ئایا هاوڕەگەزخوازی ڕەفتارێكی بۆماوەییە؟!

نووسینی: ناوەندی فیكر و ناوەندی ڕەواسیخ وەرگێڕانی : یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2020-10-13 کۆمێنت 1730 جار بینراوە

   جینەکانم وایان لێ کردم هاوڕەگەزخواز بم، ئاخر من هەر بەو شێوەیە لەدایک بووم و مەیلم بە لای هاوڕەگەزدا، شتێکی ناچارییە. تەنانەت هێندێک لە ئاژەڵانیش، هەمان حەزیان هەیە و ئەزموونی هاوڕەگەزخوازی دەکەن. بۆیە ئەوە حاڵەتێکی سرووشتییە، ئێمەی مرۆڤیش هاوشێوەی ئەوان، هاوڕەگەزخواز بین!

  ئەمە هەمان ئەو دەستەواژانەیە کە ڕۆژانە هاوڕەگەزخوازان لێرەولەوێ دووبارەی دەکەنەوە و بە گوێی ڕای گشتیدا دەدەن، لەپێناو ئەوەی ئیدی وا بزانن هاوڕەگەزخوازی، تەنیا حەزێکی سەپێنراوی سرووشتییە و هیچ ڕێگایەکی دی، جگە لە ڕێگای هەڵبژاردنی هاوڕگەزخوازییان بۆ نەماوەتەوە!

  ئەوەتا بە تێپەڕبوونی کات، ئەم قسانە بوونەتە کۆمەڵێک بیروباوەڕی چەسپاو، کە خەڵکانێکی زۆر باوەڕی تەواویان پێیەتی و وا دەزانن بابەتی بۆماوەییبوونی هاوڕەگەزخوازی، چ گومان و دوودڵییەک هەڵناگرێت.

   بە لای ئەوانەوە مەیلی هاوڕەگەزخوازی، جگە لەوەی مەیلێکی سرووشتیی بۆماوەییە و لە شریتی دی ئێن ئەی باوباپیرانیانەوە بۆیان بەجێ ماوە، چی دیکە نییە و ئەو مرۆڤانەی خاوەن ئەو جۆرە ئارەزووەن، لە یەکەم ساتی لەدایکبوونیانەوە لەتەکیاندایە و لە ناخی خۆیانەوە سەرچاوەی گرتووە. هەرگیز ناکرێت ئەو مەیلە چارەسەر بکرێت و ئەوە شتێکە، تازە هەتاهەتاییە و نابێت دەست بۆ لابردنی ببرێت، چجای بگات بەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و سزای بدرێت!


   هێندێک بە ڕەشپێستی لەدایک دەبن و هێندێکی دی بە سپیپێستی، خەڵکانێک بە نێری لەدایک دەبن و کەسانێک بە مێیینەیی و هێندێکیش بە هاوڕەگەزخوازی، بۆیە هیچ یەکێک لەوانە، جگە لەوەی دەبێت بەو جینانە قایل بێت کە تێیدا چێنراون، هەڵبژاردنێکی دیکەی بۆ نامێنێتەوە.
ئایا ڕاستەقینە لەم قسانەدا کامەیە؟

شێواندنی توێژینەوەکان:
لە ساڵی 2015دا، دەستەیەک لە توێژەران لە زانستگەی کالیفۆرنیادا، دەستیان بە توێژینەوە لەو بارەیەوە کرد و ئەوەیان ڕاگەیاند، هێندێک ئاماژەی سەرووجینییان بەدی کردووە1، کە ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان لە دیاریکردنی مەیلی هاوڕەگەزخوازیدا هەیە.

   گۆڤاری (Nature) کە یەکێکە لە ناوەندە بەناوبانگەکانی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی، دەستبەجێ بە ڕوویەکی گەش و بەوپەڕی دڵگەرمییەوە پێشوازیی لە دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە کرد، ئینجا بە دوای ئەویشدا، یەکسەر چەندین وارگە و تۆڕی زانستیی دیکە، بە دەم هەواڵەکەوە چوون و بێ چەندوچوون، بە گشت لایەکدا پەخشیان کرد.

   بەڵام، تاقمێک لە توێژەران گومانیان لەسەر دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە ورووژاند و پەنجەی ڕەخنەیان ئاڕاستە کرد، یەک لەوانە ئید یۆنگی بەریتانیی بوو، ئەم پیاوە ئەوەی ڕوون کردەوە، یەکێک لەو هەڵە زەق و زۆپانەی  لە توێژینەوەکەدا ڕووی داوە ئەوەیە، تیمی توێژینەوەکە گرووپێکی دیاریکراوی لێکۆڵینەوەکەیان وەلا ناوە و پشتگوێیان خستووە و لەجیاتیدا، گرووپێکی دیکەیان خستووەتەڕوو، تەنیا لەپێناو ئەوەی، ئەنجامەکان لەگەڵ ئەو لۆگاریتمانەی توێژینەوەکەدا یەک بگرنەوە کە پێشتر لە لایەن بەڕێوبەرانی توێژینەوەکەوە -وەک بڕیارێکی پێشوەختە- دانراون و بڕیاریان لێ دراوە!

   پاشان، دوای چەندین پێداچوونەوەی دیکەی لەسەر یەکە لە لایەن خەڵکانی پسپۆڕەوە، مامۆستای جینەکان جۆن گێرلی، ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی توێژینەوەکە کرد و تا کار بەوە گەیشت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە خۆی هاتە دەنگ و بە ئاشکرا پێی لە هەڵەی خۆیان نا و دانی بە کەموکورتیی توێژینەوەکەدا نا و گوتی: لێکۆڵینەوەکەمان، هەم لە ڕووی زانستی و هەم لە ڕووی ئامارییەوە، هەڵە و نوقسانیی زۆری تێدایە!   

سەختیی توێژینەوەکان:
ئێستا با پرسیارێکی زۆر ڕیشەییتر لەم بارەیەوە بکەین: ئایا دەشێت ڕۆژێک لە ڕۆژان بە جینێکی دیاریکراوی وا بگەین ئەوەمان بۆ بسەلمێنێت، هاوڕەگەزخوازی تایبەتمەندییەکی ڕەفتارییە و لە بنەمادا زادەی جینێکی دیاریکراوە، بە شێوازێک وا لە مرۆڤ بکات، هیچ بەرپرسیارێتییەکی لەمەڕ ئەو حەز و ئارەزووانەوە وەئەستۆ نەکەوێت کە شوێنیان دەکەوێت؟!

   پێش هەموو ئەمانە، پێویستە جیاوازی لە نێوان بۆهێڵە بۆماوەییەکان و ڕەفتارە کردەییەکاندا بکەین.

   ئەگەر بخوازین زیاتر لەبارەی بۆهێڵە بۆماوەییەکانەوە شارەزا ببین و لە نزیکەوە ڕۆڵ و کاریگەرییان بزانین، ئەوە با گوێ بۆ قسەکانی پسپۆڕی شارەزا لە لێکۆڵینەوەی جینەکانی خێزاندا ڕادێرین، پرۆفیسۆر دۆگلاس ئابۆت لە زانستگەی نێبراسکادا بەم شێوەیە لەو بارەیەوە دەپەیڤێت: «ڕاستیی بابەتەکە بەو شێوەیە نییە، گەڕان بە دوای جینی هاوڕەگەزخوازیدا، کێشە و ئاڵۆزی و سەختیی زۆری لە خۆ گرتووە و بەو ساناییە نییە کە باسی لێوە دەکرێت، ئاخر ئەو توێژینەوانەی لەمەڕ ڕەفتارە بۆماوەییەکانەوە دەکرێن، هاوشێوەی ئەوەی هێندێک لە نەخۆشییە ئەندامییەکان دیاری دەکەن، ناتوانن لە ڕێگای جینەوە هیچ ڕەفتارێکی دیاریکراو دیاری بکەن.»

   ئابۆت دەڵێت: «زۆرێک وا دەزانن جینەکان دەبنە هۆی هەڵسوکەوتێکی ئاڵۆزی دەروونی، بەڵام ڕاستیی بابەتەکە بەو لەونە نییە! ئاخر لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ڕەفتارەکان زادەی هۆکارێکی بۆماوەیین کە بە چەندین هۆکاری دیکەی ژینگەیی و دەوروبەر ڕەنگڕێژ و کارتێکراوە، ئازادیی ویستی مرۆڤیش لە هەڵبژاردنی مەیلەکانیدا، ڕۆڵێکی دیار و گرینگ و بەرچاوی هەیە!»

   وەختێک ناونیشانی ڕۆژنامەکان دەخوێنیتەوە و لێیان نووسراوە: «جینی X دەبێتە هۆی ڕەفتاریY، بێگومان لەم ناونیشانانەدا زێدەڕۆییەکی زەبەلاح بە خەرج دراوە و تەنیا خەڵکە ئاساییەکان ئەم جۆرە قسانە بە ڕاست لە قەڵەم دەدەن، بێگومان هەرگیز جینەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نابنە هۆی ڕەفتارێکی دیاریکراو، بەڵکو ئەو جینانە تەنیا کۆدێک دەبەخشنە ئەو پرۆتینانەی کە لە ڕێگای ڕیزێک کارلێکی زیندە_کیمیاییەوە، پێ دەچێت کەمێک کاریگەرییان لە بەرهەمهێنانی هەڵسوکەوتێکی دیاریکراودا هەبێت، بەڵام ئەوەی لای خەڵکدا باوە گوایە جینێک باز دەدات و ڕەفتارێکی دیاریکراوی لێ چێ دەبێت، تەنیا قسەیەکی ساویلکانەیە و بابەتەکە زۆر لەوە تێکەڵوپێکەڵ و ئاڵۆزترە کە باسی لێوە دەکرێت!»

   ئەمە هەمان ئەو دەرەنجامەیە کە توێژینەوە نوێیەکان لەبارەی سەلماندنی بۆماوەییبوونی هاوڕەگەزخوازییەوە پێی گەیشتوون، تازەترین توێژینەوەیش لەم بوارەدا، ئەوەی ئاندریا جانای پسپۆڕی بۆماوەزانی و تیمەکەیەتی.

لە ساڵی 2019دا، دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە، لە گۆڤاری زانستیی (Science)ی بەناوبانگدا بڵاو کرایەوە.

   ئاندریا جانا لە توێژینەوەکەیدا پشتی بە لێکۆڵینەوە لە جینۆمی 493 هەزار کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و سوێددا بەستووە. لە کۆتاییدا بەو ئاکامە گەیشت، کە شتێک بە ناوی (Gay gene)ەوە بوونی نییە و هاوڕەگەزخوازییش وەک تەواوی ڕەفتارەکانی دیکەی مرۆڤ، زادەی کارلێکی کۆمەڵێک هۆکارە لەگەڵ یەکتردا.

   ئینجا دەڵێت: «هۆکاری جینی، تەنیا 8% بۆ 25%ی ئەم هەڵسوکەوتە کردارییە پێک دێنێت و ئەگەر وا دابنێین، خەڵکانێک هەن خاوەن جینەیلێکن بەرەو ئەم مەیلە پاڵیان پێوە دەنێن، ئەوا ڕۆڵ و کاریگەریی ئەم جینانە لە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە حەز و ڕەفتارەدا، کەمترین ڕێژەی کاریگەرییە!»

   «بەڵکو ئەو بەشەی زۆرترین کاریگەریی لە دروستبوونی ئەم هەڵسوکەوتەدا هەیە و پشکی شێری بەر دەکەوێت، ژینگە و پێوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانی ئەو دەوروبەرەیە کە مرۆڤ تێیدا گەورە دەبێت و پێ دەگات.»

هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان:
یادەوەرییەکانی ڕێگای هاوڕەگەزخوازان:
پزیشکان دەڵێن: «زۆربەی نەخۆشییە ڕەفتاری و جەستەییەکانی مرۆڤ، پێکهێنەرێکی جینی و بۆماوەییان لە خۆ گرتووە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە، ئەم جینانە مرۆڤ ناچار بە ڕەفتارێکی دیاریکراو دەکەن و لە کاتی کردنی هەر کارێکدا، ویستی مرۆڤ هیچ ڕۆڵێکی نییە. بەڵکو هەبوونی ئەم جینانە مانای ئەوەیە، ئەو کەسە یان هەر مرۆڤێکی دی، ئەگەری ئەوەی هەیە تووشی نەخۆشیی شەکرە یان شێرپەنجەی سییەکان ببێت، یاخود تەنانەت تووشی ئالوودەبوون بە ماددە کهوولییەکان ببێت، بەڵام هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت، کابرا لە ئاست هۆگربووندا، بێدەسەڵاتە و بە شێوەیەکی ناچاری هەر دەبێت تووشی ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر ببێت!»

   نووسەری ئەمریکایی لە بواری زانستدا دەیڤد چەینگ، ڕۆڵی ژینگە و دەوروبەر لەم بارەیەوە ڕوون دەکاتەوە و پێی وایە، هاوتەریب لەگەڵ حەز و ئارەزووەکاندا، گرنگترین و کاریگەرترین هۆکار لە بەرهەمهێنانی ڕەفتاری مرۆڤدا؛ ژینگە و ئەو بارودۆخە جڤاکییەیە کە تێیدا دەژیێت!

   هەر دەیڤد چەینگ ئەم بابەتە بە شتێکی سەرووجینی لە قەڵەم دەدات و دەڵێت: «سەرەڕای ئەوەی جین و بۆهێڵە بۆماوەییەکان وەکو کۆمەڵێک هێڵ و نەخشەی تەواو وان، بەڵام جینەکان هەمان حاڵی ئامێرە دەنگییەکانی ستۆدیۆیەکی تۆمارکردنی دەنگیان هەیە، ئاخر ڕێک وەکو دوگمە و سویچی زیادکردن یان کزکردنی دەنگەکان شیاوی دەستکاری و کارتێکردنن، بۆیە ئێمە هەرگیز ڕەفتار و سیفەتەکانمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە جینەکانمانەوە وەرناگرین، بەڵکو تەواوی هەڵسوکەوت و ئاکارەکانمان لە ڕێگای کۆمەڵێک کارلێک و کرداری داینامیکییەوە کە لە نێوان جینەکانمان و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا ڕوو دەدەن، بەرهەم دێت و پێ دەگات. ئەو جیهانەی جین و ژینگە تێیدا کار لەسەر یەکدی دەکەن، هێشتا ڕۆڵی جیاوازییە جینی و بۆماوەییەکانی تێدا بە شێوەیەکی دیار تۆخ کراوەتەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە، جینەکانمان ئەوە دیاری ناکەن کە ئێمە کێین و چین!»

   کەوایە، ئەوە جین نییە کە مەیل و ڕەفتارێکی دیاریکراو بەرهەم دێنێت، بەڵکو ئەوە خۆمان و ژینگە و جڤاک و دەوروبەرە، کە جینەکان ئاڕاستە دەکەن!

   هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن، هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان زۆر زیاتر لە هۆکارە جینییەکان، بە ئەندازەیەک کە بەراورد ناکرێت، ڕۆڵیان لە هاندان و دروستکردنی مەیلی هاوڕەگەزخوازیدا هەیە.

   خێزان ڕۆڵێکی فرە گەورە و کاریگەر لە بەرهەمهێنانی هاوڕەگەزخوازیدا دەبینێت. ئەوەتا یەکێک لە توێژینەوە زانستییەکان جەخت لەسەر هەمان ڕاستی دەکاتەوە و ئەوەی دەرخستووە، نەبوونی باوک یان دایک، ئاماژەیەکی دیار و کاریگەری بۆ سەرکێشان بەرەو هاوڕەگەزخوازی لە خۆ گرتووە، بە ڕادەیەک زۆربەی ئەوانەی هاوڕەگەزخوازن، لەتەک دایک و باوکی خۆیاندا نەژیاون، هاوزەمان تەنیا 20%ی ئەوانەی هاوڕەگەزخوازن، لە سایەی دایک و باوکیاندا ژیانیان بەسەر بردووە.

   لە توێژینەوەیەکی دیکەدا، جەخت لەسەر ڕۆڵی باوک لە بەرهەمهێنان و دیاریکردنی ناسنامەی سێکسیدا کراوە و دەرکەوتووە، باوک و مامەڵە پەروەردەییەکەی، گەورەترین ڕۆڵ لە سەرکێشان بەرەو هاوڕەگەزخوازیدا دەبینێت، ئەوەتا لەو لێکۆڵێنەوەیەدا بەو ئەنجامە گەیشتوون، 84%ی هاوڕەگەزخوازە نێرینەکان دانیان بەو ڕاستییەدا ناوە، لە تەمەنی منداڵیدا باوکیان گوێی بە پەروەردەکردنیان نەداوە و لە ئاستیاندا بێباک و کەمتەرخەم و بێدەربەست بووە، هاوزەمان تەنیا 10%ی ئەوانەی هاوڕەگەزخواز نەبوونە، بە دەست هەمان جۆری باوکەوە ناڵاندوویانە.

   ئەمە مانای ئەوەیە، توندوتیژیی باوکان و مامەڵەی خراپیان لەتەک کوڕەکانیاندا، پێوەندییەکی زۆر بەهێز و کاریگەری بە دروستبوونی مەیلی هاوڕەزخوازییەوە هەیە. هەر ئەمەیش وای کردووە، زۆر جار هاوڕەگەزخوازە نێرینەکان زۆر ئاشکراتر، توندتر و یەکلاتر لە مێینەکان، گوزارشت لە هاوڕەگەزخوازیی خۆیان بکەن! هەروەک توێژینەوەیەکی زانستی کە لە ساڵی 2016دا بە مەبەستی ئاگاداربوون لە خواستی ناسنامەی سێکسی لای هەردوو ڕەگەز کراوە، هەمان هەقیقەتی پشتڕاست کردووتەوە.

   لە پاڵ ڕۆڵی خێزاندا، دەبینین هاوڕێ و بازنەی ئەوانەی بە دەوروبەری منداڵەوەن، ڕۆڵێکی زۆر کاریگەر و سەرەکی لە بەرهەمهێنانی هاوڕەگەزخوازیدا وازی دەکەن، بەتایبەت ئەگەر لە دەمی منداڵیدا، زارۆکان ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی و پەلاماردان بووبێتنەوە!

   خۆ ئەگەر بێینە سەر باسی ئەو ئامادەیی و لەباربوونەی لە لایەن جڤاکەوە بۆ هاوڕەگەزخوازان ڕەخسێنراوە، بە بیانووی ئەوەی گوایە، مەیلی هاوڕەزخوازی بۆ هێندێک وەکو چارەنووسێکی ناچاری وایە و هەر دەبێت ئەو ناسنامە ڕەگەزییە بۆ خۆیان هەڵبژێرن.ئەوا بێگومان ئێستا دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕەواجدانە کۆمەڵایەتییەکان، گەورەترین و کاریگەرترین ڕۆڵ لە دروستکردنی هاوڕەگەزخوازیدا وازی دەکەن، بە ڕێژەیەک خانمە پسپۆڕی کۆمەڵناسی ئامی باتلەر، وەختێک بەدواداچوونی بۆ تەواوی ئەو توێژینەوانە کردووە کە لە ساڵی 1988ەوە ئاماری هاوەڕگەزخوازانیان لە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکادا بڵاو کردووەتەوە، بۆی دەرکەوت؛ لە ساڵی 1991 بەرەو سەرەوە، ڕێژەی هاوڕەگەزخوازی لە ئەمریکادا بە شێوەیەکی زۆر دیار و سەیر لە هەڵکشاندا بووە. ڕێک لەو ماوەیەوە، کە بانگەشەی ڕاگەیاندنەکان بۆ برەودان بە مەیلی هاوڕەگەزخوازی، چالاک بوون و لەپێناو ئاساییرکردنەوەی حەز و ئارەزووەکانی ئەم چینەدا کەوتنە کار!

هاوڕەگەزخوازی بە تەنیا نییە!
   ڕێگەم بدە پرسیارێکی ترت لەبارەی جینەکانەوە لێ بکەم، وەلێ ئەم جارەیان بە مەیلی منداڵبازییەوە پەیوەستە. باشە مافی منداڵبازان لەم نێوەندەدا چی لێ دێت؟! خۆ ئەوەتا ئێستا بەڵگەی زانستییش لەسەر ئەوە بەردەستە، هێندێک کەس بە پاڵنەرێکی جینی و بۆماوەیی، بە هەمان شێوەی هاوڕەگەزخوازان، ئەوانیش خودان حەز و ئارەزووی سێکسکردن لەتەک زارۆکانن و ئەو ڕەفتارەیان هاندەرێکی بۆماوەیی لەپشتەوەیە!

   ئایا دەکرێت حەزی منداڵبازی وەک مەیلێکی سرووشتی لە قەڵەم بدرێت و مینا هاوڕەگەزخوازی مامەڵەی لەتەکدا بکرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەویش لە هێندێک کەسدا، پاڵنەری جینی و بۆماوەیی لە هەناودا هەڵگرتووە؟!

   تاکو ئێستایش لە هەموو جیهاندا، منداڵبازی و حەزکردن لە منداڵان بە تاوان لە قەڵەم دەدرێت و وەک پێشێلکاری و دەستدرێژیی بۆ سەر مافەکانی منداڵ تەماشا دەکرێت، تەنانەت ئەگەر کارەکە بە ڕەزامەندیی هەردوولایش بەڕێوە بچێت.

   ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، جینەکان قەت ناتوانن ببنە پاساو بۆ هیچ حەز و ڕەفتارێکی ئادەمیزاد. هەروەک چۆن جینەکان هەرگیز بەرپرس نابن لەو ئاکار و هەڵسوکەوتانەی مرۆڤ کە ناسنامە و کەسایەتیی دیاری دەکەن.

   بوونی پێوەندییەک لە نێوان حەزی منداڵخوازی و جینەکان لە جگێک خەڵکدا، ناتوانێت بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و قەڵەمی تاوان لەسەر کاری منداڵبازان و ڕەفتارە سەیرەکانیان هەڵبگرێت، هاوشێوەی تەواوی ئەو تاوان و ڕەفتارانەی تاوەکو ئێستا، هیچ ڕیشەیەکی جینی و بۆماوەییان بۆ نەدۆزراوەتەوە.

   بۆ ئەوەی زیاتر ڕوون بێتەوە، با نموونەیەکی نزیک لەم بابەتەتان بۆ بهێنینەوە، ئەویش ڕەفتاری ئالوودەبوون بە ماددە کهوولییەکانە، ئەوەتا بەگوێرەی دەرەنجامەکانی پەیمانگای ئەمریکیی نیشتمانی بۆ ئالوودەبوون بە ماددە کهوولییەکان، ڕەفتاری هۆگربوون بە ماددە کهوولیییەکان، زادەی هەردوو هۆکاری جینی و ژینگەییە بە شێوەیەکی یەکسان. کەچی دەروونپزیشکان بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە و بە پێویستی دەزانن، ئالوودەبووان خۆیان لە گشت ئەو دۆخ و ژینگە و حاڵەتانە دوور بخەنەوە، کە بۆ ئەم ڕەفتارە نەخوازراوە پاڵیان پێوە دەنێت. واتە تەنیا ئەوە بەس نەبوو، لەبارەی بوونی جینە هاندەرەکانیانەوە ئاگاداریان بکەنەوە، بەڵکو دەبێت لە ژینگەیەیش بپارێزرێن کە هەمان دۆخی دەستپێکردنەوەیان بۆ دەڕەخسێنێت.

   لێرەدا دیسانەوە ئەوەمان بۆ دەسەلمێت، دەکرێت ئەوە بۆ جڤاک شتێکی زۆر ئاسایی بێت، بەرەنگاری کۆمەڵێک ڕەفتار بێتەوە و خەڵکیان لێ دوور بخاتەوە، وێڕای ئەوەی تا ڕادەیەک ڕەگی جینی و بۆماوەییشیان لە خۆ گرتبێت. ئەویش بە لابردن و نەهێشتنی هەمان ئەو هۆکارە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییانەی، دۆخی یارمەتیدەر بۆ خاوەنی ئەو ڕەفتارە بێزراوانە دەڕەخسێنن! چونکە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی تەنیا لەسەر بوون یان نەبوونی جینەکان ڕانەوەستاوە.

ئەی لەبارەی ئاژەڵانەوە چی دەڵێن؟!
خەڵکانێک پێیان وایە هاوڕەگەزخوازی لە جیهانی ئاژەڵانیشدا هەیە، ئەمەیش وایان لێ دەکات لە ئەزموونکردنی ئەو مەیلە نەسڵەمنەوە و وەک بیانوویەک بۆ حەزی هاوڕەگەزخوازی پشتی پێ دەبەستن. بەڵام ئەو ڕاستییەیان لە پێش چاو گوم بووە، کە ئەزموونکردنی ئەم جۆرە ڕەفتارە لە لایەن ئاژەڵانەوە، وەکو ئادەمیزاد نییە و پاڵنەری سێکس و حەزی جووتبوون لەگەڵ هەمان ڕەگەزدا ئاڕاستەی ناکات، بەڵکو هێندێک لە ئاژەڵان وەختێک هەڵسوکەوتی هاوڕگەزخوازانە دەنوێنن، لەبەر چەند هۆکارێکی دیکەی جگە لە سێکس ئاوا دەکەن کە زانایانی ئاژەڵناسی باسیان کردووە.

  ئەوەتا سێزار ئادێس مامۆستای دەروونناسی لە زانستگەی ساوپاولۆ دان بەو ڕاستییەدا دەنێت و دەڵێت: «ئەو حەلەی دوو هاوڕەگەز پێک دەگەن، پاڵنەرەکەیان مەیلی سێکسی نییە، بەڵکو تەنیا لەپێناو ئەوەدا دەکۆشن، هەریەکەیان زاڵبوونی خۆی بەسەر ئەوی یکەیاندا بسەپێنێت.»

  هەروەک لە چەندین توێژینەوەدا هاتووە، یەکێک لە هۆکارەکانی نواندنی ڕەفتاری هاوڕەگەزخوازانە لە جیهانی ئاژەڵاندا، بۆ ڕاگەیاندنی زاڵبوون و سەرداربوونی نێرینەیەکە بەسەر ئەوانی دیکەدا و دەرخستنی هەژموونی خۆیەتی بەسەر ناوچەیەکی دیاریکراودا و سەلماندنی نێرینەیی خۆیەتی لە بەرانبەر ئەو مێیینانەدا کە بە دوای بەهێزتریندا دەگەڕێن!

   هێندێک جاریش بە هۆی تێکچوونی هەستی بۆنکردنەوە ئەمە ڕوو دەدات، بەتایبەت لەو ئاژەڵانەدا کە لە ڕێگای بۆنکردنەوە ئاماژەی سێکسی دەگۆڕنەوە و پێک دەگەن، ئاخر دوور نییە، لەو کاتانەدا لێیان تێک بچێت و هەستی بۆنیان بە هەڵەیاندا بەرێت، نێریان لێ ببێتە مێ و مێیان لێ ببێتە نێر.

   دکتۆر ئانتۆنیۆ باردۆ، مامۆستای ڕەفتارناسیی ئاژەڵان لە زانستگەی ناڤاری ئیسپانیدا، بەم شێوەیە لەو بارەیەوە دەپەیڤێت: «سەرنج بدەن، قەت مەیلی هاوڕەگەزخوازی لەنێو دونیای ئاژەڵاندا بوونی نابێت، ئاخر خواستی زۆربوون و وەچەخستنەوە هەمیشە بەرەو ڕەگەزی بەرانبەر ئاڕاستەیان دەکات. بۆیە هەرگیز ناکرێت، مەیلی هاوڕەگەزخوازی لەو جیهانەی ئەواندا هەبێت!»

     جگە لەوەیش، جاروبار بەشێک لە غەریزەکان تێک دەئاڵێن و کارلێک لەتەک یەکدیدا دەکەن، بەتایبەت غەریزەی زاڵبوون و حەزی دەستبەسەرداگرتن، ئاخر دەشێت ئەم جۆرە غەریزەیە ببێتە هۆی نواندنی ڕەفتار و سیفەتگەلێک، کە لە وێنەی هاوڕەگەزخوازیدا خۆ بنوێنن. بەڵام ئەم جۆرە هەڵسوکەوت و ئاکارانە ناکرێت هەرگیز بە مەیلی هاوڕەگەزخوازی لای ئاژەڵان لە قەڵەم بدرێن.

با ئێستا پرسیارێکی سەیرتر بورووژێنین:
«ئاخۆ دەکرێت غەریزە سرووشتییەکان بە تاکە سەرچاوەی دیاریکردنی مەیلی سێکسی لە کن ئاژەڵاندا دابنرێن یاخود نەخێر، دەگونجێت هۆکارە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکانیش، ڕۆڵی خۆیان لە دیاریکردنی هەڵسوکەوتی سێکسیی تەنانەت ئاژەڵانیشدا ببینن؟!»

   لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا، تاقمێک لە زانایان ژمارەیەک مەیموونی نێرەیان لە یەکەم ساتی لەدایکبوونیانەوە لە دایکیان دوور خستنەوە و لە ژینگەیەکی دوور لە مێیینەدا، گەورە و بەخێویان کردن. دوای ماوەیەک کە بە تەواوی پێگەیشتن، ئینجا مەیموونێکی مێیینەی سەرنجڕاکێشیان لە ڕووی سێکسییەوە پێشکەش کردن، کەچی وەختێک نێرەکان مەیموونە مێیینەکەیان دیت؛ لەبری ئەوەی مینا نێرینەیەکی ئاسایی بسێکسێن، لە جێگای خۆیانەوە دەستیان کرد بە هەڵقونکێ و ڕەفتاری سەیریان دەنواند و بە دیار مێیینەی داماوەوە ماقیان پەڕیبوو و نەیاندەزانی چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. تەنانەت دەستەیەک لە مەیموونە نێرەکان ویستیان دەست بۆ مێیینەکە ببەن و بە نیازی جوتبوون لێی نزیک بوونەوە، کەچی تەواوی هەوڵەکانیان بە شکست کۆتایی هات!

   ئەم توێژینەوەیە ئەوەی سەلماند، مەیلی سێکسی و ڕەفتاری زایەندی تا ڕادەیەک ئەگەرچی کەمیش بێت، لەو ژینگە و بارودۆخەوە وەچنگ دێت، کە تێیدا دەژیێت و گەورە دەبێت. بۆیە جڤاک، پەروەردە، ژینگە و دەوروبەر بە شێوەیەکی زۆر بەهێز ڕۆڵیان لە دیاریکردن و پێگەیاندنی مەیلی سێکسیدا هەیە، تەنانەت بۆ دونیای ئاژەڵانیش ئەم قسەیە هەر ڕاستە و غەریزەی سێکس لە مرۆڤ و جگە لە مرۆڤیشدا، هەستێکی چێنراوی جێگیر و چەسپاو و نەگۆڕ نییە.

   با وا دابنێین مەیلی هاوڕەگەزخوازی لە لای ئاژەڵانیشدا هەمان ئەو حەز و ئارەزووەیە، کە ئێمەی مرۆڤ لێی تێگەیشتووین و هەمان هەست لای ئەوانیش بوونی هەیە، باشە دەکرێت ئەم قسەیە ببێتە بەڵگە بۆ سرووشتیبوون و ئاساییبوونی هەمان هەست بە لای مرۆڤیشەوە؟!

   زۆرێک لە زانایان ئەم جۆرە بەڵگە و بیانووەیان بە لاوە پووچ و ناماقووڵە، لەبەر چەند هۆکارێک، یەکێک لەوانە ئەوەیە؛ ناکرێت غەریزەی ئاژەڵان و ڕەفتارەکانیان بکەینە پێوەری وەرگرتن یان ڕتکردنەوەی هاوشێوەکانیان لە مرۆڤدا و بەوە پاساو بۆ هەڵسوکەوتە عەنتیکەکانمان بهێنینەوە، گوایە هەر شتێک لە ئاژەڵانەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئیدی قەڵەمی لێخۆشبوونی بەسەردا هێنراوە و حەزێکی ئاسایی و سرووستییە.

   باشە خۆ بەشێک لە ئاژەڵان دەکەونە گیانی یەکدی و هەمانجۆری خۆیان بە بەرچاوی یەکدییەوە دەخۆن. تۆ بڵێیت هەر لەبەر ئەوەی ئەم ڕەفتارە لە جیهانی ئاژەڵانەوە هاتووە، ئیدی قەیدی نییە با ئێمەیش بۆ دونیای ئادەمیزادی بگوێزینەوە و ڕێگە بەوە بدەین، مرۆڤ بە گۆشتی برا مرۆڤەکەی خۆی تێر و قەڵەو بکات؟!

   باشە خۆ هێندێک پشیلە لە ئەنجامی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی جەستەیی و دەروونییەوە، گۆشتی بێچووە ساواکانی خۆیان دەخۆن، بێگومان ئەم جۆرە ڕەفتارە لە دونیای ئاژەڵان و بەتایبەت لە پشیلەدا، حاڵەتێکی سرووشتی و چاوەڕوانکراوە. ئاخۆ دەگونجێت ئەم ڕەفتارانە بە بیانووی سرووشتیبوونەوە بۆ جیهانی ئادەمیزایش بگوێزینەوە؟!

   هەمان ئەو ڕەفتارە زایەندییانەی لە دونیای ئاژەڵاندا وەک خۆماکی سرووشتی و ئاسایی تەماشا دەکرێن، هێشتا ڕۆژاوا پێی قبووڵ نییە و لەپێناو بەرەنگاربوونەوەیدا دەجەنگێت. ئەوەتا بەشێک لە ئاژەڵان لەگەڵ مەحرەم و نزیکەکانیاندا دەسێکسێن، هێندێکی تریان دەستدرێژیی سێکسی دەکەنە سەر یەکتر، گشت نێرینەیەک پێڕەوی لە فرەژنی دەکات و هاوزەمان لەتەک چەند مێیینەیەکدا دەسێکسێت.

   ئاخۆ دەشێت بگوترێت ئەم ڕەفتارانە ئاسایی و سرووشتی و یاسایین، تەنیا لەبەر ئەوەی ئاژەڵان ئەزموونی دەکەن؟ باشە ڕۆژاوا بۆچی وەک چۆن هاوڕەگەزخوازی قبووڵ کردووە، بە هەمان شێوە فرەژنییش بە پاساوی ئەوەی لە ئاژەڵاندا ڕەفتارێکی باوە، قبووڵ ناکات؟!

   تەنانەت گشت یاسا ڕۆژاواییەکان بەوپەڕی توندییەوە لە دژی فرەژنیدا دەجەنگن و بە لایانەوە بڤە و یاساغە. ئێ خۆ ئەویش لە جیهانی ئاژەڵاندا، هاوشێوەی هاوڕەگەزخوازی حاڵەتێکی ئەزموونکراوە! ئەمە سەرەڕای ئەوەی فرەژنی لە مێژووی هەزاران ساڵەی مرۆڤایەتیدا، دیاردەیەکی قبووڵکراو و سرووشتی بووە.

گرفتەکە خۆی لەکوێدا مەڵاس داوە؟!
   کەوایە ئەمە دۆخی ئێستای هاوڕەگەزخواییە لە جیهاندا، توێژینەوەکان هێشتا نەیانتوانیوە، پێوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان مەیلی هاوڕەگەزخوازی و هیچ جینێکی دیاریکراو بسەلمێنن، کەچی ڕاگەیاندنەکان، ناونیشانەکان ساختە دەکەن و بەردەوام ژمارەی ناڕاست و ئامارنەکراو و نازانستی بڵاو دەکەنەوە2.

   ئەوەیش خرایە ڕوو کە هۆکاری جڤاکی و ژینگەیی و خێزانی، کاریگەریی گەورەیان لەسەر دروستبوونی حەزی هاوڕەگەزخوازی هەیە.

   ئەوەیشمان سەلماند کە لایەنگرانی هاوڕەگەزخوازی، ڕەفتارە تایبەتەکانی دونیای ئاژەڵان بە شێوەیەکی زۆر هەڵە و نالۆجیکی دەکەنە پاساوی ڕاستبوونی تێڕوانینەکانیان.

   باشە ئیدی مرۆڤ چ بەڵگەیەکی دیکەی دەیەوێت تا باوەڕ بەو ڕاستییە بکات، ئەوە خۆیەتی بە شێوەیەکی ئازادانە مەیلی هاوڕەگەزخوازی هەڵدەبژێرێت نەوەک جینەکانی، هەرچەندە چەندین هۆکاری دیکەیش ڕۆڵیان لە دیاریکردنیدا هەبێت؟!

   تا کەی باوەڕ بەوە ناهێنن، هەرگیز وشەی جینەکان بە تەنیا ناتوانێت مرۆڤی ئاوەزداری پێگەیشتوو لە بەرپرسیارێتییەکان قوتار بکات، وەک چۆن نەکرا بە هەمان بیانوو، بەرپرسیارێتییە یاسایی و مرۆییەکان لەسەر منداڵبازان هەڵبگیرێت؟!

   بۆیە گشت مرۆڤێک بەرپرسیارە لە تەواوی ئەو کردار و هەڵسوکەوتانەی کە هەرگیز ناکرێت کۆمەڵێک کارلێکی کیمیایی بە ناوی جینەکانەوە بڕیاریان لەسەر بدەن و مرۆڤ ناچار بە ئەنجامدانیان بکەن.

   مرۆڤ هەردەم لە ئاست ڕێکسختن و جڵەوکردنی ڕەفتار و حەز و ئارەزووەکانیدا، لە ئاست جڤاک و خەڵکەکەیدا، خۆی بەرپرسی یەکەمە. بێگومان بەر لە هەموو کەس و شتێک، لە بەرانبەر ئەو پەروەرێنەیدا لێپرسراوە، کە ئەوە چاک و خراپ، جوان و ناشرین، خێر و شەڕی بۆ دیاری دەکات و پێی دەفەرموێت: ﴿بَلِ الإِنسَانُ عَلَى نَفْسِهِ بَصِيرَةٌ وَلَوْ أَلْقَى مَعَاذِيرَهُ: مرۆڤ با پاساوی زۆریش بێنێتەوە، بەڵام باش خۆی دەبینێت و دەزانێت ناخی چی دەوێت.﴾


پەراوێزەکان:
1 Epigenetics: بێگومان لەم پەراوێزەدا ناکرێت زاراوەیەکی وا گرنگ و قووڵ وەک پێویست ڕوون بکرێتەوە، بەڵام بەکورتی، بابەتی سەرووجینی بەو حاڵەتە دەگوترێت، کە شتەکانی دیکە ڕۆڵیان لە خستنەڕووی جینەکاندا هەیە، یان بە واتایەکی دی، بۆ ئەوەی جینەکان بۆ شتێکی دیاریکراو بکەونە کار یان لەکار بکەون، پێویستیان بە هاندەرێکە لە سەرووی جین و دی ئێن ئەیی مرۆڤ خۆیەوە.
بۆ نموونە، کەسێک جینەکانی هەڵگری ئالوودەبوون نین، بەڵام ژینگە و دەوروبەر و خواردەمەنی و فشارە دەروونییەکان وای لێ دەکەن، جینی بەرپرس لە ئالوودەبوونی تێدا دەربکەوێت و ئەو خووە ببێتە سیمای دیاری کەسەکە. بە واتایەكی دی، لێرەدا مەبەست بەو سیفەتان نییە كە لە ڕێگای دی ئێن ئەی بە شێوەیەكی بۆماوەیی لە باوانەوە بۆ نەوەكان دەگوێزرێنەوە.


2 ئەگەر خودا تەمەن بدات، لە نووسینێكی تێروتەسەلەدا گشت توێژینەوە زانتسییە بەناوبانگەكان لەم بارەیەوە دەخەینە ڕوو، ئەوەیش دەسەلمێنین كە تاكو ئێستا شتێك نییە بە ناوی جینی هاوڕەگەزخوازەوە. ئەوەیشی وای كردووە خەڵك و تەنانەت زانستخوازان ئەو باوەڕی بۆماوەییبوونەیان وەك ڕاستییەكی زانستی لا بچەسپێت، ڕاگەیاندن، سیاسەت و دەسەڵاتی چەواشەكارە!

فیکر
2020-10-13 کۆمێنت 1730 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی