جوانی لە نێوان بەها و ئامانجدا

نووسینی: لەخزەر عەدووم وەرگێڕانی: سومەیە قانع
ئەدەب 2021-04-11 کۆمێنت 2800 جار بینراوە

جوانی: «بریتییە لە پێکەوەگونجانی پێکهاتە جیاوازەکان؛ چی لە ماددییەکان بێت یا لە عەقڵییەکان، لە خەیاڵەکان بێت یاخود ڕاستییەکان.» مەنفەڵووتی لە بۆچوونەکانیدا بەم جۆرە باسی لە «جوانی» کردووە. جوانیی بەپێی بناغەی پێکەوەگونجانی پێکهاتەکان پێناسە کردووە، چی لە بابەتە عەقڵییەکان بێت یان ماددییەکان، ڕاستییەکان بێت یان خەیاڵییەکان. بەبێ پێکەوەگونجانی هەسارەکەمان بە زەوی و ئاسمانیەوە، بەدواییەکداهاتنی شەو و ڕۆژی و پێکەوەجوانبوونی پێکهاتە و بەشەکانی، سەرنجی چاوەکانیان ڕانەدەکێشا و بیر و هۆشەکانیان بە خۆیانەوە خەریک نەدەکرد و، دەیان دێڕی وەسف و شیعر لەبارەیانەوە نەدەنووسرا! ئەگەر ئاوازەکان پێکەوەگونجاو و بەهێز و بێ­هەڵە نەبووایەن، نە دەگەیشتنە دەروونمان و نە مەیلمان بۆیان دەبوو؛ گوێیەکانمان لێیان ڕایان دەکرد و لێیان بێزار دەبوون!

   جوانی، بەهایەکە مرۆڤەکان خۆشیان دەوێت و بە دوایدا دەگەڕێن. کێ هەیە بیابانێکی چۆڵی لە باخچەیەکی دڵڕفێنی سەوز لا پەسەندتر بێت؟ کێ هەیە قوڵایی دۆڵێکی چۆڵی لە سەوزاییەکی دڵڕفێن لا جوانتر بێت، دیمەنی ناشرینی لا پەسەندتر بێت لە جوان؟ ئیللا مەگەر یەکێکی شێت، لە مێشکیدا خاوەنی ناڕێکییەک بێت!


ئەرزشی جوانی لە کۆمەڵگەدا

جوانی خەسڵەتێکی ڕێژەییە و، لە کاتی باسکردنیدا مشتومڕ و ڕەخنەیەکی زۆر هەڵدەگرێت. مەرج نییە هەر شتێکی تۆ بە جوانت بینی، لە دیدی کەسانی تریشەوە جوان بێت. بابەتەکە بە سەلیقە و کەسایەتییە جیاوازەکانی ئادەمیزادەوە پەیوەستە.

   بەهای جوانی کاریگەرییەکی گەورەی هەیە، ئەگەر کارا بکرێت و لە کۆمەڵگەدا بڵاو بکرێتەوە، دەبێتە هەوێنی بیرۆکەکان و گەشەکردنیان، هاوکار دەبێت لەوەی بیرۆکەکان بە ڕێگەیەکی دروست جێبەجێ بکرێن. ئەگەر ئەم بەهایەیش لە کۆمەڵگەدا لەناو برا، بیرۆکە سەیر و سەمەرە بێسوودەکان بڵاو دەبنەوە.

   جوانی لە چوارچێوەی (ڕەنگەکان، دەنگەکان، بۆنەکان، ڕەفتارەکان و شێوازەکان)ـدا بیرۆکە بە مرۆڤەکان دەبەخشن و، مۆری دەکەن بە مۆری سەلیقەجوانی و لێهاتوویی.

   ئیسلام، هانی جێبەجێکردنی «جوانی»ـی لە ئەرزی واقعدا داوە. خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: {يَا بَنِي آدَمَ خُذُوا زِينَتَكُمْ عِندَ كُلِّ مَسْجِدٍ وَكُلُوا وَاشْرَبُوا وَلَا تُسْرِفُوا ۚ إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الْمُسْرِفِينَ} [الأعراف: 31]، ڕەسوولی ئەکرەمیشمان (دروودی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی: (إنّ الله جميل يحبّ الجمال) [أخرجه مسلم وأبو داود والترمذي]، واتا: (خودا جوانە و، جوانییشی خۆش دەوێت). بانگەشەکردنیشمان لە لایەنی خودای گەورەوە بۆ تێڕوانین لە ئایەتە جوانەکانی گەردوون: {إِنَّ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافِ اللَّيْلِ وَالنَّهَارِ لَآيَاتٍ لِأُولِي الْأَلْبَابِ} [آل عمران: 190] و ئایەتی {إِنَّ فِي اخْتِلَافِ اللَّيْلِ وَالنَّهَارِ وَمَا خَلَقَ اللَّهُ فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَّقُونَ} [يونس: 6].

   ئیسلام کە هانی ڕەوشتبەرزیی داوە، یەکێکە لە وێنەکانی «جوانیی مەعنەوی»، خاوەنەکەی پێی پایەدار و سەربەرز دەبێت. لەبەر گرنگیی «ڕەوشتجوانی»، (شێخ عەبدوڵڵا دەڕاز) ڕەحمەتی خودای لێ بێت، وەکو یەکێک لە سێ بابەتە گرنگەکانی قورئانی دادەنێت کە بریتین لە:
١. حەق، یان لایەنی ئایینی.
٢. چاکەکاری، یان لایەنی ئەخلاقی.
٣. جوانی، یان لایەنی پەروەردەیی.

ئامانجی جوانی

   هەرچەند زیاتر بکۆڵینەوە، دەبینین ئیسلام گرنگییەکی زۆری بە «جوانی» داوە. خاوەن پێگەیەکی گرنگە لەم ئایینە پیرۆزەدا. ئەمەیش بە هۆی ئەو کاریگەرییە جوانانەی کە دروستی دەکات. لێرەیشدا ئێمە کیفایەت دەکەین بە باسکردنی تەنیا یەکێک لەو کاریگەرییە جوانانە، ئەویش بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هەستی خۆشەویستی و میهرەبانی لە نێوان تاکەکاندا. هەر کەسێک ناخ و ڕوواڵەتی دەرەوەی بە جوانی پۆشیبێت و، هەوڵیدابێت لە ڕۆژەکانیدا پەیڕەوەی بکات، دەبینین پڕە لە میهر و خۆشەویستی و هەوڵی بڵاوکردنەوەی لەنێو خەڵکدا دەدات. زۆریش دوورە لە ڕق و کینە و توندوتیژی.

   گرنگیدان بە باسکردنی پایەی «جوانی» لە شەریعەی ئیسلامی و ژیاندا، بە هۆی گرنگیی گەڕانەوەمانە بۆی! بە هۆی گرنگیی لایەنە ئەرێنییەکانیەتی، کە لە ناخی خۆمان و دەوروبەر و ژیانماندا ڕەنگ دەداتەوە. بە تایبەتی هەستی میهر و خۆشەویستی، کە ڕق و کینە و توندوتیژی لەناو دەبات. وەک دەزانین ڕک و کینەیش ڕۆژگاری ئەمڕۆمانی داگیر کردووە، پەیوەندییەکانی لێک پچڕاندووە. ئەوەی جێگەی داخە، ببینی بابەتە هیچەکانی سەردەمی ئەمڕۆمانە بە وتەکان ڕازێندرابێتنەوە و هیچبوونەکەی بە جوانترین ئامرازە هەڵخەڵەتێنەرەکان نەخشێنرابێت. لە کاتێکدا «حەق»ـی ڕاستەقینە و ڕوون شێوێنرابێت و، زۆر لە «جوانی»ـیەکەی دوور خرابێتەوە! تا وای لێ هات کێشەکانی جەنگ، خوێنڕشتن، توندوتیژی، دەمارگری لە وتاردان و غەمباری ببێتە سیمای هەواڵەکانی موسوڵمانان و، بەم جۆرە وێنەیان بکێشرێت!

   لە کاتێکدا ڕاستیی ئیسلام زۆر بەرز و پڕ لە جوانییە، پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لەسەر بێت) ناخ و کەسایەتی و ژیانی هەمووی جوانی بووە و، ڕێگەی نەدەدا هیچ کام لە بابەتەکانی ئیسلام جێبەجێ بکرێت ئیلا بە جوانترین شێواز. بیلال، چونکە خاوەن دەنگێکی جوان بوو، بە داوای ڕەسوولی نازدار کرا بە بانگبێژ. دحیەی کەلبی، بە هۆی جوانیی هەیئەت و گوفتاریەوە، نێردراوی ڕەسوولی ئەکرەم بوو بۆ هەندێک لە دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە، بۆ بانگێشتکردنیان بەرەو ئیسلام.

تاگەکان    
مۆدێرنیتە عەبدولکەریم سرووش ڕانانی کتێبب نائومێدی هاوڕەگەزخوازی کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین نامە فەلەستین ئەیاد قنێبی ژن ئیلحاد مێژوو ئەنیمی بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن زانایان
ئەدەب
2021-04-11 کۆمێنت 2800 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی