژیان، تێڕوانین دادەڕێژێت

نووسینی: تەسنیم ڕاجح وەرگێڕانی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2021-07-14 کۆمێنت 838 جار بینراوە
من وا دەزانم، زۆربەی گومانە فیکرییەکان یان کێشە بیروباوەڕییەکان، کە ڕووبەڕووی گەنجان و تازەلاوانی ئەم سەردەمە دەبنەوە؛ تەنیا لە ڕێگای مشتومڕی زانستی و گەنگەشەی فیکری و بەڵگەسازیی عەقڵییەوە چارە ناکرێن؛ ئەسڵەن زۆر پەیوەندیی بە بەهێزیی مشتومڕەکە یان توانست و کارامەیی کەسی ڕوونکەرەوە یاخود زۆریی ئەزموون و بلیمەتیی کەسی قسەکەر لە ڕووە زانستی و دەروونییەکەوە نییە؛ هەرچەندە مشتومڕ و قەناعەتکردن بە بەرانبەر لە ڕێگای بەڵگەی عەقڵی و زانستییەوە، کارێکی فرە گرینگ و پێویستە؛ بەڵام زۆربەی جار، بەس نییە و بابەتەکە ڕەهەندی دیکەی لە خۆ گرتووە.

   ئاخر بونیادی کەسایەتیی تاکەکان، لەو شتانە پێک هاتووە کە ڕۆژانە لە ڕێگای هەستەوەرەکانیەوە بەری دەکەون؛ بێگومان تەواوی ئەو دیمەن و قسە و جووڵە و وێنانەی لە ڕێگای هەستەوەرەکانەوە دێنە ناومانەوە، چ بمانەوێت یاخود نا، کاریگەرییان لەسەر دەروونی بنیادەم هەیە؛ دووبارەبوونەوەی ئەو شتە خراپانەی ڕوو لە دەروون دەکەن، ئەگەر چارە نەکرێن، لێکەوتەی خراپیان دەبێت و بە دونیایەک دەرهاویشتەی پیس و مەترسیدارەوە، ناخی ئینسان لە ڕووی فیکر و هەست و ڕەفتارەوە، بۆگەن و خراپ دەکەن.

   وەختێک لەبارەی فێڵ و هەڵفریواندنەکانی فیکری فیمینیزم و جوانی و گونجاوی و بەویژدانیی شەریعەتی ئیسلامەوە بۆ ماوەی چەندین سەعات لەتەک ئافرەتێکدا دەدوێم، دوور نییە لە لووتکەی ڕاشکاویدا، قەناعەت بە قسە و بیروڕاکانم بکات؛ بەڵام ئەم قەناعەت و بیروباوەڕانە هەرگیز لە هەست و ڕەفتارەکانیدا ڕەنگ نادەنەوە، مەگەر ئەوەی کە  شێوازی ژیان و ڕۆتینەکانی ڕۆژانەی بگۆڕێن؛ ئاخر تا ئەو وەختەی زۆربەی ساتەکانی ڕۆژانەی لە پرۆسەیەکی فێرکاریی سیکۆلار و دانیشتن و گەمە و گاڵتەی نێو قاوەخانە و کافتریاکان و تەماشاکردنی بەرهەمەکانی هۆڵیوودەوە بەسەر ببات، بێگومان قەتاوقەت ناگۆڕێت و کەسایەتییەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە؛ بەڵکو دوای تێپەڕبوونی چەند حەفتەیەک، شتێکی وای لەبارەی مشتومڕ و دەمەتەقێ فیکرییەکەمانەوە بیر ناکەوێتەوە، ئەوە نەبێت تەنیا وەک باسوخواسێکی خۆش و چێژبەخش و سەرنجڕاکێش یادی دەکاتەوە؛ ڕێک وەک چۆن بە دەست هاوکێشەیەکی بیرکارییەوە گیری خواردبێت و بۆی حەل نەکرابێت، بەڵام دواتر بۆی ڕوون کرابێتەوە و بەسەریدا تێپەڕیبێت و کۆتایی پێ هاتبێت؛ بە هەمان شێوە مامەڵەی لەتەکدا دەکات.

   ڕاستییەکەی، ئەوە بەرنامەی ڕۆژانە و شێوازی ژیانە کە تابلۆی کەسایەتیی ئینسان دەکێشێت؛ هەر وەک د. عەبدوڕەحمان زاکیر هاشمی دەڵێت: «ئەو شتانەی پاتە دەبنەوە، ڕیشە دادەکوتن و لە دەرووندا دەچەسپێن.»

   پێدەچێت کەسێک بڵێت: چۆن دەتوانیت بەو شێوەیە بڕیار لەسەر گشت کەسێک بدەیت و لەبارەی کاریگەرییەکانەوە هێندە مکووڕ بیت؟! من کەسێکی بەهێز و دامەزراوم و زۆر لەوە بەتواناترم ئەو شتانە کاریگەریم لەسەر جێ بهێڵن؛ بەڵکو من دەتوانم تەماشای هەزار فیلمی هۆڵیوود بکەم و هەر خۆم چاک و خراپ، پیس و پاکیان لێک جودا بکەمەوە و هیچ شتێکیش کارم تێ نەکات.

   منیش پێی دەڵێم: سەرەتا، پشت بە خودا ببەستە و داوای لێ بکە؛ بۆ چاوترووکانێکیش نەتداتە دەست خۆت، ئینجا ئەوەیش لە بیر نەچێت؛ بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو دامەزراوی و خۆڕاگرییەی خودا بە دڵی تۆی بەخشیوە، هەردەم لە پەروەردگارت بپاڕێرەوە؛ ئاخر دڵی بنیادەم فرە ناجێگیرە و شیاوی گۆڕان و وەرچەرخانە.

   پاشان بگەڕێرەوە بۆ ئەو شتانەی ڕۆژانە لە ڕێگای بینین و بیستن و چەشتنەوە بەر تۆ دەکەون؛ ئاخر چ بتەوێت یاخود نا، ناخی تۆ لەگەڵ تەواوی هاندەرەکانی دەوروبەردا کارلێک دەکەن و ڕێک کەسایەتیی تۆیان لێ دروست دەبێت؛ دەبێت لە خۆت بپرسیت، ڕێژەی چاکە لەو شتانەدا چەندە کە شەووڕۆژ دەچنە نێو فیکر و خەیاڵ و دڵتەوە؟! 

   ئەرخەیان بە، سەرتاپای ئەم شتانە، بە بچووک و گەورەیانەوە، بە کەم و زۆریانەوە، کاریگەرییان لەسەر تۆ دەبێت و کەسایەتیت دادەڕێژن؛ ئینجا لە زمان و هەڵسوکەت و تێڕوانینەکانتدا ڕەنگ دەدەنەوە.

   ئەوەیشت لە بیر نەچێت، کاریگەرییەکانی وێنە و دیمەن و ڤیدیۆ و باسوخواسەکانی ڕۆژگار لەسەر ناخ و تێڕوانینی تۆ، بەستراوەتەوە بەوەی تا چەند بە عەقڵێکی ڕەخنەگرانەوە لە شتەکانی دەوروبەر دەڕوانیت و لای خۆتەوە شیتەڵ و شەنوکەویان دەکەیت؛ ئاخۆ وەختێک شتێکی خراپ یان پیس یاخود پووچت بیست و بینی، لای خۆتەوە بە خراپت لە قەڵەم دا یان نەخێر؛ هەروا سەراوییانە بەسەریدا ڕۆیشتیت؟!

   ئاخۆ وەختێک چوویت یان تەماشات کرد، یاخود گوێبیستی بوویت؛ تەنیا بۆ ئەوە نەبوو تا لە ڕێگای گەپ و چێژ و بێئاگایی و ئەزموونکردنی ئارەزووەکانەوە، لە واقیع ڕابکەیت و پەنا بۆ هەندێک لەو چێژە کاتی و بەنجە خێرایانە ببەیت کە ئامانجی ژیان و بوونی خۆتت لە بیر دەبەنەوە؟!

   لە خودای دلۆڤان دەپاڕێینەوە، خۆمان و تازەلاوان و گەنجەکانمان بۆ پێگەیشتن و تێگەیشتن و دامەزراوی و پاکە و چاکە هیدایەت بدات.
تاگەکان    
کۆرۆنا نەتەوایەتی جەنگی هۆشیاری ڕەخنە مۆدێرنیتە تەوبە موناجات فیلم زمان زانست شیعر فەلسەفەی ئەخلاق نوێژ مۆدێرنە یادەوەری
فیکر
2021-07-14 کۆمێنت 838 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی