هاوڕەگەزخوازی و شەرعی ئیسلامی و دیوێکی دیکەی دراوەکە!

نووسینی: ناوەندی ڕەواسیخ وەرگێڕانی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2021-02-22 کۆمێنت 3285 جار بینراوە

خودای دلۆڤان دەفەرمووێت: ﴿ فَلَمَّا جَاءَ أَمْرُنَا جَعَلْنَا عَالِيَهَا سَافِلَهَا وَأَمْطَرْنَا عَلَيْهَا حِجَارَةً مِّن سِجِّيلٍ: ئەو شارۆچکەیەی قەومەکەی لووت پێغەمبەری تێدا دەژییان، ژێرەوژوورمان کرد و چین چین بەردی لە قوڕ دروستکراومان بەسەردا داباراندن.﴾[1]

   پێغەمبەری خودا دەفەرمووێت: «لَعَنَ اللّهُ من عمِلَ عَمَلَ قَومِ لُوط: نەفرینی خودا بەر ئەو کەسە بکەوێت، کە کارەکەی قەومی لووت دووبارە دەکاتەوە.»[2]

   هەروەها دەفەرمووێت: «مَنْ وَجَدْتُمُوهُ يَعْمَلُ عَمَلَ قَومِ لُوطٍ فَاقْتُلُوا الفَاعِلَ والمَفْعُولَ بِه: هەر کەسێکتان بینی، کارەکەی قەومی لووتی دووبارە کردەوە، بکەر و کراو بکوژن!»[3]

   هێندێک لە خەڵکی تەنیا لە ڕوانگەی ئەم دەقە پیرۆزانەوە پێوەندیی ئایینی ئیسلامی بە بابەتی هاوڕەگەزخوازییەوە ناسیوە!

   ئاخۆ هەڵوێستی ئایینی ئیسلام لە بەرانبەر کێشەی هاوڕەگەزخوازیدا، تەنیا لە سزادان و مامەڵەی تونددا خۆی دەبینێتەوە و لەوە تێناپەڕێت، یاخود نەخێر، قسەی زیاتری بۆ گوتن پێیە و ئەم دراوە ڕوویەکی دیکەیشی هەیە؟!

جیاوازیی ئاستەکان:
ئەگەر وشەی هاوڕەگەزخوازی زاراوەیەکی فراوان بێت و چەند ئاستێکی جیاوازی لە خۆ گرتبێت بە شێوەیەک، تاوانی هێندێک لەو ئاستانە بەوانی ترەوە گرێ درابێت و هێندێکیان باری ئەوانی تریشیان قورس کردبێت؛ ئەوا ئاستی یەکەم؛ لە کۆمەڵێک داڵغە و حەزی نائەنقەستەوە دەست پێ دەکات و دواتر بۆ جێبەجێکردنیان لە واقیعدا سەر دەکێشێت، ئینجا چەند جارێک لە هەمان تاوانەوە دەگلێت، بەڵام هێشتا بەم ڕەفتارەی خۆی قەڵسە و لە کاتی تاوانەکەدا هەوڵ دەدات نەیکات و خۆی لێ بە دوور بگرێت، یان پێدەچێت وردە وردە وای لێ بێت، بە تاوانەکەی ڕابێت و کردنی تاوانەکە و ئاوخواردنی بە لاوە وەک یەک وا بێت؛ بێگومان ئەمەیان زۆر ترسناکە و بە یەکێک لە تاوانە هەرە گەورەکان لە قەڵەم دەدرێت! بڕێک لە خەڵکییش وایان لێ هاتووە، بە ئاشکرا و بێ ئەوەی شەرم دایانبگرێت، بە دەنگی بڵند گوزارشت لەم حەزەیان دەکەن و بە شانازییەوە ئەوانی تریشی بۆ بانگ دەکەن. تەنانەت خەڵکانێک هەن، تەنیا لەبەر ئەوەی ئایینی ئیسلام هاوڕەگەزخوازيی پێ دروست نییە و بە کردەوەیەکی دزێو و یاساغی دەزانێت، لە ئایین هەڵدەگەڕێنەوە و لە ڕێگای بێباوەڕبوونیانەوە، دژایەتیی شەرعی خودا دەکەن!


   لە سۆنگەی سۆز و بەزەیی خوداوە بەرانبەر بە بەندەکانی، پەروەرێنی دلۆڤان -ئەو خودایەی لە مرۆڤەکان خۆیان زیاتر بە ناخیان شارەزایە- بەرپرسیارێتیی ئادەمیزادی تەنیا لە چوارچێوەی ئەو کردەوانەدا دیاری کردووە، کە بە ویست و هەڵبژاردنی خۆی ئەنجامیان دەدات. بۆیە دەبینیت ئایینی ئیسلام، هەردەم هێڵێکی جیاکەرەوەی دیار، لەنێوان چپەی ناخ و حەزی دەروون و ئەو کردەوانەدا دەکێشێت، کە بە خواستی خۆی هەڵیاندەبژێرێت و دەیانکات.

   ئەوەتا پێغەمبەری خودا (ݖ) دەفەرمووێت: «إنَّ اللهَ تَجاوزَ لي عنْ أُمَّتی ما وَسْوَستْ بِهِ صُدُورُها، ما لَمْ تَعْمَلْ أَو تَکَلَّم: بێگومان خودا لەو شتانەی ئوممەتەکەم خۆش بووە کە بە ناخیاندا دێن، مەگەر ئەوەی بیکاتە کردەوە یان بە قسە بیڵێت.»[4]

   حەز و خواست و باسوخواسەکانی دەروون، دەرەنجامی کۆمەڵێک قسە و ڕووداو و شتی دەوروبەرن کە زۆرجار لە دەسەڵاتی مرۆڤ بەدەرن. ئاخر پێدەچێت سەرچاوەکەی بۆ هەستیارییەکی خۆڕسکیی کەسەکە خۆی بگەڕێتەوە، یان ژینگەیەکی خراپ و وێرانکەری بووبێت، یاخود زادەی کۆمەڵێک دەستدرێژیی کەڵەکەبووی پێشوەخت بێت کە جێپەنجەیان لە نەستیدا جێ هێشتبێت، یان لەوانەیە بە هۆی وەسوەسە و چپەچپ و هاندانی جنۆکە و ئینسانە شەیتانئاساکانەوە بێت و دووریش نییە، بۆ ئەو فێڵ و تەڵەکە و بەزم و بالۆرانە بگەڕێتەوە کە شەووڕۆژ مرۆڤ بە دەستیانەوە گیرۆدە دەبێت. هەموو ئەم هۆکارانە پەیتا پەیتا، تۆوی دونیایەک هەستی نامۆ و خواستی سێکسیی دەگمەن لە ناخی مرۆڤدا دەچێنن، کە خۆیشی نازانێت چلۆن لە دەرگای دڵیەوە دزەیان کردووە و هاتوونەتە ژوورێ!

   تەواوی ئەم حەز و ئارەزووانە، بەشێکن لەو تاقیکردنەوانەی ژیان کە گشت مرۆڤێک پێیاندا تێدەپەڕێت و بەوپەڕی مەردی و جەربەزەییەوە لە دونیادا بەرانبەریان دەجەنگێت. هەردەم لە دژی خۆی و خراپەکانی، لاوازی و کێمایەسییەکانی، ئازار و دەردیسەرییەکانی، تێکچوون و شڵەقانە دەروونییەکانی، دەجەنگێت و خەبات دەکات، تا ئەو ساتەی بە کەشتیی ڕزگاری و مەیدانی ئارامیدا دەگات. هیچ یەکێک لەم بیانووانەیش وای لێ ناکەن لە خانەی حەز و خواستی دەروونەوە، بۆ خانەی جێبەجێکردن لە واقیعدا، دەربچێت و پەل بهاوێت! تەنانەت ئەگەر ئەوە ڕوو بدات و تاوانەکەیش ئەنجام بدات، ئەمە مانای ئەوە نییە ئیدی دەرگای گەڕانەوەی لە بەردەمدا داخرابێت. بەڵکو تا ئەو وەختەی هەناسەکانی ژیان کۆتاییان پێ دێت، دەرگای گەڕانەوەی لە بەردەمدا کراوەیە!

قەت نێرینە وەکو مێینە نییە!

 یەکێک لە هۆکارەکانی هاوڕەگەزخوازی، لێڵیی ناسنامەی سێکسی و توانەوەی سنوورە جیاکەرەوەکانی نێوان نێر و مێ و نەمانی ئەو تایبەتمەندییەیە، کە هەستی نێربوون و پیاوەتی بە ئادەمیزاد دەبەخشێت.


   هەر بۆیە شوناسی ئیسلامی، هێڵێکی جیاکەرەوەی دیاری لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا کێشاوە، ئەوەتا هەر یەکێکیان خاوەن سیما و سروشت و تایبەتمەندیی جیاوازی خۆیانن.

   کوڕ، هەر لە منداڵی و لە سەرەتای ژیانییەوە، خۆی لەنێو کۆمەڵگەی پیاواندا دەبینێتەوە و تێکەڵ بە ڕەگەزی خۆی دەبێت. ئەوەتا هێشتا بە تەواوی فامی نەکردووەتەوە، دەست لەناو دەستی پەروەرشیار و بەخێوکەرەکەی، ڕێگای مزگەوت دەگرێتە بەر و وەها تێکەڵ بە پیاوان دەبێت، وەک بڵێیت یەکێک بێت لە ئەوان. کوڕ لە ئایینی ئیسلامدا، وەک پیاو مامەڵەی لەتەکدا دەکرێت.

   جاری وا هەبووە پێغەمبەری خودا (ݖ)، بۆ ڕێگەدان بە پیرەپیاوان[5]، مۆڵەتی لە منداڵان خواستووە و بە هەر منداڵێک گەیشتبێت، سڵاوێکی گەرمی ئاڕاستە کردووە؛ بەڵکو زارۆی بچکۆلەی کردووەتە پێشنوێژی خەڵکەکەی.

   هەرچی کچە، هەر لە منداڵییەوە پتر لە دایکییەوە نزیکە و بەردەوام تێکەڵ بە کۆمەڵگەی ئافرەتانە و لە دەستپێکی ژیانییەوە، بە ماناکانی جوانی و ناسکی، هێمنی و نەرمونیانی، شەرم و شکۆ، شۆخ و شەنگی و تەواوی هەستە پڕ لە واتاکانی مێیینەبوونەوە پەیوەست دەبێت و لەنێو حەشامەتی ژناندا، کیژۆڵەکانیش ڕێک وەک ئافرەتێک مامەڵەیان لەتەکدا دەکرێت.

   زانستی دەروونپزیشکیی هاوچەرخ، حاڵەتی ورووژانی سێکسی بە هۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی ڕەگەزی پێچەوانەوە ناو دەنێت: (Cross Dressing: دزەکردنی مەیلی پێچەوانە لە ڕێگای لەبەرکردنی پۆشاکی ڕەگەزی بەرانبەرەوە)!

   حاڵەتێک لای هێندێک لە منداڵاندا دروست دەبێت و پێدەچێت تا گەورەبوون و بڕێک جار تا کۆتایی تەمەنیش بەردەوام بێت، لە دەروونناسیی سەردەمدا وەک لادانێکی ڕەفتاریی سێکسی تەماشا دەکرێت و پێی دەگوترێت: (Trasnsvetism)! هەر ئەم حاڵەتە زۆر جار پێوەندیی بە جۆرەکانی دیکەی شڵەژانی ناسنامەی سێکسییشەوە هەیە[6].

   بۆیە دەبینیت، لەپێناو پاراستنی ئەو سنوورە ئاشکرایانەی بۆ دیاریکردنی ناسنامەی سێکسی دانراون، ئایینی ئیسلام خۆچواندنی هەر یەکێک لە دوو ڕەگەزەکەی بەوی دیکە قەدەغە کردووە، تەنانەت ئەگەر ئەو خۆچواندنە لەنێو دونیای منداڵانیشدا بێت. ئەوەتا وەختێ ئیبن مەسعوود (خودای لێ ڕازی بێت) کوڕەکەی دەبینێت کراسێکی حەریری پۆشیوە، یەکسەر دەیدڕێت و پێی دەڵێت: "ئەمە بۆ ئافرەتانە، بە دایکت بڵێ چتێکی دیکەت لەبەر بکات، نەک ئەمە!"

   یەکێکی تر لە هۆکارەکانی مەیلی هاوڕەگەزخوازی، ژەهراویبوونی هەستی سروشتیی سێکسیی مرۆڤە، بەو ڕەفتارە ناسروشتی و ڕیزپەڕانەی هەر لە قۆناغی منداڵییەوە لە دەوروبەریدا ڕوو دەدەن. بۆ نموونە: خاوەن دایکێکی زاڵی پیاوئاسایە، یان باوکێکی داماوی کەسایەتیی لاوازی هەیە کە وەک پیاوێکی تەواو دەرناکەوێت و لە چاوی منداڵەکانییەوە شێواو و ناکەریگەرە. بەڵام شوناسی ئیسلامی، هەم لە ڕووی ئەرک و هەم لە ڕووی مافەوە، هەردەم ڕۆڵی پیاو لە پێگەی سەرداریدا دادەنێت. ئاخر ئەو دەبێت بەرپرسیارێتیی تەواوی خێزانەکەی وەئەستۆ بگرێت و چ پێی خۆش بێت یاخود ناخۆش، ناچارە کاروبارەکانیان بەڕێوە ببات و ئاگای لیێان بێت. پێویستە لەسەر ئەوانیش گوێڕایەڵیی بکەن و ڕێزی لێ بگرن، دەبێت دایکی منداڵەکانیش پێگەی پیاوەکەی لە پێش چاوی منداڵەکانی و خەڵکی تریشدا بپارێزیت و قەت بێڕێزیی بەرانبەر نەکات؛ بۆ ئەوەی ناسنامە و کەسایەتی خەوشدار و داڕووخاو نەبێت.

   دوای ئەو قسانە، ئیدی پێدەچێت تۆ خۆت بتوانیت، بەراوردێک لەنێوان ئەوەی باسمان کرد و ئەو دروشمە بریقەدارانەی لە پزدانی ئیلحادی نوێوە سەریان دەرهێنا، بکەیت؛ ئاخر ئیلحادی هاوچەرخ سوور بوو لەسەر: پێداگری و هەڵپەکردن بۆ جێبەجێکردنی یاسای جێندەری، لێڵکردنی ناسنامەی سێکسی و ڕێگریکردن لەوەی منداڵان بە جۆرە بایۆلۆجییەکەی خۆیانەوە بناسرێنەوە، هەڵپەکردنی بزووتنەوە فیمینیستەکان و هەوڵە یەک لە دوای یەکەکانیان تەنیا لەپێناو ئەوەی هەردوو ڕەگەز یەکسان پێشان بدەن و نکووڵی لە جیاوازییە سروشتییەکانی نێوانیان بکەن، شەڕکردن و ململانێی سەرسەختانە بۆ ئەوەی ژنان هەمان ڕۆڵی پیاوان ببینن و وەک ئەوان هەموو جۆرە ڕۆڵێک وازی بکەن؛ هەموو ئەمانەیش لەسەر بنەمای ڕقبوونەوە لە خود، بە کەم ڕوانین و خۆنەبانکردن لە ڕۆڵی ئافرەتان و ڕەتکردنەوەی ڕەگەزی سروشتیی مێیینەیی خۆیان بوو.

 

کلُّکمْ رَاعٍ: ئێوە هەمووتان بەرپرسن!

 یەکێک لەو شتانەی زۆرترین کاریگەریی لەسەر دروستبوونی مەیلی هاوڕەگەزخوازی هەیە، ئەزموونکردنی پەروەردەیەکی ناشرین و خراپ و ڕووخێنەرە! بۆ نموونە: ئامادەنەبوونی باوک لە ژیانی منداڵدا، چ لە ڕووی جەستییەوە بێت یاخود ئەخلاقی، یان لە ڕووی ڕووحییەوە بێت یاخود کرداری.


   وشکهەڵاتنی سۆز و خۆشەویستی، دڵڕەقی و نەبوونی تێگەیشتنێکی دروست، جیاوازیکردن لەنێوان منداڵەکاندا، بەتایبەت پێدانی خۆشەویستییەکی زیاتر بە یەکێکیان و بێبەشکردنی ئەوانی تر، ئیدی ئەگەر ئەو جیاوازیکردنە لەنێوان چەند منداڵێکی کوڕدا بێت و کوڕەی داماو بەو هۆیەوە هەست بە وەدەرنانی لە جیهانی پیاوان بکات؛ یان جیاوازیکردنەکە لەنێوان منداڵی کوڕ و کچدا بێت و کیژۆڵەی کەنارخراو بە ئومێدی بەدەستهێنانی سۆزی لەکیسچووی دایک و باوکایەتییەوە، پەنا بۆ گێڕانی ڕۆڵی کوڕ ببات و وەک نێرینەک خۆی پێشان بدات.

   هەر بۆیە چ دایک و چ باوک، هەردووکیان لە بەرانبەر خودای خۆیاندا لەبارەی پەروەردەکردنێکی جوانی منداڵەکانیانەوە بۆ پێکهێنانی خێزانێکی دروست، بەرپرس و لێپرسراون. بێگومان تەنیا ئەو حەلە بە کەسێک دەگوترێت پەروەرشیار و بەرپرسێکی تەواو کە بتوانێت، بە عەقڵ و دەروونی ژێردەستەکانیەوە پەیوەست بێت و بەجوانی لە خەم و ئازارەکانیان تێ بگات؛ لە ڕێگای بەخشینی سۆز و ئەوین و بەزەیی و دادپەروەری و ئارامی و ئاسایشەوە پێیان و پێدانی مافی تاکە بە تاکەیان لە کات و شوێنی خۆیدا.

   پێغەمبەری خودا دەفەرمووێت: «أَلا لا یَجْنِي والدٌ عَلى وَلَدِهِ: ئاگادار بن، باوک نابێت منداڵەکانی تووشی تاوان بکات.»[7]

   هەروەها دەفەرمووێت: «لَیْسَ مِنّا مَنْ لَمْ یَرْحَمْ صَغِیرَنَا: ئەو کەسەی بەزەیی بە منداڵەکانماندا نەیەتەوە، لە ئێمە نییە!»[8]

   پەیامبەری خودا هەردەم ستایشی ئافرەتانی قوڕەیشی بەوە دەکرد کە زۆر بە سۆز و بەزەییەوە لەتەک منداڵدا مامەڵە دەکەن. ئەو (ݖ)، بەردەوام منداڵانی ماچ دەکرد و لە دڵەوە خۆشەویستیی خۆی بە ئاشکرا بۆ دەردەبڕین، تەنانەت ڕۆژێکیان وەختێ بەنێو ئاپۆڕەی منداڵانی پشتیواناندا تێدەپەڕی، پێی فەرموون: «وَاللَّهِ إِنِّی لَأُحِبُّکُم: سوێند بە خودا من ئێوەم خۆش دەوێت!»[9]

   ئەو دەمەی دەشتەکییەکان پەیامبەری خودایان دەدیت چلۆن بە سۆز و ئەوینەوە نەوەکەی خۆی، حەسەنی کوڕی عەلی ماچ دەکرد، بە لایانەوە سەیر و نامۆ بوو، تەنانەت یەکێک لەو دەشتەکییانە خۆی نەگرت و پێی ڕاگەیاند کە ئەو بە هیچ شێوەیەک منداڵەکانی ماچ ناکات! یەکڕاست پێغەمبەری خودا بەوپەڕی توندییەوە پێی فەرموو: «مَنْ لَا یَرْحَم لَا یُرْحَم: ئەوەی بەزەیی بەوانی تردا نەیەتەوە، بەزەییان پێیدا نایەتەوە.»[10]

   ئەنەس، خودای لێ ڕازی بێت، حاڵی پێغەمبەری خودامان لەبارەی مامەڵەیەوە لەتەک منداڵدا بۆ پوخت دەکات و دەڵێت: «هیچ کەسێکم نەدیوە هێندەی پێغەمبەری خودا بەرانبەر ماڵ و منداڵەکەی بەبەزەیی بێت.»[11]

   هەر بۆیە شەریعەتی ئیسلامی ئەوەی لە دایکان و باوکان قەدەغە کردووە، جیاوازی لەنێوان منداڵەکانیاندا بکەن و یەکێکیان لە پێشی ئەوانی ترەوە دابنێن و خەڵات بە یەکێکیان ببەخشن و ئەوانی تر پشتگوێ بخەن.
پێغەمبەری خودا بەخشینی دیاری بە یەکێک لە منداڵان و بێبەشکردنی ئەوانی تری بە لاوە ناپەسەند بووە و فەرمانی بەوە کردووە؛ ڕەچاوی یەکسانیی نێوان زارۆیان بکرێت و قەت یەکێک وەپێش ئەوی تر نەخرێت، بەڵکو جیاوازیکردنی نێوان منداڵانی بە ستەم ناوزەد کردووە.

   شەریعەتی ئیسلامی بە کەم ڕوانین لە مێیینەی بە کارێکی دزێو لە قەڵەم داوە و پێغەمبەری خودا (ݖ) فەرمانی بە چاکەکردن لەتەک کچاندا کردووە و لەمەڕ بایەخدان بە مێیینەوە، مکووڕ بووە[12].

   پێغەمبەری خودا گاڵتە و یاريی لەگەڵ کیژۆڵەکاندا کردووە و خۆشەویستیی خۆی بۆ دەربڕیون.

   جارێکیان پیاوێک لە خزمەتی پێغەمبەری خودادا دانیشتبوو، کوڕێکی پیاوەکە بەرەو ڕووى باوکی هات، یەکسەر ماچێکی کرد و لە ئامێزی خۆی داینیشاند، دواتر کچێکی هات، ئەمەیشیانی ماچ کرد و لە تەنیشت خۆیەوە داینا؛ کەچی پێغەمبەری خودا پێی فەرموو: «فَمَا عَدَلْتَ بَیْنَهُمَا: دادپەروەر نەبوویت لەنێوانیاندا!»[13]

   تەنانەت لە پێکەنینێک و نیگایەک و ماچێک و دەستبەسەرداهێنانێکیشدا، پێویستە دادپەروەری بپارێزرێت. بە هیچ کلۆجێکیش کوڕ لە کچ زیاتر سەیر ناکرێت!

داخستنی دەرگاکان:

 شەریعەتی ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە ئەو ڕێگایانە دەگرێت کە شەیتان لێیانەوە بە دڵی ئادەمیزاد دەگات، هاوزەمان بێوچانانە هەوڵ دەدات، تەواوی دەرگاکان بە ڕووی هاتنەژوورەوەی فیتنە و تێوەگلانە ئەخلاقییەکانیشدا قەپات بکات. بۆیە سنوورەکانی عەورەت و بینینی شوێنە هەستیارەکانی ئینسان لە ئیسلامدا، زۆر بەڕوونی دیاری کراون و پێداگری لەسەر شاردنەوە و چاوداخستن لە ئاستیاندا کراوە؛ تەنانەت ئەگەر لەنێوان دوو ڕەگەزی هاوشێوە و دایک و منداڵەکانیشیدا بێت! بێگومان نواندنی هەر کەمتەرخەمییەک لەو بارەیەوە، بە تێکچوونی شوناسی سێکیی ئینسان دەشکێتەوە و یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی مەیلی هاوڕەگەزخوازییش، شکستهێنانە لەو ڕووەوە!


   یەکێک لە ڕێگرییەکانی شەریعەت بە ڕووی دەرگاکانی فیتنەدا، دانانی تۆڵە و بەجێگەیاندنی ئەو سزا شەرعییانەیە کە بڕێک جار دوور نییە تا ڕادەی کوشتنیش بچێت. ئاخر ڕێسا و سنوورە شەرعییەکان دەبنە هۆی تەسککردنەوەی بواری ئەو دەستدرێژییانەی کاریگەرییەکی گەورەیان لە بەرهەمهێنانی ئەو مەیلە ڕیزپەڕانەدا هەیە. بە هەمان شێوەیش ناهێڵێن، ڕێگە بۆ دروستبوونی ژینگەیەک خۆش ببێت، کە بۆ خراپەکاری لەبار بێت و چواردەوری تاکەکانی کۆمەڵگە بە دونیایەک لە تاوان و لادان و خراپەکاری بتەنێت و مرۆڤ لە توانست و ئیرادە دابڕنێت و هەمووان بەرەو چەپەڵی و مەیلی ناباو هان بدات.

پاراستن و ڕەچاوکردنی دڵەکان:

 تووڕەبوون، پێداهەڵشاخان، دڵشکاندن، ناوناتۆرە و لاقرتێپێکردن، پشتگوێخستن و ڕەتکردنەوە؛ تەواوی ئەم هەڵسوکەوت و مامەڵانە، ڕۆڵێکی فرە کاریگەریان لە بەرهەمهێنانی لادانە دەروونی و شڵەقانە سێکسی و مەیلە ڕیزپەڕەکاندا هەیە. بۆیە دەبینیت، سیستەمی ئەخلاقیی ناسنامەی ئیسلامی، زۆر سەرسەختانە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە ڕەفتار و هەڵوێستە نەخوازراوانەدا تێ دەکۆشێت و سازشیان لەبارەوە ناکات.


   ئەوەتا خودای دلۆڤان دەفەرمووێت: ﴿وَلَا تَلْمِزُوا أَنفُسَكُمْ وَلَا تَنَابَزُوا بِالْأَلْقَابِ: سووکایەتی بە خۆتان مەکەن و ناوناتۆرە بۆ یەکتر دامەتاشن!﴾[14]

   پێغەمبەری خودا دەفەرمووێت: «لَیسَ المُؤْمِنُ بِاالطَّعَّانِ وَلا اللَّعَّانِ وَلا الفَاحِشِ وَلا البَذِیءِ: ئیماندار نە نەفرەتکارە و نە تانەدەر و نە دەمپیس و نە جنێودەر!»[15]

   هەروەها پەیامبەر دەفەرمووێت: «المُسلِمُ أَخُ المُسْلِمِ، لا یَظْلِمُهُ، وَلا یَخْذُلُهُ، وَلا یَحْقِرُهُ: موسڵمان برای موسڵمانە، نە ستەمی لێ دەکات و نە پشتی بەر دەدات و نە ڕیسوای دەکات.»[16]

   بەڵکو موسڵمان هەمیشە پاڵپشتیی ئەو برا موسڵمانەی دەکات کە لە دڵەوە، هەوڵی قوتاربوون لە حەزە نەخوازراوەکانی دەدات و بە چاوێکی پڕ لە دڵسۆزی و بەزەیی و برایەتییەوە، لێی دەڕوانێت و بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگە دەروونییەکاندا، یاریدەر و پشتیوانی دەبێت.

   تەنانەت هەرچی سزا و سنووری شەرعییش هەیە، تەنیا لەپێناو ترساندن و پاکڕاگرتنی مرۆڤی باوەڕداردا دانراون؛ بگرە ئەوەندە مەرج بۆ جێبەجێکردنیشیان دانراوە، مەگەر یەکێک زۆر چاوقایم و ڕوودار و بێباک بێت و لەنێو تاوان و داوێنپیسی و ئارەزووبازیدا ڕۆچووبێت و بە ئاشکرا شانازیی پێوە بکات، دەنا زۆر سەختە کەسانی تری نێو کۆمەڵگە بگرێتەوە. بۆیە لە هەر بارودۆخێکدا بێت، لە ڕوانگەی ئیسلامەوە هەرگیز دەرگای گەڕانەوە و پەشیمانی بە ڕووی تەوبەکاراندا داخراو نییە و هەر کات دڵ ڕاچڵەکی و ناخ پەشیمانی دایگرت و ئاوەز بڕیاری دا، قاپیی لێخۆشبوون و قبووڵکردنیش لەسەر پشتە!

   جارێکیان پیاوێکی مەستیان هێنایە خزمەت پەیامبەری خودا (ݖ)، فەرمانی لێدانی پێ کردن، خەڵکی وەک تەمبێکردن کەوتنە لێدانی، وەختێ لێبوونەوە، پیاوێک گوتی: خودا لەوە ڕیسواتری بکات! پێغەمبەری خودا فەرمووی: «لا تَکُونُواْ عَونَ الشَّیْطَانِ عَلَی أَخِیکُم: وریا بن، مەبنە یارمەتیدەری شەیتان تا بەسەر براکەتاندا سەربکەوێت!»[17]

   هێندێک جار ئەو برینەی بە هۆی زمانەوە جێ دەهێڵرێت، گەلێ قووڵترە لەو زامەی بە هۆی چەقۆوە دروست دەبێت!

   لە سەردەمی پێغەمبەری خودادا ئافرەتێک زینای کرد، سکی پڕ بوو، بەڵام تەوبەی کرد و لە کارەکەی پەشیمان بوویەوە، هاتە خزمەت پێغەمبەری خودا و داوای جێبەجێکردنی سزای زیناکاری دەکرد و لەسەر داواکەیشی زۆر مکووڕ بوو، دوای لەدایکبوونی کۆرپەکەی و شیرپێدان و بەخێوکردنی، دەستبەردار نەدەبوو و لەسەر یەکە دەهاتەوە لای پەیامبەر و داوای پاکبوونەوەی دەکرد؛ وەختێک بەردباران کرا و دونیای بە جێ هێشت، پێغەمبەری خودا نوێژی لەسەر کرد و بۆی پاڕایەوە. ئەو دەمەی خەڵکی زمانیان لە ئاست ژنەی تەوبەکاردا بە خراپ گەڕا و قسەی نەشیاویان لەبارەوە گوت، یەکسەر پەیامبەر بەرگریی لێ کرد و فەرمووی: «لَقَدْ تَابَتْ تَوبَةً لَو قُسِمَتْ بَیْنَ سَبعِینَ مِنْ أَهْلِ الْمَدِینَةِ لَوَسِعَتْهُم: بەڕاستی تەوبەیەکی کردووە، گەر بەسەر حەفتا کەسی خەڵکی مەدینەدا دابەش بکرێت، بەشی هەموویان دەکات.»[18]

   بەڵکو یەکێک لەو تاوانە هەرە گەورانەی لە ئیسلامدا موسڵمان بەرەو ئاگری دۆزەخ ڕاپێچ دەکات، ئەوەیە موسڵمانێک بەبێ بەڵگەی ڕوون و دڵنیابەخش، برایەکی موسڵمانی بە داوێنپیسییەک تۆمەتبار بکات، یان تەنانەت ئەگەر لە دوای تەوبەکردنیشی ئاشکرای بکات، ئەوە تۆمەتبارکراو بۆی هەیە داوای لێدان و تەمبێکردنی تۆمەتهەڵبەست بکات؛ چونکە شەریعەتی ئیسلامی ڕێز و پێگە و ئابڕووی تاکە بە تاکەی موسڵمانان دەپارێزێت.

پەتی ڕزگاربوون و پەناگە ئارامەکە:

 شەریعەتی ئیسلامی هەمیشە مرۆڤ بۆ بەکارهێنانی هۆکار و ئامرازە بەردەستەکان بە نیازی لابردنی دەرد و بەڵاکان هان دەدات، یەکێک لەو ئامرازانەی بۆ قوتاربوون لە شڵەژانە دەروونییەکان پێویستە بیگرنە بەر، ئەوەیە داوای یارمەتی لە دەروونپزیشکە پسپۆڕەکانی ئەو بوارە بکەن، تا لە ڕاستکردنەوەی بڕیارە کەسییەکاندا کۆمەکییان بکەن. بە هەمان شێوە دەبێت لە ڕێگای بووژاندنەوەی ئەو سەلیقە و توانستە تایبەت و بنەڕەتییانەی وا لە مرۆڤ دەکەن، هەستی متمانەبەخۆبوونی بۆ بگەڕێتەوە و پۆشاکی دڕاو و پواوی دەروونێکی داخورماو لەبەر خۆیدا دابکەنێت، یارمەتی بدرێن.


  پێویستە بە ناخی یەکە بە یەکەیاندا ڕۆبچین و بە دوای سەرچاوەی سەرەکیی ئەو یادگارییانەدا بگەڕێین، کە بوونەتە بناغەی لادانە سێکسییە هاوڕەگەزخوازییەکان و دەبێت ئەو هۆکارانەیش دەستنیشان بکەین، کە بوونەتە مایەی شێوان و شڵەژانی ناسنامەی سێکسییان، ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەمان بە بڕێکیان کرد.

   دواتر دەست بە ساڕێژکردنەوەی ئەو برینانەی دڵ و عەقڵ و فیترەت و دەروون دەکرێت کە کۆنە دڕکەکان، شوێنەواریان تێدا جێ هێشتووە، ئینجا لێرەوە ناسنامەی سێسکیی تاک گەشە دەکات و پێ دەگات و چاک و بەهێز و تەکووز دەکرێت.

   بەڵام داخەکەم، ئەو ڕازاندنەوەیەی جنۆکە و ئادەمیزادە شەیتانییەکان بە هۆیەوە مرۆڤ لە خشتە دەبەن، گەورەترین و سەختترین ئاستەنگە لە بەردەم ئەو کەسانەدا کە هەوڵی پاکبوونەوە لە تاوان و خراپە و ئارەزووبازی دەدەن، ئەوەتا لە ڕێگای ئاساییکردنەوەی مەیلە ڕیزپەڕەکان و ئەزموونکردن و وێناکردنیانەوە بە حەزێکی هاوسەنگ و سروشتی و تەواو، گوایە دەستبردن بۆ پاکبوونەوە لێیان هیچ مانایەکی تێدا نییە، یان ڕەواجدان بەو بانگەشەیەی کە پێی وایە خواستێکی بۆماوەییە و مرۆڤ خۆی هیچ دەسەڵاتێکی لە هەڵبژاردنیدا نییە و تەواو بابەتێکی ناچارییە و هەرگیز، نە شیاوی چارەسەرە و نە پێویستیش بە لێپرسینەوە و تاوانبارکردن دەکات؛ یاخود ئەو هەوڵە چەواشەکارییانەی لەپێناو شەرعاندن و حەڵاڵکردن و ئاساییکردنەوەی داوێنپیسی و خراپەکاریدا دەدرێت، ڕێگاکانی خاوێنبوونەوە و هەنگاونان بەرەو مەزنی لە مرۆڤەکان سەخت و سەختتر دەکەن.

   ئەمانە ئەو ژەهرانەن کە هێز و شکۆی مرۆڤ لە بەردەم حەزەکانیدا دەکوژن و تووشی داماوی و دەردیسەریی دونیا و قیامەتی دەکەن و سەرەنجام، خاوەنەکەی تووڕ دەدەنە نێو ئاگری گڕەداری ژەهراویی دۆزەخەوە.

   ئەرخەیان بن، ئەو کەسەی بە نیازی هەڵاتن لە ئازار، خودا لە ژیانیدا دەردەکات، هەرگیز جگە لە ئازار، دەستی بە هیچ شتێکی تر ڕاناگات! بێگومان ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆی بەو ڕاستییە دەگات، ئادەمیزادە شەیتانئاساکان، ئەوانەی هەردەم لەژێر دەمامکەوە هاوسۆزیی ساختە پێشان دەدەن؛ نابنە فریشتەی بەبەزەیی و قەت قوتاری ناکەن. ئیدی ئەو حەلە مانایەک بۆ ژیان نامێنێتەوە، هەناسەکان دەبنە دڕک و بە ناخدا دەچەقن، بەڵام جوانترین و گەورەترین شت لە ئیسلامدا ئەوەیە؛ هەمیشە خودایەک لە گشت بارودۆخێکدا ئامادەیە!

   ئەو خودایەی هەمیشە دەکرێت پەنای بۆ ببەیت، ڕووی تێ بکەیت، گومانی باشی پێ ببەیت، داوای یارمەتی و دامەزراوی و ئیمان و بەرچاوڕۆشنیی لێ بکەیت و دڵنیا بیت لەوەی، هەرگیز نە دەستبەردارت دەبێت و نە ڕقی لێت دەبێت؛ ڕازونیازەکانیشت دەبیسێت و ئاگای لە ئازار و ناڵەی دەروونت هەیە و تا ئەو وەختەی تۆ لەگەل نەفستدا بجەنگیت و بەرانبەر بنیادەم و جنۆکە شەیتانییەکان لەپێناو ئەودا لە ململانێدا بیت؛ تا ئەو ساتەی پێیەوە پەیوەست بیت و ئومێدت پێی هەبێت و لێی بترسیێت، پاداشتت دەداتەوە و هەوڵەکانت بە فیڕۆ نادات!

   ئەو خودایەی گوێی لە ئاخ و نزوولەی ناخە، هەوڵ و ماندووبوونەکان دەبینێت و ئەوەی بە قەفەزەی سنگدا تێدەپەڕێت، چاوی لێیەتی و پێی ئاگادارە. ئەو خودایەی هەرگیز دەرگای پەشیمانی بە ڕووی گەڕاوەکاندا داناخات، بەڵکو هەر پەناگە ئارامەکەی ئەوە، کە هەمیشە پەنای بۆ دەبەن و خۆیانی تێدا دەپارێزن و هێز و وزەی لێوە وەردەگرن.

   هەرچەنێ خەڵکی پشتت تێ بکەن، هەرچەنێ بە هۆی تۆمارەکانی ڕابردووەوە ڕەتت بکەنەوە و لە خۆیانت دوور بخەنەوە، هەرچەنێ زمانیان پڕ بێت لە توانج و چاویان تژی بێت لە سووکسەیرکردن... دڵنیا بە لەوەی قەت خودا پشتت بەر نادات و هەردەم تەوبە لە بەندەکانی قبووڵ دەکات و لە تاوان و خراپەکانیان خۆش دەبێت و بە شەووڕۆژ دەستی یارمەتییان بۆ درێژ دەکات و بە گەڕانەوەی بەندە ئاوارەکەی لە تاریکایی سەرگەردانییەوە، فرە شاد و خۆشحاڵیش دەبێت.

   دایکە عائیشە دەفەرمووێت: «إِنَّ العِبادَ یُعَیِّرونَ وَلا یُغَیِّرونَ واللَّهُ یُغَیِّرُ وَلا يُعَیِّرُ: خەڵکی ئابڕووت دەبەن و بۆت ناپۆشن، بەڵام خودا بۆت دەپۆشێت و ئابڕووت نابات.»[19]



[1] سوورەتی هود: (82)


[2] ئیمامی ئەحمەد لە ئیبن عەباسی گێڕاوەتەوە.


[3] ئەحمەد و چوارەكەی تر گێڕاویانەتەوە.


[4] پێشەوا بوخاری گێڕاویەتییەوە.


[5] مەبەستی لەو فەرموودەیەیە كە سەهلی كوڕی سەعد دەیگێڕێتەوە و دەڵێت: «جارێكیان خواردنەوەیەكیان هێنایە خزمەت پەیامبەری خودا (ݖ)، لێی خواردەوە و لە لای ڕاستییەوە كوڕیژگەیەک دانیشتبوو، لە لای چەپیشییەوە ڕیزێک پیاوماقووڵ هەبوون، بە كوڕێژگەكەی گوت: مۆڵەتم دەدەیت لەبری تۆ بیدەم بەو پیاوانە؟ منداڵەكە گوتی: نەوەڵا ڕێگە نادەم، بەشێک لە دەستی تۆوە بە من گەیشتبێت، بە هیچ كەسێكی دیكەی نادەم، یەكسەر پێغەمبەری خودا خواردنەوەكەی دایە دەست.» بوخاری و موسلیم ڕیوایەتیان كردووە.


[6] تكایە وریای منداڵ بن، قەت ڕێگە مەدەن پەنجەبۆیەی کچانە و نەعل و پێڵاوی ئافرەتانە لە پێ بکەن، لە گۆڕانی ناسنامە بیانپارێزن. یەکێک لە هۆکارەکانی گۆڕانی ناسنامەی سێکسی لەم سەردەمەدا، تەلەفزیۆن و یوتیوب و یاريی ئەلیکترۆنی و شاشە زیرەکەکانن؛ ئاخر وەختێک منداڵ تەماشا دەکات، جیوازی لەنێوان واقیع و خەیاڵدا ناکات! بۆ نموونە، جارێکیان لەتەک کوڕە بچکۆلەکەمدا تەماشای فیلمکارتۆنی شرێکمان دەکرد، جگە لە دەیان وێنە و دیمەنی ورووژێنەری سێکسی، جگە لە چەندین جووڵە و ئاخاوتنی سەرنجڕاکێش و ماچ و باوەش و ئەو جۆرە شتانە، وەختێ شرێک دەچێتە نێو گازینۆیەکەوە، خاوەن گازینۆکە زەلامێکی باڵابەزی ملئەستووری ئێسکقورسە، کە سامی لێ دەبارێت، کەچی ڕوخساری وەک ئافرەتێک مکیاژ کردووە و لێوی خۆى مۆر یان سوور کردووە و وەک ئافرەتێکی عەیارەبیستوچوار دەردەکەوێت، هاوەزەمان وەختێ دێتە گۆ و دەنگی دەبیستیت، گوێت لە دەنگی پیاوێکی دەنگگڕی کەتەی چوارشانە دەبێت! وا بزانم کەم منداڵ هەیە تەماشای شرێک نەکات، دڵنیا بن هیچ وێنە و دیمەنێک لە هزر و خەیاڵی منداڵدا بە فیڕۆ ناچێت. یووسف مەلا خەلیل.


[7] پێشەوا ترمزی گێڕاویەتییەوە. ئەم فەرموودەیە خۆی بەم شێوەیە هاتووە: «أُلا لا یَجْنِي جَانًّ إِلّا علی نَفسِهِ، وَلا یَجْنِي وَالِدٌ عَلی وَلَدهِ، ولا مَولودٌ علی والِدِه»، مەبەستیش لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر باوک و دایک ئەرکی خۆیان لە ئاست ڕۆڵەکانیاندا ڕاپەڕاند، ئیدی تاوانی ڕۆڵە وەئەستۆی وان ناکەوێت و ئەوان کاری خۆیان بە جێ گەیاندووە، بەڵام ئەو سیاقەی لە نووسینەکەی ڕەواسیخدا هاتووە، پتر مەبەست پێی لەو مانایەیە کە دامناوە. هەرچەندە لە وەرگێڕان و ژێرنووسە ئینگلیزییەکەی فەرموودەکەیشدا، ئەوان هەر بە مانای ئەو ئایاتە دایانناوە کە خودا گەورە دەفەرموێت: ﴿وَلا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِّزْرَ أُخْرَی: هیچ کەسێک باری تاوانی ئەوی دیکە هەڵناگرێت.﴾.


[8] پێشەوا ترمزی گێڕاویەتییەوە.


[9]  شێخ شوعەیبی ئەرنائووت لەسەر مەرجی پێشەوا موسلیم بە دروستی داناوە.

 

[10] هەردوو شێخەکە لەسەری کۆکن.


 [11]پێشەوا موسلیم گێڕاویەتییەوە.


[12] ئاماژەیە بۆ ئەم فەرموودەیە: «مَنْ یَلِیَ مِن هذِهِ البَناتِ شَیْئَاً، فَأَحْسَنَ إِلَیْهِنَّ، کُنَّ لَهُ سِتْراً مِنَ النَّارِ: ئەوەی بەرپرسیارێتییەکی ئەم کیژۆڵانەی بەسەردا درابێت و لەتەکیاندا باش بێت، ئەوان دەبنە پارێزەرێک بۆی لە ئاگر.» بوخاری و موسلیم گێڕاویانەتەوە.


[13] پێشەوا ئەلبانی لە کتێبی (سلسلة الأحادیث الصحیحة)ـدا هێناویەتی و چەندین کەسی تریش گێڕاویانەتەوە.


 [14] سوورەتی (الحجرات) ئایەتی (11).


[15] پێشەوا ئەحمەد و ترمزی و جگە لەویش گێڕاویانەتەوە.


[16] پێشەوا بوخاری گێڕاویەتییەوە.


[17] پێشەوا بوخاری گێڕاویەتییەوە.


[18] موسلیم ڕیوایەتی کردووە.


[19] خەرائیتی لە کتێبی (مکارم الأخلاق)ـدا هێناویەتی، هێندێک لەبەر ئەوەی ئیسنادەکەی ئافرەتێکی بە ناوی مەریەمەوە تێدایە، بە لاوازیان زانیوە، بەڵام مەتنی فەرموودەکە دروستە. لە زۆر فەرموودەی دیکەدا جەخت لەسەر پۆشینی نهێنی و عەیب و عاری موسڵمان کراوەتەوە.

تاگەکان    
شیرک #پیری حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی فەلەستین تەلارسازی بوونەوەری ئاسمانی فیکر مێژوو دەروون ژن کۆرۆرنا فەرهەنگ قەدەر تەکنۆلۆژیا ستەم
فیکر
2021-02-22 کۆمێنت 3285 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی