حەڕەمەین(مەککە و مەدینە) ڕزگار بکەن، پێش ئەوەی کات بەسەر بچێت!

نووسینی: د. جەمال عەبدوسستار وەرگێڕانی: شاهۆ حەمید
فیکر 2020-11-10 کۆمێنت 2014 جار بینراوە
مەککە و مەدینە بۆ ئوممەت ئەمانەتی خودان و، شوێنی بەرپرسیارێتیی ئیبراهیم و شوێنکەوتووە بەپاکڕاگر و موسوڵمانەکانییەتی تا ڕۆژی دوایی، خودای گەورە دەفەرمووێت: (وَإِذْ بَوَّأْنَا لِإِبْرَاهِيمَ مَكَانَ الْبَيْتِ أَنْ لَا تُشْرِكْ بِي شَيْئًا وَطَهِّرْ بَيْتِيَ لِلطَّائِفِينَ وَالْقَائِمِينَ وَالرُّكَّعِ السُّجُودِ: کاتێک شوێنی کەعبەمان بۆ ئیبراهیم دیاری کرد، -فەرمانمان پێی دا- هیچ هاوەڵێکم بۆ بڕیار نەدەیت و، ماڵەکەم بۆ تەوافکەران و نوێژکەران و کڕنووشبەران و سوجدەبەران، پاک بکەوە) (الحج: ٢٦).

   لەسەر ئوممەتە پارێزگاری لە ئەسپاردەکەی بکات و، بەرانبەر بە بەڵێنی خودا، بە پاککردنەوەی ماڵەکەی لە هەستی پیس و بیروباوەڕی پیس، بەوەفا بێت، ڕێگە بە هیچ کەسێکی نەشیاو نەدات، تێیدا ببێت بە ئیمام و بەرز ببێتەوە سەر مینبەرەکەی. مافی هیچ دەستەڵاتێکی سیاسی نییە، دەستەڵاتەکەی بەسەر حەڕەمەیندا فەرز بکات، مافی ئوممەت تاڵان و تەخشانوپەخشان بکات و، مەنعی بەجێگەیاندنی واجباتەکانی لێ بکات.

   مافی هیچ دەستەڵاتێکیش نییە لە جیهاندا، موسوڵمانان ناچار بە نوێژکردن لە‌پاش پێشەوایەکی لەخوانەترسەوە بکات یان، ناچار بە گوێگرتن لە وتاربێژێکی لەخوانەترس بکات و، بیروباوەڕ و پەرستشی موسوڵمانان تێکەڵوپێکەڵ بکات. ماڵی خودا(حەڕەمی مەککە) میراتیی هیچ خێزان و بنەماڵەیەکی ئێرە و ئەوێ نییە و بۆ هیچ بنەماڵەیەک بەجێ نەماوە، بەڵکوو ئەسپاردەیەکە لە گەردنی هەموو موسوڵمانێکی سەر ڕووی زەوی دایە؛ عەرەب بێت یان غەیرەعەرەب، فەرمانڕەوا بێت یان فەرمانبەر ...

   جا بەڕاستی و بە هەموو ڕاشکاوییەکەوە دەڵێم: ڕژێمی سعوودییە بەتەواوی بووەتە پەرەپێدەری ئەو تاوانانە، کە کەسانی ناشایستە و کەمتەرخەم لە بەڕێوەبردنی حەڕەمەین، پێیان هەڵدەستن.

   زۆرینەی خەڵکانی ڕەشبینیش چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد کە، مینبەری حەڕەمی مەککە ببێتە دووانگەیەک بۆ شەرعاندنی ئاشتی و سازان(التطبيع) لەگەڵ داگیرکەران و، هەڵبەستنی بەڵگە بۆ پاکانەی ناپاکی و قبووڵکردنی دۆستایەتیی تاوانباران!

   بە خەیاڵی هیچ کەسێکدا نەهاتووە، مینبەری حەڕەم، کە ساڵەهایساڵە وتاربێژانی، هاوار بۆ تاوانبارکردنی چوونە ڕیزی دوژمنان و، حەرامکردنی دۆستایەتی بێباوەڕان دەکەن و، هەمیشە ئیمامەکان تێیدا نزایان لە داگیرکەران و، پاککردنەوەی مزگەوتی ئەقسا لە جووە ستەمکارەکان کردووە‌، ببێتە مینبەرێک بۆ شەرعاندنی سەرنەویکردن و پاکانە بۆ بەدکاری!!

 بەهاناوەچوونی حەڕەم:
وەکو دیارە کار گەیشتووەتە لێواری داڕووخان، لەسەر ئوممەتە بە ڕژێم و گەلەوە، بە زانا و عەوامەوە، بە دامەزراوە و تاکەوە، سبەی نا هەر ئەمڕۆ، هاوار بۆ بەهاناوەچوون و پاراستنی حەڕەمەین لە پیسکردنی لەلایەن ڕژێمی سعوودییە و دارودەستەکەی کە بە پۆشاکی دین خۆیان داپۆشیوە‌، بکات.

   حەڕەم ڕزگار بکەن لەوەی کە درۆزنێکی بوختانچی بچێتە سەر مینبەرەکەی و، بانگەشەی ئەوە بکات کە ترەمپ لەگەڵ وەلی ئەمرەکەی، جیهان بەرەو بەندەرەکانی ئاسایش و ئاشتی دەبات.

  مەککە و مەدینەی پیرۆز لە چنگی ڕژێمێک ڕزگار بکەن، کە مینبەرەکەی بۆ شۆردنی سومعەت و بەکارهێنانی ناوبانگی خۆی و پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکانی و بەیاسایکردنی ڕشتنی خوێنی موسوڵمانان، پەلاماردانی پێشەوایان، زانایان، بانگخوازان، وتارخوێن و پەروەردەکاران بەکار دەهێنێت.

   سەکۆی حەڕەمەینی پیرۆز لەو کەسە ڕزگار بکەن، کە درۆ لەگەڵ خودا و پێغەمبەرەکەی دەکات و، ئایینی ئوممەت تێکەڵوپێکەڵ و بیروباوەڕی وێران دەکات؛ سوپاس و ستایشی دوژمنەکانی دەکات و، شەڕی پیاوە تێکۆشەر و پاڵەوانە بەرگریکارەکانی دەکات.

   سازان، دانووستان نییە لەنێوان دوو لایەنی ناکۆکدا، هەروەها پردێکیش نییە بۆ چاککردنی ململانێی نێوان جوولەکە و موسوڵمانان، بۆیە هەموو ڕێکخراوە ئایینییەکانی جیهانی ئیسلامی و، هەموو زانایانی سەردەم لەسەر حەرامکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا کۆدەنگن و، هەروەها لەسەر حەرامکردنی فرۆشتنی هەر پارچە زەوییەکی خاکی فەلەستین بە جوولەکە و، قەدەغەکردنی دەڵاڵی و ناوبژیکردن و ئاسانکاریی بۆ ئەو جۆرە فرۆشتنە -بە هەر شێوەیەک بێت‌- یەکدەنگن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی داننان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا خیانەتە لە خودا و پێغەمبەر و ئەسپاردە و هەموو موسوڵمانان.

   سوودەیس، یەکێکە لەوانەی لەسەر مینبەری حەڕەمی مەککەی پیرۆزەوە باس لە تێکەڵکردنی بابی وەلائە و بەڕائە لەنێوان بیروباوەڕی دڵ و مامەڵەی باش لە پەیوەندییە تاک و نێودەوڵەتییەکاندا دەکات!

   وەڵڵاهی درۆی کرد، کێشەکە لەگەڵ ئایینی جوولەکە و جووەکاندا نییە تاوەکوو قسە لەسەر باشی ماماڵە بکەین!

   بەڵکوو کێشەکە کە ئەو دەیەوێت سەرنجەکانی لەسەر لابدات ئەوەیە؛ ڕێکخراوێکی جیهانی بە ناوی ئایینی یەهوودی، لە هەموو قوژبنێکی دنیاوە شوێنکەوتووانی کۆ کردووەتەوە و، دەستیان بەسەر فەلەستین و مزگەوتی ئەقسادا گرتووە، زەوی‌و‌زارەکان داگیر دەکەن، بە هەزاران پیاو و ژن و منداڵیان کوشتووە و دەکوژن، پارە و سەروەت و سامان تاڵان دەکەن، مەزرا و کێڵگە کشتووکاڵییەکان خەراپ دەکەن، بەوەیش خەڵکەکەی ئاوارەی نێو خێمە دەکەن و، وەک پەنابەر بۆ وڵاتانی دنیای دەنێرن!

   بەڵکوو کێشەکە ئەوەیە کە، ڕێکخراوی زایۆنیی یەهوودیی نێودەوڵەتی، مزگەوتی ئەقسا و قوودسی داگیر کردووە و، پیرۆزییەکانی لەکەدار کردووە، خەڵکەکەیشی تیرۆر کردووە و، وەکوو دەوڵەتێکیش بەبێ ئەوەی هیچ پشتیوانییەکی عورفی و ئایینی و یاسایی هەبێت، ڕایگەیاند!

 ڕازیبوون بە داگیرکاری
سازان(التطبيع) ڕازیبوونە بە داگیرکاری، خیانەتە لە خوێنی شەهیدان، تانەیەکە لە پشتی تێکۆشەران و، بەفیڕۆدانی مافی ئاوارە و دەرکراوانە. سازان، خیانەتە لە ئایین و، ڕازیبوونە بەوەی کە ئەقسا هیی زەوتکەران و داگیرکەران بێت.

   سازان، بەڕوونی و بەبێ ئاڵۆزی و پێچو پەنا؛ پشتوانییە لە بێباوەڕە بکوژەکان و، بێباوەڕییە بە حەرامکراو و قەدەغەکراوەکانی خودا بەبێ لێکدانەوە و هیچ پاساوێک. خودایش لە وەسفی بکەرانیدا ڕاستی فەرمووە: (وَمَنْ يَتَوَلَّهُمْ مِنْكُمْ فَإِنَّهُ مِنْهُمْ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ: ئه‌و که‌سه‌ی پشت به‌وان ببه‌ستێت، ئه‌وه هه‌ر له‌وانه و، به‌ڕاستی خودا ڕێنموێنیی قه‌ومی سته‌مکاران ناکات.) (المائدة: ٥١).

   ئاخر کەی موسوڵمانان لەگەڵ ئەهلی ئایینەکانی تردا خەراپ مامەڵەیان کردووە، تا باسی باشیی مامەڵەکردن بکەیت؟!

   لەسەر هەموو ئوممەتە پشتگریی خۆی پاتە بکاتەوە و، بە تێکۆشانەوە هەوڵ بۆ پاراستنی ئەسپاردەکەی بدات، هەموو شتێکی گران و بەنرخ بۆ پاککردنەوەی مەککە و مەدینە لە هەموو پیسییەکی جەستەیی و مەعنەوی بخاتە کار و لەو پێناوەیدا دانێت و، ئەمن و ئاسایشیان تێدا بەرقەرار بکات، بە شێوازێک، کە هیچ موسوڵمانێک ڕێگریی تەوافکردنی لێ نەکرێت، جا هەڵوێستی هەرچۆنێک بێت و سەر بە هەر مەزهەبێک بێت.
تاگەکان    
مۆدێرنیتە دیمانە تەنیایی ڕانانی کتێبب جنۆکە بوووژانەوە خاڵبەندی قەدەر كتێب تەلارسازی سۆفیگەری یاری نوێژ جوانی بوونەوەری ئاسمانی
فیکر
2020-11-10 کۆمێنت 2014 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی