ئیسرائیل دواهەناسەکانی دەدات

وەرگێڕانی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2021-05-22 کۆمێنت 2755 جار بینراوە
ڕۆژنامەی «هارتس»ی ئیسرائیلی، گوتارێکی نووسەری بەناوبانگی جوولەکە (ئاری شبیت)ی بەم دواییانە بڵاو کردەوە؛ کە تێیدا نووسەر پەنجەی پەشیمانی دەگەزێت و داخ بۆ ئەو فریوخواردنەی پێڕەوانی جوولەکە دەخوات و دەڵێت: «وا دیارە ئێمە ڕووبەڕووی سەختترین گەل لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بووینەتەوە، بێگومان هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە، جگە لەوەی دەبێت ددان بە مافەکانی گەلی فەڵەستیندا بنێین و کۆتایی بە هەڵمەتی داگیرکاری بهێنین!»

   نووسەر بەم شێوەیە دەست بە گوتارەکەی دەکات و دەبێژێت: «وا دەردەکەوێت، ئێمە خاڵی گەڕانەوەمان تێپەڕاندبێت و تازە هیوایەک بۆ ڕاستبوونەوە لە گۆڕێدا نەبێت؛ وا دیارە تازە ئیدی ئیسرائیل نەتوانێت کۆتایی بە داگیرکاری بهێنێت و بەئیسرائیلیکردنی نیشتمانی فەڵەستین بوەستێنێت و ئارامی و ئاسایش بەرقەرار بکات؛ دۆخەکە پێمان دەڵێت: تازە ئیدی هیچ کەسێک ناتوانێت چاکسازی لە زایۆنیزمدا بهێنێتە کایەوە و دیموکراسی قوتار بکات و خەڵکی لە دەست دابەشکاری دەرباز بکات.»

   پاشان دەڵێت: ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا نە ژیان لەم بستەخاکەدا هیچ تامێکی هەیە و نە نووسین لە ڕۆژنامەی (هارتس)دا و نە خوێندنەوەی گوتارەکانی (هارتس). بەڕاستی پێویستە ئەو کارە بکرێت کە پێشووتر، بەر لە دوو ساڵ، (ڕووگڵ ئۆلفەر) پێشنیاری کرد؛ ئەویش جێهێشتنی ئەم نیشتمانە بوو! ئەگەر ئیسرائیلیبوون و جوولەکەبوون بە هانای ئێمەوە نەیەن و بە هیچ کلۆجێک نەبنە مایەی زیندووێتی و ژیانەوەی ناسنامەمان؛ ئەگەر تاک بە تاکی هاوڵاتییەکانی ئیسرائیل پاساپۆرتی وڵاتێکی دیکەی بێگانەیان لە باخەڵدا هەڵگرتبێت، نەک تەنیا لە ڕووە تەکنیکی و جەستەییەکەوە، بەڵکو لە ڕووە دەروونی و ڕووحییەکەیشەوە؛ کەوایە کارەکە کۆتایی پێ هاتووە و هەموو شتێک بڕاوەتەوە. پێویستە ماڵئاوایی لە ئازیزان و هاوڕێیانمان بکەین و باروبنە بۆ سانفرانسیسکۆ یان بەرلین یاخود پاریس بپێچینەوە.

   بۆ خۆمان لێرەوە، لە نیشتمانی نەتەوەپەرستە توندڕەوەکانی ئەڵمانیای تازەوە، یان لە نیشتمانی ناسیۆنالیزمە کەللەڕەقەکانی ئەمەریکای نوێوە، دەبێت بە کاوەخۆیی و لەسەرەخۆ لە ڕووداوەکانی «دەوڵەتی ئیسرائیل» بنواڕین کە چۆن دواهەناسەکانی هەڵدەمژێت. پێویستە سێ هەنگاو بەرەو دواوە بگەڕێینەوە، تا بەجوانی دیمەنەکانی دەوڵەتی دیموکراسیی جوولەکە ببینین کە چۆن خەریکە نوقم دەبێت.

   هەرچەندە، دەشێت هێشتا کار لە کار نەترازابێت و خاڵی گەڕانەوەمان تێنەپەڕاندبێت، دوور نییە هێشتا بتوانین کۆتایی بە لەشکرکێشی و داگیرکاری بهێنین و بەهاوڵاتیکردن بوەستێنین و هەڵمەتی چاکسازیی زایۆنیزم بگەڕێنینەوە و دیموکراسییەت و بەشبەشکردنی نیشتمان لە دەست ئەوانی تر ڕزگار بکەین.

   من ئێستا پەنجەکانم بە چاوی ناتانیاهۆ و لیبرمان و نازییە تازەکاندا دەکەم، بۆ ئەوەی لە خەونی بێئاگایی و خەیاڵپڵاویی زایۆنیزم وەخەبەریان بهێنمەوە؛ دەمەوێت ئەو ڕاستییەیان تێ بگەیەنم، ئەوە ترامپ و کۆشنیر و بایدن و ئۆباما و هیلاری کلینتۆن نین کە کۆتایی بە داگیرکاری و هەڵمەتی پاوانخوازی دەهێنن؛ تەنانەت ئەوە نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا نین کە بەهاوڵاتیکردنی ئیسرائیلی دەوەستێنن؛ بەڵکو ئەو تاقە هێزەی کە دەتوانێت «ئیسرائیل» لە خودی خۆی قوتار بکات، «ئیسرائیلییەکان» خۆیانن؛ ئەویش لە ڕێگای داهێنانی زمانێکی نوێی سیاسی و گرتنبەری ڕێوشوێنی تازەی جیاواز و دانوستانی ئاشتیخوازانەوە کە ددان بەو واقیعە چەسپاوەدا بنێت؛ بەڕاستی فەڵەستینییەکان ڕیشەیان لەم خاکەدا هەیە و خەڵکی ڕەسەنی ئەم نیشتمانەن. من بۆخۆم، هەردەم بە دوای ڕێگای سێیەمدا دەگەڕێم، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت، نەمرم و جارێ لە ژیاندا بمێنمەوە.

ئەو درۆیەی بزووتنەوەی زایۆنیزم هەمووانی پێ هەڵفریواندووە!
   نووسەر لە ڕۆژنامەی (هارتس)دا درێژە بە گوتەکانی دەدات و بەم شێوەیە دەپەیڤێت: «بێگومان تەواوی ئیسرائیلییەکان لەوەتەی پێیان ناوەتە ئەم خاکی فەڵەستینەوە، باش باش  لەو ڕاستییە گەیشتوون، هاتنی ئەوان بۆ فەڵەستین، دەرەنجامی درۆیەکی شاخدار بوو کە بزووتنەوەی زایۆنیزم بۆخۆی داهێنەرەکەی بوو؛ لە ڕێگای ئەو درۆیەوە هەرچی فرتوفێڵ هەیە کردیان و گەورەترین تەڵەکەبازییان لە کەسایەتیی جوولەکەدا بە درێژایی مێژوو هێنایە کایەوە.»

   لە ڕێگای ئەو کوشتارەی بە «هۆڵۆکۆست» بەناوبانگە و بە دەستی هیتلەر ئەنجام دراوە، ڕووداوەکانیان هێندەی دی زەق و زەبەلاح کردەوە و گشت هەلێکیان لەو پێناوەدا قۆستەوە، تا ئەوەی بزووتنەوەی زایۆنیزم توانی قەناعەت بە جیهان بکات کە فەڵەستین «زەوی وادەبۆدراو»ە و پەرستگای پەیامبەر سولەیمان لەژێر مزگەوتی ئەقسادایە؛ بەم شێوەیە هێدی_هێدی گورگەکە بوو بە بەرخی شیرەخۆرە و لە باجی لێسەندراوی خەڵکی ئەمەریکا و ئەورووپاییەکان شیری هەڵقوڕاند تا هێندە زل بوو، هۆڤییەکی زەبەلاحی ناوکیی لێ چێ بوو.

   نووسەر بۆ بەدرۆخستنەوەی بانگەشە و پڕوپاگەندەکانی قەوارەی زایۆنیزم، پشت بە بەڵگە و لێدوانی زانا جوولەکە شوێنەوارناسەکان دەبەستێت؛ گۆیا ئەوانیش جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، پەرستگاکە لە درۆیەکی هەڵفریوێنەر بترازێت چی دیکە نییە. ئەوەتا «ئیسرائیل فلنشتاین» کە خۆی لە زانستگای تەلئەبیب وانە دەڵێتەوە، دەڵێت: «پەرستگاکەی پەیامبەر سولەیمان درۆیەکی شاخدارە و چیرۆکێکی هەڵبەستراوە و هیچ شتێکی لەو جۆرە لە بنەمادا نییە؛ بەڵکو تەواوی هەڵکەندنە شوێنەوارناسییەکان و گەڕانە یەک لە دوای یەکەکان ئەوە دەسەلمێنن؛ پاشماوە مێژووییەکان لە دێرزەمانەوە، بەر لە هەزاران ساڵ، بە تەواوی سڕاونەتەوە و ئێستا شتێکی وایان لێ بە جێ نەماوە. ئەم زانیارییانە لە چەندین سەرچاوەی جوولەکەدا پشتڕاست کراونەتەوە و زۆربەی شوێنەوارناسە ڕۆژاواییەکانیش هەمان بۆچوون بە ڕاست لە قەڵەم دەدەن.»

   کۆتا شوێنەوارناس کە لە ساڵی 1968دا جەختی لەسەر هەمان بۆچوون کردەوە، زانای شوێنەوارناسیی بەریتانی، دکتۆر «کاثلین کابینۆس» بوو؛ ئەو دەمەی لە خوێندنگایەکی بەریتانی وەک بەڕێوبەری هەڵکەندنی شوێنەوارەکانی قودس دانرابوو، دەستی بە کۆمەڵێک کاری هەڵکەندن لە قودسدا کرد؛ کەچی دواتر لە وڵاتی فەڵەستین وەدەر نرا؛ چونکە ئەفسانە «ئیسرائیلییەکان»ی لەبارەی ئاسەواری پەرستگاکەی پەیامبەر سولەیمانەوە لەژێر مزگەوتی ئەقسادا ئاشکرا کردبوو.

   کاسیلن کابینۆس ددانی بەوەدا نابوو، هیچ شوێنەوارێک لە وێنەی پەرستگای پەیامبەر سولەیمان لەژێر مزگەوتی ئەقسادا نییە؛ ئەوەیشی ئاشکرا کردبوو، ئەوەی ئیسرائیلییەکان «بینای تەویلەکانی سولەیمان»ی پێ دەڵێن؛ هیچ پێوەندییەکیان بە پەیامبەر سولەیمانەوە نییە و بگرە تەویلەیش نین؛ بەڵکو کۆمەڵێک نموونەی تەلارسازیی کۆشکە بەناوبانگ و بەربڵاوەکانی فەڵەستینن و لە چەندین شوێنی دیکەی ئەو وڵاتەدا هەمان نموونە بە دی کراون.

   پاشان زۆر بە توندی دەڵێت: نەفرینی درۆ هەردەم بە شوێن ئیسرائیلییەکانەوەیە و لە کۆڵیان نابێتەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرۆکیان دەگرێتەوە و هەر جارەو لە شێوەیەکدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و ڕووخساریان بە چەقۆ هەنجن_هەنجن دەکات؛ جارێک بە چەقۆی دەستی مەقدیسی و خەلیلی و نابلوسی، تاوێک بە خڕەبەردی جەمماعینی، گاهێک بە شۆفێری بارهەڵگرێک لە یافا و حەیفا و عەککاوە.

   ئیسرائیلییەکان زۆر باش لەو حەقیقەتە گەیشتوون کە هیچ داهاتوویەکیان لە فەڵەستیندا نییە، ئاخر بۆیان دەرکەوتووە، فەڵەستین خاکێکی بێخاوەن و بێنەتەوە نەبوو، وەک بە درۆوە پێیان گوتن.

   ئەوەتا نووسەرێکی دیکەی ئیسرائیلی، کە ناوی (جەدعوون لیڤی)یە، نەک هەر ئەوەی ددان بە گەلی فەڵەستنیدا دەنێت، بەڵکو ڕاشکاوانە جەخت لەسەر سەرکەوتنی گەلی فەڵەستین بەسەر ئیسرائیلییەکاندا دەکاتەوە و دەڵێت: «وا دەردەکەوێت، فەڵەستینییەکان قوڕەکەیان لە بنیادەمەکانی تر جیاوازە، ئاخر خاکەکەیانمان داگیر کرد، ئینجا حەمکەیەک کچە گۆرانیبێژ و ئافرەتی سەرنجڕاکێش و مێیینەی لەخشتبەر و شۆخ و شەنگمان تێ ئاڵاندن و گوتمان: پاش چەند ساڵێکی دی، گەل و وڵات و نیشتمان بە تەواوی لە یاد دەکەن؛ کەچی لەناکاو لە هەناوی ئەو نەوەیەدا، کۆمەڵێک گەنج لە ڕاپەڕینەکەی 87 بە ڕووماندا دەقینەوە...پاشان فڕێمان دانە کونجی زیندانەکانەوە و لای خۆمانەوە گوتمان: ئیدی لە بەندیخانەکاندا بە دڵی خۆمان دەیانپەروەرێنین. ئینجا چەند ساڵێکی دی تێپەڕین، دوای ئەوەی وامان هەست دەکرد پەندیان لە وانەکانمان وەرگرتووە، کتوپڕ بە ڕاپەڕینە چەکدارییەکەی ساڵی 2000 بەرەنگارمان بوونەوە، ئەوە بوو ئەم جارەیان وشک و تەڕ پێکەوە سووتێنران، گوتمان: ماڵەکانیان بەسەردا دەڕووخێنین و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ گەمارۆیان دەدەین، کەچی سەرەڕای خاپوورکردن و ئابڵوقەدان، وێڕای ئەوەی چواردەورمان بە تەلی دڕکاوی تەنین و دیواری بڵندی سەختمان بە ڕوودا هەڵنچنین؛ دیسانەوە لە هەناوی مەحاڵەوە هەستانەوە؛ مووشەکیان بۆ دەردەهێناین و مووشەکبارانیان دەکردین... ئەوە بوو لەژێر زەوییەوە بۆمان دەهاتن و تونێلی دوورودرێژیان لێ دەدا، تا ئەوەی لە جەنگی ڕابردوودا بە خەستی تێمان کەوتن و حەمکەیەکیان لێ کوشتین؛ ئینجا لە ڕێگای عەقڵەوە دژایەتیمان کردن، کەچی لەپڕ دەستیان بەسەر مانگی دەستکردی ئیسرائیلیی (عاموس)دا گرت... وەختێک کۆمەڵێک گەنجیان دەستیان بەسەر کەناڵی دووەمی تەلەفزیۆنیی «ئیسرائیل»دا گرت، ترس و دڵەڕاوکێیان خستە نێو ماڵ بە ماڵی ئیسرائیلییەکانەوە و هەڕەشە و گوڕەشەی ترسناک ترسناکیان لێ دەکردین.

   پوختەی قسە ئەوەیە: وا دیارە ئێمە ڕووبەڕووی سەختترین گەل لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بووینەتەوە و هیچ چارەیەکی دی لەگەڵ ئەواندا ناخواتەوە، جگە  لەوەی دەبێت ددان بە مافەکانیاندا بنێین و داگیرکاری کۆتایی پێ بهێنین!»

سەرچاوە: سایتی «ئەلوەتەن»
تاگەکان    
نامە زمان عەبدولکەریم سرووش فەڵەستین کۆیلایەتی مێژوو مۆدێرنە شیعر حزبی ئیسلامی زانکۆ ڕەخنە وەچەخستنەوە سیاسەت جنۆکە عێڕاق
فیکر
2021-05-22 کۆمێنت 2755 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی