فێڵێکی نوێ بە ناوی دراوی ئێلیکترۆنییەوە

نووسینی: ئارام شاهۆ
فیکر 2021-04-28 کۆمێنت 2179 جار بینراوە
پێغەمبەر دەفەرموێت: «لو كان لابن آدم واديانِ من مالٍ لابتغى ثالثًا، ولا يملأ جوف ابن آدم إلا التراب، ويتوب الله على مَن تاب: گەر مرۆڤ دوو دۆڵ پارەی هەبێت، هەوڵ دەدات دۆڵی سێیەمی پەیدا بکات و، دەمی مرۆڤ تەنیا گڵ پڕی دەکاتەوە، خودایش لەو کەسە خۆش دەبێت کە تەوبە دەکات.» متفق عليه.

   پێغەمبەر لەم فەرموودەیەدا زۆر جوان ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە مرۆڤ هیچ کات تێر نابێت. گەر پارەی ژیاندنی ملیۆنان کەسیشی هەبێت، هێشتا چاوی تەماحی لەوەدایە کە زیاتری بکات. تاکە شتێکیش کە ئەو تەماحە دەکوژێت، تەنیا مردنە. هەر کەسێک تەوبە بکات لەسەر ئەم سیفەتەی و خۆیی لێ بپارێزێت، خوایش لێی خۆش دەبێت.

   هەر دەمە و چیرۆکی کەسێکمان بە گوێ دەکەوێت، کە بەشێکی زۆری سامانی خۆی بە کەسێک داوە، پاشان هەڵخەڵەتێنراوە و هەمووی لە دەست داوە. وەک خۆمان دەیڵێین «پارەی لە قوڕگی شێردا گیری کردووە.» وا چەند مانگێکە بەسەر چیرۆکی سلێمان هەڵشۆییدا تێپەڕیوە، کە نموونەیەکی زەق بوو بە جۆرێک هەموو میدیای هێنایە دەنگ. ئەمەش شتێکی نوێ نییە، بە درێژایی مێژوو هەر هەبووە. هەندێک جار نەک کەسێک و دوان، کۆمپانیایەکی گەورە ئەو کارەی کردووە.

   «دەست بکە بە بزنس. خاوەنی بزنسی خۆت بە. تا کەی دەتەوێت بە چەقبەستووی بمێنیتەوە؟ وا هەست ناکەی کاتی ئەوەیە دەست بە بزنس بکەیت؟ دەتەوێت بە پارەیەکی کەم، قازانجێکی زۆر بەدەست بهێنیت؟ گەر شتێکی مەترسیدار نەکەیت چاوەڕێی گۆڕانکاری مەبە». ئەمانە و دەیان قسەی زلی وا بە گوێی خەڵکدا دەخوێنرێت؛ وا لە مرۆڤ دەکات هەنگاوێک بنێت و ئەو پارەی کە خڕی کردووەتەوە، بیخاتە ناو پرۆژەیەکەوە. تەنانەت ئەگەر کابرا پیسکەیش بێت، بەم قسانە وای لێ دێت دەستبەرداری پارەکەی ببێت. چونکە خەیاڵی ئەوەی لا دروست دەبێت، کە دەبێت بە بازرگانێک و  پارەی لەناو پرۆژەیەکدایە، بەم شێوەیە دەبێت بە بزنسمان، ئیشی ئازاد دەکات، دوای ماوەیەک پارەی بەسەردا دەبارێنێت. بەڵام ڕاستییەکەی بەو شێوە نییە.

   گەر سەردەمانێک دەنگی ئەو کەسە قۆڵبڕانە بە هەموو کەس نەگەیشتبا، ئێستا گەنج و پیر گوێیان لەم قسانە دەبێت. هەریەک لە ئاستی خۆیدا دەکەوێتە داوی ئەم مشەخۆرانەوە.

   لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا بازاڕی دراوە ئێلیکترۆنییەکان گەرم بووە، قۆرخکارییەکی خەیاڵی بە ناوی ئەو دراوانەوە دەکرێت. چ لە ئاستی کوردستان بێت، یان لە ئاستی جیهاندا. من لێرەدا باسی حوکمی شەرعیی بەکارهێنانی ئەم دراوانە ناکەم، بەڵکو باسی شێوازێکی مامەڵەی ناژیرانە و ئەو فێڵانەی کە لەژێر ناوی دراوەکانەوە دەکرێت دەکەم.

   بازرگانیی دراوەکان وەکو بازرگانییەکی تر نییە، کاڵایەکی واقعی نییە، ئەوەی هەیە زانیارییەکی ئێلیکترۆنییە کە بەهایەکی بۆ دانراوە. چۆنییەتی دروستکردن و جۆری دراوەکان بابەتێکە هێشتا زانیاریی تەواوم لەسەر نییە.

   بە شێوەیەکی گشتی تەنیا چەند جۆرێک دراوی ئێلیکترۆنی ناویان هەیە و هەندێک کۆمپانیا و وڵات پشتگیریی دەکەن. دەیشکرێت ڕێت بە چەند دانەیەک بکەوێت، تەنیا بە ناو هەبن. کە دەچیت بە دوایدا، جگە لە وێب سایت یان پەیجێکی سۆشاڵ میدیا، هیچی تر نادۆزیتەوە. واتا کاتێک ئەو دراوە دەکڕیت، لە ڕاستیدا تۆ خاوەنی هیچ نیت. ئەوانەیشی بەشێوەیەک لە شێوەکان فەرمین، تاکە بازرگانییەک کە دەتوانیت پێیان بکەیت، بازرگانیی نێوان دراوەکانە.

   با نموونەیەک بدەم لەسەر شێوازی ئەم بازرگانییە. تۆ دۆلارت هەیە و دەیدەیتە بیتکۆین کە دراوێکی ئێلیکترۆنییە. سەرەتا دەبێت تۆ جزدانێکی ئێلیکترۆنیت هەبێت بۆ هەڵگرتنی دراوەکە، ئەمیان زیاتر وەکوو حسابی بانکییە کە پارەی تێدا هەڵدەگریت. کاتێک ئەو بیتکۆینەت کڕی دەیخەیتە ناو جزدانەکەت. ئێستا تۆ خاوەنی یەک بیتکۆینی. دەتوانیت دوو شت بەم بیتکۆینە بکەیت:

   - یەکەمیان ئەوەیە بەم بیتکۆینە شتێک بکڕیت. بەڵام تەنیا لە جێیەک دەتوانیت شت بکڕیت کە بە فەرمی بڵێت ئێمە دراوی بیتکۆین وەردەگرین. وەک چۆن لای خۆمان ناتوانیت بە دۆلار، کیلۆیەک تەماتە لە بەقاڵێک بکڕیت. چونکە بەقاڵەکە بە دینار مامەڵە دەکات نەک دۆلار. بەڵام گەر لە مۆڵێک بوویت، ئاسایی دەتوانیت بە دۆلار کیلۆیەک تەماتە بکڕیت، چونکە خۆیان وتوویانە دۆلار وەردەگرین.

    لێردا فەرقێکیش هەیە، لە بازاڕدا جێی ئاڵوگۆڕی دراوەکان هەن، دەتوانی ئەو تومەن و لیرەیە بکەیت بە دینار، پاشان بێیتەوە بۆ لای بەقاڵەکە و تەماتەکە بکڕیت. بەڵام تا هەنووکە، لە عێراقدا هیچ جێیەک نییە بیتکۆین یان هەر دراوێکی تری ئێلیکترۆنی بگۆڕێتەوە بە دینار یاخود دۆلار، مەگەر ئەوەی خۆت بە کەسێکی بفرۆشیت. گەر هاوڕێیەکت یان خزمێکت بیتکۆینی بوێت، ئەوکاتە دەتوانیت ڕاستەوخۆ پێی بفرۆشیت و پارەکەی لێ وەربگریت. ئەم ئاڵوگۆڕەیش پێی دەڵێن peer to peer واتا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر. دەتوانی ئەم کڕین و فرۆشتنە بە ئۆنلاینیش بکەیت، ئاپڵیکەیشنی okex هەیە، کە ئەو کارە بە ئۆنلاین جێبەجێ دەکات. لەم ئاپەدا گەر بتەوێت ئەو بیتکۆینە بکەیت بە دینار، دەبێت ڕایبگەیێنیت کە بیتکۆینێکت هەیە و دەتەوێت بیفرۆشیت. ئیدی چاوەڕێ دەکەیت تا ئەندامێک دێت و لێتی دەکڕێت. ئەم گۆڕینەوەیە گرەنتی لەگەڵدایە، چونکە دەبێت ناسنامە و پاسپۆڕتت داخڵ بکەیت تا ببیت بە ئەندامێک لەو ئاپەدا، گەر هەر شتێک ڕووبدات ناو و ناونیشانی کەسەکە ئاشکرایە، دەتوانیت سكاڵای خۆتی لەسەر تۆمار بکەیت.

   - دووەمیان ئەوەیە کە بیتکۆینەکە لای خۆت بهێڵیتەوە و چاوەڕێ بکەیت تا نرخی بەرز دەبێتەوە، بۆ نموونە تۆ بە ٥ دۆلار کڕیوتە، چاوەڕێ دەکەیت تا نرخی دەبێت بە ٥٠ دۆلار، ئینجا دەیفرۆشیت. ئەوکات گەر کڕیارێک هەبێت، دێت لێتی دەکڕێت. بەم شێوەیە تۆ ٤٥ دۆلار قازانجت کردووە.

   گەر تێبینی بکەن من ڕێک نموونەی بیتکۆینم هێنایەوە چونکە بیتکۆین لە ئێستادا بەهێزترین دراوی ئێلیکترۆنییە، ژمارەیەکی دیاریکراوی هەیە و کەس ناتوانێت کەم و زیادی بکات، دراوێکی کراوەیە ( واتا هەموو کەس دەتوانێت بزانێت کە تاک-تاکی ئەو بیتکۆینانەی هەن لە چیا سەرف کراون)، ئەمە جگە لەوەی کە بەدەستهێنانی وزەیەکی یەکجار زۆری دەوێت و لە هەموو جێیەک «ماینینگ»ی دەکەن. چەندین کۆمپانیای زەبەلاحی وەک Microsoft و BMW و paypal (تەنیا لە ئەمریکا) بە فەرمی مامەڵە بە بیتکۆین دەکەن. کە حاڵی ئەم دراوە ئاوها بێت ئیتر پێویست ناکات باسی جۆرەکانی تر بکەم، چونکە هەرچییەک بێت، دڵنیا بە لەوەی ناگات بە تۆزی پێی بیتکۆین!

   ئەوەی کە سەیرە، کۆمەڵێک هاتوون و بەڵێنی ئەوە دەدەن کە ئەم دراوانە مانگانە پارەت بۆ دێنێت، چونکە کۆمپانیاکەیان دەیانخاتە ناو پرۆژەوە. نوکتەکە ئەوەیە، کەسێک ناپرسێت تەنیا یەک پرۆژەم پێ بڵێ کە بەم پارەیە کاری پێ دەکرێت؟ لە چ وڵاتێکە و لە چ جێیەکە؟ هیچ نووسراوێکی یاسایی هەیە کە ئاماژە بەوە بکات؟ ئەسڵەن کۆمپانیای ئەو دراوە هیچ قسەیەکی وا دەکات؟ ئایا بە سوو ئیش دەکات؟

   جگە لەو مامەڵەی کە باسم کرد، تا ئەو ساتەی ئەم بابەتەی تێدا نووسراوە یەک بازرگانیی تر بەم دراوانە ناکرێت، هەرکەسێکیش وتی ئەم دراوانە کۆمپانیاکانی دەیخاتە ناوی پرۆژە، ڕاست ناکات. چونکە هیچ پرۆژەیەک بە دراوی ئێلیکترۆنی ئیش ناکات، مەگەر بۆ قۆڵبڕینی خەڵک پرۆژەکە دامەزرابێت.

   شتێک هەیە لە وڵاتان پێی دەوترێت hedge fund. ئەم کۆمپانیایانە بە گشتی پارە لە خەڵکی کۆ دەکەنەوە، لە بازرگانیدا وەکو پشکی کۆمپانیاکان، بە کاری دەهێنن و دواتر قازانجەکەی بۆ ئەو کەسە دەگێڕنەوە. بێگومان ئەم کۆمپانیایانە کەسانی شارەزا بەڕێوەیان دەبەن و لەلایەن یاساوە بە توندی ڕێک خراون، وەکوو ئێرە نییە کە هیچ گرێبەستێکی یاسایی لە ئارادا نەبێت و خاوەن کۆمپانیاکان بە ئارەزووی خۆیان ڕا بکەن و ‌هەڵبێن. زۆرجاریش ئەم کارانە حەرامن چونکە بنچینەی مامەڵەکەیان لەسەر سوو دامەزراوە.

   پارەخستنە نێو پرۆژەیەکی نادیار، دەردێکە هەموو جارێک سەری کۆمەڵێک بە قوڕدا دەبات. میکانیزمەکەیش هەموو جارێک هەمان شتە. کەسێک دێت و دەڵێت من خاوەن پرۆژەم و باسی خۆی دەکات کە ئامانجی چییە و چی دەکات، من ٩ هەزار دۆلاری پێ دەدەم، پاشان لە مانگی یەکەم ٩٠٠ دۆلار وەردەگرم، لە مانگی دواتر ٨٠٠ دۆلار، بۆ دواتریش ٨٥٠، پاشان کابرا دێتەوە و دەڵێت پرۆژەیەكی ترم هەیە، حەز دەکەم تۆ بەشداربیت. بەڵام پارەی زیاتری دەوێت. ئەڵبەتە ئەمجارە ئامادەم زیاتر بدەم. چونکە سەلماندوویەتی کە پڕۆژەکەی قازانجی باشی هەیە، جگە لەوەیش لەوانەیە بێت و بڵێت متمانەم پێتە و تەنیا بە تۆم وتووە. ئەمەش وا دەکات متمانەیەكی زیاتری پێ بکەم. بۆیە ئامادەم ماڵ و سەیارەی خۆم بفرۆشم و، هەموو سەروەتم بخەمە ژێر دەستییەوە. پاشان کەسێکی تر دەبینێت کە من ئەو هەموو پارەم تێخستووە، دەڵێت قابیلە ئەوەندە گێل بێت، ماڵ و سامانی خۆی لە خۆڕا دابنێت؟ ئەویش گەر هەموو ماڵی نەهێنێت، بە لایەنی کەم نیوەی دێنێت بۆی و دەبێت بە بەشێک لە پرۆژە خەیاڵییەکە. بەم شێوەیە چەندین کەس دێنە ناو ئەم بازرگانییەوە.

   بەڵام شتێک هەیە. هەموو ئەو پارانەی مانگانە وەریدەگرین، پارەی خۆمانن بە خۆمانی دەداتەوە. نە پرۆژەیەک هەیە و نە جووڵەیەک بە ئەو پارەیە کراوە. دوای ماوەیەک -دەکرێت چەند مانگێک یان چەند ساڵێک ببات-، کابرا یان ون دەبێت، یاخوود دەڵێت ئیفلاسم کردووە. هەموو پارەکان بە جارێک نامێنێت.

   ئەم سیناریۆیە دەیان جار دووبارە بووەتەوە، بەڵام کەم کەس پەندی لێ وەردەگرن. بابەتی ئەم دراوانەیش هیچ فەرقێکی نییە لەگەڵ ئەم جۆرە بازرگانییە. گەر چاوێک بە دەوروبەرماندا بگێڕین، بە لایەنی کەم کەسێک دەناسین کە خووی بەم دراوانەوە گرتووە و    سامانی خۆی خستووەتە ناویەوە، بە ئومێدی ئەوەی کە بۆ مانگی دابێ بە قازانجەوە وەری بگرێتەوە، بەڵام زۆرجار پێچەوانەکەی ڕوو دەدات و بە زەرەر دەگەڕێتەوە.

   یەکێک لە ڕووداوە جیهانییەکان دراوی وەن-کۆین «onecoin» بوو، ئەمیان شێوازی کارەکەیان لەسەر سیستەمی هەڕەمی پۆنزی بوو، ئەم سیستەمە هەندێک ئاڵۆزە و باسکردنی زۆر درێژە دەکێشێت، گەر بۆم کرا لە بابەتێكی تردا باسی دەکەم، خاوەنی وەن-کۆین توانی نزیکەی ٤ ملیار دۆلار لە هەموو جیهان خڕ بکاتەوە، ئەوان گەیشتبوونە قۆناغێک کە هەندێک بانک لە جیهاندا کاریان بە وەن-کۆین دەکرد و وەک دراوێک ددانیان پێدا دەنا. بەڵام یەک شت لە ئارادا نەبوو، هەموو ئەو کۆینانە خەیاڵی بوون. لە ساڵی ٢٠١٧دا لە ناکاو نەمان. هەموو ئەو پارانەش بران، هەتا ئێستایش دۆسیەی گەڕان بە دوای خاوەنی وەن کۆین بەردەوامە.

   لای خۆیشمان چەندین نموونەی وەهامان هەیە، یەکێک لە قوربانییەکانی ئەم مامەڵەیە کوڕێک بوو ٢٠ هەزار دۆلاری خڕ کردبوویەوە بۆ ئەوەی ژنی پێ بهێنێت، کەچی ئەو پارەی هەموو دا بەم دراوە، دوای ماوەیەک قۆڵیان بڕی و پارەکەی برا. سەرئەنجام ئەو کچەی کە چەنێکە پارەی بۆ خڕ کردبوو، شووی بە کەسێکی تر کرد و چوو. یان کابرایەکی تر چەند خانوویەکی هەبوو، هەمووی فرۆشت و خۆیشی بوو بە كرێنشین، هەموو ئەو پارەیشی داوە بە دراوێک کە هیچ سەرچاوەیەکی نەبوو. ئێستا نەک هەر پارەکەی نەما، بەڵکوو دەبێت مانگانە كرێی خانوو بدات.

   هەر لەم ماوەیەدا، دراوێک بە ناوی «گووگڵ کۆین»ەوە دەرچووبوو، جا دەیانگوت گووگڵ ئەو پارەیەت دەخاتە ناو ئیشەوە و مانگانە قازانجت بۆ دێنێت. کۆمەڵێکی باش وایان زانیبوو ئەمە هەر بە ڕاستی هیی کۆمپانیای گووگڵە. کە بە دوای بابەتەكەدا چووین، دەرکەوت گووگڵ هیچ پەیوەندیی بەم دراوەوە نییە! کۆمپانیایەکی ئیماڕاتی بۆ قۆڵبڕینی خەڵکی ئەمەی کردووە.

   یەکێکی تر لەو دراوانەی کە جێی مشتومڕە، بیزکۆینە «Bizzcoin». ئەم دراوە کۆمپانیاکەی هەندێک ئیشی پێ دەکات جێی گومانن. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ئەگەر کەسێک بە ناوی تۆوە بیزکۆین بکڕێت، ئەوا بەشێکی ئەو بیزکۆینە دەگەڕێتەوە بۆ تۆ. ئەمە جگە لەوەی کە bizztrade هەیە و، خۆیان واتەنی، بیزکۆینەکە دەخەیتە ناو پرۆژەیەکی نادیارەوە و هەفتانە یان مانگانە پارەت بۆ دێتەوە. سەرەتا دەبێت جزدانی ئێلیکترۆنی Bizzwalletت هەبێت، ئینجا دەتوانی بیزکۆین کۆ بکەیتەوە. یەکێکی تر لە کێشەکان کە بەکارهێنەرانی تووشی بوونە، دەڵێن ئێمە بیتکۆینمان گۆڕیەوە بە بیزکۆین، لەم جزدانەمان داناوە، ئێستا هەرچی دەکەین ناتوانین بیزکۆینەکە بگۆڕینەوە بە بیتکۆین. بە جۆرێکی تر تۆ بە ئاسانی دەتوانیت پارەت بخەیە ناو جزدانەکە، بەڵام ناتوانیت بە دڵی خۆت دەری بکەیت. ئەمەش نیشانەیەکی نەرێنییە و مانای قۆڵبڕین دەدات. ئەمە لە کاتێکدا کە خۆیان دەڵێن دەتوانیت ئەم دراوە ئاڵوگۆڕ بکەیت لەگەڵ دراوە ئێلیکترۆنییەکانی تردا. لە ڕاستیدا زۆرێک پێی وایە ئەمیش هەر سیستمی هەڕەمیی پۆنزییە و ئەمیش وەک وەن-کۆین قۆڵبڕییەکی ترە. ئینجا ئەوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەرا و هوریایانە بەوەی کە بیزکۆین قازانجی وەها دەکات و ئاوهایە، بەڵام لە بەشی یاسایی واڕگەکەیاندا دەڵێت «دەبێت کەسەکە ئەو مەترسییانە قبووڵ بکات کە لە کاتی کڕینی بیزکۆیندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بێ گوێدان بە بەڵێن، ڕیکڵام، دەبێت کەسەکە پشت بە ئەزموونی خۆی ببەستێت پێش ئەوەی بیزکۆین بکڕێت» هەروەها لە جێیەکی تردا دەڵێت «کەسی کڕیار دەبێت تێبگات و ئەوەش قبووڵ بکات، کە مەترسی ئەوە هەیە بیزکۆین نرخی نەمێنێت، یان زۆر داببەزێت» بە شێوەیەکی تر کۆمپانیاکە ئامادە نییە بەرپرسیارێتی هیچ شتێک هەڵبگرێت. دڵنیایشم یەک کەس ئاگای لەم خاڵانە نییە کە کۆمپانیاکە لە بەشی یاساییەکانی خۆیدا دایانناون.

   بۆیە دەبێت زۆر وریا بین لە مامەڵەکردن بەم دراوانەوە، یان هەر پڕۆژەیەکی تر کە پارەی تێدەخەین. بەڵێنی قازانج و قسەی لووس هەڵمان نەخەڵەتێنیت. هەندێک شت هەن ئاماژەن بەوەی کارەکە درۆ و هەڵخەڵەتاندنە. لەوانە:

   - ئەگەر بەڵێنی قازانجی زۆر درا بەڵام مەترسییەکی کەم.
   - بەردەوام قازانجت بۆ بێتەوە سەرەڕای بەرزی و نزمییەکانی بازاڕ.
   - نەبوونی هیچ ڕێگەپێدانێکی حکوومی و یاسایی.
   - نەتوانیت پارەکەت بکشێنیتەوە بە ئاسانی. یان بڵێت دەبێت چاوەڕێ بکەیت تا چەند مانگێک ئینجا دەتوانیت پارەکەت بکشێنیتەوە. بە تایبەت کە لە سەرەتادا هیچ باسی ئەوە نەکرابێت.

   چەند شتێک هەیە دەمەوێت ئاماژەیان پێ بکەم:

   زۆرجار نموونەی بیتکۆین دەهێننەوە. دەڵێن «ئەها سەیری بیتکۆین بکە، سەرەتا چۆن بوو ئێستا چی لێ هات! دراوەکانی تریش هەر وایە.»

   جارێ یەکەم شت، بیتکۆین بە چەندین ساڵ وای لێ هات، نەک بە ڕۆژ و دوان! پاشان بیتکۆینیش هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی ماڵی خۆتی لەسەر دابنێیت، ئینجا کێ وتی نرخی بیتکۆین وا دەمێنێتەوە و بەردەوام زیاد دەکات؟ لەم ماوە سەرۆکی ئەمریکا قسەیەکی کرد و نرخی بیتکۆین ڕێک دابەزی.

   هەشە دەڵێت تەماشای ئێلۆن مۆسک بکە زیاتر لە میلیارێک دۆلاری بە بیتکۆین داوە. ئاخر نەگبەت، ئێلۆن مۆسک خاوەنی کۆمپانیای tesla و space xە، ئەو پارەیشی کە بەو دراوەی داوە، پارەی زیادەی خۆیەتی. ئەو نەهاتووە کۆمپانیاکەی بۆ ئەو دراوە بفرۆشێت. پاشان بیتکۆین یەکێكە لەو دراوانەی کە دەتوانیت بەرهەمەکانی تێسلای پێ بکڕیت. دوور نییە ئەویش بۆ ئەوە وا بکات تا زۆرترین بیتکۆین لای خۆی گل بداتەوە و نرخی زیاد بکات. بەڵام دیسان دەیڵێمەوە، ئەو پارەیە زیادە بۆ ئەو، گەر بە بیتکۆینی نەدات دەیدات بە شتێکی تر، بۆیە ڕیسكێكی وەهای پێ دەکات.

تاگەکان    
نەتەوایەتی خێوەتگە بوونەوەری ئاسمانی سیاسەت شیرک کورد ئەنیمی چیرۆک ئەیاد قنێبی دوعا ئیلحاد وەچەخستنەوە لۆجیک بوومەلەرزە جوانی
فیکر
2021-04-28 کۆمێنت 2179 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی