ئیسلام خۆشەویستی و ئاشتییە، ئیتر چۆن دەکرێت تووڕە ببین و بایکۆت بکەین؟

نووسینی: تەسنیم ڕاجح وەرگێڕانی: شاهۆ حەمید
فیکر 2020-11-23 کۆمێنت 2588 جار بینراوە

دوای دەستدرێژییەکانی ئیمانوێل ماکرۆن -سەرۆککۆماری فڕەنسا- بەرانبەر پێغەمبەری بەخشندە (دروودی خودای لێ بێت) و دەرکەوتنی پەرۆشی و تووڕەیی موسوڵمانان بۆ سەرخستن و پشتگیریی پێغەمبەرەکەیان، لەنێو جیهانی ئیسلامیدا بانگەشەگەلێک بۆ سەرکۆنەکردنی هەڵمەتی تووڕەیی و بەتاوانکردنی پەرۆشبوون بۆ پێغەمبەر (دروودی خودای لێ بێت) دەرکەوتن و، ڕێپێوان و دەرچوون بۆ ڕێگرتن لەو دەستدرێژییە و بانگەشەکردن بۆ بایکۆت، ڕەت دەکەنەوە، بەو بیانووەی کە ئایینەکەمان «خۆشەویستی و ئاشتی و برایەتی»یە؛ پێغەمبەرمان (دروودی خودای لێ بێت) لەوانەی کە خەراپەیان بەرانبەری کردووە، خۆش بووە و گوێی پێیان نەداوە، فەرمانی پەروەرگاری بە لێخۆشبوونی جوان جێبەجێ کردووە.

   دەڵێن: گەر پێغەمبەر (دروودی خودای لێ بێت) لەنێوماندا بووبا، بە بەدکارانی دەفەرموو:«اذهبوا فأنتم الطلقاء: بڕۆن، ئێوە ئازادن»، بۆیە مافی ئێمە نییە بە گژیاندا بچین!

دەبێت هەڵوێست چی بێت بەرانبەر ئەم قسانە؟
ئایا ڕاستە دینەکەمان لە نموونەی حاڵەت و ڕووداوی لەم شێوەیەدا، بە لێخۆشبوون و گوێپێنەدان و پشتهەڵکردن بەرانبەر دەستدرێژکاران فەرمانمان پێ دەکات؟ ئایا ڕاستە پێغەمبەر (دروودی خودای لێ بێت) تەواوی ژیانی بە لێخۆشبوون و لێبووردەییەوە بەسەر برد؟ هەروەها پێشهات و مەترسییەکانی ئەم قسانە لەسەر نەوەی نوێ چی دەبێت؟

ژیاننامە لە سێبەری مرۆڤگەراییدا
لە وەڵامی ئەو گوتارەی سەرەوەدا، دەبێت ئەو کێشە گەورەیە ڕوون بکەینەوە کە لەم ڕۆژگارەدا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەویش سەرسامبوونە بە بەهاکانی ڕۆژئاوا و پێشخستنیان بەسەر ناوەندی بڕیار و بنەماکانی ئاییندا، کە ئەمەیش وا دەکات ڕوانین بۆ داتا و بەهاکانی ئیسلام، لەژێر ڕووناکیی ئەوەی کە شارستانیەتی ڕۆژئاوا –ئەو شارستانیەتەی کە چۆن خۆی بیەوێت قبووڵ دەکات و ڕەت دەکاتەوە- بە پیرۆزی دەزانێت، سنووردار بکرێت.

   لە بەها گرنگەکانی ئەمڕۆی جیهانی ڕۆژئاوا، مرۆڤایەتی (مرۆڤگەرایی)ە؛ بریتییە لە پێدانی مەرکەزییەت (ناوەندی بڕیار) بە مرۆڤ لەسەرووی هەر شتێکی ترەوە و، کردوویەتی بە خاڵی دەستپێک و کۆتایی، بە شێوەیەک، بۆ هەموو کار و هەوڵ و کۆششێک، چێژ و ئاسوودەیی و چاکێتیی مرۆڤ بووە بە ئامانج[1]؛ بەم شێوەیەیش هزر(عەقڵ)ی مرۆڤ لەجیاتی خودای گەورە بووە بە پەرستراوێکی نوێ و خوداوەندێکی زەمینی، مرۆڤیش بەتەنیا بووە بە پێوەرێک بۆ هەموو شتێک و پاکانەی بوون و ئامانجەکەی[۲].

   گەرچی مرۆڤگەرایی ماناگەلێکی تێدایە کە ئێمە قبووڵیان دەکەین و لەسەریان کۆکین وەکوو خۆشەویستیی مرۆڤەکان و چاکەکردن لەگەڵیاندا، بەڵأم کێشەکە لە زیادەڕەوی لە ڕەوتی مرۆڤگەرایی و کردنی بە خاڵی دەستپێک و بناخەدایە؛ کە هەموو کاروبارەکان بە پێوەری ئەم بوونەوەرە لاوازە مرۆییە سنووردارە دەبینێت و، دەستەڵاتی خالقی باڵادەست بەسەرییەوە پشتگوێ دەخات.

   لەم چوارچێوەیەدا دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە دیاریکردنی چاکە و خەراپە لە ئیسلامدا، لەسەر بنەمای ڕازیبوون یان ڕازینەبوونی خودا وەستاوە. هەر بۆ نموونە لەو تۆڵەسەندنەوە(قصاص)ەی کە کوشتنی تێدایە، لە ناوەڕۆکدا شتێکی باشە و خێری تێدایە، چونکە بەدەمەوەچوونی فەرمانی خودایە، بۆ ستەملێکراوان سەرکەوتنە، پاراستنی دادپەروەرییە و بڵاوکردنەوەی سەلامەتی و ئەمن و ئاساییشە لەنێو ئوممەتدا.

   ناوەڕۆک و پێکهاتەی خێروخۆشی، لەسەر بنەمای ڕەزامەندی یان ناڕازیبوونی مرۆ بنیات نانرێت، بەڵکوو لەسەر سەلماندنی بەندایەتی بۆ خودای باڵادەست –بەو شێوەیەی کە دەیەوێت- پێک دێت؛ بەم شێوەیە خوێندنەوەی ژیاننامە (سيرە) تەنیا بە تێڕوانینی ڕەوتی «مرۆڤگەرایی» و بەبێ گرنگیدان بە فەرمانی خودای گەورە، دەبێتە هۆی بڕین و پیشاندانی چەند وێنەیەک لە ژیانی پێغەمبەری خودا(دروودی خودای لێ بێت) بەبێ ئەو دوای و، تیشکخستنەسەر بەشێکی دیاریکراوی بەبێ بەشەکانی دی، کە ئەمەیش وێنەیەکی ناتەواوی لاری ناڕاست پیشان دەدات.

   ئەمەیش لە گوفتاری ئەو کەسانەدا تێبینی کراوە کە لە ژیاننامەدا، تەنیا باسی برایەتی پێغەمبەر(دروودی خودای لێ بێت) لەنێوان کۆچبەران و پشتیوانان و، لێخۆشبوونی لە هاوەڵپەیداکەرانی قووڕەیش و لێبووردنی لە عەبدوڵڵای کوڕی سەلوول، دەکەن. لەکاتێکدا لە بەرانبەر سووربوون و وەستانی پێغەمبەری خودا بەرانبەر بەنی قورەیزە و، بەفیڕۆدان و حەڵاڵکردنی خوێنی چوار کەس لە هاوەڵپەیداکەران لە دوای فەتحی مەککە و، دەرچوونی بۆ جەنگ لەگەڵ ڕۆمەکان، چاو دادەخەن، کە هەموو ئەوانەیش بە ڕیوایەتی سەحیح لەبەردەستدان.

   بۆ خوێندنەوەی ژیانی پێغەمبەر (دروودی خودای لێ بێت)، پێویستە هەڵوێستە جیاوازەکان و ئەو بەرژەوەندییانەی کە پێغەمبەر ڕەچاوی کردوون، کۆ بکەینەوە و ڕێکیان بخەین، تاوەکوو وێنەیەکی تەواو و بێکەموکورتی لەسەر کەسایەتیی باشترین پێشەنگمان و ڕێبازەکەی(دروودی خودای لێ بێت) بەرجەستە بکەین.

   لەسەر ڕەحمەتی پێغەمبەر (دروودی خودای لێ بێت) و نزاکردنی بۆ هیدایەتدانی موشریکان و حەزکردنی بۆ لێخۆشبوون لە کاتی بەهێزیدا و چاکەکردنی بەرانبەر بە مەردوم، بووەستە و، لەگەڵ ئەو هەڵوێستەیدا کە ڕازی نەدەبوو وێنەی ئیسلام لاواز بکرێت یان، سوکایەتی بە ئوممەتەکەی بکرێت، بەراوردی بکە. بە شێوەیەک کە، لە کاتی گەڕانەوەی کاروانی ئەبووسوفیان لە شامەوە بۆ مەککە -وەکو سەرکەوتنێک بۆ کۆچبەرە ستەملێکراوەکان-، فەرمانی هێرشکردنی بۆ سەریان دەرکرد، کە ئەوەیش غەزای بەدری بەناوبانگی بە دووی خۆیدا هێنا. هەروەها فەرمانی بە حەسسانی کوڕی سابت کرد وەڵامی ئەوانە بداتەوە کە جوێنی پێ دەدەن، پێی فەرموو: «إن روح القدس لا يزال يؤيدك، ما نافحت عن الله ورسوله: تا ئەو کاتەی بەرگری لە خودا و پێغەمبەرەکەی بکەیت، جیبریل بەردەوام پشتگیریت دەکات.» (رواه مسلم)

لەنێوان لێخۆشبوون و سوکایەتیکردندا
دوای ئەوەی بناغەمان بۆ گرنگیی خوێندنەوەی گشتگیر بۆ ژیاننامە دانا، پێویستە جیاوازی لەنێوان دوو چەمکدا بکەین، کە لە چوارچێوەی گوفتاری ئەوانەی داوای پشتگوێخستنی سوکایەتیی دەستدرێژکاران دەکەن، تێکەڵییان لەنێواندا دروست بووە، ئەوانیش: لێخۆشبوون و سوکایەتیکردنن.

   وتەی «لێخۆشبوون لە کاتی بەهێزیدا لە ڕەفتاری بەخشندەکانە» وتەیەکی زۆر جوانە و، بەدەوری ئەوانەی کە خەراپەت بەرانبەر دەکەن و تۆیش دەتوانیت سزایان بدەیت، بەڵام لە بەخشندەیی و خۆبەکەمزانیت لێیان خۆش دەبیت، دەخولێتەوە.

   ئیبنوقودامەی مەقدیسی دەڵێت: «لێخۆشبوون ئەوەیە؛ شایستەی مافێک بیت و وازی لێ بێنیت، وەکو لێخۆشبوونی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز لەو پیاوەی کە لە مزگەوتی پێغەمبەری خودادا(دروودی خودای لێ بێت) جوێنی پێی دا[3]»؛ وەکو پێکەنینەکەی پێغەمبەری خودا(دروودی خودای لێ بێت) بۆ ئەو کابرا دەشتەکییەی کە جلەکەی پێغەمبەری ڕاکێشا و ناوشانی سوور کردەوە(أخرجه البخاري)، ئەمانە لەو سیفەتە باشانەن کە مرۆ پێیان خۆی لە خودا نێزیک دەکاتەوە، هەروەکو خودای گەورە بانگی ئەبووبەکری کرد تا لەو کەسە خۆش بێت کە، بەشداری لە بوهتانکردن بۆ کچەکەی (دایکی ئیمانداران) کردبوو و، لە دابینکردنی بژێویشی بەردەوام بێت، (وَلْيَعْفُوا وَلْيَصْفَحُوا أَلَا تُحِبُّونَ أَنْ يَغْفِرَ اللَّهُ لَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ: با لێبووردە بن و چاوپۆشی بکەن، مەگەر حەز ناکەن خودا لێتان ببوورێت؟ خودا لێخۆشبوو و میهرەبانە.) (النور: ٢٢).

   ئەم مانا مەزنە خۆشویستراوانە، هەرگیز وەکو ئەو زەلیلی و سوکایەتییە نین کە لە ئەنجامی دەستدرێژیی ستەمکارێکی خۆبەزلزان بەرانبەرت پەیدا دەبێت و، تۆیش ناتوانیت بەڕوویدا بووەستی و مافی خۆتی لێ وەرگریت، بەناچاری بێدەنگ دەبیت و پاشان وای دەردەخەیت کە خۆت ئەم بێدەنگبوونەت هەڵبژاردووە. ئیبنولقەییم لەسەر ئەمە دەفەرمووێت: لەنێوان ئەو کەسەی خەون بە ملکەچی و سوکایەتی و بێدەربەستی و بێتواناییەوە دەبینێت و، ئەوەیشی خەون بە دەستەڵات و شانازی و شەرەفەوە دەبینێت، جیاوازی هەیە.

   وەکو پێشتریش وتراوە: هەر خەونێک لەسەر هێز و توانا نەبوو -بەسەر دوژمندا-، ئەوە نیشانەی بێتواناییە[٤].

   خودای بەرز و پیرۆز وەسف و ستایشی موسوڵمانی سەرکەوتوو بەسەر ستەمکاردا دەکات، (وَالَّذِينَ إِذَا أَصَابَهُمُ الْبَغْيُ هُمْ يَنْتَصِرُونَ: ئەوانەیشی دەستدرێژییان کرایە سەر، دەستەوەستان ناوەستن و بەرگری لە خۆیان دەکەن.) (الشوری: ٣٩) پێشەوا ئیبنوکەسیر ئەم ئایەتە وا ڕوون دەکاتەوە کە مەبەست پێی؛ ئەوانەیە لەبەرانبەر ستەمکار و دەستدرێژکاراندا بۆ سەریان، هێزی سەرکەوتنیان هەیە و، بەرانبەریان بێتوانا و ملکەچ نین، لەگەڵ ئەوەیشدا لە کاتی بەهێزیدا لێبووردەن، هەروەکو یووسف (علیه السلام) کاتێک بە براکانی فەرموو: (لَا تَثْرِيبَ عَلَيْكُمُ الْيَوْمَ يَغْفِرُ اللَّهُ لَكُمْ: ئەمڕۆ –لە لایەنی منەوە- هیچ سەرزەنشتێکتان لەسەر نییە، خودا لێتان خۆش بێت.) (یوسف: ٩٢) لەکاتێکدا دەیتوانی لە حەقی تاوانەکانیاندا بەرانبەری، تۆڵەی خۆی بکاتەوە.

   هەر بەم واتایە شەیخولئیسلام(ئیبنوتەیمییە) دەفەرمووێت: خودا ستایشی بەندەکانی خۆی کردووە لەسەر ئەوەی بەرانبەر دەستدرێژکاران بێدەنگ نابن، هەروەکوو لە کاتی تووڕەییشدا لێبووردەن. وەکو ئەو کەسە نین بە هۆی بێتوانایی یان، تەمبەڵی یان، لاوازی یان، سوکایەتی یان، ملکەچی یان، خەمەوە، هیچ هێزێکی بۆ سەرکەوتن نییە. کە زۆرینەی ئەوانەی واز لە سەرکەوتن بۆ حەق دێنن، بە هۆی یەکێک لەو هۆکارانە و وێنەی ئەوانەوە دەستبەرداری دەبن. هەروەها وەکو ئەو کەسەیش نین گەر تووڕە بوو، نە خۆش دەبێت و نە دەبوورێت، بەڵکوو دەستدرێژی دەکات و سزا دەدات تا سنوور دەبەزێنێت، هەروەکو زۆرینەی خەڵکی کە تووڕە دەبن چاوەڕێی دادپەروەریش ناکەن، چ جای بگات بە لێخۆشبوون و چاکەکردن. بۆیە خودا ستایشیان دەکات بەوەی ئەوان سەرکەوتوو و لێبووردەن[5].

   گومانی تێدا نییە سەرخستنی مافی خودا لە سەرخستنی خود لەپێشترە، پێغەمبەریش (دروودی خودای لێ بێت) تەنیا لە پێشێلکردنی پیرۆزی و بەزاندنی سنوورەکانی خودادا تووڕە دەبوو، هەروەکو شەیخولئیسلامیش –بە ڕەحمەت بێت- گوتی؛ لەم بەشەدا مرۆڤ دەبێت لە مافی خۆی خۆش بێت و تا ئەو شوێنەی دەکرێت مافەکانی خودا جێبەجێ بکات[٦].

   باشە کام ماف بۆ خودای گەورە و پێغەمبەرەکەی، لە بایکۆتکردن بەرانبەر ئەو کەسەی بە هەموو هەوڵ و کۆششێکەوە و بە بانگەشەی فەرمی و حکوومی، سوکایەتی بە پێغەمبەری میهرەبان(دروودی خودای لێ بێت) دەکات، گەورەترە؟!

   بەزەیی و لێبووردەیی پێغەمبەر، لە بەهێزیی و توانا و ویستی خۆیەوە بوو، نەک لاوازی و ترسنۆکی، پێغەمبەر (دروودی خودای لێ بێت) ئازاترین و بەتواناترین و توندترین کەس بوو لە جەنگدا، تەنانەت عەلیش (ڕەزای خوای لێ بێت) –کە بە بەهێزیی ناسراوە- دەڵێت: «گەر –لە جەنگدا- دۆخەکە زۆر ناڕەحەت و دژوار بووایە و هەردوو گرۆ بەیەک گەیشتبایەن، خۆمان دەدایە پەنای پێغەبەری خودا(دروودی خودای لێ بێت) و، هیچ کەسێکیشمان لە ئەو نێزیکتر نەدەبووەوە لە دوژمن.» (رواه أحمد بسند صحيح).  هەر ئەو بوو بە سەعدی کوڕی ئەبی وەققاسی فەرموو: «بیهاوێژە سەعد، دایک و باوکم بە فیدات بن» (متفق عليه). و فەرموویەتی: «ئیمانداری بەهێز چاکتر و خۆشەویستترە لە لای خودا تاوەکوو ئیمانداری لاواز» (رواه مسلم).

   نە ئیسلام ئایینێکی نەرێنیی جامدە و نە پێغەمبەریش ژیانێکی زەلیل و لاواز ژیاوە و، نە ئەو بەها مۆدێرنانەیش پیرۆز دەکات کە، ئەمڕۆ خەڵکی لە ڕێگەی ژیاننامەی خۆشەویستەوە دەیانەوێت پەرەی پێ بدەن. بەڵکو هاوسەنگ و دانا بوو، فەرمانی خودای جێبەجێ دەکرد و، لە هەوڵ و ئیجتیهادەکانیدا بە دوای بەرژەوەندیی ئیسلام و موسڵماناندا دەگەڕا.

   بەڵام ئەمڕۆ کاتێک دەوڵەتێکی بەهێز سوکایەتی بەرانبەر پێغەمبەرمان دەکات و، ئێمەیش لە حاڵەتی لاوازی و دابەشبوونی گشتی داین، یەکێکمان لێ ڕأست دەبێتەوە و دەڵێت: پێویستە کردەوەکەیان فەرامۆش بکەین و وێڵیان کەین، هەروەکوو لێخۆشبوونی پێغەمبەری خودا (دروودی خودای لێ بێت) لەو ئافرەتە یەهوودییەی ژەهری دەرخواردی دا! ئێمەیش دەڵێین: حاڵی ئێمە لەم ڕۆژەدا لەگەڵ حاڵی موسوڵمانان لە کاتی خۆیدا لە کوێ و، لێخۆشبوون لە کاتی توانا و هێزدا لەگەڵ فێڵێک کە ملکەچی و بێتوانایی و سوکایەتیی لەپشتەوە بێت لە کوێ!

دەرئەنجامەکانی چاوپۆشیی فریودەرانە
پیشاندانی ئیسلام وەکوو ئایینێکی لێبووردەی هەمیشەیی و، ئاشتی و خۆشەویستیی لەڕادەبەدەر، چەندین دەرئەنجامی زیانبەخش و خەراپی هەیە، کە دەبێت ئاگادارییان لەسەر بدرێت.

   نەوەی گەنج ئەمڕۆ ڕووەو هەموو ئامرازێکی ڕاگەیاندن پێ دەگات، تاوەکو بە ڕۆژاوا سەرسام بێت و، وەکو پێشەنگێک سەیری بکات کە، تەنیا ئەوان قەسر و باڵەخانە و بورجی گەورەیان بنیات ناوە و بۆشایی ئاسمانیان بڕیوە. خودی ئەو ئامرازانە بۆ ئاراستەکردنی گەنج بەرەو وتەگەلێکی لادینی و لاوازکردنی کاریگەرییان لە ژیاندا، کار دەکەن و، ئەو هەستە بە گەنج دەدەن؛ وەکو ئەوەی تاوانێک بەسەرییەوە بێت و پێویستە خۆی لێ ڕزگار بکات. پاشان دوای هەموو ئەمانە، بە وتارێکی لێبووردنی ملکەچکەرەوە دێت تا پێی بڵێت: مافی ئەوەت نییە بەرگری لە پێغەمبەرەکەت بکەیت، تەنانەت ئەو مافەت بە بایکۆتکردن لە کڕینی پەنیر و بۆن و بەرهەمی جوانکاریش نییە!

   ئەم گەنجە دوای ئەمە چۆن دەتوانێت شانازی بە ئایینەکەیەوە بکات و، چۆن لە بەرانبەر ئەو دەیان گومانەی کە هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی دەبێتەوە بووەستێت؟ ئەمە جگە لەوەیش ئەگەر نەبێتە بانگەشەکەر بۆیان! هەروەها چۆن شوێن پێغەمبەرەکەی دەکەوێت و بۆی دڵگران دەبێت، لە کاتێکدا تەنیا بەشێکی کەمی ژیانی خوێندووەتەوە؟!

   پیشاندانی دینداری، وەکوو ئەوەی جلێکی دیاریکراوی پەیوەنددار بە چەمانەوەی پشت و ملکەچی و دانەوین بێت، دیندارگەلێکی ڕووخاو و داتەپیو بەرهەم دەهێنێت کە، هیچ شانازییەکیان بۆ ناسنامەکەیان نابێت و لەسەری جێگیر نابن، کە ئەوەیش بەدڵنیاییەوە پێچەوانەی ڕێبازی پێشین و هاوەڵأن و پێغەمبەری خودایە (دروودی خودای لێ بێت).

   خودا ستاییشی ئەو بەندانەی خۆی کردووە بەوەی خۆشی دەوێن، چونکە (أَذِلَّةٍ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ أَعِزَّةٍ عَلَى الْكَافِرِينَ: بۆ باوەڕداران ملکەچ و بەسۆزن، بەرانبەر بێباوەڕانیش بەعیززەت و سەربڵندن.) (المائدة: ٥٤) جا بۆیە بەکارهێنانی هێز بۆ حەق و ڕاستی، خوازراوە، چونکە بڕواداری بەهێز بۆ موسوڵمانان، بەرهەم دەهێنێت و کار دەکات و، موسوڵمانانیش سوود لە هێزی کرداریی و هێزی ئیمانیی و هێزی لاشەی وەردەگرن[٧]، عیززەت ئەو هێزە دێنێتە کایەوە کە باوەڕ پێک دێنێت و لەسەری دادەمەزرێت، هەر بۆیە پێغەمبەری خودایش (دروودی خودای لێ بێت) نزای دەکرد تا خودای گەورە ئیسلام بە یەکێک لە دوو عومەرەکە عیززەتدار بکات. (رواه الترمذي).

   ئایینی ئیسلام لەگەڵ سروشت (فیترەت)دا، هاوسەنگ و ڕاست و ڕێک و گونجاوە، بانگەشە بۆ بێدەنگی بەرانبەر ستەم و دابڕان لە واقیع ناکات، یاسای کوشتنەوەی کەسێک لەباتی کەسێک و چاو لە حەقی چاو و ددان لەباتی ددانی تێدایە، هەروەها (وَمَنْ قُتِلَ مَظْلُومًا فَقَدْ جَعَلْنَا لِوَلِيِّهِ سُلْطَانًا: جا هەرکەس بەستەملێکراوی کوژرا، ئەوە دەستەڵأتمان بە خاوەنەکەی –بەسەر بکوژەکەدا- داوە.) (الإسراء: ٣٣)ی تێدایە و، (فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ: جا هەرکەسێک چاوپۆشی بکات و ئاشتی بەرقەرار بکات، ئەوە پاداشتی لای خودایە) (الشوری: ٤٠)ی تێدایە، چون ئەو خودایەی دروستی کردووین، زاناترە بە دەروونمان و تەبیعەتمان و پێداویستیمان و ئەوەیشی بۆ پێداویستییەکانمان گونجاوە.

   داوا لە خودای بەرز وپیرۆز دەکەین تەقوا بخاتە دڵ و دەروونمانەوە و پاکی کاتەوە، هەر ئەویش باشترین کەسە بۆ پاککردنەوەی و، بۆ ڕێگای ڕاستی خۆی ڕێنوێنیی بکات.

والحمد لله رب العالمین.


پەراوێز:
[1] سلطان العميري، ظاهرة نقد الدين في الفكر الغربي، ص: 250.
[2] سلطان العميري، ظاهرة نقد الدين في الفكر الغربي، ص: 252.
[3] ابن قدامة المقدسي، مختصر منهاج القاصدين مكتبة دار البيان، ص: 183.
[4] ابن القيم، مدارج السالكين، دار الكتب العلمية، ج2، ص: 223.
[5] محمد بن مفلح بن محمد المقدسي، الفروع في الفقه الحنبلي، ص: 150.
[6] المصدر السابق ذاته.
[7] المنتقى من فتاوى الشيخ صالح الفوزان، ج5، ص: 380.


تاگەکان    
مانا کوردستان ڕەزا بابایی گێڕانەوە شیعر زمان وەچەخستنەوە مێژوو لۆجیک بوونەوەری ئاسمانی زانست ئەیاد قنێبی ئایین تەوبە ڕۆژاوا
فیکر
2020-11-23 کۆمێنت 2588 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی