باسێک دەربارەی مرۆڤ و هەستەکانی

نووسینی: ئارەش نەراقی وەرگێڕانی: باوەڕ وشیار
فیکر 2020-11-29 کۆمێنت 3324 جار بینراوە
ئێمەی مرۆ سەروکارمان لەگەڵ دوو جۆر لە کات و ساتدا هەیە. ساتانێک کە لە ناخماندا گوزەر دەکەن و، کاتانێکیش کە بەسەرماندا تێدەپەڕن. یەکەم «ساتی دەروونییە» و، دووەمینیان «کاتی دەرەکییە».

‎   بە بڕوای من، یەکێک لە تایبەتمەندییە غەمهێنەرەکانی ژیانی ئێمە، لە سەردەمی نوێدا، ئەوەیە کە «کاتی دەرەکی» هەستە دەروونییەکانی ئێمەی لەبەین بردووە. داهێنانی کاتژمێر، بەتایبەتی کاتژمێری دەستی، هەستە دەروونییەکانی ئێمەی لە ژیاندا تا ڕادەیەکی زۆر خەوشدار کردووە. یان لانی کەم پەیوەندیی ئێمەی لەگەڵ ناخ و هەستە دەروونییەکانماندا دوچاری قەیران کردووەتەوە.

   کاتی دەرەکی، یان دەتوانین بڵێین «ڕۆژگاری کاتژمێر» یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە «وێکچووە»، گشت چرکەکانی یەک ئەندازەن، هیچ چرکەیەکی لەوەی تریان زیاتر یان کەمتر نییە. «دەرەکییە» بەو مانایەی لەگەڵ هەستەکانمان و حاڵی ناخی ئێمەدا جودایە. «گشتییە»، بەسەر هەموو مرۆڤێکدا تێدەپەڕێت و، جیاوازی ناکات لەنێوان هیچ دوو کەسێکدا. «ناچارییە»، واتە هەموومان پەیوەستین پێوەی، بمانەوێت یان نەمانەوێت بەسەرماندا تێدەپەڕێت و دەڕوات. لەکۆتاییدا، «هەمیشەییە و ناوەستێت». لەبەر ئەوانەیە کە ڕۆژگاری دەرەکی «ساتی چاوپێککەوتنە»، ئێمە یەکتر لە فڵان کات، واتە کاتانێک کە خشتەبەندی دەکرێن، یەکتر دەبینین و، چاوپێککەوتن دادەنێین و، ڕووبەڕووی یەکتر دەبینەوە. تۆ لە فڵان کاتژمێر و لە فڵان سات دەبینم و، لەکۆتایی فڵان کاتژمێری دیاریکراودا، دیدەنییەکەمان کۆتایی پێ دێت.

   بەڵام ساتی دەروونی «ناچوونیەکە»،  لەبەر ئەوەی  ساتەکانی وەکو یەک نین؛ هیچ دوو چرکەیەکی لەیەک ناچن. «یەک چرکەساتی ڕۆحی»، تاوێک چەن کاتژمێرێک درێژ دەبێتەوە و، گاهێ لەناکاو تێدەپەڕێت. «ناوەکییە»، شوێنکەوتەی هەستەکان و حاڵی ئێمەیە، کاتێک غەمگین و ژاکاوین هێواش دەبێتەوە و، کاتێکیش شاد و بەشەوقین خێرا دەبێتەوە. «شەخسییە»، بەو مانایەی چرکەساتی دەروونیی من، لەگەڵ هیی تۆدا جیاوازیی هەیە. دەکرێت لەگەڵ یەکدا دانیشتبێتین، لێ کات لەناوەوەی مندا هێواش بگوزەرێت، بەڵام لە ناخی تۆدا بەخێرایی تێپەڕێت.

‎   لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە هەندێک جار ساتی دەروونی دەوەستێت، واتا لە ناخە پێچاوپێچەکەمان قوتارمان دەکات و، دەتوانین لە ناخی خۆماندا، بکەوینە نیمچەمەستییەکی ئێستایەکی جاویدانییەوە و نوقم ببین: ئەزموونی هەڵپەساردنی کات، یان زەمانێکی بێکات بئەزمووین. ساتی دەروونی «ساتی ژوان»ە. ئێمە لەگەڵ یەکدیدا، لەدەرەوەی کات و، لە چرکەساتی هەڵپەساردنی کاتدا، «ژوان» دەبەستین: تۆ لەنێو ئەو «ساتەوەختە»دا و تا ئەو کاتەی کە «ویستی خودی ئەو ساتەوەختەیە» دەبینم. لێرەدا ئەو «ساتەوەختە» کات نییە، واتە وەکو کاتی دەرەکی نییە و، خشتەبەندی ناکرێت «ساتی بێکاتییە».

‎   پەیوەندی لەگەڵ ساتی دەروونی، بە ڕێژەیەکی زۆر لەژێر کۆتوبەند و دەستەڵاتی ڕۆژگاری دەرەکییە. چون «دەستبەتاڵی» واتە هەبوونی بۆشایی و کات، لەنێو تەنگ و چەڵەمەی ژیاندا؛ لەنێو ئەو بەتاڵییەیە کە هێواش هێواش دەتوانین چرکەساتی دەروونی دەست بخەین و، بیئەزمووین و پەیوەندیی لەگەڵدا ببەستین.

‎   بەڵام بۆچی هەبوونی چرکەساتی دەروونی گرنگە؟ بە بڕوای من، چرکەساتی دەروونی کێڵگەی داهێنانە گەورەکان و، هەوێنی پەیوەندییە قووڵەکانی مرۆڤە. گەر بمەوێت وردتر بڵێم، داهێنانە فیکری و هونەری و، قووڵترین پەیوەندییە ئینسانییەکانی ئێمە لە ژیاندا، لەنێو جەرگەی «ئەزموونی هەڵپەساردنی کات»دا دێتە ئاراوە.

‎   هەموومان بە ئەزموون دەزانین، کاتێک بەسەختی سەرقاڵی کارێکی فیکری، شیکاریی هاوکێشەیەکی ئاڵۆز، یان ئافراندنی تابلۆیەکی هونەرین، ڕۆژگار دەوەستێت. کاتژمێرەکان تێدەپەڕن، بەڵام ئێمە تێپەڕبوونی ڕۆژگار هەست پێ ناکەین. هەر وەکو بڵێی لە چوارچێوەی ڕۆژگار و پەرژینی خۆمان هاتبێتینە دەرەوە و، بە ئێستایەکی بێکۆتایی گەیشتبین. ئەم سەفەرە، ئێمە لە سنووری کاتەوە بەرەو سەرزەمینی «بێکاتی» دەبات؛ سەفەرێک کە لەگەڵ جۆرێک لە هەمیشەیی(جاویدانی) و کرانەوە هاوڕێیە.

‎   بە بڕوای من، ساتی دەروونی بە هەمان ئەندازە لە پەیوەندییە قووڵەکانی ئێمەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، ئەزموونی بەیەکگەیشتن(وصال) یان جەفت و جەور، کاتێکە کە لە ڕێڕەوی ژیاندا جارێک بەبێ بەرنامەداڕشتن و پلانی پێشوەختە بە کەسێک ئاشنا دەبین و، شیرینیی دیداری بەرەو سەرزەمینی بێکاتیمان دەبات. چەندین کاتژمێر پێکەوە دادەنیشین و گاڵتە دەکەین، لێ نازانین کە شەوە دەبێتە ڕۆژ یان ڕۆژە دەبێتە شەو، وەک بڵێی کات بۆ ئێمە وەستاوە. چەندین کاتژمێر، هەندێک جار چەند ڕۆژێک، چێژ لەو چەند ساتە دەبەین. ڕۆژگار بەسەر ئێمەدا تێدەپەڕێت، بەڵام لەناو ئێمەدا دەوەستێت؛ قووڵترین پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەو چرکەساتانەوە چەکەرە دەکەن. لە ئەزموونی وەستانی کاتدا «چاوپێککەوتن» دەگۆڕدرێت بە «ژوان». چرکەساتی چاوپێککەوتن دەبێت بە چرکەساتی ژوان.
تاگەکان    
تەکنۆلۆژیا ڕانانی کتێبب گفتوگۆ خاڵبەندی زمان کرێکار دیزاینی زیرەک دوعا سۆفیگەری پۆرن مۆدێرنیتە زانست ستەم وەچەخستنەوە فەرهەنگ
فیکر
2020-11-29 کۆمێنت 3324 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی