فەرهەنگنووسی لە کوردستان شێتییە

فیکر 2020-12-01 کۆمێنت 2371 جار بینراوە

دیمانەی سایتی وشە لەگەڵ ماجد مەردۆخ ڕۆحانیدا

 
- دوا کاری ئێوە نووسینی فەرهەنگی زانستگای کوردستان بوو کە لە چوار بەرگدا، بە سێهەزار و 136 لاپەڕە لە چاپ درا. چاپی دووهه‌می ئەو فەرهەنگە، نزیک به سه‌دهه‌زار وشەی کوردیی شی کردووەتەوە. فەرهەنگەکانی پێشووتر کە چاپ بوون، ئەو تایبەتمەندییانەیان نەبووە کە هاوواتا و ڕاڤەکردن و چۆنیەتیی بەکارهێنانی وشەکە و تەنانەت هێنانەوەی نموونە لە دەقێکی ئەدەبی یان فۆلکلۆرییشیان تێدا بێت. نووسینی ئەو فەرهەنگە چەندی پێ چووه و ئامادەکردنی بە چ شێوەیەک بوو؟

فەرهەنگی چواربەرگیی کوردی بە کوردیی زانستگای کوردستان، هاوواتای فارسییشی لەگەڵ دانراوە، بۆ ئەوەی زۆربەی کوردی ڕۆژهەڵات -بە داخەوە- کوردی نازانین یان ئەگەر بڵێین هەندێک کوردی فێر بووین، دیسان فارسیمان زۆر باشترە لە کوردییەکەمان. بەڵکو ئەو هاوواتا فارسییە بتوانێ ئاسانکارییەک بێت. ئەو فەرهەنگە دوای فەرهەنگی سێبەرگیی فارسی بە کوردی چاپ کرا. واتا زانیاری و فایلی فەرهەنگە سێبەرگییەکەمان لە بەردەست بوو. بەشێکی کەڵکمان لەو فەرهەنگە وەرگرت. واتا فارسی بە کوردییەکە هەڵگەڕێنینەوە و کوردییەکە بخەینە پێشەوە کە هەر وشەیەکی کوردی، خۆی زۆرێک هاوواتای کوردیی هەیە کە بۆ زانیارییەکانی فەرهەنگێکی کوردی بە کوردی زۆر پێویستن. دواتر فەرهەنگی هەنبانە بۆرینەمان جارێکی تر پشکنییەوە. لە ماوەی ئامادەکردنی فەرهەنگەکەدا، من لە زانستگای کوردستان لەگەڵ قوتابییەکان پێوەندییەکی زۆر قووڵم هەبوو کە نزیکەی 250 کەس بوون و هەر کام لە وڵات و ناوچەی خۆیان چییان دەست بکەوتایە، بۆیان دەهێنامەوە، ئاماژەم بە ناوی هەمووان کردووە لە فەرهەنگەکەدا. ئەوە گەنجینەی کارەکەمانی وەک لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی قووڵتر کردەوە، بەڵام لە سەرووی هەموو ئەوانەوە، وەک کارێکی زانستی لە دووی ئەوە بووین کە فەرهەنگەکە سەردەمی و زانستی بێت. واتا لە بواری تایبەتمەندییەکانەوە بتوانێت بە هەڵسەنگاندنی فەرهەنگنووسێکی بۆ نموونە ئەورووپایی، پێناسەی فەرهەنگ وەربگرێت.

- لە پێشەکیی فەرهەنگەکەدا ئاماژەت بەوە داوە کە سوودتان لە ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی وەرگرتووە، مەبەستتان لەو ڕێنووسە یەکگرتووە، هەمان ئەو ڕێنووسەیە کە ئاکادیمیای کوردی لەسەری ڕێک کەوتوون یان چ ڕێنووسێکە؟

مەبەستمان ئەوە ڕێنووسەیە کە زۆربەی زۆری نووسەرانی کورد کە بە خه‌تی عەرەبی یان ئارامی دەنووسن، لەسەری ڕێک کەوتوون، بەڵام وردە جیاکاری و جیاوازییەکیان تێدایە کە باس لەوە دەکەن کامە وشە ئەگەر بەو شێوەیە بنووسرێت لەگەڵ زمانەکە جوانتر یەک دەگرێتەوە، هەرچەند ئەکادیمیای کوردییش بۆ ڕێنووسی یەکگرتوو کتێبێکی چاپ کرد و هەر ئەوکات د. ئازاد ئەحمەد بە منیشی دا بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی خۆمی لەسەر بنووسم، ئەوکات دەوری هەزار و 500 خاڵم تێدا دیتەوە کە تێبینیم لەسەریان هەبوو. کە پێم دانەوە ئیتر نەمبینی ژمارەی تازەی لێ چاپ بکەن و ئەو وردە کێشانەی تێدا نەهێڵن، بەڵام ئەو ڕێنووسەی ئەکادیمیای کوردییشم لە بەرچاو بووە لە فەرهەنگەکەدا. واتا ئەو ڕێنووسەمان بەکار هێناوە کە زۆربەی زۆری نووسەرانی زمانی کوردی، زاری ناوەڕاست، بەکاری دەهێنن.

- باست لەوە کرد کە هەوڵتان داوە ئەو فەرهەنگە بە ستانداردێک بنووسن، ئەگەر بدرێتە فەرهەنگنووسێکی ئەکادیمیی ئەورووپایی، بە فەرهەنگێکی زانستی و سەردەمییانە پێناسەی بکات. ئەو تایبەتمەندییانە چین کە بۆ نووسینەوەی فەرهەنگێکی زانستی و سەردەمی دەبێت ڕەچاو بکرێن؟

پرسیارەکەم لا پەسندە، لەبەر ئەوەی لەو سەردەمەدا کە زانستەکان گەشەیان کردووە و هەر کەسەو لە زانستێکدا قووڵ بووەتەوە، لە لقی زمانناسی، لە بەشی فەرهەنگنووسیدا، کەم کەسی وا هەیە بیری لەوە کردبێتەوە، دەبێ فەرهەنگێکی زانستی چۆناوچۆن بێت. ئێمە بەو جۆرەی پێی ڕاهاتووین، وشەیەک دەنووسین و لە بەرانبەریدا وشەیەکی هاوواتا دادەنێین و دوور نییە شتێکی کورتیش لەبارەیەوە بنووسین و ناوی بنێین فەرهەنگ! بۆ نموونە کراس، لە بەرانبەری دەنووسرێ ئەو شتەیە کە دەکرێتە بەر و ئەوە دەبێت بە وشەیەک و تەواو! ئەوە لێمایەک یان سەرواژەیەک یان بە عەرەبی کە دەڵێن «مەدخەل»ێک و ئینجا بچین بزانین پێڵاو چییە. پێڵاو کەوشە! و ئەوەش دیسان وشەیەکی تر و تەواو دەبێت، لە حاڵیکدا لە فەرهەنگی زانستیدا، دەزانین فەرهەنگنووسی لقێکە لە زمانناسی کە زمانناسی ئێستە خۆی چووەتە ڕیزی زانستەکانەوە، زانست بە مانای «science» واتا زانستێکی ئەکادیمی. شتێک کە دەبێ لە فەرهەنگی وشەدا لە بەرچاو بێت، ئەوەیە کە ئەگەر وشەیەک دەبێت بە سەرواژە یان لێما، دەبێ ناسنامەی هەبێت، ناسنامە بریتییە لە چەند تایبەتمەندی، یەکەم لە باری فۆنۆلۆژی، واتا دەنگناسییەوە، پێویستە دیاری بکرێت کە چۆن دەخوێنرێتەوە، بۆ نموونە لە زمانی ئینگلیزیدا وشە بە جۆرێک دەنووسرێ، بەڵام بە جۆرێکی تر دەخوێنرێتەوە، من ئەگەر نموونەیەک لە کوردی بهێنمەوە، ئێمە دەڵێین قانگەلاشک، ئەو وشەیە بۆ کەسێک کە بیخوێنێتەوە و وای دابنێین کوردی نازانێت، ئەوە ئەگەر بە «قانگەلا-شک»ی خوێندەوە، چار چییە؟ چۆن ئەو دووە لە یەک جیا دەکرێنەوە، «قانگەلاشک»ەکە ڕاستە یان «قانگەلا-شک»؟ ئەوە فۆنۆلۆژییە دەریدەخات کە خوێندنەوەی بە چ شێوەیەکە. واتا یەکەم دێڕ لە ناسنامەی وشەدا ئەوەیە کە لە بواری دەنگناسییه‌وه بزانی چۆن دەخوێنرێتەوە؟ جیاوازیی لەگەڵ نووسینەکەیدا چییە؟ دووەم بواری ڕێزمانییە. دەبێ بۆمان دەرکەوێ پێگەی ئەو وشەیە لە بواری ڕێزمانییەوە چییە؟ ئاخۆ ناوە؟ ئاوەڵناوە؟ ئاوەڵکارە؟ یان چاوگە؟ یان... ئەوەش خۆی بەشێکی زۆر بەرچاوە لە ناسنامەی وشەدا. زۆر وشەمان هەیە کە دەتوانێ هەم ناو بێت، هەم ئاوەڵناو و هەمیش ئاوەڵکار، تۆ لێرەدا دەبێ ڕستەیەکی بۆ بهێنیتەوە کە دەرکەوێ کام یەک لەوانەیە. ئینجا بەشێکی تری ئەوەیە کە تۆ دەبێ لەو فەرهەنگەدا هاوواتا بۆ وشەکە بدۆزیتەوە، ئەو هاوواتایە بۆ کەسێکە کە دەیهەوێ بزانێت ئەو وشەیە لە باری ماناییەوە چۆنە و چەندە سێبەری هەیە، چەند وشەی تر دەتوانێ لەگەڵ خۆی هاوبەش بکات. هەندێک وشە هەیە کە وەک ناو دەتوانن چەند مانا لە خۆ بگرن. تۆ دەبێ ئەو مانایانە لە یەک جیا بکەیتەوە، ئەوەش دیسان لە بواری فەرهەنگنووسییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. وەک نموونە، وشەی «باز» لەو فەرهەنگە چواربەرگییەدا، وەک ناو، شەش مانای بۆ دۆزراوەتەوە، یەکەمیان ئەوەی مەلێکی ڕاوچییە، مانایەکی تری قەڵبازە، دەڵێ «بازێکی برد» «دا» واتا کاری هەڵبەزینە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، مانایەکی تری ڕێگەی ناسراوە، ئەو گۆرانییە هەیە دەڵێ بازی بێرییان، واتا ڕێگەی ناسراوی بێرییان. ئه‌مجار باز وه‌کوو ئاوه‌ڵناو، یه‌که‌م کراوه‌یه، وه‌ک دەڵێ: «ده‌رگاکه باز بوو»، دووهه‌م به مانای «ناوچاوان سپی» یان «بازگ». پاشان وه‌کوو ئاوه‌‌ڵکار، به مانای «دیسان». سه‌ره‌نجام وه‌کوو پاشه‌وشه، پێنج واتای هه‌یه و چەندان مانای تر کە هێنانەوەی ئەوانە لە تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگن، بەڵام تۆ بڵێی ئێمە تا ئێستە کاری لەو شێوەیەمان کردبێت؟
کە بواری مانایی وشەت دەرخست، ئینجا دەبێ لێکدراوی ناوی و لێکدراوی کاری لە وشەدا بدۆزیتەوە. بۆ نموونە هەر بۆ وشەی باز لێکدراوی کاریمان هەیە، وەک بازبردن، بازبەستن، بازدان... دۆزینەوەی ئەو لێکدراوانە زۆر گرنگە و دەبێ بۆ دانانی فەرهەنگێک لە بەرچاومان بێت، ئەوە دەریدەخات کە وشەیەک جێگە و پێگەی لە زماندا چییە، ئەگەر هەر بەوە ڕازی بووی کە وشەیەک بهێنی و هاوواتایەکی بۆ دابنێیت، ئەوە نابێت بە فەرهەنگ، ئەوە وشەدانە و جێگە و پێگەی وشە لە زمانەکەماندا دەرناخات، هەر لە بواری ڕێزمانییەوە وشەی «پڕ» دەتوانێ وەک ناو هەڵمەت بێت، دەڵێ پڕی پێدا کرد، لێرەدا دەبێت بە ناو، بەڵام وەک ئاوەڵناو دەڵێی گیرفانت پڕ کە، وەک ئاوەڵکار بیستوومانە لە کوردیدا دەڵێن پڕ خۆشە، دەشێ ئەو وشەیە ئامراز بێت، دەڵێی پڕ گیرفانم نابێت و... ئەوانەن ناسنامەی وشەمان بۆ دەردەخەن. ئینجا ئەگەر توانیت بۆ هەر یەک لەو بارە ڕێزمانییانە شایەتێک بهێنیتەوە، بۆ نموونە لە پەخشان و شیعری شاعیران وێنە پەیدا بکەی و بۆی دابنێی، یان خۆت ڕستەیەک دروست بکەی کە ئەو وشەیەی تێدا بێت، ئەوە دەبێتە نموونە، واتا تۆ ئەگەر بۆ وشەیەک چەند مانات هێناوە، دەبێ بۆ هەر کامیان شایەت یان نموونەیەک بهێنیتەوە بۆ ئەوەی خوێنەر لێی تێبگات.

- کۆی ئەو خاڵانەی ئاماژەت پێ دا، لە فەرهەنگی زانستگای کوردستاندا ڕەچاو کراوە، بەڵام پێت وایە چەند فەرهەنگی تر هەیە لە کوردستان کە توانیبێتیان ئەو تایبەتمەندییانە ڕەچاو بکەن؟

من تا ئێستە نەمدیوە هیچ فەرهەنگێک نووسرابێت و ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا ڕەچاو کرابێت، یان ئەگەر هەشبێت، لە ڕاستیدا بەر چاوی من نەکەوتووە. فەرهەنگی مامۆستا زەبیحی، ئەلفەکەی لەگەڵ بەشێکی بچووک لە «ب»ەکەی کە دەرچوو، زۆر باش ڕەچاوی ئەو خاڵانە کرابوو کە 40 ساڵ پێش ئێستە بۆ فەرهەنگێک پێویست بوون، بەڵام بۆ ئێستە ئێمه ئەو فەرهەنگە چواربەرگییەی زانستگای کوردستانمان بە هەموو ئەو تایبەتمەندییە ئاکادیمی و سەردەمییانە‌وه خستووەتە بەردەستی خوێنەری کورد.

- تا ئێستە لەو فەرهەنگانەی بە کوردی چاپ کراون، بە فەرهەنگی زانستگای کوردستانی ئێوەشەوە، ئاوڕ لە ڕیشەی وشەکان نەدراوەتەوە. بۆ نموونە دەنووسن داڵاهوو، لە بەرانبەری نووسراوە ناوی شاخێکە لە کرماشان. ڕیشەی وشەکە لە چییەوە هاتووە؟ بۆ نموونە هەندێک ناوی تر هەیە وەک کێوەڕەش، ئەوە خۆی دیارە ماناکەی چییە، بەڵام خۆ خوێنەری کورد دەبێ بزانێ مانا و ڕیشەی وشەی داڵاهوو چییە و لە کوێوە هاتووە، بۆچی ئەوە نەکراوە؟

جارێ ئه‌وه‌نده‌مان له بیر بێ که ناوی شوێن و که‌س، جێگای له فه‌رهه‌نگی ناوه‌کان (اعلام)دایه. ئه‌مجار فەرهەنگی ڕیشە بۆ خۆی فەرهەنگێکی سەربەخۆیە و ڕیشە لە بواری فەرهەنگنووسیدا دەبێتە دوو لق: لقێک سەبارەت بەوەی ئەو وشەیە لە کوێوە هاتووە، لە بنەڕەتدا وشەکە یۆنانییە؟ فڕەنسییە؟ عەرەبییە؟ سامی و حامییە؟ ئالتائیغوورییه؟ دووەم ئەوەی کە بۆچی وای پێ دەڵێن و ماناکەی چییە؟ بۆ نموونە شوێنێک ناوی بەردەڕەشە، ئەگەر سەیر دەکەی بەردەکانی ڕەشن و هەر بۆیە ئەو ناوەی لێ نراوە. یان سوورەبەرد گوندێکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان بیجاڕ و زەنجان. سوهرەوەردی مەبەست هەمان سوورەبەردی بووە. کەوابوو شێخ شەهابی سوهرەوەردی و هەموو سوهرەوەردییە گەورەکان دیارە کورد بوون و خەڵکی سوورەبەرد بوون. بۆیە لە ڕاستیدا فەرهەنگی ڕیشەناسی خۆی فەرهەنگێکی جیاواز و تایبەتە. بۆیە شەرت نییە ئەگەر فەرهەنگێکی وشەت نووسی، ڕیشەناسیی وشەکانیشت لەناویدا دانابێت. زۆربەی زۆری فەرهەنگە ڕۆژئاواییەکانیش دایاننەناوە. بەڵام ئێستە ئێمە لە زمانی ئینگلیزیدا فەرهەنگی ئۆکسفۆردمان هه‌یه، تایبه‌ت به ڕیشەی وشه. ئەو کارە بۆ زمانی کوردی یەکجار کارێکی قورس و سەخڵەتە و دیاره نەشکراوه. ئێمەش قەت جارێ بەو دەسەڵاتە یەکجار کەمەوە، کاری لەو شێوەمان پێ ناکرێت، لەبەر ئەوەی هەندێک وشە هەیە دەڵێین ئەوە برکییه، ئه‌وه فارسییە و ئەوەیان کوردییە. ئاڵۆزییەک دروست بووە سه‌یر و سه‌مه‌ره. ڕەنگە وشەیە‌ک لە بنەڕەتدا کوردی بووبێت و بۆ نموونە فارس بردبێتی و هەندێک ئاڵوگۆڕی تێدا کردبێت و دواتر هەر کوردەکە ئەو وشەیەی لە فارسەکەوە وەرگرتبێتەوە و هێنابێتییەوە ناو زمانی کوردی! بۆیە ئەوە کارێکی یەکجار ورد و بەربڵاوە و لە هەمان کاتدا کارێکی سەربەخۆیە.

- ئێوە لە فەرهەنگی زانستگای کوردستاندا، وشەکانتان بە لاتینییش لە تەنیشتی نووسیوە، چ مەبەستێکتان هەبووە لە نووسینەوەی وشەکان بە لاتینی؟

وه‌ک گوتمان، زۆر پێویستە لە بواری فۆنۆلۆژییەوە چۆنیەتیی خوێندنەوەی وشەکانمان لە بەرچاو بێت. بۆ نموونە ئەگەر لە ئینگلیزیدا Window نووسراوە، ئەوا بە وینده‌و دەخوێنرێتەوە. فۆنەتیکی وشه‌که دەریدەخات کە وشەکە چۆن دەخوێنرێتەوە. ئێمه له فه‌رهه‌نگه فارسی-کوردییه‌که‌دا، ئه‌وه‌مان کردووه، بەڵام بۆ فەرهەنگه کوردی بە کوردییەکە لە جێی ئەو بارە فۆنۆلۆژیکییە، لاتینییەکەیمان دانا و چەند ئامانجێکمان هەبوو لەو کارە: یەکەم ئەوەی کە بە داخەوە ئێمە‌ی کورد، به‌شێکمان به خه‌تی لاتین ده‌نووسین و به‌شێک بە عەرەبی. ئەوەش بووە بە کەنداڵێکی گەورە لە نێوان دوو زاری کوردیدا. ئەوەی باکوورییە و لە تورکیا دەژی، بە ڕێنووسی تورکی فێری زمانی کوردی بووە، هەر وەک ئێمەش بە ڕێنووسی عەرەبی و فارسی فێری زمانی کوردی بووین. واتا ئەگەر بە لاتین نووسرابێت، بۆ زۆرێکمان ناخوێنرێتەوە و ئەگەریش بە عەرەبی نووسرابێت، بۆ زۆرێک لەوان ناخوێنرێتەوە. ئێمه لە جێی فۆنۆلۆژی، هاتین بە ڕێنووسی لاتین بەرانبەری وشەکانمان نووسی، کە دەتوانێ خۆی هەوڵێک بێ بۆ ئەوەی نزیکمان بکاتەوە لە یەکتر و بتوانین جوانتر لە یەک تێبگەین. لە بواری فۆنۆلۆژییشەوە زۆر گرفتی نابێت، لەبەر ئەوەی بە لاتینەکە تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر خوێندن و نووسینەکە وەک یەکە. ئێمە لە عەرەبیدا گرفتمان بە تایبەت لە دەنگدارەکاندا هەیە، واومان هەیە کپە و هەشمانە دەنگدارە، «ی»مان هەیە بە هەمان شێوە، ئەوە کێشەی زۆری بۆ دروست کردووین. بەڵام لە لاتینەکە‌دا وا نییە، «ی»ی کپ «Y»یە و «ی»ی دەنگدار «E»یە کە ئەویش ئەگەر وەک فەتحەی عەرەبی بەکار چووبێت، «e»یە و ئەگەر قورس بوو هەشتێکی لەسەرە. ئەو کێشانە لە لاتینیدا چارەسەر بوون. بۆیە بیرمان کردەوە لاتینەکە تا ئاستێکی بەرچاو دەستکەوتێکی زیاتری دەبێت.

- تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگێکی سەردەممان تاوتوێ کرد، بەڵام بارودۆخی سەردەمیش دەبێ لە بەرچاو بگرین. ئەگەر سەیر بکەین، دنیا بە خێرایی بەرەو بەدیجیتاڵبوون دەڕوات. ئێمە نەمانتوانیوە تا ئێستە لە ڕووی نەرمئامێرەکان و فەرهەنگی ئۆنلاینەوە هیچ گەشەیەک بکەین. پێت وا نییە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە، ئەو فەرهەنگانە تەنیا لە چوارچێوەی کتێب و کاغەزدا نەمێننەوە و بە دیجیتاڵ بکرێن و بخرێنە خزمەت نەوەی تازەوە کە ئێستە خوێندنیشیان بە شێوەی ئۆنلاینە، بە هۆی ئەو بارودۆخە تایبەتەوەی هاتووەتە پێش؟

ئەو بەدیجیتاڵبوونە، لە بوارەکانی فەرهەنگنووسی و زمان و ئەدەبیاتەوە چەندە پێویستە، ئەوەندەش ئازادی و دیموکراسیمان پێویستە، بەڵام ئەوەش هەر وەک ئازادییەکە دەست نادات و دوورە لێمان.
قسه‌یه‌کی خۆش:
نادرشای ئه‌فشار، سه‌رده‌می خۆی، خاوه‌ن دەسەڵاتێکی بەرفراوان بوو، هیندستان و چەندان شوێنی تری گرتبوو. هۆزێک بەرهەڵەستی بوونه‌وه، زۆر بە ناقابیلی یەکێک لە ئەفسەرەکانی نارد و گوتی بڕۆ سەرکوتیان بکە! ئەفسەرەکە چوو بۆ شەڕ و هۆزەکە زۆر بە خراپی سوپاکەیان شکاند. نیوەی سەربازی کوژران و نیوەی تری بە برینداری گەڕاوە. نادرشا چووە سەر ئەفسەرەکە کە ئەویش بریندار بوو، گوتی دا پێم بڵێ بۆچی ئاوا شکان؟ هۆکار چی بوو؟ گوتی گەورەم بە هەزار و یەک هۆکار! نادرشا گوتی گاڵتەم پێ دەکەی؟ سوێند دەخۆم ئەگەر هه‌ر ئێستە هەزار و یەک هۆکارم بۆ ڕیز نەکەی، دەتکوژم! گوتی قوربان یەکەم هۆکار ئەوەی کە بارووتەکانمان شێی گرتبوو. نادرشا هەندێک تێڕاما و گوتی به‌سه! هەزار هۆکاری تر لە بن ئەو هۆکارە جێیان دەبێتەوە! ئێمەش بەدیجیتاڵنەبوونی فەرهەنگەکانمان ئەگەر بڵێین بە هەزار و یەک هۆکارە، هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە لە وڵاتە دواکەوتووەکانی وەک ئێران و عێراق، هیچ یاسایەک بۆ کۆپیڕایت نییە. لە تورکیا بەو شێوەیە نییە و یاسای کۆپیڕایت بە باشی جێکەوتووە، بەڵام لە وڵاتی ئێمە، دێنن ویندۆز کۆپی دەکەن! واتا لەبری ئەوەی 400 دۆلار بۆ ویندۆزێکی بۆ نموونە 10 بدات، تاقە دینارێک لە باشوور و لە ڕۆژهەڵات یەک تمەن نادات! هەموو نەرمئامێرەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵات بەخۆڕاییە! ئێستە ئێمە 10 ساڵ سەرقاڵ بووین تا ئەو فەرهەنگەمان بەرهەم هێناوە و خەرجییەکی یەکجار زۆرمان هەبووە. ئینجا شوێنێکی وەک زانستگای کوردستان ڕازی بکە بەڵکو بۆت چاپ بکات و تێی بگەیەنە ئەگەر بۆ نموونە هەزار دانەی لێ فرۆشرا، پارەکەتان بۆ دەگەڕێتەوە و قازانجیش دەکەن، بەڵام ئەگەر بە دیجیتاڵت کرد، خەڵک دێن بەبێ ئەوەی تمەنێک بدەن، دایدەگرن و هەر کەسێک خەرجی لەسەر فەرهەنگەکە کردبێت، تێدەشکێت.

- ئەی لەو حاڵەتەدا چار چییە؟ چۆن بتوانین فەرهەنگەکانمان لەگەڵ سەردەم بگونجێنین و ئەو گرفتانەش بۆ نووسەرەکانیان دروست نەبن؟

ڕێگەچارە ئەوەیە فشار بۆ حکوومەتەکان بهێنرێت وەک هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو یاسای کۆپیڕایت جێبەجێ بکەن با نووسەریش بتوانێ بژیێت.

- ئێستە شێوازێکی تر لە فەرهەنگی وڵاتان دەبینین کە فەرهەنگی ئۆنلاینە و لە ئینتەرنێتدا دەستەبەرە و ناتوانی داونلۆدی بکەی، بۆ گەنجێکی کورد کە لە ئەورووپایە و کاری وەرگێڕان دەکات، ئەو دەستی بەو شێوازە سەرەتاییەی کڕینی سیدی ڕاناگات، لێرەدا مەبەستی من ئەو لەخۆبردووییەیە کە نزیک بە سەرجەم نووسەر و خەمخۆرانی زمانی کوردی هەیانبووە، دڵنیام ئێوە سەرباری ماندووبوونی 10 ساڵەتان، هیچ قازانجێکتان لەو فەرهەنگی زانستگای کوردستانە نەکردووە، بەڵام لە ڕووی مەعنەوییەوە ئەوە خەونێک یان حەزێک بووە بۆ خزمەتی زمانی نەتەوەکەمان، لەو سوێنگەوە بۆ نایەن بە شێوەی ئۆنلاین ئەو فەرهەنگانە بخەنە خزمەت ئەو نەوە تازەیە؟

لە وڵاتێکی وەک ئێران فەرهەنگی فارسیی موعین و دێهخۆداش بە ئۆنلاین کراون و هەموو مۆبایلەکانیش بە خۆڕایی لەسەریان دابەزێنراون. من بارێکیم بە لاوە زۆر پیرۆزە، ئەویش ئەوەیە کە قوتابییەک، نووسەرێک یان وەرگێڕێک بە ئاسانی لە بەردەستی بێت و سوودی لێ ببینێت، بەڵام دەبێ بارەکەی تریشی لە بەرچاو بگرین. بۆ نموونە لە هۆڵەندا کە هەمووی 16 ملیۆن کەسن و زمانێکی تایبەت بە خۆشیان هەیە، ئەگەر کەسێک لەو وڵاتە کتێبێکی چاپ کرد و پێشوازییەکی مامناوەندی لێ کرا، دەتوانێ بەردەوام بێت و ئەگەر جەوهەرێکی تێدا بوو دەبێت بە نووسەرێکی باش، واتا ئەگەر بگاتە ئەو ئاستەی خەڵک کتێبەکەی بخوێننەوە، ژیانی بە هۆی نووسینەکانیەوە مسۆگەر دەبێت و هیچ خەمێکی نامێنێت، بەڵام با دوور نەڕۆم و نموونە لە خۆم بهێنمەوە، من دەبێ لە لایەک سەرقاڵی دابینکردنی چەرخی ژیانم بم بۆ ئەوەی بە جۆرێک بسووڕێت. خۆ ناکرێ لە برسان بمرم یان دەست بۆ خەڵک درێژ بکەم! ئەگەر خەریکی هەر کارێکی تر بووبام لەبری نووسینی فەرهەنگ، ئێستە ژیانێکی ترم هەبوو. بەڵام ئێستە بە زۆر بە ڕێوە دەچم. سەریشم بەرز ڕادەگرم و زۆریش پێی خۆشحاڵم. بەڵام ئیدی ناتوانم بە کوڕەکەم بڵێم تۆش وەرە ببە بە نووسەر و درێژە بە فەرهەنگنووسی بدە. بە ڕاستی لە ڕووم هەڵنایەت بڵێم وەرە بەردەستیی من بکە یان هاوکارم بە با ده‌رگای ئەو فەرهەنگنووسییە دانەخرێت. دەردەکە ئەوەیە کە تۆ تەماشا دەکەی، بوارێک نییە بۆ ئەوەی نووسەر تێیدا بار بێت، مەودایەک نییە بۆ ئەوەی کەسێک دڵخۆش بێ بەوەی دەیان ساڵ ژیان لە خۆی تاڵ بکات، هەر بایی ئەوەندە ژیانی هەڵبسووڕێت و موحتاجی ئەم و ئەو نەبێت. زۆر شەو بووە خەریکی کار بووم، هاوسەرەکەم بانگی کردووم، ماجید وەرە نانی بەیانی بخۆین. من تازە زانیومە کە ئه‌وا ڕۆژ بووەتەوە! دەی من چەند کەسی ئاوا شێت بدۆزمەوە؟! بە ڕاشکاوی دەڵێم، چەند شێتی تری ئاوا بدۆزمەوە؟ نابێ! ئەوە کاری حکوومەتەکانە و ئەوان دەبێ ئەو مافانە بپارێزن و قانوونێک بۆ کۆپیڕایت دابنێن، با بە دیجیتاڵ بکرێت و پێگەیەک هەبێ کە هەموو بتوانن لێیەوە داونلۆدی بکەن، بە پارەیەکی کەم. لەو حاڵەتەدا سەیر دەکەی لەبری هەزار بەرگ، 200 هەزار جار داونلۆد کراوە و هەمووان خەریکن کەڵکی لێ وەردەگرن و هەموو لایەک سوودی خۆیانی لێ ده‌به‌ن، هەر لە خوێنەر و نووسەر و سپۆنسەرەوە تا پەخشانگاکە. بەڵام نەک داونلۆد بکرێت بە خۆڕایی. ئەگەر بە خۆڕایی خرایە بەردەست، بێگومان قەدری نازانرێ و بایەخیشی پێ نادرێت.

- هەرچەند لە کۆی باسەکەدا ئاماژەت بە زۆربەی ئاستەنگەکان دا، بەڵام ئەگەر دەستەبژێریان بکەی، ئەو ئاستەنگە هەرە سەرەکییانە کامانەن کە بۆ فەرهەنگنووسێکی کورد دروست دەبن؟

کاری فەرهەنگنووسی به‌ ڕاستی کاری تاکەکەسی نییە. لە پێشەکیی فەرهەنگە چواربەرگییەکەشدا ئاماژەم بەوە داوە: هەر کەسێک دەتوانێ 500 وشەت بۆ بنووسێت و تا ڕادەیەک ماناکەشیان بدۆزێتەوە، بەڵام ئەگەر بوو بە پێنج هەزار وشە، دژوار دەبێتەوە و ئیتر بۆ 50 هەزار یەکجار قورس و ئەستەم دەبێت. ئه‌مجار بێت و لێکدراوەکانی دەربێنێت و ناسنامەکەی بدۆزێتەوە و... ئیتر ئەوە ته‌واوی تەمەنی دوو کەس و چوار کەسیش بەشی ناکات. ئەوە کاری لیژنەیەکە. من وەک کوردێکی ڕۆژهەڵاتی، حکوومەت بە گەورەترین دوژمن و بەرهەڵست نەک هەر بۆ فەرهەنگ، بەڵکو بۆ نووسین و کتێب، به‌ گشتی دەزانم. خاوەنی پەخشانگایەکی گەورەی وەک کوردستان کە ناوی مەلا ڕەحیم مەحموودییە، لەم ڕۆژانەدا قسەمان دەکرد، گوتی بایی یەک ملیار و 500 ملیۆن تمەن کتێبم لە کۆگادا ماوەتەوە، ئەگەر ئەوانە کاعەزی سپی بان، ئێستە سێ ملیاری دەکرد! ئەوە تەنزێکی یەکجار تاڵە. لە ئێراندا ئێستە بە سەعات نرخی کاغەز بەرز دەبێتەوە. هەموو قۆناغەکانی چاپ هەر لە کاغەزەوە هەتا پلێت و چاپخانە و کرێکارەکانی هەمووی بە کاشە، واتا تۆ کتێبێکت نووسیوە و بە پارەی کاش چاپت کردووە و لە کتێبخانەکاندا دەکەوێت، کەس ناتوانێ بیکڕێت، لەبەر ئەوەی، لە چاو داهاتی خه‌ڵک، یه‌کجار گرانە.

- لێرە یەک پرسیار دروست دەبێت، ئەگەر فەرهەنگێکی زمانی فارسییش چاپ بکرێت، ئەو ئاستەنگانە بۆ نووسەر یان نووسەرانی دروست دەبن کە بۆ کوردەکە دروست بووە؟

شوێنێک لە تاران هەیە پێی دەڵین فەرهەنگستانی زمانی فارسی، بۆ هەر فەرهەنگێکی وشەی فارسی کە بیانهەوێ چاپی بکەن، ئەو فەرهەنگستانی زمانە ده‌وری80٪ی خەرجییەکەی دەدات، بەڵام وەک دیارە ئێمە بێبەشین!

- لە دوای فەرهەنگی چواربەرگیی زانستگای کوردستان، وەستاوی یان فەرهەنگێکی ترت بە دەستەوەیە؟

نا نەوەستاوم و ئێستە فەرهەنگێکی ترمان بە دەستەوەیە کە ئەمجارەیان کوردی بە کوردییە و هیچ فارسیی تێدا نییە. منێک کە هەمیشە دەمگوت پێویستە -بە داخی گران و بە ڕانی شکاوەوە- ئەگەر فەرهەنگێک دەنووسین، وێڕای کوردییەکە، هاوواتای فارسی، تورکی، عەرەبی یان ئینگلیزی دابنێین، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئێمەی کورد بە کوردی فێری زمانەکەمان نەبووین. ئەوەی ڕۆژهەڵاتییە، فارسی فێر بووە و ئینجا بە یارمەتیی فارسییەکە خەریکە کوردی فێر بێت؛ ئەوەی لە وڵاتە عەرەبەکاندایە، بە عەرەبی فێری خوێندەواری بووە و خەریکە بە یارمەتیی عەرەبییەکەی بەشکوو کوردی فێر بێت؛ ئەوەی لە باکوورە، تورکی فێر بووە و بە یارمەتیی تورکییەکە، گەرەکیە کوردی فێر بێت. کەوابوو، دەبێ بەرانبەرێکی تورکی هەبێت تا لێی تێبگات. زۆرمان هەن لە کوردانی باکوور، کە تۆ وشەکەی بۆ دەخوێنیتەوە، نازانێ واتای چییە، مانای دەکەیەوە دیسان تێناگات، بەڵام ئەگەر هاوواتا تورکییەکەت پێ گوت ئینجا تێدەگات. لە هەنبانە بۆرینەشدا مامۆستا هەژار هەرچەند زۆر دژی بوو و دڵی پێوە نەبوو، من بە پاڕانەوە و پێداگرییەکی زۆر فارسییەکەم خستە تەکی و دواتر جوابی هاتەوە کە بە ڕاستی زۆر یارمەتیدەر بووە و هەر ئەوەش بووە هۆیەکی گەورە بۆ سەرکەوتنی هەنبانە بۆرینە کە چەندان جاری تر چاپ کرایەوە. بەڵام بیرێکم لێ کردەوە کە جیاوازییەکەمان چییە؟ ئەوە بۆ ئێمە واین؟ بینیم زمانێکی وەک عەرەبی زمانێکی یەکجار بەربڵاوە. بۆ نموونە دەڵی بۆ وشتر 600 وشە‌یان هەیە، بۆ شێر 400 وشە. ئەوە ناوە و بۆ ئاوەڵناو و جێناو و ئاوەڵکار و چاوگیش هەر وا. باشە من کە 600 وشەم هەیە بۆ «وشتر»، ئایا عەرەب هەیە نەزانێ ئیبل مانای وشترە؟ یان نەزانێ ئەسەد یانی شێر؟ واتا وشەیەک یان دوان هەیە کە هەموو عەرەب دەیزانن، لە کاتێکدا دێیتە ناو زمانی کوردییەوە، دەبینی زمانەکەی ئێمە بەربڵاو نییە، بەڵکو پرژوبڵاوە! تۆ سەیری وشەیەکی وەک ئاسک بکە، لە سنە پێی دەڵێن ئاهوو، هەر ئەوەی کە فارسەکە پێی دەڵێ، شوێنێک پێی دەڵێ خەزاڵ، لایەک پێی دەڵی غەزاڵ، بەشێک لە کوردستان مامزی پێ دەڵێن، بەشێ ئانبز، بەشێک جەیران و لایەک کەژاڵ و... ئێستە تۆ ئەگەر بنووسی ئاسک هێندێک نازانن چییە. لە بەرانبەریدا خەزاڵیش بنووسە، ڕەنگە دیسان نەزانن، بنووسە مامز، دوور نییە هێشتاش نەزانن. کەوابوو ئێمە زمانەکەمان پرژوبڵاوە. مەبەستی من ئەوە بوو کە دەمگوت دەبێ فارسییەک، عەرەبییەک یان تورکییەک لە بەرانبەرییەوە دابنێی. بەڵام بیرم لەوە کردەوە، ئەگەر بێنین بۆ نموونە بۆ ئەو ئاسکە، یەک لەو ناوانەی کە ئاماژەم پێ دان بکەین بە سەرچاوە. ئاسکەکە وەک سەرچاوە دابنێین و هەموو وشەکانی تر کە لە هەموو کوردستاندا چیی پێ دەڵین، سەرجەمیان لە بەرانبەر ئاسکەکە بنووسین، یان بۆ چۆلەکە کە لە سنە پێی دەڵێین مەلیچک، لە کوردیدا نزیکەی 60 وشەمان لە بەرانبەریدا هەیە، هەر 60 وشەکە لە بەرانبەر چۆلەکەوە بنووسین، بەڵام تەنیا لە بەرانبەر چۆلەکە دایبنێین، ئەگەر لە پیتی «پ» چووینە سەر پاساری، لە بەرانبەری تەنیا چۆلەکە بنووسین، یان ئەگەر مەلیچکمان نووسی، لە بەرانبەری تەنیا بنووسین چۆلەکە، ئەگەر لە فەرهەنگەکەدا مەلیچکمان دۆزییەوە و نەمانزانی چییە، نووسراوە چۆلەکە، ئەگەر ئەویشمان نەزانی، دەگەڕێینەوە بۆ پیتی «چ» و لە چۆلەکەدا دەبینین هەموو ناوەکانی تر دانراون، تۆ مادام کورد بی، لەو 60 ناوە یەکێکیان هەر دەزانی. ئەوە بۆ من یەکجار کارێکی کاتبەرە و لە هەمان کاتدا زۆر وردە، من چل ساڵە بیر لەو شێوازە دەکەمەوە و تا ئێستە لە هیچ فەرهەنگێکدا نەمبینیوە کارێکی ئاوا کرابێت. بە ڕاستی زۆر به‌و کاره دڵخوشم و وا ده‌زانم ده‌روێکی تازه‌مان به ڕوودا بکاته‌وه، هیوادارم.

تێبینی. ئەم دیمانەیە، سایتی وشە لەگەڵ مامۆستا ماجد مەردۆخ ڕۆحانیدا سازی داوە؛ لەبەر گرنگییەکەی و بەو مەبەستەی خوێنەری زیاتر بیخوێننەوە، سایتی هاوسانی دەستێکی بە ڕێنووسەکەیدا هێنا و دووبارە بڵاوی کردەوە. سوپاس بۆ سایتی وشە و مامۆستا ماجد مەردۆخ ڕۆحانی.

تاگەکان    
جوانی تەنیایی نائومێدی ستەم کوردستان فەڵەستین ئایین گێڕانەوە فەرهەنگ ئایا سۆفیا مێژوو ڕەزا بابایی ژن ئاوی زەمزەم عێڕاق
فیکر
2020-12-01 کۆمێنت 2371 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی