سەیدا مەلا حسێن مارونسی؛ كێوێک لە زانست و دەریایەک لە میهرەبانی

نووسینی: قانع خورشید
ئەدەب 2021-02-24 کۆمێنت 3055 جار بینراوە

ئەگەر ساڵانی خوێندنم بژمێرم، لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە تا گفتوگۆی ماستەرەکەم، نزیکەی ۲۰ ساڵ دەکات، دەتوانم بێ دوودڵی بڵێم، خۆشترین ساڵی خوێندنم، ساڵی یەکەمی زانینگەم بوو، یانی ساڵی ۲۰۰۱-۲۰۰۲، کاتێک لە کۆلێژی شەریعە و خوێندنی ئیسلامیی زانینگەی دهۆک وەرگیرام و چوومە ئەو شارە و ژیانێکی تازە و جیاوازم تاقی کردەوە و جۆرێک غەریبی و کرانەوە و گەورەبوون و پێگەیشتنی لێکئاڵاوم چەشت.

   یادگاری و چاوکرانەوەکانی ئەو ساڵە زۆر زۆرن و ئێرە جێی باسکردنیان نییە و ڕەنگە ئەگەر ڕۆژێک یادداشتەکانم بنووسمەوە، بەشێکی گەورەی بە گێڕانەوەی ئەو ڕۆژانەوە تایبەت بکەم. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت چەند وشەیەکی لەبارەوە بنووسم، یەکێکە لە جوانترین و شیرینترینی ئەو شت و کەسانەی لەو ساڵە تایبەتەدا خوا هێنانیە سەر ڕێگەم و دهۆکیان لا شیرینتر کردم.

   کۆڵەکەیێک لە سێ کۆڵەکە گرنگەکەی پرۆسەی فێربوون و پەروەردە، مامۆستایە. دەکرێت تاقە مامۆستایەکی باش و تایبەت نەک هەر قوتابخانە و کۆلێژێک، بەڵکە تەواوی خوێندن و فێربوونت لا خۆشەویست بکات. دوور نییە لەبەر دڵسۆزی و ڕووخۆشیی یەک پەروەرشیار و ڕێنیشاندەر، سەرلەبەری ڕەوتی پەروەردە و پێگەیشتنت لەبەرچاو و لەنێو دڵدا شیرین بێت.

   خوای گەورە ئەو لوتفەی لەتەک مندا کرد، چەن مامۆستای باش و نموونەیی پێ بەخشیم، کە دیارترین و زاناترینیان، سەیدا مەلا حسێن مارونسی بوو. سەیدا، ئەو دەمەی دەرسی بە ئێمە دەگوتەوە لە ۷۰ ساڵی نزیک بووبووەوە -لەدایكبووی 1933 بوو-، عەقڵ و داناییەکەی لە ۷۰ ساڵییش زیاتر بوو، وەلێ ڕووحییەتی، هیی گەنجێکی هاوتەمەنی خۆمان بوو. ئەو جگە لە وانەی علووم قورئان(علوم القرآن)، هەموو موحازەرەیەک دەیان وانەی ئەخلاق و ئەدەب و جوانی و زانیندۆستیی پێ دەگوتینەوە. زۆر زۆرم خۆشدەویست، وەک کوردیش دەڵێن «دڵ ئاوێنەی دڵە»، دەمزانی ئەویش منی بەتایبەت خۆشدەوێت، جارێک لەنێو پۆلدا و جارێکی تریش لە ماڵی خۆیاندا پێی گوتم: «قانع، هەموو جارێک سەیری تۆ دەکەم، فەقێیەتیی خۆمم بیر دێتەوە، زۆر كەیفم پێت دێت.» خودا شاهێدە ئەو ساتەی وەهای پێ گوتم، دڵم پڕ لە ترس و شادی و چاویشم پڕ لە فرمێسکی قەتیسماو بوون و ئەمێستاکەیش کە ئەم دێڕانە دەنووسم، هەر وەهام.

   سەیدا، بۆ من بووە سەرمەشقی مەلایێکی دنیانەویستی زانستدۆستی خۆشڕەفتار، ئەو هیچ کات بە ڕووی قوتابییەکیدا هەڵنەشاخا و قەت کەسیش بێڕێزیی بەرانبەر نەکرد، هەرگیز لە گوتنەوەی وانەدا کەمتەرخەمیی نەدەکرد و خۆی نەدەدزییەوە و کاتی بەفیڕۆ نەدەدا، کەچی بیریشم نایەت تەلەبەیەک لە وانەکەی بێزار بووبێت و بە فێڵ خۆی دزیبێتەوە. هەمیشە گورجوگۆڵ و ڕووخۆش و پڕوزە بوو.

   بیرمە جارێکیان گوتی: «ئەم بەیانییە کە بە پێ دەهاتم بۆ کۆلێژ، ژنێک دای بەلامدا و ڕەتی دام، ئیتر لە دڵی خۆمدا گوتم: ها حسێن! پیر بووی وانەشێیت خێرا بڕۆیت؟ بۆیە قار گرتمی و گێڕم گۆڕی و دام بەلای ژنەدا!» ئەودەم بۆ ئێمەیەکی ۱٨-۱۹ ساڵ زۆر خۆش و تایبەت بوو مامۆستایەکی زانکۆ و مەلایەکی بەتەمەنی مێزەربەسەر ئاوا گەنجانە بدوێت و بە کەیفەوە باسی ڕۆژانەی خۆی بکات، ئیتر لە دڵەوە، هەم لەبەر خۆشیی ڕووداوەکە و هەم لەبەر شیرینیی گێڕەرەوەکەیش پێدەکەنیین و شاگەشکە گرتبووینی، وەلێ ئێستا کە بیر لەو گێڕانەوەیەی دەکەمەوە، دە هێندە لام شیرین و خۆش دەنوێنێت. ئاخر کەمینەیەک دەتوانن ڕووحیان وا ناسک و پاک و سادە بهێڵنەوە و ئاوەها خۆمانە و خاكی بدوێن و دڵی خۆیان بكەنەوە و لە تەمەن و پێگەی خۆیان نەترسن!

   جگە لە وانەكانی نێو پۆل، چەندین جار لەگەڵ كۆمەڵە دۆستێكی جیاوازدا چوومە ماڵیان، لە ماڵی خۆیاندا زۆر لەنێو كۆلێژ شیرینتر و خاكیتر بوو. هەموو جار خۆی چای و ئاوی دەگێڕا، هیچ كات نەیهێشت یەكێک لە ئێمە هەڵسێت و سینییەكەی لە دەست وەربگرێت، بیرمە هەمیشە بەپێكەنینەوە ئەو تەعبیرەی دووبارە دەكردەوە: «مێڤانێ منن و ئەز ب خوە خزمەتا مێڤانێ خوە دكەم، ئەڤە نە شوولێ تەیە!» ئیتر ئێمەیش گورج كۆڵمان دەدا و لێدەگەڕاین چۆنی پێ خۆشە ئاوەها خزمەتی مێوانەكانی بكات. لە كاتی هەڵسانیشدا گشت جارێک بەوە شەرمەزاری دەكردین كە تەواوی پێڵاوەكانی بە دەستی خۆی بۆ ڕیز دەكردین. ئەمە كارێكی لە ڕووكەشدا سادە و لە ڕیشەدا فرە گەورەیە، ئاخر ئێمە هەندێ قوتابیی ساڵی یەكەم و دووەمی زانكۆ بووین و تەمەنمان خوار 20 ساڵ بوو، ئەویش زانایەكی گەورەی 70 ساڵ، بۆیە مەرج نییە لووتبەرزیی بەسەردا كردینایە، بەڵام لانی كەم دەیتوانی حەقی پێمانەوە نەبێت و خۆمان پێڵاوی خۆمان بخەینە بەرپێی خۆ!

   یەكێک لە سەیرترین ئەو شتانەی بیرمە دایمە باس دەكرا، ئەوە بوو، ئەم سەیدا بەرز و بەڕێزە بەو تەمەن و زانستەوە، دەچووە كن سەیدا مەلا حسێن مارونسیی گەورە، كە تەمەنی لە 90 ساڵ تێپەڕیبوو و حەفتانە دەرسی لا دەخوێند! دواتر كە مامۆستا مەلا حسێنی گەورە لە 2012 و لە تەمەنی 102 ساڵیدا وەفاتی كرد، لە ڕێی ڕاپۆرتێكی كەناڵی دهۆكەوە زانیم پەیوەندیی هەردوو سەیدا مەلا حسێن زۆر بەهێز بووە و لە زۆربەی بۆنەكاندا پێكەوە بوونە.


   مەلا حسێن مارونسیی گەورە، نووسەرێكی گەورە بوو و دەیان كتێب و دانراوی لە تەفسیر و فیقھ و ڕاڤەی مەتنە شەرعییەكاندا هەن، وەلێ سەیدا مەلا حسێن، كە من لە خزمەتیدا بووم و ئێستا باسی وی دەكەین، مەیلی لە نووسین نەبوو. جارێكیشیان لە ماڵیاندا لێم پرسی: «سەیدا، تۆ بۆ هیچ نانووسیت؟ بۆچی كتێبی نووسراوت نییە؟» وەڵامەكەی، هەر ئەوكات تاساندمی، بەڵام بەداخەوە عاقڵی نەكردم، ئەگەرنا دواتر من ئەم هەموو كتێبە بێكەڵكەم نەدەنووسی! ئەو زۆر بەڕووخۆشییەوە گوتی: «ما چشتێ تازە ماینە تا ئەم بنڤیسین؟» ئەو باوەڕی وا بوو ئەوەی قسەی بەسوود بێت، كراوە و ئەم مەگەر هەر گوتراوەكان پاتە بكاتەوە، ئیتر بۆیە وای بە باش دەزانی هەر ئەوانەی نووسراون، بخوێنرێنەوە و شتی زیادە و دووبارە نەنووسرێن و قەناعەتی وا بوو خۆی شتێكی تازەی پێ نییە.

   ئەوەی سەیدا مەلا حسێنی زۆر شیرین و لەبەردڵان كردبوو، ئەوە بوو لەگەڵ دەوروبەر و قوتابییەكانیدا ڕووڕاست و كراوە بوو و زۆر خۆمانە سوعبەتی دەكرد، جارێكیان بە هاوڕێتیی مامۆستا مەلا گۆرانی كۆیی و چەند دۆستێكی تر چووینە ماڵیان، شەو بوو، سەعات و شتێک دوای نوێژی عیشا بوو، ئیتر كە گەیشتینە ئەوێ، مەلا گۆران ماریفەتی كرد و پۆزشی هێنایەوە كە هاتنەكەمان گونجاو نییە، هەڵیدایە و گوتی: «ڕاستییەكەی سەیدا، كاتەكەی ناوەخت و درەنگە و دڵنیاین ئێوەیش ئیشی زۆرتان هەیە و میوانی ترتان هەن و كاتی پشوو و خوێندنەوەتانە و...» گورجێ سەیدا گوتی: «كاک گۆران، تە ڤێ چشتێ خڕ زانی؟» یانی: تۆ ئەم هەموو شتەت زانی؟ ئەویش گوتی: «بەلێ سەیدا.» مامۆستا مەلا حسێنیش گوتی: «ما بۆچ هاتن؟!» هەر كە ئەو فەرمووی «ئیتر بۆچی هاتن؟!» خۆی و ئێمەیش هەر هەموو دامانە قاقای پێكەنین. خوای گەورە لە جیهانی بەرزەخیشدا ئاوا دەمبەخەندەی بكات.

   جارێكیشیان لەناو دەرسی علووم قورئاندا باسی ئەوەی بۆ دەكردین كە هەندێ پرسیار هەن، بێمانان، چون وەڵامەكەیان هەرچی بێت، هیچ سوود و زیانێک بە ئێمە ناگەیێنێت. زۆر لەو پرسیارانەیش بە فیتی نەیاران لەنێو موسڵماناندا دەورووژێن. گوتی: جارێكیان جوولەكەیەک چاوی لێ بوو پیرەمێردە موسڵمانەكان دوای نوێژی عەسران لەنێو هەیوانی مزگەوتدا جەم دەبن و بۆ خۆیان بەوپەڕی خۆشەویستییەوە كۆڕ گەرم دەكەن، زۆری پێ ناخۆش بوو و بڕیاری دا ناكۆكی بخاتە نێویانەوە، ئیتر بە نیازی تێكدانی برایەتییان خۆی وەک موسڵمان نیشان دا و ماوەیەک هاتوچۆی مزگەوتی دەكرد و لە كۆڕی واندا دادەنیشت. جارێكیان لە گەرمەی گفتوگۆی برایانەدا گوتی: ئەرێ گەلی برایینە، من پرسیارێكم هەیە: داخۆ دایک و باوكی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم لە بەهشتدان یا دۆزەخ؟ یەكێ گوتی: ئەوان دایک و باوكی پێغەمبەرن و هەرگیز نابێت بچنە دۆزەخەوە. یەكێكی تر گوتی: نەسەب هیچ نییە و كردەوەی خۆیان حسێبە، خۆ باوەڕدار نەبوون تا بچنە بەهەشت. یەكێكی تر تووڕە بوو و قیڕاندی: خۆ كاتێک ئەوان مردن هێشتا قورئان دانەبەزیبوو، ئەهلی فەترەن و بە باوەڕدار حسێبن، یەكێكی تر تووڕە بوو و هاواری كرد: لە حەدیسدا هاتووە لە جەهەننەمدان و تەواو. ئیتر بوو بە هەرا و قاڵە و بە نەعل و دار بەربوونە سەروگوێلاكی یەكدی... دواتر سەیدا فەرمووی: وای دابنێن داک و بابی پێغەمبەر لە بەهەشتدان یان دۆزەخ، چ لە حاڵی ئێمە دەگۆڕێت؟!

   هەر دوای ئەو قسەیە، هاوپۆلێكی خۆشمەشرەبمان هەبوو، گوتی: ئەی سەیدا! هەر بەجدی داک و بابی پێغەمبەر لە بەهەشتدان یا دۆزەخ؟! هەمووان كردمانە كەنین و یەک دووانێكمان وەک سەرزەنشت ئاوڕمان لێ دایەوە، كە ئەوە چ پرسیارێكی بێمانایە تۆ دەیكەیت! سەیدا مەلا حسێنیش وەک عادەتی هەمیشەیی خۆی، عەینەكەكەی هێنایە سەر نووكی لووتی و لە سەرەوەی چاویلكەكەیەوە سەیرێكی قوتابییەكەی كرد و گوتی: «ب خودێ تە بحەشتیی!» ئیتر هاوڕێكەمان بەدڵخۆشییەوە گوتی: «ئەها سەیدا دەزانێت چەن پاک و چاكم و دەڵێت بەهەشتیت؟ ئێوە قەدرم نازانن.» سەیدا مەلا حسێنیش گوتی: «كاک فڵان -ناوی هێنا- تو دزانی بحەشتی یەعنی چی؟» گوتی: «یەعنی چی سەیدا؟» ئەویش بە پێكەنین و ڕووخۆشییەوە فەرمووی: «یعنی: مرفوع عنە القلم: یانی كەسێ قەڵەمی لەسەر هەڵگیرابێت!» ئیتر بووە جەوێكی زۆر خۆش و تاوێکی باش هەموومان پێكەوە بەو وەزعەی پێش هات خەنیمانەوە.

   ئاگام لێ بوو شێخ بورهان سۆڵەیی، كە ئەو كاتەی من ساڵی یەكەمی زانكۆم بوو، ئەو لە قۆناغی چوار بوو، دەچووە مزگەوت و تەسریفی زەنجانی(تصريف الزنجاني) لای سەیدا دەخوێند، منیش جارێكیان لەگەڵیدا چووم، بیرمە سەیدا بەبێ كتێب مەتنەكەی پێ دەگوت و نموونەكانی بۆ ڕاڤە دەكرد، پێم گوت: سەیدا، كتێبەكەت لەبەرە؟ گوتی: «50 ساڵ پێش لەبەرم كردووە و لەو كاتەوە بە دەرس دەیڵێمەوە، هەر دەبێت لەبەرم بێت!» ئەو هەمیشە سیحری ئەو خاڵانەی بەتاڵ دەكردەوە كە كەسانی تر بۆ خۆهەڵنان و خۆگەورەكردن دەیقۆزنەوە، هەردەم هەوڵی دەدا بە شتێكی ئاسایی نیشانیان بدات و بڵێت مەسەلەیەكی سروشتییە و هەر دەبێت وا بێت و من ئازایی و گرنگییەكم نییە.

   لە كۆلێژ و لە ماڵ و مزگەوت، هەركات دەتبینی، پاک و تەمیز و خۆشكەیف و چالاک بوو، لە ئامادەیی خوێندنی ئیسلامی و هەردوو بەشەكەی كۆلێژی شەریعە و خوێندنی ئیسلامی، دەرسی دەگوتەوە و لە مزگەوتیش هەر وا. لە دەنگی یەكگرتوو، ڕادیۆی دهۆكیش بەرنامەی هەبوو و وەڵامی پرسیاری بیسەرانی دەدایەوە، بیرم نایەت چ جار غەیبەتی كەسی كردبێت و كەسێتیی كەسی شكاندبێت.

   ئەوەی ڕاستی بێت شتی ترم لە دڵ و فیكردا هەیە، وەلێ سەرقاڵی وا دەست و پێمی بەستووەتەوە، بۆ حەفتەیەک دەچێت بە نووسینی ئەم كورتەبابەتەوە خەریكم، ئیتر بۆیە ئەو قسانە هەڵدەگرم بۆ كات و شوێنێكی تر، ئەگەر بڕیار بێت كات و شوێنی تر هەبێت! بۆ من شانازییەكی گەورەیە شاگردی پیاوێكی وا مەزن و خاكی بوومە و شانازییەكی گەورەتریشە كە ئەویش منی دەناسی و خۆشیدەویستم. ئەوەیشی زۆر خەفەتم دەداتێ ئەوەیە، زانایانی دەڤەری بادینان و سۆران، وەک بڵێیت دانیشتووی دوو وڵاتی جیا بن، زۆر بەكەمی یەكتری دەناسن و ئاشنای هەوڵ و كاری یەكدین، نایشزانم چۆن دەكرێت ئەم دابڕانە دزێوە چاک بكرێت و نەهێڵرێت!

   بەیانیی ڕۆژی شەممە 13/ 2/ 2021 سەیدای هێژا و ئازیز لە تەمەنی 88 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، من بێ ئەوەی ئاگام لە مردنەكەی بێت، عەسری ئەو ڕۆژە لەگەڵ تەلەبەیەكمدا زیكری خێریانم كرد و هەندێ یادگاریم لەبارەیانەوە گێڕایەوە، بۆ شەوەكەی، برا و هاوڕێی بەڕێزم دكتۆر عیمران مزووری هەواڵی وەفاتیانی پێ دام و بردمییە نێو دەیان یادگاریی تاڵ و شیرینەوە.

   لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە سەیدای كۆچكردوو لەگەڵ پێغەمبەر و ڕاستڕۆ و شەهید و پیاوچاكاندا و لەژێر سایەی خۆیدا حەشر بكات و لە بەهەشتدا هەموومان پێكەوە كۆ بكاتەوە.


تاگەکان    
تەوبە پۆدکاست ڕۆژاوا گەڕان عەبدولکەریم سرووش فەلەستین خوێندنەوە ئەدەبیاتی فارسی ڕەزا بابایی کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین ڕانانی کتێب عیرفان چەواشەکاریی لۆژیکی فیکر #پیری
ئەدەب
2021-02-24 کۆمێنت 3055 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی