جوانیویستی

نووسینی: قانع خورشید
ئەدەب 2021-01-20 کۆمێنت 2792 جار بینراوە

یەکێک لە ئەرکە ویژدانییەکان و حەزە کەسەکییەکانم، تۆمارکردن و هێشتنەوەی جوانییه... هەموو مرۆڤێک بە سروشت حەزی لە جوانییە و بە دیتنی، دڵی شاد دەبێت، وەلێ گشت کەسێک عاشق بە جوانی نییە، حەزلێکردن و کەیفپێهاتن وەک شەیدایی نین، من تەنیا حەزم لە جوانی نییە و تەواو، شیفتەی جوانیم، هارمۆنی و پێکەوەگونجان، ڕووحم دەخەنە هەڵپەڕکێ.

   بە من بێت، تەواوی جوانییەکانی دنیا، کە نە سنووریان هەیە و نە ئەندازە، دەخەمە یەک تابلۆوە و بۆ کوێ چووم، لەگەڵ خۆمدا دەیبەم. من لە ڕوخساری مناڵێکی ساوادا، لە گەڵاڕێزانی پاییزدا، لە دابارینی لێزمە باران و شکۆفەی گوڵی بەهاران و پێگەیشتنی میوەی هاویناندا، لە لۆچیی تەوێڵی ئەختیار و چرچیی دەستی پیرەژندا، لە سفرە و خوانی ڕێک و پاک و، چای و قاوەی گەرم و ڕەش و گەڵیی پڕ لە دار و ئاو و شاخی بڵند و سەرکەش و خۆڵ و خاکی گشت دنیادا، هەمیشە جوانی و جوانی و جوانی دەبینم.

   هەندێ کەس، بۆ چڵێسی، هەمیشە وێنەی کەباب و تکە و تەشریب و مامری برژاو و خواردنی چەور و گران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکەنەوە و نیشانی خەڵکیی دەدەن، من ڕقم لەم زگلەوەڕاندن و نەوسنییەیە و بەزەییم بەوانەدا دێتەوە حەزیان هەیە و پارەی کڕینی گۆشت و بەزیان نییە. وەلێ وا نازانم دانانی وێنەی هەر خواردنێک، ئەگەر بە نییەتی نیشاندانی جوانییەوە بێت، هەڵە و عەیبەیەکی تیا بێت، تەنیا ئەوە هەیە بڵاوکردنەوەی وێنەی خواردنی گرانبا، چون دیوی ئازاردانەکەی لە بەخشینی جوانی و ئارامییەکەی زیاترە، بۆیە نەکردنی باشترە. وێنەی چای و ماستێکی سادە و هێلکەوڕۆنێکی نێو قاپ و تاوەیەک تەماتەی سوورکراوە، با خواردنیش بن، بەڵام چونکی هەرزان و بەردەستن، دڵ دەکەنەوە و ئارامی بە ڕووح دەبەخشن، ئیتر خواردنبوونیان نابێتە هۆی خراپیی نیشاندانیان.

   هەندێ مرۆڤی دڵناسک و سادە و ڕووکەشی، بیستوویانە دانانی وێنەی سفرە و خوانی شاهانەی پڕ لە گۆشتی چەور و پڵاو و نان، خراو و مایەی ئازارە، ئیتر بوونەتە دژمنی سەرسەختی خواردن. گەر وێنەی مشتێ گوڵەبەڕۆژە یان تیکەیە نانی برژاو و کەرەی تازە لە مەشکە دەرهێنراو، یان هەر قاپی بەتاڵیش دابنەیت، گورجێ دەماری لاملیان هەڵدەستێت و دەتدەنە بەر تانە و تەشەر، یا ڕێگە بە خۆیان دەدەن باوکانە ئامۆژگاریت بکەن، یاخود ئاخێک بۆ حاڵی پەشێوت هەڵدەکێشن و دەنووسن «بەداخەوە، تۆیش؟»! وەک بڵێیت تۆیان لە حینی کوشتنی بێگوناهێک یا دزینی ماڵی میلەتێکدا بینیبێت!

   خوای میهرەبان دەفەرموێت: ﴿فَلْیَنَظُرِ الإنسانُ إلی طَعَامِه: دەی با مرۆڤ لە خۆراکەکەی بڕوانێت﴾ (عبس: 24). جارێکیان وێنەی سفرەیەکی بەیانیانم لە فەیسبووکەکەم دانابوو، هەر ئەوەندە بوو بە سەلیقەیەکی تایبەتییەوە ڕازێنرابوویەوە، بڕواتان بێت وەکو تێچوو، هەموو خواردنەکانی سەر سفرەکە پێنج هەزاریان تێ نەچووبوو. پەرداخێ چای، دوو هێلکەی سوورەوەکراو، جامۆچکەیە ماست، دوو نانی کوردی، قیچۆکەیە پەنیر و مرەبای خۆماڵی... جۆری خواردنەکان ڕەنگاوڕەنگ بوون و جوان لەسەر سفرەکە چنرابوون، وەلێ ڕێژەکەیان کەم و هەموویشیان شتی بەردەست بوون... کەچی برادەرێک بەم دیمەنە مەرگبارە(!) قەڵس بووبوو و بۆی نووسیبووم: «میلەت لە برساندا خەریکە دەمرن و ئێوەیش گوایە خواناس و ڕۆشنبیرن، خەریکی بڵاوکردنەوەی وێنەی خواردنن»! پێم گوت: ماقووڵە کەسێک دوو هەزاری نەبێت چای و ماستێکی پێ بخوات، کەچی پارەی ئینتەرنێت و کارتی مۆبایلی هەبێت و بێت و لە فەیسبووکی من بڕوانێت؟! جارێکیش وێنەی خۆمم لەگەل هەندێ لەو گەنجە ئازیزانەی هاوڕێتیمیان قبووڵ نییە و پێم دەڵێن مامۆستا، دانابوو، ساجێکمان خستبووە سەر کوانوویەکی پڕئاگر، خواردنی نێو ساج، گۆشت و مریشک نەبوو، بەڵکە یەک دوو کیلۆ تەماتەی سوورەوەکراوی تێدا بوو، دیسان برایەکی ئازادبیر و نیوچەچەپ و ئەورووپادیتوو، خوتبەیەکی بۆ نووسیبووم و تێر دایشۆریبوومەوە. جا ئەوکات 15 کیلۆ تەماتە بە 3 هەزار بوو! بەویشم گوت: بەڕێزتان چ دژمنایەتییەکتان لەگەڵ جوانیی خواردنێکی سادەدا هەیە؟ تۆ بڵێیت کەسێک 500 دیناری عێراقی لە گیرفاندا شک نەبات، کەچی بێتە ئێرە و سەرەتاتکێی نێو فەیسبووک بکات؟!

   یا جاری وا هەیە زەمانێکە هاوڕێیەکی ئازیزتت نەدیوە، وا دەگونجێت لە جێیەک و دەعوەتیێکدا دەگەنە یەک و هەر ئەوکاتە و لە سەروەختی نانخواردندا وێنەیەکتان لێ دەگیرێت، دواتر لە ڕۆژانەکەتدا دایدەنێیت، لەپاڵ ئەو سڵاو و قسە شیرینانەدا وا بۆت دێن، ناوە ناوە چاوت بە هەندێ نامەی پڕ لە نەشتەر دەکەوێت: «حەزمان دەکرد مامە!»، «باشی دەخۆن ماشەڵا!»، «بەلاشە، بۆ مەعیدە باشە!»، «وریا بە ئوستاد، چەوری بۆ تەندروستیت خراپە!»... هەیشیانە لە پاشملە لاقرتێت پێ دەکات. سەیرم لێ دێت، ئەمانە بۆچی برایی و تەبایی و پێکەوەبوونەکە نابینن و گورجێ چاو و دڵ و فیکریان دەچێتە سەر خواردنی سەر مێزەکە یا ساج و قوشقانە و شیشی سەر خەڵووزەکە؟!

   بێشعووری و هەستنەکردن بە ئازار و مەینەتی و غەمی ئەوانی دی، بەڵایەکی زۆر مەزنە، وەلێ وەسواسی و زۆر وردکردنەوەیش هەر وەک ئەو خراپ و ناپەسەندە. گەر نەوێرین وێنەی هیچ خواردنێک بڵاو بکەینەوە، ئەمە چییە کەسانێک هەن دەیبینن و حەزیان دەچێتە سەر، بەڵام تواناییان نایشکێتی و پێیان ناکڕدرێت، دەبێت وێنەی مناڵێکیشمان نیشانی کەس نەدەین، نەبادا حەزی لە مناڵ بێت و خوا نەیداتێ، یا ڕەوا نییە وێنەی دایک و باوکمان بڵاو بکەینەوە، چون لەوەیە کەسێک بیانبێنێت كە تازە داک و بابی مردبن، سەیارەکەت لە حەوشە دەرمەکە، نەوەک پیادەیەکی دەستکورت بیبینێت و دڵی بە حاڵی خۆی بسووتێت، کورە نەکەیت وێنەی خۆت بەجوانی و لەشساغییەوە پۆست بکەیت، نەکا نەخۆش و دەردەدارێک بیدوینێت و لە قەدەری ناخۆشی خۆی دڕدۆنگ ببێت و ناشوکرییەکی بە زاردا بێت... وا باشە مرۆڤ هێندەیش شت ورد نەکاتەوە.

   من ئەوینداری جوانیم و لە هەرکوێیەک جوانییەکی خواکرد و سروشتی، یا ڕەنگاڵایی و پێکەوەگونجانێک ببینم و بزانم سەیرکردن و نیشاندانی نابێتە هۆی شکاندنی سنوورێکی خوایی و ئەخلاقی، پێم خۆشە لانی کەم لە چوارچێوەی وێنەیەکدا لای خۆم بیهێڵمەوە و بە ناسیاوانیشمی پێشان بدەم، لەم مەسەلەیەدا بۆ من، وێنەی خواردن، گوڵ و گیا، پەپوولە و باڵندە، یا دیواری خشت و قوڕوچڵپاو هیچ فەرقێکیان نییە، ئیتر خەڵکی چۆن تێدەگەن، کاری من نییە و کێشەی بەرداشتی خۆیانە. سەعدی گوتەنی:

 هر گلی نو کە در جهان آید      ما بە عشقش هزاردستانیم
 (هەر گوڵێ تازە كە دێتە دنیا، ئێمە بۆ ڤینی دەبینە بولبول)
 
تاگەکان    
شیعر ستەم سیاسەت چیرۆک ژن گەڕان قوتابخانەکانی نوور کونە ڕەشەکان بوووژانەوە تەکنۆلۆژیا دوعا حزبی ئیسلامی مانا گێڕانەوە دیمانە
ئەدەب
2021-01-20 کۆمێنت 2792 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی