فەڵەستین و ئەفریقای باشوور، دوو چیرۆکی هاوشێوە

وەرگێڕانی: ئارام شاهۆ
فیکر 2021-05-15 کۆمێنت 1512 جار بینراوە
لەم ڕووداوانەی کۆتایی قودسدا، ئەفریقیای باشوور دەستیان کرد بە خۆپیشاندان لە دژی حکوومەتی ئیسڕائیلی، یەکێک لەوانەی لە خۆپیشاندانەکەدا بەشدار بوو، دەڵێت: "لاتان سەیر نەبێت کە ئێمە لەگەڵ فەڵەستینین، چونکە ئەوانیش گەلێکن وەکو گەلی ئێمە چەوسێنراون، زۆرێک لە چالاکییەکانی حکوومەتی ئیسڕائیلی هاوشێوەی چالاکیی حکوومەتی ئەپارتایدە -ئەمە ناوی ئەو سیستەمەیە کە حکوومەتی باشووری ئەفریقیا لە ساڵەکانی ١٩٤٨ تا ١٩٩٠ پەیڕەوی دەکرد، کە تیایدا رەگەزی سپیپێست لە سەرووی هەموو ڕەگەزێکەوە بوو-." لەم خاڵانەدا دیوی هاوبەشی هەردوو حکوومەتەکە ڕوون دەکاتەوە:

   1. دەرکردنی خەڵکی فەڵەستین بە زۆرەملێ، بە تایبەت لە جێیەکی وەک شێخ جەڕاح، هەمان ئەو شتەیە کە سیستەمی ئەپارتاید پەیڕەوی دەکرد لە ژێر ناوی ئەپارتایدی شارنشین. لە ساڵی ١٩٥٠دا، ناوچە شارییەکان لەسەر بنەمای ڕەگەز دابەشکران بۆ چەند بازنەیەک.

   یەکەم: سپیپێست، دووەم: ھیندییەکان، سێیەم: ڕەشپێستەکان. سپیپێستەکان ئەگەر ناوچەیەکی ڕەشپێستەکانیان ویستبا، دەیانتوانی داواکارییەک بۆ حکوومەت بەرز بکەنەوە، ئەگەر حکوومەت ڕازی بێت -کە زۆر جار ڕازی دەبوو- ئەوا دەتوانن بە زەبری هێز دانیشتووە ڕەشپێشتەکان لە ماڵەکانیان دەربکەن. ئەگەر دانیشتووانی ناوچەکە لە ماڵەکانیان دەرنەچووبان، ئەوە بە تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا و سزا دەدران.

   ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە لە شێخ جەڕاحدا ڕوودەدات. لە ١٩٤٨دا زۆرێک لە فەڵەستینییەکان ناچار کران بچن لە شێخ جەڕاحدا بمێننەوە، وەک چۆن لە ١٩١٣دا زۆرێک لە ڕەشپێستەکان ناچار بوون بچنە شارەکان ئیش بکەن، چونکە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لێ سەندرانەوە. هەر وەک ڕەشپێستەکانی باشووری ئەفریقا، یەهوودییەکان ئێستا مافی ئەوەیان هەیە داواکاری بۆ دادگای باڵای ئیسڕائیل بەرز بکەنەوە تا بتوانن بە زەبر، فەڵەستینییەکان لە ناوچەکەیاندا دەربکەن.

   2. بەکارهێنانی زمانی ئاساییشی نیشتمانی، هەمان ئەو شتەیە کە ئەپارتاید لە باشووری ئەفریقیا بەکاریان دەهێنا. حکوومەتی ئەپارتاید هەندێک یاسای تایبەتی دەرکرد وەکو پرۆژەیاسای بنبڕکردنی کۆمەنیست لە ١٩٥٠ و پرۆژەیاسای دژەتیرۆری ١٩٦٧، کە یارمەتیدەری حکوومەتەکە بوون بۆ ئەوەی حیزبی کۆنگرێسی باشووری ئەفریقیا -کە ماندێلای تێدا بوو- وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێنن. دەبینین ئێستا حکوومەتی ئیسڕائیلی، بۆ پارێزگاریکردن و بەیاساییکردنی چالاکییەکانی دژی فەڵەستینییەکان، هەمان زمانی ئاساییشی نیشتمانی بەکار دێنێت.

   3. باسی "ئێمە دەورەدراوین" هەمان ئەو باسەیە کە حکوومەتی ئەپارتاید بەکاری دەهێنا. حکوومەتی ئەپارتایدی باشووری ئەفریقیا، زۆر جار دەیوت: "ئێمە بە هەموو لایەکدا بە دوژمنی دڵڕەق دەورە دراوین" بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بە چالاکییەکانی ناو باشووری ئەفریقیا بدات. پشتیوانانی حکوومەتی ئیسڕائیلی هەمان قسە دەکەنەوە، کاتێک پێیان دەڵێن بۆ وا لە فەڵەستینییەکان دەکەن، دەڵێن "ئێمە لە هەموو لایەکەوە بە دوژمن دەورە دراوین".

   4. سیستەمی خاڵە پشکنینەکان (زاڵگە-سەیتەرە) ڕێک هەمان ئەو شێوازەیە کە لە حکوومەتی ئەپارتایدی باشووری ئەفریقیادا بەکاریان دەهێنا. پێویستت بە مۆڵەتی چوونەژوورەوە دەبوو، تا بتوانیت لە نێوان ناوچە جیاوازەکاندا هاتوچۆ بکەیت، یاخود بتوانیت بچیتە ناو ناوچەیەکی سپیپێستەکان، کە زۆرترین پیشەکان لەو ناوچەیەدا چڕ دەکرانەوە. ئێستا سیستەمی خاڵە پشکنینییەکانی ئیسڕائیل، بە هەمان شێوە، هاتوچۆی فەڵەستینییەکانی زۆر سنووردار کردووە، ناچاریان کردوون بەردەوام مۆڵەتیان پێ بێت، تا بتوانن بچن بۆ جێیەک. لە زۆر جێی خاڵە سنوورییەکانیشدا جێی جوو و ئەورووپی جیا کراوەتەوە لە عەرەبەکان. واتا ئەگەر تۆ جوو بیت، پێویست ناکات زۆر بوەستیت، بەڵام کە عەرەب بوویت ئیتر هەموو لێپێچینەوەیەکت لەگەڵدا دەکرێت.

   5. گەڕانەوە بۆ مێژووی ستەملێکراویان، هەمان ئەو شتەیە کە ئەپارتایدەکانی باشووری ئەفریقیا بەکاری دەهێنن. کۆمەڵگەی جوو، مێژوویەکی وێرانیان هەیە لە نەهامەتی و دەردەسەری، لە کۆمەڵکوژی و دەربەدەرییەوە بیگرە تا دەگات بە هۆلۆکۆست. بەڵام هەندێک جار ئەم مێژووە بە جۆرێک بەکاری دێنن وەک بڵێیت لەبەر ئەوەی جوولەکەکان ئەو نەهامەتییەیان چەشتووە کەواتا حکوومەتی ئیسڕائیلی دەتوانێت چالاکییەکانی بەرانبەر فەڵەستینییەکان ئەنجام بدات.

   ئەپارتایدەکانی باشووری ئەفریقیا هەمان شتیان دەوت. ئەوان دەیانوت مێژوویەکی پڕ لە نەهامەتیمان هەیە، لە "بۆر" و "ئەفریکانەرس"ەکانەوە دەست پێ دەکات، کە لە دەستی کۆمەڵکوژیی ئایینی بەرەو ئەفریقا هەڵهاتن و لە ناوچە داگیرکراوەکانی نەمسا نیشتەجێ بوون، تا دەگەیشتە ئەو دژایەتییەی نەتەوە ئەفریقییەکانی دەوروبەر بەرانبەریان دەکردن، تا بەوەی کە بەریتانییەکان بندەستی خۆیانیان خستن و لە کاتی جەنگی بۆردا خستیانییە کەمپی بەکۆمەڵەوە. ئەوان زۆر جار ئەم مێژووەیان بەکار دەهێنا تا ڕەوایی بە  چالاکییەکانیان بدەن کە دژی ڕەشپێشتەکانی ئەفریقای باشوور ئەنجامیان دەدا.

   لە کۆتاییدا کابرای ئەفریقی دەڵێت: "بە مانای وشە، هەموو ئەو بیانووانەی ئیسڕائیل بەکاری دەهێنێت، پێشتر لەلایەن حکوومەتی ئەپارتایدەوە بەکار هێنراون. با ڕوونی بکەمەوە، من دژی بوونی ئیسڕائیل نیم، پاڵپشتی مافی بوونیان دەکەم بە شێوەیەکی ئاشتییانە، بەڵام بە هەموو بوونم دژی هەموو ئەو چەوساندنەوە و ڕەگەزپەرستییەی حکوومەتی ئەپارتایدیی ئیسڕایلیم کە دژی فەڵەستینییەکان ئەنجامی دەدات، بۆیە خەڵکی ئەفریقای باشوور لەگەڵیانن."

   لێرەدا دەردەکەوێت جەنگی فەڵەستین، هەمان شێوەی جەنگی ڕەشپێستەکانی ئەفریقای باشوورە، هەردووک دژی حکوومەتێکن کە ڕەگەزپەرستن، گەر ماندێلا جەنگەکەی ڕەوا بێت، سمبوڵی بەرخودان بێت، بۆ فەڵەستینییەکان بە گێرەشێوێن و تیرۆرست ئەژمار بکرێن؟!
تاگەکان    
ئازادی کۆرۆنا کونە ڕەشەکان عێڕاق کرێکار حەمەدۆک خوێندنەوە ئایا سۆفیا ڕۆژاوا شەڕ زانست کورد جنۆکە خێوەتگە #پیری
فیکر
2021-05-15 کۆمێنت 1512 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی