ژن لە هۆڵیوود و ئەفسانەکانی سەرکەوتن و ئازادی

نووسینی: تەسنیم ڕاجح وەرگێڕانی: شاهۆ حەمید
فیکر 2020-10-27 کۆمێنت 2720 جار بینراوە

فەرشی سوور، پۆشاکی بەهادار، گەوهەری گرانبایی، جوانی و هێز و سەربەخۆیی، پەیامی سوپاس و ستایش، شانازی، باس لە هاوسەنگی و شادی و سەقامگیری ... هەموو ئەو وێنە سەرنجڕاکێشانەن، کاتێک لە هۆڵیووددا باس لە ئافرەت دەکرێت، دێنە پێش چاو. ئەو ئافرەتانە لەسەر شاشە و لە سینەماکان، وەک نموونەیەک بۆ دروستکردنی خود‌ و گەیشتن بە لوتکەی هەرەمی سەرکەوتن، خۆیانمان بۆ دەردەخەن. نموونەی کۆکەرەوەی هێز و چاکە و مێینەیی (ژنێتی)، لە چاوی کچ و گەنجەکانماندا دەنوێنن، وەک ئەوەی گوایە ئەوان گوزارشت لە کۆتایی هەوڵ و گەڕان و کۆتایی ئەو تونێلە تاریکە بکەن، کە گەلانی تێدا نیشتەجێن.

     بەڵام تەماشایەکی نێزیکتر لە جیهانی هۆڵیوود و ئافرەتەکانی، ناشرینیی حەقیقەتە شاراوەکان دەردەخات. لەنێو ئازارە دەروونییەکان و نەخۆشییە ئۆرگانییەکان و فشارە کۆمەڵایەتییەکان و لەدەستدانی تایبەتمەندی، ژنەهۆڵیوودی(ئەستێرە) ژیانێک بەدوای سەرابدا دەژیێت و زاری بۆ دەردێنێت، هەرچەندێک خۆی لە ماددەدا غەرق بکات، هیچی لێ بەدەست ناکەوێت. ژیانی هیی خۆی نییە و، تەنانەت مافی سادەترین بڕیاری ژیانیشی نییە! لە مەزرای تاڵدا هەژار و ونبووە. ئەوەی پێی دەکرێت؛ یان پێی نازانێت یان پێی دەزانێت و لەبەرانبەر پاداشتی ماددیدا لەبیری دەکات، کە ئەوانەیش ئەستێرە ناودارەکانن.

   لەبەر ئەوەی کە فیتنەی دیار بۆ بینەر وای پیشان دەدات ئەو مێیینانە ڕۆڵی ئافرەتی پێشەنگ دەگێڕن، لەم وتارەدا لەگەڵ چەند وێنەیەک لە ستەم و بەکۆیلەکردن کە بەدەستییەوە دەناڵێنن، دەوەستم و دەدوێم، تا ئافرەتانی ئێمە بزانن ئەوانەی بە پێشەنگیان دەبینن، شایەنی غیرەبۆکردن نین، بەڵکوو جێگای بەزەیی و خەمخۆرین، جا با هەرچەندێکیش جەماوەریان زیاد بکات و کۆشکیان فراوان بێت و پۆشاک و گەوهەریان گرانتر بێت.

بەراورد بە پیاو
کاتێک ڕۆژنامەوانی ڕۆژاوایی لە هۆڵیوود باس لە ئافرەت دەکات، زۆر جار تیشک دەخاتە سەر ژمارەی خانمە ئەکتەرەکان لە ڕۆڵە سەرەکییەکان و گفتوگۆ و دیبەیتەکانیان و کرێی کارکردنیان و ژمارەی ئەو ژنانەی لەپشت پەردەوە کار دەکەن، بێگومان هەموو ئەوە بە بەراورد لەگەڵ پیاودا.[1] لەگەڵ ئەوەی ئەم خاڵانە بە ئامار پشتڕاست کراونەتەوە، بەڵام ئەوە پێچەوانەی ئەو تێڕوانینە مێیینەیەیە کە دەیەوێت مێینە هەمان مافی پیاوی هەبێت و، لە هەموو شتێکدا نیوەی هیی ئەو بێت، -بێگوێدانە ئەوەی چەندێک بۆ مێیینە گرنگە یان لەگەڵ سروشتیدا دەگونجێت- بۆ نموونە تەنیا سێ ژن بەدرێژاییی مێژوو بۆ خەڵاتی ئۆسکار خەڵاتی باشترین دەرهێنەریان وەرگرتووە، هەروەها ئافرەتانی دەرهێنەر لە هۆڵیوود لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لە 8 - 13% دەرهێنەری ژن زیاتر نەبوون![2]

   بەڵام ئەوەی دەمەوێت تیشکی بخەمە سەر؛ کەموکورتی لە ئامادەیی ئافرەت یان، ئەو جۆرە گفتوگۆیانە نییە کە پێی دەدرێت، بەڵکوو ئەوەی لە پاشخانی هەموو ئەمانەدا ڕوو دەدات، چۆن مێیینە دەچێتە نێو ئەم جیهانەوە و، لەنێو کێبڕکێکاندا لەسەر چ بنەمایەک هەڵدەبژێردرێت؟! ئەگەر ئەو ڕۆڵبینینانە تەنیا بە ئەنجامدانی هەندێک جووڵە و گوتنی چەند دەستەواژەیەک قازانجی زۆریان هەبێت، دەبێت ئافرەت بۆ بەدەستهێنانیان و هێشتنەوەیان چی پێشکەش بکات؟!

   نواندن لە هۆڵیوود وەکوو پیشەکانی تر نییە، کچان لە ئەمریکا بۆ هەلی دەرکەوتن لەسەر شاشە، پێشبڕکێ دەکەن، تا ڕادەیەک کەمیی کاری بەرهەمهێنان، وا دەکات پێشبڕکێکە زۆر قورس بێت،[3] بەناچاری قەناعەت بە ڕکابەرە ئافرەتەکان دەکەن لەبەرانبەر ڕازیبوونی دەرهێنەر و بەرهەمهێنەران -زۆر جار پیاوان-، هەموو شتێک قبووڵ بکەن.[4] چەندین ڕاپۆرت دەریان خستووە کە، ڕازیبوونی دەرهێنەران بەتەنیا پەیوەستە بە بۆچوون و حەز و ئارەزووی تایبەتی خۆیان، کە دەگوترێت ڕووبەڕووی کەسایەتیی ئافرەتەکە دەکرێتەوە وەکوو توانای ئامادەیی شانۆیی، وزە، تایبەتمەندیی جیاوازبوون، باڵادەستی، زیندووێتی و تایبەتمەندییە واتاییەکانی تر کە پێوەرێکی ڕاستەقینەیان نییە. جا بەو شێوە بوار بۆ کۆمەڵێک فیلمساز بۆ هەڵسەنگاندنی هەزاران کچ لەسەر بنەمای شێوەی دەرەوەیان دەکەنەوە، دواتر هەڵبژاردنی چەند کچێکیان بۆ چوونە نێو ئەم جیهانە و بوون بە «ئەستێرە». دەتوانین ئەو سنوور و پێوانە پیشەییە پارێزراوانەی کاتی هەڵسەنگاندنەکان بهێنینە پێش چاومان، خانمەئەکتەر، رۆسامۆند پایک دەڵێت: «بەرپرسان داوایان لێی کردووە لە نمایشێکدا بۆ فیلمی «Die Another Day: ڕۆژێکی تر بمرە» بەڕووتی دەربکەوێت.»[5] هەروەها ئاندی هێنری –بەرپرسی نمایشکردن لە زنجیرەدرامای «CSI»- دوای ئەوەی پێنج خانمەئەکتەر ئاشکرایان کرد کە لە کاتی نمایشکردندا داوای لێ کردوون هەمان شت بکەن، لە کارەکەی دەرکرا، کە ئەو خانمانە دواجار لەپێناو ڕۆڵگێڕان پێی ڕازی بوون.[6] جا هەر بەو شێوەیە، ئەو بوارەی کە بڕیارە دیمانەیەکی پیشەیی بێت، دەگۆڕێت بۆ پێشکەشکردنی کاڵایەک لە بازاڕێکی هەرزانفرۆشیدا، یا پەسەند دەکرێت یا ڕەت دەکرێتەوە.

خانمەئەکتەر، جین فۆندا بە ڕۆژنامەی دەیلی تێلیگراف دەڵێت: «کاتێک باس لە خانمەئەکتەرەکان دەکرێت، ڕواڵەت هەموو شتێک کورت دەکاتەوە، پیاوان زۆر گرنگی بە شکڵ و شێوە دەدەن و، ئافرەتانی گەنجی باش و جوانیان بۆ کارکردن دەوێت، بۆیە هەمیشە دەمانبینیت هەوڵ بۆ ڕزگارکردنی گەنجەکانمان دەدەین.»[7] کەچی سەرکەوتن و بڕوانامەی ئەکادیمی، ئەزموون و پرۆفیشناڵی، هیچ بەهایەکی نییە لایان و هیچ ڕەچاو ناکرێت، بەڵکوو ئەوە تەنیا بابەتێکە پەیوەستە بە چێژی کەسییەوە بۆ بەرپرس و هیچی تر. هیچ سەیر نییە، لە ئامارێکدا کە گۆڤاری فۆربیس هێناويەتی، دەرکەوتووە تەنیا لە 10%ی ئەو ئەکتەرانەی لە هۆڵیوود مووچەیان بەرزە، هەڵگری بڕوانامەی زانستگان![8] هەروەها بۆ مانەوە لە هۆڵیووددا، پێویستە خانمەئەکتەر هەمیشە پارێزگاری لە شکڵ و وێنە و لاوێتیی خۆی بکات، ئەگینا بینەر ڕەتی دەکاتەوە و بەوەیش دەرهێنەرەکان پشتگوێی دەخەن. سەبارەت بە فشاری هۆڵیوود بۆ سەر ئەستێرەکانی، تا پارێزگاری لە شێوە و جەستەیەکی دیاریکراو و لاوازییەکی ڕێک و ناواقیعی بکەن، لیسا کودرۆ -ئەکتەری زنجیرەدرامای «:Friends هاوڕێيان»- دەڵێت: «ئەو پێشبینییانەی کە دەبووایە وەکوو بەشێک لە کارەکەی لە زنجیرەدراماکە ئەنجامی بدان، وای لێ کرد هەرگیز لە جەستەی خۆی ڕازی نەبێت، بە شێوەیەک کە بەردەوام هەوڵی باریککردن و لاوازکردنی خۆی دەدا، تا وای لێ هات بە هۆی تاوە هەستی بە ماندووبوون و سەرما و نەخۆشی دەکرد، لەگەڵ ئەوەیشدا هەرچەندێک کێشی زیاتری لەدەست بدایە، زیاتر ستایش دەکرا و پێیدا هەڵدەدرا!»[9]

ئابڕووچوونەکانی چەوسانەوە و بزووتنەوەی میتوو(MeToo)
گەر ئەمە حاڵی ئافرەتێک بێت لە پرۆسەی پەڕینەوە بۆ هۆڵیوود، ئەی دوای ئەوەی کە دەچێتە ناوی، دەبێت حاڵی چۆن بێت؟

   ساڵی 2017 لە میدیاکانی جیهان و بەتایبەت ئەمریکادا، ئابڕووچوونەکەی دەرهێنەری بەناوبانگ هارڤی واینستەین تەقییەوە و دەنگی دایەوە، کە زیاتر لە 50 ئافرەت بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دەستدرێژیی سێکسیی کردوونەتە سەر، بە ڕوودانی ئەم حاڵەتەیش هاشتاگی میتوو زیاتر بڵاو بوویەوە، بە شێوەیەک، هانی ژنانی هۆڵیوود و دەرەوەی هۆڵیوودی بۆ ئاشکراکردنی خراپەکاری و دەستدرێژیی سێکسیی لەلایەن پیاوانەوە دا.[10] ئەم هەڵمەتەیش بووە هۆی زۆربڵێیی لەسەر دەستەڵاتی پیاو لە هۆڵیوود و، پێویستکردنی شۆڕش لە دژی نێرەکان و کێشانەوەی ناوەندی هێز و دەستەڵات لەدەستیان. بەپێی ئامارێک کە ڕۆژنامەی «:USA Today ئەمڕۆی ئەمریکا» بڵاوی کردووەتەوە، زیاتر لە 94%ی ئافرەتان لە هۆڵیووددا، لانی کەم تەنیا جارێک لەکاتی کارکردندا ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە.[11] ئەوەی لێرەدا جێی سەرسووڕمانە ئەوەیە؛ چارەسەری پێشنیارکراو ئەوە نەبوو کە ژینگەی کاری ژنان بگۆڕدرێت تا سەلامەتتر بێت، یان دیمەنەکانی ناوزڕاندن و ڕووتی و خرۆشان لە فیلمەکانیان کەم بکرێتەوە، یان چەند قەید و مەرجێک دابنرێت تا لێی دیار بێت چی دەنوێنێت و چۆن ڕۆڵ دەگێڕێت. بەڵکوو چارەسەریان هاوارکردن بوو بە ڕووی نێرە سێکسبازە سەیرەکان و داواکردن لێیان تا لە سروشتی مرۆیی خۆیان دەرچن و دوور بکەونەوە. بەڵکوو هەموو شتێک لەسەر شێوەی خۆی بەردەوام بوو. ئەم پیشەسازییە بۆ ورووژاندنی غەریزە و ورووژاندنی چێژ ئاراستە کراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا نکۆڵی لە کاریگەریی بەرهەمی دروستکەرەکانی دەکات!

  لەم تیاچوونە ورد دەبمەوە و لەگەڵ ڕێزی ئیسلام لە مرۆڤ و پارێزگاریکردنی لە ژن و پیاو و جەستە و ڕووح لە شەیتانەکانی مرۆڤ و پەری، بەراوردی دەکەم. یاسا و شەریعەتی چاوداخستن -لە ئاست نامەحرەمدا- و ئەوەی لەو شەریعەتەدایە لە بەرزکردنەوەی دەروونی مرۆڤایەتی، بەسە بۆ ئەوەی جیاوازیی نێوان سیستمی ئایینیی ڕاست، کە غەریزە و ئاراستەکانی دەناسێتەوە و، سیستمی حیزبی شەیتان، کە نکووڵیی سروشتی مرۆڤایەتی دەکات و پاشان لەکاتی ڕوودانی ناڕەحەتیدا دەستەوەسان دەبێت، بەدیار بخات.

لە مرۆڤبوونەوە بۆ بوونبەڕیکلام
سەرەڕای هەموو چەوسانەوەیەکی ژنان لە جیهانی سینەمادا، کۆمپانیاکانی سەرمایەدارییش بەکاریان دەهێنن بۆ ئەوەی لە مرۆڤێکی هەبوو و خاوەن ڕووحەوە بۆ ڕوویەکی پڕوپاگەندە و ڕیکلام و بازاڕگەرمی بیانگوێزنەوە. بەسادەیی، کۆمپانیایەکی جوانکاری یان عەتر و بۆن، بڕە پارەیەک بە خانمەئەکتەر دەدات، لەبەرانبەر ئەوەی ببێت بە ڕوویەکی میدیایی و ئیعلامی بۆ کاری بازرگانی، دواتر وێنەی لەسەر گۆڤار، ڕیکلام، دیواری دوکان و قوتووی بەرهەمەکان بڵاو دەبێتەوە. لە مرۆڤێکی باڵادەستەوە بۆ جەستەیەک دەگۆڕێت کە، تەنیا بۆ سەلماندنی کاریگەریی بەرهەمێکی بازاڕکراو دەبینرێت. ئەم ئافرەتە لە هەموو کۆڕ و شوێنێکدا پێویستە جلی دیاریکراو لەبەر بکات و، لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا ئاماژە بە فڵانە بەرهەم بکات، هەروەها دەبێت لەسەر بەرگی گۆڤار و پەڕاو و تابلۆی سەر شەقامەکان دەربکەوێت، وەک ئەوەی ڕیکلامێکی جووڵاوی هەمیشەیی بێت. جا بەڕاستی لەم کردارەدا شتێک نابینم هاوشێوەی کۆیلایەتی بێت!

   هەرچەندە هەموو ئەمانە بەگوێرەی گرێبەستی فەرمی، بە ڕەزامەندیی هەردوولا بەڕێوە دەچێت، بەڵام کچەهونەرمەند کاتێک بەو گرێبەستە ڕازی دەبێت، دەزانێت بەوەی کە ناچارە کارێک بکات، لەوانی دی جیای بکاتەوە، دەیەوێت جەماوەر لەنێوان ڕکابەرەکاندا باسی بکەن و، بەرهەمهێنەرانیش پێیان وا بێت کە ئەو داواکراوە و خاوەنی جەماوەرێکی زۆرە، تاوەکوو لە کارەکانی داهاتوودا هەڵیبژێرن. کوا دادپەروەری و ئازادی لە هەموو ئەمانەدا؟ باشە کوا کەرامەت و ڕێز، ئەگەر مرۆڤ ببێتە ئامێری درۆ و فێڵ و زیادکردنی قازانج؟

تەنیا هۆڵیوود نییە
هەرچەندە باسەکە لێرەدا دەربارەی ئافرەتە لە هۆڵیوود، بەڵام ئەوەی من باسی دەکەم بریتییە لە نیشاندانی ئافرەت لە هەلومەرجی دیاریکراودا، بۆ چێژبەخشین و دڵخۆشکردنی خەڵکی و بەدەستهێنانی سەروەت و سامانی خەڵکی پێیان لە هەر جێ و زەمانێکدا بێت. بۆ نموونە لە جیهانی بۆلیوود(سینەمای هیندی)دا، خانمەئەکتەر شریا نارایان لە دیمانەیەکی ڤیدیۆییدا دەڵێت: «بەکارهێنانی ئافرەت بۆ سێکس، لەبەرانبەر ئەوەی ببێتە «:Somebody کەسێک» یان کەسێکی ناسراوی نێو سینەما، باو و بەربڵاوە.»[12] گەیشتنی ئەم هەڵسوکەوتانە لەم کارەدا بەرەو لوتکە لەگەڵ زۆریی ئەوانەی پێشبڕکێی بۆ دەکەن، دەبێت بەو شتەدا بڕوات کە پێی دەڵێن «:casting couch دانانی قەنەفە(ئەو ئافرەتانەی ڕۆڵی کارەکتەری سێکسی دەبینن)». بە گوێرەی قسەکانی ئەو خانمە، گومانی تێدا نییە هەموو خانمەئەکتەرەکان ناچارن بەم ڕێگایەدا بڕۆن. وێڕای ئەوەیش، نارایان دەڵێت ئەو ئێستا لەو کارە تا ڕادەیەکی زۆر، دووری گرتووە، چونکە نایەوێت ببێتە ئامرازێکی بازاڕکردن بۆ بەرهەمگەلێک کە، یەک دانەیان بەسە بۆ خواردنی خێزانێکی وڵاتەکەی. ئەو ڕەتی دەکاتەوە لە هەموو کاتێکدا ڕوخسارێکی جوانی تایبەتی هەبێت، ڕقی لەوەیە داوای لێ بکرێت جلوبەرگی دیزاینەر و خشڵدار لەبەر بکات و، پارێزگاری لە کەشخەیی هەیکەلی و قژی لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا بکات، تاوەکوو بۆ بەرهەمهێنەران و دەرهێنەران ڕوویەکی ڕاگەیاندنی ناسراو بێت.[13]

   ئەم ئافرەتانە کۆیلەی پێوانەکانی جوانیی خەیاڵ، ڕازی جەماوەر و دەرهێنەر، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و سەرمایەدارەکانن. ئەم ئافرەتانە توانای بەرگریکردنیان لە خۆیان نییە و ناتوانن دەستدرێژی و سوکایەتی لەسەر خۆیان لا ببەن. ئەمانە ئەوانەن کە، لەسەرەوەی پەیژەی پارە و ناوبانگ دادەنیشن و، لەبنی بنەوەی هەرەمی ئازادی و ئارامیدا نیشتەجێن. ئا ئەمانەن پێشەنگ و سەرکردەکان! كە وا لە ئافرەتی موسوڵمانی بەڕێزی بێگەردی ماڵەوە دەکەن هەست بە کەموکورتی و زەلیلی بکات؛ وای لێ دەکەن لەکاتی چوونەدەرەوەی لە ماڵ گەر پیاوەکەی پرسیاری لێ کرد کە بۆ کوێ دەڕوات، هەست بە کەمبوونەوە و لێدان لە کەسایەتی بکات، بەڵام دیاریکردنی ڕێگای دەرچوون بۆ ڕێجیمکردن و داواکردنی دەرمانی بۆیە بۆ ڕەنگکردنی قژیان، بەدڵنیاییەوە گەیشتنە بە ئامانج و هێز و سەربەخۆیی!

   هۆڵیوود و هاوپیشەکانی تری، هیچ نین جگە لە چەند سندووقێکی داخراو، ئامانجیان وێناکردنی تەواوی ژیانە بە شێوازی وەهم و خەیاڵ و خەڵەتاندن، کە هیچ پەیوەندییەکی بە بوون و واقیعەوە نییە. ئەم جیهانە پیشەسازییە تەنیا فیلم یان زنجیرەفیلم بۆ چێژ و خۆشی پێشکەش ناکات، بەڵکوو هێماگەلێکی نوێ پێشکەشی مرۆڤایەتی دەکات، کە ژیان وا بە جەماوەر و خەڵکی دەناسێنێت؛ بریتییە لە جوانی و ناوبانگ و چێژ، ئەوانە بە بەهای بەرز پێناسە دەکات و لەپێناویاندا، هەموو ئەو ئەخلاق و ڕەوشتانەی کە گەلان بەدرێژایی مێژووی دوور و درێژی خۆیان ناسیویانە، دەسڕێتەوە. ئەم خانمەئەکتەرانە هیچ شتێکیان بە مرۆڤایەتی نەبەخشیوە، جگە لە چەند جووڵەیەکی کەم لەبەردەم پەردەیەکی سەوزدا لەپێناو بەدەستهێنانی ئامێری ئاوپرژێن یان باوەشێنی هەوا. لە کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکاندا دەردەکەون و وانەی یەکسانی و ماف و سەرکەوتن بە ژنان دەڵێنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بەرپەرچیان بداتەوە و ڕەخنەیان لێ بگرێت، بەڵکو سەرنج و بۆچوونیان بڵاو دەکرێتەوە و ڕێزیان لێ دەنرێت و ئاهەنگیان بۆ دەگێڕدرێت، وەک ئەوەی گەیشتبێتنە کۆتایی ئامانج و هەوڵ و، ڕۆیشتبنە ئەو بەهەشتەی کە ئێمە هیوای بۆ دەخوازین.


 
[1] Hollywood’s devastating gender divide, explained. Kelsey McKinney, VOX, 2015. https://www.vox.com/2015/1/26/7874295/gender-hollywood

The challenges of being a woman in the Hollywood business. Ashlea Green, MyStory, 2017. 

https://yourstory.com/mystory/3c08075d00-the-challenges-of-being-a-woman-in-the-hollywood-business

 

[2] Study: Women Film Directors Saw Their Numbers Shrink in 2018. Gregg Kilday, The Hollywood Reporter, 2019 https://www.hollywoodreporter.com/news/women-comprised-just-8-percent-directors-top-2018-films-1172727

Hollywood’s devastating gender divide, explained. Kelsey McKinney, VOX, 2015. https://www.vox.com/2015/1/26/7874295/gender-hollywood

[3] Only 2% of actors make a living. How do you become one of them?. Michael Simkins, The Guardian, 2019.

https://www.theguardian.com/film/shortcuts/2019/jun/05/only-2-per-cent-of-actors-make-a-living-how-do-you-become-one-of-them

 

[4] The challenges of being a woman in the Hollywood business. Ashlea Green, MyStory, 2017.  https://yourstory.com/mystory/3c08075d00-the-challenges-of-being-a-woman-in-the-hollywood-business.

 

[5] Rosamund Pike Says She Was Asked to Strip for ‘Die Another Day’ Audition. Katie Kilkenny, The Hollywood Reporter, 2018.

https://www.hollywoodreporter.com/news/rosamund-pike-says-she-was-asked-strip-die-day-audition-1135808

[6] Actresses Say Veteran ‘CSI’ Casting Employee Coerced Them Into Disrobing. Gary Baum, The Hollywood Reporter, 2017.

https://www.hollywoodreporter.com/news/women-say-veteran-csi-casting-employee-coerced-disrobing-1058398

 

[7]  Jane Fonda:Ageism in Hollywood is “alive and well”. Bangshow.com, The Washington Post, 2015.

https://www.washingtonpost.com/entertainment/jane-fonda-ageism-in-hollywood-is-alive-and-well/2015/05/23/4df46594-0168-11e5-8c77-bf274685e1df_story.html?utm_term=.cf57dfb6a44b

 

[8] College Majors Of The Stars. Lacey Rose, Forbes, 2007.

https://www.forbes.com/2007/06/25/celebrity-college-education-biz-media_cx_lr_0626majors.html#5cd5d77b351a

 

[9] Lisa Kudrow Speaks Out About The Pressure She Faced on TV. Blendtx, Daily Blend, 2019.

https://blendtw.com/lisa-kudrow-speaks-out-about-the-pressure-she-faced-on-tv/

 

[10] A Timeline of the Weinstein Case. Alan Feuer, The New York Times, 2020.

https://www.nytimes.com/2020/02/24/nyregion/harvey-weinstein-case-sexual-assault.html

[11] How common is sexual misconduct in Hollywood?. Maria Puente and Cara Kelly, USA Today, 2018.

https://www.usatoday.com/story/life/people/2018/02/20/how-common-sexual-misconduct-hollywood/1083964001/

 

[12] https://thediplomat.com/2017/03/whats-it-like-to-be-a-woman-in-bollywood/

[13] سەرچاوەی پێشوو

تاگەکان    
جەنگی هۆشیاری ڕانانی کتێب ستەم کوردستان کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین دەربارەی کتێب فەرهەنگ کۆرۆرنا گفتوگۆ ئاوی زەمزەم فیکر زانایان وەلی ئەمر ئەدەبیاتی فارسی نەتەوایەتی
فیکر
2020-10-27 کۆمێنت 2720 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی