مرۆڤ و ئەوانی تر

نووسینی: ڕەزا بابایی وەرگێڕانی: باوەڕ وشیار
فیکر 2021-03-27 کۆمێنت 1945 جار بینراوە

خۆشبەختی و ئاسوودەیی مرۆڤ بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە بەندە. ژیانی کۆمەڵایەتییش بەبێ توانای بەھاوخۆدانان «هم‌ذا‌ت‌پنداری»(identification) تەنێ گۆڕێکی بەکۆمەڵە، کە مرۆڤەکان ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو مەرگێکی ھەمیشەیی ڕاپێچ دەکات. توانای بە ھاوخۆدانان «هم‌ذا‌ت‌پنداری»(identification) بەو مانایە دێ کە مرۆڤ دەرکی خۆشی و ئازاری مرۆڤەکانی تر بکات. بە مانایەکی سادەتر؛ واتا مرۆڤ بتوانێت خۆی بێنێتە جێگای کەسانی بەرانبەری و ھەست بە ئازار و خۆشییەکانیان بکات. ھەروەکو ئەوەی خۆی ئەو ئازارە یان ئەو خۆشییە بچێژێت. بەبێ توانای بەھاوخۆدانان، زەمینەیەک بۆ ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و ژیانی ئەخلاقی نامێنێت. تەنانەت یاسایش لەبەرانبەر خۆویستی و خودپەرستیی مرۆڤدا، کارێکی لەدەست نایەت.

   مرۆڤەکان تاوەکوو لە ئازار و ناسۆرییەکانی ئەوانی تردا ھاوبەش نەبن ، پریشکێک لە ئاگری خەم و خەفەتی ئەوانەی تریان بەرنەکەوێ و نەبنە ماسی لە زەریای ئازاری مرۆڤەکانی تردا؛ نابنە کەسێکی میھرەبان و بارانی میھریان، داناکەنە سەر کێڵگەی ئازاری ئینسانەکانی تردا.

   مرۆڤی ستەمکار بۆیە دەست بۆ ستەم دەبا، چونکە ناتوانێت خۆی بھێنێتە جێی کەسانی تر و لە دەردی مرۆڤەکانی تر تێبگات. کۆمەڵگایەک کە تاکەکانی وەکوو ئەندامەکانی جەستەیەک نەبن و بۆ ئازار و مەینەتییەکانی ئەوانەی تر نەگرین؛ کۆمەڵگایەکی خراپەکار و ساختەیە. کۆمەڵگایەکی لەم جۆرە، نە جێگای ژیانە، نە فێربوون؛ زیندانێکە بۆ کۆتکردنی مرۆڤەکان و خنکاندنی ھیواکان.

   یاسایەکی زێڕینی ئەخلاقی ھەیە کە بەبێ توانای بەھاوخۆدانان نایەتە جێ و، پایە و ڕاگری ئەو یاسا ئەخلاقییە بریتییە؛ لە توانای بەھاوخۆدانان. ئەو یاسا  ئاڵتوونییەیش دەڵێت؛ ئەوەی بۆ خۆت دەتەوێت، بۆ مرۆڤەکانی تریش بتەوێ و، ئەوەیشی خۆت حەز دەکەیت لێت دوور بێت، حەز بکە لە کەسانی تریشەوە دوور بێت. «انصاف» کە سەخترین و گەورەترین فەزیلەتی ئەخلاقییە بەبێ ھاوخۆدانان و، ھاوخەمبوون لە دەردی ئەوانی تر شتێکی نەکردەنییە.


بنی‌آدم اعضای یک‌دیگرند
که در آفرینش ز یک گوهرند

چو عضوی به درد آورد روزگار
دگر عضوها را نماند قرار

تو کز محنت دیگران بی‌غمی
نشاید که نامت نهند آدمی

بەنی ئادەم وەک ئەندامانی یەک پەیکەرن
لە درووستبوونیاندا لە یەک گەوھرن.

وەک چۆن ئەندامێ پەکی دەخا رۆژگار
ئیتر ئەندامەکانی تر نایانمێنێ قەرار

تۆ لە ئازاری ئەوانی تر بێ خەمی
ناکرێ ناوت بنێن بەنی ئادەمی.

سەعدی

   خانم ھانا ئارنت لە کتێبی «ایشمن در اورشلیم» بەباشی ڕوونی دەکاتەوە کە لەنێوان ستەمکردن و توانای بەھاوخۆداناندا، پەیوەندییەکی پێچەوانەی ورد ھەیە. ھەرچەن کۆمەڵگایەک تاکەکانی کەمتر توانای بەھاوخۆدانانیان ھەبێت؛ ڕێژەی ستەمکردن و کوشتن و بڕین تێیاندا زیاتر دەبێت. چونکە ئازاری ئەوانی تر ھیچ ھەستێکیان بۆ دروست ناکات تا ڕێگرییان لێ بکات، دەستیان بگرێت و پەنجەی ستەمیان داخ بکات. بەرمەبنای لێکۆڵینەوە وردەکەی خانم ھانا ئارنت، ھیتلەر سەرکردەی نازییەکانی ئەڵمانیا و، تاوانباری کارەساتی ھۆڵۆکۆست، مرۆڤێکی بەئەدەب و ڕێکوپێک بوو، بەڵام تنۆکێک توانای بەھاوخۆدانانی تێدا نەبوو. لەبەر ئەوەیش کوشتنی مرۆڤەکان بۆ ئەو وەکو ئاوخواردنەوە وا بوو، ھیچ مانایەکی نەبوو، تەنێ جێبەجێکردنی ئەرکی سەرشانی نەبێت. توانای بەھاوخۆدانان ھەر بە سروشتی، زیاد و کەم لە سروشتی ھەموو بەنی ئادەمێکدا ھەیە، بەڵام ھۆکارگەل و ڕێگاگەلێک ھەن کە توانای بەھاوخۆدانان لە مرۆڤدا بەھێز دەکەن، لەوانەیش؛ مۆسیقا، چیرۆک، ڕۆمان و سینەما ڕۆڵێکی فرە گەورەیان ھەیە لە زیادکردنی توانای بەھاوخۆدانان لە ناخی مرۆڤدا. سینەما، خەم و شادیی کەسانی تر دەکاتە خەمی ئێمە. لە فرمێسک و ئازارەکانی کەسانی تر تابلۆیەکی قەشەنگ دەنەخشێنێت و بە دیاریەوە و بەبێ ویستی خۆمان دەمانھێنێتە گریان، وەکو ئەوەی خۆمان تووشی ئازار و ناخۆشی ھاتبین. سینەما فێرمان دەکات کە کەسانی تریش بوونیان ھەیە و،  ئازار دەکێشن و وەکوو ئێمە خەم دەخۆن.

    ئەو بەبیرھێنانەوەیە بۆ مرۆڤ لە بوونی نان و ئاو گرنگترە. ئەخلاقیترین کارێک کە سینەما و ڕۆمان و شانۆ دەیکەن ئەوەیە کە خەم و ئازاری ئەوانی تر دەکەنە خەمی ئێمە. ئێمە لە سینەمادا پێکەوە دەترسین پێکەوە فرمێسک دەڕێژین و خەم دەخۆین و پێکەوەیش دڵخۆش دەبین و پێدەکەنین. ئەمە گەورەترین کارێکە کە سینەما و ڕۆمان بۆ مرۆڤی مۆدێرنی دەکەن. چیرۆک بۆ منداڵان و ڕۆمان بۆ گەورەکانیش ھەمان ڕۆڵیان ھەیە. ڕۆمانی «کلبە عموتام» لە نووسینی خانم هێریت ستۆ، ئەو کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر مێژووی کۆمەڵایەتیی ئەمریکا دانا و، تاوەکو سەدەی نۆزدەیش بەردەوام بوو، تەنێ ھەوڵی بۆ ئەوە بوو کە تۆوی بەھاوخۆدانان لەناو خوێنەرە سپیپێستەکاندا بچێنێت. سینەما و ڕۆمانی باش، خانەکانی کۆمەڵگا پێکەوە دەبەستنەوە و، لەو خانانەیش ئەندامێکی پتەو دروست دەکەن. لە پەند و ئامۆژگاریدا، ئەوانی تر، ھەر ئەوانی ترن، لێ لە سینەمادا؛ ئەوانی تر ھاوخود و ھاوخەمی ئێمەن. خۆپەرستی و خۆبینی و خۆویستیمان لەنێو دەبات. موسیقا دڵەکان ئارام دەکاتەوە و بە خانەی سینەمایان دەسپێرێت تا لەوێش ئەزموونی ئازارەکانی کەسانی تر بکەن و ساتێ بۆ خەمی کەسانی تر بگرین و پێبکەنن. لە سینەمادا ھیچ مرۆڤێک بۆ ئازارەکانی خۆی ناگری، بەڵکو ڕەنج و ئازارەکانی خۆی لەبیر دەکات و، گوێ ڕادەگرێ بۆ خەم و ئازاری کەسانی تر. کەواتە سینەما یان ھەر ھونەر ، بەرنامەیەک بتوانێ مرۆڤ ساتێ لە ئازار و خەمەکانی خۆی بێنێتە دەرەوە و کراسی خەم و ئازاری مرۆڤەکانی تری بکاتە بەری، ئەخلاقیترین کاری کردووە.

ای دل مباش یک دم خالی ز عشق و مستی
وان گه برو که رستی از نیستی و هستی

گر جان به تن ببینی مشغول کار او شو
هر قبله‌ای که بینی بهتر ز خودپرستی

تا فضل و عقل بینی بی‌معرفت نشینی
یک نکته‌ات بگویم خود را مبین که رستی‌

ئەی دڵ ساتێ بێئاگا مەبە لە عیشق و مەستی
سا ڕێگا بگرە، دەرچۆتی لە بوون و نەبوون و کۆتو بەندی.

تا گیان لە جەستە دایە خەریکی کاری مەعشوق بە
ھەر قیبلەیەک بپەرستی باشترە لە خوودپەرستی.

تا بە زانست و ئەقڵی خۆت بنازی ناگەیتە جێ
یەک شتت پێ بڵێم؛ خۆت فەرامۆشکە دەگەیتە جێ

حافز

تاگەکان    
ئەنیمی مردن گۆرانی خێوەتگە زانایان جوانی بوووژانەوە بوونەوەری ئاسمانی گێڕانەوە چەواشەکاریی لۆژیکی فێمینیزم ئایا سۆفیا چیرۆک ڕەخنە کونە ڕەشەکان
فیکر
2021-03-27 کۆمێنت 1945 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی