مەترسە، من ئاگام لێتە

نووسینی: حسێن حائیریان وەرگێڕانی: شادان عوسمان
ئەدەب 2020-09-28 کۆمێنت 1666 جار بینراوە
ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر کاتێک لە پۆلی دووەمی سەرەتاییدا بووم، لەگەڵ یەکێکی پۆلی پێنجدا بوو بە شەڕمان. لە حەوشەکەدا ڕای دەکرد؛ پیای کێشام و هەردووکمان کەوتین. ئەوەندە خراپ بەر زەوی کەوتم کە ئەژنۆی پانتۆڵەکەم دڕا. لە جێی پۆزشهێنانەوە، دەستی کرد بە جنێودان. هەر بە جنێوی یەکەم کە وتم خۆتی، شەڕ دەستی پێ کرد.

بیست سانتیم و بیست کیلۆ جیاوازیمان بوو. یەک دانەم لێ دا و دە دانەم خوارد. تا ئەوەی قەڕەباڵەغ بوو، لە ترسی نازمی براگەورەم -پۆلی پێنج و هاوپۆلی ئەوەی لەگەڵیدا بە شەڕ هاتبووم بوو- ڕام کرد. کاتێک مەسەلەکەی زانی، وتی: «بۆستە زەنگی کۆتایی چاری دەکەم.» کاتێک زەنگ لێی دا، دەستی گرتم و ڕۆیشتین بۆ لای، پێی وت: «تۆ لە براکەی منت داوە؟» پێکەنی و وتی: «بەڵێ» کە بەڵێی وت، مشتێک و شەقێک بەرەو لای چوون. بە ئەندازەی ئەوەی لە منی دابوو لە براکەم خواردی.
بێ حساب بووین وەلێ شەڕ تەواو نەبووبوو. بەیانی لە پشووی بەینی دەرسەکان هات بۆ لام و وتی: «هەر لە شوێنێک بەبێ براکەت دەستم پێت دەگات، ئەوەندەت لێ دەدەم نەتوانیت بە ڕێدا بڕۆیت. براکەم لە پشتە سەریەوە بوو، قسەکانی گوێ لێ بوو. ڕووی تێ کرد و وتی ئەسڵەن وا دابنێ من هەر نیم. ئەتوانی لێ ی دەی.
وتی: «لێی بدەم دووبارە دێی خۆت هەڵدەقورتێنی.»
براکەم وتی «نا، سوێن دەخۆم خۆم هەڵناقورتێنم.»
وتی: «کەوایە زەنگی کۆتایی.» پێکەنی و ڕۆشت. بۆ درۆ بکەم، ترسا بووم. کە زەنگی کۆتایی لێی دا و کاتی شەڕ هات، براکەم ڕووی تێ کردم و وتی «مەترسە، من ئاگام ها لێت. بڕۆ تێیبگەیەنە کە پێویستت بە یارمەتیی من نییە.» هەر ئەوەی کە نزیکم بوو دڵگەرمی بوو بۆم. دڵم خۆش بوو کەسێک هەیە سەیرم دەکات. ئەو ڕۆژە پتر لەوەی کوتەک بخۆم کوتام.

من هەر ئەوە بووم کە بیست سانتیم و بیست کیلۆ کەمتر بووم بەڵام ئەمجارە دڵگەرمیی هەبوونی کەسێک بووم. کەسێک کە خەریک بوو لێی دەڕوانیم تا دڵنیا بێتەوە کە دەتوانم بەرگری لە خۆم بکەم.

بێ خۆهەڵکێشان بڵێم، زۆرێک لە ئێمەی مرۆڤ لە ژیاندا هەست بە لاوازی دەکەین. زۆر کات دەسەڵاتمان بەسەر ژیانمانەوە نییە. زۆر جار کوتەک دەخۆین بە دەستییەوە. وەلێ باوەڕ بکەن هۆیەکەی بەهێزتربوونی ژیان نییە. دروستە هێزی لە ئێمە زێدەترە بەڵام دەکرێت شکست بە کێشەکانی ژیان بهێنرێت. تەنیا دەبێت خاوەنی کەسێک بین دڵگەرمیمان پێ بدات لە ژیاندا. کەسێک کە لە کێشەکانی ژیاندا پێمان بێژێ مەترسە ... من ئاگام لێتە.
تاگەکان    
کۆمەڵکوژیی بۆسنە دەروونناسی کۆیلایەتی شیعر فەلسەفەی ئەخلاق گەڕان ئیسرائیل مۆدێرنیتە کتێب لۆجیک نوێژ کتێبی هاوسانی نیشتیمان تەکنۆلۆژیا حەمەدۆک
ئەدەب
2020-09-28 کۆمێنت 1666 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی