خۆزگە مرۆڤ دەبووم!
نووسینی: محەمەد قانع
ئەدەب
2021-07-04
کۆمێنت
2657 جار بینراوە
ڕۆژێک باڵندەیەک
لەسەر دارێک ڕادەوەستێ و دەبینێت مێروولەیەک، بە خەمەوە دانیشتووە و فرمێسک بە چاوەکانیدا
دێتە خوارەوە. باڵندەکە لێی دەپرسێت و دەڵێت:
ـ ئەی مێروولەی
جوان بۆ دەگیریت؟
ئەویش لە وەڵامدا
دەڵێت:
ـ خۆزگە مرۆڤ
دەبووم!
باڵندەکەیش بەسەڕسووڕمانەوە
دەڵێت:
ـ بۆ ئەو ژیانەی
تۆ تێیدایت چی عەیبێکی هەیە؟
ـ ئێمە لەلایەن
مرۆڤەکانەوە زۆر دەکوژرێین. ئینجا بێ لەوە، ئەوان ژیانیان زۆر لە ئێمە خۆشترە، چییان
بووێت دەیکەن و چییان نەوێت نایکەن ...
باڵندەکەیش قسەکانی
پێ دەبڕێت و پێدەکەنێت و دەڵێت:
ـ مرۆڤ بێجگە
لەوشتانە، زیانی زۆری بۆ ژینگە هەیە. بۆ نموونە ئۆتۆمبێل بەکار دێنێت بۆ کاروبار و
ژیانی ڕۆژانەی، بەڵام ئۆتۆمبێل پێویستی بە بەنزین هەیە، کە یەکێکە لە هۆکارەکانی لەناوبردنی
ئۆکسجین و زیادبوونی دووانەئۆکسیدی کاربۆن. ئۆتۆمبێل ڕۆن بەکار دێنێت، ئەویش وەک و
بەنزینە و ئیدی ...
مێروولەکە لێ ناگەڕێت
قسەکانی تەواو بکات فرمێسکەکانی دەسڕێت و دەڵێت:
ـ ئەی باڵندەی
هاوڕێم، تۆ چۆن ئەو شتانە دەزانیت؟ خۆ تۆ مرۆڤ نەبوویت بووبیت بە باڵندە!
باڵندەکەیش گوتی:
ـ ههههه، نا نەخێر
مێروولەی هاوڕێم، من مرۆڤ نەبووم!
ـ ئەی ئەو
شتانە چۆن دەزانیت؟
ـ ڕۆژێک لەسەر
داری ماڵێک نیشتمەوە، ئەو ماڵە زۆر خانەدان بوون. بینیم کوڕەکەیان دەگریەت و بە کەس
هێور نەدەبووەیە. داپیرە پیرەکەی بە گۆچانەکەی دەستیەوە دانیشت لەلای کوڕەکە و پێی
گوت:
ـ ڕۆڵەی شیرینم
بۆ دەگریت؟
کوڕەکە وەڵامی
دایەوە:
ـ خۆزگە باڵندە
دەبووم!
داپیرەکەی بەو
قسە زۆر پێکەنی و گوتی :
ـ بۆچی؟
ـ مرۆڤ زیانی
زۆری بۆ زەوی هەیە و دەبێتە هۆی لەناوبردنی ژینگە. بۆ نموونە بیەوێت داهێنانێک
بکات، بە هۆی ئەو داهێنانەوە چەند شتی تر لەناو دەبات. بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل کە بەنزین
و ڕۆن و چەندان شتی تر بەکار دێنێت، زیانیان بۆ ژینگە هەیە. زیادبوونی کارگەکان و
زۆربوونی ژمارەی بوارە ئەلیکترۆنییەکان و زۆر شتی تر ...
داپیرەکەی دەیزانی
قسەکانی زۆر ڕاستن بەڵام دەبێ شتێک بکات بۆئەوەی دڵی منداڵەکە خۆش بکات، بۆیە گوتی:
ـ کوڕی خۆم،
باڵندەکانیش زیانیان هەیە؛ بۆ نموونە لەسەر وایەری ماڵەکەتان دەنیشێتەوە و دەبێتە
هۆی پچڕانی کارەباکە. بەیانیان بە هۆی جریوە جریوەی ئەوانەوە لە خەو هەڵدەستیت و هەروەها
دارەکان کون دەکەن و زیانیان بۆی هەیە.
منداڵەکە بێدەنگ
بوو و چووەوە بۆ ماڵەوە و منیش لەسەر دارەکە فڕیم.
مێروولەکە گوتی:
ـ ڕاست دەکەیت
هاوڕێم، ئەم چیرۆکەی تۆ سوودی بۆ من زۆرە. منیش ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ماڵێکدا بەدوای
خواردندا دەگەڕام، بینیم منداڵێک دانیشتووە و دەگریەت، باوکەکەی هات بۆ لای و گوتی:
کوڕم بۆ دەگریت؟
ئەویش گوتی:
ـ باوکە حەزم
لێیە ببم بە مێروولە، ئەوان ژیانیان زۆر خۆشە، یەک دەنکە گەنم بەشی ساڵێکیان دەکات،
یان ئەوان لەژێر زەویدا دەژین، ئەوان وڵات و ئەم وڵاتیان نییە و شەڕ لە نێوانیاندا
دروست نابێت.
باوکیشی گوتی:
کوڕم حەزت لێیە
مێروولە بیت؟ باشە ئەوە حەزت لێ بوو، حەزت لێیە لەلایەن مرۆڤەکانەوە بکوژرێیت؟ حەزت
لێیە لە وەرزی هاویندا بەدوای خواردندا بگەڕێیت و بە درێژایی وەرزی زستان لە خەودا
بیت؟ حەزت لێیە لەلایەن ئاژەڵی دیکەوە ڕاو بکرێیت یان بکوژرێیت و بخورێیت؟
کوڕەکەیش بەسەرسووڕمانەوە
گوتی:
ـ بۆ باوکە، ژیانی
مێروولە ئاوهایە؟
باوکەکە گوتی:
بەڵێ.
منداڵەکەیش گوتی:
مێروولەبوون زۆر ناخۆشە، مرۆڤ بیت باشترە.
ئەی باڵندەی
هاوڕێم، من بە قسەی ئەو منداڵە ڕای خۆم گۆڕی بۆ ئەوەی ببم بە مرۆڤ.
باڵندەکەیش گوتی:
چیرۆکەکەی تۆ
پەند و ئامۆژگاریی زۆری تێدایە گەر لێی تێبگەیت. ئینجا نابێت بە قسەی کەسێ ڕای خۆت
لە ژیاندا بگۆڕیت، هەر گیانلەبەرێک زیانی هەبێت، لەلای ئەوەیشەوە سووودێکی زۆری هەیە.