ترانسجێندەر، گۆڕانی ناسنامەی سێكسی و خۆكوژیی مرۆڤایەتی

نووسینی: ناوەندی ڕەواسیخ وەرگێڕانی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2021-01-09 کۆمێنت 2949 جار بینراوە
ڕووبی، ئەو کچەی لە سیانزە ساڵییەوە ڕەگەزی خوازراوی دەستنیشان کرا و لەو کاتەوە وەک کوڕێک لە قەڵەم درا. وا ئێستا تەمەنی بیستویەک ساڵانە و پلانی ئەوەیش هەیە، بە نەشتەرگەرییەکی سەختدا تێبپەڕێت، چون بۆ ئەوەی ببێتە کوڕێکی تەواو، دەبێت مەمکەکانی لە ڕیشەوە هەڵبکەندرێن؛ کەچی لە مانگی پێنجەوە، خۆی بڕیاری وەستاندنی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن و گشت ئەو دەرمانانەی داوە کە یارمەتيی بەنێربوونی دەدەن، هاوزەمان ئەوەیشی ڕەت کردووەتەوە، نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەزیی بۆ بکرێت، چون ئێستا لەو هەستەی ڕابردووی پەشیمانە و دەیەوێت دیسان وەک مێیینەیەک لێی بڕوانرێت؛ ئەو ڕەگەزەی پێیەوە لە دایک بوو!

   هێشتا ئامارێکی ورد و دروست لەبارەی ڕێژەی ئەو کەسانەوە لە بەردەستدا نییە، کە بە دەست تێکچوونی ناسنامەی سێکسییەوە لە وڵاتانی ڕۆژاوادا دەناڵێنن، بەڵام بە نزیکەیی خۆی لە دەوری 0,5%ـی کۆمەڵگادا دەبینێتەوە.

شڵەژانی ناسنامەی سێکسی چییە؟ ئەی ترانسجێندەرەکان کێن؟
   وەک چۆن پێشتر مەیلی هاوڕەگەزخوازییان لە لیستی نەخۆشییە دەروونییەکاندا دەرکرد، باشە بۆچی تا ئێستا حاڵەتی ترانسجێندەریان لە کتێبی (ڕێبەریی ئامار و دەستنیشانکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان)دا لا نەبردووە؟!
   بۆچی هێشتا بەشێک لە کۆمەڵەی هاوڕەگەزخوازان1(LGBT)، ترانسجێندەرەکانیان پێ قبووڵ نییە و لە خۆیانیان دوور دەخەنەوە؟

شڵەژانی ناسنامەی سێکسی:
   لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوودا، زاراوەی (جێندەر) دەرکەوت و هاتە نێو باسانەوە، مەبەست لە پەیدابوونی ئەم زاراوەیەیش، جیاکردنەوەی جۆری ڕەگەزیی مرۆڤ لە ڕووی بایۆلۆجی و کۆمەڵایەتییەوە بوو. هەر کەسێکیش بە دەست ئەو دەردەوە گرفتار بووایە و کێشەی لەنێوان جۆری (بایۆلۆجی) و مەیلی (کۆمەڵایەتی) یان (سێکس) و (جێندەر)ـی خۆیدا بۆ دروست بووایە، یەکسەر لەژێر چەتری نەخۆشییە ئاوەزییەکاندا جێیان دەکردەوە و وەک دەردێکی دەروونی بە خەڵکیان دەناساند.
  ئەوەتا لە چاپی سێیەم و چوارەمی کتێبی (ڕێبەریی ئامار و دەستنیشانکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان: DSM)دا، کە هەردووکیان دوا بە دوای یەک لە ساڵانی 1980 و 1994دا بە چاپ گەیەنراون، زاراوەی «شڵەژانی ناسنامەی سێکسی»ـیان بۆ ئەو کەسانە بە کار هێناوە، کە بە دەست حاڵەتی دژیەکیی نێوان سێکس و جێندەری خۆیانەوە گرفتارن. جگە لەوەیش، هەردەم ئەم زاراوەیە کراوەتە چەترێک و تەواوی بارە دەروونییەکانی هاوشێوەی ترانسجێندەریان تێدا جێ کراوەتەوە.

دواتر لە ساڵی 2013 و لە چاپی پێنجەمی (DSM)دا کە تازەترین چاپی کتێبەکەیە، دەستکارییەکی زاراوەکەیان کرد و شتێکی نوێیان بۆ داڕشت و ناویان لێ نا: «ناڕازیبوون لە ناسنامەی سێکسی: Gender Dysphoria».

   هاوزەمان زاراوەی (ڕەگەز: Sex)ـیشیان بۆ چتێکی تر گۆڕی و دەیانگوت: «ئەو وشەیەی وا بۆ ماوەی چەندین سەدەیە بە مەبەستی گوزارشتکردن لەو ناسنامە ڕەگەزییە بە کار دەهێنرێت، کە لە ڕێگای شریتەکانی (DNA)ـەوە دەگوازرێنەوە و لە ڕوخسار و جەستەی مرۆڤدا دەردەکەون و جۆری ڕەگەزیی کەسەکە دیاری دەکەن. ئەو جۆری ڕەگەزەی کە مرۆڤ خۆی هیچ دەسەڵاتێکی لە هەڵبژاردن و گۆڕینیدا نییە و بەسەریدا سەپێنراوە؛ بۆیە ئێستا دەبێت بگۆڕدرێت و لە جێگایدا زاراوەی نوێی قبووڵکراو دابنرێت، وەک: (ڕەگەزی کاتی لەدایکبوون: Sex at Birth)  یان (ڕەگەزی ناسێنراو: Assigned Gender).»

مانای ئەم قسەیە چییە؟
   ئەم قسەیە ئەوە دەگەیەنێت: «جۆری بایۆلۆجیی تۆ، هیچ پێوەندییەکی بە مەیلی سێکسیتەوە نییە و دەشێت جەستەت نێر بێت، بەڵام لە ناخەوە مێیینەیەکی تەواو بیت. وەختێ تۆ لە ڕووی بایۆلۆجییەوە وەک نێرینەیەک لە دایک دەبیت، ناچار نیت قبووڵی بکەیت و هەر کات ویستت لێ بوو، دەتوانیت بیگۆڕیت و ئەوەی لە جێدا دابنێیت، کە ناخت لێتی دەخوازێت.»

  دوای ئەوەی «شڵەژانی ناسنامەی سێکسی» وەک نەخۆشییەک کە شیاوی چارەسەرکردن بێت لە قەڵەم درا، ئیدی ڕۆڵی دەروونپزیشکان زیاتر لەوەدا خۆی دەبینییەوە، هەوڵ بدەن لەوە دڵنیا ببنەوە کە کەسی تووشبوو، جگە لە تێکچوونی ناسنامەی سێکسی، بە دەست هیچ نەخۆشییەکی دیکەی دەروونییەوە گیرۆدە نییە. ئاخر چەندین نەخۆشیی دیکەی دەروونی هەن، دەشێت هەمان نیشانەکانی شڵەژانی ناسنامەی سێکسی دروست بکەن، وەکو: دەروونپەشێوی، سکیزۆفرینیا، شڵەژانی ناسنامەی کەسێتی یان تەنگژەی فرە-کەسێتی، ئۆتیزم، تەنگژەی ناڕازیبوون لە جەستەی خود و چەند نەخۆشییەکی تریش.

   باشە ئەم هەموو سەرێشەیە لەپێناو چیدا قبووڵ دەکرێت و بۆچی وەک حەزە ڕیزپەڕییەکانی تر، ئەمیش بە ئاسایی و مەیلێکی سروشتی لە قەڵەم نادرێت؟ بۆچی وشەکان دەگۆڕن و زاراوەی نوێی پزیشکی دادەڕێژن و دەست بۆ تێکدانی مانا بایۆلۆجییەکەی ئینسان دەبەن؟ بۆچی بە هەمان شێوەی هاوڕەگەزخوازی، ئەمیش ئاسایی ناکەنەوە و لە ڕێبەریی ئامار و ناساندنی نەخۆشییە دەروونییەکاندا لای نابەن، یان نەخێر، ئەم ماستە موویەکی تێدایە و بەرژەوەندییەکی زەبەلاح لە پشتی ئەم بێنەوبەردەیەوە خۆی مەڵاس داوە؟!

گرفتی لیستی خەرجییەکان:
   بێگومان چارەسەری ئەو کەسانەی بە دەست دەردی «شڵەژانی ناسنامەی سێکسی»ـیەوە دەناڵێنن، خۆی لە دەیان جار سەردانیکردنی پزیشک و ڕاوێژ و وتووێژی بەردەوامی دەروونپزیشکاندا دەبینێتەوە، بۆ ئەوەی گشت پشکنینە دەروونییەکانی بۆ تەواو بکرێت و دڵنیا ببنەوە لەوەی، دەستنیشانکردنەکیان دروست و لە جێی خۆیەتی؛ چون پێوەرەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، لە منداڵ و گەورەدا وەک یەک نییە و هەر یەکەو شێوازی جیاواز و تایبەتی خۆی هەیە. پاشان بۆ ماوەی دوو ساڵ زیاتر پێویستی بە چارەسەری هۆرمۆنی دەبێت، جگە لەوەیش دنیایەک پشکنینی پزیشکی و تاقیگەیی تر لەو ماوەیەدا دەبێت ئەنجام بدرێن؛ ئینجا نەخۆشەکە چەند جارێکی دی سەردانی پزیشک دەکاتەوە، بۆ ئەوەی گڕی و ناسکیی دەنگی تاقی بکرێتەوە و گۆڕانکاریی خوازراویان بەسەردا بهێنرێت، هاوزەمان دەبێت بچێتە کن پزیشکی پێستیش، تا مووی زیاتری بۆ بچێنرێت یان تووکی زیادەی بۆ لا ببرێت، ئینجا وردە وردە لە قۆناغی کۆتایی و یەکلاکەرەوە نزیک دەبێتەوە، ئەو خاڵەی گەڕانەوەی تێدا نییە و پەشیمانی دادی خاوەنەکەی نادات، ئەویش نەشتەرگەریی گۆڕینی ئەندامە سێکسییەکانە!

   چاوەڕێ بە، وەنەبێ ئەمە کۆتایی کێشمەکێشەکان بێت، بەڵکو ئەمە تەنیا دەستپێکی کارەکەیە و دوا بە دوای گۆڕینی ڕەگەز، ئیدی تا ئەو ڕۆژەی دەمرن، دەبێت بە شێوەیەکی مانگانە یاخود ساڵانە، بە ناچاری پێیان لە دەروونپزیشکان نەبڕن و بە دەم هاموشۆی پزیشکی گشتیی ئەزموونداریشەوە بن، بۆ ئەوەی بەردەوام لە نزیکەوە ئاگایان لە گۆڕانکارییە جەستەیی و دەروونییەکانیان بن، ئاخر لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەندین جۆری دەرمان و هۆرمۆنی ڕەگەزی بەرانبەرەوە؛ ترانسجێندەرەکان زۆر لە خەڵکانی ئاسایی پتر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە ئەندامییەکانی وەک: شێرپەنجەی قۆڵۆن، پرۆستات و مەمکیان هەیە.

   تێچووی گۆڕینی ڕەگەزی هەر کەسێک، لە حاڵەتێکەوە بۆ ئەوی تر و لە شوێن و سەنتەرێکەوە بۆ یەکێکی تر، جیاوازە و پێوەری خۆیان هەیە، بەڵام ئێمە لێرەدا ئەو گوژمە زەبەلاحە دەخەینە ڕوو کە لەو بوارەدا خەرج دەکرێت. بەگوێرەی لیستی داخوازییەکانی تووشبوو، کرداری گۆڕینی ڕەگەز بۆ هەر حاڵەتێک نزیکەی 140 هەزار دۆلاری ئەمەریکاييی تێ دەچێت! هاوزەمان تێکڕای تێچووی هەر حاڵەتێک لە شانشینی یەکگرتوودا، بە چاودێری و هاتوچۆی پزیشکی و دەرمان و نەشتەرگەرییەکانەوە، نزیکەی بە 20 هەزار پاوەندی ئیستەرلینی دەخەمڵێنرێت!

پرسیار، کێ ئەم خەرجییانە وەئەستۆ دەگرێت؟!
   کۆمەڵەی دەروونپزیشکانی ئەمەریکايی ڕاپۆرتێکیان لەو بارەیەوە بڵاو کردووەتەوە و بەم شێوەیە وەڵامی ئەو پرسیارەیان داوەتەوە: «وەختێک ترانسجێندەرەکان و بابەتی گرینگیپێدانی پزیشکی و چاودێریی تەندروستییان دێتە نێو باسانەوە، هەنگاوەکانی چارەسەریان لە چەند شتێکدا خۆیان دەبیننەوە، لەوانە: ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕ، وەرگرتنی هۆرمۆنی ڕەگەزی پێچەوانە، نەشتەرگەریی گۆڕینی ئەندامە سێکسییەکان و گواستنەوەیان لە ڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە بۆ ئەو ڕەگەزەی خۆیان حەزیان لێیەتی.

   بۆ ئەوەی تۆ گرەنتیی چارەسەرە پزیشکییەکان لە لایەن حکوومەتەوە بە دەست بهێنێت، پێویستە لە لایەن کەسانی پسپۆڕی ئەو حاڵەتەوە دەستنیشانی پزیشکیت بۆ بکرێت.

   شایەنی باسە، ئەوانەی بایەخ بە بواری ناسنامەی سێکسی و باری دەروونیی ئەو چینە دەدەن، هەردەم لەبارەی ئەوەوە دوودڵن، ئەگەر حەزەکەیان لە کتێبە پزیشکییەکاندا وەک نەخۆشییەکی دەروونی نەناسێنرێت و لە لیستی حاڵەتە نائاساییەکاندا دەربهێنرێت، ئەوا چاودێری و چارەسەری پزیشکیی خۆڕایی نایانگرێتەوە.

ئەو حەلەی دەتەوێت نەنگی و شوورەیی لە ملی کەسێک بکەیتەوە، بەشێکی بەوە دێتە دی، ناو و نازناوێکی جوان و دروستی بۆ بدۆزیتەوە، ئاخر مەبەست لە لابردنی دەستەواژەی «شڵەژانی دەروونی: Disorders» و دانانی دەستەواژەی «ناڕازیبوون: Dysphoria» لە کتێبی دەستنیشانکردنی نەخۆشییە دەروونییەکاندا، تەنیا لەبەر گونجان و ڕێکوپێکیی دەستەواژەکە لە ڕوانگەی زاراوەناسی و زانستی سێکسزانیی پزیشکییەوە نییە؛ بەڵکو ئاماژەی شڵەژاوی و ناتەواوییش لەسەر ڕووی نەخۆش دەسڕێتەوە.»

   کە وایە خەریکە ئەوەمان لا ڕوون دەبێتەوە، بەرژەوەندخوازەکان بۆ ئەوەی ئەو هەموو پارە و گوژمە زەبەلاحەیان لە کیس نەچێت، پێویستیان بە هێشتنەوەی ئەو دەستنیشانکردنە پزیشکییە هەیە، ئاخر تا ئەو دەمەی ترانسجێندەرەکان وەک نەخۆش بناسێنرێن، سوودمەندەکانی ئەو بوارە باخەڵیان بە پڕی و ورگیان بە تێری دەمێنێتەوە، بۆیە هاوشێوەی هاوڕەگەزخوازان دەست بۆ لابردنی لە لیستی نەخۆشییەکاندا نابەن!

   دەزگای خەرجکردنی باجی وڵاتان، بەردەوامە لە وەئەستۆگرتنی ئەو حەمکە خەرجییەی بۆ گۆڕینی ڕەگەزی ترانسجێندەران خەرج دەکرێت، ئەمەیش وای کردووە، پاڵەپەستۆیەکی زۆر لە لیستی چاوەڕوانیی خزمەتگوزارییە خۆڕاییەکانی ئەو بوارەدا دروست ببێت. ئەمە وێڕای ئەو فشارە زۆرەی لە لایەن ڕێکخراوە داکۆکیکارەکانەوە دەخرێتە سەر لایەنی پێوەندیدار، بۆ ئەوەی چی زووترە بڕیار لەسەر نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەز و ناساندنیان وەک حاڵەتێکی ترانسجێندەری بدرێت، بێگومان ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرجار پەلە لە هەڵسەنگاندنی حاڵەتەکاندا بکرێت و بەبێ ئەوەی تەواوی مەرج و پێوەرە پزیشکییەکانی تێدا جێبەجێ ببێت؛ دەست بۆ ناساندن و چارەسەریان ببرێت.

   یەکێک لەوانەی بە دەست ئەم جۆرە هەڵە پزیشکییەوە گرفتار بووە، کوڕێکە، جاران وێڕای ئەوەی خۆی کوڕ بووە، بەڵام وەک کچێک ناساندوویانە، دواتر چارەسەری هۆرمۆنی بۆ بە کار هێنراوە و نەشتەرگەریی دانانی مەمکی بۆ کراوە؛ کەچی خۆی دواتر بۆی دەرکەوتووە، ئەو هێشتا هەر کوڕە و ناتوانێت ببێتە کچ، ئێستا دەیەوێت دیسان نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ بکرێتەوە و مەمکە دەستکردە جێگیرکراوەکانی لە بێخەوە هەڵبکەندرێن. وەختێ لێی دەپرسن: «ئەو بڕیارەی پێشووتر کە بۆت درا، زادەی هەڵەی پزیشکی بوو؟» لە وەڵامدا دەڵێت: «ئەو کاتە خۆم ئەوەم دەویست!»

زۆر درەنگە بۆ پەشیمانبوونەوە!
وەنەبێت هەر ئەو کوڕە تاکە حاڵەتی پەشیمانبوونەوە لە گۆڕینی ڕەگەز بێت، هەرچەندە خەڵکانێک لافی ئەوە لێ دەدەن؛ هیچ حاڵەتێکی پەشيمانبوونەوە لەنێو ترانسجێندەرەکاندا تۆمار نەکراوە، یان ئەگەر هەیشبێت، ڕێژەکەی لە 2% تێناپەڕێت، بەڵام واڵت هایەر2 بۆچوونێکی پێچەوانەی هەیە و بەم شێوەیە لەو بارەیەوە دێتە ئاخافتن: «لە مانگی ئەپریلی ساڵی 1983دا، چوومە ژێر بارەوە و خۆم تووشی نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەزی کرد. بۆ ماوەی هەشت ساڵ وەک ژنێک ژیام، بەڵام وا بۆ چارەکەسەدەیەک زیاتر دەبێت، بۆ حەقیقەتی خۆم گەڕامەوە و وەک پیاوێک ژیان بەسەر دەبەم. لە میانەی ئەو ئەزموونەی پێیدا تێپەڕیم بەو ڕاستییە گەیشتم: پێدەچێت هۆرمۆنەکان و نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەزی، ڕوخساری دەرەوەت بگۆڕن، بەڵام هیچ شتێک ناتوانێت حەقیقەتە چەسپاوەکە لەمەڕ ناخ و ڕەگەزتەوە بگۆڕێت.»

   واڵت وارگەیەکی ئینتەرنێتی بە نیازی یارمەتیدانی ئەوانی تر دامەزراندووە و بەردەوام، وانە و قسە و هۆشیاری لەبارەی مەترسییەکانی گۆڕینی ڕەگەزەوە، بە تایبەت لە چینی منداڵاندا، پێشکەش دەکات.

   «بە داخەوە، حەمکەیەک حاڵەتی هاوشێوە لە بابەت پەشیمانبوونەوەی دوای نەشتەرگەیدا هەیە، دەگەنە ئەو خاڵەی گەڕانەوەی تێدا نییە، پاش ئەوەی بە خواستی سەربەستانەی خۆت؛ ئەندامی نێرینەت بۆ لا دەبرێت و لە پیاوبوونت دەخەن، دەکەویتە نێو تەنگژەی دوالیزمەیەکی ترسناکەوە، ئەو وەختەی دژیەکییت لەنێوان ناسنامە نوێیەکەت و ناسنامە ڕەسەنەکەتدا -ئەوەی ئێستا بۆتیان تێک داوە- بۆ دروست دەبێت!»
   ڕینێ جاکس3 دەڵێت: «ئەز وەک نێرینەیەک لە دایک بووم، دواتر لە تەمەنی نۆزدە ساڵیمەوە وەک کچێک ژیام، لە تەمەنی سی ساڵیمدا قەراری گۆڕینی ڕەگەزی خۆمم دا، وا ئێستا بۆ ماوەی بیستوهەشت ساڵە وەک ئافرەتێک ژیان بەسەر دەبەم و لەو کارەیشم فرەفرە پەشیمانم!»

   ڕینێ جاکس چەند کتێبێکی لەو بارەیەوە نووسیووە، لەوانە: «سواری فڕۆکەکە مەبە: نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەز، ژیانت وێران دەکات»4، هەر ئەو دەڵێت: «ئەم نەشتەرگەرییانە بوونەتە هۆی تێکشکان و وێرانکردنی ژیانی هەزاران نەخۆش، هۆکارەکەیشی پزیشکەکانن، چون ڕێگریی ئەوەیان لێ ناکەن، نەشتەرگەریی ئەنجام نەدەن. من کارێکی هەڵەم کرد، وەختێ ئەو ئەندامەی خۆمم لە بندا بڕی، کە وەک نێرێک دەیهێشتمەوە!»

   باشە بۆچی حاڵەتی پەشیمانبوونەوە ڕوو دەدات؟ تۆ بڵێیت زادەی پەلەکردن لە دەستنیشانکردندا بێت؟ یان دەشێت کۆمەڵێک هۆکاری دەروونی لە پشت ئەم باسەوە بن؟

   پرۆفیسۆر جۆن وایتهۆڵ5 پسپۆڕی منداڵان لە ئوسترالیادا دەڵێت: «من وا دەزانم دەبێت ددان بەو ڕاستییەدا بنێین، ژمارەیەکی باش لە منداڵان، لە سەرەتاوە وا دەردەخەن گرفتیان لە ناسنامەی ڕەگەزییاندا بۆ دروست بووە و شێواو دەردەکەون؛ بەڵام ئەوە بەشێکە لە گەشەی ئاسایی دەروونیی منداڵ، ئەوە شتێکی دەگمەن نییە منداڵ لەبارەی ناسنامەی ڕەگەزیی خۆیەوە سەری لێ بشێوێت، هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە، وەختێ گەشە دەکەن و زیاتر گەورە دەبن، وردە وردە لەو هەستە شێوێنەرانە قوتاریان دەبێت و ئاسایی دەبنەوە. بۆیە لێیان تێک مەدەن و دەستکارییان مەکەن!»

   «منداڵان لە قۆناغی سێ-چوار ساڵیی تەمەنیاندا، وا دەزانن دەشێت ڕەگەز گۆڕانی بەسەردا بێت و هیچ کەسێک جۆری سێکسەکەی بۆ هەتاهەتایی نییە، ئینجا بە دەست ئەو هەستەوە دەناڵێنن کە ناتوانن لەوە تێ بگەن؛ نێر و مێ هەر یەکەو خاوەن جەستە و تایبەتمەندیی جیاوازیی خۆیانن، کەچی هێندێک شتی لێکچوویش لەنێوانیاندا هەیە، بۆیە هەردەم لەو بارەیەوە تووشی گرفت و سەرلێشێوان دەبن.

   پاشان، دوای ئەوەی زارۆکان هێدی هێدی پێ دەگەن و تەمەنیان بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێت، باشتر و زیاتر لەبارەی ناسنامەی ڕەگەزیی مرۆڤەوە تێ دەگەن. منداڵانی پێگەیشتوو لەتەک گەورەبوونیاندا لەوەیش حاڵی دەبن، ڕەگەز شتێکی چەسپاو و نەگۆڕە؛ هەرچەندە زۆرجار وا بیر دەکەنەوە، ئەگەر ڕوخسار و ڕووکاری جەستەیی، یان هەڵسوکەوت و یاری و چالاکییەکانی خۆیان، بۆ ڕەگەزی بەرانبەر بگۆڕن و لاسایی ئەوان بکەنەوە، دەشێت لەم ڕێگەیەوە ڕەگەزیان بگۆڕدرێت و جێندەری پێچەوانە بە دەست بهێنن.»6

   ئایا گرفتەکە لەوێدا دەوەستێت، کەسی ڕەگەزگۆڕاو تەنیا هەستی پەشیمانی دایبگرێت و ئیدی هیچ لێکەوتەیەکی تر بەرۆکیان ناگرێت؟!

   سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی خۆکوژی لە کەنەدا، توێژینەوەکەیان لەبارەی ڕێژەی خۆکوژی لەنێو ڕەگەزە جۆربەجۆرەکانی مرۆڤدا کردووە، لە ئاکامدا بۆیان دەرکەوتووە؛ خۆکوژی لەنێو خەڵکانی ڕەگەزگۆڕاودا، بەراورد بە تاقمە ڕەگەزییەکانی تری کۆمەڵەی (ئێڵ جی بی تی)، بەرزترین ڕێژەی تۆمار کردووە.

   جیاوازیی نێوان (ئێل جی بی) و (تی) چییە؟!7 ئافرەتێک لەو ئازادیخوازانە دەڵێت: «هەر یەکە لە پیتەکانی L, G, B، پێوەندییان بە حەقیقەتێکی بایۆلۆجیی نکوولیلێنەکراوەوە هەیە، بەڵام پيتی T، بە ناسنامەی ڕەگەزییەوە پەیوەستە و پێوەندیی بە ڕەگەزی بایۆلۆجیی مرۆڤەوە نییە؛ ڕاستییەکەی من وا دەزانم ترانسجێندەر لەتەک حەقیقەتی بایۆلۆجیدا دژ دێتەوە.»8

   زۆر باشە، کە وایە جیاوازییەک لەو نێوەندەدا هەیە و ترانسجێندەرەکان وەکی ئەوانی تر نین، تەنانەت هێندێک لە بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی ئەو بوارەیش، بە بوونی ترانسجێندەرەکان لە کۆمەڵەکەیاندا قەڵس و تەنگەتاون. بەڵام بۆچی لێیان بێزارن؟ ئاخۆ زادەی ترسانیانە لە شتێکی تایبەت و دیار؟ یاخود هەر لەبەر ئەوەیە ترانسجێندەرەکان، جڤاکی مرۆڤایەتی تووشی چارەنووسێکی بکوژ و دنیایەک دەرهاویشتەی خراپ دەکەن؟

   تاکو ئەمڕۆیش، بە مەبەستی جێبەجێکردنی دادپەروەری، هەردەم ڕەگەزی نێر و ڕەگەزی مێ، لە وەرزش و یارییەکاندا لێک جودا کراونەتەوە، چون بە گشت پێوەرێک ئەوە شتێکی بڕاوەیە، ئەو دووانە لە ڕووی جەستەیی و بایۆلۆجی و توانای فیزیکییەوە یەکسان نین، بەڵکو ئەگەر تێکەڵ بکرێن، ستەمێکی زۆر لە ئافرەتان دەکرێت، ئاخر بونیادی ماسوولکەی پیاوان بە هۆی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆنەوە لە هیی ئافرەتان بەهێزترە و توانای بەرگەگرتنی ئەو یارییە سەختانەی زیاترە.

   باشە چ دەقەومێت ئەگەر پیاوێکی بایۆلۆجی، کە لە ڕووی جەستەوە نێرینەیەکی ملئەستووری تەواو بێت، تەنیا لە ڕێگای بەدەستهێنانی کاغەزێکی یاساییەوە لە دادگا، خۆی وەک ژنێک لە قەڵەم بدات و وەک ئافرەتێکی عەیارە بیستوچوار مامەڵەی لەتەکدا بکرێت؟

  ئینجا تەواوی دامودەزگا و تاکەکانی نێو جڤاک، دەبێت بە قانوونەوە پابەند بن و بۆیان نییە ملیمێک لێی لا بدەن، بەڵکو پێویستە لەسەریان وەک ژنێک مامەڵە لەتەک پیاوێکی تەواودا بکەن، تەنیا لەبەر ئەوەی خۆی وا هەست دەکات مێیینەیە و ڕێگەپێدانی لە لایەن دادگاوە وەچنگ خستووە؛ بەڵکو بۆی هەیە لە یانە و یارییە وەرزشییەکانی ئافرەتانیشدا بەشدار بێت! هەرچەندە ئەمە بۆ ئافرەتانی ڕاستەقینە کارێکی زۆر نادادپەروەرانەیە، ئاخر ئەوان ناچارن لەتەک ئافرەتێکدا ڕکابەری بکەن، کە خۆی لەنێو جەستەی پیاوێکدا حەشار داوە! بیرمان نەچێت، گرفتە وەرزشییەکان دەستپێکی بابەتەکەن و تەنیا بۆ تامی دەم باسمان کردن؛ دەنا ئەو ئاريشە یاساییانە چی لێ دەکەن کە لە بەردەمماندا قیت دەبنەوە؟!

   ئەو نێرینەیەی لە ڕێگای پێدانی مۆڵەتێکی دادگاوە خۆی بۆ مێیینەیەک ئاڵشت کردووە، ئەگەرچی هێشتا نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەزیشی نەکردبێت، بەڵام دەتوانێت بە کەیفی خۆی بچێتە نێو سەرئاو و گەرماو و شوێنی جلگۆڕینی ئافرەتانەوە و کەس بۆی نییە ڕێگریی لێ بکات. ئیتر خۆت خەیاڵی ئەوە بکە، ئەو ئادەمیزادە گورگئاسا دڕندانەی تەنیا بە وەرگرتنی مۆڵەتێکی دادگا بوونەتە ئافرەت، دەتوانن چۆن ئەم دەرفەتە بۆ کارە قێزەون و شەڕەنگێزانەکانیان بقۆزنەوە! تەنانەت ئەگەر، نە نەشتەرگەرییان کردبێت و نە هیچ چارەسەرێکی هۆرمۆنیشیان وەرگرتبێت، بەس مۆڵەتی دادگایان پێ بێت، نێرینەکان دەتوانن بچنە نێو گشت کایەکانی ژیانی ئافرەتانی ڕاستەقینەوە و وەک مێيینەیەک لە پێستی نێردا، مامەڵەیان لەگەلدا بکرێت!

   بێگومان ئەم ڕێگایە سەر بۆ ئاکامێکی زۆر تۆقێنەر دەکێشێت، باشە وەختێ تاوانێک دەکەن، چۆن مامەڵە لەتەک ترانسجێندەردا دەکرێت؟ ئاشکرایە فڕێی دەدەنە نێو زیندانی ئافرەتانەوە! وەختێ ئەمەت زانی، ئیدی ئەوەت بە لاوە سەیر نابێت ئەگەر ناونیشانی ڕۆژنامەکان ببینیت، هەواڵی سامناک و حەپەسێنەری تاوانکارانەی لەم شێوەیە بڵاو بکەنەوە: «ترانسجێندەرێک لە بنەمادا پیاو بووە و خۆی بە ژن لە قەڵەم داوە، ئەو دەمەی خرایە نێو زیندانی ژنانەوە، پەلاماری چەند ئافرەتێکی دا و دەستدرێژیی سێکسیی کردە سەر سیان لە ئافرەتەکان!»

   باشە کاردانەوەی کۆمەڵەی (ئێڵ جی بی تی)ـیەکان لە ئاست ئەم جۆرە تاوان و مەترسی و دەستدرێژییانەدا چۆن بوو؟ ئەوەتا یەکێک لە هاوڕەگەزخوازان دەڵێت: «من خۆم هاوڕەگەزخوازێکی مێیینەم، بەڵام لە لیژنەی کۆمەڵەی (ئێڵ جی بی تی) دوور خرامەوە و بۆ ماوەکی دووردرێژیش، زۆر بە توندی مامڵەیان لەتەکدا کردم، چون من تاقە هاوڕەگەزخواز بووم ددانم بە ڕاستییەکی زانستیدا نا، تاوانیشم بەس ئەوە بوو: ڕاناوی نێرینەم بۆ پیاوێکی تاوانباری دەستدرێژیکار بە کار هێنابوو، کە ئەو خۆی بە ترانسجێندەر ناساندبوو و ئەوەی پێ خۆش نەبوو، بە ڕاناوی نێرینە گاز بکرێت.»

   کێشەی بەکارهێنانی ڕاناوەکان بەگوێرەی خواستی بەرانبەر، بووە مایەی دروستکردنی فشارێکی زۆر لەسەر زانای دەروونناس، پرۆفیسۆر جۆردان پیتەرسن9، تەنانەت بەو هۆیەوە ناچار کرا، لە ساڵی 2018ـدا واز لە وانەگوتنەوە لە زانستگادا بهێنێت.

   ئەوەتا لە بەرنامەیەکدا لێی دەپرسن: «تۆ پێت وایە ئافرەتێکی تراسنجێندەر ژنێکی ڕاستەقینەیە؟» لە وەڵامدا دەڵێت: «نەخێر!» پێشکەشکار: «بۆچی نا؟» پیتەرسن: «چونکە من وا دەزانم بە شێوەیەکی گشتی بە کەسێک دەگوترێت ئافرەت، توانای سکپڕبوون و منداڵخستنەوەی هەبێت و خاوەن ئەندامە سێکسییەکانی مێیینە و کرۆمۆسۆمی XX بێت، بە بۆچوونی من جیاوازییە جەستەیی و بایۆلۆجییەکانیش گرنگن.»

  ئەو ڕێکخراوانەی لەوەتەی دەمیان بە ڕووی جڤاکدا پژاوە، سەری زمان و بنی زمانیان، داواکردنی ئازادیی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتنی ئەوانی تری جیاوازە، کەچی هەر ئەو ڕێکخراوانە خۆیان، تەنانەت دەرهەق بەو کەسانەی سەر بە کۆمەڵەکەی خۆیانن و لە سەرەتاوە پەنایان بۆ بردوون، سیاسەتی ستەم و توندوتیژی و وەدەرنان پیادە دەکەن.

   تۆ بڵێیت کەسێک بتوانێت مشتومڕی ئەم بابەتە گوماناوییانە بکات، بەبێ ئەوەی لە تووڕەبوون و هاربوونی ئەم ڕێکخراوانە بترسێت! ئەو ڕێکخراوانەی هێشتا دەمت نەکردووەتەوە، یەکسەر ناوناتۆرەی (تۆقیو لە ترانس)ـت وەک چەکێک بە ڕوودا بەرز دەکەنەوە و ئەوەی لە دەرەوەی ڕێگا دیاریکراوەکەی ئەوانەوە شەقاوێک بهزرێت، بێگومان گرێی دەروونی و تەنگژەی ترسان لە ڕەگەزگۆڕینی هەیە. تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە یەکێک لە قوربانییەکانی خۆیشیان بێت!

   ڕووبیتان لە بیرە، ئەو گەنجەی لە سەرەتاوە باسمان کرد؟ «بەگوێرەی ئەوەی تا ئێستا بەردەستە، هێشتا هیچ ئامارێک لەبارەی ئەو ترانسجێندەرانەوە نییە کە نایانەوێت نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەز بکەن و لەو هەستەی ڕابردوویان پەشیمانن، ئاخر ئەگەر هەر کەسێک بە حاڵ زاری لە ئاست ئەو جۆرە قسانەدا واز بکات، یەکڕاست وەک (تۆقیو لە ترانس) لێی دەڕوانرێت. بەڵام ئەوانەی هاوشێوەی ڕووبین، ئاتاج بە قسە و هەڵسەنگاندن و مشتومڕی زیاترن، دەبێت بژاردەی زیاتر لە بەردەم ترانسجێندەرەکاندا هەبێت.»10

جگێ قسەی زیاتر لەم بارەیەوە:
هیچ بە لاتەوە سەیر نەبێت ئەگەر بزانیت، هێشتا زاراوەی (ئێڵ جی بی تی)11 لە گەشەدایە و بەردەوام شتی نوێی عەنتیکە و مەیلی سەیرسەیری بۆ زیاد دەبێت. پێدەچێت لە ئەنجامی هەوڵە یەک لە دوای یەکەکانەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا بە چاوی خۆمان ئەوەیش ببینین، چەندین حەز و ئارەزووی سێکسیی ڕیزپەڕ و نامۆی دیکە، ئاسایی و سروشتی بکرێنەوە؛ لەوانە: سێکسی مەحرەمەکان12، یان سێکسکردن لەگەل تەرمی مرۆڤ13 یاخود سێکسکردن لەتەک ئاژەڵاندا، هەرچەندە ئاژەڵبازی14، لە زۆربەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی وەک ئەڵمانیا، هەنگاریا و مەکسیکدا، ئێستاکە ڕێگەپێدراوە!

   وەختێ ئەم دۆخە دژوارە دەبینین، لەوانەیە هێندێک کەس بە تەواوی هەست بە نەبوون و دیارنەمانی خودا لە کۆی کایەکەدا بکەن، لێ ئەگەر لە گۆشەیەکی دیکەوە لە بابەتەکە بڕوانین، باش باش هەست بەوە دەکەین؛ خودا چەندە بە دەسەڵاتە و چلۆن بە شێوەیەکی زۆر بەهێز و دیار، دیمەنەکە بە ڕێوە دەبات!

   ئەوەی تا ئێرە باسمان کرد، خستنەڕووی ئەو یاخیبوونە شەیتانییەی ئادەمیزاد بوو کە لە شێوەی نامەیەکی بەرپەرچدانەوەدا، بەم شێوەیە بۆ خودای نووسیوە: «ئێمە ڕێک بە پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی تۆوە دەجووڵێینەوە! ئێمەی ئادەمیزاد دەنگی ئاوەز و زانست و بۆچوونی پزیشکیمان بە لاوە گرینگ نییە، ئێمە بە هیچ کلۆجێک گوێ بە ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان نادەین، ئێمە ڕێژەی تاوان و خۆکوژی و دەیان دەرهاویشتەی دیکەی سامناکمان لە کن بایەخدار نییە؛ ئێمە قەت گوێ بۆ هاوار و نرکەوناڵەی ئەوانەیش ڕانادێرین کە لەنێو بازنە نەفرینلێکراوەکەی خۆماندا گیریان خواردووە!»


   هەر دەڵێیت ئەوانەی لە پشت ئاراستەکردنی ئەم ڕیکخراوانەوەن، ئەم ئایەتانەیان خوێندووەتەوە: ﴿وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ (5) إِلَّا عَلَىٰ أَزْوَاجِهِمْ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ (6) فَمَنِ ابْتَغَىٰ وَرَاءَ ذَٰلِكَ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْعَادُونَ (7): باوەڕدارانی ڕاستەقینە سەرکەوتوون، ئەوانەی داوێنی خۆیان لە گشت جۆرە جووتبوونێک دەپارێزن، جگە لەگەل هاوسەران و ئەوانەدا نەبێت کە کەنیزەکیانن15، بێگومان لەوەیاندا لۆمەکراو نابن؛ بەڵام ئەوانەی جگە لەو دوو ڕێگایە بۆ جووتبوون بگرنە بەر، بێگومان سنووریان بەزاندووە و لە ڕێگا لایان داوە﴾.



[1] ئەم زاراوەیە دواتر ڕوون کراوەتەوە.


[2] Walt Heyer


[3] Rene Jax


[4] Don’t Get on the Plane! Sex Change Surgery will Ruin Your Life.


[5] John Whitehall


[6] Early Childhood Gender Identity and Sexuality, Angela Oswalt, MSW.  
بۆ نموونە: منداڵێکی کچ لای خۆیەوە وا دەزانێت، ئەگەر یاريی تۆپی پێ بکات و تێکەڵی کوڕان ببێت و وەک ئەوان پرچی کورت بکاتەوە و لە ڕەفتاریدا لاساییان بکاتەوە، ئیتر دەبێتە کوڕ!


[7] LGBT: «ئێڵ: L» واتە لێسبیان، مێیینەی هاوڕەگەزخواز، «جی: G» بۆ گوزارشتکردنە لە گەی، نێرینەی هاوڕەگەزخواز، «بی: B» بۆ بایسێکچواڵەکانە، ئەوانەی مەیلی هەردوو ڕەگەز دەکەن و حەزیان بۆ نێر و مێیش هەیە، «تی: T» بۆ ترانسجێندەرە، ئەوانەی جەستەیان نێرە، بەڵام وا هەست دەکەن ناخیان مێیە و لە لەشێکی هەڵەدا لە دایک بوونە، یان بە پێچەوانەوە، جەستەی مێیینەیە و هەست دەکات لە ناخەوە نێرینەیە.  


[8] بۆ ئەوەی زیاتر لەبارەی هاوڕەگەزخوازییەوە بزانیت و ئەوەت بۆ ڕوون ببێتەوە کە بابەتی هاوڕەگەزخوازی، زیاتر گرفتێکی دەروونی و ژینگەییە وەک لەوەی حەقیقەتێکی بایۆلۆجی و جینی بێت، بۆ بەشی یەکەم و دووەمی ئەم بابەتە بگەڕێوە.


[9] Jordan Peterson


[10] ئەوەی ناو کەوانەکە، دەمەتەقێی نێوان ڕووبی و پێشکەشکارێکی تەلەفزیۆنە.


[11] جاران (ئێڵ جی بی تی) بوو، بەڵام وا ئێستا بەشێکی تری بۆ زیاد کراوە و ناوی (Q: questioning)ـی لێ نراوە، واتە ئەوانەی هەست و حەزەکانیان جێگای پرسیارن و دەبێت حسێبیان بۆ بکرێت و بەهانەیەکی دەروونی و جینی و زانستییان بۆ بدۆزرێتەوە.


[12] :Incestئەم جۆرە کەسانە خۆیان دەڵێن ئێمە تەنیا حەزمان لە سێکسکردن لەتەک کەسە مەحرەمەکانماندایە، وەک دایک، کچ و ...هتد.


[13] :Necrophiliaئەمانە حەز بە تەرمی مرۆڤ دەکەن و پێیان وایە تەنیا لەو ڕێگایەوە بە چڵەپۆپەی چێژی سێکسی دەکەن و گوایە داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن!


[14]Zoophilia: بە حسێبی خۆیان بە سێکسان لەتەک ئاژەڵاندا ئاسوودە دەبن و تەنیا ئەوە چێژیان پێ دەبەخشێت. ئێستا لەو وڵاتانەدا مۆڵەت بە ئەزموونکردنی ئەم حەزە دراوە.


[15]  لە فیقهی مامەڵەکردن لەتەک کەنیزەکدا هاتووە، ئەگەر کەسێک لەتەک کەنیزەکی خۆیدا جووت ببووایە، ڕێک وەک ژنی کەسەکەی لێ دەهات و ئەگەر منداڵیشی لێ ببووایە، خۆی دەبووە دایکی منداڵەکە و بە شێوەیەکی زۆر جوان و شیاو مامەڵەیەکی مرۆڤانەی لەتەکدا دەکرا. ئەم بابەتە قسەی زۆر و باشی تێدا کراوە، تەنیا وەک بەرچاوڕوونی ئەوە بزانە، ئیسلام جوانترین و شیاوترین چارەسەری بۆ ئەو گرفتە پێ بووە و لەوەیشدا سەرکەوتوو بوو.


تاگەکان    
ئازادی چیرۆک ئایین بووژانەوە گێڕانەوە فیکر #پیری ڕەزا بابایی تەکنۆلۆژیا فەڵەستین پۆرن دەروونی وەچەخستنەوە قەدەر کونە ڕەشەکان
فیکر
2021-01-09 کۆمێنت 2949 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی