بنیاتنانی شوێنێکی نوێی پەرستش و ڕووحانییەت؛ لەنێوان جوانیی هەستەپێکراو و ڕاکردن لە واقیعدا

نووسینی: ڕایە عوتوور وەرگێڕانی: سومەیە قانع
فیکر 2021-06-13 کۆمێنت 1518 جار بینراوە
لەم ژیانە سەردەمییەدا، گۆڕانکارییە کاتی و شوێنییەکان بە خێراییەکی زۆر پێشبینی‌نەکراو ڕوو دەدەن! بە ڕادەیەک، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا دەتوانین بە نێو کیشوەرە فراوانەکانی زەویدا بگەڕێین. ئەم گۆڕانەیش لە خێرایی گواستنەوەدا کاریگەریی لەسەر تاکەکان جێ هێشتووە، هەستیان پێ کردبێت یان هەستیان پێ نەکردبێت.

   زۆر گرنگە لە چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی دروستی مرۆڤەکان بۆ ئەم بارودۆخەوە تێبگەین. هەروەها تێبگەین چۆن لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەی دونیای ماددیدا خۆمان بگونجێنین. ئەگەر پێی ئاشنا نەبین و بە پێی پێویست بەرانبەری هۆشیار نەبین، لەوانەیە ببینە قوربانیی نەفامی و بکەوینە داوی تەڵەکەوە، بە ڕێگەدانمان بۆ ئەم ژینگەیە کۆنتڕۆڵمان بکات. لە ئەنجامدا، دەبینە کەسانێکی ڕووخاو و ماندوو بە هۆی ئەم هەموو گۆڕانکارییەوە. وامان لێ دێت تەنها دەمانەوێت بۆ ماوەیەکی کاتی لەم جیهانە جەنجاڵە دوور بکەوینەوە و خۆمانی لێ جیا بکەینەوە.

   بەم جۆرەیش، دەسەڵاتی تەواوەتی بەم ژینگەیە دەدەین، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی تێگەیشتن و هۆشیاریمان بەرانبەر بە واقیع بکات. ئەمەیش وا دەکات وەڵامدانەوەکانمان و ئاراستەی هەنگاوەکانمان ئاشکرا و چاوەڕوانکراو بن. وامان لێ دەکات وەکو کۆیلە و کەسانێک دەربکەوین، کە لە ژێر کاریگەریی ماددە بێهۆشکەرەکاندا بین! لە کاتێکدا ئێمە وا هەست دەکەین کە لە غەمی ئێمەدان، بەڵام ڕاستییەکەی، پێش بەئاگاهاتنەوەمان و ڕووبەڕووبوونەوەمان بە واقیع، دیسانەوە بڕێک لە ماددە بێهۆشکەرەکەمان پێ دەدەنەوە، بۆ ئەوەی بەردەوام بین لەم سووڕە نائاگاییە دووبارەیە!

سروشتی ئایینداری و ژینگەی مرۆڤەکان

   ئایینی ئیسلام، کە خاتەمی هەموو ئایینەکانە، ئایینێکی کامڵە. تەواوی باسەکانی دونیا و دواڕۆژی لە خۆ گرتووە. چ مافی خولقێنراو بێت، یان مافی خولقێنەر. داوای لێمان نەکردووە ببینە ڕەهبەر، یان لە صومعەکانی(١) سەر چیاکان خەڵوەت بکەین. لە هەمان کاتیشدا، ئیسلام بابەتی پەرستشی پشتگوێ نەخستووە. ڕێگەی نەداوە هەر کەسێک و ڕێگەیەکی تایبەت بە خۆی بنیات بنێت، کە دواتر ئەنجامی ئەمەیش دەبێتە هۆی پیرۆزکردنی جوانی و کەوتنە دوای ئارەزوو و خۆشییەکانمان. خۆشی و حەز و ئارەزووەکانمان دەکەین بە چاکە «خەیر». هەر بۆیە ئیسلام، لە جێبەجێکردنی پەرستشەکاندا مەنهەجێکی ڕوونی بۆمان داناوە. لە سەرمان پێویستە لێی تێبگەین و جێبەجێی بکەین. بۆ ئەوەی بە موستەقیمی و ئاسوودەیی بژین.  لە کاتی بنیاتنانی شوێنە پەرستشییەکاندا، ئەندازیاران پەنا بۆ دیزاینی شێوە و زەخرەفەی سەرنجڕاکێش دەبەن، هزر و هۆشی مرۆڤ بە لای خۆیانەوە ڕادەکێشن. ئەوەیشی کە لەم دایزانانە سەرنج ڕادەکێشن، پەیوەستە بە دوو شێواز «ستایل»ـی ڕوونەوە.

   شێوازی یەکەمیان، لە جوانییە هەستییەکاندا چڕ دەبێتەوە. پشت بە ڕێکخستنە ئەندازیارییە جیاواز و ڕەنگە جوانەکان دەبەستێت.

   شێوازی دووەمیانیش، لەوانەیە لە شێوە و بە پێی پێوەرە ماددییە هەستپێکراوەکان، جوان نەبێت؛ کەچی کاریگەری دەخاتە سەر هۆشیاری و ئیدراک و هەستەکان. لە ڕێگەی پشت‌پێ‌بەستنی بە ئامرازی ڕاچەنین «سوپرایزکردن». ئەمەیش لە ڕێگەی گۆڕانکاریکردن لە شێوازە ئاسایی و چاوەڕوانکراوەکانی شتەکان لە دیدی مرۆڤەوە، بە دروستکردنی ستایل و وردەکاریی چاوەڕواننەکراوی ناباو، کە پێشتر لە ژینگەی مرۆڤەکاندا نەبینرابێت.

   ئەمەیش کاتێک ڕوو دەدات، تەرکیز دەخرێتە سەر کاریگەربوونی دیزاینەکە لە بەرانبەر هەستە هزری و بنەما فیکرییەکانی مرۆڤ. لە نموونەکانی داهاتوودا ئەم باسە زیاتر ڕوون دەکەینەوە.

باڵاخانەی ڕاگوزەر

   لە زۆرێک لە وێنەکانی باڵەخانە نوێیەکان، کە بەم ستایلە بنیات نراون، دووریەکانی نێوان بەشەکانی دیزاینەکە دیاری نەکراون، دووریەکان جێگر نین، بەڵکو لە یەکتر جیاوازن. شێوەی دیزاینی شوێنەکە، ناسنامەیەکی دیاریکراو و ئاشنا و باوی نییە. بەڵکوو شێوەی دیزاینەکە لەنێوان بەشە جیاوازەکانی و لەنێوان بەشی دیزاینی باڵەخانەکەدا لە حاڵەتی گواستنەوەیەکی بەردەوامی گۆڕاو و نوێدا دەبێت. بەم جۆرەیش، ڕووحانیەتی تێدا نیشان دەدرێت، کە بۆشایی نێوان زەوی و ئاسمان دەنوێنێت.

   لە هەردوو ستایلەکەدا، دیزاینەرەکە هەستی جیاواز پەخش دەکات. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئەو هەستانە چین کە باڵەخانەکە دەیدرکێنێت؟ ئایا گونجاوە، لە شوێنێکی زۆر گرنگی ژینگەی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا، ئەندازیار کۆنتڕۆڵی هەست و هۆشیارییان بکات؟ ئایا هەموو هەستەکان ویستراو و پەسەندکراون؟ ئایا دەکرێت پێوەرەکانی سەرکەوتووبوونی ئەندازیارەکە ببەستینەوە بەوەی ئایا بەرهەمەکانی بەرانبەر هۆشیاری و هەستەکان [ئارامی، ترس، دڵتەنگی، دڵخۆشی] چەندێک کاریگەرن؟ تا چی ڕادەیەک، ئەندازیاری تەلارساز دەتوانێت لە شوێنە ئایینیەکاندا کۆنتڕۆڵی ژینگەی گونجاو بکات؟ چی کاتێک، کاری ئەندازیارەکە دەبێتە تاوانێکی ئەخلاقی وڕێگر دەبێت لە دروستکردنی هەستکردن بە پەیوەندییەکی تەنیایی لەنێوان بەندە و خودادا؟

پەرش‌وبڵاوی و هەڵسوکەوتی بێ بیرکردنەوە بەشێك نییە لە ئیسلام و سوودێکی نییە.

   دەشێت هەندێک وا تێبگەن کە ئاڵۆزبوونی فیکر و ناجێگری، یەکێک بێت لە وێستگەکانی ڕێگەی سەفەری ڕووحانییەت. ڕاستییەکەی، ئایینی ئیسلام ئەم بابەتە ڕەت دەکاتەوە و بە پێچەوانەوە، داوا لە مرۆڤەکان دەکات کە لە بەرانبەر ئارەزووە گومڕێکەرەکاندا موجاهەدەی نەفسی خۆیان بکەن! جیاوازییەکی گەورەیش لەنێوان ئەم دوو بارەدا هەیە، کە موجاهەدە لەسەر بنچینەی هۆشیاری و زانینەوە ڕۆ دەنرێت، ئامانجەکەی پاكبوونەوەی نەفس و پابەندبوونیەتی بە کارە پەسەندەکان و دوورکەوتنەوەیەتی لە بەبایەخکردنی حەز و ئارەزووەکان. پەرش‌وبڵاوبوونیش بە پێچەوانەوە، لەسەر بناغەی حەز و ئارەزووەکان چێ دەکرێت.

   سەبارەت بەم بابەتەیش ئەم ئایەتە پیرۆزەمان هەیە:
(أَفَمَن يَمْشِي مُكِبًّا عَلَىٰ وَجْهِهِ أَهْدَىٰ أَمَّن يَمْشِي سَوِيًّا عَلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ) [المُلك: ٢٢]

   «قرطبی» لە شیکردنەوەی ئەم ئایەتەدا دەڵێت: «خوا ئەم نموونەیەی بۆ لێک‌جیاکردنەوەی ئیماندار و کافر هێناوەتەوە. «مُكِبًّا» یانی بە سەرشۆڕی ڕێ تەی دەکات، نە پێشی، نە لای ڕاست و نە لای چەپی خۆی دەبینێت، بۆیە لە بەدەمداکەوتن و برینداربوونی پارێزراو نابێت. ئایا ئەمە هەمان بارودۆخی کەسێکی دەبێت کە «يَمْشِي سَوِيًّا» نەرمڕەوە و سەربەرزانە لە پێش و ڕاست و چەپی خۆی دەڕوانێت؟)، لێرەدا لەوە تێدەگەین، کە تەجروبەکە نابێتە خودی ئامانجەکە. هەروەها هەبوونی هەستەکان و هەبوونی وەڵامدانەوە بۆ ژینگەی دەوروبەر مانای ڕاستەقینەبوونی ئەزموونەکە نییە.

چەمکی ڕووگە لە ئیسلامدا

   خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: (قَدْ نَرَى تَقَلُّبَ وَجْهِكَ فِي السَّمَاءِ فَلَنُوَلِّيَنَّكَ قِبْلَةً تَرْضَاهَا فَوَلِّ وَجْهَكَ شَطْرَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ وَحَيْثُ مَا كُنْتُمْ فَوَلُّوا وُجُوهَكُمْ شَطْرَهُ وَإِنَّ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ لَيَعْلَمُونَ أَنَّهُ الْحَقُّ مِنْ رَبِّهِمْ وَمَا اللَّهُ بِغَافِلٍ عَمَّا يَعْمَلُونَ). [البقرة: ١٤٤]

   واتا: [قَدْ نَرَى تَقَلُّبَ وَجْهِكَ فِي السَّمَاءِ] پێغەمبەرى خوا -دروودی خوای لەسەر بێت- شازدە یان حەڤدە مانگ نوێژى كرد ڕووى دەكردە قودس، پێى خۆش بوو روو بكاتە كەعبە، خواى گەورە ئەم ئایەتەى دابەزاند، (الصحيح المُسنَد): ئەی محمد دەبینین كە تۆ ڕوو دەكەیتە ئاسمان و تەماشای ئاسمان دەكەیت و پێت خۆشە كە قیبلەكەت بۆ بگۆڕین بۆ كەعبەی پیرۆز، [فَلَنُوَلِّيَنَّكَ قِبْلَةً تَرْضَاهَا] دەبێت ڕووت وەربگێڕین بۆ قیبلەیەک كە خۆت پێی ڕاز ببیت كە كەعبەی پیرۆزە [فَوَلِّ وَجْهَكَ شَطْرَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ] دەی ئێستا ڕووت وەرگێڕە بۆ كەعبەی پیرۆز. كە لەناو نوێژی عەسردا بوون ڕوویان وەرگێڕا بۆ كەعبەی پیرۆز، یاخود دوو ڕیكاتى نوێژى نیوەڕۆیان كردووە ڕووەو قودس پاشان دوو ڕیكاتەكەى تر ڕوویان لە قیبلە كردووە لە مزگەوتى بەنى سەلەمە بۆیە پێى دەوترێت مزگەوتى قیبلەتەین، بەڵام مزگەوتى (قوباء) لە ڕۆژى دواتر هەواڵیان پێ گەیشت لەناو نوێژى بەیانى بوون ڕوویان وەرگێڕا بۆ كەعبەى پیرۆز [وَحَيْثُ مَا كُنْتُمْ فَوَلُّوا وُجُوهَكُمْ شَطْرَهُ] ئێوەیش ئەی موسوڵمانان لە هەر شوێنێكدا بوون ئیتر لە نوێژکردنتاندا ڕوو بكەنە كەعبەی پیرۆز [وَإِنَّ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ لَيَعْلَمُونَ أَنَّهُ الْحَقُّ مِنْ رَبِّهِمْ] ئەوانەیشی كە ئەهلی كیتابن دەزانن ئەم گۆڕینی كەعبەیە حەقە و ڕاستە لەلایەن خوای گەورەوەیە و لە كتێبەكانیاندا باس كراوە [وَمَا اللَّهُ بِغَافِلٍ عَمَّا يَعْمَلُونَ (١٤٤)] خوای گەورە غافڵ و بێ ئاگا نییە لەو كردەوانەی كە ئەوان ئەنجامیان دەدەن.

   لێرەدا دەتوانین گرنگیی هەبوونی ڕووگەمان بۆ ڕوون ببێتەوە. ئاراستەی هەموو موسوڵمانان لە جیهان یەک دەخات و ڕوو دەکەنە هەمان خاڵ. خوای گەورە باسی لەمە کردووە، لەم ئایەتەدا: (لَيْسَ الْبِرَّ أَنْ تُوَلُّوا وُجُوهَكُمْ قِبَلَ الْمَشْرِقِ وَالْمَغْرِبِ وَلَٰكِنَّ الْبِرَّ مَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ وَالْمَلَائِكَةِ وَالْكِتَابِ وَالنَّبِيِّينَ وَآتَى الْمَالَ عَلَىٰ حُبِّهِ ذَوِي الْقُرْبَىٰ وَالْيَتَامَىٰ وَالْمَسَاكِينَ وَابْنَ السَّبِيلِ وَالسَّائِلِينَ وَفِي الرِّقَابِ وَأَقَامَ الصَّلَاةَ وَآتَى الزَّكَاةَ وَالْمُوفُونَ بِعَهْدِهِمْ إِذَا عَاهَدُوا ۖ وَالصَّابِرِينَ فِي الْبَأْسَاءِ وَالضَّرَّاءِ وَحِينَ الْبَأْسِ ۗ أُولَٰئِكَ الَّذِينَ صَدَقُوا ۖ وَأُولَٰئِكَ هُمُ الْمُتَّقُونَ) [البقرة: ١٧٧].واتا: [لَيْسَ الْبِرَّ أَنْ تُوَلُّوا وُجُوهَكُمْ قِبَلَ الْمَشْرِقِ وَالْمَغْرِبِ] چاكە تەنیا ئەوە نییە كە ڕوو لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بکەن، دیسان ڕەددە بۆ جوولەكە و گاورەكان كە زۆر قسەیان كرد سەبارەت بە گۆڕینی قیبلە [وَلَكِنَّ الْبِرَّ مَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ وَالْمَلَائِكَةِ وَالْكِتَابِ وَالنَّبِيِّينَ] بەڵكو چاكە ئەوەیە كە هەر كەسێک ئیمان بە خوای گەورە و ڕۆژی دوایی و فریشتەكان و كتێبە ئاسمانییەكان و سەرجەم پێغەمبەرانی خوای گەورە بهێنێت. [وَآتَى الْمَالَ عَلَى حُبِّهِ ذَوِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينَ وَابْنَ السَّبِيلِ وَالسَّائِلِينَ وَفِي الرِّقَابِ] لە كاتێكیشدا كە ماڵەكەی لە لا خۆشەویست و شیرینە، لێی ببەخشێت و بیدات بە خزمی نزیكی خۆی و بێباوكان و هەژاران و ڕێبواران و ئەوانەی كە لە ناچاریدا داوا دەكەن و پێویستیانە و ئەوانەی كە كۆیلەن و بەو پارەیە خۆیان ئازاد دەكەن [وَأَقَامَ الصَّلَاةَ وَآتَى الزَّكَاةَ وَالْمُوفُونَ بِعَهْدِهِمْ إِذَا عَاهَدُوا] نوێژەكانیشی بكات و زەكاتی ماڵەكەی بدات، ئەوانەیشی وەفایان هەیە بەرانبەر ئەو عەهد و پەیمانەی كە بە خوای گەورە و بە خەڵكیان داوە [وَالصَّابِرِينَ فِي الْبَأْسَاءِ وَالضَّرَّاءِ وَحِينَ الْبَأْسِ] ئەوانەی كە لە كاتی سەغڵەتی و هەژاری و نەخۆشی و، لە كاتی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەى دوژمنیشدا ئارامگرن [أُولَئِكَ الَّذِينَ صَدَقُوا وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُتَّقُونَ (١٧٧)] ئا ئەمانە لە ئیمانەكەیاندا ڕاستگۆن، تەقوای خوای گەورەیان كردووە و موتتەقین.

ئیمام «ابن کثیر»، لە شیکردنەوەی ئەم ئایەتە پیرۆزەدا دەڵێت: ئامانج لێی، گوێرایەڵیمانە بۆ خوای گەورە. جێبەجێکردنی فەرمانەکانی. ڕوونکردنەوەی ئەو ئاراستەیەی کە فەرمانی پێ دەکات. دواکەوتنی ئەوەی کە تەشریعی دەکات. ئەمە خۆی لە خۆیدا تەقوا و ئیمانی کامڵە.

چەمکی میحراب لە ئیسلامدا

   تێدەگەین کە لەم سەردەمەدا خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دەوروبەرتدا، گرنگە. لە هەمان کاتیشدا، باشتر وایە مرۆڤ ساتە جێگرەکانی بۆ بنیاتنانی ئاگایی و هۆشیاریی خۆی بە کار بهێنێت بە پشتبەستن بە نەگۆڕانی بیرکردنەوەکانی و ئاراستەی تەرکیزکردنەکەی. بۆ ئەوەی وزەکەی لە نێو نەچێت، پێویست دەکات کات و شوێنێک هەبن بۆ مرۆڤ، بتوانێت بەردەوام ناچار نەبێت وەڵامدانەوەی هەبێت بۆ ژینگەکە و سەرنج و بیرکردنەوەکانی بگۆڕێت، ئەمەیش خۆدزینەوە نییە لە واقیع، بەڵکو ڕێکخستنی پلەی گرنگییەکانی بابەتەکانی ژیانی تاکە. هەموو گۆڕانێک شایەنی وەڵامدانەوە و کاریگەربوون نییە. بەرگەگرتن و خۆکۆنترۆڵکردنی مرۆڤەکان واجبە لە بەرانبەر ژینگەی ماددی دەوروبەر.

   گرنگە شوێنێک هەبێت مرۆڤەکان تێیدا جێگر بن. ئەم شوێنەیش (محراب)ـە، کە تێیدا هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەکات و دڵنیایە دەوروبەرەکەی جێگرە و ناگۆڕێت. بەم جۆرەیش، تەرکیزی سەرقاڵ نابێت و ناشێوێندرێت و بیر لە تەنیا شتێک دەکاتەوە کە پەرستشەکەیەتی.
تاگەکان    
هاوڕەگەزخوازی جوانی بوووژانەوە مۆدێرنیتە کۆرۆرنا عێڕاق ڕانانی کتێبب فەرهەنگ شیرک ئەنیمی بوومەلەرزە ڕەخنە ژن پۆرن شەڕ
فیکر
2021-06-13 کۆمێنت 1518 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی