هۆڵیوود بازاڕ بۆ فێمینیزم دەکاتەوە و ساختەکاری لە مێژوودا دەکات … زنجیرەدرامای Mrs. America

نووسینی: تەسنیم ڕاجح وەرگێڕانی: شاهۆ حەمید
فیکر 2021-01-24 کۆمێنت 1011 جار بینراوە

لە 15ی نیسانی ڕابروودا، کەناڵی FX دەستی بە پەخشکردنی ئەڵقەکانی سەرەتای زنجیرەدرامای «Mrs.America: خاتوو ئەمەریکا» کرد، بانگەشەی ئەوە دەکات گوایە لەسەر بنەمای ڕووداوگەلێکی ڕاستی دانراوە. ئەم زنجیرە کورتە، لە نۆ ئەڵقەدا خراوەتە ڕوو؛ بە دەستێکی چەپی ئامانجدار دروست کراوە، باسی چیرۆکی ئەو ململانێیە دەکات کە، -لە حەفتاکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا- لەنێوان بزووتنەوەی فێمینیزم و، شەپۆلی شۆپپارێزی[1](پارێزگاریکەر) لەسەر پرسی ئازادبوونی ژن لە هەموارکردنەوەی یەکسانیی مافە دەستوورییەکان(Equal Rights Amendment)دا دەسووڕایەوە.

   وەکو هەمیشە، هۆڵیوود هیچ چیرۆکێکمان بە تۆمارە ڕاستییە مێژووییەکانییەوە پێشکەش ناکات، بەڵکوو دەبێت جێدەست و زیادکردنی تایبەتیی خۆی لەسەر دابنێت؛ تاوەکوو ڕووداوەکە بۆ پەیامێکی فکریی کە، چاکە و خەراپە و لێکچوونی هەست و نەستەکانی تێدایە، بگۆڕێت، کە سەرەنجام بارودۆخێکی پێشوەختی دیاریکراو لە هزری بینەردا دەخولقێنێت.

   ئەم سیستەمە زەبەلاحە میدیاییە چەند ملیۆن دۆلارییە، گرنگی بە بەها و ئەخلاق و ڕاستی نادات، بەڵکوو زۆرینەی ئامرازەکانی؛ بۆ قایلکردنی بینەر بە بیر و بۆچوونە شەیتانییەکانی بە گرتنەبەری خەراپترینی ئەو ڕێگایانەی لە توانایدایە، بەکار دەهێنێت. کاتێک چیرۆکی کارەکە پەیوەندی بە فێمینیزم و شۆپپارێزییەوە بێت، بێگومان هۆڵیوود پشتگیری لە فێمینیزم دەکات و، لەپێناویدا شوێنکەوتووانی لايەنی ناڕازی بە دڕندە و هێمای خەراپەکاری -جا هەر کەسێک بن- پیشان دەدات.

   لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم دیارترين نموونە لەسەر تێگەیشتنە ئایدۆلۆجییەکان و بەدرۆخستنی ڕاستییەکان و، زیادکردن لە مێژوو لە زنجیرەی ناوبراودا، باس بکەم، تاوەکوو شێواز و ئوسلووبی هۆڵیوود و فیلمسازەکان بەگشتی، لە گەیاندنی پەیامە ترسناکەکانیان لە ڕێگەی کارگەلێکەوە کە ڕووکەشییەکەی تەنیا چێژ و خۆشی تێدا دەبینرێت، بۆ خوێنەر ڕوون ببێتەوە.

ململانێی فێمینیزمەکان و شۆپپارێزەکان
فیلمەکە باسی چیرۆکێکی ڕاستەقینە دەکات کە، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕووی داوە؛ کاتێک چالاکوانان پێشنیاری هەموارکردنەوەی ئەو دەستوورەیان کرد کە دەڵێت؛ با یەکسانیی تەواو لەنێوان هەردوو ڕەگەز لە ماف و ئەرکە یاساییەکاندا هەبێت و، قەدەغەی جیاکاریی ڕەگەزیی لە هەر ماف یان ئەرکێک -لە وڵاتدا- لە چوارچێوەی ئازادیی ئافرەت و پێشکەوتنیدا هەبێت، بکرێت.[2]

   هەموارکردنەوەکە بە ناوونیشانێکی سەرنجڕاکێش بە ناوی یەکسانی بە شێوازێکی بێعەیب و سادە بۆ ڕای گشتی و عەوامی گەل دەستی پێ کرد، کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێی کرد، بەڵام دواتر لایەنی بەرهەڵستیکاری هەموارکرنەوە بە ڕابەرایەتیی فیلیس شڵافلای(کە سەر بە دەستی ڕاست یاخود حیزبی کۆماریی بوو) کەوتە کار، کە دەرئەنجامەکانی نەهامەتی و دەردەسەریی یەکسانی و پێکنەهاتنی لەگەڵ بەهاکانی خێزان و ئایین و کۆمەڵگەدا، ڕوون دەکردەوە، ئەوەیش بووە هۆی ڕەتکردنەوەی هەموارکردنەوەکە لە لایەن بەشێکی زۆری گەلەوە و، داوایان لە نوێنەرانیش کرد ڕەتی بکەنەوە، دواجار لە ساڵی ١٩٨٢دا بەتەواوی هەڵوەشێندرایەوە.[3]

   لەبەر ئەوەی هەموارکردنەوەکە بە فکر و ئامانجی خۆی، لەگەڵ ناسنامەی فێمینیزم دەگونجێت، بۆیە ئەو کاتە لەلایەن فێمینیزمەکانەوە پێشوازیی لێ کرا و بەدەمیەوە چوون؛ کە چەپی لیبراڵی(پارتی دیموکرات) بەڕێوەی دەبرد، پێیان وا بوو ئامانجی ڕزگاری و ئەو شارستانییەتەی تێدایە کە، جیاوازی لەنێوان ژن و پیاودا هەڵدەوەشێنێتەوە. لە بەناوبانگترین سەرکردەکانی ئەو کاتەی ئەم ڕێڕەوە: بێتی فریدن، گلۆریا ستاینم و بێڵا ئەبزاگ بوون.[4]

   فیلیس شڵافلای(کارەکتەری سەرەکیی زنجیرەکە) ڕابەرایەتیی بزووتنەوەی دژ بە هەموارکردنەوەی یەکسانی کرد، شڵافلای  -بە وتەی خۆی- دەیویست ژنان لە حەقیقەتی بیری فێمینیزمی و کاریگەریی دروشمە زرینگەدارەکەی، ئاگادار بکاتەوە.[5] شڵافلای لە ڕوونکردنەوەی ڕاستیی داخوازیی فێمینیزمەکاندا چالاکوانێکی پێشەنگ بوو، کە دەیانویست ژنیش وەکو پیاو بێت؛ یانی لەبەرانبەردا دەستبەرداری سوودە مسۆگەرکراوە یاساییەکانی ببێت، وەکو دابینکردنی بژێویی تەواو بۆی لەلایەن مێردەکەیەوە و، قایلکردنی بەوەی بەناچاری لە کاتی جەنگدا ببێتە سەرباز و، وازهێنانی لە مافی پاراستنی کۆمەڵایەتی لەلایەن مێردەکەیەوە و زۆر شتی تریش کە بۆ ژنان بەگشتی شاراوەیە.[6]

   شڵافلای لە چالاکییەکەیدا سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد. هەرچەندە لە قۆناغەکانی کۆتاییدا بزووتنەوە بەرهەڵستکارەکەی بۆ هەموارکردنەوەی یەکسانی، دەستی بە جموجووڵی خۆی کرد؛ بەڵام توانیی هەڵوێستی گەل بۆ خۆی پێچەوانە بکاتەوە، بەتەواوی یاسای هەمواركردنەوەی یەکسانی هەڵوەشێنێتەوە و، ئاستەنگگەلێک بخاتە بەردەمی کە تا ئەمڕۆیش درێژەی هەیە.[7]

   توانای شڵافلای بۆ ئاشکراکردنی نهێنیيەکانی یەکسانی و دەرئەنجامەکانی بیری ڕێبازی فێمینیزم و، کاریگەریی لێکەوتەکانی لەسەر ژن و خێزان و بەهاکانی ئەمەریکا، کاریگەریی تەواوی لەسەر دروستکردنی بەشی پێویست بۆ ڕەتکردنەوەی هەموارکردنەوەی یەکسانی لە کۆمەڵگادا هەبوو. لەبەر ئەوەی بزووتنەوەکەی شڵافلای لەسەر ئایینی مەسیحی و بەها تەقلیدییە کۆنەکان دامەزرابوو، سەرکەوتوو و ڕێگر بوو لەبەردەم بەرەوپێشچوونی چەپی لادیندا، بۆیە هیچ سەیر نییە ڕقیان لێی بوو و بە خەراپەی ڕەهایان دەبینی. ئەم ڕقلێبوونەیش -بۆ نموونە- لە زاری ئان فرێدانەوە دەردەکەوێت کە لە دیبەیتێکدا  -بە شڵأفلای- دەڵێت: «تۆ ناپاکیت و دوژمنی جۆری خۆتیت، ئای چەندێک حەز دەکەم بە دارێکەوە بتبەستمەوە و بتسووتێنم!» یانی وەکو جادووگەران.[8]

   کاتێک کە ئەمڕۆ چەپ تا دێت جەماوەر و کاریگەریی زیاتر دەبێت، بەتایبەت بە دوورکەوتنەوەی نەوەی نوێ لە ئایین و دابڕانی لە مێژووی کۆن و نوێی، هۆڵیوود بە هەلی زانی تا کارێکی تەواو کە وێنەی فێمینیستەکانی تێدا بدرەوشێتەوە، بەرهەم بهێنێت و، نەیارانی فێمینیزم بە شەیتان پیشان بدات و، چیرۆکەکە وەکو تراژیدیایەکی مێژوویی پڕ لە ئازار بنووسێتەوە؛ کە تێیدا دادپەروەری لەدەست چوو و دۆڕا و، جادووگەرێکی خەراپەکار و شوێنکەوتووە نەزانەکانی سەرکەوتن!

پیشاندانی واقیع(ڕاستی) لەلایەن زنجیرەکەوە
شڵافلای بەلای فێمینیزمەکانەوە کەسێکی نامۆ بوو، یەکسانی ڕەت کردەوە و بەرگری لە مافی ئافرەت بە دایکایەتی و پەروەردەکردن کرد، وەسفی منداڵبوونی کرد بەوەی، ئەو پێویستییە سروشتییەیە کە زۆربەی ژنان داوای دەکەن. جارێکیان وتی: «زۆر لە ژنان لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن و پێویستیان بە کارکردنە، بەڵام من بەتەواوی قسەی ئەو ئازادیخوازانە ڕەت دەکەمەوە کە سووکایەتی بە ژنی ماڵەوە دەکەن لەبەرانبەر ئەوەی دەیەوێت دایکایەتی تاکە پیشەی بێت، ئەمانە ماڵ بە زیندانی تەواو ناو دەبەن و ئیشکردنیش لە دەرەوە بە بەهەشت، لە کاتێکدا زۆرینەی ژنان ماڵ بە خۆشترین و ئاسوودەترین شوێن دادەنێن. من کار بۆ پاراستنی مافی ئافرەت دەکەم، تاوەکوو دایکایەتی کاری هەمیشەی بێت ئەگەر بیەوێت. یەکەم شت کە یاسای هەموارکردنەوەی مافی یەکسانی پێی هەڵدەستێت، لابردنی ئەرکی دابینکردنی بژێویی ژنە لەسەر پیاو و، بەشکردنییەتی بەیەکسانی لەنێوان هەردووکیاندا.»[9]

   هەروەها وێنەیەکی بەردەوامی بۆ ژنی پارێزگاری شانازیکەر بە ماڵ و ئایین و بەهێز لەنێو دیبەیت و کاریگەر لەسەر جەماوەر، دەستەبەر کرد. بەڵام زنجیرەکە بە شێوەیەکی تەواو جیاواز ئەوانەی پیشان دا؛ بە شێوەیەک کە، تێیدا ژنە درۆزنێکی نەفامی قیناوی بەدیار خست، کە فێڵباز و فریودەری هەموو ئەوانەی دەوروبەری بێت! ئەمە جگە لەوەی کە خاوەنی چەندان نهێنیی شاراوەیە کە کەس نایانزانێت و، هەروەها پیشاندانی بەوەی بە خەراپترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ مێردەکەی و شەش منداڵەکەی کردووە، کە هەموو ئەمانە بە هیچ کلۆجێک بەڵگەی لەسەر نییە، بەڵکوو پێچەوانەی ئەوەیە کە بۆ خوێنەری مێژوو دەردەکەوێت؛ کاتێک بە دووی بەڵگەنامەدا دەگەڕێت.

   لە دیمەنێکی شۆکهێنەردا، کە نووسەر بە کۆکردنەوەی سێ پێگەی بەڵگەنامەیی ڕاستەقینە بۆ وێناکردنی دیبەیتەکەی شڵافلای و مێردەکەی لە دژی برێندا فاستۆ و مێردەکەی دروستی کردبوو، دیالۆگی ڕاستەقینەی بەکار هێنا، بەڵام بە دوو لێدوانی ئاوەژوو و چوارچێوەی جیاواز.[10]

   لە چاوپێکەوتنێکی هاوبەشی فیلیس و مێردەکەی لە بەرنامەیەکی بەیانیاندا، هەردوو هاوسەر وردەکاریی ژیانیان لە چوارچێوەی سوعبەت و گاڵتەدا دەخەنە ڕوو، نووسەر لەنێو کڕۆکی دیبەیتە فەرمییەکەدا، ئەو گەمە و گاڵتانەی بردووە و خستوویە سەر زاری مێردەکەی، تاوەکوو وا دەربکەوێت کە مێردە پارێزگارەکە ژنەکەی لەنێو جەماوەردا شەرمەزار دەکات،[11] لەکاتێکدا مێردی فێمینیستێکی ئازادیخواز دەستخۆشی لێ دەکات و بە خۆشەویستی و ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. هەروەها نووسەر گفتوگۆیەکی فیلیسی لەگەڵ فێمینیست بێتی فریدان هێناوە،[12] کە لە بنچینەدا فریدان بانگەشەی بۆ چەندین پڕوپاگەندەی درۆ کردووە، فیلیسیش چەندین جار بە داواکردنی بەڵگە لێی شەرمەزاری کردووە و، فریدان بێهوودە خۆی دزیوەتەوە(کە هەموو ئەمە بەڵگەی لەسەرە و لە یووتووب بەردەستە)، جا نووسەر هەمان گفتوگۆی هێناوە و لە دیبەیتی شڵافلای و فاستۆدا خستوویەتییە ڕوو، کە گوایە شڵافلای بانگەشەی درۆی کردووە و، لە کۆتاییدا لەلایەن ڕکابەرەکەیەوە بە داواکردنی بەڵگە لێی شەرمەزار بووە![13]

   جگە لە هەڵبەستنی درۆ بە ئاشکرا، هۆڵیوود چەندین وردەکاریی تری داهێناوە و لە چیرۆکی زنجیرەکەدا نقوومی کردووە. هەروەها چەندین ڕووداوی هەڵبەستراوی بۆ ژیانی تایبەتیی فیلیس زیاد کردووە، تاوەکوو وا دەربکەوێت کە بەردەوام لەگەڵ خێزانیدا لە مشتومڕدا بووە و، لە هزری بینەردا وای پیشان بدات کە دووڕوویەکە و خۆیشی لەسەر ئەو بەهایانە ناژیێت کە بانگەشەیان بۆ دەکات، هەروەکوو نووسەر -لە زنجیرەکەدا- ناکۆکی لەنێوان خۆی و کچەکەیدا داهێناوە تاوەکوو، وا دەربکەوێت خێزانەکەیشی ڕەتی دەکەنەوە و لەگەڵ بۆچوونەکانیدا نین، جا کچە ڕاستەقینەکەی لەسەر ئەو بابەتە هاتووەتە دەنگ و بێهوودە داوای لە بەڕێوەبەرانی زنجیرەکە کردووە بیسڕنەوە. نووسەر بۆ زیاتر سەرلێشێواندنی بینەر، کارەکتەرێکی داهێناوە کە هیچ بوونێکی ڕاستەقینەی نییە و، ناوی ناوە ئەلیس مەکرای، گوایە هاوڕێی نێزیکی فیلیسە، کە لە سەرەتاوە پاڵپشتیی فیلیس دەکات و دواتر وردە وردە کاتێک درۆکانی فیلیس ئاشکرا دەبن، ڕق و قینی لێ دەبێتەوە. بەم شێوەیە نووسەر کەسێکی گریمانەیی دۆزییەوە کە هەر شتێک پێی خۆش بووایە بە فیلیسی دەوت؛ گەر ئەو کاتە ژیابایە.

   هەرچەندە من لێرەدا بەرگری لە کەسایەتیی فیلیس شڵافلای ناکەم، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەو سەرخەری ڕێڕەوی ئایینی بوو، لە ململانێی یەکسانیی مافەکاندا سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی ڕەوتی فێمینیزم بووەوە و درۆکانیانی دەرخست، بۆیە هۆڵیوود بە سزادانی هەستا و، بۆ هێمای ڕق و کینەی گۆڕی؛ کە تەنیا جادووگەرە بەدەکانی دیزنیمان بیر دێنێتەوە. لەبەرانبەردا زنجیرەکە ژنانی فێمینیزمی وا وێنا کرد کە، ئەوان ئاسوودە، بەختەوەر، ڕاستگۆ و نەرمونیانن، شوێن بەها و ئامانجگەلێکی مەزن کەوتوون، کە لە ژیانی تایبەتی یان سەر شانۆکاندا باوەڕیان پێیەتی و پێوەی پەیوەستن. تەنانەت یەکێک لە سەرانی ئەو ڕەوتە بە زەحمەت هەنگاوێک بە ڕێگادا دەڕوات، چون هەرکە وەستا؛ ژنان لە دەوری کۆ دەبنەوە و لە بەرانبەر ئەو هەوڵ و کۆششە گەورەیەی بۆ ئازادکردنیانی داوە، سوپاسی دەکەن.[14]

ساختەکاریی بێشەرمانە!
سەیر ئەوەیە ئێمە لێرەدا باس لە درۆ و ساختەکاریی ئاشکرا و سووکایەتیکردن بە خودی خەڵکانێک دەکەین، بەبێ ئەوەی کەس بەگژیدا بچێتەوە یان هەوڵی سڕینەوە و شاردنەوەی بات، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی کەسایەتییەکان هێشتا زیندوون و، مێژووی چیرۆکەکەیش لە 50 ساڵ زیاتر نییە! بەڵام هۆڵیوود پشتی بە نەزانیی نەوەی نوێ و مەیلی گەنجان بۆ بیری چەپ و، سەرسامبوونی کچان بە دروشمەکانی فێمینیزم بەستووە. هەروەها تەمبەڵی و کەمتەرخەمیی هەمووانی لە گەڕأن بە دووی تۆمار و ڕاستیی ڕووداوەکان لە ڕێگای بزوێنەرەکانی گەڕانەوە بە هەل زانیوە و پشتی پێ بەستووە، هەر بۆیە کارێکی تەواوی بەرهەم هێنا کە جگە لە ناو هیچ ڕاستییەک هەڵناگرێت، پڕ کراوە لە بازاڕکردنی فێمینیزم و، گۆڕینی هەموو ئەوانەی لەگەڵیدا پێک نایەن بە خەراپەیەکی تەواو.

دەکرێت لێرەدا بپرسین:
ئەم سیستەمە ملیۆن دۆلارییە، کە خاوەنی چەندان دەروازەی پارێزراوە بۆ ماڵ و عەقڵ، بۆ کێ کار دەکات؟ کێیە ئەو فکر و چیرۆک و باوەڕە دیاری دەکات کە، ئەم کارانە بۆ بینەران بەرهەم دەهێنێت؟! بۆچی هەموو ڕۆژێک پووکانەوە و درۆی زیاتر لە چوارچێوەگەلێکی سەرنجڕاکێش لە وێنە و کاریگەرییە وردەکانیدا دەبینین؟ بۆچی هیچ چیرۆکێکمان بەبێ زەمکردنی ئایین و بەستنەوەی هەر دیندارێک بە خەراپەی ڕەهاوە، پێ ناگات؟!

ئەم دوورکەوتنەوە بەمەنهەجکراوە لە ئایین، تەنیا خزمەتی ئامانجەکانی شەیتان دەکات کە، (لَعَنَهُ اللَّهُ وَقَالَ لَأَتَّخِذَنَّ مِنْ عِبَادِكَ نَصِيبًا مَفْرُوضًا: خودا نەفرینی لێی کردووە و، -شەیتان- وتوویەتی سوێند بێت –بە تۆ- بەشێکی دیاریکراو لە بەندەکانت –بۆ خۆم- دادەبڕم.) (النساء: ١١٨). کە تا ئێستا وەسواسە لەنێو نەوەکانی ئادەمدا بڵاوە پێ دەکات، تا لەباتی خودا دەبن بە بەندەی ئەو. ئەوەتا نەوەکان پەیتا پەیتا واز لە پاشماوەکانی ئایین دێنن و، بۆ ئەوە دەگۆڕێن ئایین وا ببینن کە، سەرشۆڕی و شەرمەزاری و، دژی بەها مرۆییەکانە کە لە جێی ئایین دانراون. هەموو ئەوەیش بەڕاستخستنەوە و مانای ئەو فەرمایشتەی پێغەمبەری خودایە(دروودی خودای لێ بێت) کە دەفەرمووێت: «لا تقوم الساعة حتى لا يقال في الأرض الله الله: قیامەت هەڵناسێت تا ئەو کاتەی لە زەویدا بگوترێت: الله الله.» (رواه مسلم).

   لە کۆتایی قسەکەدا پێویستە تێبینیی ئەوە بکرێت، کە ئەم باسوخواسە دەربارەی زنجیرەکە، پاساو بە من یان خوێنەر نادات بۆ ئەوەی تەماشای بکەین یان بینەری زیاد بکەین. سەرەتا ئامانجمان پاککردنەوەی دەروونمانە، پاشان ڕاهێنانی لەسەر ڕەخنەگرتنی هەر شتێک کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، تاوەکوو هیچ دەرگایەکی نوێ بۆ درۆ و خەیاڵ نەکاتەوە. داوا لە خودای بەرز و پیرۆز دەکەین تەقوا بخاتە دڵ و دەروونمانەوە و پاکی کاتەوە، هەر ئەویش بۆ پاککردنەوەی باشترین کەسە.



سەرنج: ڕەوتی فێمینیزم، ئەو ڕێبازەیە کە گوایە کار لەسەر مافەکانی ژنان دەکات، دەیەوێت یەکسانیی تەواو لەنێوان ژن و پیاودا هەبێت، بە شێوازێک، ژنانیش وەکوو پیاوان لە دەوری زەمانە خۆیان بنوێنن و، خۆیان بە دابینکردنی بژێویی ژیانیان هەستن؛ ئەگەر مێردداریش بن، هەروەها ئەرکی پاراستنیشیان لەسەر پیاو هەڵدەگرێت. (وەرگێڕ).

 پەراوێز:
[1] شۆپپارێزی یان موحافزکاری یان پارێزگاریکەر، بە کۆی ھەموو ئەو ئایدۆلۆجییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینییانە دەگوترێت، کە ئەرکی سەرەکییان پاراستنی بایەخە کۆنەکان و سوننەتییەکانی کۆمەڵگایە. (وەرگێڕ).
[2] The History of the Equal Rights Amendment. ERA: A History, API.
https://alicepaul.org/era/history/
[3] المصدر السابق
[4] Equal Rights Amendment Passed by Congress, History.
https://www.history.com/this-day-in-history/equal-rights-amendment-passed-by-congress
[5] The Life and Legacy of Phyllis Schlafly, Phyllis Schlafly Eagles.
https://www.phyllisschlafly.com/phyllis/
[6] The Equal Rights Amendment Explained, Alex Cohen and Wilfred U. Codrington III, Bennan Center For Justice, 2020.
https://www.brennancenter.org/our-work/research-reports/equal-rights-amendment-explained
[7] Phyllis Schlafly’s Lasting Legacy in Defeating the E.R.A., Clyde Haberman, The New York Times, 2016.
https://www.nytimes.com/2016/09/12/us/phyllis-schlaflys-lasting-legacy-in-defeating-the-era.html
[8] Phyllis Schlafly Biography (1924-2016), Biography, 2020.
https://www.biography.com/political-figure/phyllis-schlafly
[9] Phyllis Schlafly on the Equal Rights Amendment | Phil Donahue Show 1974, Phyllis Schlafly Eagles. 2019.
https://www.youtube.com/watch?v=EtcSFH1xubA&t=964s
[10] مناظرة شلافلي وفاستو في المسلسل: https://www.youtube.com/watch?v=KDOe_jovXTk
جزء من مناظرة شلافلي وفاستو الحقيقية: https://www.youtube.com/watch?v=KBt5tCGV1sI
[11] لقاء فيليس شلافلي وزوجها: https://www.youtube.com/watch?v=dd0E72ZU5oM&t
[12] انظر الدقيقة 16 و17 من اللقاء المشترك لفيليس شلافلي وبيتي فريدان: https://www.youtube.com/watch?v=WncN6PWEMGo
والدقيقة 1:30 من مناظرة شلافلي وفاستو في المسلسل: https://www.youtube.com/watch?v=KDOe_jovXTk
[13] Mrs. America | Ep. 4: Betty and Gloria Highlight | FX
https://www.youtube.com/watch?v=6u2cBwrKACY


تاگەکان    
ڕانانی_کتێب گۆرانی دەروونی دیمانە یادەوەری #پیری کۆرۆرنا بووژانەوە فەلسەفەی ئەخلاق ڕەزا_بابایی تەوبە سەرفیترە کتێب نوێژ شیعر
فیکر
2021-01-24 کۆمێنت 1011 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی