خەزانی یادەوەرییەکان

نووسینی: ئاسیا ئیسماعیل
ئەدەب 2021-05-28 کۆمێنت 3491 جار بینراوە
دائیمە ئێوارانی ئەم وەرزە، شنەبای ئەم وەرزە، خۆری ئارامی ئەم وەرزە، بۆنی نانی گەرمی نوێ و گژوگیای ئەم وەرزە، بۆنی ماستی نوێ و مەڕوماڵاتی ئەم وەرزە، من دەباتەوە زەمەن و ڕۆژگار و مەکانێکی تر و کاتکۆیەکی جیاوازتر، ئەو زەمەنەی کچۆڵەیەکی هاروهاج و پڕاوپڕ لە ناز و عیشوە ژیانی زۆربەیانی دەست بەسەردا گرتبوو. ئەو ئێوارانەم بیر دەخەنەوە کە لە دەوری سفرەیەکی پڕ لە گەورەکان لە هەیوانی خانووە کۆنەکە، کە تێیدا ژیان، موحیببەت، بەها و ڕێز تەواوی دیوارەکانی ئەو خانووەیان داپۆشیبوو، ئەو سفرەیەی کە هەرگیز بە خەیاڵیش جارێکی تر خۆیم نیشان ناداتەوە، لەنێوان دایەگەورە و بابەگەورەیەکی پڕ لە شکۆدا، کە لەو ماڵەدا بەها و شکۆ لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوون. جوانی بنمیچی ئەو ماڵەی گرتبوو، ئێستایش دوای تێپەڕینی ساڵانێک قسە و گفتوگۆگەلی ئەو کاتەی هزر و ئاوەزی خۆمم لەو ماڵە دێتەوە یادگە، سەیرە هیچ بە منداڵێکی شەش حەوت ساڵان نەدەچوو.

   هەندێک شتی سەیر ماونەتەوە، دوای ئەو هەموو ئاڵۆزی و سەختییەیش کە ڕۆژگار پێی چەشتم و نیشانی دام، بیرمە بە دایکم دەوت ئەو خانووە بۆنێکی سەیری لێ دێت، بۆنێک کە نازانم چییە! بەڵام زۆر سەیر و نامۆیە کە لە هیچ شوێنێکی تردا بۆنم نەکردووە. دایەم دەیوت: "بۆنی چی ئاخر؟خۆشە یان ناخۆش، چۆن‌چۆنییە؟" نازانم چۆن‌چۆنی بوو، ئەسڵەن نازانم بۆ ئەوانی تر لێم تێنەدەگەیشتن، تێ دەفکریم: بۆ بەس من بۆنی دەکەم! هێندە سەرنجڕاکێش بوو کە لە کاتی بۆنکردنیدا تەنیا بە لووتم نا، دەمویست بە هەموو گیانم بۆنی بکەم و بۆنی بکەم. تەنیا لە سییەکانم نا، لە هەموو جەستەمدا بۆنەکە بمێنێتەوە.

   عەجەبتر شەوانی ئەو ماڵە بوو بەو منداڵییەوە دەمویست بە تەواوی بوونم بێدار بم، هێندە لە بێداری شەوانی و کزە-ڕووناکیی فانۆسی ژوورەکانی حاڵم باش دەبوو، لەگەل خەودا دەجەنگام، نەمدەهێشت لێم بباتەوە، تا درەنگانێک بێدار دەبووم. ئاوەزم هەموو شتێکی پێدا دەگوزەرا کە نەدەبوو کچۆلەیەکی چەند ساڵە بیریشی لێ بکاتەوە، بەو کەم‌خەوییەیشەوە سەحەرێکی زوو دگەل دەنگی ئەو کەڵەشێرەی کە دایەگەورەم زۆری خۆشدەویست، بە ئاگا دەهاتمەوە. کە ئاسمان هێشتا سیایی پێوە دیار بوو، لە هەیوانەکە دادەنیشتم، وردی ورد دەبوومەوە لە ئاسمان، ئەستێرە، خۆم، ئەو ڕۆژانە، مرۆڤ و خودا و تەنانەت دەنگی کەڵەشێرەکەیش. بۆ وا بووم؟ ئێستایش نازانم بۆ هێندە زوو هزری من بۆ گەورەبوون چوو.

   وردە وردە ئەوانی تریش بە ئاگا دەهاتنەوە، جۆشوخرۆشی نانی بەیانییە، کە بە هەموو وجوودم لەززەتم لێی دەبرد و چاوەڕێم دەکرد ئامادە بێت. لەسەر خوانی بەیانی بووین، گفتوگۆگەلێکم دەکرد لە هزرمدا دوور لە زاهیڕی هەمووان، زۆر دەترسام، ترسێک کە دەموت ڕۆژێک دێت نە ئەو خوانە نە ئەو گەورانە نە ئەو بەهایە نە ئەو دەستە پڕ لە میهرانە دەمێنن. ترسی هاتنی ڕۆژێک کە هیچ لەو خۆشییانەم لە دەور نامێنێت، کە موحیببەتم سەرتاپێ لێ وە دەست دەهێنا، حەجیب کە دەرکم کرد ئەوە خۆشبەختییە منی تێدام. بەڵێ، ئەوە هەر ئەو خۆشبەختییە بوو کە مرۆ گەورەکان باسیان دەکرد و هیوایان پێ دەخواست، ئەوە ئەم ڕۆژانە بوو کە تێیدا بووم. دەنگێک  لەو خەیاڵ و گفتوگۆگەلە هێنامیە دەرەوە و پڕ بە سۆزەوە وتی: "چی دەخۆیت؟ چاییت بۆ تێکەم؟ بۆتی سارد کەمەوە؟" دەنگە پڕ لە سۆزەکەی دایەگەورەم بوو. "ئارێ دایە گیان، تێی کە." من لەو تەمەنەدا کەمترین ئەو ڕۆژانەم لەززەت دەکرد دوو هەفتە جارێک مانگی سێ جار، ئەو جۆرە شەوگار و ڕۆژگارەم تێدەپەڕاند. دایمە ڕۆژم دەژمارد کەی دەچینەوە ماڵی بابەگەورە، بە بیری هەمووانم دەهێنایەوە: "ئەرێ نەچینە ماڵی دایەگەورە؟"

   ڕۆژگار و ساڵان تێپەڕین، ژیان هەموو ئەو دونیایەی منی تێک‌هەڵکێشا و بردیە جیهانە شاراوەکەی بەرزەخەوە. وەک ئەوەی ناویان لە لیستێکدا نووسرابێت و یەک لە دوای یەک بانگی ئەو جیهانە شاراوەیە بکرێن. بە نەبوونی ئەوان، نە ماڵێک بەو بۆنە و نە شەوگارێک لەو چەشنە و نە سەحەرێکی پڕخۆت و، نە خوانێکی پڕموحیببەتیش لە سۆزی ئەوان مانەوە!

   ئێستا لە پاش تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵە، کووچە بە کووچەی خانووە کۆنەکانی ئەو شارەم کردووە، لە چەندین هەیوانی تردا دانیشتووم، سەردانی کۆنترین دیوارەکانی ئەو شارە و دیوارە کەرپوچینەکانیم کردووە، کە خۆڵی سەردەمی موحیببەت و شکۆ و بەهای بەسەرەوە ماوە، بە هەموو گیانم بۆنم کردوون، بۆنی ئەو ماڵەی لێ نایەت، عەجەب بۆنی ئەو ماڵەی لێ نایەت. بۆنی ئەو ماڵە لە هیچ شوێنێکی ئەو دونیایە نایەت، حەسرەتی دووبارە-بۆنکردنەوەی ئەو بۆنە لە دڵمدا جێگەی گرتووە، حەسرەتێکی بەدی‌نەهاتوو تاڵە. بە لای هەر کوچێکی کۆن، بە لای هەر ڕیش‌سپییەکی بەتەمەن، بە لای دایەحاجییەکی چەماوەدا دەڕۆم، تاوێک دەوەستم بۆنیان دەکەم. بەڵکوو کەمێک حەسرەت لە دڵم دامرکێتەوە.

ئەوە بۆنی چی بوو لەو ماڵە! بۆنی شکۆ یان بۆنی موحیبەت؟ بۆنی ڕێز یان بۆنی وەفا؟ ئەرێ ئەوە بۆنی عیشق بوو یان بۆنی جوانی و بۆنی ژیان؟ بەڵێ، ئەوە بۆنی هەموو ئەوانە بوو. بۆنێک، لە تێکەڵەی هەموو ئەوانە، کە جارێکی تر هەرگیز ئەو دونیایە بە خۆیی نابینێتەوە؛ هەرگیز ئەو هەموو جوانییە لە شوێنێکدا کۆ نابنەوە.
تاگەکان    
كتێب تەکنۆلۆژیا چیرۆک زانایان چەواشەکاریی لۆژیکی باران تەلارسازی جنۆکە گۆرانی شەڕ دیزاینی زیرەک ئیلحاد حەمەدۆک بوومەلەرزە زانست
ئەدەب
2021-05-28 کۆمێنت 3491 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی