من شێت نیم

نووسینی: ڕوزبە موعین وەرگێڕانی: یەحیا خەلیل
ئەدەب 2021-03-07 کۆمێنت 1932 جار بینراوە
بە منیان دەوت شێت، وەلێ من شێت نیم!

   ڕووداوەکە بۆ چەند ساڵێک لەمەوپێش دەگەڕێتەوە. دوای ئەوەی دایکم وەفاتی کرد، بۆ ئەوەی لە یادەوەریی ماڵ قوتار ببم خانوویەکم لەنێو باڵەخانەیەکی چەن نهۆمیدا بە کرێ گرت، بەڵام هەر زوو لەوە گەیشتم لە ماڵە هاوسێکەمدا دایک و کوڕێک دەژیێن، لە بەختی مندا کوڕەکە هەمان ناوی منی هەبوو.

   دایکی هەمیشە ناوی ئەوی گاز دەکرد، تۆنی دەنگی شێوەیەک بوو هەستم دەکرد دایکمە بانگم دەکات، ڕۆژانی سەرەتای کۆڵێک ناڕەحەتی دەکردم، بەڵام دواتر هەوڵم دا چێژ لەم ڕووداوە وەرگرم، دەستم بە وەڵامدانەوە کرد.

   دایکە لەودیو دیوارەوە بە کوڕەی دەوت شێو ئامادەیە، ئەز لەمدیو دیوارەوە وەڵامیم دەداوە ئێستا دێم، زۆر گێلانە بوو، بەڵام من بەباشی دەنگیم دەژنەفت، وام دەزانی دایەمە! دەیوت ملپێچی کامە ڕەنگ بۆ سەروملت بدوورم؟ دەموت شین! تەنانەت وەختێک سبەینان لە خەوی هەڵدەستاند، لێی دەڵاڵامۆ بهێڵێت پێنج دەقیقە زیاتر بخەوم!

ڕاستییەکەی هیچ کاتێک کوڕەکەیم نەبینی، تەنیا چەند جارێک کە دەڕۆیشتە دەرەوە، لە پەنجەرەوە بەدزییەوە لە خۆیم ڕوانیوە، پرچی خۆڵەمێشی بوو، هەمیشە بە سەندنی حەمکەیەک شتەوە دەگەڕایەوە.

   جارێک چاونەترسانە نامەیەکم بۆ نووسی، «منیش هاوناوی کوڕەکەی ئێوەم و وەکوو دایکی خۆم؛ خۆشم دەوێن.» تا ئەوەی ڕۆژێک حەکایەتەکە زۆرخراو ڕیشەی پەیدا کرد، یەکێک لە دۆستەکانم زانیی لە ماڵدا لەگەڵ خۆمدا دەدوێم، خەمخۆرییەکەی چرۆی کرد و تا بە خۆمم زانی، بینیم، زۆرەکی بۆ نەخۆشخانەی دەروونییان بردم، دەیانوت  شیزۆفرینیام هەیە! لە نەخۆشخانەدا دونیایەک دەرمانی حاڵ‌تێکدەریان دەرخوارد دام و دۆسیەیەکیان بۆ کردمەوە. چەند هەفتەیەک لەنێو نەخۆشانی شیزۆفیرینیادا دەژیام، یەکیان وای بیر دەکردەوە ستیڤان سپێلبێرگە، دانەیەکی تریان وای دەزانی لەتەک ڕووحی بتهۆڤندا پێوەندیی پێک هێناوە، ئێستا لەم بەینەدا من دەبێت بمسەلماندایە کە، تەنیا پەرسڤی ژنی هاوساماڵەکەم دەدایەوە، بەڵام هەر کاتێک حەکایەتەکەم دەگێڕایەوە، دوکتۆرەکان دەیانوت، هاوسێکەت ئەسڵەن هیچ کەسێکی نییە، بەتەنیا دەژیێت!


   ئیدی کەم‌کەم خەریک بوو باوەڕم دەهێنا کە شێت بوومە!

   تا ئەوەی ڕۆژێک لە کەللەی دام، جلکی دوکتۆریم پێچایەوە و لەبەرم کرد و لە نەخۆشخانە هەڵهاتم، ڕێک ڕۆیشتم بۆ لای هاوسێکەم، لێ ئەو ماڵەی جێ هێشتبوو، تەنیا نامەیەکی بۆ دانابووم:
«منیش ئێوەم وەکوو کوڕی خۆم خۆش دەوێت، ئەگەر زیندوو بووایە، ئێستا هاوتەمەنی تۆ دەبوو!»
تاگەکان    
چەواشەکاریی_لۆژیکی کرێکار ڕەزا بابایی سۆفیگەری دوعا وەرزش ڕەخنە ئەیاد قنێبی کۆیلایەتی کوردستان ژن کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین موناجات زانست عێڕاق
ئەدەب
2021-03-07 کۆمێنت 1932 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی