بۆچی خودا مێشومەگەزی دروست کردووە؟

نووسینی: مستەفا مەحموود وەرگێڕانی: شاهۆ حەمید
فیکر 2020-10-02 کۆمێنت 4865 جار بینراوە
جارێک پرسیار کرا، بۆچی خودا حەشەراتی دروست کردووە؟

   ئەوکات بیرم کردەوە و لە دڵی خۆمدا گوتم: گەر بۆچوونی حەشەراتمان وەرگرتبایە، دەیگوت: بۆ خودا مرۆڤی دروست کردووە؟!

   گەر لە بوون ڕابمێنین، دەبینین خودا بۆ هەموو شتێک، زیان و دژی داناوە تا هەڵکوتێتە سەری!

   لۆکە و پەمووی دروست کردووە و کرمی لۆکەیش، ڕووەکی دروست کردووە و کوللەیش، ددانی دروست کردووە و کلۆربوونیش، چاو و چاوئێشەیش، لووت و هەڵامەتیش دەگەڵیدا، لەگەڵ بەروبوومدا گەنین و، دەگەڵ ئاسنیشدا ژەنگگرتن ...

   لەگەڵ مرۆیشدا لەشکرێک لە دوژمنی وەکو قالۆنچە، کێچ، مێشوولە، مێش، کرم، بەکتریا، سیل، گەڕی، گرانەتا و کۆلێرای دروست کردووە.

   خودا هەوڵی شاردنەوەی ئەم ڕاستییەی نەداوە، بەڵکوو لە پەرتووکەکەیدا وەکو مەبەستێکی دیاریکراو ئاماژەی پێ کردووە و، دەفەرمووێت: (لَقَدْ خَلَقْنَا الْإِنْسَانَ فِي كَبَدٍ: مرۆڤمان دروست کردووە کە بەردەوام لە شەکەتی، سەغڵەتی، کێشە و ناخۆشیدایە.) (البلد: ٤) خودا نەیویستووە دنیا ببێتە جێگەی ئارامی و حەوانەوە، بەڵکوو ویستوویەتی ببێتە جێگەی ڕەنج، تێکۆشان، ڕاکێشان، پێکدادانی نێوان دژەکان و، دەیەوێت هەموو شتێک بە دژەکەی تاقی بکاتەوە.

   دەگەڕێینەوە بۆ قورئانی پیرۆز و دەبینین ئاماژەی بەو یاسایە، کە دونیا بە جێگەی پێکدادانی نێوان دژەکان دادەنێت، کردووە.

   خودای پایەبەرز دەفەرمووێت: (وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لَفَسَدَتِ الْأَرْضُ: گەر خودا هەندێک لەو خەڵکەی بە هەندێکی تری لەناو نەبردبایە، زەوی وێران دەبوو.) (البقرة: 251)

   لە شوێنێکی دیدا بە هەمان فەرمایشت دەفەرمووێت: (وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لَهُدِّمَتْ صَوَامِعُ وَبِيَعٌ وَصَلَوَاتٌ وَمَسَاجِدُ يُذْكَرُ فِيهَا اسْمُ اللَّهِ كَثِيرًا: گەر خودا هەندێک لە خەڵکی بە هەندێکی تری پاڵ پێوە نەنابایە و لەناو نەبردبایە، ئەوا هەرچی خەڵوەتگە و کڵێسا و کەنیسە و مزگەوتەکان، کە ناوی خودایان زۆر تێدا دەبردرێت، وێران دەبوون.) (الحج: ٤٠)

   دووبارەکردنەوەی ئەم ئاماژەیە، واتە بەگرنگسەیرکردن و پیشاندانی ئەم یاسا شەرعیيەیە. خودای گەورە بەم ئایەتانە نهێنیی حیکمەتی خۆی لەم یاسا سەرسووڕهێنەرەدا ڕوون دەکاتەوە، بەوەی زلهێزان و بەهێزان بۆ لای یەکدی پاڵ دەنێت و، زۆرداران بە زۆرداری دیکەی وەکو خۆیان ڕادەماڵێت، تاوەکوو لاوازان و بێهێزان بتوانن پەرەستش و عیبادەتی خۆیان لە پەرەستگا و مزگەوتەکاندا بەجێ بگەیەنن. ئەم یاسایە چەترێکە لە جەور و ستەمی ستەمکاران دەمانپارێزێت، چون خودا تاقەت و هێزی هەندێکیان بە هەندێکی دیکەیان ناهێڵێت.

   ئەم یاسایە وەکو چۆن لەسەر ئاستی کەسەکاندا بەجێ دێت، بە هەمان شێوە لەسەر ئاستی میللەتانیش ڕاستە و ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت.

   بۆ نموونە، دەبینین ئەمەریکا خاوەن هێزێکی گەورە و زەبەلاحە؛ خاوەن بۆمبی ئەتۆمی و پاشان هایدرۆجینییە، لەبەرانبەریدا ڕووسیایش خاوەن هێزێکی ئەتۆمیی لەو شێوەیەیە، بە هۆی سەرقاڵبوونی ئەم دوو هێزە گەورەیە بە پێکدادان و کێبڕکێی یەکتری، ئێمە وەکو جیهانی سێیەم دەتوانین بژیین و هەناسە بدەین. بەڵکوو دەتوانین بە هۆی چاولەیەکترسوورکردنەوەی ئەو دووانە، سوود ببینین!

   گەر ڕووسیا تەنیا بووایە و دژێکی نەبایە، جیهانی لەناو دەبرد. یاخود ئەمەریکا هەر خۆی زلهێز بووبايە، جیهانی سەرنوقم دەکرد. ئەوەیش لە سۆزی خوداوەیە هەریەکەیانی بە دژی ئەوی دی داناوە. سەیرتر لەوەیش ئەوەیە؛ کاتێک بینرا ئەم دوو هێزە زەبەلاحە لە یەک نێزیکن و پێکەوە دەژین، ئەوا خودا، چین لە پێشیاندا وەکو زەبەلاحێک و خاوەن بۆمبی ئەتۆم دەهێنێتە مەیدان و، دژیان ڕەوانەی دەکات.

   ئەم یاسایە، یاسایەکی جێگیرە لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگە و سروشت و مێژوویش. خودا پێمان دەفەرمووێت: بەم یاسایە دونیا بۆ ژیان دەڕەخسێت و، کارەکان بەچاکی بەڕێوە دەچێت. گەر وەها یاسایەک نەبوایە، زەوی بە کەڵکی ژیان نەدەما و وێران دەبوو، (وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لَفَسَدَتِ الْأَرْضُ). ئەم یاسایە لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە کاری خۆی دەکات؛ لەو ڕۆژەوەی ئادەم بۆ سەر زەوی دابەزێنراوە، (وَقُلْنَا اهْبِطُوا بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ وَلَكُمْ فِي الْأَرْضِ مُسْتَقَرٌّ وَمَتَاعٌ إِلَى حِينٍ: گوتمان بە -ئادەم و حەوا و ئیبلیس- بۆ سەر زەوی دابەزنە خوارێ، هەندێکتان بۆ هەندێکی ترتان دەبن بە دوژمن و، تا ماوەیەکی دیاریکراو لە زەویدا بەهرەمەند و جێگر دەبن و دەمێننەوە.) (البقرة: 36) یاسای خودایە هەر لە سەرەتاوە بڕیاری دژایەتیی هەندێکی بەرانبەر هەندێکی دی داوە (بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ)، ئەمە سوننەتێکی گشتیی خودایيە، کە دژەکان -لە هەموو شتێکدا- چ لە ماددە و بێگیاناندا بێت یاخود گیانداران، بەیەکدا دەدات. خودا دەفەرمووێت: (كَذَلِكَ يَضْرِبُ اللَّهُ الْحَقَّ وَالْبَاطِلَ فَأَمَّا الزَّبَدُ فَيَذْهَبُ جُفَاءً وَأَمَّا مَا يَنْفَعُ النَّاسَ فَيَمْكُثُ فِي الْأَرْضِ: بەو جۆرە خودا نموونەی حەقق و ناحەق(بەتاڵ) دێنێتەوە، ئەوەی کەفە دەڕوات و نامێنێت، ئەوەی قازانج بە خەڵکی دەگەیەنێت، لە زەویدا دەمێنێتەوە.) (الرعد: ١٧) هەر بەو یاسایە وەکو چۆن تاکەکان بەیەکدا دەدات، ئاوایش بیروبۆچوونەکان بەیەکدا دەدات و، باش و خەراپیان دیاری دەکات.

   پێغەمبەرانیش لەم یاسایە بەدەر نەبوون، (وَكَذَلِكَ جَعَلْنَا لِكُلِّ نَبِيّ عَدُوًّا شَيَاطِينَ الْإِنْسِ وَالْجِنِّ يُوحِي بَعْضُهُمْ إِلَى بَعْضٍ زُخْرُفَ الْقَوْلِ غُرُورًا: هەر بەو شێوەیە بۆ هەر پێغەمبەرێک، دوژمنێکمان لە شەیتانەکانی مرۆڤ و پەری(جن) داناوە، کە هەندێکیان وتەی ڕازاوە و بریقەدار بە گوێی هەندێکی تریاندا دەدەن.) (الأنعام: ١١٢) (وَكَذَلِكَ جَعَلْنَا لِكُلِّ نَبِيّ عَدُوًّا مِنَ الْمُجْرِمِينَ وَكَفَى بِرَبِّكَ هَادِيًا وَنَصِيرًا: بۆ هەر پێغەمبەرێک دوژمنێکمان لە تاوەنباران داناوە، بەسە پەروەردگارت ڕێنوێنیکەر و سەرخەرت بێت.) (الفرقان: ٣١)

   قورئان باسی ئەم یاسایەی بە زیاد لە هەزار و سێسەد ساڵ پێش هیگڵ کردووە، کە هیگڵ هات و لەژێر ناوونیشانی «لۆژیکی مشتومڕی نموونەیی»  ((Dialectical Idealism، المنطق الجدلي المثالي) قسەی لەسەر کرد. لە ڕوانگەی هیگڵەوە ئەم یاسایە تەنیا کار لە جیهانی بیرکردنەوە(فکر)دا دەکات.

   پاشان کارڵ مارکس هات، کە ئەمیش کەوتە نێو سەرلێشێواوییەکی ترەوە، پێی وابوو یاساکە مشتومڕێکی ماددییە و تەنیا کار لەسەر ماددە دەکات، ناوی نابوو «لۆژیکی مشتومڕی ماددی» ((Dialectical Materialis، المنطق المادي الجدلي). دواتر مارکس کەوتە نێو هەڵەی دووەمەوە، پێی وابوو یاساکە بۆخۆی کارەکان دەکات و کەس نەیخولقاندووە! هەموو لایەنەکانی ژیان؛ ڕووەک و ئاژەڵ و مرۆڤیش لە ماددە دروست کراون. بەوەیش نەوەستا تا کەوتە نێو هەڵەی سێیەمەوە؛ لەو بیروبۆچوونانەی پێشووی ڕێبازێکی نوێی پێکەوە نا، کە ئەم ڕێبازەی بۆ پێویستی و مەرامی سیاسیی خۆی بەکار هێنا، بەوەی هەژارانی هانی دەوڵەمەندان و کرێکارانی هانی خاوەنکاران دەدا، کە دواتر بە فەلسەفەی پێکدادانی چینایەتی(فلسفة الصراع الطبقي) ناو نرا.

   هيچ کام لەم هەڵانە لە قورئانی پیرۆزدا نابینین، کە هەزار و چوارسەد ساڵ پێش ئێستا ئاماژەی بەم یاسایە کردووە. سەرەتا قورئان فێرمان دەکات ئەم یاسایە گشتگیرە، نە ماددییە وەکو مارکس دەیڵێت و، نە نموونەییەکەی هیگڵ کە بانگەشەی بۆی کرد. دواتر ئەم یاسایە دروستکراوە نەک دروستکەر، تەنیا بە دەستی خوداوەیە، ژیان بۆ دروستکراوەکانی پێ دەڕەخسێنێت و، ڕووداوەکانی لەنێوان هێزە جیاوازەکاندا، بەرەو تەوازنی ڕاست پێ دەجووڵێنێت، تاوەکوو هیچ لایەنێک بەسەر ئەوی دیکەوە نەبێت بە زۆردار، (وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لَفَسَدَتِ الْأَرْضُ). خودایە سەرپەرشتی یاساکە دەکات و بەڕێوەی دەبات. خودا یەکەمە و خودا دوایەمینە. یاساکە تەنیا هۆکارێکە و بە دەستی خوداوەیە و، بە ویستی خودا هەڵدەسووڕێت و کار دەکات. ئەمە پێکهاتەی ڕاستەقینەی ئەم یاسایەیە، کە بەدەوری پێکدادانەکان و فەلسەفە و سیاسەتی ئەمڕۆدا دەسووڕێتەوە، خودا پێش هەزار و چوارسەد ساڵ بۆ سەر دڵی پێغەمبەر(د.خ) دایبەزاند.

   زۆر جار بیستوومانە سۆفییەکان لە درووشمەکانیاندا ئەم هۆنراوەیە دەڵێن: «إن العناصر مجمع الأضداد - يخفى الظلام بها دوام جهاد» (پێکهاتەکان شوێنی کۆبوونەوەی دژەکانن، بە بەردەوامیی تێکۆشان، تاریکییەکان دەشارنەوە.)

   مەولانا و پێشەوای سۆفی(ئەبولعەزایم) لە وەسفی ڕۆح و لاشەدا دەڵێت: «كالثلج والنار قد جمعا برحمته» (وەکوو بەفر و ئاگر وان، بە هۆی سۆزی خوداوە پێکەوە کۆ بوونەتەوە.) خودا، گیان(ڕۆح) بە جەستە تاقی دەکاتەوە، واتە شت و دژەکەی شت و پێچەوانەکەی. هەروەکوو خودا ئەلیکترۆنی سالیب و پرۆتۆنی موجەبی پێکەوە لە یەک گەردیلەدا کۆ کردووەتەوە.

    ئەبولعەزایم دەڵێت: «پێکهاتنی دژەکان، هێڵی سەرەتای منن» یانی لای خوداوە هاتووم و بۆ لای ئەویش دەگەڕێمەوە.

   لە بەیتێکی تردا بە هەمان واتا دەڵێت: «نیشانەکانی -دەستەڵاتی خودا- لەسەر لاشەم دەرکەوتوون، کۆبوونەوەی دژەکان، هێڵی سەرەتامە.» بۆیە ئەم سەرنجە مشتومڕە دیالێکتیکییە لای ئێمە، هەر لە کۆنەوە قسەی لەسەر کراوە.

   شاعیریش دەڵێت: «لكل شيء آفة من جنسه - حتى الحديد سطا عليه المبرد» (بۆ هەموو شتێک لە ڕەگەزی خۆی ئافاتێک هەیە -تا زیانی لێ بدات-، تەنانەت ئاسنیش، هەڕڕەی بەسەردا زاڵ بووە و لێی دەبات.)

   پاشان قورئان، باسی ڕوویەکی تر لە حیکمەتەکانی ئەم یاسایە دەکات، ئەویش بریتییە لە ڕێکخستنی تەرازوو و گەیشتن بە ڕێگای میانڕەوی، کە ناوی ناوە، ڕێگای ڕاست(صراط المستقيم). ڕێگای ڕاست لە قورئانی پیرۆزدا، بریتییە لە میانڕەوی و دادپەروەری و هاوسەنگی، لەنێوان زیادەڕەوی و کەمڕەوییدا. بریتییە لە بەخشندەیی لەنێوان چرووکی و دەستبڵاویدا و، ئازایەتی لەنێوان ترسنۆکی و هەڵەشەییدا ... (وَالَّذِينَ إِذَا أَنْفَقُوا لَمْ يُسْرِفُوا وَلَمْ يَقْتُرُوا وَكَانَ بَيْنَ ذَلِكَ قَوَامًا: بەندەکانی خودا ئەوانەن، کاتێک ماڵ و سامانیان دەبەخشن، نە زیادەڕەوی و نە چرووکیی تێدا ناکەن، بەڵکوو لەو نێوەندەدان. (وَلَا تَجْعَلْ يَدَكَ مَغْلُولَةً إِلَى عُنُقِكَ وَلَا تَبْسُطْهَا كُلَّ الْبَسْطِ فَتَقْعُدَ مَلُومًا مَحْسُورًا) (الفرقان: ٦٧) (دەستت لە گەردنتدا مەکە بە گرێ -هێندە دەستنوقاو بیت-، ئەوەندەیش دەستبڵاو مەبە، تا ببیتە کەسێکی لۆمەکراوی هیچ بەدەستەوەنەماو.) (الإسراء: ٢٩)

   قورئان وەکو ئوممەتێکی میانڕەو باسی ئیسلام دەکات و، دەفەرمووێت: (وَكَذَلِكَ جَعَلْنَاكُمْ أُمَّةً وَسَطًا لِتَكُونُوا شُهَدَاءَ عَلَى النَّاسِ: کردوومانن بە گەلێکی میانڕەو، تا بەسەر خەڵکییەوە ببن بە گەواهیدەر.) (البقرة: ١٤٣) موسوڵمانان بەسەر خەڵکییەوە گەواهیدەر و چاودێرن، چونکە تەرازووی ڕاستییان لایە کە قورئانە. بەو تەرازووە بڕیار بەسەر هەموو زیادەڕەوان و لەسنووردەرچوواندا -لە هەموو گەل و ڕێڕەو و مەزهەبێک- دەدەن، وەکو مەتر کە چۆن درێژی و کورتیی پێ دەپێورێت.

   مەبەست لە میانڕەوی لە ئیسلامدا، میانڕەویی خەمڵاندن(حیسابی) نییە، بەڵکوو میانڕەویی هەڵبژێردراوی پێکهاتەی دژەیی دادگەرانەیە. بۆ نموونە بەخشندەیی، میانڕەوییەکی خەمڵێنراو نییە لەنێوان چرووکی و دەستبڵاوییدا، بەڵکوو میانڕەوییەکی هەڵبژێردراوە؛ هەڵبژێردراوە لە باشترین پێکهاتە لە چرووکییدا، کە دەستگرتنەوەیە و، باشترین پێکهاتە لە دەستبڵاویدا، کە دەستکراوەییە، بەوەیش دەستگرتنەوە و دەستکراوەیی، بە هەردووکیان دەکەنە بەخشندەیی. لەگەڵ ئەم سیفەتانەدا، چەند سیفەتێکی تری وەکو ژیری و مەبەستی ڕاست و توانای هەڵبژاردنی باش، بۆ پێکهێنانی بەخشندەیی پێویستن.

   دەبینین ئازایەتی، لەنێوان ترسنۆکی و هەڵەشەییدا میانڕەوییەکی خەمڵێنراو نییە، بەڵکوو میانڕەوییەکی هەڵبژێردراوی پێکهاتەی دژەییە. کە لە ترسنۆکی، وریایی و، لە هەڵەشەیی، هەوڵدان(دەستپێشخستن) هەڵبژێردراوە. پاشان لەگەڵ ئەو دوو سیفەتەدا بۆ ئەوەی ئازایەتی بەرهەم بێت، سيفەتەکانی وەکو جێگری و ڕوونیی ئامانج و جەختکردن پێویستن.

   یاخود ڕێگای ئیسلامی، لەنێوان سەرمایەداری و کۆمۆنیستی(شیوعی)دا، هاوسەنگییەکی خەمڵێنراو نییە. بەڵکوو لە ئیسلامدا هەڵبژێردراوی پێکهاتەی دژەیی دەبینین، کە هەرچی باش و شیاوی وەرگرتنە، لە هەردوو دەستەکەی -سەرمایەداری و کۆمۆنیستی- وەردەگرێت، هەرچی کەموکوڕی و خەراپیشیان هەیە، دووری دەخاتەوە. پاشان ڕێگای ئیسلام لەگەڵ نیعمەتی ڕۆحی و تێربوونی ڕۆحدا، پاڵپشتی لە غەیبەوە و مانەوەی هەتاهەتایی لە بەهەشتدا بە موسوڵمان دەبەخشێت. جا لێرەدا ئەوە ڕوون بوویەوە، کە ئیسلام شتێکی نوێ و پێشەنگی هێناوە، نەک میانڕەوییەکی خەمڵێنراو لەنێوان سەرمایەداری و کۆمۆنیستیدا، بەڵکوو هەردووکیان لەخۆ دەگرێت و، لەسەرووی هەردووکیانەوەیە و، پێش هەردووکیان کەوتووە بە هەزار ساڵ.

   جا لە قورئانی پیرۆزدا، بنەما و یاسای ژیربێژیی پەروەردگار دەبینین، کە لە هەموو شتێکدا، بنچینە و دژ و پێکدادانی دژەکان هەیە. پەروەردگار دەفەرمووێت، لە هەموو شتێکدا بنچینەیەک هەیە و دواجار نامێنێت، (كُلُّ شَيْءٍ هَالِكٌ إِلَّا وَجْهَهُ: هەموو شتێک لەناو دەچێت، تەنیا زاتی خودا نەبێت.) (القصص: 88)

   هەروەها لە قورئاندا، بناغەی لۆژیکی شێوەیی(المنطق الصوري) دەبینین، کە لە هەمان کاتدا یاسای ئەرستۆیشە، کە باس لە هەمیشەیی شتەکان و جێگیری و بەردەوامییان دەکات. بەڵام ئەم یاسایە لە قورئاندا، بۆ لایەنی خودایی کورت دەبێتەوە. واتە بەردەوامی و مانەوەی هەتاهەتایی نییە، مەگەر بۆ هەر شتێک پەیوەست بێت بە خوداوە، وەکو بەرنامە و یاساکانی خودا، خودا دەفەرمووێت: (فَلَنْ تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَبْدِيلًا وَلَنْ تَجِدَ لِسُنَّتِ اللَّهِ تَحْوِيلًا: هەرگیز ئاڵوگۆڕ بۆ بەرنامەی خودا نابینیت و، هەرگیز لادانیش بۆ بەرنامەی خودا نابینیت.) (فاطر: 43)

   زاتی خودا (كُلُّ شَيْءٍ هَالِكٌ إِلَّا وَجْهَهُ: تەنیا زاتی خودا نەبێت هەموو شتێک لەناو دەچێت.) (كُلُّ مَنْ عَلَيْهَا فَانٍ، وَيَبْقَى وَجْهُ رَبِّكَ ذُو الْجَلَالِ وَالْإِكْرَامِ: هەرچی لەسەر زەویدایە تیادەچێت و نامێنێت، تەنیا پەروەردگارت دەمێنێتەوە، کە خاوەن شکۆی ڕێزدارە.) (الرحمان: 25-26)

   لەوانەیە لێرەدا کەسێک گومانی ستەمی بەرانبەر بە خودا بە مێشکدا بێت، کە مرۆڤی لە ناڕەحەتیدا دروست کردووە و، نەخۆشی و میکرۆب و مێرووی بەسەریدا زاڵ کردووە، هێندێکیشی بەرانبەر بە هێندێکی تری کردووە بە دوژمن، (تَعَالَى اللَّهُ عَمَّا يُشْرِكُونَ). لە وەڵامدا دەڵێین، خودا دەرد و نەخۆشیی دروست کردووە، بەڵام لەگەڵیدا دەوا و دەرمانیشی -لە گژوگیا و خواردنەوەی کانیاوەکان و پێکهاتەکانی زەویی ژێر پێماندا- دروست کردووە، ژیری(عەقڵ)یشی پێ داوین تا ڕێنیشاندەرمان بێت و، بزانین چۆن دەرمانەکان بۆ نەخۆشییەکانمان دروست بکەین و، بەکاریان بهێنین.

   کاتێک ئەیووب (دروودی خوای لێ بێت)، تووشی ئەو ناڕەحەتییە بوو، هاواری بۆ پەروەردگاری برد و، فەرمووی: (أَنِّي مَسَّنِيَ الشَّيْطَانُ بِنُصْبٍ وَعَذَابٍ: بەڕاستی شەیتـان تووشی ناڕەحەتی و ئازاری کردووم.) (ص:41) پەروەردگاری پێی فەرموو: (ارْكُضْ بِرِجْلِكَ هَذَا مُغْتَسَلٌ بَارِدٌ وَشَرَابٌ: پێت بە زەویدا بدە، ئەمە بۆ خۆشوشتن و خواردنەوە، کانیاوێکی سارد و فێنکە.) (ص: 42) ئەوەی کرد و لە نەخۆشییەکەی چاک بوویەوە. خودای گەورە ژەهر و دژەژەهریشی دروست کردووە ...

   پاشان خودای گەورە لە دروستکردنی ئەم پێکدادانە دژەییە بەردەوامەدا، سوود و قازانجی داناوە. بۆ نموونە ژەهری بەکتریا، هانی ڕیشاڵی زیندوو بۆ کۆکردنەوەی خوێن بۆ نێو دەمارەکان، دەدات ...

   بەو شێوەیە خودای گەورە لەو پێکدادانەی سروشت، پاڵنەر و هاندەری بەردەوام بۆ دروستکراوەکانی دەنێرێت، تاوەکوو ببنە خاوەنی باشترین توانا و هێزی داهێنەرانە، بەوەیش هەمیشە لەسەر جوانترین و تەواوترین شێوەدا دەبن و، لە پێکدادانی نێوان لاشە و میکرۆبدا، پەرژین و بەرگرییان بۆ دروست دەبێت.

   گەر ژیانی دنیا، ئەم دژدارییەی تێدا نەبووایە و؛ ببووایە بە شوێنی حەوانەوە و ئارامی و ئاسایشی هەتاهەتایی، ئەوا خاو دەبووە و، لە لاوازیدا فەشەلی دەهێنا و تیاد دەچوو. ئەم تیاچوونە هەروەکوو چۆن لە تاکەکاندا بەدی دەکرا، ئاوایش لەسەر ئاستی گەلان -کاتێک ژیان بۆ خۆشی و چێژبینین گۆڕابایە- بەدی دەکرا. هەر بەو بۆنەیەیشەوەیە خودا دڕک لەنێو گەلاندا دەچێنێت تا گوڵ بڕوێت.

   هەر ئەمەیش بوو لەنێوماندا ڕووی دا، کاتێک ئوممەتی عەرەبی خزا، دابەشبوون و جیاوازی و خۆشی و چێژبینین لە ژیان، لاواز و ماندووی کردبوو، لەناوەڕاستیدا دڕکێک بە ناوی «ئیسرائیل» چێندرا، تاوەکوو هانی یەکگرتنی بدات و، بۆ دروستکردنی هێز، ئاسن، بازوو و تەکنۆلۆجیا ناچاری بکات و، تەحەددای نەمان و لەناوچوون بکات.

   كاتێک ئەمەریکایش بە هێز و چەکەوە، پاڵپشتیی ئیسرائیلی کرد، خودا کانیاوی نەوت و سەروەت و سامانی بۆ دەرخستین، بەوەیش لە ڕاست و چەپەوە، بووین بە خاوەنی چەندان کۆگای چەک و تەقەمەنی.

   بەرنامەکانی گەردوون و یاسا هەمیشەییەکان، بەنهێنی و بەشاراوەیی و بەردەوام، لەپێناو پاراستنی تەرازووی ڕەخساوی ناوازەی دروستکراوەکان، کار دەکەن و دەجووڵێن، تاوەکوو بەهێز ملکەچ و لاوازیش بەهێز بکەن و، هیچ هێزێک نەیپەرژێتە سەر هێزێکی دی و، هیچ جۆرێکی زیندەوەر جۆرێکی دی لەناو نەدات.

   نموونەی ئەوە لە جیهانی مرۆ، مێروو، ڕووەک و سروشتدا دەبینیت. هەر کاتێک جۆرێک لە مێروو، تەوازنی تێک چوو و سنووری بەزاند و زیادی کرد، بۆ ئەوەی هاوسەنگیی تەرازوو بۆ ژینگە بگەڕێتەوە، خودای گەورە دوژمنێکی سروشتیی بۆ دەنێرێت و، دەبینیت هەموو دروستکراوەکان، هەلی گونجاوی ژیانیان بۆ دەڕەخسێت. هەر ئەمەیش بوو لە باشووری سوودان بینیمان، کاتێک مێشوولەیەکی زۆر، ئەو ناوچانەی کە تووشی نەخۆشیی مەلاریا بووبوون، داگیر کردبوو، دواتر جۆرێکی مێرووە-کە گوڵەئەستێرە بوو- بە ملیۆنان دانە بۆ لەناوبردنی دەرکەوت و، هاوسەنگیی بۆ ناوچەکە گەڕاندەوە.

   بەڵام کاتێک مرۆڤ، بە بەکارهێنانی دەرمانی لەناوبەری مێرووەکان هەستێت، یاساکە هاوسەنگی لەدەست دەدات و، بۆ کارەسات و تێکچوونی ژینگە سەر دەکێشێت. چون ئەو لەناوبەرانە مێرووان و، ئەو باڵندانەیش کە مێرووان دەخۆن، دەکوژێت، دواتر گژوگیا و زەویی کشتوکاڵییش تووش دەبێت، پاشان ئەو ئاژەڵانەیش کە ئەو گژوگیایە دەخۆن و، ئەو مرۆڤانەیش کە گۆشتی ئەو ئاژەڵانە دەخۆن، تووشی نەخۆشی دەبن. هەروەها ڕێڕەوی ئاویش لەو دەرمانانەی بەردەکەوێت و، دەبێتە هۆی لەناوچوونی ماسییەکان. پاشان مێرووی سوودبەخش و زیانبەخشیش پێکەوە لەناو دەبات. هەموو ژینگە تێک دەدات و، پەیوەندییەکانی هەڵدەوەشێنێتەوە.

   ئەمەیش جیاوازیی نێوان حیکمەتی خودایی و گەوجیی مرۆڤە؛ جیاوازیی نێوان زانستی بێسنووری خودا و، زانستی سنوورداری مرۆیە.

   چۆن خودا، زانستی خۆی لە بەکارهێنانی پاشماوەی ڕووەک و گیانداراندا بەکار دێنێت؟

   ئێمە نموونەیەکی بێهاوتا، لە پەیوەندیی ئاڵوگۆڕی گونجاوی زیندەوەران دەبینین. ئەو پاشماوەیەی گیانەوەران فڕێی دەدەن، ڕووەکەکان وەکو پەیین و خۆراکی بەسوود بەکاری دەهێنن. دووانۆکسیدی کاربۆنیش کە گیانەوەران لە هەناسەدانەوەدا دەریدەکەن، ڕووەکەکان بۆ گەشەکردنی پێکهاتەکانیان -وەکو کلۆرۆفیل- بەکاری دەهێنن. پاشان ڕووەکەکان پاشماوەی خۆیان -کە ئۆکسجینە- بۆ نێو هەوا دەردەدەن، کە گیانەوەران و مرۆیش بە ئۆکسجین دەژین و، لە برسێتی و توونوێتیدا ژیانی پێ بەڕێ دەکەن. جا ئەم پەیوەندیی ئاڵوگۆڕکردنە، لەوپەڕی وردی و ڕێکیدایە. ئەوەی لایەنێک فڕێی دەدات و وازی لێ دێنێت، کۆمەڵ و لایەنێکی دی، پێویستی پێیەتی و بەکاری دێنێت. هەر یەکێکیان تەواوکەری ئەوی ترە. هەر بەم شێوەیشسوود و قازانج لە سەرجەم پاشماوەکانی تر دەبینرێت.

   لەبەرانبەردا مرۆڤ، چ کارێک بە عەقڵ و زانستەکەی دەکات؟ چۆن مامەڵە بە پاشماوەکانییەوە دەکات؟ بە هەزاران تۆن لە پاشماوەی کارگە کیمیاوییەکان -کە پڕن لە ماددەی گۆگردی زیانبەخش و فەوتێنەر- فڕێ دەدات، کە دواتر دەڕژێتە نێو ڕێڕەوەکانی ئاو و پیسی دەکات. کەشتییەکانیش ڕۆن و چەوری بۆ کەناراوەکان فڕێ دەدەن و دەیگەنێنن. هەروەها پاشماوەی کارگەکانی چەک و تەقەمەنی، بۆ نێو دەریا دەڕوات و، تا ئەو شوێنەی پێی بگات، مردن لەگەڵ خۆیدا بڵاو دەکاتەوە. تەپوتۆزیش ئەم پاشماوە زیانبەخشانە لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت و، بۆ هەر چوار ئاراستەکەی -ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و باکوور و باشوور- دەبات. تەنیا خودا دەزانێت ئەم زیانانە چیی بەسەر خۆمان و نەوەی داهاتوو دێنێت؛ لە تێکچوونی ژینگە و بەڵا و نەهامەتی و نەخۆشیی جۆراوجۆر.

   خودا بە ڕێسا و یاساکانی، سیستمی گونجاو و ڕێک بڵاوە پێ دەکات. کەچی مرۆ بە عەقڵ و کردەوەی، فەوزا و تەنگ و چەڵەمە و شێواندن بڵاو دەکاتەوە.

   قورئان چەند جوان لە چەند وشەیەکدا، ئەم حیکمەتە خوداییە باس دەکات، دەفەرمووێت: (وَخَلَقَ كُلَّ شَيْءٍ فَقَدَّرَهُ تَقْدِيرًا: هەموو شتێکی دروست کردووە و، ئەندازەگیری تەواویشی بۆ داناوە.) (الفرقان: 2) و، دەفەرمووێت: (إِنَّا كُلَّ شَيْءٍ خَلَقْنَاهُ بِقَدَرٍ: ئێمە هەموو شتێکمان بە ئەندازەیەکی دیاریکراو دروست کردووە.) (القمر: 49) و، دەفەرمووێت: (قَدْ جَعَلَ اللَّهُ لِكُلِّ شَيْءٍ قَدْرًا: خودا بۆ هەموو شتێک، ئەندازەیەکی دیاریکراوی داناوە.) (الطلاق: 3) و، دەفەرمووێت: (وَأَنْبَتْنَا فِيهَا مِنْ كُلِّ شَيْءٍ مَوْزُونٍ) (الحجر: 19) (لە هەموو جۆرە ڕووەکێکمان لە زەویدا، بە ئەندازەی ڕێک و پێویست و دیاریکراو ڕوواندووە.) و، دەفەرمووێت: (وَكُلُّ شَيْءٍ عِنْدَهُ بِمِقْدَارٍ: هەموو شتێک لای خودا، بە ئەندازە و پێوانەی دیاریکراوە.) (الرعد: 8)

   بۆ نموونە زەوی، خودای گەورە بە ئەندازەیەکی دیاریکراو، بارستایی و قەبارە و دووریی لە خۆری بۆ دیاری کردووە. گەر خۆر لەم ئەندازەیەی ئێستای دوورتر بووایە، ئەوا هەرچی زیندەوەر هەیە، بە هۆی سەرماوە لەناو دەچوون. خۆ گەر نێزیکتر بووایە، هەموو زیندەوەران لە گەرماندا دەسووتان. یان گەر بارستایی و قەبارەی زەوی، لەوەی ئێستای بچووکتر بوایە، هێزی کێشکردنی کەمی دەکرد و، دەبووە هۆی لەدەستدانی ئاو و هەواکەی، بەوەیش ژیان لەسەری ئەستەم دەبوو، وەکو چۆن ئێستا هەیڤ بەو شێوازەیە. یاخود گەر بارستایی و قەبارەکەی گەورەتر بووبایە، ئەوا هێزی کێشکردن لەسەری چەند ئەوەندە دەبوو، لەگەڵ زیادبوونی کێشی زیندەوەرانیش، بەوەیش توانای جووڵە لەسەر زەویدا نەدەما. ئەوەیش دەبووە هۆی کەمکردنەوەی کار و شوێنی هەموو ئەستێرەیەک، چونکە هەموو ئەستێرە و هەسارەکانی ئاسمان، وەکو پێکهاتەکانی نێو ماددەیەک بەیەکەوە پەیوەستن و، تەواوکەری یەکترین، (فَلَا أُقْسِمُ بِمَوَاقِعِ النُّجُومِ، وَإِنَّهُ لَقَسَمٌ لَوْ تَعْلَمُونَ عَظِيمٌ: سوێند بە شوێن و کاری ئەستێرەکان، بەڕاستی گەر بزانن ئەم سوێندە سوێندێکی زۆر گەورەیە.) (الواقعة: 75ـ76) چونکە بەڵگەی توانا و دەستەڵغتی خودای تێدایە.

   خودا کاری تایبەتی هەیە بە هەر جووڵەیەک لە زەمان و مەکاندا ڕوو بدات. خودا لەپێناو حیکمەتێکی بەرز -کە عەقڵ پەی پێ نابات- پاش دەخات و پێش دەخات، دروست دەکات و لەناو دەبات و زیندوو دەکاتەوە. لە ناوەکانیشی پێشخەر، دواخەر، دروستکەر، لەناوبەر، زیندووکەرەوە، زانا، دانا، پەیبەر، گەورە و بەرزە. بەرزە بەسەر هەموو خاوەن ژیری و تێگەیشتوویەکەوە. پەیبەرە بە هەموو شتێک و، هیچ شتێکیش پەیی پێ نابات. پاک و بێگەردی بۆ خودا، کە هەر ئەوە داهێنەری دروستکراوەکانە؛ دروستی کردوون و شێوەی بۆ کێشاون. چەند داهێنەر و دانایە ئەو زاتەی، کە ئەم شەریعەت و یاسایەی دروست کردووە و، مرۆ و مێروو، ژیانی پێ بەڕێ دەکەن!
تاگەکان    
مانا گێڕانەوە گفتوگۆ ئیسرائیل کۆرۆرنا ژیانی پێغەمبەر باران ئەیاد قنێبی دەروونناسی عەبدولکەریم سرووش ڕانانی کتێب جنۆکە ئیلحاد لۆجیک ئاوی زەمزەم
فیکر
2020-10-02 کۆمێنت 4865 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی