شەرحی مەم و زینی مامۆستا قانع خورشید و دونیایەک باسی پڕبایەخ

نووسینی: شادان عوسمان
ئەدەب 2020-11-21 کۆمێنت 2028 جار بینراوە
نازانم باسی چی بکەم و کام باسەی بکەمە خاڵی دەستپێک. زنجیرە وانەی شەرحی مەم و زین، زنجیرەیەکە تیایدا مامۆستا قانع خورشید لەنێوان حوزەیراینی ٢٠١٠ بۆ ئەیلوولی ٢٠١٢دا هەستاوە بە شیکردنەوەی مەم و زینی ئەحمەدی خانی و ئێستا تەواوی زنجیرە وانەکە لە یوتیوبەکەی خۆیەوە دانراوە. لێرەدا نە دەمهەوێت و نە لەو ئاستەیشدام دەم لە باسی شاکارەکەی خانییەوە بنێم، کە ئەگەر لە پلەی ڕۆمیۆ و جولیێتی شێکسپیردا نەبێت، ئەوە بەدڵنیایەوە لە پلەیەکی بەرزتر لەودایە. ئەوەی من مەبەستمە لێرە، تەنیا ڕاوەستانێکە لەسەر وانەکانی مامۆستا قانع.

وا بۆ نۆ مانگە من چوومەتە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدە بۆ لای خانی و لەوێیشەوە لەگەڵ دێڕەکانی ئەحمەدی خانی و شەرحەکەی قانع خورشیددا سەفەرم کردووە بۆ میرنشینی بۆتان و لە دوورەوە شاهیدی ئەوین و شەیدایی مەم و زینم. لەو بەینانەیش تاوناتاوێ  دەگەڕێمەوە بۆ سموود و لە مەجلیسەکەی مامۆستا قانع و قوتابییەکانی، دادەنیشم؛ ئیدی مامۆستا چەرخی دەوری مێژوو دەکات هەر لە سەردەمی ڕەسوولی ئەکرەم و هاوەڵانی ئەوەڵیەوە تا سەردەمەکەی خۆی.

هەر وەک خانی خۆی ئێژێت:

«شەرحا غەمێ دل بکەم فەسانە
زینێ و مەمێ بکەم بەهانە»١

لە مەجلیسەکەی مامۆستا قانعیشدا داستانی ئەوینی مەم و زین تەنیا بەهانەیەکە بۆ تاوتوێکردنی دونیایەک باسی دی. جاری وا هەبوو هەستم دەکرد لە سووچی خانەقایەک دانیشتووم و گوێم بۆ ڕازونیازی عارفێکی ئەهلی دڵ شل کردووە و لەگەڵ باسەکانیدا خەڵوەی نێو جەلوەم دەکرد، جارجارەیش هەستم دەکرد لە کۆڕی شارەزایەکی ئەدەبیدام و بە ئەدەبیاتی کوردی و فارسی و عەرەبیدا ڕێ تەی دەکەم، تاوناتاوێکیش سەرم بە حوجرەی مامۆستا و بانگخوازێکی ئایینیدا دەکرد و لەگەڵ شیکردنەوە تەفسیری و عەقیدەییەکانی بۆ ساتێک تێ ڕادەمام، لەگەڵ تەمبێکردنەکانیدا دەچوومە مەجلیسی غەمخوارێکی چینی گەنجان. هەر لەو بەینانەیشدا جاری وا هەبوو لە دەنگی پێکەنینی مامۆستا و موریدەکانی هەستم دەکرد لە مەجلیسێکی دۆستانەی پڕ لە ئەوینی قوتابیگەلێکم لەگەڵ مامۆستای چەشنی برایان.

شەرحی مەم و زینی مامۆستا قانع بەقەد خوێندنەوەی چەندین کتێب لە بوارەکانی عەقیدە، تەفسیر، ئەدەبیات، عیرفان و فەلسەفە؛ کەڵک و چێژی پێ داوم.

هەر کە لە ئەڵقەیێلی هەشتاکانی نزیک بوومەوە، ئیدی ترس بەرۆکی گرتم، چون بە جۆرێک ئەم زنجیرە وانەیە بووبووە بەشێک لە ژیانم، بە تەوابوونی هەستم بە بزربوونی ڕۆتینێکی شیرینی ڕۆژانەم دەکرد.

ئەگەر بە دەستی من بووبا هەموو گەنجێک، بگرە هەموو خوێنەر و زانستدۆستێکم ناچار دەکرد سەرێک بە زنجیرە وانەکەی مەم و زینی قانع خورشیددا بکێشێت، چون ئەوەی لەوێ بە دەستی دەخەیت، بەئاسانی لە هیچ کوێیەکی دی چنگت ناکەوێت، ئەو زنجیرە وانەیە پوختەی چەندین کتێبی بەپێزن کە بە کورتکراوەیی دەخرێنە بەردەستی گوێگر.

ئەو ماوەیەی من لەگەڵ مەم و زینم بە ڕێ کرد، چێژ و فایدەکەی لەوە پترە، بتوانم لە توێی چەند دێڕێکدا گوزارشتی لێ بکەم، وەلێ بێئەمەکی بوو لە پای ئەو هەموو کەڵکەی پێی بەخشیم، بێ هیچێک بە سەریدا ڕەت بووبام.

ئیدی بە قەولی خانی:
«هەر چەند کەلام شوبهی دوڕ بت
بێ قەدر دبت دەما کو پوڕ بت»٢

ئەمەیش لینکی ئەڵقەی یەکەمی شەرحی مەم و زینی خانی



پەراوێزەکان:

١: فهرست سەراغاز کتاب ئەخبار و ئەشعار نەعت ئەلقاب و ئەسارە د سورەت ئعتراف و ئقرارا بعەجز و ئنکسار دگەل ئعتزارا گوفتار وی
بەرهەمی: ئەحمەدی خانی (١٦٥٠-١٧٠٧)
لە کتێبی: مەم و زین.

٢: خاتەمیا کتاب و نامەئێ د سوورەتێ ختابا دگەل خامەئێ هەرچەند غەرەز خەتم کەلامە لاکن ل موتەکەللمی ئیهامە
بەرهەمی: ئەحمەدی خانی (١٦٥٠-١٧٠٧)
لە کتێبی: مەم و زین.
تاگەکان    
حزبی ئیسلامی ڕانانی کتێبب گفتوگۆ نەتەوایەتی بوومەلەرزە وەرزش تەنیایی دیزاینی زیرەک یادەوەری چەواشەکاریی لۆژیکی ئایین باران ئاوی زەمزەم گێڕانەوە وەلی ئەمر
ئەدەب
2020-11-21 کۆمێنت 2028 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی