ژیرییەکی ساختە

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2020-09-14 کۆمێنت 230 جار بینراوە

لەم دوو ساڵەی دواییدا، زۆر زەقتر لە جاران، خەریکم دەستوپەنجە لەتەک کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە ناکۆمەڵایەتییەکاندا نەرم دەکەم[1]، هەر ڕۆژەو تێبینییەکم لەمەڕ خراپەییەکانی ئەم تۆڕە جاڵجاڵۆکەییە گریمانەییەوە بۆ دروست دەبێت، بەڵام چیتان لێ بشارمەوە، خۆیشم هێشتا لەنێو ئەم بازنە زیانبەخشەدا ڕاکەڕاکمە و لە سۆنگەی هەوڵی تاکەکەسییەوە، لە ئاست جڵەوکردنی ئەم ڕۆبۆتە هاروهاج و کونجکۆڵ و فریودەرەدا، جارێ بێتوانا و کەمتفاق ماومەتەوە.

   لێرەلەوێ دەنگم بە هەر کەسێک گەیشتبێت، دەرگای دڵم بۆ کردووەتەوە و تا لە توانامدا بووە، لە بارەی ئینتەرنێت و کاریگەرییە خراپەکانی و چۆنێتیی کەڵکلێوەرگرتنی بە شێوەیەکی دروست و گونجاو، پەیڤیوم. تەنانەت گەلێک جاران خۆم هەستم بەوە کردووە، بە هۆی بایەخدانم بەم باسەوە، زوو زوو لە بابەتی سەرەکی دەرچووم و کاتێکم زانیوە، دەمێکە لە مەبەستی خوازراو دوور کەوتوومەتەوە.

  من لەزووەوە دەرەنجامێکم لەکن گەڵاڵە بووە، ئەم بەردەستی و ئاسانییەی لەمەڕ وەچنگخستنی زانیارییە جۆربەجۆرەکانەوە هاتووەتە گۆڕێ، تا ڕادەیەکی زۆر، لەبری سوودبەخشین، زیانی بە بیر و هۆشی مرۆڤایەتی گەیاندووە!


   لەوانەیە سروشتی مرۆڤ وا بێت، بەرگەی شاڵاوی ئەم هەموو زانیارییە لەپڕ و زۆر و خێرایە نەگرێت، بۆچکەم ئاوا ناوچەی لەبێژنگدان و هەڵسەنگاندنیان بەرەو پووکانەوە دەچێت.

   ئەز ئەم لێشاوە نائاساییەی زانیاری و بەردەستیی ئامرازەکانی سەردەمم، وەک بەنداوێک دێتە پێش چاو کە ماوەیەکی زۆر بێت، دەرگاکانیان داخستبێت و لەپڕ بەرەڵایان کردبێت، ئەوەی پێشووتر دڵی بە سازگاریی ئاوەکەیشی خۆش کردبێت، بێ ئەوەی خۆی ئاگای لێ بێت، لەناکاو ببێتە ژێرەوە و توانا مەلەوانییەکەی، بەرگەی شەپۆلە شاخاساکانی ئاوە بەردراوەکە نەگرێت و بخنکێت!

   وەک بڵێیت، بابەتەکان ئەوەندە زۆر و تێکەڵوپێکەڵ بن، لە مێشک و خەیاڵماندا جێ بە یەکدی لەق بکەن، هێشتا بابەتێک لە ناخماندا جێگەی خۆش نەکردووە، یەکێکی دی کە بە خوێی چێشتیش بەوی دیکەدا ڕاناگات، خۆی بە ژووردا دەکات و بێ ئەوەی فلتەرێکی بەهێز پاڵفتەیان بکات، ئاوی ڕووح و هەوای دەروونمان بە جارێک پیس و بۆگەن و دووکەڵاوی دەکات.

   من هەرگیز بوێریی ئەوەم نییە بڵێم، زانیاریی زۆر، خراپ یان بێکەڵکە، نا، من هەست دەکەم ئەم شێوازی وەرگرتنی زانیارییەی کە لەم سەردەمەی ئێستادا باوە، سامناک و ناسروشتییە، بۆیە وێڕای زۆری و فراوانبوونی زانیارییەکان، لێکدانەوە و ئەنجامگرییەکان کاڵفامانە و ناماقووڵتر خۆ دەنوێنن.

   خاترجەم بن، لە گشت سات و سەردەمێکدا، سادەلەوحی و کەڕەواڵەیی، یەک لە دەردە کوشندەکانی ئادەمیزاد بووە، لێ داخەکەم لەم سەردەمەی خۆماندا، تا دێت دەروازەکانی گومڕابوون، ترازانی کەسایەتی، ژیریی ڕواڵەتی، پاڵنەری ناسروشتی، خوێندەواریی وەهمی، دەبەنگیی قووڵ، بیرۆکەی عەنتیکە و بۆچوونی نابەجێ، پتر لە جاران و زیاتر لە هەر چاخێکی دیکەی دیرۆک، بە ڕووی خەڵکیدا کراوەیە.

   بێگومان هەردەم پەڕگیری وەک پەرچەکردارێک لەبەرانبەر تەوژمە تیژ و لەناوبەرەکاندا لە دایک دەبێت، بۆیە وەختێک دەخوازم لەمەڕ ئەم بابەتەوە بێمە گۆ، زۆر لەوە دەترسم، بە هۆی وەڕزیم لە دەست ناشرینییەکانی دونیای خەیاڵ و فەزای ژمارەییەوە، هێندە بەولادا با بدەمەوە، گوتەکانم ناقۆڵا و ناواقیعی بێنە ئەژمار و کارێک بکەم، هەم شیش بسووتێت و هەم کەباب. بۆیە ئەوەت لە فکر نەچێت، وەختێک لێرەدا خەریکی باسکردنی کونوکەلەبەرەکانی ئینتەرنێتم، جوانی و چاکە و سوودەکانیشیم لە بەرچاوە، بەڵام هێندە دەڵێم؛ گەر چوارچێوەی بۆ دانەنرێت و بە ئاگادارییەوە مامەڵەی وەتەکدا نەکرێت، قوڕ بەسەر تاکەکان و تەواوی جڤاکی مرۆڤایەتیدا دەکات و خۆزگە بە زەمانێک دەخوازین، نە کارەبای تێدا بووبێت و نە شاشەی زیرەک، بەڵکو دوور نییە لە حەیبەت تەکنەلۆجیادا ڕۆژێک بێتە پێشەوە، گەڕانەوە بۆ سروشت و ژیان لەبەر ڕۆشنایی چرادا، وەک مۆد و ئاماژەی پێشکەوتوویی لێی بڕوانرێت!

   ئەو قسە و باس و بابەتانەی ڕۆژانە بەر مێشک و بیرکردنەوەمان دەکەون، جگە لەوەی لە یەک ڕەگەز و یەک جۆر نین، بەڵکو گەلێک لێک دوور و زۆریش لێک جیاوازن، ئەسڵەن هەر یەکێکیان و لە دۆڵێک دەخوێنن، کێشە گەورەکەیش ئەوەیە، توانای چاوداخستنمان لە ئاست ئەو هەموو پەرتەوازەییەدا نییە، بۆیە دەبینیت تا هەنگاوێک بەرەو نواوە[2] دەچین، دەی تر بەرەو دواوە دێین و لە پەڕتەناشێکی بەردەوامدا هەسکە هەسک، تەنیا خۆمان خەریک دەکەین!

   هەردەم گلەیی لە بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری دەکرێت، بەوەی هێندە دڕندانە لە خەمی گەیشتن بە خواستە نەگریسەکانی خۆیدایەتی، باکی بە ناخ و لایەنی ناوەوەی مرۆڤەکان نییە و بگرە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی بۆ گەیشتن بەو مەرامە، دەستکاریکردنی خەیاڵ و دەروون و توانای هەڵبژاردنی مرۆڤەکانە! بۆیە وەک چۆن وەختێک بە نیازی کڕینی کیلۆیەک تەماتەوە، ڕوو لە سووپەرمارکێت دەکەیت و بە دنیایەک شتی ناپێویستی دیکەوە دەگەڕێیتەوە، ئاوایش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، تۆڕەکانی ئینتەرنێت و تەکنەلۆجیا بەگشتی، بە دنیایەک بابەتی لاوەکی و ناگرنگ، بگرە زیانبەخشیشەوە خەریکت دەکەن و چ بتەوێت یاخود نا، لە ڕێڕەوی نیازە گرینگ و سەرەکی و شادەمارییەکانەوە بۆ ڕێگای لاوەکی، پەرتەوازەبوون،  نەگەیشتن، حەپۆلی، کاڵفامی و توانەوە لە دنیاکەی ئەواندا، ئاراستەت دەکەن!

   وەختێک تۆ بە مەبەستی فێربوونی زانستێکەوە لە دەرگای ئینتەرنێت و دونیای مەجازی دەدەیت، دنیایەک بابەت کە لە ناواخندا لەتەک خوازراوەکەی تۆدا دژ دێنەوە، لێت قیت دەبنەوە و بە نرخی پێویستیی سەردەم، یان ئامرازی گەیشتن بە مەرامەکانت، خۆیانت پێ دەفرۆشنەوە.

   مرۆڤ بە هەر مانایەک لێکی بدەیتەوە، تۆپەڵێکە لە سنووردابوون، بەڵام هەر ئەوانەی ڕەشمەی بەڕێوەبردنیان بە دەستەوەیە، بە ناوی کۆمەڵێک توێژینەوە و بۆچوونی بازاڕییەوە، خەریکی دەستکاریکردنی ئەو تێڕوانینەمانن و وایان لێ گەیاندووین، دەشێت مرۆڤ بە گشت شتێکدا ڕابگات و لە هەموو دۆڵێک ئاواز بخوێنێت، بۆیە هاتوون پەرە بە سیستمی خوێندنەوەی خێرا، ئێن ئێڵ پی و ئەو جۆرە بۆچوونانە دەدەن، تەنیا لەپێناو ئەوەدا نا کە ڕێگا سەرەکییەکەمان لێ گوم بکەن، بەڵکو بۆ ئەوەی، دوای گەیشتن بەو ڕاستییەی، ئێمە وەک ئەوان توانای هەرسکردنی ئەو لێشاوی زانیارییەمان نییە، خۆمان بە دەستەوە بدەین و لە چاو ئەواندا، خۆمان وەک ڕووخاوێک لە قەڵەم بدەین!

   زۆرکردن و خێرایی، گەورەترین بنەمایەلێکن کە ئەوان کاریان لەسەر دەکەن، بە شێوەیەک برەو بە زیادکردن لە ژمارە و گەورەکردن لە قەبارە و هەڵکشان لە خێراییدا دەدەن، بوار بۆ بینینەوەی چۆنێتی و کاکڵەی باسوخواسەکان ناهێڵنەوە.
یان دەبێت وەک ئەوان لە خەمی زیادکردنی ژمارەدا بین، یان چارەنووسمان دۆڕان و شکست دەبێت. ئەوەتا ئێستا، پێوەری گرینگی و گەورەیی و سەرکەوتن، تەنیا لە زۆریی ژمارەدا قەتیس کراوە نەوەک شتێکی دی!

   تۆ هەرچەندە جوان بنووسیت و ڕەوان قسە بکەیت، بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستی و جوانی و گەورەیی کارەکەت، پێویستت بە زۆرترین لایک و بەدڵبوون و شوێنکەوتنی ئەوانی ترە!

   یەکێک لەو شتانەی توانای فێربوون، تێڕامان، تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنیان کەم کردووەتەوە؛ کوشتنی هەستی واقوڕمان و شەیداییە. وەک چۆن هێندێک دەرمان، وێڕای چاکی و بەهێزییان، دوای زۆر بەکارهێنان و تاقیکردنەوەیان بە نیوەچڵی و نادروستی، جۆرە بەرگرییەکیان لە دژ دروست دەبێت و ئیدی لە لەشدا، کاریگەرییەکەی جارانیان نامێنێت، بە هەمان شێوەیش، بە دروستکردنی قەرەباڵغی و خستنەڕووی وێنە ساختەکانی مەعریفە و جوانی، کەشێکی ئاڵۆز و جاڕسکەری وایان بەرهەم هێناوە، مرۆڤ هەستی تامەزرۆیی لە دەست داوە. ئاخر زۆر لە ڕابردوو زیاتر، گوێی لە دەنگی خۆش، مۆسیقای ناسک و ئاوازی دڵڕفێن دەبێت، پتر لە جاران نووسینی جوان و ماناداری بەرچاو دەکەوێت و زۆر لە ئەوسایش زیاتر، قسە و لێدوانی فەیلەسووف و بیریاران دەبینێت و دەبیستێت، کەچی کاریگەریی جوانییەکانی زۆر لەسەر کەمترە، دەڵێیت وڕ و کاس بووە، هەرچییەکی پێشان دەدەیت، وا دەزانێت دیویەتی یان بیستوویەتی، بەرانبەر هەموو نرت و نوێیەک بەرگریی بۆ دروست بووە، هێندەی بە تەنگ ڕواڵەتەوەیە، نیو هێندە لە خەمی ناواخن و شتە گەوهەرییەکاندا نییە و سوێند بخۆ، هەستە مرۆییەکانیان دەستکاری کردووە!


   ئەوان ونبوویەکت بۆ دروست دەکەن، دواتر هەر خۆیشیان دەیان و سەدان، تۆ بڵێ هەزاران وێنەی ساختە و خەیاڵیی خوازراوەکەت دەخەنە پێش چاو، بۆ ئەوەی ئەگەر بەڕاستی لەنێو ئەو هەرا و هەنگامەیەیشدا، چاوت بە وێڵبووەکەی خۆت کەوت، نەیناسیتەوە و بە بێزاری و بێعارییەکەوە، بە لایدا تێبپەڕیت و لە گەڕانی سەرپێیی و ناچاریت، بەردەوام و بەردوام بیت. بەمە دەگوترێت: دروستکردنی پێویستیی وەهمی و تواندنەوەی بەرانبەر لەنێو ئەو پێویستییانەدا کە ئەوان دەمەوێت نەوەک خۆمان!

   بە هۆی برەودان بە ڕاگەیاندن و ئینتەرنێتەوە، هەرگیز ڕێگە نادەن سەرت لە کاری خۆتدا بێت و هەست بە ئارامی بکەیت، بەڵکو بەردەوام بەرەو ئەو ئامانج و ڕێبازە دنەت دەدەن، کە خۆیان ویستیان لێیەتی و بەرژەوەندییان دەیخوازێت.

   پێدەچێت تەواوی ئەم لێکەوتە نەخوازراوانەی سەردەم، هیی ئەوە بێت، بەرنامە و ڕێبازی فکریی تۆکمە و پتەو لەگۆڕێدا نەماوە، جۆرێک لە پاشاگەردانی باڵی بەسەر دۆخەکەدا کێشاوە، ڕێڕەوە سەرەکییەکانی خەمڵاندنی ڕاست و دروستی کوێر کردووەتەوە، بۆیە وێڕای زۆر ڕۆیشتن و زۆر شەکەتبوون، لە هانکە هانک و ئارەقەڕشتن زێتر، چی دیکە بەشی ڕێبواران نابێت.

   مەنهەجییەت لە بۆچوون و دەستگرتن بە بنەما ڕەسەنەکانەوە، لەقاڵبدەری ئەم لێشاوە لەپڕتاوەی زانیارین[3]، ئەوەی فلتەرێکی ڕەسەن و خاوێنی نەبێت، پیس و پاک بە جارێک خۆی بە ناویدا دەکات. بۆیە دەبینیت، سەرەڕای وەرگرتنی حەمکەیەک مەعلوومات، هێشتا مرۆڤەکان گێژووێژ و گومڕاتر خۆ دەنوێنن.

   مرۆڤ سەر بەرەو ئەوە دەکێشێت، هیچ نەبێتە مەلەکە[4] تێیدا، وێڕای سەرقاڵبوونی زۆر، مەعریفە ناچێت بە بەریدا، ئێژی دەیانەوێت لە بێخەوە[5] مەعریفەی ڕاستەقینە ڕیشەکەن بکەن.

   شایەنی باسە دوای نووسینی ئەم بابەتە، کتێبێکم بەرچاو کەوت، شتی جوان و دانسقەی لەم بارەیەوە خستووەتە ڕوو، نووسەرەکەی ناوی نیکۆلا کارە و لە ژێر ناوونیشانی «The shallows»دا، کۆمەڵێک دید و بۆچوونی ورد و زانستیی گرینگی لەمەڕ دونیای ئینتەرنێتەوە گەنگەشە کردووە. هەر ئەم نووسەرە، بابەتی دیکەی بە ناوی «ئایا ئینتەرنێت گەمژەترمان دەکات؟!»ـەوە نووسیوە و بەو ئەگەرە مێشکی خوێنەری شڵەقاندووە، داخۆ ئینتەرنێت ئێمەی مرۆڤی گەمژەتر کردووە یاخود ژیرتر؟! لە میانەی تاوتوێ زانستییەکانیدا، خەریکە بەو ئاکامە قایلت دەکات کە هەر بەڕاستی ئینتەرنێت، مرۆڤی سەدەی بیستویەکی حۆلتر کردووە نەوەک ئاوەزداتر![6]

 

پەراوێزەکان:


[1] ئەم دەستەواژەیەم لە د. عەبدوڕڕەحمان زاکیر هاشمییەوە گوێ لێ بووە و وا دەزانم، پڕبەپێستی خۆیشیەتی، خودا یار بێت، لە جێگەی خۆیدا ڕوونی دەکەینەوە.
[2] نوا: پێش، بەر.
[3] ئەوەی تۆ دەیبیستیت و دەیبینیت، هەرچەنێک پووچ و بێبنەما و ناڕاستیش بێت، با ترینگەترینگی مۆبایلەکەیشت بێت، بێگومان بە لەوەی کارت لێ دەکات، ئیدی ئەوەیان دیار نییە، بە باش بۆت دەگەڕێتەوە یاخود بە خراپ بەسەرتدا دەشکێتەوە!
[4] مەلەکە: تایبەتمەندییەکى ڕووحى و ئەخلاقى کە لە یادگەدا دەمێنێتەوە.
[5] بێخ: ڕەگ و ڕیشە، بنج و بنەوان.
[6]The Shallows: What the Internet Is Doing to Our Brains Paperback – June 6, 2011
by Nicholas Carr.
Does The Internet Make You Dumber? Yes, It Does.
السطحيون: ماذا يفعل الانترنت بأدمغتنا؟
ئەم کتێبە بە کوردییەکەی خۆمان واتە «ڕووکەشبینەکان». بە پشتبەستن بە ئەزموونی خۆی و شەنوکەوکردنی کاریگەرییە خراپەکانی ئینەرنێت بەسەر دەوروبەرەوە، ئەو ڕاستییە یەکلا دەکاتەوە کە ئەم تەکنەلۆجیایە بواری بۆ تێگەیشتنی قووڵ و ڕیشەیی نەهێشتووەتەوە. لە ڕێگای دروستکردنی هێز و توانایەکی ژمارەیی خەیاڵییەوە وای لێ کردووین، هەردەم وا بزانین گشت شتێک دەزانین و دەسەڵاتمان بەسەر هەموو بابەت و باسێکدا دەشکێت، کەچی واقیعی ژیانمان پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت. ئەگەر لە داهاتوودا بوارم هەبێت، هەوڵ دەدەم کورتەیەکی کتێبەکە بۆ ئێوەی ئازیز بخەمە ڕوو. لایەنێکی دیکە کە زۆر بایەخی پێ دەدات، پچڕپچڕبوون و پەرتەوازەبوونی سەرنجە، ئەوەی وەختێک مرۆڤ دەخوازێت بابەتێکی جیددییش بخوێنێتەوە، لە سەد لاوە ڕیکلام و نامە و ترینگەترینگی تۆڕەکانی پەرتەوازەکردنی مرۆڤایەتی، ڕێگەی پێ نادەن بە ناخی باسوخواسەکاندا ڕۆ بچێت و بەگوێرەی پێویست لێیان بەهرەمەند ببێت و هیچ بابەتێک بەقووڵی وەرناگرێت.

تاگ    بووژانەوە
فیکر
2020-09-14 کۆمێنت 230 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی