ئەمڕۆ بە هەمووان دەڵێم پەنجا کیلۆ

نووسینی: حسێن حائیریان وەرگێڕانی: شادان عوسمان
ئەدەب 2021-04-18 کۆمێنت 2271 جار بینراوە
تەرازوویەکی لە پێشی دادەنا و پاڵی بە بەربەستی کۆنکرێتیی تەنیشت شەقامەکەوە دەدا.
خاکی بوو، هەم جلەکانی، هەم دڵی.
لەسەر پارچە کاغەزێک نووسیبووی: «هەزاریت نییە فیدای سەرت، خۆت بکێشە و میوانی من بە.» من موشتەریی هەمیشەیی بووم. هەموو ڕۆژێک لە ڕێگای گەڕانەوەمدا بۆ ماڵەوە، هەزارییەکم پێ دەدا و حەفتا کیلۆم لێ دەبیست. غوڵام کوڕێکی حەڤدە ساڵان بوو کە قولەپێی چەپی کێشەی زگماکی هەبوو، بە سەختی دەیتوانی بە ڕێدا بڕوات. هەر لەبەر ئەمەیش بە تەرازوویەک؛ هەزار تومەن، هەزار تومەن پارەی دەردەکرد. ڕۆژێک چوومە سەر تەرازووەکە، غوڵام وتی پەنجا کیلۆ.
سەیرم کرد دیتم حەفتایە. خۆی پێکەنین گرتی.
وتی: ئەمڕۆ بە هەمووان دەڵێم پەنجا کیلۆ.
وتم: ئێستا بۆ پەنجا؟
+ پەنجا کیلۆ بوو.
- کێ؟
+ ناوی نازانم، وەلێ لە جێی خوشکم نەبێت، زۆر جوان بوو!
- لەسەر خێر، هەست ناکەی زووە جارێ؟
+ هاوتەمەنەکانی من خاوەن ماڵ و مناڵن.
- لەوانەیە جیلی ئێوە زوو دەست پێ بکەن. 
+ لەوانەیە جیلی ئێوە درەنگ دەست بە کار ببن.
دیتم ڕاست دەکات. بەو حاڵەوەی کە هەیبوو زیاد لە خۆشحاڵی نیگەرانی بووم، دەترسام لە لایەنی بەرانبەر شتێک ببیستێت کە نەدەبوو بیبیستێت.
لە بەیانی ئەو ڕۆژەوە غوڵام بە تەواوی گۆڕابوو. یەکەمین گۆڕانێک ئەوە بوو کە دوو هەزار تومەنی لێم وەردەگرت و دەیگوت: حەفتا کیلۆ. ئیدی باسێکیش نەما لەو نووسراوەی «هەزاریت نیە فیدای سەرت.» غوڵام خەریک بوو پارەی کۆ دەکردەوە بۆ چوونە خوازبێنی.
دەیگوت: بە داپیرم وتووە بووکی جوانت ناوێت؟  
نەنەم وتوویەتی: ئاخر کێ شوو بە تۆ دەکات! منیش وتم: سومەیە!
غوڵام لە خەیاڵەکانی لەگەڵ سومەیە قڕقێنەیشی بە مناڵەکەی لێ دابوو.
ڕۆژێک کاتێک لەسەر کێشانەکە بووم، غوڵام بە دەست ئاماژەی بۆ ئەوبەری شەقامەکە کرد و وتی: خۆیەتی.
بینیم دوو کچ لەوبەری شەقامەکەوە دەپەڕێنەوە، کچانێک کە جل و لەچک و پێڵاوەکانیان داهاتی ساڵێکی غوڵام بوو.
ڕۆیشتم لە سووچێکەوە وەستام و تەماشام دەکرد، تەنیا نزام دەکرد کەسایەتی بریندار نەبێت، کە لەنێو ئەم خەیاڵانەدا بووم بینیم دوو کیژەکە بە لای غوڵامدا ڕەت بوون، نە ئەوان سەیری غوڵامیان کرد، نە غوڵام هیی ئەوان.
غوڵام بەو پێ چەپەی کە لەسەر زەوی ڕایدەکێشا هەستا و چووە پێشوازی.
گۆچانەکەی لەژێر شانی سومەیە دەرکرد و سومەیە بە شانی غوڵامەوە خۆی ڕاگیر کرد. غوڵام دارگۆچانەکەی سومەیەی خستە سەر زەوی و دەستی گرت و هاریکاریی کرد بچێتە سەر تەرازووەکە. دواتر سەیرێکی منی کرد و بە پێکەنینەوە وتی: هەر لە ئێستەوە هەمووان پەنجاودوو کیلۆن.
تاگەکان    
نامە شیرک مردن دەروونی قەدەر نیشتیمان گەڕان خاڵبەندی جوانی بوومەلەرزە پارەی ئیلیکترۆنی بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن وەرزش حزبی ئیسلامی زانکۆ
ئەدەب
2021-04-18 کۆمێنت 2271 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی