دڵی بچووک

نووسینی: نادر ئیبراهیمی وەرگێڕانی: یەحیا خەلیل
ئەدەب 2021-04-02 کۆمێنت 1571 جار بینراوە
من دڵێکی بچکۆلەم هەیە؛ زۆر بچووک؛ زۆر زۆر بچووک.
دایەگەورەم دەڵێت: دڵی بنیادەم نابێت بەخاڵێتی بمێنێتەوە. ئەگەر بە خاڵێتی بمێنێتەوە، وەکوو گوڵدانی بەتاڵ ناشیرینە و مرۆڤ ئازار دەدات.
بۆ ئەمەیش، لەمێژە خەریکم بیر لەوە دەکەمەوە ئەم دڵە بچکۆلەیەم بە چ کەسێک بدەم، یانی؛ ڕاستییەکەی، چۆنی بڵێم؟ دڵم دەیەوێت تەواوی ئەم دڵە بچکۆلەیەم چەشنی ماڵێکی چکۆلە، بە کەسێک بدەم کە زۆر زۆرم خۆش دەوێت...
یا... نازانم...
کەسێک کە فرە باشە، کەسێک کە ڕاستییەکەی مافی خۆیەتی لەنێو دڵی بچووک و پاکی مندا ماڵی هەبێت.
خۆ ڕاست دەڵێم ئیدی، نا؟
باوکم دەڵێت: دڵ، میوانخانە نییە کە مرۆڤەکان بێن، دوو سێ سەعاتێک یان دوو سێ ڕۆژێک تێیدا بمێننەوە و پاشان بڕۆن.
دڵ، هێلانەی چۆلەکە نییە کە لە بەهاردا چێ بکرێت و لە پاییزدا با لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچی بکات...
دڵ، ڕاستییەکەی نازانم چییە، بەڵام ئەوە دەزانم کە تەنیا جێی مرۆڤی فرە فرە باشە. بۆ هەمیشە...
ئێ... دوای ماوەیەکی زۆر کە بیرم کردەوە، بڕیارم دا دڵم بە دایکم ببەخشم، گشت دڵم؛ گشت گشت دڵم بە دایکم بدەم و، ئەو کارەیشم کرد، بەڵام... وەختێک ڕوانیمە دڵم، دیتم، لەگەڵ ئەوەیشدا کە دایکی باشم لەنێو دڵمدا جێی گرتووە، زۆر ئاسوودەیە، سەرباری ئەوەیش نیوەی دڵم چۆڵە...
ئێ دیارە. من دەبووایە هەر لە سەرەتاوە ئەقڵم پێی بشکایە و دڵم بە هەردوویان بدایە؛ باوک و دایکم.
بۆیە، هەر ئەو کارەم کرد.
دەزانن دواتر چی ڕووی دا؟ بەڵێ، ڕاستە. سەرنجم دا و بینیم دیسانەوە، لەنێو دڵمدا، بڕێک جێی خاڵی ماوەتەوە...
یەکڕاس بڕیارم دا ئەو سووچە بەتاڵەی دڵم بە چەند کەسێک بدەم، چەند کەسێک کە زۆرم خۆش دەوێن و، ئەو کارەیشم کرد.
لەنێو دڵمدا جێم بۆ هەریەکە لە برا گەورەکەم، خوشکە چکۆلەکەم، باوەگەورەم، دایەگەورەم، خاڵۆیەکی میهرەبان و مامەیەکی خۆشخووم، کردەوە.
بیرم کردەوە ئێستا بەتەواوی مانا نێو دڵم قەرەباڵغ بووە... ئەم هەموو مرۆڤە، لەنێو دڵێکی بەم بچووکییەوە، مەگەر دەکرێت؟
وەلێ وەختێک بینیم، خوایە گیان! دەزانیت چیم بینی؟
بینیم ئەم هەموو ئینسانە، ڕێک لەنێو نیوەی دڵمدا جێیان گرتووە، ڕێک نیوەی! 
لەتەک ئەوەیشدا زۆر ئاسان بڵاو بووبوونەوە و دەیانوت و دەکەنین و هیچ گلەیەکیان لە تەسکیی جێیەکە نەبوو...
وەختێک بینیم خەریکم گشت مرۆڤە باشەکان لەنێو دڵدا جێ دەکەمەوە، هەوڵم دا ئەو مامەیەی باوکیشم ببەمە نێو دڵمەوە و قوژبنێکی پێ بدەم... بەڵام، جێی نەگرت! هەرچیم کرد جێی نەگرت. دڵم سووزیا... وەلێ چی بکەم؟ جێی نەگرت ئیدی. سووچی من نییە، بێگومان گوناحی خۆیەتی. یانی، ڕاستییەکەی، هەر کاتێک کە خۆیشی بە هەوڵ و گوشار، جێی دەگرت، سندووقی گەورەی پارەکانی لە دەرەوە دەمایەوە و ئەو، بەڕاکردن لە دڵم دەهاتە دەرەوە تا سندووقەکە بگرێتەوە... 

تاگەکان    
قودس کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین نائومێدی لۆجیک ڕەزا بابایی ئیسرائیل عەبدولکەریم سرووش گۆرانی سەرفیترە دەروونی کورد مانا ئایین فەلسەفەی ئەخلاق بوومەلەرزە
ئەدەب
2021-04-02 کۆمێنت 1571 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی