بۆچی زۆرێک لە خەڵکی زیاتر گرنگی بە نوێژی تەڕاویح دەدەن تا گرنگیدانیان بە نوێژە فەرزەکان؟

نووسینی: کەریم حیلمی وەرگێڕانی: محەمەد حەیدەر
فیکر 2021-05-02 کۆمێنت 318 جار بینراوە
ئەمە هۆکارگەلێکی زۆری هەیە، بەڵام لە گرنگترین ئەو هۆکارانە وەرزیبوونی تەڕاویحە، بە پێچەوانەی فەرزەکانەوە کە لای زۆرێکمان -مەگەر ئەوەی خوا ڕەحمی پێ کردبێت- دەگۆڕێت بۆ نەریتێکی بێڕۆح.

   ئەمەیان زۆر لەو خۆشییەی منداڵان دەکات کە لە کۆتایی زستاندا هەیانە بە هۆی دەرچوونی پۆشاکی هاوینە، دواتر خۆشیيان بە کۆتایی هاوین بە هۆی دەرچوونی پۆشاکی زستانە، دواتر زۆر نابات لە هەردووکیان بێزار دەبن!

   هەروەها لەو گوڕوتینە دەچێت کە هەستی پێ دەکەیت کاتێک لە پیشەیەکەوە بۆ پیشەیەکی تر دەگوازیتەوە، یان لە کتێبێک تەنیا پێنج لاپەڕەیت خوێندووەتەوە و پاشان دەڕۆیت بۆ کتێبێکی نوێ، یان لە سەرەتای دەستپێکردنی خوێندنی ساڵێکی نوێ، دواتر بۆت دەردەکەوێت ئەوەی بێزارکارە پیشەی پێشووت یان کتێبی پێشووت -وەک ئەوەی خەیاڵت دەکرد- نەبووە؛ بەڵکو تەنیا تونديی حەزی گواستنەوە و گۆڕانکاری بووە!

   هەندێک جار لە کۆتایی تەمەنێکی درێژ و پڕ لە گواستنەوە و گۆڕانکاری –کە هیچ شتێکمان لێی بە دەست نەهێناوە- درک بەمە دەکەین.

   ئەوەی گرنگە! هەمان حاڵەت بۆ ڕەمەزانیش دروست دەبێت!

   گەر لێگەڕێیت ڕەمەزان -سەرەڕای کورتيی ماوەکەی- بگۆڕێت بۆ عادەت و نەریتێک، ئەوا ئەو گڕەی هەر لە کاتژمێرە سەرەتاکانیدا هەستت پێ کردووە خامۆش دەبێت.

   بەپێی توانات هەموو ڕۆژێکی ڕەمەزان بکە وەرزێکی نوێ.

   لەو هۆکارانەی یارمەتیدەرن لەسەری:
   ١. کارەکانت بۆ بارودۆخ لێنەگەڕێنیت، بەڵکو ڕۆژەکەت بە سووربوون لەسەر ئەو کارەی دەتەوێت لەو ڕۆژە ئەنجامی بدەیت دەست پێ بکە، ئەوەندە قورئان دەخوێنمەوە، فڵان کاری خێر ئەنجام دەدەم، لە کاتی نوێژدا جەخت دەکەمەوە لەسەر فڵان شت، لە دوعادا بۆ فڵان بوار تێدەکۆشم!.. ئیتر لەوانە.

   ئێمە پەنا دەبەینە ڕەمەزان بە تۆوی هیوایەکی مەزن، بەڵام وشک و سیس دەبێت، چونکە بە بەردەوامی ئاومان نەداوە.

   ٢. لە دەرگا جۆراوجۆرەکانەوە خێر ئەنجام بدە، هەر ڕۆژەو دەرگایەکی نوێی بۆ دابنێ، بەخشین، گەیاندنی سیلەی ڕەحم، سەردانیکردنی نەخۆش، نانپێدان، دڵخۆشکردنی کەسانی تر، دەرگاگەلی زۆر هەن.

  گاڵتەت لەگەڵدا ناکەم و بە وانەیەک لە وانەکانی گەشەپێدانی مرۆیی تێمەگە، گەر توانیت ناوونیشانێک بۆ هەموو ڕۆژێکت دابنێ.

   ٣. دەروونت بۆ پەرستش ئامادە بکە، مەهێڵە لە کاری هەستەوە بڕواتە کاری نەست، کاتێکی دیاریکراو بۆ دوعا و پاڕانەوە دابنێ، بە وردە-دوعاکانی ئێواران ڕازی مەبە، بەڵکو گەر بتەوێت ئامادەسازی بۆ چوونە لای خوای جیهانیانی پاک و مەزن بکە.

   ڕابمێنە لەوەی پێی دەگەیت لە تەڕاویح گەر چەند خولەکێکیش بووە، سەیرێک بکە، تێبکۆشە لە بەکارهێنانی عەقڵت لە کاردانەوە لەگەڵ ئایەتەکاندا، لەوەی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەیت، کاردانەوەی لەگەڵدا بکەیت بە دوعا، یادکردنەوە و پەناگرتن بە خوا، هەروايش لە کاتی خوێندنەوەیدا.

   ٤. پەرستشی هەمەجۆر ئەنجام بدە، لەو ئەزموونانەی کاریگەریی زۆریان لەسەرم بووە، لە یەکێک لە ڕەمەزانەکاندا دامنابوو هەرجارەو بۆ ماوەیەک جەخت لەسەر کارێک لە کارەکانی دڵ بکەمەوە، شەو هەبوو جەختم لەسەر پەرستشی ترس دەکردەوە و بیرم لە هێز، مەزنی و تووڕەیی خودا دەکردەوە، هەروەها لە ئاگریش، لە نزای پەناگرتن بە خودام زۆر دەکرد، دواتر شەوێکم دادەنا جەختم لەسەر هیوا و تێفکرین لە بەهەشت و نیعمەتەکانی دەکردەوە، نزای زۆرم دەکرد بۆ داواکردنی بەهەشت و ڕۆزییەکانی، شەوێکیشم بۆ خۆشەویستيی خودا دادەنا، بیرم لە هۆکارەکانی خۆشەویستیی ئەو دەکردەوە، نزای زۆرم دەکرد بۆ خۆشەویستی و هاودەميی وی. دوای مردنی دڵم داوای ژیانەوەی لە خودا دەکەم! بە هەمان شێوە دەتوانیت هەمەجۆر لە درێژ و کورتيی خویندنەوەی قورئان، یان درێژيی سجوود یان ڕکووع لە شەوێکەوە بۆ یەکێکی دی بکەیت.

قسەی دەروون
   لەو بوارانەی ژیانی قەڵەباڵغی -بەتایبەت قەڵەباڵغيی ئەلیکترۆنی- سەری لێ تێک داوین، نەهێشتنی قسەکردن لەگەڵ دەرووندايە، مرۆڤ کاتێک لە کارێکدا ماندوو دەبێت دواتر گەر پشوویەک وەربگرێت دەچێت لە سەیرکردنی فەیسبووک و یوتیوب و هيی تردا بەسەری دەبات، قەڵەباڵغییەکی زۆر کە مرۆڤ نەتوانێت دەرفەتێک بدۆزێتەوە قسە لەگەل خۆیدا بکات، بیر لە حاڵی بکاتەوە، سەرزەنشتي بکات، هانی بدات.

   هەندێک لە پێشین دەستیان دەخستە سەر جێگەکەیان و دەیانوت: چەندە نەرمیت! بەڵام جێگەی بەهەشت لە تۆ نەرمترە، دواتر هەڵدەستان بۆ نوێژەکەیان.

   ئەبوولموسلیم ئەلخەولانی ڕەحمەتی خودای لێ بێت شەونوێژی دەکرد، کاتێک تووشی تەنبەڵی و سستییەک بووبێت بە خۆی دەوت: ئایا هاوەڵانی محەمەد -دروودی خودای لێ بێت-  وا گومان دەبەن تیایدا پێشمان دەکەون، سوێند بە خوا پێشبڕکێیان لەگەڵدا دەکەم تا بزانن لە دوای خۆیان پیاویان جێهێشتووە، دواتر تا بەرەبەیان نوێژی دەکرد.

   هەروەها لەو شتانەی دەربارەی هەندێک پێشین خوێندوومەتەوە هەیانبوو سەرەتای شەو قۆڵی هەڵدەماڵی و بە خۆيی دەوت: با نیشانی خودا بدەین ئەمشەو چی دەکەین، یان شتێک لەو جۆرە، ئەم قسەیەی کاریگەریی لەسەرم داناوە، هەرکاتێکیش لە ڕەمەزان هەستم بە تەنبەڵی کردبێت ئەو قسەیەم لەبەر خۆمەوە دەوتەوە، زۆرێک لە هاوشێوەی ئەمانەم بۆ ماوەیەکی درێژ وەک شەیدایەک بە خۆم دەوت، ئەوەیش سوودی هەبوو.

   ئەمەيش ڕاماندەکێشێت بۆ پێویستی خوێندنەوەی هەواڵی پێشین لەم دەرگایانەوە.

   ئامۆژگاريیش لەوە دەکرێت بە خوێندنەوەی کتێبگەلی ڕێکخراوی بابەتیانەی گەشتەکان (السير)، خۆشەویسترینیان لە دڵم (تحفة العلماء)ـی شێخمان شێخ ئەحمەد سولەیمان، لەوانەيش (نزهة الفضلاء)ـی شەریف، (التهذيب الموضوعي للحلية)، و(حياة السلف)ـی تەیار.

   ٥. لە کۆتاییدا، بەبۆنەی قەڵەباڵغی ئەلیکترۆنییەوە، لە ئامانجی ڕۆژوو دابڕانە لەوانەی دڵ سەرقاڵ دەکەن لە ئاگابوون لە خودا، تێڕامان لە کتێبەکەی و هەستکردن بە مانای پەرستن، ئەوەی ئەمەی زانی بەپێی توانای تێکۆشانی زۆر دەکات لە بەڕۆژووبوونی ئەلیکترۆنی، بە تەواوی لە هەموو دەرگاکانی دادەبڕێت گەر ماوەیەکی دیاریکراویش بووبێت وەک بەڕۆژووبوون، لەگەڵ نەفستدا تێکۆشانێکی توند تێبکۆشە، دواتر کاتێکی دیاریکراو دابنێ بۆ بەکارهێنانی هاوسەنگ.

   ئەمە تەنیا کاتت بۆ ناگەڕێنێتەوە، بەڵکو لەوە گرنگتر وزەیەکی زۆری دڵت بۆ پاشەکەوت دەکات کە لەم ڕۆژانەدا زۆر ئاتاجییت، لەوانەیە تیابمێنێیت لەو ماوەیەی بەفیڕۆت داوە، ڕاستییەکەی زۆرێکی -زیادەڕۆیی ناکەم- لە سەر پەیجە شین، سوور یان ئاسمانییەکە و ئەو ڕەنگەکانی تر کە تووشی بووین بەفیڕۆ دەچن!
تاگەکان    
فیلم دیزاینی زیرەک #پیری زمان ئەدەبیاتی فارسی بوووژانەوە فەرهەنگ مۆدێرنە وەچەخستنەوە موناجات دەروونناسی کورد دەربارەی_کتێب ڕانانی_کتێب یادەوەری
فیکر
2021-05-02 کۆمێنت 318 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی