پێنج تایبەتمەندی لە منداڵاندا هەن، بەڵام لە گەورەکاندا نین

نووسینی: مستەفا مەلەکیان وەرگێڕانی : باوەڕ وشیار
فیکر 2020-11-07 کۆمێنت 478 جار بینراوە
پێنج تایبەتمەندی لە منداڵاندا هەن، بەڵام ئێمەی گەورەکان ساڵانێکە لە خۆماندا ڕەشمان کردوونەتەوە و لە ئێمەدا بوونیان نییە. ڕۆسۆ دەڵێت: «سەیر بکەن بزانن منداڵەکان تا بە دەستی ئێمە سروشتی پاکیان تێک نەچووە و گەورە نەبوونە چ تایبەتمەندییەکی سەیریان هەیە.» لەدوای ئەوەوە پێنج تایبەتمەندی دەژمێرێت و بڕوای وایە ئەوەی کە مەسیح لە ئینجیلدا دەیگوت: «تاکو منداڵ نەبنەوە، داخیلی مەلەکووتی خودای من نابن.» هەر لەبەر ئەو پێنج تایبەتمەندییە بوو کە لە منداڵاندا هەن، بەڵام لە ئێمەی گەورەکاندا بوونیان نییە. هەر لەبەر ئەمەیش بوو مەسیح داوای دەکرد منداڵ ببینەوە.

‎ئەم پێنج تایبەتمەندییەيش ئەمانەی خوارەوەن:

‎١. منداڵەکان تا ئەو کاتەی پێویستییان بە شتێک نەبێت داوای ناکەن. بۆ نموونە تا برسی نەبن، داوای خواردن ناکەن و وڕکی لێ ناگرن، هەر ئەوەندەیشی کە پێویستییەکەیان بەجێ هێنا، ئیتر دەستی لێ دەکشێننەوە. بەڵام ئێمەی گەورەکان ڕێک پێچەوانەی ئەمەین. پێویستمان بە شتێک نییە، بەڵام بەدوایدا ڕادەکەین و داوای دەکەین، دوای ئەوەیشی کە هاتە دەستمانەوە و پێویستییەکەمان بەجێ هێنا، ئامادە نین دەستبەرداری ببین.

‎٢. منداڵەکان لێرەدا و لە ئێستادا دەژین. هیچ منداڵێک ‎لە ڕابردوو یان لە داهاتوودا ناژیت بەو مانایەی کە خەم بۆ ڕابردوویان ناخۆن و ترسیشیان لە داهاتوویان نییە، بەڵکو لە ئێستادا دەژین. بەڵام ئێمەی گەورەکان، عەیامێکە لێرەدا و لە ئێستادا ناژین.

٣. منداڵەکان ڕووکەشی نین. منداڵ ئەگەر ڕوخساری تووڕە پیشان بدات، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەر بەجددی لە ناخەوە تووڕە و دڵتەنگە. بەڵام ئێمەی گەورەکان هەندێک کات دڵخۆشین و دڵمان پڕیەتی لە شادی، بەڵام بە ڕووکەش خۆمان تووڕە نیشان دەدەین، یان بەپێچەوانەوە، ئەمەیش هەمووی لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆمانە. بۆ نموونە من دەزانم کە پێویستم بە کەسی بەرانبەرم هەیە، لەگەڵ ئەوەی هەرچەندە دڵم دەیەوێت بیکوژم و خوێنی بڕێژم، لێ لە ڕووکەشدا بەدەمییەوە پێدەکەنم و ماچی دەکەم و پێیدا هەڵدەدەم. بەڵام منداڵەکان بەم جۆرە نین، منداڵەکان هەرگیز ناتوانن نمایشی درۆیینە بکەن.

   ئێمە لە ژیانماندا بەبەردەوامی خەریکی نمایشی درۆیینەین، بەو مانایەی کە دڵمان شتێکە و دەستیشمان کارێکی تر ئەنجام دەدات، دڵمان شتێک دەڵێت بەڵام زمانمان شتێکی تر. بەڵام منداڵەکان ناواخن و ڕووکەشیان یەکێکە، کاتێک لە هاوڕێکەیان تووڕە دەبن، ڕێک پێیان دەڵێن: «من لە تۆ تووڕەم.» بیر لەوە ناکەنەوە بڵێن: «بوەستە با من بیر بکەمەوە ئایا تووڕەبوونم لەگەڵی سوودم پێ دەگەیەنێت یان نا؟ چونکە ئەگەر تووڕە ببم، بۆ نموونە ئەگەری هەیە سبەی پێویستم بە ڕەشکەرەوەکەی هەبێت و ئەو پێمى نەدات! یان ئەگەری هەیە سبەی شیرینيیەکی خۆشی پێ بێت کە من زۆرم حەز لێیە، بەڵام بە منی نەدات. دەی مادام لێی تووڕە نابم.» نا، منداڵ هەرگیز بیر لەو شتانە ناکاتەوە. کاتێکیش هات و وتی با ئاشت ببینەوە، هەر بەجددی هیچ کینەیەکی لە دڵدا نامێنێت، بەڵام زۆر جار من و تۆ لەیەک تووڕەین، بەڵام کاتانێکی زۆر پێکەوە دەبین و پێدەکەنین بێئەوەی هیچمان هەست بەوەی دیکەمان بکەین کە شتێکی لە دڵ گرتووە و تووڕەیە و، زۆر جاریش من و تۆ لە دڵەوە لەیەک تووڕە نین، بەڵام لە ڕووکەشدا خۆمان تووڕە نیشان دەدەین. ئەم نمایشە درۆیینەییانە، لای ئێمەی گەورەکان بوونی هەیە، بەڵام لە لای منداڵەکان بوونی نییە.

‎٤. منداڵەکان جیاوازی لەنێوان هەست و سۆزەکانیاندا زۆر کەمە.
ئەگەر مرۆڤ سەرنجی دابێت دەزانێت زۆر جار کاتێک منداڵێک هێشتا دەگری و فرمێسکەکانی بەسەر گۆنای بەتەواوەتی نەهاتوونەتە خوارەوە، بەڵام هەر ئەوەندەی شتێکی پێکەنیناویی بینی، ڕێک دەدات لە حریکەی پێکەنین، بەڵام ئێمە بۆ نموونە ئەگەر لە دانیشتنێکدا بە شتێک ناڕەحەت ببین، ئێستا هەرچەندە ئەوەی کەمێک لەمەوپێش ڕووی دا و تێپەڕی، گەر بێتو شتێک ڕوو بدات دڵیشمان خۆش و گەش بکات، بەڵام بە خۆمان دەڵێین: «نا، نابێت بەو خێراییە دڵخۆش ببین، دەبێت چەن کاتژمێرێک تێبپەڕێت.» چونکە دەترسین بڵێن: «ئەمە چ حاڵێکە ئەم کابرایەى تێدایە، هەر ئێستا غەمگین بوو، کەچی ئێستا پێدەکەنێت!» ‎بۆیە هەوڵ دەدەین هێواش-هێواش ڕوخساری غەماویمان بە شادی، یان ڕوخساری شادیمان بە ڕوخسارێکی غەمگین بگۆڕین، چونکە لامان گرنگە ئەوانەی تر دەربارەمان چی دەڵێن. بەڵام منداڵەکان وا نین.

٥. منداڵەکان زۆر دەگرین، بەڵام ئێمەی گەورەکان گریان لامان ناشیرنە و بە عەیبەی دەزانین، لێ نازانین کە چەندە لە ڕووی دەروونییەوە گریان ئارامیمان پێ دەبەخشێت و سوودی بۆمان هەیە. لەکۆتاییدا ژان ژاک ڕۆسۆ دەڵێت: «ئێوەی گەورەکان کامەتان ئەم تایبەتمەندییانەتان تێدایە؟ کامەتان بەم جۆرەن کە باسمان کرد؟» ڕاستییەکەی هیچمان بەم جۆرە نین. دواتر دەپرسێت و دەڵێت: «بۆچی کاتێک منداڵ بووین بەم جۆرە بووین، بەڵام ئێستا کە گەورە بووین بەم چەشنە نین؟»

‎سەرەتا تۆ بە جۆرێک بوویت کە کەس وەک تۆ نەبوو
‎لێ لە کۆتاییدا بوویتە شتێک کە کەس وەک تۆ نەبێت
فیکر
2020-11-07 کۆمێنت 478 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی