ئایا کرێکاری هاوشێوەی کۆیلایەتییە؟ تێکنۆلۆجیا و شۆڕشی زیرەکیی دەستکرد چی دەگۆڕن؟

نووسینی: محەمەد جەبار
فیکر 2020-10-08 کۆمێنت 2490 جار بینراوە
گەر چاوێک بە مێژووی مرۆڤایەتیدا بخشێنینەوە، زۆربەی کات و لە زۆربەی شوێنەکاندا کۆیلایەتی شتێکی ئاسایی بووە و هیچ بەرهەڵستییەکی لێ نەکراوە و تەنانەت کەسی کۆیلەیش ئەوە لە دەروونیدا چەسپاوە کە پێی ڕازی ببێت و بە سەیری نەبینێت. سزای تاوانێک، داگیرکارییەکی جەنگ، زۆرداریی دەسەڵاتی پاشایەک یان هەژاری، هۆکارگەلێکن کە بەردەوامییان بەم سیستەمە دابێت.

   تاکی کۆیلە بە شێوەیەک لە مانای ئازادبوون تێناگات. گەر لەناکاو ئازادیی خۆی بدەیتەوە دەستی، لەوەیە ژیانی خۆیشی بخاتە مەترسییەوە یان لەوەیە هەر ڕەتی بکاتەوە، چون فێر کراوە خاوەنێک لەسەر سەریەوە بێت و بەرانبەر ئەو خزمەتەی بۆی دەکات، خواردن و شوێنی مانەوەی بۆ دابین بکات.

   کۆیلایەتی سیستمێک بوو کە ئابووریی سەردەمی خۆی ڕاگرتبوو و نەدەکرا لەناکاویش هەڵبتەکێنرێت. چەندان خێزان کۆیلەی سەرمایەدارێک بوون، خۆ گەر هەموویان کۆ بوونایەتەوە لێی بێکەسکوژیان دەکرد و ئازادیی خۆیانیان بەدەست دەهێنا، بەڵام سیستمەکە وەها داتاشرابوو کە کۆیلایەتی هەتا ناخیان ڕۆ چووبوو.

   پێغەمبەر محەمەد، دروودی خوای لێ بێت، لە مێژوودا جێدەستی دیارە کە چۆن پلە بە پلە کۆیلایەتیی هەڵوەشاندووەتەوە. بە شێوەیەک کە سیستمە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەیش بەیەکجار تووشی داڕووخان نەیەت. ئازادیی کۆیلەی کردبوو بە کەفارەتی تاوان، خێرێکی زۆری بۆ ئەو کەسانە دانابوو کە کۆیلەکانیان ئازاد دەکرد و چەندین نموونەی تریش. ئاخر ئەم شێوازە زۆر جوانترە لەوەی ڕەخنەگرانی ئیسلام دەیڵێن. بە قسەی ئەوان بێت، دەبێت پێغەمبەر بەیەکجار هەموو کۆیلەکانی ئازاد کردبا، بێ گوێدانە ئەوەی کە چ کاریگەرییەکی خراپی لەسەر خودی کۆیلەکان و سیستمی پتەوی ئابووریی ئەو سەردەمە و لایەنەکانی تری دروست دەکرد.

   هەرچەند گەر لە ژیانی پێغەمبەری نازدار بکۆڵینەوە، زۆر بەڕوونی دیارە کە سەرەتا کاری لەسەر ئازادیی ناخی مرۆڤەکان کردووە و پاشان وردە وردە هەتا نەهێشتنی سیستمی کۆیلایەتی.

   پزیشکێکی لێهاتوو کاتێک نەخۆشێکی شێرپەنجە دەبینێت، نایەت ڕاستەوخۆ بۆ ژووری نەشتەرگەريی بيبات، بەو شێوەیە زیانی زیاتر دەخاتەوە!

   دەیان کتێب دەبینیت لەسەر باسی کۆیلایەتی و ئیسلام کە زۆر لە من جوانتر ڕوونی دەکەنەوە، هەر بۆیە لێرە درێژە بەم باسە نادەین و دەچینە سەر خاڵە سەرەتاییەکە.

   هەر وەک چۆن لە سەردەمی کۆندا، کۆیلایەتی شتێکی ئاسایی بووە و ئێستە قێزەونە، دەکرێت سەردەمێک بێت کرێکارییش وای لێ بێت؟ دەکرێت چەند سەدەیەکی تر نەوەکانی ئێمە دڕدۆنگ بن و بپرسن: «هەر بەجددی خەڵکی ئەو سەردەمە کرێکارییان دەکرد؟» لە مێژوودا بە بێزێکەوە سەیرمان بکەن و دۆکیۆمێنتاریمان لەسەر بکەن کە چۆن سەرمایەدارێک، خۆی دانیشتووە و بەرانبەر بڕە پارەیەک چەند کرێکارێکی گرتووە بۆ هەڵچنینەوەی دیوارێک؟!

   بەدڵنیایيەوە ئێستە دەڵێین نەخێر ئەم کرێکارییە سیستمێکی ژیانە و هەر هەبووە. کارێکی پیرۆزە و دەستی ماندوو و شەکەتی خۆتی پێوە سەرف دەکەیت و پارە بە ئارەقی نێوچەوانی خۆت بەدەست دێنیت.

   ئێستە پێمان سەیرە و بەپێکەنینەوە دەیخوێنینەوە، بەڵام با پێکەوە بیرێکی لێ بکەینەوە، ئەی کۆیلایەتییەکەیش هەمان شێوە نییە؟ ئەویش بۆ کاتی خۆی سیستمێکی پتەوی کۆمەڵایەتی نەبووە؟ بژێویی کەسانێکی لەسەر نەبووە؟ تۆ بڵێیت ئەو ڕۆژەیش بێت کە کرێکاری، بچێتە ڕیزی کۆیلایەتییەوە؟


ڕێخۆشکەرەکانی نەمانی کرێکاری
شۆڕشە گەورەکانی هەڵسووڕێنەری مێژوو چەند دانەیەکن، لەوانە داهێنانی کشتوکاڵ، کە مرۆڤی لە شوێنێکدا جێگر کردووە و چیدی بەدوای گیانداراندا گەرمیان و کوێستانی نەکردووە، بەمەيش سەرەتای شارستانەت و کۆمەڵگە سەر هەڵدەدات. شۆڕشی نووسین و چاپ، زانست لە دەستی کۆمەڵێکی دەوڵەمەند یان کەنیسە و پیاوانی ئایینییەوە کە بەگرانی دەست دەکەوت، فەراهەم دەبێت بۆ کەسی ئاسایی و بە نرخێکی هەرزان؛ زانست بڵاو دەبێتەوە.

   شۆڕشی پیشەسازی: ئیدی ئامێرێک بەتەنیا جێی هەزار پیاو دەگرێتەوە، کەس پێویستی بەوە نییە لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لە ڕیزی کارگەیەکدا دابنیشێت و تەنیا یەک بورغی توند ببەستێت، ئێستە ئامێر دەیکات، سەرەڕای سوود و زیانەکانی. ئەم شۆڕشە بەتەواوەتی مێژووی مرۆڤایەتیی گۆڕیوە، مۆدێرنيتە زەقتر دەبێتەوە.

   شۆڕشی داتا: ئەمەیان نوێیە و هێشتا سەرەتاکانیەتی، لێ ترسناکترە. تەنیا یەک کۆمپیوتەر ئیشی چەند هەزار کەسێکت بۆ ڕێک دەخات. ڕۆبۆتێکی زیرەک بە ناوی داڤینشی ساڵانە سی هەزار نەشتەرگەری دەکات بەبێ هیلاکبوون، ببەێ مووچە، بەو داتا زۆرەی کە لە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتەوە کۆ دەکرێتەوە، وەک بەکارهێنانی فەیسبووک؛ چەند ملیار دۆلارێک ڕیکلامی ئاراستەکراوی پێ دەفرۆشرێت. ئەو وێنانەی کە لە کاتی داخڵبوونی سایتێک دێتە پێشت، کۆمپانیای ئۆتۆمبێلەکان مێشکی سەیارەکانیان فێری لێخوڕین دەکەن. کۆمپانیایەک سێ سەرنووسەری خۆی دەرکردووە و گۆڕیونێتی بە بەرنامەیەک، بە سیستمێکی زیرەکیی دەستکرد.

   ئەم سیستمانە پێویستیان بە کەسێکیش نییە کە ڕاهێنانیان پێ بکات، بەڵکوو خودی خۆیان، خۆیان فێر دەکەن و پەرە بە خۆیان دەدەن. تەنیا بە سەیرکردنی ڤیدیۆی یوتیوب، سیستمەکە توانیویەتی خواردنی خۆش لێ بنێت. دانەیەکی تریش لە ڕکابەرییەکدا لەگەڵ باشترین دکتۆرەکانی بواری شێرپەنجە، لە هەموویانی بردۆتەوە.  شەتڕەنج، دیسان باڵادەست، زیرەکیی دەستکردە.


کێشەی زیرەکیی دەستکرد چییە؟ پیشەکان چییان لێ دێت؟
بە باڵابوونی دەسەڵاتێکی وەها و بە بوونی کۆمپیوتەری کوانتەمی، ئەم جۆرە سیستمانە دەتوانن زۆر بەخێراتر لە هەموو شتێکی دی پەرە بسێنن و خۆیان بەرەو پێشتر ببەن. وێنا بکە تەنیا ڕۆژێک یاریکردن بە یارییەکی ئەلیکترۆنی وەها دەکات کە ئەو سیستمە لە زۆربەمان جوانتر یاری بکات. زیرەکییەکی لەم شێوەیە دەتوانێت دەست بەسەر هەموو کارەکاندا بگرێت. لە پزیشکییەوە، کە بە یەکێک لە کارامەترین پیشەکان و یەکێک لە گرانترینەکان دادەنرێت دەست پێ دەکەین.

   ئەوەی ڕۆژانە خوێندکارێکی پزیشکیی وەک من سەرقاڵ دەکات، خوێندنەوە و پێڕاگەیشتنی کتێبە پزیشکییەکانە، کە بە بەردەوامییش نوێ دەکرێنەوە و زانیاریی نوێیان بۆ زیاد دەکرێت. پێراگەیشتن بە وانەکانی ڕۆژانە و وانە پڕاکتیکییەکان، دەبێتە هۆی هیلاکییەکی زۆر. پرۆسەکە چەند ساڵێکی دەوێت و چەند پلەیەکی ئەکادیميايی دەوێت تا دەبیت بەو پزیشکەی کە بەرپرسیارێتیی ژیانی کەسێکت لەژێر دەستدا بێت، خۆ دەکرێت بە هەڵەیەکی سادەيش پەتی ژیانی نەخۆشێک ببڕیت. هەموو ئەو هیلاکییە تەنیا بۆ پێگەیاندنی پزیشکێک بوو.

   وێنا بکە هەموو ئەو داتایانە تەنیا بە چەند چرکەیەک دەگوێزیتەوە بۆ کۆمپیوتەرێک، نەک هەر ئەوەندەيش، بەڵکوو کۆمپیوتەرەکە دەتوانێت شیکردنەوەی خۆیت بداتێ و تەنانەت دوای چەند چرکەیەک، توێژینەوە نوێکانیش دەخوێنێتەوە و ئەوەی تۆ بە خوێندەوەیەوە هەفتەیەک پێیەوە سەرقاڵ دەبیت، ئەو بە چەند چرکەیەک لەوە جوانتر و بەبێ هەڵە ئەنجامی دەدات.

   لە وڵاتى چین زیرەکیییەکی دەستکردیان لە نەخۆشخانەیەک ئامادە کردبوو. بەبێ سترێسی ڕۆژانە، ئەو ڕۆبۆتە بە ڕوویەکی خۆشەوە لەگەڵ نەخۆشەکاندا دەدوا، هێرشی سەر دکتۆرەکان کەم بوویەوە. لەجیاتی کارکردن بە شەفت، بیستوچوار کاتژمێری تەواو بێ ئەوەی پشوو وەربگرێت کاری کردووە و بێ هیچ هەڵەیەکی پزیشکی نەخۆشەکانی چارە کردووە.

   لەمەوە بۆ هەموو کارەکانی تر بیر بکەوە، کە ئامێرێک بەبێ پارە و بەبێ هیلاکبوون، کاری هەزار کەست بۆ بکات، ئیدی بۆ کار بکەین؟


بۆ کار بکەین؟
ئەم پرسیارە جوانتر خاڵی یەکەممان پیشان دەداتەوە کە ڕۆژێک دێت کرێکارییش هاوتای کۆیلایەتی بێت، ئیدی مرۆڤەکان بێکار دەبن، تەنیا پێویستت بە ئامێرێک دەبێت و خۆت لە ماڵەوە پاڵ دەدەیتەوە.

   ئەوەی کاری گران و سەختە، کۆمپیوتەرێک دەیکات کە ئیدی ژیانی مرۆڤەکان ناکەونە مەترسییەوە، ئەو کارەیش کە پێویستی بە وردەکاری هەبێت، دیسانەوە ئامێرێک بە جوانتر و ڕێکتر دەیکات. ئەو فەحسی خوێنەی کە پێشتر بە ڕۆژێک دەهاتەوە، ئێستە تەنیا چەند خولەکێکی دەوێت.

   لێکەوتەیەکی ئەم تێکنۆلۆجیایانە نەمانی هەلی کارە. وردە وردە مرۆڤیش بیر دەکاتەوە، بۆچی ئەو کاتە زیاتر دانەنیشێت و بە بونیاتنانی خۆیەوە سەرقاڵ نەبێت؟ حەتمەن ئەمیش وەک شۆڕشەکانی پێشی خۆی کۆمەڵێک سوود و بەرەوپێشچوونی لەخۆ گرتووە و لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک دەردی گرتووەتە خۆ.

   بونیەتی مرۆڤ بەو شێوەیەیە کە هەمیشە خەریکی کارکردن بێت و سەرقاڵی شتێک بێت، نەک هەر لە ماڵەوە دابنیشێت. بەو شێوەیە کێشە کۆمەڵایەتییەکان قوڵتر دەبنەوە. مرۆڤ لە سروشتی خۆی دەردەچێت. مۆدێرنيتە و سەرمایەداری هەنگاوی زۆر پیستر دەبڕن.
تاگەکان    
نیشتیمان ژیانی پێغەمبەر پارەی ئیلیکترۆنی زمان ئیلحاد جەنگی هۆشیاری ئازادی پۆرن ڕەخنە بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن ئەیاد قنێبی تەنیایی فێمینیزم مۆدێرنە ئەدەبیاتی فارسی
فیکر
2020-10-08 کۆمێنت 2490 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی