هاوڕەگەزخوازی و ئازادیی ئازاردانی ئەوانی تر

نووسینی: ناوەندی ڕەواسیخ وەرگێڕانی : یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2020-12-15 کۆمێنت 793 جار بینراوە

قەشەیەک هاتە سەر جادە و بە توانجەوە گوتی: «ئێمەیش هەمان دروشمی هاوڕەگەزخوازان بەرز دەکەینەوە، ئەوەتا ڕێک وەک ئەوان دەڵێین: هیچ جیاوازییەک لەنێوان جۆرەکانی خۆشەویستیدا نییە، چ بۆ نێر بێت یان مێ، بۆ منداڵ بێت یاخود گەورە، خۆشەویستی هەر خۆشەویستییە و هیچی تر، بۆیە من دەمەوێت هاوسەرگری لەتەک مناڵەکەی خۆمدا بکەم!»

   پیاوێکی ئایینيی تر لەولاوە گوتی: «ئەگەر مافی هاوسەرگری هاوڕەگەزخوازانیش بگرێتەوە، باشە ئیتر بۆ فرەژنیتان پێ قبووڵ نییە؟ ئەی بۆ سێکسکردن لەگەڵ ئاژەڵاندا ئاسایی نییە؟ ئاخۆ ئەم ڕێگایە بەرەو کوێمان دەبات؟»

   ئازادی، ئەو دروشمە ڕەونەقدارەی هەردەم ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی هاوەڕگەزخوازان بەرزی دەکەنەوە؛ ئاخر وەختێ دوو کەس -بە خواستی خۆیان- کۆ دەبنەوە و بڕیار دەدەن پێکەوە بژیێن، بە مەرجێک، هاوسەرگری و پێکەوەبوونەکەیان زیان بە کەسی تر نەگەیەنێت، چ کێشەیەکی تێدایە؟!

   ئایا دەکرێت مەیلی هاوڕەگەزخوازی بەوپەڕی ئازادییەوە تێکەڵ بە جڤاک ببێت، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی پێ بگەیەنێت؟

زمانی ژمارەکان:
   با بە زمانی ژمارەکان دەست پێ بکەین و نموونەیەکی تر جگە لە هاوڕەگەزخوازی بۆ باسەکەمان بهێنینەوە، ئەویش خواردنەوەی ماددە کهوولییەکانە.

لەسەر بنەمای ئازادیی تاک و ڕێگەدان بە ئەزموونکردنی حەزە تایبەتییەکان، لە ساڵی 2010 و تەنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، نزیکەی چارەکە ترلیۆنێک دۆلار (2490000000$)، بەس بۆ ئەو نەخۆشییانەی لە ئەنجامی زۆر بەکارهێنانی کهوولەوە پەیدا دەبن، خەرج کراوە!

  هەر لە ئەمەریکادا، ساڵانە نزیکەی زیاد لە 300 ملیار دۆلار، تەنیا بۆ ئەو زیانە تەندروستییانە خەرج دەکرێت کە لە ئاکامی جگەرەکێشانەوە دروست دەبن.

   سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازییش، بە مەبەستی زانینی ئەو زیانە ساغڵەمییانەی لە پێوەندیی هاوڕەگەزخوازی دەکەونەوە، ئەنجوومەنی توێژینەوەکانی خێزان لە ئەمەریکا، بە پشتبەستن بەو ئامارانەی (سەنتەری خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان)1 بڵاویان کردووەتەوە، لێکۆڵینەوەی لەو بارەیەوە کردووە و بۆی دەرکەوتووە: ئەو کەسانەی لە پێوەندیی هاوڕەگەزخوازیدان، ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە دەردی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، بەڵکو تەواوی ئەو زیانە ساغڵەمییانە لە لایەن ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی هاوڕەگەزخوازانەوە ددانیان پێدا نراوە و جەختیان لەسەر کراوەتەوە.

   توێژینەوە زانستییەکە 10 کێشەی خستووەتە ڕوو، کە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی هاوڕەگەزخوازانیش ناتوانن نکووڵییان لێ بکەن، بەڵکو خۆیان بە پێویستیان زانیوە، هەردوو هاوسەری هاوڕەگەزخواز، چ نێرینە بن یاخود مێیینە، بەر لە پێوەندییەکەیان، وەک کۆمەڵێک ڕێنمایی و دەرهاویشتە، مشتومڕی تەواوی لەبارەوە بکەن؛ بۆ نموونە: نەخۆشیی پووکانەوەی بەرگری (AIDS)، ئالوودەبوونی دەرمان و ماددە کهوولییەکان، خەمۆکی، ئەو نەخۆشییانەی لە ئەنجامی سێکسکردنەوە دەگوازرێنەوە، شێرپەنجەی ڕیخۆڵەکان، شێرپەنجەی مەمک و پرۆستات و گونەکان، تەنانەت توندوتیژیی خێزانی و ئاژاوەی نێو ماڵیش.

   بەگوێرەی توێژينەوەکە دەرکەوتووە، هاوڕەگەزخوازان لە گشت کەسێک زیاتر، ئەگەری تووشبوون بەم شتانەیان هەیە. بۆ دڵنیابوونەوە، با تەنیا یەکێک لەو زیانە ترسناکانە وەک نموونە وەربگرین، ئەویش ئەو نەخۆشییانەن کە لە ڕێگای سێکسکردنەوە دەگوازرێنەوە!

 بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لە ساڵی 2010دا، بەس نەخۆشییە گوازراوە سێکسییەکان، نزیکەی 16 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی وڵاتی ئەمەریکا گەیاندووە!

ئەمە بەشێکە لەو خەرجییەی کە دەبێت تەواوی کۆمەڵگە پێکەوە باجەکەی بدەن، تەنیا لەبەر ئەوەی هێندێک لە تاکەکانی، بەگوێرەی حەز و ئارەزووە تایبەتییەکەیان دەجووڵێنەوە و ئەزموونی ئازادیی کەسەکیی خۆیان دەکەن، بەو پاساوەی گوایە ئەوان، بەم کارەیان زیان لە هیچ کەسێک نادەن. وێڕای ئەوەی تێڕوانینی ئەوان بۆ زیان، زۆر تەسکبین و کورتبینانەیە، ئاخر چاویان جگە لە زیانە هەنووکەییەکان، چی دیکە ناخوێنێتەوە و وا دەزانن، تەنیا دەرهاویشتە ڕاستەوخۆکان بە زیان لە قەڵەم دەدرێن.

   لێرەدا هێندێک کەس دەپرسن: باشە بۆچی دەبێت من باجی کردەوەی ئازادانەی کەسانێک بدەم کە بەگوێرەی گشت پێوەرە تەندروستییەکان، زیانی جەستەیی و دەروونییان لێ دەکەوێتەوە؟ هاووڵاتییەکی هاوسەنگ لە ڕووی ئەخلاق و ڕەفتارەوە بۆچی ناچار بێت نرخی ئارەزووی کەسانێکی نێو جڤاکەکەی بدات، کە حەزەکانی خۆیان پێ جڵەو ناکرێت؟!

   ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، ڕێک ڕووی دا، لە ساڵی 2015دا توێژینەوەک لەمەڕ هەمان بابەتەوە کرا، کە تێیدا لە 4000 هاووڵاتی بریتانياییان پرسیبوو، زیاتر لە نیوەی بەشداربووان وەڵامیان ئەوە بوو؛ نابێت گرەنتییە نیشتمانییە خۆڕاییەکان ئەو کەسانە بگرنەوە کە بە ویستی ئازادانەی خۆیان، ئەو شتانە دەکەن و دەخۆن و دەخۆنەوە، کە بەدڵنیاییەوە زیان بە جەستەیان دەگەیەنن، بە تایبەت خواردنەوەی کهوول، جگەرەکێشان، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و ئەو زێدەخۆرییانەی دەبنە هۆی قەڵەوی. ئەمە مانای ئەوەیە، ئەو مشتومڕەی پێشووتر لەمەڕ سنووردارکردنی ئازادییەوە لەم بوارانەدا خراوەتە ڕوو، دیسان بۆ گۆڕەپانی واقیع گەڕێنراوەتەوە.

   بەڵام پرسیارێکی تر لێرەدا دیسان خۆیمان لێ قیت دەکاتەوە: ئاخۆ ئەو کێشانەی تووشی جڤاک دەبن، تەنیا ئابوورین؟ بە دەربڕینێکی تر: ئەگەر گشت تاکەکانی جڤاک -بە شێوەیەکی تیۆرییش بێت- تەواوی ئەو خەرجییە داراییانەی بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییانەی بە هۆی خواردنەوەی کهوول و ڕەفتارە سێکسییەکانەوە ڕوو دەدەن، قبووڵ بکەن و بە زیانە ئابوورییەکانیش قایل ببن، ئایا زیانەکانی هاوڕەگەزخوازی لێرەدا کۆتاییان پێ دێت؟ بەداخەوە، چیرۆکەکە لێرەدا بە پایان ناگات!

منداڵی هاوڕەگەزخوازەکان:
چەند ساڵێک لەمەوبەر، ڕێکخراوە هاوڕەگەزخوازەکان داوایان کرد، ڕێگەیان پێ بدرێت هاوسەرگری لەگەڵ یەکتردا بکەن، دوای ئەوەی داخوازییەکەیان جێبەجێ کرا، ئینجا جارێکی دی هاواریان لێ بەرز بوویەوە و داوایان کرد؛ لە ڕێگای هەڵگرتنەوەی منداڵ، یان بەکرێگرتنی منداڵدانی ئافرەتێکی تر، یاخود بەخێوکردنی منداڵی پێشووی یەکێک لە هاوسەرەکانەوە، مۆڵەتی پێکهێنانی خێزانیان پێ بدرێت؛ دروشمی داخوازییەکەیشیان بەم شێوەیە بوو: «ئێمە داوای یاسایەک دەکەین رێگە بە هاوسەران بدات، تا خێزان بۆ خۆیان پێک بهێنن»، هەرچەندە چەند ساڵێک پێش ئێستا، بەر لەوەی ببێتە مانشێتی سەرەکیی ڕۆژنامە بەناوبانگەکان، بەرزکردنەوەی دروشمێکی لەم شێوەیە، شتێکی سەیر و نامۆ بوو! باشە بۆچی؟

   لەبەر ئەوەی هاوسەرە هاوڕەگەزخوازەکان ناتوانن منداڵ بخەنەوە، بۆیە ئاتاجی بڕیاری دادگا دەبن، سا بەڵکو یاسایەک دەربکات، ڕێگە بە هاوڕەگەخوازان بدات، ڕێسا سرووشتییەکان ببەزێنن و بۆ خۆیان خێزان پێک بهێنن!

   تۆ بڵێیت ئەگەر کەسێک بتوانێت و بۆی بچێتە سەر، یاسا بایۆلۆجییەکان ببەزێنێت و خێزان بەو شێوەیە پێک بهێنێت، بە هەمان شێوە دەتوانێت ڕکابەریی یاسا دەروونناسی و کۆمەڵناسی و پەروەردەییەکانیش بکات؟ ئاخۆ ئەو منداڵانەی لەژێر سایەی خێزانێکی هاوڕەگەزخوازی دوو-پیاو یان دوو-ژندا گەورە دەبن، بەراورد بەو منداڵانەی لە خێزانێکی ئاساییدا پێ دەگەن؛ چۆنن؟ باشە دەگونجێت ئەو منداڵانە لە دەرهاویشتە دەروونی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییە مەترسیدارەکان، بە ساغی و بێوەیی دەربچن؟

   چەند توێژینەوەیەک دەریانخستووە؛ ئەو منداڵانەی لە خێزانێکی هاوڕەگەزخوازی دوو-پیاویدا پێ دەگەن، لە ڕووی بەدەستهێنانی پلەی ئەکادیمی، مەیلی زایەندی و لایەنی سۆزدارییەوە، جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەتەک ئەو منداڵانەدا نییە، کە لە خێزانی ئاساییدا گەورە دەبن.

   بەڵێ، ئەو توێژینەوانەی ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی هاوڕەگەزخوازان وەک کارتی فشار بە کاری دەهێنن، لەپێناو ئەوەی مۆڵەتی پێکهێنانی خێزانیان پێ بدرێت، دەرەنجامەکانی بەو شێوەیە بوو کە باسمان کرد. کە وایە گرفتەکە لەکوێدایە؟!

وشهد شاهد من أهلها...2
یەکێک لەوانەی خۆی لەنێو خێزانێکی هاوڕەگەزخوازدا گەورە بووە، دێتە گۆ و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو!

   بۆ ئەوەی وەک خۆی لە دۆخی زارۆکە پێگەیشتووەکانی نێو خێزانە هاوڕەگەزخوازەکان تێ بگەین، با ئێستا تەنیا یەک نموونە وەربگرین:

   کاتی فاوست (Katy Faust)، ئەو ئافرەتەی لە خێزانێکی هاوڕەگەزخوازدا پەروەردە بووە، کە لە دوو ژن پێک هاتووە و بەبێ باوکی گەورە بووە، کەچی ئێستا خۆی سەرپەرشتیی هەڵمەتێک دەکات، لەپێناو پاراستنی ئەو منداڵانەی خاوەنی دوو دایکی هاوڕەگەزخوازن، بۆ ئەوەی بە دەست هەمان ئەو چارەنووسەوە نەناڵێنن، کە ئەم لە ڕابردوودا تووشی بووە!

   کاتی فاوست دەڵێت: «زۆر سەیرە، هەر سات دەمانەوێت لەمەڕ پێکهێنانی خێزانەوە توێژینەوە بکەین؛ هەموو زانایانی کۆمەڵناسی لەسەر سێ خاڵی گرینگ و سەرەکی کۆکن، بەتایبەت وەختێ باسی هاوڕەگەزخوازان هێشتا نەهێنراوەتە گۆڕێ:

   یەکەم: ئەو دایک و باوکانەی سرووشتی و بایۆلۆجیی نین، زیاتر کاتین و زووتر کۆتاییان پێ دێت، هاوزەمان لەچاو دایکان و باوکانی ئاساییدا، کات و وزە و ژیانیان کەمتر بۆ پەروەردەکرنی منداڵەکانیان تەرخان دەکەن، زۆر زیاتر لە خێزانی ئاساییش، بۆ زارۆکەکانیان جێی مەترسین!

   دووەم: کاتێک منداڵێک ڕووبەڕووی زەبرێکی دەروونیی خێزانی دەبێتەوە، بۆ نموونە؛ دایک یان باوکی لە دەست دەدات، بەدڵنیاییەوە ئەو زەبرە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کاریگەریی لەسەر منداڵەکە دەبێت.

   سێیەم: کۆمەڵناسان گشتیان لەسەر ئەو بۆچوونە تەبان، چ ژن و چ پیاو، هەر یەکێکیان بە شێوەیەکی جیاواز و تەواوکەر، ڕۆڵی کاریگەریان لە پەروەردەکردنی منداڵەکان و بەڕێوەبردنی خێزانەکەیاندا هەیە.

   تا ئەو حەلەی باسوخواسی خێزانە هاوڕەگەزخوازەکان نەهێنراوەتە کایەوە، تەواوی ئەم قسانە دروست و زانستین و لەنێوان کۆمەڵناساندا، جێگای مشتومڕ و جیاوازی نین؛ بەڵام وەختێ دێینە سەر باسی ئەو خێزانانەی لە هەمان ڕەگەز پێک هاتوون و توێژینەوەیان لەبارەوە دەخەینە ڕوو، لەپڕ گشت شتێک گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و خێرا گشت منداڵەکان هەست بە چاکی دەکەن و هیچ عەیبێکیان نامێنێت!

   ئێستا پرسیارەکەی من ئەوەیە: ئایا تۆیش وا هەست ناکەیت ئەمەی هاوڕەگەزخوازان بۆیە بەم شێوەیە دەردەچێت، چون ئەو توێژینەوانەی لەو بارەیەوە بڵاو دەکرێنەوە، نموونەی هەڕەمەکیی بۆ لێکۆڵێنەوەکانیان هەڵنابژێرن و خۆیان بە ئەنقەست، چییان بەدڵ بێت، ئەوە دەکەنە نموونە و زۆر بە تۆخی، ئاڕاستەکراوی و لایەنگری و ساختەکارییان -لە بەرژەوەندیی لۆبییەکانی هاوڕەگەزخوازاندا- پێوە دیارە؟!»

   کاتی فاوست وردتر دەپەیڤێت و دەڵێت: «کەموکوڕی و ناتەواویی ئەو توێژینەوە زانستییانە یەکلا بوونەتەوە، کە بانگەشەی نەبوونی جیاوازیی -پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی- لە منداڵانی پەروەردەبووی دەستی خێزانە هاوڕەگەزخوازەکاندا دەکەن؛ بەڵکو بە نزیکەیی لە گشت حاڵەتەکاندا، نووسەرانی ئەو توێژینەوانە خۆیان، ددانیان بە کەموکوڕیی توێژینەوەکانیاندا ناوە، بەڵام مەگەر بە دەگمەن، دەنا دەزگاکانی ڕاگەیاندن هیچ یەکێک لەم کێمایەسییە زانستییانە پەخش ناکەن.»

   هەروەها دەڵێت: «تەنانەت ئەو منداڵانەی توێژینەوەکانیان لەبارەوە دەکرێن و خۆیان دەبنە بابەتی لێکۆڵینەوە، کەسێک نییە بایەخ بە قسە و بۆچوونیان بدات‌.»

کەوایە منداڵان خۆیان چۆن لە بابەتەکە دەڕوانن؟
   توێژەرێک دەڵێت: «زۆربەی ئەو نموونانەی بۆ ئەم توێژینەوانە وەردەگیرێن و هەڵدەبژێردرێن، کۆمەڵێک ئافرەتی سپیپێستی دەوڵەمەندی خاوەنپارەی هاوڕەگەزخوازن، کە خۆیان لەبری منداڵەکانیان وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە و گوێ لە دەنگی منداڵەکانیان ناگیرێت!»

   منداڵ خۆی هەست بە کێشەکە ناکات، یان ناتوانێت وێنای شتێکی جیا لەوەی تێیدا گەورە بووە، بکات. ئاخر ئەو منداڵە کچ و کوڕانەی لە خێزانێکی هاوڕەگەزخوازدا گەورە دەبن، لە سەرەتاوە وایان تێ گەیاندوون؛ وەختێ دەچنە ماڵی هاوپۆل و هاوڕێکانیان و دایکێکی ژن و باوکێکی پیاو، جیاواز لەوەی خۆیان لێیەوە گەورە بوونە، دەبینن، هەرگیز تووشی سەرسووڕمان نەبن و ئەوە شتێکی تەواو ئاساییە، ئەگەر منداڵێک دایک یان باوکی نەبێت و هەردووکیان هاوڕەگەز بن، بەڵکو هەر ئەوەی ئەوان شێوەی خێزانێکی دروست و سرووشتییە!

   - منداڵێک: تۆ باوکت مردووە؟

   - منداڵەکەی تر: نەخێر، من باوکم نییە، هەرگیز نە باوکم هەبووە و نە لە داهاتوویشدا دەمبێت!

   باشە ئەگەر لەوانە بپرسین کە ئێستا خۆیان کەسانی پێگەیشتوون و لە خێزانێکی هاوڕەگەزخوازدا گەورە بوونە، چی دەڵێن؟!

   پرۆفیسۆر ڕۆبێرت لۆپێز3 لە زانستگای کالیفۆرنیا، ئەو کەسەی خۆی لە خانەوادەیەکی هاوڕەگەزخواز و لەژێر سایەی دوو ژندا گەورە بووە، بەم شێوەیە پەرسڤی پرسیارەکان دەداتەوە:
   - چۆن لە کەسێکی هاوڕەگەزخوازەوە گۆڕایت بۆ مرۆڤێکی ئاسایی و هاوسەرگریت لەتەک ئافرەتێکدا کرد و ئێستایش خاوەن منداڵیت؟!

   - ڕۆبێرت دەڵێت: «ئەو دەمەی هاوڕەگەزخواز بووم، لە ناخەوە دەمزانی شتێک لە ژیانمدا هەڵەیە. هەستم دەکرد هەوڵ دەدەم هەر بە زۆر خۆم ناچار بە کردنی کارێک بکەم، کەچی ئەو کارە لەتەک ویستی ناخ و داواکاریی دەروونمدا وێک نەدەهاتەوە، ئاخر من وەختێ قۆناغی تازەلاوییم تێپەڕاند و چوومە دەورانی بیست ساڵییەوە، خۆم وام دانابوو هاوڕەگەزخوازم، یان دەمویست هاوڕەگەزخواز بم و لای خۆمەوە دەمگوت؛ دەمەوێت لەتەک پیاوێکدا پێوەندی ببەستم، کەچی بەردەوام هەستم دەکرد، ئەوە شتێکی هەڵە و نامۆیە بە من‌. بە ڕوانین لەوەی جڤاک و دەوروبەر لە مێشکتی دەئاخنن، پێ دەچێت یەکسەر وا بزانیت، ئەو نامۆییەی تۆ هەستی پێ دەکەیت، زادەی حاڵەتی ترسان لە هاوڕەگەز (هۆمۆفۆبیا) بێت، یان گوایە لە سۆنگەی ئەوەوە بێت، تۆ خۆتت بەو شێوەیەی کە هەیت، قبووڵ نییە. بەڵام دواتر گەیشتم بەو بڕوایەی، ئەوەی من دۆخێکی تایبەتە، ئیتر چاوم بە ژنەکەم کەوت و خۆشم ویست؛ ئەویش کێشەی لەگەڵ ڕابردوومدا نەبوو. ئینجا لە خۆمم پرسی: باشە بۆچی خۆم بخەمە ناو ئەم جەنگە دەروونییەوە؟!»

   ڕۆبێرت لۆپێز لە نووسینەکەیدا دەڵێت: «ئەوەی لە خێزانێکی هاوڕەگەزخوازدا هەیە، ڕێک وەک پێوەندیی کۆیلایەتی وایە، کە هەردوو هاوڕەگەزخواز تێیدا ڕۆڵی ئاغا دەبینن و منداڵێک لە شێوەی کۆیلەدا دەکڕن، بۆ ئەوەی حەزەکانی خۆیانی پێ پڕ بکەنەوە.»

لەوەیە بڕێک لە خەڵکی وا بیر بکەنەوە، ئەمانە حاڵەتی تاکەکەسین، ئاخۆ نموونەی زیاتر و فراوانتر لەمەڕ هەمان بابەتەوە هەیە؟

   ساڵی 2016، کتێبێک لەبارەی گەورەبوون لە خێزانێکی هاوڕەگەزخواز و کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵان بڵاو کرایەوە4، کتێبەکە لێدوان و چیرۆکی حەفتا کەسی پێگەیشتووی پەروەردەبوو لە خێزانە هاوڕەگەخوازەکانی لە خۆ گرتبوو، کە زۆرێکیان چیرۆکی تراژیدی و بێزارکەر و ئازاردەر بوون، یەکێکیش لەوانەی ئەزموونە تاڵەکانی ژیانی خۆی لەو کتێبەدا تۆمار کردبوو؛ یەکێک لەو دوو کەسە بوو کە کتێبەکەیان نووسیبوو، ئەویش پرۆفیسۆر لۆپێز بوو.

   ئەو نووسەرەکەی تر، برێتنی کڵین5، ئەو ژنە بوو کە لە سێبەری دوو خاتوونی تردا گەورە بووبوو، خۆی بەم شێوەیە لەمەڕ هۆکاری نووسینی کتێبەکەیانەوە دەئاخڤێت: «ئێمە دەمانەوێت بەرپەرچی ئەو بانگەشەیەی بەرهەمهێنەرانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بدەینەوە کە دەڵێن؛ هیچ کێشەیەک لە بوونی دوو باوکی نێرینەدا نییە و وەک دایک و باوکی ڕاستەقینە وەهان، ئێمە دەڵێین: نەخێر، وا نییە! منداڵان مافی ئەوەیان هەیە، خاوەن دایک و باوکی خۆیان بن، بوونی دایک و باوکی ڕاستەقینەیش بۆ منداڵان زۆر پێویستە. ئاخر ئەوان وەها لە دایک بوون، بۆیە ئەگەر تۆ هەردەم بەوە بەڵگە و پاساوەکانت ڕیز دەکەیت گوایە بەو حەزەوە لە دایک بوویت، دەی با یەکەم جار لە منداڵانەوە دەست پێ بکەین، خۆ ئەوانیش بەو شێوەیە لە دایک بوونە، واتە لە دایک و باوکێکەوە پەیدا بوون.»

باوکدیارنەماو:
لە ساڵی 2008دا، توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر سێ نەوەی یەک جۆر قۆلانچە کە بەسەر سێ گرووپی جیاوازدا دابەش کرابوون، بڵاو کرایەوە:

   تاقمی یەکەمی قالۆنچەکان: لە سایەی دایک و باوکدا گەورە بووبوون.

   تاقمی دووەم: ئەمەیان لە باوک و باوکایەتی بێبەش کرابوون.

   تاقمی سێیەم: ئەمانیش لە دایکیان دابڕێنرابوون.

   لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکەیاندا توێژەران بەو ئەنجامە گەیشتن؛ وەختێ هەر یەکێکیان، چ باوک بێت یان دایک، لە نەوەکانیان دوور دەخرێنەوە، هیچ کامێکیان جێگای ئەوی دیکەی بۆ پڕ ناکرێتەوە و تەنیا دەتوانێت ئەو ڕۆڵە وازی بکات، کە پێشووتر بینیویەتی و بۆی دروست بووە!

   ئەمە لە دونیای قۆلانچەکاندا بەو شێوەیەیە، باشە تۆ بڵێیت ڕۆڵی باوک و دایک لە جیهانی مرۆڤەکاندا چلۆن بێت؟
   ساڵی 2010، گۆڤاری خێزان و هاوسەرگری، توێژینەوەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا بەو ئاکامە تەقییەوە؛ لە خێزانە هاوڕەگەزەکاندا، وەختێ هەردوولا لە ڕەگەزی نێرن، بێگومان یەکێکیان ڕۆڵی مێیینە دەگێڕێت؛ بەڵام ئەو حەلەی هەردوولا مێیینەن، شتاقیان ناتوانن ڕۆڵی باوک بگێڕن. سەرەنجام وێڕای ئەوەی منداڵ لەجیاتی تاقە دایکێک، خۆشەویستی لە دوو دایکەوە وەردەگرێت، بەڵام هەردەم وێنەی باوکی لا ون دەبێت! ئاخۆ ئەو وەختەی وێنەی باوک دیار نامێنێت، چی دەقەومێت؟

   ئەو کاتەی وێنەی باوک لە ژیانی منداڵێکدا گوم دەبێت، چەندان و چەندین ڕۆڵی گرینگ کە تەنیا باوک دەتوانێت بۆ منداڵەکانی بیانبینێت، لەکیس دەچن. هەر وەک دامەزرێنەری شیکاری دەروونی سیگمۆند فرۆید، دەڵێت: «ناتوانم بیر لە هیچ شتێکی پێویست بۆ منداڵ بکەمەوە، هێندەی پارێزگاریی باوکایەتی، بۆی گرینگ و پێویست و گەورە بێت.»

پرسیاری کۆتایی و چارەنووسساز: تۆ بڵێیت ئەم ڕێگایە کۆتاییەکی هەبێت؟
   کێشەکە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە بە ڕوونی دەستی پێ کرد، ئەو کاتەی هاوڕەگەزبازان بەردەوام دەهاتنە سەر شەقامەکان و داوای لابردنی مەیلی هاوڕەگەزخوازییان لە کتێبی ئامار و دەستنیشانکردنی حاڵەتە دەروونی و ئاوەزییەکاندا6 دەکرد؛ ئەوە بوو لە ساڵی 1973دا، ئامانجی یەکەمیان پێکا و داخوازییەکەیان جێبەجێ کرا، ئیدی دوای ئەوە، داخوازییان نەدەبڕایەوە و ئەم داوایان بۆ جێبەجێ دەکردن، ئەوی دی لەولاوە سەری دەردەهێنا. تاقە بیانوویشیان بۆ تەواوی داخوازییەکانیان هەمیشە پاڵنەری خۆشەویستی بوو!

   ئەوانەی لەگەڵ هاوڕەگەزخوازیدا نەبوون و دژ بە بڕیارە سەیروسەمەرەکانی وڵات بوون، هاتنە سەر شەقام و هەمان دروشمی ئەوانیان بەرز کردەوە و گوتیان: ئێمەیش تەنیا هەمان دروشمی ئەوان بە کار دەهێنین؛ لەبەر ئەوەی گشت جۆرێک خۆشەویستی وەک یەکە، کە وایە منیش دەمەوێت تەک منداڵەکەی خۆمدا هاوسەرگری بکەم! لەنێو خۆپیشاندەراندا پیاوێک گوتی: «ئەگەر قەرار بێت مافی هاوسەرگری بە هاوڕەگەزخوازان بدرێت، باشە بۆ ڕێگە بە فرەژنی نادەن؟ بۆ ناهێڵن سێکس لەتەک ئاژەڵاندا بکەین؟ ئەم ڕێگایەی ئێوە بە کوێمان دەگەیەنێت؟»

   ئەو پیاوە خاڵێکی زۆر بایەخداری ورووژاند؛ ئاخر چ بخوازین یان نا، باوترین شێوازی هاوسەرگری لە دیرۆکی مرۆڤایەتیدا، فرەژنی بووە. بەڵکو لە سۆنگەی لایەنی توێکاری و بونیادی جەستەییشەوە، نێرینە ئامادەیی فرەژنی تێدا چێنراوە، بە پێچەوانەی پێکهاتەی توێکاری و ئەرکی جەستەیی مێیینەی مرۆڤەوە، چون هەمان تایبەتمەندی لە ئەودا نەخولقێنراوە. سەرەڕای ئەمانە، کەچی جڤاکی ڕۆژاوایی لە ڕێگای سەپاندنی قانوونە یەک لە دوای یەکەکانیانەوە، ئەزموونکردنی ئەم ئازادییە سروشتییەیان -لە ڕوانگەی مرۆناسییەوە- لە ئادەمیزاد زەوت کردووە. تەنانەت ئەگەر هەردوولایش پێکەوە بسازێن، هێشتا ڕێگە نادەن و دەستبردن بۆ ژنی دووەم، وەک بڤە وایە!

   وا دیارە یاساکانی ئادەمیزاد هەوڵی ئەوە دەدەن، بە پێچەوانەی یاسا سروشتییەکانەوە کار بکەن!

   ئایا ئەمە جۆرێکە لە یاخیبوون بەرانبەر ئەوەی خودا بڕیاری لەسەر داوە؟

   ئەگەر هاوڕەگەزخوازی، مافێکی سەرەتایی یەک بە یەکی مرۆڤەکان و ڕەفتارێکی ئاسایی ئادەمیزاد و مەیلێکی سروشتیی ئاژەڵان و حەزێکی ئەزموونکراوی لەمێژینەی مرۆڤ بێت، وەک هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن؛ دەی کێشە نابێت ئەگەر زۆربەی خەڵکی هەمان حەز پێڕەو بکەن! بەڵکو ئەگەر سەرپاکی ئادەمیزاد ببنە هاوڕەگەزخواز، هیچ گرفتێک بەرۆکیان ناگرێت! وا نییە؟!

   ئایا مرۆڤ ئازادە لەوەی، خۆی و ئەوانی تریش تووشی دەیان دەردی جەستەیی و دەروونی بکات، بۆ ئەوەی هەر ڕۆژەو زەمینە و تایبەتمەندییەکی نوێ بە دەست بهێنێت، ئینجا منداڵانی بێتاوانیش بە زۆرەملێ بئاخنێتە نێو هەمان بازنەی چەشتنی تاڵاوەکانەوە؟

   تۆ بڵێیت بەم زووانە پێویستمان بەوە نەبێت، هەوڵ بۆ پاراستنی شێوازە کلاسیکییەکەی پێکهاتەی خێزان بدەین، کە خۆی لە دایک و باوکدا دەبینییەوە؟!

   ئاخۆ ئادەمیزاد سەربەستە لەوەی ڕەفتار و هەڵسوکەوتێک بۆ خەڵکی بکات بە یاسا، ئەگەر زۆرینەی خەڵکی پیادەی بکەن، ژمارەی لەدایکبوون هێدی هێدی کەم بکاتەوە و کار بگەیەنێت بەوەی، بەشەکانی کۆتایی ڕەچەڵەکی مرۆڤایەتی بنووسرێنەوە؟

   باشە ئادەمیزاد تا ئەو ڕادەیەیش سەربەستە، ڕەگەمای خۆی لەناو بدات؟!

   خودای دلۆڤان دەفەرمووێت: ﴿ يُرِيدُ اللَّهُ لِيُبَيِّنَ لَكُمْ وَيَهْدِيَكُمْ سُنَنَ الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ وَيَتُوبَ عَلَيْكُمْ ۗ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ (26) وَاللَّهُ يُرِيدُ أَن يَتُوبَ عَلَيْكُمْ وَيُرِيدُ الَّذِينَ يَتَّبِعُونَ الشَّهَوَاتِ أَن تَمِيلُوا مَيْلًا عَظِيمًا (27) يُرِيدُ اللَّهُ أَن يُخَفِّفَ عَنكُمْ ۚ وَخُلِقَ الْإِنسَانُ ضَعِيفًا (28): خودا دەیەوێت هەموو شتێکتان بۆ ڕوون بکاتەوە و بۆ یاسا و بەرنامە ڕەوانەکراوەکانی پێش خۆتان، ڕێنموونیتان بکات و تەوبە و پەشیمانیتان لێ وەربگرێت، بێگومان خودا زانا و دانایە؛ خودا دەیەوێت گەڕانەوەتان لێ قبووڵ بکات و لە هەڵەکانتان ببوورێت، کەچی ئەوانەی شوێن حەز و ئارەزوو کەوتوون، دەیانەوێت زۆر سامناک و بەتەواوی لە ڕێگای ڕاست لاتان بدەن، خودا دەیەوێت بارتان سووک و کارتان ئاسان بکات، لە حاڵێکدا ئادەمیزاد لاواز ئافرێنراوە.﴾ (النساء)




سەرنجێک: خوێنەری هێژا، هیوادارم ئەم بابەتانەی لەسەر باسی هاوڕەگەزخوازی لە سایتی هاوسانییەوە بڵاو دەكرێنەوە، سوودیان لێ ببینیت، ویستم ئەوەت پێ ڕابگەیەنم، تەواوی ئەم بابەتانە خۆیان لە شێوەی ڤیدیۆی دۆكیومێنتاریدا لە كەناڵی یوتیوبی ڕەواسیخەوە پەخش كراون، بۆیە لە هێندێك جێگەدا ناچار بوومە، مشتوماڵێكی بدەم و مەبەستەكە بە نووسین بە تۆی ئازیز بگەیەنم. خوا یار بێت، جگە لەم سێ بەشەی ڕابورد، دوو بەشی دیكە و وردە نووسینی زانستيی تر لەو بارەیەوە ماون، ئیشەڵا هەوڵ دەدەم بۆتانی بخەمە ڕوو.

1. CDC: Centers for disease control and prevention.

2. مەبەست لەو ئایەتەی سوورەتی یووسفە، وەختێ خودای گەورە باسی شایەتیدانی كەسێك دەكات، كە خۆی لە بنەماڵەی زوڵەیخایە و كەچی لە بەرژەوەندیی پەیامبەر یووسف، شایەتیی حەق دەدات.

3. Robert Oscar Lopez

4. كتێبەكە لەژێر ناونیشانی (Jephthah’s Children: The Innocent Casualties of Same-Sex Parenting)دا بڵاو كراوەتەوە.

5. Brittany Klein

6. DSM: Diagnostic and Statistical Manual of Mental Disorders.

فیکر
2020-12-15 کۆمێنت 793 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی