ئەنیمی، باڵیۆزی وڵاتی ژاپۆن بۆ جیهان

نووسینی: هادی سەڵاحات وەرگێڕانی: عەلی تاڕق
فیکر 2021-04-22 کۆمێنت 2271 جار بینراوە

«ئەنیمی»ـی ژاپۆنی هونەرێکی تەلەڤزیۆنی خاوەن خاسیەت و شێوازی تایبەت بە خۆیەتی و لەسەر ئاستی ڕووکەش و ناوەڕۆک لە وێنە جووڵاوە (فیلمە کارتۆنە) ئەمریکاییەکان جیای دەکاتەوە، هەروەک چۆن بەشێکی بنچینەیی کولتووری ژاپۆن پێکدەهێنێت.

   بازاڕی ئەنیمیی ژاپۆنی لە گەشەسەندنێکی بەردەوامدایە، بە گوێرەی کۆمەڵەی فیلم کارتۆنی بزۆکی ژاپۆنی (The Association of Japanese Animation) تەنیا لە ساڵی ٢٠١٧ـدا قەبارەی فرۆشتنەکانی گەیشتە زیاتر لە ١٨ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکایی لە سەرانسەری جیهاندا.

   پێشبینی بەرەوپێشچوونی زیاتری ئەم بازاڕە لە جیهاندا دەکرێت، تا کار گەیشتۆتە ڕادەیەک هاکا داهاتە دەرەکییەکان بکەوێتە پێش داهاتە ناوخۆییەکانی ئەم بازاڕە، تەنیا تۆڕی نێتفلێکسی ئەمریکایی تا ئێستا ٤٠ ئەنیمیی تایبەت بە خۆیی بەرهەم هێناوە، ئەمە جگە لەو ئەنیمییانەی کە تەنیا پەخشی دەکات، ئەمەیش ڕێژەی بەربڵاویی ئەنیمیی ژاپۆنی و قەبارەی کاریگەرییەکەی دەردەخات. خۆ گەر ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەن هۆڵیوود بن، ئەوا ژاپۆن خاوەنی «ئەنیمی»ـیە، هەر بۆیە ئەنیمی بووەتە «باڵیۆزی ژاپۆن بۆ وڵاتانی تر.»

ئەنیمیی دۆبلاژکراو
   سەرەتای هاتنە ناوەوەی ئەنیمی بۆ وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ نەوەی حەفتاکان و هەشتاکان بوو لە ڕێگەی ئەنیمییە دۆبلاژکراوەکانەوە، کە زۆربەی هەرە زۆریان پاڵفتەکراو بوون، زۆرجاریش لە ڕۆمانەکانەوە وەردەگیران، لە نموونەی «سالی» و «دوورگەی گەنجینەکە» و «بیل و سیباستیان» و «خاوەن سێبەری درێژ» و هتد...

   بەڵام سەرەتای هاتنەناوەوە ڕاستەقینەکەی ئەنیمی بۆ وڵاتانی عەرەبی لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە بوو لە ڕێی سەنتەری «الزهرة» و کەناڵی سپەیستون‌ـەوە، یەکەمین کەناڵی عەرەبیی تایبەت بە پێشکەشکردنی ئەنیمیی ژاپۆنیی دۆبلاژکراو بۆ منداڵان. ئەوکات ئەنیمییە دۆبلاژکراوەکان -بەتایبەتی ئەوانەی سپەیستون دۆبلاژی دەکردن- ڕەچاوی بەها ئاینی و کۆمەڵایەتییەکانی لە کۆمەڵگە عەرەبییەکاندا دەکرد، تەنانەت گەر هەموو چیرۆکی ئەنیمییەکەی بۆ لەلا ڕێدا ببردرایە، نەک تەنیا بە سڕینەوەی دیمەنە نەشیاوەکان.

   هەرچەندە سپەیستوون و ئەنیمییە دۆبلاژکراوەکان هەوڵی چەسپاندنی بەهاگەلێکی بەرز و چەند ڕەوشتێکی باڵا و بگرە ئاینییشی لەنێو بینەرانیدا چەسپاندبێت، وەلێ لە بەرانبەردا دیمەن و وێنەگەلێکی تری لەلای بەکارهێنەران زیاتر داکوتراو و چەسپاوتر کرد، زۆرجاریش لە واقیع جیایانی دەکردنەوە و لەنێو لێشاوی وەهم و خەیاڵات و خەونی پەمەییدا نغرۆیانی دەکردن، بەتایبەتی کە ئەو کەسانە منداڵان بوون و، لە قۆناغی داهاتوو و لەبەرەنگاربوونەوەی ژیاندا تووشی چەندین ئاستەنگی دەبن. ئەمەیش گریمانەیەکی هەروا سەرپێیی نییە، بەڵکو وشەی «otaku»ـی ژاپۆنی کە بەو کەسانە دەوترێت ئارەزووی ئەنیمی بکەن و زۆر هۆگری بووبن، لە لای ژاپۆنییەکان چەند بیرۆکەیەکی نەرێنی لەمەڕ نەبوونی لێهاتوویی کۆمەڵایەتی لەنێو ئەم کەسانە لە خۆ دەگرێت.

ئەنیمی لە سەردەمی ئینتەرنێتدا
   سەردەمی ئەنیمیی دۆبلاژکراو «هەڵەتێگەیشتن»ـێکی پێشکەش کرد کاتێک وەها وێنەی ئەنیمی کرد کە تەنیا ماددەیەکی بێزیانی «بۆمنداڵ‌ئامادەکراو»ـە. سەرەڕای زیانە لاوەکییەکانی ئەنیمیی دۆبلاژکراو، ئەوا ئەم «باڵیۆزە ژاپۆنییە» بە کولتوورە هەمەڕەنگەکەی وڵاتی ژاپۆن تەنراوە، جا هیچ سەیر نییە گەر چەندین واتا و ناو و ئاماژەگەلێکی تایبەت و چەندین بیروباوەڕی سەرچاوەگرتووی هیندۆسی و بوودی و شینتۆیی و کۆنفۆشیۆسی و تاوی و تەنانەت کولتووری میللی خودی وڵاتی ژاپۆن لە خۆ بگرێت.

   ئەمەیش لەمڕۆدا زۆرێک لە خانەوادەکان لێی بێئاگان، کاتێک منداڵەکانیان واز لێ دێنن تاکو تەماشای ئەو دیمەن و بابەتانە بکەن کە ئەنیمی لەسەر ئینتەرنێت پێشکەشیانی دەکات و لەسەر شێوە ئۆرجیناڵەکەی خۆی بەبێ هیچ لێبڕین و ماناگۆڕینێک، ئەمەیش ئەو منداڵ و گەنجانەی لە سەرەتای تەمەنیانەوە هۆگری ئەنیمی بوونە پەلکێشی خۆی دەکات.

   لەو ئەنیمییانەی هەڵگری بیروباوەڕی ڕۆژهەڵاتین، ئەنیمیی «Dragon Ball» و فیلمی ئەنیمیی«Spirited Away - Sen to Chihiro no Kamikakaushi». هەندێک لە ئەنیمییەکانیش هەڵگری هەردوو بیروباوەڕی ڕۆژهەڵاتی و ماسۆنین، لە نموونەی ئەنیمیی «Yi Gi Oh» کە پڕاوپڕە لە ئاماژە ماسۆنییەکان، هەر لە ئاماژەی ئەو هەرەمەی کە چاوەکەی لەسەر لوتکەکەیدایە تا دەگاتە خودی چیرۆکەکە کە لەسەر بیرۆکەی تەناسوخی ڕۆحەکان و جادووگەری لە میسڕی کۆندا بونیاد نراوە. هەروەها ئەنیمی «Fullmetal Alchemist: Brotherhood»  هەیە کە باس لە خیمیا (کیمیای جادووگەری) و بناغەی فەلسەفە دەکات.

   بەشێک لە ئەنیمییەکان بابەتی فەلسەفەیی تاوتوێ دەکەن، لە نموونەی «Death Note» و «Psycho Pass»، بگرە هەندێکیشیان بابەتە بوونگەراییەکان دەکەنە بەر باسوخواس، کە زۆرجاران لە گۆشەنیگایەکی بتپەرستی یاخود ئیلحادییەوە پێشکەش دەکرێت، وەکو ئەنیمیی «Death Parade» و ئەنیمیی «Subete ga Fni Naru».

   ئەنیمییش -هاوشێوەی هەموو ئەو بابەتە بینراوانەی تر کە بۆ چێژوەرگرتن تەماشا دەکرێن- چەندین جۆر و دابەشکاریی تێدایە، چ لە ڕووی شێوەوە بێت یاخود ناوەڕۆک، جا بۆیە دەکرێت ئەنیمی دیمەنی خوێناوی، یاخود دیمەنی ڕووت و ماچکردن و تەنانەت دیمەنی خۆشەویستییە هاوڕەگەزبازییەکان لە خۆ بگرێت، تا کارە دەگاتە ئەوەی چەند دیمەنێکی ئاشکرای پۆڕن و نێربازی و چەندان کاری نەشیاوی تری تێدا بچەسپێنرێت!

   ژیان لە ژاپۆندا یاخود بە تەنیا هەبوونی چانسی سەردانیکردنی ئەو وڵاتە بە یەکێک لە خەونی زۆربەی «ئۆتاکۆ»کان دادەنرێت، ئەویش لەبەر هۆکاری تێکەڵبوونی ئەنیمییە بۆ نێو ژیانی ژاپۆنییەکان، جا دەکرێت چەندین وێنەی ئەنیمی لەسەر ئامێرەکانی گواستنەوە و ڕێکلامی سەر شەقام و تاوەرەکان ببینیت.

   هەر بۆیە ئەو کەسانەی هاندەرێکی سەرسەختی ئەنیمی دەبن، تامەزرۆی هەموو ئەو بابەتانە دەبن کە ژاپۆنین، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە دەبینیت هەندێکیان زمانی ژاپۆنی فێر دەبن -سەرەڕای دژواریی زمانەکە- یاخود ئەدەبیاتی ژاپۆنی دەخوێننەوە، ئەمە جگە لەو کەسانەی کتێبە وێنەکراوە ژاپۆنییەکان (مانگا) دەخوێننەوە کە زۆرجار سەرچاوەی خودی چیرۆکی ئەنیمییەکەیە، ئەویش لەوانەیە ژمارەی بەشەکانی چیرۆکەکە بگاتە سەدان بەش و زنجیرە. لە کاتێکدا هەمان ئەم کەسانە زمانی دایکیان لەلا قورس و ئەستەمە و ڕووبەڕووی قورسییەکی زۆر دەبنەوە بۆ خوێندنەوەی کتێبێکی زمانەکەی خۆیان!

   هەر سەبارەت بە «هەسارەی ژاپۆن» هەرایەکی میدیایی وا خوڵقێنرا تێیدا ژاپۆن بە بەهەشتی خودا لەسەر زەمین وێنا دەکرا، بەتایبەتی لە جیهانی عەرەبیدا لە ڕێگەی چەند بەرنامەیەکی هاوشێوەی «خواطر» کە لە بەشی پێنجەمینەوە ناوبانگێکی زۆری بە دەست هێنا کاتێک بەراوردی «هەسارەکەمان» و «هەسارەی ژاپۆن»ـی کرد. ئەم پێشهاتەیش زیاتر پاڵی بە گەنجەکانمانەوە نا بۆ بەدەمەوەچوونی کولتووری ژاپۆنی و کرانەوە بە ڕوویاندا، سەرەنجام ڕەواجی زیاتری ئەنیمی بووە هۆکاری هۆگربوونی زیاتر پێوەی.

   لە ئەنجامدا، ئەنیمییش دەبێتە هۆکاری هۆگربوونی زیاتری گەنجەکان بە کەلتووری ژاپۆنی، بە شێوەیەکی بازنەیی خولاو کەلتووری ژاپۆنی، قەبووڵکردنی ئەنیمی لەلایەن گەنجانەوە زیاتر دەکات.

ئەنیمی و بۆشایی ڕۆحی
   لەنێو ئەو بۆشاییە ڕۆحییەی ڕۆژاوادا؛ بزووتنەوەی سەردەمی نوێ دەرکەوت -کە درێژەپێدەری هاوچەرخی مەزهەبە باتنییەکانە- تاکو بیروبۆچوونە ڕۆژهەڵاتییەکان لەسەر شێوەی «بەرنامەی ڕاهێنان» و «وەرزشی ڕۆحی»، بە بێ هیچ پابەندکردنێکی زۆرەملێی ئەنجامدەرانی، پێشکەش بکات. لەم بەرنامە و وەرزشانەدا: «ڕیکی، فۆنگ شوی، مایکرۆبایۆتیک و مێدیتەیشن»، ئەو (وەرزش)ـەیشمان لە یاد نەچێت کە بزووتنەوەی نوێی سەردەم برەوی پێ دا، ئەویش «یۆگا»ـیە.

   ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە ئەم «بەرنامە» و «وەرزش» و «خول»ـانە برەویان پێ دەدرێت و وەک چارەسەرێکی خێرا و گشتگر بۆ هەموو کێشە و گرفتەکانی سەردەم بۆ گەیشتن بە تەندروستییەکی باشتر و خۆشگوزەرانی، دوور لە هەموو ڕێسایەکی ئاینی، وێنا دەکرێن. هاوتا لەگەڵ ئەو بانگەوازانەی بانگەشە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاینەکان دەکەن، ئەمەیش لەگەڵ ئەو توانەوە و ئیسلامە پەمەییەی لە پاش سەردەمی جیهانگریدا سەری هەڵداوە خزاوەتە نێو کۆمەڵگەوە. ڕاستییەکەی ئەم بانگەوازە هەڵتەکاندنی هەموو ئەو بنەما ئاینییانەیە کە هیچ ئاینێک بێ بوونیان کامڵ و جێگیر نابێت، هەرگیزاوهەرگیزیش ناکرێت تێکەڵ بە بنەما سەرەکییەکانی هیچ ئاینێکی تر بکرێن، ئەمەیش لە پێناو ئەوەی ڕاستیی بێخەوش و بەتاڵی بێناوەڕۆک تێکەڵ ببن و ئەو وەحی و سرووشە ئیلاهییە پاک و بێگەردە بکرێتە هەمان ئاستی ئاینێکی ئەفسووناوی بێبنەما و دەستکرد.

   ئێمەیش هەستاین و ئەم «بەرنامە» و «وەرزش»ـانەمان لە ڕۆژاواوە وەرگرت، وەک هەموو دووبارەکردنەوە کولتووریەکانی تر، بە حوکمی ئەوەی ئەوان خاوەن دەسەڵاتی کولتووری زاڵن، تەنانەت بەرگێکی ئیسلامی بە بەریاندا کرا! جا بۆیە زۆر ئاسایی بووەتەوە گەنجەکانمان چەند زاراوەیەکی لە نموونەی «هێزی گەردوونی» و «دوورخستنەوەی هێزی نەرێنی» و «شاکرات» ببیستن.

   هەر بۆیە بەرنامەکانی بزووتنەوەی سەدەی نوێ لەسەر بیروباوەڕی ڕۆژهەڵاتی بەندە و، ئەنیمی هەڵدەستێت بە برەوپێدانی لە ڕێگەی برەودان بە کەلتووری ژاپۆنی؛ بەم پێیە بێت ئەنیمی بە شێوەیەک لە شێوەکان برەو بە بزووتنەوەی سەردەمی نوێ و بنەما (غەننووسیە باتنی)یەکەی دەدات. با ئەنیمی نارۆتۆ وەک نموونەیەک وەربگرین، کە بە یەکێک لە ئەنیمییە هەرە بەناوبانگەکان دادەنرێت و پەیوەندیەکی تۆکمەی بە بیروباوەڕە بوودی و هیندۆسییەکانەوە هەیە، هەر لەم ئەنیمییەدا زۆر باس لە «چاکرا» و دابەشبوونی بەسەر جەستەکاندا دەکرێت، جا بۆیە کەسی بینەر -بەتایبەتی کاتێک منداڵ بێت- نەک تەنیا خول و قۆناغەکانی چاکرا قەبووڵ دەکات، بەڵکو خۆشی دەوێت و پەلکێشی دەبێت.

   ئا لێرەدا ئەنیمی هەنگاوێکی زیاتر دەچێتە پێشەوە لە خۆگونجاندن لەگەڵ بیروباوەڕە ڕۆژهەڵاتییە بتپەرستییەکاندا، کاتێک هەوڵی ئەوە دەدات ئەم بیروباوەڕانە لە تەنیا قاڵبێکی بیروباوەڕی ژاپۆنیی سەر شاشە دەربهێنێت و بیکاتە چەند کردار و پراکتیکێک، کەسی موسڵمان لە ژیانی ڕۆژانەیدا ئەنجامی دەدات.

تاگەکان    
فەلەستین نیشتیمان فەرهەنگ عێڕاق مێژوو گەڕان چەواشەکاریی لۆژیکی یادەوەری فەڵەستین فێمینیزم ستەم سۆفیگەری ئەیاد قنێبی دوعا وەچەخستنەوە
فیکر
2021-04-22 کۆمێنت 2271 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی