ئەخلاق لەنێوان فەلسەفە و ئاییندا: بەشی یەکەم

نووسینی: ئیسماعیل عەرەفە وەرگێڕانی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2021-04-09 کۆمێنت 3752 جار بینراوە
«سرووشی خودایی لە گشت شتێک پێویستترە»

ئەخلاق چییە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە وەڵامەکەی لە دێرزەمانەوە، تەنانەت لە پێش لەدایکبوونی عیسای کوڕی مەریمیشەوە، فەیلەسووف و بیریارانی یۆنانی بە خۆیەوە شەکەت و سەرقاڵ کردبوو؛ ئاخر زۆربەی فەیلەسووفان باوەڕیان وا بوو، وەک چۆن هەڵهاتنی خۆر لە خۆرهەڵاتەوە وەک حەقیقەتێک دەبینن، بە هەمان شێوەیش کۆمەڵێک حەقیقەتی ئەخلاقیی دروست هەن، پێویستە لایان لێ بکرێتەوە و بە هەند وەربگیرێن و کاریان پێ بکرێت. بە بۆچوونی ئەوان، ڕۆڵی فەیلەسووف خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، تا چەند بە دوای دۆزینەوەی ئەو حەقیقەتە ئەخلاقییانەدا دەگەڕێت و لەنێو خەڵکیدا بڵاویان دەکاتەوە و کار بۆ چەسپاندنیان دەکات؛ چونکە ئەخلاق، بە چوارچێوە و یاسای کردەوەکانی ئینسان دادەنرێت و وەک نموونەی باڵای ڕەفتارەکان لێی دەڕوانرێت[1].

   کەوایە کردەوەی ئەخلاقی چییە؟ قارەمانان شایستەی ڕێزن، مرۆڤ نابێت سێکس لەتەک دایکیدا بکات، چاوچنۆکی سیفەتێکی خراپە. کرۆکی هەموو ئەمانە، کۆمەڵێک حوکمی ئەخلاقییە کە وا پێویست دەکات، ژیانی مرۆڤایەتی لەسەر گۆش بکرێت و ڕەفتاری ئادەمیزادی پێ لە قاڵب بدرێت.

   ئاخۆ فەلسەفەی ڕۆژئاوایی چۆن وەڵامی پرسیارەکانی لەمەڕ ئەخلاقەوە دایەوە؟ ئەی پێناسەی کردەوەی ئەخلاقی بە لای ڕێبازە فەلسەفییەکانی ڕۆژئاواوە چییە؟

   پێدەچێت، دیارترینی ئەو ڕێبازە فەلسەفییانەی قسەیان لەبارەی ئەخلاقەوە کردبێت، ڕێبازی هەردوو فەیلەسووفی ئینگلتەرایی، جێرمی بێنتام (1748ز-1832ز) و جۆن ستیوارت مێڵ (1806ز-1873ز) بووبێت؛ ئەم دوو پیاوە برەویان بە چەمکی چێژ دا و زیاتر لایان لێ کردەوە، ئەو چەمکەی فەیلەسووفی یۆنانی ئیپیکیورەس (341پ. ز-270پ. ز) لە سەرەتاوە دایڕشت و بایەخی پێ دا؛ ئامانجی ژیانی بنیادەم بە لای ئەوەوە، خۆی لە گەیشتن بە چێژە پەتییەکاندا دەبینییەوە، بەڵکو پێناسەی بەختەوەری لە کن ئەو، بریتی بوو لە چەشتنی زۆرترین چێژ و دوورکەوتنەوە لە کەمترین ئازار؛ ئینجا  چەندین سەدە دوای ئەو، ئەم دوو فەیلەسووفە بەریتانیاییە هاتن، بە میتۆدەکەی ئیپیکیورەسدا چوونەوە و شتێکی نوێیان لێ بەرهەم هێنا، ناوی فەلسەفەی سوودیان لێ نا.

   فەلسەفەی بەرژەوەندیگەرایی یان سوودگەرایی لەسەر ئەو بنەمایە ڕۆ نراوە، ئامانجی گشت بنیادەمێک تەنیا گەیشتنە بە چێژ یان سوود، هەر شتێکیش لەوە بترازێت، تەنیا کۆمەڵێک ئامرازن و لەپێناو گەیشتن بە لووتکەی چێژ و خۆشییەکاندا فەرهەم کراون؛ بۆیە سوود و بەرژەوەندی، خێر و چاکەی ڕەهایە و دەبێت لە هەر کوێ هەبوو، شوێنی بکەوین؛ ئازاریش شەڕ و خراپەی ڕەهایە و پێویستە بە گشت شێوەیەک خۆمانی لێ بە دوور بگرین، بەرمەبنای ئەمەیش، هەر وەک جۆن مێڵ وای دەبینێت، سوود و بەرژەوەندی "تەنیا چێژی ڕووتە لە بەرانبەر نەمانی ئازاردا[2]."

   ئینجا، جێرمی بێنتامیش باوەڕی بەم هزری سوودگەراییە هێنا و پێی وا بوو، مرۆڤ "ڕێک وەک ئاژەڵ وایە، تەنیا جیاوازییان لەوەدایە، ئادەمیزاد عەقڵی لەپێناو گەیشتن بە چێژەکاندا بەکار دێنێت؛ بۆیە کردەوەی چاک بە لای ئەوەوە تەنیا شتێک بوو، چێژی بەردەوامت بۆ فەراهەم بکات و کردەوەی خراپیش بەس ئەو شتە بوو، ئازارێکی بەردەوامت لێ پەیدا بکات[3]." کەوایە لە ڕوانگەی فەلسەفەی سوودگەراییەوە، دەکرێت ئەخلاق بەگوێرەی شتێکی ماددیی بەرجەستە و دەستلێدراو لە واقیعدا هەڵبسەنگێنین، ئەویش ئازار یاخود چێژە. بۆیە بەرمەبنای تێڕوانینی بەرژەوەندیگەراکان: ئەخلاق شتێکی ئەزموونکراوی بەرجەستەیە کە شیاوی تێبینیکردن و چاودێریکردنە و لەسەر بنەمای یەک پێودانگ، ئەخلاق و ڕەفتارەکان دەپێوێت؛ ئەویش چێژ و ئازارە. هەر هەڵسوکەوت و کردارێک ئازاری داین، نائەخلاقییە و بەپێچەوانەیشەوە، هەر ڕەفتارێک چێژی پێ بەخشین، چڵەپۆپەی ئەخلاقە[4]!

   لە لایەکی ترەوە فەیلەسووفی ئەڵمانیایی ئیمانوێل کانت (1724ز-1804ز) هاتە کایەوە و ئەم تیۆریا ئەخلاقییەی بەرمەبنای ماددە و ئازار و چێژ بنیات نراوە، بە یەکجاری ڕەت کردەوە و ڕەخنەی ئەوەی لێ گرتن، ئینسان بە سروشتی خۆی، بە هۆی سنوورداربوونی توانست و خەمڵاندن و تێگەیشتن و ڕوانینەکانییەوە، لە ئاست گەیشتن بە بەختەوەریی ڕاستەقینەدا، فرە بێدەسەڵات و کەمتفاقە؛ بۆیە کانت گوتی: "مرۆڤ ناتوانێت لەسەر بنەمای یەکێک لە پرەنسیپەکان، ئەوە بە ڕێکوپێکی و وردی دیاری بکات، چ شتێک بەختەوەریی ڕاستەقینەی پێ دەبەخشێت؛ چونکە ئەو وەختە پێویستی بە مەعریفەیەکی گشتگری سەرتاسەریی وەها هەیە کە پەی بە گشت شتێک لە گەردووندا ببات، کەوایە مرۆڤ بۆ ئەوەی بەختەوەریی ڕاستەقینە بە دەست بهێنێت، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت تەنیا ڕەچاوی یەک پرەسنیپی دیاریکراو بکات و بە تاقە ڕێبازێکەوە خۆی ببەستێتەوە؛ بەڵکو ئەو کاتە ناچارە، شوێنی ڕێنماییە ئەزموونییەکان بکەوێت[5]." بەم شێوەیە کانت، تێڕوانینی ماددیی بۆ ئەخلاق تێپەڕاند و دەستی بۆ بنیاتنانی بنەمایەکی تر درێژ کرد کە خۆی لە گەیشتن بە ئامانجێکی باڵادا دەبینییەوە و لە بەرژەوەندیی تاکەکەسییەوە گەلێک دوور بوو؛ ئەویش فەلسەفەی پێویستیی ئەخلاقی بوو.

   ئەوە بوو کانتی فەیلەسووف، ئەخلاقی لە چنگی حەز و ئارەزووە ماددییەکان قوتار کرد و باوەڕی بە تێڕوانینێکی ئایدیاڵیی وەها هەبوو، ڕێک پێچەوانەی تێڕوانینی ماددییگەرایی بوو؛ بۆیە کرداری چاک -بە لای کانتەوە- بریتی بوو لەو کارەی لەتەک (پێویست=واجب)دا وێک دەهاتەوە، بۆ وێنە: چاکەکردن و پارێزگاریکردنی ئینسان لە ژیانی خۆی و ژیانی ئەوانی تر، وەک پێویستییەکی ئەخلاقی و مرۆیی خۆی دەنوێنێت، ئەم کارە بە لای کانتەوە پێی دەگوترێت: کارێکی پێویست! مرۆڤ هەمیشە دەبێت ئەوە بکات کە پێویستە، ئیدی با بە پێچەوانەی مەیل یان بەرژەوەندییەکانی خۆیشیەوە بێت. کەوایە ئەوەی پێویستە مرۆڤ بیکات، بە هیچ شێوەیەک تەنیا بە خودی خۆیەوە پەیوەست نییە، بەڵکو ئەخلاق "لە گشت توخمێکی ئەزموونی بەدەرە و بە هیچ کلۆجێک ناتوانین بیدۆزینەوە یان پەی بە بچووکترین بەشی ببەین، مەگەر لە ڕێگای وێناکانی عەقڵی پوختەوە نەبێت[6]."

   کەوایە، ئەو کارەی پێویستە و مرۆڤ دەبێت هەمیشە لە خەمی ئەنجامدانیدا بێت، لە هەموو بەرژەوەندییەکی کەسی بە دوورە و چێژی ماددی تێدا ڕەچاو نەکراوە؛ ئینسانیش تاکە ئافرێنراوی سەر زەوییە کە ئەزموونی کردەوەی ئەخلاقی دەکات، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی بەرژەوەندی تێدا بکات، بەڵام پرسیارێک لێرەدا خۆیمان لێ قیت دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە؛ باشە چۆن کانت بە نموونە ئەخلاقییە ئایدیاڵە بابەتییەکەی لە فەلسەفەی تاکگەرای سوودگەرا جیا بوویەوە؟ واتە ئەو پێودانگە چییە وامان لێ دەکات، کارێک بۆ یەکێک بە پێویست بزانین و بۆ ئەوی دی ناپێویست؟ بۆچی یەکێک لەپێناو بیروڕای ئەوانی تردا، قوربانی بە بیروڕای خۆی دەدات؟

   کانت جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، هەمیشە حەقیقەتێکی بابەتیی ئایدیاڵ لەبارەی پێویستییە ئەخلاقییەکانەوە لەگۆڕێدایە، ئەو حەقیقەتەیش ڕێک چڵەپۆپەی عەقڵی ڕووت و پوختە. بەڵام ئێمە لە کوێوە دەستمان بەم حەقیقەتە بگات؟ تۆ بڵێیت خودی ئەم بیرۆکەیە سەر بە جیهانی عەقڵ بێیت؟ باشە ئەگەر وا بێت، ئەی ئەو جیهانە خۆی لەکوێدایە و چۆن بتوانین بە چاوانمان بیبینین، تا هەموومان وەک حەقیقەتێکی بڕاوە لەسەری کۆک بین؟ ئاخۆ هیچ حەقیقەتێکی بابەتییانەی وا شک دەبەین، هەموومان ڕێک وەک دیتنی خۆر لەبارەیەوە دڵنیا بین؟ ئیمانوێل کانت ددان بەو ڕاستییەدا دەنێت، فەلسەفە ئەخلاقییە ئایدیاڵەکەی سەر بۆ باوەڕهێنان بە خودا دەکێشێت، چونکە تەنیا خودا سیفەتی چاکەی باڵای تێدا دەدرەوشێتەوە و یاسا ئەخلاقییەکان بەوانی تر دەبەخشێت.

   ئەی ئەگەر فەلسەفە ڕێگای بێباوەڕی بگرێتە بەر، ئەو کاتە چی دەقەومێت؟ کانت خۆی ددان بەوەدا دەنێت، بەڵگەکانی هەبوونی خودا، ڕێک هاوتای بەڵگەکانی نەبوونی خودان؛ بۆیە ئەخلاقی ئایدیاڵ، هەرگیز ناتوانێت خۆی لە بەرانبەر نکووڵیکردن لە پێکهاتە سەرەکی و ڕیشەیی و سەرەتاییەکەی خودی ئەخلاقدا ڕابگرێت، کە ئەویش خودایە[7].

   ئەم گرفتە لەو ئەخلاقە ئایدیاڵییەی کانت پێشکەشی کرد بووە هۆی ئەوەی، فەلسەفەی ڕێژەگەرایی وەک پەرچەکردارێک لە بەرانبەر نموونە ئایدیاڵییەکەی ئەخلاقدا دروست ببێت. لە ئاست ئەو حەمکە جیاوازییەی لەنێو فەرهەنگ و تێڕوانین و بەها ئاڕاستەکەرەکانی مرۆڤایەتیدا دێتە کایەوە، ئەو گرفتەی دڵمان توند دەکات و هەناومان پڕ لە پرسیار دەکات ئەوەیە: ئەو بنەمایانە چین، وەختێک بڕیارە ئەخلاقییەکان پێکدا دەدەن، دەبێت شوێنیان بکەوین و لێیان لا نەدەین؟ باشە ئەو پێوەرە بابەتییە بێلایەنە چییە، کە لە دەرەوەی تێڕوانینی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتبێت و بۆ هەڵسەنگاندنی هزر و بیروباوەڕ و هەڵوێست و بڕیارەکان بشێت و سەبارەت بە جیاکردنەوەی ڕاستی لە چەوتی و چاکە لە خراپە، دەستخەڕۆ و تێکچڕژاومان نەکات؟! فەلسەفەی ڕێژەگەرایی لە کۆتایید بە وەڵامێک گەیشت، گوتی: نەخێر، هیچ پێوەرێکی یەکگرتوو بۆ هەلسەنگاندن نییە[8]!

   باسوخواسەکە بە لای ڕێژەگەرایانی ئەخلاقەوە فرە سادە و ئاسانە، ئاخر ئەوان دەڵێن: دەرکردنی حوکمی ئەخلاقی بەسەر ئەوانی تردا، کارێکی قەدەغە و قبووڵنەکراوە؛ چونکە خودی ئەخلاق خۆی ڕەها نییە و شتێکی بابەتیی بێلایەنمان نییە، تا ئەخلاق و پێوەرە ئەخلاقییەکانی لەسەر بنیات بنێیت؛ بەڵکو ئەخلاق ملکەچی کۆمەڵێک پێودانگی تاکەکەسیی مرۆڤەکان خۆیانە و لە بنیادەمێکەوە بۆ ئەوی تر، لە فەرهەنگێکەوە بۆ فەرهەنگێکی تر، گۆڕانی بەسەردا دێت و شتێکی چەسپاو و جێگیر نییە؛ بۆیە قەت ئینسانێک نییە بە تەواوی لەسەر حەق و یەکێکی تر لەسەر چەوتی بێت، هەمووان لەنێو زەریای بێبنی ڕێژەیبوونی ئەخلاقدا نغرۆ بوونە و کەس ناتوانێت ئەوی تر بە هەڵە بزانێت؛ گشت ئینسانێک خاوەن کۆمەڵێک بەهای تایبەت بە خۆیەتی و لە چاوی پرەنسیپە دیاریکراوەکانیەوە، کردەوەکانی خۆی هەڵدەسەنگێنێت، بۆیە هیچ کەسێک بۆی نییە ئەوی دی بە خراپ یان چاک بزانێت، چونکە هەمیشە ئەوەی بە لای کەسێکەوە ڕاستە، دەشێت بە لای ئەوی ترەوە ناڕاست بێت و بەپێچەوانەیشەوە، هەمان شت ڕاستە.

   بەم شێوەیە، بەگوێرەی تێڕوانینی ڕێژەگەراکان بۆ ئەخلاق، ئینسان بە نێو ڕێگا تاریکەکاندا بەوپەڕی سەرگەردانییەوە، حەپۆل حەپۆل، دێت و دەچێت؛ نە ڕاستی لە چەوتی بۆ جیا دەکرێتەوە و نە چاکە لە خراپە، گشت شتێک پێکدا چڕژاون و هیچ پێوەرێکی گشتگر و یەکگرتوو لە ئارادا نییە؛ وێنەی جەنگەڵستانێکی ئەنگوستەچاوە کە هیچ حوکمێکی ڕەهای تێدا دەست ناکەوێت، تا خەڵکی بەرەو ڕێگای ڕاست ڕێنموونی بکات و لە کوێرەڕێی چەوتی دووریان بخاتەوە.

   بێگومان ئەو کەسەی ڕێگای ڕێژەیبوونی ئەخلاق بگرێتە بەر، وەک نووسەری ئەمەریکایی (دێرێک کووپەر) بۆی چووە، پێویستە لە کۆتایی ڕێگاکەدا بەوپەڕی ناچارییەوە، گشت دید و بۆچوونەکان وەک یەک تەماشا بکات و هیچ بۆچوونێک بەسەر ئەوی تردا نەدات، ئینجا دواتر ناچار دەبێت، هیچ شتێکی بە لاوە جێی بایەخ نابێت[9]!

   لەبەر ئەم هۆیە، (گرێگ هنریک) کە مامۆستای دەروونناسییە لە زانستگای جەیمس مادیسۆندا، ڕەخنەی زۆر توند ئاڕاستەی لایەنگرانی ئەم تێڕوانینە دەکات، بەوەی گشت حوکمێکی ئەخلاقی بەسەر کەس و لایەن و فەرهەنگ و ڕێکخراو و جووڵانەوەکاندا دەسڕنەوە و بە هیچ بڕیارێکی ئەخلاقی قایل نابن. بە بۆچوونی گرێگ، ئەم شێوازی مامەڵەکردنە مەترسیدارە و زیانی لە سوودی فرە زیاترە و ئینجا دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە من حوکم بەسەر کردەوەی ژن و منداڵەکانمدا دەدەم، بگرە ئەوە مەحاڵە بتوانم هیچ بۆچوونێکم لەبارەی ڕاستی یان چەوتی کارەکانیانەوە نەبێت.. تەنانەت ئەو دەمەی لە کلینیکەکەمدا نەخۆشەکانم دەبینم و لەبارەی حاڵ و ژیانیانەوە دەپرسم؛ ئەگەر یەکێکیان پێم ڕابگەیەنێت بەگوێرەی ڕێنماییەکان هەنگاوی باش و سەرکەوتووانە لە ژیانیدا دەنێت، پێی دڵخۆش دەبم و وەک دەربڕینی ڕای خۆم لەبارەی هەڵسوکەوتەکانیەوە، سەرەلەقێ و ئافەرینی بۆ دەکەم؛ بە پێچەوانەیشەوە، ئەوەی هەوڵ بۆ چاککردنی خۆی نەدات و بە دەست تەنگژەکانیەوە بناڵێنێت، هەست بە دڵتەنگی و بێزاری دەکەم و کردەوەکانیان بە ناپەسەند هەڵدەسەنگێنم[10]."

   پاشان کووپەر جەخت لەسەر هەمان بۆچوونی هنریک دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەگەر فەلسەفەی بڕیارنەدان وەک بنەمایەک لە ژیاندا بگرینەبەر و کاری پێ بکەین، ئەوا بە دڵنیاییەوە قیبلەنمای ئەخلاقیمان لە دەست دەدەین، ئیدی هەموو کارێک وەک یەک دەبێت و چاک و خراپ یاخود ڕاست و چەوتێک لەگۆڕێدا نامێنێت؛ ئەو وەختە لە جیهانێکی بێباکدا ژیان بەسەر دەبەین کە گوێ بە هیچ بەها و ئەخلاق و باشە و خراپەیەک نادات و هەر کێ بۆخۆی دەبێت[11]."

   بەم شێوەیە فەلسەفەی ماددیگەرایی تەپاوتلی کرد و کەوتە نێو زەریایەکی بێکەنارەوە، ئاخر هەر چی کرد، نەیتوانی حوکمێکی بابەتییانە لەمەڕ ئەخلاقەوە پێشکەش بەوانی تر بکات و دەستی لە سیستمێکی ئەخلاقیی وەهایش گیر نەبوو، بۆ ئەوە بشێت پشتی پێ ببەسترێت و بەسەر سەرتاپای خەڵکیدا بگشتێنرێت‌؛ ئەوە بوو لە دیوەخانی سوودگەراکاندا هەر ئەمسەر و ئەوسەری دەکرد و ماخۆلانی بوو، تا چاوی بە بیابانی ئایدیاڵیزمدا تەقییەوە و ئینجا کەوتە نێو زۆنگاوی ڕێژەگەراییەوە و وا لە گومڕاییدا گیرسایەوە.

   لە ئاستانەی ئەم سەرگەردانی و هەر کێ بۆخۆییەدا، بە وازهێنانیان لە ئیسلام، جیهان چ زیانێکی بەرکەوت؟!

   ئایینی ئیسلام چ سیستمێکی ئەخلاقیی تۆکمە و گشتگری پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد، کە هەمووان وەک یەک دەستی پێوە بگرن و کەس بۆی نەبێت لێی لا بدات؟!

   ئەگەر خودا بیەوێت، لە گوتاری داهاتووماندا، تاوتوێی ئەم باسوخواسە دەکەین.   



سەرچاوەکان:

[1] سیدجویک، المجمل في تاریخ الأخلاق، الطبعة السادسة 1931م، ص/ 10.
[2] جون ستیوارت مل، النفعیة، (بیروت: المنظمة العربية للترجمة، 2012م)، ص/ 35.
[3] محمد یوسف موسی، في تاریخ الأخلاق، ص/ 149.
[4] زکریا إبراهیم، مشکلات فلسفیة (المشکلة الأخلاقیة)، ص/ 149.
[5] إمانویل کانط، تأسیس میتافیزیقیا الأخلاق، ص/ 57.
[6] هەمان سەرچاوە، لاپەڕە/ 24.
[7] صعب أدیب، المقدمة في فلسفة الدین، ص/ 237-238.
[8] Ruth Benedict, Patterns of Culture. P. 206.
[9] Derek Cooper, Why You Should Be Judgmental.
[10] https://www.psychologytoday.com/us/blog/theory-knowledge/201305/making-judgments-and-being-judgmental

تاگەکان    
پۆدکاست گفتوگۆ باران مردن وەچەخستنەوە جەنگی هۆشیاری بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن یاسا کونە ڕەشەکان ڕانانی کتێب خوێندنەوە کۆرۆرنا ئایین مۆدێرنیتە عێڕاق
فیکر
2021-04-09 کۆمێنت 3752 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی