چێژپەرستی و بەزاندنی سنوورەکان

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2020-10-23 کۆمێنت 1560 جار بینراوە

ئەمڕۆ و لە کۆتایی ساڵی 2020دا، پاپای ڤاتیکان دەڵێت: «هاوڕەگەزخوازانیش هاوشێوەی ئەوانی تر، دەبێت مافی پێکهێنانی خانەوادەیان پێ بدرێت، ئاخر ئەوانیش ڕۆڵەی پەروەرێنن و مافی ئەوەیان هەیە ببنە خاوەنی خێزانی خۆیان.»

   لە ساڵی 2003دا لیژنەی بیروباوەڕەکانی ڤاتیکان دەیگوت: «ڕێزگرتنی هاوڕەگەزخوازان لە ڕووی ناسنامەی ڕەگەزییەوە، بە هیچ شێوەیەک ناکاتە ئەوەی ڕەفتاری هاوڕەگەزخوازیمان پێ قبووڵ بێت، یان ددان بە یاساییبوونی هاوسەرە هاوڕەگەزخوازەکاندا بنێین».

   ئاساییکردنەوەی ڕیزپەڕی، ڕەواجپێدان، لادان لە فیترەت و ئایین، دەستکاریکردنی تێڕوانینەکانمان بۆ دەوروبەر، لەبیربردنەوەی ڕەسەنایەتی و سەپاندنی هەستی ناسروشتی، لەم دووفاقییەدا دەبینین.

   بە ڕێزلێگرتن دەستی پێ کرد و بە بەرگریلێکردن، بەیاساییکردن و ئاساییکردنەوەی هاوسەرگیرییان کۆتایی هات، خوا دەزانێت جیهان چی تری نامۆی لە هەناودا بۆ حەشار داوین، لێ بێگومانم لەوەی ئەم لادانە ڕیشەییانە بێ باج نابن، وا ئێستا مرۆڤایەتی بە دەست گومڕابوونەکانی خۆیەوە دەناڵێنێت.



(وَلَنُذِيقَنَّهُم مِّنَ الْعَذَابِ الْأَدْنَىٰ دُونَ الْعَذَابِ الْأَكْبَرِ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ)

ئەو بنەمایەی ڕۆژاوا کاری لەسەر دەکات، هێندە سامناکە، گەر بەری پێ نەگیرێت، چتێک بە ناوی مرۆڤایەتییەوە نامێنێت، بەڵکو لە ساڵانی داهاتوودا، کۆمەڵێک جڕوجانەوەر و دڕندە بەر دەبنە یەکدی، ئاخر تاککردنەوەی مرۆڤ لەتەک حەز و ئارەزووەکانیدا، بە بیانووی ماف و ئازادی و مرۆڤسەنتەری، سەری لە بەربوونەیەکدی و قڕکردنی یەکدییەوە دەردەچێت، ئیدی چ ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، بۆ نموونە؛ سەرداربوونی سەرمایەداری، گەورەترین بەڵای ئەم جۆرە تێڕوانینەیە.

   تێڕوانینی ڕۆژاوا لە بنتەمەڵەوە ترسناکە، چونکە بواری بۆ هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی نەهێشتووەتەوە و تەنیا بایەخ بە ماف دەدات، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە، بێسنوورکردنی مافەکان لە ئەنجامدا، گەورەترین پێشێلکردنی مافی لێوە دەردەچێت.

   ئەوەی ئێستا ڕۆژاوا و بێباوەڕی خەریکین، لێدانە لە فیترەت و سروشتی خواکردی ئینسان، لە گشت لایەکەوە هێرش دەکەنە سەر خۆماکەکانی مرۆڤ و دەیانەوێت دەستکارییان بکەن، ئاخر زوو لەوە گەیشتوون، یەکێک لە کەناڵە گرینگ و سەرەکییەکانی وەرگرتنی جوانی، ئەخلاق، بەها، بابەتە مەعنەوی و غەیبییەکان، فیترەتی پاک و دروستە. بۆیە لە ڕێگای تێکدانی ئەو کەناڵە مەعریفییەوە، ڕێگاکانی تریشت لێ دەکەنەوە کوێرەڕێ و لەنێو بیابانێکی کاکی بە کاکیی خنکێنەردا، بە پاساوی گەڕان بەدوای چێژی ڕووتدا، وێڵ و سەرگەردانت دەکەن.

    کەوایە ئەوان لە ڕێگای چێژپەرستییەوە خەریکی سڕینەوەی سەرچاوە سەرەکی و گرینگەکانی مەعریفەی مرۆڤن، ئەو سەرچاوانەی دەشێت مرۆڤ لێیانەوە جوانی و هیدایەت وەربگرێت.

    دوکتۆر عەبدولوەهاب مسیری دەڵێت: «کاتی خۆی وەختێک لە ئەمەریکادا دەمخوێند، هەر بە دەمەتەقێیەک دەمزانی کێ دیدی هاوڕەگەزخوازانەی هەیە، ئاخر ئەوەی تێڕوانینی چێژپەرستانە بێت و تەنیا بیری لای چێژ بێت، هەرگیز بە پێوەندیی نێوان هەردوو ڕەگەز تێر نابێت، چونکە گشتمان ئەوەمان لا چەسپاوە، سێکسکردن لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەردا، بەرپرسیارێتی و ئەرکی لێ دەکەوێتەوە، خۆشەویستی و ئازاری لێ دەبێتەوە، بۆیە ئەوەی دیدی چێژسەنتەریی هەبێت، بێگومان چ بیەوێت یاخود نا، دیدێکی هاوڕەگەزخوازانەیشی هەیە، وێڕای ئەوەی خۆی کەسێکی هاوڕەگەزخوازیش نەبێت، بەڵام بیر و تێڕوانینەکانی هاوڕەگەزخوازانەن، ئاخر دیدی چێژسەنتەری تەنیا بە دوای چێژەوە سەرگەردانە و ئازار قبووڵ ناکات.»

   کەوایە تێڕوانینی ڕۆژاوا و ئەوەیشی شوێنی دەکەوێت، چ بخوازن یاخود نا، تێڕوانینێکی هاوڕەگەزخوازانەیە، ئەوەی تا ئێستاکە ڕۆژاوای لەمەڕ پیادەکردنی ئازادانەی جۆرەکانی دیکەی سێکسەوە گل داوەتەوە، بوونی بەرپرسیارێتیی قانوونییە، بێگومان هەر شتێک لە داهاتوودا بێتە کایەوە و چێژی ماددی بە ئادەمیزاد ببەخشێت و کەمترین بەرپرسیارێتیی لەگەڵدا بێت، هەمووان شوێنی دەکەون و بە حەزێکی سروشتیی لە قەڵەم دەدەن، ئیدی با ئەو شتە زۆر قێزەون و فرە نائەخلاقییش بێت، چونکە پێوەری سەرەتا و کۆتایی لای ئەوان چێژە نەوەک چتێکی تر.

   بڵاوبوونەوەی بووکەڵەی سێکسی و ئەنیمیی چێژبەخش و دونیای پۆرنۆگرافی، لە دەرهاویشتە ناچارییەکانی ئەم تێڕوانینەن.

   لە توێژینەوەیەکی یابانیدا دەرکەوتووە، تازەلاوانی کوڕ تەماشاکردنی ڤیدیۆیەکی ئەنیمەیشنیان، لە ژوانبەستن لەتەک مێیینەیەکی ڕاستەقینەدا، بەلاوە باشترە و بگرە زۆرێکیان بێزارییان لە ئاست ڕەگەزی بەرانبەردا دەربڕیوە.

   ئەوانەی مرۆڤایەتی بۆ ڕەبەنی و چێژ و خۆشیی یەک لە دوای یەک بانگ دەکەن، با خۆیان هاوڕەگەزخوازیش نەبن، لێ دید و بۆچوونیان، هاوڕەگەزخوازانەیە.

    مانا و خۆشیی ڕاستەقینە، لە ڕێگای تەیکردنی ئازار و چێژەوە پەیدا دەبێت، ئەوەی چێژی بە بێ چەشتنی ئازار پێ قبووڵ نەبێت، با دڵنیا بێت لەوەی، خۆی یەکەم بکوژی چێژی ڕاستەقینەیە!

   خەڵکانێکی زۆر پێیان وایە ئەم لێدوانەی پاپا، تەنیا بە هۆی فشارەکانی کۆمەڵەی هاوڕەگەزخوازان و دونیای چێژپەرستییەوەیە، لێ هێندێک ڕووناکبیری دیکە هەن، تەواوی ئەم هێرشانە بۆ سەر فیترەت و سروشتی مرۆڤ، وەک پیلانێکی درێژخایەنی ئەجێندایەکی نهێنیی گەورە تەماشا دەکەن، ئەوەتا ئەحمەد دەعدووش بەم شێوەیە لەو بارەیەوە دەپەیڤێت:

   «لێدوانە نوێیەکەی پاپای ڤاتیکان لەمەڕ هاوڕەگەزخوازییەوە کە بەو قسەیەی، یەکێک لە کۆڵەکەکانی کڵێسای دوو هەزار ساڵە خاپوور دەکات، دەرەنجامی کرانەوە، چەورەییکردن، سازشکردن، خۆڕادەستکردن و ملکەچکردن بۆ لۆبییەکانی هاوڕەگەزخوازی نییە. ئاخر سنووربەزاندنەکانی ڤاتیکان لە شەڕی خاچپەرستانەوە تاوەکو ئێستا، چەندین جاری دی دووبارە و دەبارە بوونەتەوە، پێشووتریش بڕیار و لێدوانی سەیروسەمەرە و دژبەیەک لە زاری پاپا یەک لە دوای یەکەکانی دیکەوە دەرچووە، ئەو پاپایانەی گوایە بێخەوش و بێ هەڵە و پەڵەن و بە ناوی ڕووحی پیرۆزەوە دەدوێن.

   وەنەبێ ڕێکخراو و جووڵانەوە جەماوەرییەکانی هاوڕەگەزخوازی ئەو کاریگەرییەیان دروست کردبێت، نا، بەڵکو ئەوانە تەنیا کۆمەڵێک ڕووکەشن.

   گۆڕانکارییە سەرسووڕهێنەرەکانی جیهان بەم خێراییە لەڕادەبەدەرە مووشەکییەی ئەم چەند ساڵەی دوایی، لە جێبەجێکردنی فەرمانی ئەجێندایەکی زەبەلاح بترازێت، چی دیکە نییە!

   ئەوان دەیانەوێت گشت بەها، مانا، نەریت و کلتوورێک کە پێوەندیی بە سروشی خواییەوە هەبێت، دواتر ئەوەی بە فیترەتەوە پەیوەست بێت، تێک بشکێنن و لەناو ببەن، تەنیا لەپێناو ئەوەی ڕێگە بۆ دەرچوونی ئەو دەججالە خۆش بکەن، کە هەزاران ساڵە پەیامبەران ئاگایی لەبارەوە دەدەن.»

   گەورەترین کارێک ئەوان کردیان، وایان لێ کردین، بەلامانەوە عەیب بێت ئەگەر بیر لە تیۆری پیلانگێڕی بکەینەوە، ئەوەیشی بەو شێوەیە بابەتەکان لێک بداتەوە، وەک خڵەفاوێک تەماشای بکەین.



سەرچاوەی هەواڵ: ئەحمەد دەعدووش، کەناڵی السبیل

تاگەکان    
ئایا سۆفیا #پیری فێمینیزم فەرهەنگ مێژوو جوانی مردن نیشتیمان ئایین حزبی ئیسلامی فیکر ئاوی زەمزەم ئەدەبیاتی فارسی دەروونناسی شیعر
فیکر
2020-10-23 کۆمێنت 1560 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی